Skip to Content

Tuesday, May 28th, 2024
دادگایی موسته‌شاره‌کان و بڕیارنامەکانی ڕەوەند

دادگایی موسته‌شاره‌کان و بڕیارنامەکانی ڕەوەند

Closed
by December 25, 2010 گشتی

ئه‌م دیمانه‌یه له‌گه‌ڵ نادر عبدالحمید،‌ له گۆڤاری نێوه‌ند ژماره‌ 82 ی دێسه‌مبه‌ری 2010 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، وه‌ک ته‌واوکارییه‌ک بۆ دیمانه‌که‌ی ژماره‌ی پێشوو، له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسمان و پرسی دادگایی موسته‌شاره‌کان. ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ڕونکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن له‌ بڕیارنامه‌کانی “ڕه‌وه‌ندی سۆشیالیستی کرێکاری” له‌و دوو مه‌یدانه‌دا. بۆ بینینی هەردوو بڕیارنامەکە، سەردانی ماڵپەڕی ڕەوەند بکەن کە لەخوارەوەی ئەم چاوپێکەوتنەدا لینکەکەی هەیە. ڕ.س.

نێوه‌ند: سەرەتا دەمەوێت لە پرسیارێکی گشتیەوە دەستپێبکەم، ئەویش ئەوەیە کە بڕیارنامە بۆچی؟ ئایە ڕاگەیاندن بەس (کافی) نیە؟ ئایە ئەمە داهێنانێکی تازەیە؟ وە بایەخەکەی لەکوێدایە؟

نادر عبدالحمید: ئەمە نە داهێنانێکی تازەیە، نە بەتەنها هی چەپەکان، ڕێکخراوە و حیزبە کرێکاری و کۆمۆنیستەکانیشە، بەڵکو ڕێکخراوە و حیزبی سەر بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تریش لەبەرامبەر ئاڵوگۆڕەکان، دیاردە و پێشهاتەکانی ناو کۆمەڵگەدا بڕیارنامە دەردەکەن.

ئەگەر ڕاگەیاندن لەبەرامبەر بۆنەیەکی وەک یەکی ئایار یان یادکردنەوەیەکی مێژوویی وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، وەیا لەبەرامبەر ئاڵوگۆر، ڕوداو و گرفتە کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی و فەرهەنگیەکانی ناو کۆمەڵگە یان جیهان…وەیا هەتا لەبەرامبەر کارەساتێکی سروشتی وەک زەمین-لەرزەدا، بەڵێ ئەگەر ڕاگەیاندن لەبەرامبەر ئەوانەدا ڕوونکردنەوە، تەبلیغات و هەڵوێست نواندن بێت، ئەوا بڕیارنامە لەگەڵ ئەوەدا لەدووتوێی خۆیدا ئەوانە دەگرێتە خۆی بەڵام لەو سنورە واوەتر دەڕوات بۆ خستنەڕووی پلانێکی سیاسی عەمەلی دیاریکراو بۆ ڕێنمایی، ڕێکخستن و ڕابەرایەتی کردنی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیاری کراو بۆ نمونە بزوتنەوەی دژی بێکاری یان ناڕەزایەتیەکی جەماوەری. وەیا خستنەڕووی ڕێگەچارەیەکی عەمەلی بۆ گرفتێکی سیاسی بۆنمونە سەبارەت بە چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی، یان گرفتێکی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئاڵودەبون بە “مەی” و مادە هۆشبەرەکان،….

ئەوەی کە لە هەندێ کاتدا تەنها ڕاگەیاندن دەردەکرێت و لە هەندێ کاتیتردا بڕیارنامە، یان بەدوای ڕاگەیاندندا بڕیارنامەش دەرەدەکرێت، پێوەرێکی بابەتیە. شتێکی ئیختیاری نیە لەخۆتەوە لەبەرامبەر هەندێ مەسەلەدا بریارنامە دەرکەیت و لەبەرامبەر هەندێکی تریاندا ڕاگەیاندن. “ڕەوەند” لەبەرامبەر تیرۆری سەردەشت عوسماندا دەستبەجێ ڕاگەیاندنی خۆی دەرکرد. ئەوە کارێکە لەبەرامبەر هەر تیرۆرێکی سیاسیدا دەکرێت بەڵام مەرج نیە لەبەرامبەر هەر تیرۆرێکی سیاسیدا بڕیارنامە دەربچێت. کاتێک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئازادیخواز و دیموکراتیک بەدوای تیرۆری سەردەشت عوسماندا هاتە ئاراوە، “ڕەوەند” بڕیارنامەی خۆی بۆ ئەو بزوتنەوەیە ڕاگەیاند کە چۆنچۆنی بتوانرێت لەڕوانگەیەکی سۆشیالیستی و کریکاریەوە ئەو بزوتنەوەیە ڕێنمایی، ڕێکخراو و ڕابەرایەتی بکرێت. بڕیارنامەی دوەمیش کە خرایەڕوو بۆ کێشکردنی موستەشارەکان و تاوانبارانی ئەنفال بۆ دادگا، باس لەوە دەکات کە ناڕەزایەتی کەسوکاری قوربانیانی دەست موستەشار و ئەنفالەکان لە شکڵی جموجوڵێکی جەماوەریدا سەریهەڵداوە. بڕیارنامەکە ئەیەوێت ئاگاهانە و نەخشەمەندانە هەوڵی سیاسی خۆی بدات تا ئەو جموجوڵە بەرزبکرێتەوە بۆ ئاست بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان بۆ لێدان لە کۆڵەگەکانی ئیستیبداد و کۆنەپەرستی لە کوردستاندا.

پرسیارێکی جددی لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی لە کۆی چەند حیزب و ڕێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست (بەهەر پێناسەیەک کەخۆیان هەیانە) بەدیاریکراوی لەسەر ئەو دوو مەسەلەیە، تەنها “ڕەوەند” بڕیارنامەی دەرکردوە؟ لێرەوەیە کە دەتوانین ناوەڕۆکی ئەم داهێنانە تازەیەی “ڕەوەند” و بایەخەکەی تێبگەین کە بەشێکی پرسیارەکەتانە. سەرەتا ئەوە بڵێم حیزب و ڕێکخراوەکانی تریش کە بڕیارنامەیان نەداوەتەدەر دەستەوستان دانەنیشتون و بەهەرحاڵ سەرقاڵ و مەشغوڵی کارێک بوون لەناو ئەو بزوتنەوانەدا. لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بایەخی بڕیارنامە تەنها لەم خاڵە شکڵیەدا نیە کە خستنەڕووی پلانێکە بۆ ڕێنمایی، ڕێکخستن و ڕابەرایەتی کردن، بەڵکو لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە بایەخی بڕیارنامە وە بەگشتی بایەخی، تاکتیک لە بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئازادیخوازدا، بەرجەستەکردنەوەی پەیوەندی نێوان دیموکراتیەت و سۆشیالیزمە. لێرەوە خاڵی هەرە بەهێزی هەردوو بڕیارنامەکە بەرجەستە کردنەوەیەکی ماتریالیستانەی پەیوەندی نێوان هەردوو بزوتنەوە ئازادیخواز و دیموکراتیکەکەی سەردەشت و دادگایی موستەشارەکانە بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیەوە لە هەرومەجی ئەمڕۆی کوردستاندا. ئەو پەیوەندیە ماتریالیستیە لەدوو لایەندا لە بڕیارنامەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. لایەک لە لێکدانەوە و شیکاریەکی فکری-سیاسیدا ڕەنگی داوەتەوە وەک ڕەخنەیەکی چینایەتی، سۆشیالیستی و کرێکاری بۆ ئەو دوو دیاردەیە کە بڕیارنامەیان لەسەردەرچوە، وە لە لاکەی تریەوە لە خستنەڕوی سراتیژێکی عەمەلیدا ڕەنگی داوەتەوە بۆ ڕێکخستن، ڕێنمایی و ڕابەرایەتیکردنیان لە ڕوانگەیەکی مارکسیانەوە. ستڕاتیژێکی عەمەلی کە بەرلەوەی هەڵوێست نواندنی حیزبی و ڕیسواکاری ئەو دەسەڵاتە ئامانجی “ڕەوەند” بێت، بەرپرسیارەتیەکی سیاسی ئامانجیەتی بۆ بردنە پێشەوەی عەمەلیانەی ئەو بزوتنەوانە، لە پەرەدارکردنیان، بەهێزکردنیان و وەلانانی ئاسۆی ناسیونال-لیبرال بەسەریانەوە. چونەپێشەوەی هەر هەنگاوێکی عەمەلی لەو ڕاستایەدا بە ئەندازەی دەیان ڕاگەیاندن و سەدان وتارنوسین نەک هەر دەسەڵاتی سەرکوتگەر و کۆنەپەرست ڕیسوادەکات بەڵکو دەشیخاتە ژێر فشاری مەنگەنەیەکی واقعیەوە. لێرەشەوەیە کە چەپ و کۆمۆنیزم دەتوانن مۆری خۆیان لە کۆمەڵگە بدەن و بەرهەمی بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە دیموکراتیەکان بکەنە دەستمایەی بەهێزکردنی سەنگەرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی.

نێوه‌ند: لەبڕیارنامەکەی چلەی سەردەشت عوسماندا، وە بە گشتیش هەتا لەو ڕاگەیاندنانەشدا کە بەو بۆنەوە دەرچون پێداگریەکی زۆر کراوەتەسەر دژایەتی کردنی یان هەوڵدان بۆ وەلانانی ئاسۆی زاڵی ناسیوناڵ-لیبڕاڵ بەسەر بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسماندا، لە کاتێکدا لەم بڕیارنامەی دواییدا کە بۆ کێش کردنی موستەشارەکانە بۆ دادگا ئەو پێداگریە نابینرێ؟

نادر عبدالحمید: ئەوە دروستە کە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، وە بەگشتی بزوتنەوە دیموکراتخوازەکان لە ڕوانگەی مارکسیستیەوە، دەبێت لەژێر ئاسۆی ناسیونال-لیبراڵ و ڕیفۆرمیستانە بهێندرێنە دەرەوە و هەوڵبدرێت ئاسۆی سۆشیالیستی ببێتە ڕێنیشاندەر، ڕێکخەر و ڕابەریان، ئەمە هەم بۆ بەهێزبوونی خودی ئەو بزوتنەوانە پێویستیەکی چار هەڵنەگرە، هەم بۆ ئایندەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیش. بڕیارنامەکەی “ڕەوەند” لە بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسماندا ئەو خاڵەی زۆر بەهێز بەرجەستەکردەوە. لە بڕیارنامەی دوەمیشدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەردوو ڕێکخراوی “چاک” لەسەر ستراتیژێکی ڕادیکاڵ بۆ ئەو جموجوڵە جەماوەریانە ساغ بکرێنەوە، نەک دواکەوتنی ئەو دوو ڕێکخراوە، هەتا نەک هاوکاری و هاوئاهەنگیەکی دابڕاو لە ساغ بونەوەی ئەوان لەسەر ستراتیژێکی چەپ و ڕادیکاڵ. ئەوە بە مانایەک هەمان پێداگریەکی عەمەلیە لەسەرئەوەی کە ڕێگە نەدرێت بەزاڵبونی ئاسۆی ناسیوناڵ-لیبراڵ و ڕیفۆڕمیست.

ئەوەی کەبۆچی لەم بڕیارنامەیەدا، دژایەتی ئاسۆی ناسیوناڵ-لیبراڵ و ڕیفۆڕمیست وەک بڕیارنامەکەی چلەی سەردەشت عوسمان، بەرجەستە نیە؟ بە هێنانەوەی نمونەیەک لە مێژووی چوار (4) ساڵی ڕابردووی کوردستان ئەوە ڕوندەکەمەوە. خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2006 بەمانایەک خۆرسک و ڕادیکاڵ بوون بەبێ ئەوەی ئاسۆی سۆشیالیستیش بەسەریاندا زاڵ بێت. جیاوازی بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان لە بزوتنەوەکەی 2006 لەوەدا بوو کە یەکەم ئەو مەسەلانەی کە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکەی 2006 ی لەسەر بەرپابوو خواستی پێداویستیە زەروری و ڕۆژانەیەکانی جەماوەر بوو، لەچەشنی ئاو، کارەبا، نەبوونی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، لە حاڵێکدا ئەوەی 2010 ی سەردەشت عوسمان، لەناو توێژێکی دیاریکراودا، توێژی ڕۆشنبیران بەگشتی و بۆ خواستی ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی فکر و بیروڕا دەڕبڕین… سەری هەڵدا. وە دووەم لەکاتێکیشدا بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان هاتەئاراوە کە ساڵێک پێشتر ڕەوتێکی ناسیوناڵ-لیبراڵی وەک “بزوتنەوەی گۆڕان” هاتبۆ ئاراوە، بەتایبەت بەشێکی بەرینی قەڵەم بەدەستەکانی ئەو توێژە ڕۆشبیرە و هەروەها مەڵبەندە فکری، ئەدەبی و هونەریەکانی ئەو توێژەشی بەلای خۆیدا کێشکردبوو. بزوتنەوە جەماوەریەکەی 2006 سەربەخۆ ڕوبەڕوی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار ببۆوە بەبێ لەئارادابونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بورژوا لیبرال و ناسیونالیست لە مەیداندا، هەرچەندە ئەوکاتە مەترسی ئەوە هەبوو کە ئیسلامی سیاسی بیگرێتە خۆی، بەڵام بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان بەحوکمی زاڵی ئاسۆی ناسیوناڵ-لیبراڵ و ڕۆڵی “بزوتنەوەی گۆڕان” تیایدا، بەجۆرێک بوو بە بەشێک لە هاوکێشەی کێشمەکێشی نێوان باڵە جیاجیاکانی ناسیونالیزم. “گۆڕان” خێری سیاسی خۆی لەبزوتنەوەکەی سەردەشت بینی و کاتێکیش لێیهاتەدەرەوە، ئەو بزوتنەوەیە پوکایەوە.

لێرەوە هەوڵدان بۆ ڕابەر بونی چەپ لەناو بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسماندا کارێکی زۆر قورس و سەخت بوو، هەربۆیە بڕیارنامەکە زۆر سوربووە لەسەر پێداگرتن لە دژایەتی ئەم ئاسۆیە. حیزب و ڕێکخراوە چەپەکانیتر زۆر کەمتر پەیان بەو ڕاستیە مێژووییە بردبوو، ئەگەر نەشڵێین هەر لەئەسڵدا پەیان پێشی نەبردبوو. بڕیارنامەکە لەگەڵ ئەوەشدا پەی بە سەختی و قورسی کارێکی لەوچەشنە بردبوو بەڵام ئەو کەناڵە و میکانیزمە سیاسیەی دەست نیشانکردبوو بۆ چەپ کە لەکوێوە و چۆنچۆنی هەنگاوهەڵگرێت لەو ڕاستایەدا. ئەمەش وەک خودی بڕیارنامەکە پێی لەسەرداگرتۆتەوە بە وتار نوسین دژی “بزوتنەوەی گۆڕان” و ڕەخنە لە ئاسۆی ناسیوناڵ-لیبڕاڵ نەدەهاتەدی بەڵکو دەبوا هەنگاوێکی عەمەلی بهاوێژرایە لەو مەیدانەدا کە ئەویش هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵ بوو بە پلاتفۆڕمێکی چەپەوە لەدەرونی بزوتنەوەکەدا، ئەوسا وتارنوسین و ڕەخنە ڕۆڵی شیاوی خۆیان دەبینی و مانای عەمەلیان دەبوو.

لاموابێ ئەو نمونەیەی سەروە ڕۆشنایەکی خستبێتە سەر ئەوەی کەلەم بڕیارنامەیەی دواییدا بۆ دادگایی کردنی موستەشارەکان، “ڕەوەند” ئەو فۆکوسەی نەکردۆتە سەر ئەو لایەنە چونکە تایبەتمەندیەکانی ئەو جموڵەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و دەستی موستەشارەکان، ئەڵبەتە لە ڕوبەرێکی زۆر بەرتەسکتردا لە بزوتنەوەی خۆپێشاندانەکانی 2006 وە نزیکترە تا بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان.

وە ئەگەری ئەوەی کە ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی کێشمەکێشی باڵە جیاجیاکانی ناسیونالیزم زۆر کەمترە لەچاو بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان. بەشێکی زۆر لەو کۆنە موستەشارانە لای هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری “پارتی” و”یەکیەتی”ن، پلەوپایەیان پێداون، موچەی دیوەخانانەشیان بۆ بڕیونەتەوە، وە هەندێکیشیان لایەنگری خۆیان بۆ “بزوتنەەوی گۆڕان” ڕاگەیاندوە و لەوەش گرنگتر سیاسەتی ڕەسمی و عەمەلی “گۆڕان” ئەوە نیە کە لایەنگری خواستەکانی ئەو جەماوەرە ناڕازیە بێت و پاڵپشتی سیاسی و عەمەلییان بکات بۆ دادگایی کردنی موستەشارەکان. هەروەها عەلی باپیر، ئەمیری موسوڵمانانی ڕێکخراوی “کۆمەڵی ئیسلامی” ڕایگەیاند کە کۆنە موستەشار “هەباسی بایزی باڵواغا” کە دەستی سورە بەخوێنی زیاتر لە سەد 100 کەسی ناوچەی پشدەر و بتوێن، وە چل وحەوت 47 داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، بەڵێ عەلی باپیر ڕایگەیاند کە ئەو کۆنە موستەشارە دۆستی ئەوانە و وەختی خۆی موچەی مانگانەی بۆ بڕیونەتەوە، ئەو کۆنە موستەشارە پێشتر وتبوی من “کۆمەڵی ئیسلامی”م بەخێو کردووە.

بەم پێە نەک هەر ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵ-لیبڕال و ئیسلامیش لەسەنگەری بەرامبەر، ئەگەر نەشڵێین دژ بەم بزوتنەوەیەدا وەستاون، بۆیە ڕەوتی پەرەسەندنی ئەو جموجوڵە جەماوەریە بۆ دادگایی کردنی موستەشارەکان و بەرزبونەوەی بۆ ئاستی بزوتنەوەیەک، فرسەت و چانسی چەپ و کۆمۆنیزم تیایدا بۆ دەستپێشخەری لە ڕێکخستن و ڕابەرایەتی لەبارتر و ئاسانترە تا بزوتنەوەکەی سەردەشت عوسمان. بریارنامەکەش پەی بە ئیمکانیەتێکی لەو چەشنە بردووە. نەک ئەوە کە چاوی بڕیبێتە بەشداری دوو ڕێکخراوی “چاک” و هاوکاریکردن لەگەڵیاندا.

نێوه‌ند: لەبڕیارنامەکەدا باس لە ڕۆڵی بایەخداری هەردوو ڕێکخراوی “چاک” کراوە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ئامادەیی ڕەوەند بۆ هاوکاری و کاری هاوبەش لەگەڵیاندا. پرسیارەکەی من ئەوەیە: ئایە ڕۆڵی چەپ و ڕێکخراوەکانی بەکەم نەگیراوە لێرەدا لەسەر حیسابی موجامەلەیەکی سیاسی ئەو دوو ڕێکخراوە؟ وە ئایە ئەمە نابێتە هۆی جۆرێک لە بەپاشکۆکردن و  کلکایەتی پێکردنی چەپ بۆ ئەو دوو ڕێکخراوەی “چاک”.؟

نادر عبدالحمید: جێگەوڕێگەیەک کە هەردوو ڕێکخراوی “چاک” هەیانە لەناو کەسوکاری قوربانیانی ناوچە ئەنفالکراوەکان، ئێمەی چەپ نیمانە. ئێمە پێمان خۆش بێت یان پێمان ناخۆشبێت چەپ لە شکڵی حیزب و ڕێکخراوە و کۆڕوکۆمەڵەکانیدا بەئەندازەی ئەو دوو ڕێکخراوە ئەو نفوز و ئیعتیبارەی نەبووە تا ئێستا لەناو ئەو ژینگە دیاریکراوەدا کە کەسوکاری قوربانیانی دەست موستەشارەکان و ئەنفالن. بڕیارنامەکە باس لە ڕۆڵ و دەوری ئەو دوو ڕێکخراوەی “چاک” ناکات لەسەراسەری کوردستاندا، بەڵکو لەو ژینگە تایبەتەدا باسیان لێوەدەکات. وە لەناو ئەو ژینگە تایبەتەشدایە کە ئەو جموجوڵە ناڕەزایەتیە جەماوەریە سەری هەڵداوە. بڕیارنامەکە لەو ڕاستیانەی سەرەوە دەدوێ کە نە پەیوەندی هەیە بە موجامەلەی سیاسی ئەو دوو ڕێکخراوە، وە وەنە پەیوەندی هەیە بە کەمگرتنی ڕۆڵی چەپەوە. بەپێچەوانەوە بڕیارنامەکە دەروازەیەکە بۆ دامەزراندنی پایەگایەکی پتەوی چەپ لەو ژینگە دیاریکراوەدا.

ئەوە ڕاستە ئەگەر هێزە چەپەکان ڕاستەوخۆ لەو مەیدانەدا دەستپێشخەر و هەڵسوڕاوبن، ئەوا ڕێکخستن، ڕێنمایی و ڕابەریکردنی جموجوڵ و بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئاوا هەم سیاسیتر و هەم ڕادیکاڵتر دەبێت. بۆنمونە “ڕەوەند” زۆر بە ڕۆشنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم مەسەلەی شیکردۆتەوە و نەخشە و پلانێکی واقعی و عەمەلیشی لە شکڵی ستراتیژێکدا بۆ خستۆتەڕوو لە بڕیارنامەکەدا، کەچی مامەڵەی هەردوو ڕێکخراوی “چاک” تا ئەو ئاستە بەرزنەبۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەرگیری ڕاستەوخۆی ئەو جموجوڵە جەماوەریەن. بەڵام گرفتێک کە لێرەدا ئێمە ڕووبەڕوی دەبینەوە ئەوەیە کە لەو نفوز و ئیعتیبارە بەهرەمەند نین لەناو کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراو تا بتوانین ڕاستەوخۆ  لەومەیدانەدا دەستبەکار بین. جا ڕێگەی عەقڵانی و مارکسیستی ئەوەیە کە ستراتیژێکی ڕادیکاڵ و چەپ بخەیتەڕوو، وە  ئیتۆریتە و نفوزی ئەو دوو ڕێکخراوەی “چاک” و هەڵسوڕاوانی ئەو بوارە بەگشتی بۆ بە عەمەلی کردنەوە و بە جەماوەری کردنەوەی ئەو ستراتیژەیە بخەیتەگەڕ.

 بەڕای من ئەو مەترسیە لە ئارادانیە کە چەپ ببێتە پاشکۆ و کلکی ئەو دوو ڕێکخراوە، بە پێچەوانەوە، یەکەم ئەو دوو ڕێکخراوە حیزبی سیاسی نین لە حاڵەتێکدا هەر لایەنێکی چەپ دەگری هەتا “ڕەوەند”یش کە هێشتا تەشکیلاتی نیە، فۆنکسیۆنی کارکردنەکەی بەوجۆرەیە کە وەک حیزبێکی سیاسی دەیەوێت دەخالەت بکات. دوەمیش ئەوە کە چەپ سیاسیتر و ڕادیکاڵتر مامەڵەی ئەو بزوتنەوەیە دەکات. ئەم مەسەلەیە دروست بە پێچەوانەی “کۆنگرەی ئازادی عێراق”ەوەیە کە لەگەڵ بەرفراوان بونی و پەیوەست بوونی هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکانی عێراق مەترسی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی واقعی ببێتە داردەستی ناسیونالیزمی میلیتانتی عەرەبی.

نێوه‌ند: ناوەڕۆکی بریارنامەکە و هەتا ناونیشانی بڕیارنامەکەش باس لە کێشکردنی هەموو موستەشارەکان دەکات بۆ دادگا لەکاتێکدا جموجوڵێکی جەماوەری لە ئێستادا بەدیاریکراوی بەدژی دوو کۆنە موستەشاری وەک قاسماغا و هەباسی بایزی باڵواغا سەریهەڵداوە. ئایە ئەمە دورکەوتنەوە نیە لەمەسەلە موشەخخەسەکە و هەوڵدان نیە بۆ هەڵگرتنی بەردێکی گەورە کە لەتوانادا نیە؟ وە لە لایەکی تریشەوە ئەگەر کەمپینێکی بەرفراوان بۆ دادگایی کردنی ئەو کۆنە موستەشارانە دەکرێت ئەی تاوانبارانی جنگی ناوخۆچی؟ کەئەوانیش کەمتر لە موستەشارەکان تاوانبار نین؟
نادر عبدالحمید: ئەگەر بە مەنتقێکی شکڵی لە پرسیارەکەتان ورد بینەوە، دوو ئاکامگیری لێبەدی دەکرێت. یەکەم کەسانێک هەن کەدەڵێن لەئێستادا مەسەلەیەکی دیاریکراو لەئارادایە بۆ دادگاییکردنی قاسماغا، ئەمە کێسێکی کۆنکرێتە و دەبێت بەتەنهایی بەدواداچونی بۆ بکرێت، ئەگەر نا بتەوێت کەمپینێک بۆ دادگایی هەموو موستەشارە تاوانبارەکان بەڕێبخەیت عەمەلی نیە و لە ئیمکاندا نیە، وە نابێت لانیکەم لەئێستادا ئەو داوایە بخرێتەڕوو. دووەم ئەوە کە دەڵێن ئەگەر کەمپینێک داوای دادگایی هەموو موستەشارەکان و تاوانبارانی بەشداربووی ئەنفال بکات، ئەی تاوانبارانی جنگی ناوخۆچی؟ بۆچی داوای دادگاییکردنی ئەوانیش نەکرێت لەگەڵیا؟

ئەگەر ناکۆکیەک هەبێت لێرەدا لە نەبینینی خاڵێکی جەوهەریدایە لەلایەن ئەو مەنتیقە شکڵیەوە، ئەویش بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریە کە لە ڕەوتی پەرەسەندنی خۆیدا ئەو ناکۆکیە چارەسەردەکات. به‌یاننامه‌که‌ زۆر ڕون و ئاشکرا بەبیانوی هاتنه‌وه‌ یان باشتر بڵێین هێنانه‌وه‌ی قاسماغا و هاتنه‌ئارای جموجوڵێکی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌رته‌سکه‌وه‌ به‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه‌ ده‌خاله‌تێکی سیاسی بکات تا ئه‌و جموجوڵه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رز بکرێتە‌وه‌ بۆ ئاستی بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز و دیموکراتیک له‌سه‌راسه‌ری کوردستاندا بۆ ده‌ست کۆتاکردنی “پارتی” و “یه‌کیه‌تی” به‌سه‌ر ژیان و چاره‌نوسی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان، وە بۆ لێدانی کۆڵه‌گه‌کانی کۆنه‌په‌رستی و ئیستیبداد، کە ناسیونالیزمی دەسەڵاتدارە لە شەخسیەتی ئەو دوو حیزبەدا.

ڕاستە بەیاننامەکە لەباری عەمەلیەوە لە خاڵێکەوە دەستپێدەکات، کە لانیکەم جەماوەر ئامادەییان هەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەویش لەشکڵی چەند جموجولێکدا دەرکەوت بۆ کێشکردنی قاسماغا و چەند موستەشارێکیتر بۆ بەردەم دادگا، کەبەبێ ئەولانی کەمە زۆر زەحمەتە هەنگاوێک بڕۆیتە پێشەوە. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندن، بەرفراوان بوون و بەهێز بوونی ئەو ناڕەزایەتیانە، واتا بەرزبونەوەی بۆ ئاستی بزوتنەوەیەک ئەو هێزە پەیدا دەکات بۆ پەلکێش کردنی تەواوی ئەو موستەشار و تاوانبارانەی تریش کە بەهەر بۆنەیەکەوە تاوانیان ئەنجامدابێت لەوانە لە جەنگی ناوخۆی کوردستانیشدا.

 ناسیونالیسته‌ ناڕازیه‌کان باس له‌ خیانه‌تی پارتی و یەکیەتی و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان ده‌که‌ن که‌ سوێندیان خواردوه‌ بە “خاکی پاکی نیشتیمان” تا خیانه‌ت نه‌که‌ن به‌ گه‌لی کورد، کەچی ئەو تاوانبارانەیان داڵدەداوە کە تاوانیان کردوە دژ بە میللەتی کورد یان بێدەنگ و بێهەڵوێستن لەبەرامبەریاندا، وه‌ زۆر ڕه‌خنه‌ی ناسیونالیستانەی تریش. به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئێمه‌ له‌ خاڵی سێهه‌می بڕیارنامه‌که‌دایه‌، کە ڕەخنەیەکی سۆشیالیستی و کرێکاریە. مەسەلەی کێشکردنی موستەشار و ئەنفالچیانی تاوانبار بۆ دادگا خواستێکی ئازادیخوازانە و دیموکراتیکی جەماوەرێکی بەرینی ستەمدیدە و بێبەشە. بەڵام ئەوە کە بۆچی ئەم خواستە نایەتەدی وەچ ڕێگرێک هەیە لەبەردەمیدا، پەیوەندە بە بەرژەوەندیەکانی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدارەوە کە لە دژایەتیدایە بە ماف و خواستەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان. بڕیارنامەکە ئەو ڕەخنە سۆشیالیستی و کرێکاریەی بەلێکدانەوەیەکی مەلموس خستۆتەڕوو.

ستراتیژێکیش کە بڕیارنامەکە خستویەتیەڕوو ڕاستە لە کێسی قاسماغاوە دەست پێدەکات بەڵام لەوێ ناگیرسێتەوە. ئەم بڕیارنامە بۆ دادگایی کەسێک بەناوی قاسم ئاغای کۆیە نەنوسراوە نەک هەر ئەوەش لەگەڵ ئەوەدا کە ناونیشانی بڕیارنامەکە باس لە دادگایی “سەرۆک جاشەکان” دەکات بەڵام ناوەڕۆکی بڕیارنامەکە زۆر زۆر لەوە واوەتر دەڕوات. بڕیارنامەکە لەسەر ئەوبنەمایە لەهەوڵی شکڵپێدانی یەک بزوتنەوەی ڕادیکاڵی جەماوەری ئازادیخواز و دیموکراتیکی شۆڕشگێرانەدایە کە لانی کەم وەک لەمپەر و بەربەست بوەستێتەوە بەرامبەر دەستدرێژیەکانی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و لە پەرەسەندنی خۆشیا ئەو بزوتنەوەیە بتوانێت تەخت و تاراجییان هەڵتەکێنێت، کە بەدڵنیاییەوە ناو ئەو دەسەڵاتە و حکومەتەکەی پڕە لە هاوشێوەکانی قاسماغا. وە لەڕاستیدا سەرۆکی هەرێمیش قاسماغایەکی گەورەیە لە ڕوپێوێکی (مقیاس) سەراسەری کوردستاندا. خاڵی سێهەمی بڕیارنامەکەش لە بڕگەی کۆتاییەکەیدا زۆر ئاشکرا ئەو مانایە دەبەخشێت کە دەڵێ (داسەپاندنی ئیستیبدادی بورژوازیە لەشکڵی دەسەڵاتێکی ئەرستۆقراتیانەی بنەماڵەیی، بەسەر تەواوی کۆمەڵگەی کوردستاندا).

نێوه‌ند: لەم بریارنامەیەدا دەستەواژەی “سەرۆک جاش” بەکار هاتووە، کە هەڵقوڵاوی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردە و بەشێکە لەفەرهەنگی ئەو بزوتنەوەیە، وە لەناوخۆیاندا بەدژی نەیارە سیاسیەکانی یەکتریش بەکاری دەبەن. ئایە دروستە کە لە بڕیارنامەی “ڕەوەند”دا دەستەواژەیەکی ئاوا بەکار ببرێت؟ ئایە ئەمە جێگەی ڕەخنە نیە؟

نادر عبدالحمید: بەدڵنیاییەوە جێگەی ڕەخنەیە. لەناو هاوڕێیانی “ڕەوەند”یشدا لە پڕۆسەی گەڵاڵەکردنی بڕیارنامەکەدا سەرنج و ڕەخنە لەو دەستەواژە هاتەگۆڕێ و دواتریش لە کۆبونەوەیەکی ناوخۆییدا پێداگری کرایەوە سەر ڕەخنە لەو دەستەواژەیە. بەڵام دەبێ بزانین ئەو ڕەخنە بە دیاریکراوی لە کوێدایە؟. ڕه‌خنه‌ی جددی ئه‌بێ ده‌ری بخات ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی سیاسی ناسیونالیستیه‌ که‌ له‌م بڕیارنامەیە‌دا هاتوه‌؛ ئایه‌ به‌شێکه‌ له‌ سیستمێکی فکری و سوننەتێکی سیاسی ناسیونالیستانە لەناو “ڕه‌وه‌ند”دا؟ یا لانی که‌م هی ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ئه‌و بڕیارنامه‌ی له‌ناو “ڕه‌وه‌ند”دا پێشنیارکردوە، یان پاشماوه‌ و به‌رزنه‌بوونه‌وه‌ی سنوربه‌ندیه‌ بۆ ئاستی ئه‌وه‌ی که‌به‌ته‌واوی زمانی ڕاگەیاندنە سیاسیەکەی له‌ کاریگه‌ری فه‌رهه‌نگ و ئەدەبیاتی ناسیونالیزم پاک بوبێته‌وه.

ئەم مەسەلەیە بۆ هەر مارکسیستێکی جددی بایەخێکی عەمەلی هەیە. چونکە ئەگەر ڕەخنەکە لە ئاستێکی فکری سیاسی، بەرنامەیی و سوننەتیدا بگریت ئەوا دەبێ بەدوای ئەوەدا بگەڕێیت کە لە کوێی فکر و سیاسەت و بەرنامە و سوننەتەکانی “ڕەوەند”دا ئەو پاشماوەی فەرهەنگە ناسیونالیستیە دەربهێنی؟. بەڵام ئەگەر ڕەخنەکە لە زمانی ڕاگەیاندن بێت کە بەڕای من هەر لەوێشدایە ئەوا دەمانباتە ئەو مەیدانە دیاریکراوە بۆ سنوربه‌ندی و پاک بونەوەی زمانی ته‌بلیغات لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ناسیونالیستی.

ئەگەر لە بری ئەو دەستەواژەیە بۆ نمونە دەستەواژەی “شۆڕشی کورد” بهاتایە، ئەوکاتە نەدەکرا بڵێی ئەمە هەر ڕەخنەیەکە لە ئاستی زمانی تەبلیغات دا، چونکە ئەو دەستەواژەیەی دووەم جیهانبینیەک دەردەخات بۆ تێگەیشتن لە چەمکی شۆڕش.

لایەنێکی تر هەروەک لە پرسیارەکەتاندا هاتوە کە ئەم دەستەواژەیە لە فەرهەنگ و سوننەتی هێزە ناسیونالیستەکاندا بەدژی نەیارە سیاسیەکانی یەکتریش بەکاری دەبەن. بەڵام لە بڕیارنامەکەی “ڕەوەند”دا ناتوانیت ئەوە بسەلمێنیت کە مادام ناوی “سەرۆک جاش” هاتوە کەواتە وەک فەرهەنگ و سونەتی ناسیونالیستی “ڕەوەند”یش بەدژی نەیارە سیاسیەکانی خۆی بەکاریهێناوە. لەو بڕیارنامەدا ئەو دەستەواژەیە تەنها وەک ناوێکی خوازراو بەکارهاتوە بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵێک تاوانبار، نەک وەک فەرهەنگ و سوننەتی ناسیونالیستەکان بەکارهێنرابێت.
هەربۆیە ئەم ڕەخنەیە نە لەئاستی فکری و بەرنامەییدایە، وە نە لە ئاستی شێوەکار و سوننەتدا، بەڵکو بەدیاریکراوی وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە پاک نەبونەوەی زمانی ڕاگەیاندن (تەبلیغات)ە، وەدەبێ لەم ئاستەدا بدرێتە بەر ڕەخنە.

22ی نۆڤەمبەری 2010.
—————————————————-
لینکی ماڵپەڕی ڕوەند، بۆ خوێندنەوەی بڕیارنامەکان.  http://www.rewend.info/ku/

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.