
گفتووگۆ له‌گه‌ڵ ژۆزێ ساراماگۆ
گفتوگۆی رۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ی فه‌ڕه‌نسی له‌گه‌ڵ ژۆزێ ساراماگۆ
له فارسییه‌وه: جه‌بار سابیر
به پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له نووسه‌ران(ژوزێ ساراماگۆ) له گفتوگۆ هه‌ڵنایات و زۆریشی حه‌ز پێده‌كات، به ئارامی و دڵنیاییه‌وه به‌رامبه‌رت داده‌نیشێ و گوێ له قسه‌كانت ده‌گرێ و وه‌ڵامت ده‌داته‌وه. ئه‌م گفتوگۆیه تازه‌ترین گفتوگۆیه كه رۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ی فه‌ڕه‌نسی به بۆنه‌ی یادی له دایكبوونییه‌وه(16 نۆڤه‌مبه‌ر) له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ئه‌نجامیداوه. ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م گفتوگۆیه رۆمانی(كوێری)ی و په‌یوه‌ندییه‌تی به رۆمانی(بینایی)یه‌و. بۆ یه‌كه‌مینجار رۆمانی(كوێری) خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیاتی كرده نسیبی نووسه‌رێكی پرتوگالی و له خۆشی‌دا یه‌كه‌مین رۆمانی ساراماگۆیه كراوه‌ته فارسی. (كوێری) له ئێران پێشوازییه‌كی زۆری لێكرا، تا جێگایه‌ك كه تا ئێستا چه‌ند جارێك چاپكراوه‌ته‌وه(له كوردستانیش هه‌روا. جه‌بار سابیر). (ساراماگۆ) نۆ ساڵ دوای رۆمانی كوێری رۆمانێكی تری نووسی به ناوی(بینایی) كه به بڕوای زۆرێك ته‌واوكه‌ری كوێرییه. رۆمانێك كه به گۆته‌ی ساراماگۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه قه‌رارنه‌بووه پاشكۆی(كوێری) بێت، به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ده‌ورووبه‌ری دنیای چیرۆكه‌كانی ئه‌و، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی په‌یداكردووه. (بینایی) له سیاسیترین رۆمانه‌كانی ئه‌وه. ساراماگۆ كه ناوه‌كه‌ی ناوی (گیا)یه‌كه له پرتوگال ده‌ڕوێت و خۆراكی ده‌ست به‌تاڵه‌كانه، ئێستا له ئیسپانیا ده‌ژی و ناوی دوا كتێبیشی كه ئه‌م ساڵ بڵاوبۆته‌وه، (یاده‌وه‌رییه بچووكه‌كان)ه به پرتوگالی نووسراوه‌و هێشتا وه‌رنه‌گیڕدراوه بۆ زمانی تر. ساراماگۆ له ره‌خنه‌گرانی دیموكراسییه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه دیموكراسی گه‌یشتۆته بن به‌ست و ده‌بێ بیر له چاره‌سه‌رێكی تر بكه‌ینه‌وه.
– دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ساڵی(1998)، هه‌ستت نه‌كرد به‌رپرسیارێتی تازه‌ت بۆ دروست بووه؟
* به‌ڵێ، وایه. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه یه‌كه‌مین نووسه‌ری پرتوگالی زمانم ئه‌م شانازییه‌ی به‌نسیب بووه. له‌به‌رئه‌مه، ئه‌م هه‌سته‌م هه‌بوو كه له به‌رزترین خاڵی ئه‌ده‌بیاتی سه‌د ساڵه‌ی پرتوگال وه‌ستاوم و چاوی هه‌مووانم له سه‌ره. خه‌ڵكانێكم ده‌بینی كه هه‌ستیان به شانازی و غرور ده‌كرد له‌م رووداوه، كه‌سانێك كه ته‌نانه‌ت شتێكی منیان نه‌خوێندبۆوه، به‌ڵام خۆشحاڵ بوون، وه‌ك نووسه‌ر و هاوڵاتییه‌كیش ئه‌ركه‌كه‌م ئه‌نجامدابوو. به‌ڵام ئه‌م خه‌ڵاته هیچی نه‌گۆڕی و منیش هه‌ر وه‌ك خۆم مامه‌وه‌و ته‌واو سه‌رم سووڕده‌ما كاتێ كه‌سێك ده‌یوت: (تۆ نۆبڵت وه‌رگرتووه!)
– له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه كه‌ڵك له نه‌قڵ و حیكایه‌ت وه‌رده‌گریت، به‌ڵام وا دێته به‌رچاو له دوای رۆمانی (كوێری)یه‌وه زیاتر له‌گه‌ڵ واقع رووبه‌ڕوو بوویته‌وه.
* له دوای رۆمانی(ئینجیل به گێڕانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح)، هه‌ستم وابوو كه رێچكه‌یه‌كی دیاریكراوم دۆزیوه‌ته‌وه، به‌جۆرێك كه له چاو نه‌دات. وێنه‌یه‌كم هه‌بوو و ئه‌ویشم ناوده‌نا(په‌یكه‌ره به‌ردینه). په‌یكه‌ره‌كه رواڵه‌ته‌كه‌ی بوو به‌رده‌كه‌یش هه‌ناوی. تا كاتی نووسینی رۆمانی(ئینجیل به گێڕانه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح) ته‌نها كارێك كه ده‌مكرد ئه‌مه‌بوو كه وه‌سفی رواڵه‌تی په‌یكه‌ره‌كه بكه‌م. دوای رۆمانی(كوێری) و ئه‌و رۆمانانه‌ی دوای ئه‌ویش نووسیم، چووم بۆ سۆراغی هه‌ناوی په‌یكه‌ره‌كه، جێگایه‌ك كه به‌رد نه‌زانێ په‌یكه‌ره‌و هه‌وڵم بۆ ئه‌وه‌بووه له پرسیارێكدا كه هه‌میشه له خۆمی ده‌كه‌م، خاڵی دوورتر ببینم و پرسیاره‌كه‌یش ئه‌مه‌یه: (ژیانی یانی چی؟)
– رۆمانی(بینایی) وه‌ك ئه‌وه‌یه به‌رده‌وامی رۆمانی(كوێری) بێت، پێشتر ئه‌م بڕیاره‌ت دابوو؟
* به راستی نا. له‌و كاته‌وه‌ی كه‌وتمه نووسینی رۆمانی(بینایی)، هه‌رگیز به نیاز نه‌بووم یا بیرم له په‌یوه‌ندی ئه‌م رۆمانه‌و كوێری نه‌ده‌كرده‌وه. كاتێ خه‌ریكبووم رۆمانه‌كه‌م ده‌نووسی، هه‌ستمكرد كه ناكرێ خۆ له‌م بابه‌ته لادرێ، چون ئه‌و هه‌لومه‌رجه كوێرییه رێزپه‌ڕه‌ی كه خه‌ڵقم كردبوو ئازار و ژانێك كه له‌وێ هه‌بوو و هه‌موو ئه‌وانه ته‌نیا به یارمه‌تی ئاگایی و زه‌ینی من ده‌یتوانی بچێته پێش. له كاتی ئه‌م رووداوه‌دا، ده‌بێ ئاوڕ له رووكاری شته‌كانیش بده‌ینه‌وه. ده‌بێ تۆزێ بوه‌ستین، بێده‌نگ بین، بیربكه‌ینه‌وه‌و ته‌نیا بیر له ئه‌نجامه‌كانی كوێری نه‌كه‌ینه‌وه، كه ئه‌مڕۆ دروستبووه، به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و هۆكارانه‌یش له‌به‌رچاو بگرین كه هێناوێتییه بوون.
– رۆمانی(بینایی) سیاسیترین و شۆڕشگێڕترین رۆمانی تۆیه؟
* هه‌میشه مه‌یلی سیاسیم له رۆمانه‌كانمدا هه‌بووه‌و هه‌ڵبه‌ت(بینایی) سیاسیی ترینیانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م كتێبه‌دا له باره‌ی ره‌ئی سپییه‌وه قسه ده‌كه‌م و له‌م رووه‌یشه‌وه به شۆڕشگێڕترینیان ده‌ژمێردرێت. له پرتوگال بابه‌ته‌كان هه‌رواوهۆریای زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێ، بابه‌تگه‌لێك كه ته‌حه‌مولی ناكه‌ن. به‌وه تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن كه مه‌به‌ستم وێرانكردنی دیموكراسییه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مویست ئه‌م ئه‌نجامه له كتێبه‌كه‌م هه‌ڵهێنجم كه ره‌ئی سپی ترس دروست ده‌كات. له دیمه‌نێكی رۆمانه‌كه‌دا ماریۆ سوارزی سه‌ركۆماری پێشووی كۆماری پرتوگال ده‌ڵێ: (بۆ تێناگه‌یت؟! ئاماری پازده له سه‌دی رای سپی به مانای شكستی دیموكراسییه.) شكستی راسته‌قینه به‌شداری نه‌كردنی ئه‌و په‌نجا له سه‌ده‌یه كه ئاماده‌ییان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێك كه كارته‌كه به سپێتی ده‌خاته سندوقه‌كه‌وه، لانیكه‌م جووڵه‌یه‌ك ده‌كات و كارێك ئه‌نجام ده‌دات. پڕوپاگه‌نده‌م بۆ رای سپی به‌ڕێنه‌خستووه، ته‌نیا له نێو هاوڵاتیاندام و ده‌ڵێم: (ئه‌و شته‌ی كه پێشكه‌شی ئێمه‌ی ده‌كه‌یت، به‌س نییه. ده‌بێ شتێكی تر دابهێنن، یا لانیكه‌م ده‌بێ دیموكراسی قوتار بكه‌ن.) هه‌ڵبه‌ت ده‌زانم كه ئه‌م قسه‌یه‌ك تۆزێك ناودژه، چونكه كۆمۆنیستێكیش ئه‌م قسه‌یه ده‌كات. هێشتایش ئه‌مه ده‌ژنه‌وم كه ده‌ڵێن: (هه‌میشه كۆمۆنیزم خواخوای رۆژێكییه‌تی دیموكراسی وێران بكات.) له كاتێكدا به پێچه‌وانه‌وه به هیچ كلۆجێ وانییه.
– ئه‌م پێچه‌وانه‌كاره چۆن ده‌بینی؟
* له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه ده‌توانین له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك باس‌وخواس بكه‌ین، به‌ڵام سه‌یره‌كه لێره‌دایه كه بابه‌تگه‌لێكیش هه‌یه كه باسوخواسیان له باره‌وه ناكرێت، وه‌ك دیموكراسی. زۆر سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه كه كه‌سێك ئاماده‌نییه كه‌مێك له باره‌ی ناوه‌رۆكی دیموكراسییه‌وه رابمێنێ، ئه‌وه‌ی كه بۆكێ و بۆ چ شتێ كه‌ڵكی هه‌یه؟ بۆ نموونه: (سانت وێرژ) حه‌زره‌تی مه‌ریه‌مه كه كه‌سێك بوێری نییه ده‌ستی لێبدات. هه‌موو وابیرده‌كه‌نه‌وه كه دیموكراسی شتێكه خودا داوێتی. به بۆچوونی من ده‌بی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی گفتوگۆ له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه بكرێت و دڵنیام كه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌مه ده‌بێت، كه له دیموكراسیدا ناژین، دیموكراسی جگه له رووكاری پرسه‌كه شتێكی تر نییه.
– بۆچی؟
* ئاشكرایه كه له وه‌ڵامی مندا ده‌ڵێن: تا ئه‌و زه‌مانه‌ی هاوڵاتی و ده‌نگ ده‌ده‌یت، ده‌توانی ده‌وڵه‌ت یا سه‌ركۆمار بگۆڕیت، به‌ڵام بابه‌ته‌كه ته‌نیا لێره‌دا سنووردار نابێت. به‌ڵام جگه‌له‌مه، ناتوانین كارێكی تر ئه‌نجام بده‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی سه‌ره‌كی دنیای ئه‌مڕۆكه، هێزی ئابووری و داراییه‌و توانای سه‌ره‌كی له ده‌ستی رێكخراو و ناوه‌نده‌كانی وه‌ك(رێكخراوی ئابووری جیهانی) یا(سندوقی بانكی جیهانی)دایه‌و ئه‌وانیش دیموكراتیك نین. ئێمه له پلۆتۆكراتییه‌كدا ده‌ژین. گۆزارشته كۆنه‌كه‌ی دیموكراسی(دیموكراسی، حكومه‌تێك له خه‌ڵك و بۆ خه‌ڵك) ئه‌مڕۆ گۆڕاوه بۆ(حكومه‌تێك له ده‌وڵه‌مه‌ندان و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان).
– له رۆمانی مێژووی(گه‌مارۆی لیشبۆن)ه دا یه‌كێ له كاره‌كته‌ره‌كان ده‌ڵێ: (سوپاس بۆ كه‌سێك كه ده‌ڵێ(نا) بۆچی ده‌بێ پاشای زه‌مین ئه‌مه فێربێت.(…) پاشای زه‌مین په‌یوه‌سته به‌و ده‌سته‌یه‌وه كه ئه‌م هۆش و گۆشه‌یان هه‌یه كه كاتێك بڵێن (نا) كه كاری (به‌ڵێ) بكات. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه له‌وێدا ده‌یخه‌یته روو؟
* به‌لای منه‌وه(نا) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زۆر گرنگه. له خۆدا، هه‌موو شۆڕشێكیش جۆرێك(نا) وتنی تره. به‌ڵام ئارێشه‌ی سروشتی مرۆڤ ئه‌مه‌یه كه ئه‌م(نا)یه كه‌مكه‌م ده‌گۆڕێ بۆ(به‌ڵێ) و ئه‌مه‌یش زه‌مانێك رووده‌دات كه رۆحی شۆڕش و پاكییه‌ك كه هه‌یه‌تی له ماوه‌ی بیست یا سی ساڵدا ده‌گۆڕێت و واقعییه‌ته‌كه ده‌بێته شتێكی تر. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌یش، هه‌مووان قسه له باره‌ی شۆڕشێكه‌وه ده‌كه‌ن كه ئیتر بوونی نییه. ئه‌م رووداوه له (ئازادی) ده‌چێت: تاوانێك كه له خۆیدا ئه‌نجام دراوه…
– ته‌نانه‌ت له بابه‌تی نه‌رێنی ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا له به‌رامبه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپادا ناڕازیت؟
* راستییه‌كه‌ی نازانم فه‌ڕه‌نسا چ ره‌ئێكی هه‌یه، به‌ڵام پێشوازی له‌م رووداوه ده‌كه‌م. به لای منه‌وه فه‌رهه‌نگی فه‌ڕه‌نسا بایه‌خێكی زۆری هه‌یه، به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌و فانۆسه فه‌رهه‌نگییه‌ی كه پێشتر به ده‌ست فه‌ڕه‌نساوه بووه، ئیتر له گۆڕێ‌دا نییه. ئه‌گه‌ر بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ رابردوو هه‌م بۆ ئه‌وروپاو هه‌میش بۆ جیهان باش ده‌بێت.
– له رۆمانی(بینایی)دا باسێك ده‌خه‌یته روو كه له‌وێدا هه‌ندێك له ده‌وڵه‌ته‌كان وه‌ك ئامرازێك كه‌ڵك له تیرۆریزم و ترس وه‌رده‌گرن…
* خراپ سوود وه‌رگرتن، هه‌میشه هه‌بووه. ده‌كرێ له دوای یازده‌ی سپته‌مبه‌ره‌وه باشتر ئه‌م بابه‌ته ببینرێ. ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تیرۆریزمی ئیسلامی و شێوازه‌كانی، كه به‌م مه‌به‌سته كه‌ڵكی وه‌رگرتووه، خۆیشی دووچاری تیرۆریزم بووه. ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌مه باش ده‌زانێت. گرفته‌كه لێره‌دایه كه تیرۆریزمی ئه‌مریكایی زۆر ئاسایی دێته به‌رچاو و كه‌س سه‌ری ناسووڕمێ لێی. هه‌ر كاتێ كه ده‌وڵه‌تێك جۆرێكی جیاوازی تیرۆریزم ئه‌نجام ده‌دات، له‌گه‌ڵ جۆره تیرۆریزمێكی تر رووبه‌ڕووده‌بێته‌وه.
– به‌م رۆمانه ئاشكرا ده‌بێت كه پابه‌ندن به وته‌ی خۆتانه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێی: (هه‌رچه‌ند پیرتر ببین، ئازادترین و هه‌رچه‌ند ئازادیش بین، تووندڕه‌وترین)
* به‌پێچه‌وانه‌وه، پیری هیچ په‌یوه‌ندی به ئازادییه‌وه نییه. به‌هه‌رحاڵ، به‌شبه‌حاڵی خۆم، كاتی رووبه‌ڕووی ئه‌م كاره بوومه‌وه، جگه له ئازادی له‌گه‌ڵ شتی تریشدا مامه‌ڵه‌م كرد و هه‌مان شێوه كه له‌م رۆمانه‌دا ئاشكرایه، توندڕه‌وتر بووم، له جێیه‌كی كتێبه‌كه‌دا هاتووه: (سه‌گه‌كه وتی: یاڵڵا)، ئه‌م سه‌گه‌ی من، تۆ و هه‌موومانین. تا ئه‌مڕۆ قسه‌مان زۆر كرد و باسی زۆر شتمان كرد، بێئه‌وه‌ی كه شتێك بژنه‌وین. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه كه ده‌بێ ده‌نگمان به‌رز بكه‌ینه‌وه. به‌ڵێ به بۆچوونی من زه‌مانی هاواركردن هاتووه.
سه‌رچاوه: سعید كمالی دهقان
روزنامه اعتماد، 11 اژر، 1385
سایت: سیب گاززده