سه‌رنجێکی کو‌لتووریی له‌مه‌ڕ جله‌کانی بازرانیی
کامیار سابیر
له کۆندا جلوبه‌رگ ده‌ستکردی مرۆڤ(artefact ) بووه یاخود داهێنانی مرۆڤ بووه. به بڕوای دی ساوشوور Ferdinand de Saussure له‌ناو بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و کولتوورییهکانیشدا، پۆشاک ئاماژه بۆ ئایدنێتیی، زمان، سیمبۆڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی و جڤاکیی ده کات . جلوبه‌رگ له‌هه‌مان کاتدا نیشانه‌یه( سیمیۆتیک-semiotic ) بۆ به‌هاکان، ده‌ربڕینه‌کان، لاوازیی و به‌هێزیی ستراکتۆری کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و خێڵ و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی ده‌یپۆشن.
له‌سه‌رده‌می داگیرکارییدا، ئێسنۆناسیۆنالیزمی کوردیی بۆ به‌رگرییکردن له سیما نهتهوایهتییهکانی کورد په‌نای بۆ خۆپۆشینی خۆماڵیی هێزه چه‌کداره‌کانی بردووه تا به هێزه کۆڵۆنیالیسته‌کان بڵێ من کوردم، نه‌ته‌وه‌که‌م، خاکه‌که‌م، کولتووره‌که‌م………….تاد له‌تۆی ده‌سه‌ڵاتداری داگیرکا‌ر جیاوازه. له وڵاتانی پێشتر کۆڵۆنیالیزهکراودا سیاسه‌تکردن، گه‌شه‌ی کو‌لتووریی و چۆنییه‌تی جلوبه‌رگ له‌به‌رکردن کۆنتێکستێکی کۆڵۆنیالییانه‌ی وه‌رگرتووه. به‌ڵام ئه‌م کۆنتێکست و خووه کولتوورییانه بۆ دنیای مۆدێرن و سه‌رده‌می هه‌نووکه نه‌ک نایخۆن، به‌ڵکو جۆرێکه له دواکه‌وتوویی و وابه‌سته‌بوون به‌رابردووی خێڵ و ناوچه‌و عه‌شیره‌ته‌وه.
پێشمه‌رگه‌ی کورد به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی پۆشاکی میلیشیاییان پۆشیوه، به‌پێچه‌وانه‌ی خه‌باتی گه‌ریلایی له ئه‌مێریکای لاتین، ئاسیا، ئه‌فریقا، که‌جۆرێک له نیزامییبوون بهپۆشاکهکانیانهوه دیار بوو، لای که‌م له‌ڕووی ته‌کنیکی جلپۆشینهوه. سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه ده‌یڵێته‌وه که ئه‌و جله کوردییه‌ی! ئه‌و له‌به‌ری ده‌کات، جلی پێشمهرگایهتییهو شانازیی پێوه ده‌کات. بارزانیی دووه‌م بیه‌وێ یان نا، پێمان ده‌ڵێ شانازیی به جلێکه‌وه ده‌کات که زۆرینه‌ی ره‌های پێشمه‌رگه‌ی له‌و جۆره ستایڵه‌ی نه‌پۆشیوه، به‌ڵکو چه‌ند عه‌شیره‌تێکی ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوی کوردستان پۆشیویانه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی، سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی، یاخود نیشتمانیی پێویسته ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی له‌به‌ری ده‌کات ره‌نگده‌ره‌وه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی، ناوچه‌که‌ی، هه‌رێمه‌که‌ی یاخود قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بێت.
سه‌دام حوسێن که جلی کوردیی ناوچه‌ی بادینانی له‌به‌رکرد و جلی ناوچه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی و که‌رکوکی ره‌تکرده‌وه، له‌به‌ر شکاندنی هه‌یبه‌تی زۆرینه بوو، هاوکات ته‌قدیری رۆڵی ئه‌و سه‌رۆک جاشانه‌ی بادینان بوو که له کۆتتراکتهکانیاندا بۆ گرتنی شاخه‌کان و هه‌ڵه‌ته‌کان له‌ده‌ست پێشمه‌رگه سه‌رکه‌وتووتر بوون له جاشه‌کانی ئه‌وه‌ی به‌ناوچه‌ی سۆران ناسراوه.
قاته کهتافییهکهی بارزانیی به شێوازی دوورینه‌که‌ی( sartorial)، به دهلنگهکهی، پشتێنه‌که‌ی و له‌سه‌روو هه‌موویشیانه‌وه به جامانه رهنگسوورهکهیهوه له‌ناو زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵکی کوردستانی عێراقدا، ره‌هه‌ندێکی کو‌لتووریی، نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانیی و ته‌نانه‌ت ره‌هه‌ندی ناسیۆنالیزمی کوردیی له‌مه‌ودا پانه‌که‌یه‌وه هه‌ڵنه‌گرتووه. ئه‌ی له‌کوێوه هێناویه‌تی؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه ده‌بێ وه‌ڵام بدرێته‌وه.
له‌ڕووی دیرۆکییه‌وه پۆشاک سیمبۆڵی گرینگ‌ترین کاراکته‌ری ( کارێکته‌ر) جیاکه‌ره‌وه‌ی چینه‌کان، جێگه‌ورێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئێسنیکه‌کان بووه. هه‌روه‌ک کراولهی Crawley پتر له 98 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتویه‌تی شێوازی پۆشینی جلوبه‌رگ جیاوازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ( Social Distinctions) ده‌رده‌خات. له‌ڕووی ئێسنۆگرافییهوه( باسکردن و لێکۆڵینه‌وه‌ی کو‌لتووریی- Ethnography) سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ڕێی پۆشاکهکانیهوه جیاوازییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستاندا به‌ئاشکرا ده‌رده‌خات .
پۆشینی جلوبه‌رگی ناوچه‌یی یان هه‌رێمیی، کۆمه‌ڵی باکگراوندی نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانیی، مه‌زهه‌بیی …………تاد له‌پشته‌وه‌یه. له‌ڕووی سیاسییه‌وه پۆشاک بۆخۆی راگه‌یاندنه ( Statement ). ده‌کرێ پۆشاک سیمبۆڵی نه‌ته‌وه، نیشتمان، ئێسنیک یاخود ئایین بێت. ئایا جله‌کانی بارزانیی سێمبۆڵی کام زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه و نوێنه‌رایه‌تیی کام که‌مینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق ده‌کات؟ ئایا بارزانیی له‌ڕێی جله‌کانییه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی نیشتمانیی یاخود نه‌ته‌وه‌یی لێده‌خوێندرێته‌وه؟
جلوبه‌رگی مرۆڤ سیمای ئایدێنتیتیی ئه‌و که‌سه ده‌ستنیشان ده‌کات. به‌هه‌مان شێوه بۆ که‌مه‌نه‌ته‌وه‌و گرووپه ئێسنیکه‌کان، ناو و سیمبۆڵێکه کاراکتهربوونی ئایدێنتیتیی ئێسنیکیی ده‌گه‌یه‌نێت. بارزانیی له‌م دیده‌وه زیاتر مه‌یلی مه‌زهه‌بیی و ته‌ریقه‌ته دینییه‌که به‌سه‌ر خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌یشیدا زاڵه. چونکه ناوی خۆی کوڕه‌کانی و که‌سه ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی بنه‌ماڵه‌که‌یشی باڵاده‌ستیی کولتووری عه‌ره‌بیی و ئیسلامیی به‌سه‌ره‌وه‌یه، نه‌ک چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی و ئێسنیکیی و نیشتمانیی.
له‌وڵاتێکی وه‌ک ئیندۆنیسیادا، نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان پۆشاکی ئێسنیکییه‌کان زه‌قده‌که‌نه‌وه. به‌هه‌مان شێوه‌ش له عێراقدا عه‌ره‌ب شێوازی پۆشاکی خۆیان سیمبۆڵی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی پێ گه‌ش ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای جیاوازیی جلوبه‌رگی عه‌ره‌بیی له‌ناوچه‌یه‌که‌وه بۆ ناوچه‌یه‌کی تری عێراق، جۆرێکی ستاندهردیان هه‌یه له‌عێراقدا که سیمای پۆشاکی عه‌ره‌بیی بێت. به‌ڵام له‌یه‌ک رسته‌دا، جلپۆشینهکهی سه‌رۆکی هه‌رێم، ده‌کرێ بگوترێ پۆشاکێکی ستاندهرد و گشتگیری کوردیی( بۆ کوردستانی عێراق) نییه. لێره‌وه ده‌کرێ بڵێین، ئه‌وه‌نده‌ی ئینتیمای ناوچه‌و بنه‌ماڵه ره‌نگده‌داته‌وه له‌جله‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمدا، ئه‌وه‌نده ئینیتیمای نه‌ته‌وه‌یی، یان نیشتمانیی ته‌نانه‌ت ئێسنیکییش ره‌نگناداته‌وه. ئه‌گه‌ر بڕیاره سه‌رۆکێکی نه‌ته‌وه‌یی یاخود نیشتمانیی ، له‌هه‌وڵی دابینکردن و دروستکردنی ئایدێنتیتییه‌کی نیشتمانییدا بێت، ئه‌وه بازرانیی له‌یه‌که‌م وێستگه‌ی خۆدهرخستنییهوه له شێوازی جلوبه‌رگه‌که‌یه‌وه نه‌ک ئایدێنتیتییه‌کی نیشتمانیی ناخوێنرێته‌وه، به‌ڵکو وه‌ک ئێسنیکی کوردیش، ئایدێنتیتییه‌کی زۆرینه‌ی لێناخوێندرێته‌وه.
ئه‌رکی کو‌لتووریی پۆشاکی سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسیی، نوێنه‌رانیه‌تیی پێوه‌ندییه کو‌لتووریی و کۆمهڵایهتیییهکانی گه‌له‌که‌یه‌تی، جله‌کانی بارزانیی خاڵییه له‌م بواره‌دا، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ش جوانپۆشیی و خۆڕازاندنه‌وه‌یه( adornment )، ئه‌وه ستایڵی زۆرجوانتر له‌ناو شوێنه جیاوازه‌کانی کوردستانی عێراقدا هه‌یه، تا به‌جله‌کانی بارزانیی ده‌گات. به‌ڵام له‌کاتێکدا کوردستانی عێراق، قۆناغی شه‌ڕی چه‌کداریی و میلیشیایی تێپه‌ڕاندووه باشترین کارێک سه‌رۆکی هه‌رێم بیکات، له‌به‌رکردنی جلی مۆدێرنی ( چاکێت و پانت) ه، نه‌ک هه‌ر بۆ به‌غداد و وڵاتانی ده‌ره‌وه، به‌ڵکو بۆ ناوخۆی کوردستانی عێراقیش پێویسته هه‌مان پۆشاک بپۆشێت. ئه‌و ده‌ستی ده‌ڕواو ئازاده هه‌ر جلێک بپۆشێت، به‌ڵام ئازاد نییه ئه‌و جله تایبه‌ته‌و ئه‌و شێوازی له‌به‌رکردنه به‌سه‌ر گه‌لی کورددا ساغبکاته‌وه‌و وه‌ک سیمبۆڵ و ئێتێکێتی( ئه‌ته‌کێت- etiquette ) جلوبه‌رگی کوردیی به دنیای ده‌ره‌وه بیناسێنێ.