وا هه‌ست بکه، ژیان کۆتایی هاتوه، کـۆتـایـــــــــــــــی
لێگه‌ڕێ باران په‌یکه‌ری ڕزیوی درزتێبوی عومرم بڕوخێنێ
با’ به هه‌مو هێزیه‌وه بمبات..
تۆ هه‌ر بێده‌نگ به..
نامه‌یه‌ک، ده‌نگێکت نه‌بێت
سه‌ردانێکم مه‌که، با ئاوێنه‌ی ماڵه‌که‌م قڵیشی تێ‌بێ
وا هه‌ست بکه، ژیان کۆتایی هاتوه
نه‌خشه‌ی ئه‌م ڕێگایه سڕاوه‌ته‌وه
له خه‌یاڵ و زه‌ینتا، بیره‌وه‌ریه تۆخه‌کان بکوژێنه‌وه
من زه‌مه‌نێکه به سێبه‌ره‌که‌ی خۆم ناگه‌م
تۆ چه‌نێک دوری، ئه‌ی خوایه گیان له دوری تۆ!….
بیست و حه‌وت ساڵه وێنه‌یه‌کی خۆم ئه‌کێشم له سوتوی سیگار
ته‌مه‌نێکه به ناو بێده‌نگیه‌کانی تۆدا ژاوه ژاوه‌کانی خۆم ڕاو ئه‌که‌م
کێ ئه‌ڵێت سێ سه‌دو شه‌ست و شه‌ش ڕۆژی دیکه ده‌ژیم؟!!
با ئه‌م رێگایه وشک بێته‌وه
له گه‌ڵ بارانه وه‌ره ئه‌گه‌ر هاتیت
ئه‌گه‌ر ئێره‌ت دۆزیه‌وه،
واته هێشتا منت له بیره!…
بازێکی گه‌وره بهاوێژه، ئه‌گه‌ر ویستیت من نه‌بینیت
من به‌م بچوکیه‌وه ناگه‌مه‌وه به باڵای دوێنێدا
باڵای تۆ به قه‌ده‌ر هه‌مو داهاتو ئه‌بێت!..
سه‌رێکم لێمه‌ده.
نامه‌یه‌ک مه‌نێره..
بێده‌نگ به بێ ده‌نگ…
ژیان، فسکه فسکێکی لوسه!.
دڵی من زبر، زبر له که‌ناری ده‌ریادا له دایک بوه
له‌م ماڵه‌دا ده‌مرم، ڕۆژێک به ده‌م کێشانی خه‌یاڵه‌وه
نه‌شئه‌بونێک ئه‌مفڕێنێت، من خۆم له سێبه‌ره‌که‌م ئه‌شارمه‌وه
به ده‌م خواردنه‌وه‌ی سێوی بۆگه‌نه‌وه،
ئاره‌زوی هێنانه ده‌ره‌وه‌ی دڵی خۆم ده‌که‌م به چه‌قۆ
بێده‌نگ به تۆ؛ بێده‌نگ
نامه‌یک مه‌نێره، هه‌رگیز بیر له ناردنی نامه‌یه‌ک مه‌که‌ره‌وه
وا هه‌ست بکه، ژیان کۆتایی هاتوه، کــــــــــــــۆتــــــــــایـــــــــــــــی…..
ئیتر گوێم له که‌س نابێت پێم بڵێیت جگه‌ره فه‌ڕیبده
ده‌توانم تا مردن خۆم موحتاد بکه‌م
بێده‌نگی تۆ له کراک ده‌چێت!
من هه‌ستی پێده‌که‌م ؟
ئه‌وه‌تا ئه‌ڵێیت په‌یکه‌رێکم له په‌شمه‌ک
نم نم ده‌توێمه‌وه به ناو خۆما..
وا بزانه ژیان کۆتایی هاتوه
عومر کۆتایی زه‌مه‌نی هێناوه
شوشه‌ی تابلۆکه بشکێنه
با په‌پوله‌کان ئازاد بن
منیش په‌یکه‌ره‌که ئه‌شکێنم بۆ ئه‌وه‌ی گوێم له مۆسیقا نه بێت!!
قاتێکی سپی له به‌ر ده‌که‌م،؟
بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی ته‌نییایم لێ ده‌رچێت!
چوتێک پێڵاوی سپی،
بۆ ئه‌وه‌ی که مردم سێبه‌ره‌که‌م ماندو نه‌بێت به ناشتنمه‌وه
دونیا ئاخیر زه‌مانه!!..
تۆ هه‌ر بێده‌نگ به
نامه‌یه‌ک مه‌نێره
با ئاوێنه‌ی ماڵه‌که‌م که‌ڕو بگرێت
با خاولیه‌که‌م وشک نه‌بێته‌وه
با ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی چاوه‌ڕوانیم کون کون بێت
کاتژمێره‌که‌م له واس واسیدا بخه‌وێت
کات و زه‌مه‌ن کۆتای‌یان پێبێت
تۆ هه‌ر بێده‌نگ به.. نامه‌یه‌ک مه‌نێره
پێم مه‌ڵێ ئه‌وێ چۆنه
هه‌واڵی سه‌تراخونم پێمه‌ڵێ
له به‌رده‌رگای په‌رله‌مان ڕۆژانه چه‌ند میوان وێنه ده‌گرن ؟!!
هیچم پێمه‌ڵی.. باسی هیچ مه‌که..
پێم مه‌ڵێ وه‌ره بۆ ئێره
له‌وێوه هیچم پێ مه‌ڵێ، هیچم پیشان مه‌ده
من هیچ نابینم و هیچ نابیستم
نازانیت پیر بوم پیر.
کاتژمێره چه‌نده؟
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی ته‌مه‌نی چاوه‌ڕوانیت میقات کردوم
به‌فر ده‌بارێت، زه‌مین سپی هه‌ڵگه‌ڕاوه
ژیان سپی سپی بۆ ته‌وه
ئاسمان سپی، داره‌کان ڕوت ڕوت بونه‌ته‌وه
گوێم ڵی بو کوکوختیه‌ک کوفری نوێترین مۆدیلی ده‌کرد
مێروله‌یه‌ک پۆستاڵه‌کانی خاڵخاڵۆکه‌یه‌کی داکه‌ند
به چاوی خۆم بینیم، پیاوێکی پیر
له سه‌ر شه‌قامه سارد و سڕه‌کانی ئێره‌دا
نه‌شیدێکی عه‌جیبی ده‌خوێند
که‌س گوێ نه‌گرت، که‌س هێنده سه‌رما بو..
من گوێ له هه‌مو شتێکی نوێ ده‌گرم
چاوه‌ڕوانی هه‌مو شتێکی نوێ ده‌که‌م
سپێده کاتژمێیر ده‌گۆڕێ
له به‌یانییه‌وه چاوه‌ڕوانییه‌کی نوێ دامده‌گیرسێنێ
تا ئێواره ده‌ژیم، به‌م حاڵه‌وه
تۆ هه‌ر بێده‌نگ به
نامه‌یه‌ک مه‌نێره
هیچ هه‌واڵێکی نوێم پێ مه‌ڵێ
پێم مه‌ڵێ، له‌وێ چی ده‌گوزه‌رێ
کۆتایی وه‌رزی چاوه‌ڕوانی مه‌درکێنه
پاییزیش چو
زستان هات، تۆ هیچ مه‌ڵێ و باسی هیچم بۆ مه‌که
ئه‌م زستانه به‌فر هه‌مومان داده‌پۆشێت…
سه‌رێکم لێمه‌ده
نامه‌یه‌ک مه‌نێره
بێده‌نگ به بێ ده‌نگ
با چراکه‌م ته‌نییای بسوتێنێت
کتێبه‌کان که‌ڕ بن
گۆرانییه‌کان بیجونه‌وه
لێگه‌ڕێ با خه‌یاڵم بمفڕێنێت
من خۆم ئه‌ناسم، که توڕه بم، ژیر نابمه‌وه!!
هه‌زار نامه‌ش بنێریت
سه‌دان جار بێیت و بڕۆیت
ده‌یان جار وه‌نه‌وز بتباته‌وه‌و به خه‌به‌ر بێیت
ئه‌سته‌مه، که گوێت لێم بێته‌وه جارێکی دیکه
جارێکی دیکه پێت بڵێم، باشه چاوه‌ڕوانتم
زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌که‌م لێیدا، به یارمه‌تیتان
پێ ده‌چێت تۆ بیت، با لێره‌دا بۆستین!!….
هه‌ردی ئه‌حمه‌د 2010کۆتایی