
رۆژی ئاشنایه‌تیمان، كۆتایی زه‌مه‌ن
ئومێد علی
ئه‌ورۆژه‌ی یه‌كترمان ناسی
خه‌ریك بوو قیامه‌ت هه‌ستێ
تۆ نه‌سیمێكی شێ‌دار و
من گه‌ڵایه‌كی وشك بووم
نه‌متوانی شوێنت نه‌كه‌وم.
تۆ به هێواشی ئه‌هاتی و
من خێرا خێرا ئهمبردی
به‌ره‌و ژوانێك
له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی سه‌رنج
و نیگاكانی من و تۆوه
دروست بووبوو.
ژوانێك
پڕ بوو له‌و وشانه‌ی
له ناو په‌رتوكی گومان و له په‌نجه‌ره‌دا نێژرابوون
وشه‌گه‌لێك
له سه‌رده‌می منداڵی‌دا
ئه‌وكاتانه‌ی كه (حه‌رف) بوون
فێری خه‌ڵوه‌تیان ئه‌كردن
له ژێر سێبه‌ری چارشێودا گه‌وره ئه‌بوون.
………………………………
تۆ گوڵه‌گه‌نم و من باران
من له تۆدا ئه‌توامه‌وه و
تۆ له مندا
ده‌بووی به گوڵزاری وشه و
باخچه‌یه‌ك له گوڵه شیعر.
………………………………
من شه‌ونم و تۆ په‌ڕه‌ی گوڵ
سه‌رنجمان ده‌گرته سه‌حرا
ده‌مانكرده به‌هارستان
نزامان ده‌گرته خودا
بۆگه‌نترین جۆری عه‌شقی حه‌ڵاڵ ده‌كرد
……………………………..
تۆ شه‌رمن و من هه‌ڵوه‌دا
بۆ ده‌ستهێنان به پرچی ئه‌و دارانه‌دا
كه چه‌ند ساتێك له ژوان و
مشتێك له خۆشه‌ویستیان
پێ ده‌به‌خشین
…………………………….
ئه‌و رۆژه‌ی یه‌كترمان ناسی
خه‌ریك بوو قیامه‌ت هه‌ستێ
له‌و رۆژه‌دا
ئاسمان ته‌زووی پێدا ئه‌هات
وه‌خت بوو چی ئه‌ستێره‌یه
له شێوه‌ی دڵۆپه باراندا
بیبارێنێ به سه‌رمانا
تا به‌شكو هێور بیته‌وه.
خه‌ریك بوو چی گه‌ڵا هه‌یه
په‌ل و پۆی دار جێ بێڵن و
خۆیان بكه‌ن به شنه با
تا عاره‌قه‌ی سه‌ر روخسارت بلێسنه‌وه.
……………………………………..
ئه‌و رۆژه‌ی یه‌كترمان ناسی
خه‌ریك بوو قیامه‌ت هه‌ستێ
به‌ڵام عیسا پێ نه‌زانی و
نه‌یتوانی بێته خواره‌وه
(ده‌جال)* له دایك نه‌بوو بوو
ده‌نا هه‌ر له‌و ساتانه‌دا
( چوار شه‌ممه) ئه‌بوو به (هه‌ینی)* و
(نه‌فخی صور)* ئه‌یكرد به گاڵه و
قیامه‌ت و حه‌شر و نه‌شر
له‌و رۆژه‌دا به‌رپا ئه‌بوو.
…………………………….
ئه‌و رۆژه‌ی یه‌كترمان ناسی
ئای له‌و رۆژه!
خه‌ریك بوو قیامه‌ت هه‌ستێ.
* (ده‌جال): له ئاخر زه‌ماندا بۆ دژایه‌تی ئیمانداران دێت.
* (هه‌ینی): له كتێبه ئاسمانیه‌كاندا باس له‌وه كراوه كه له رۆژی (هه‌ینی)دا قیامه‌ت دێت.
* (نه‌فخی صور): یه‌كێك له مه‌لائیكه‌ته‌كان راسپێردراوه بۆ ئه‌وه‌ی فوو به‌و ئامێره‌دا بكات و كۆتایی به دنیا بێنێت.