
كوردایه‌تی هه‌مبانه‌یه‌ك له درۆ …… به‌شی دووه‌م
له فه‌زای گشتی هه‌نوكه‌ی كورد دا، كۆمه‌ڵێك بیر‌و باوه‌ڕ كه‌ڵه‌كه‌ی كردووه، نه‌خراونه‌ته ژێر مه‌حه‌كی پرسیاره‌وه، یان ڕاست و دروستیان تاقی نه‌كراونه‌ته‌وه. ئیتر له سیاسه‌تمه‌دار و كاربه‌ده‌سته‌وه بگره، تا مامۆستای زانكۆ و خوێندكار و نوسه‌ر و ڕوشنبیر، ڕۆژانه ئه‌م بیر‌و باوه‌ڕانه په‌خش و دووپات ده‌كه‌نه‌وه. حاڵه‌ته‌كه‌ش وه‌ك ئاوازی گۆرانی لێهاتووه، خه‌ڵك به له‌به‌ره‌وه ده‌یڵێنه‌وه. سیاقی ئه‌م بیر‌و باوهڕانهش سیاقێكی عه‌قڵی نیه، به‌ڵكو (تواتر)ه له زاره‌وه بۆ زار، واته گواستراونه‌ته‌وه له كۆمه‌ڵێك بۆ كۆمه‌ڵێكی تر، له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، تا بووه به دیارده‌یه‌ك و موسهللهماتێك ئیتر جێگای وتوێژ و لێپێچینه‌وه‌ی نه‌هێشتووه‌ته‌وه. له به‌شی یه‌كه‌م ئاماژه‌مان دا به كه‌مێك له‌م بیر‌و باوه‌ڕانه. با لێره‌شدا كه‌مێكی تر تیشك بخه‌ینه سه‌ر به‌شێكی تر. له گه‌ڵ سه‌ر هه‌ڵدانی بیر‌و بۆچوونه “عه‌لمانیه‌كان” به هه‌موو (سه‌قه‌تیه ڕۆژههڵاتیهكهی)، به تایبه‌تی له نێو كوردستاندا، هه‌ندێك باوه‌ڕی نوێ هاتنه كایه‌وه‌و بوون به مۆده‌ی فیكر و شتێكی باو. بۆ نمونه: “كورد به زه‌بری شمشیر بووه‌ته مسوڵمان” یان “كورد خاوه‌ن شارستانیی و ده‌ستنوسی زۆر بوو، به‌ڵام كاتێ عه‌ره‌بی داگیركه‌ر هاتنه كوردستان هه‌موویان سوتاند”. هه‌روه‌ها: “یه‌زیدی دینی ڕاسته‌قینه‌ی كورده” و “ئیسلام نه‌یهیشتووه كورد ببێت به هیچ یان خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت”. له‌م به‌شه‌دا، باسی ئه‌م خاڵانه ده‌كه‌ین و نمونه‌ی تریش زۆرن.
سه‌باره‌ت به‌و ئیدیعایه‌ی ده‌ڵێت: “كورد به زه‌بری شمشیر بووه‌ته مسوڵمان”، ناتوانین ئاماژه به ڕای نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان بده‌ین، چونكه گومانی تیا نیه، ئه‌وان، ئه‌م بیرۆكه‌یه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و لایه‌نگریی ئیسلام ده‌كه‌ن. به‌ڵام با بزانین میژوو ناس و تویژه‌ری عه‌لمانی كورد “میهرداد ئیزادی” له‌م باره‌وه ده‌ڵێ چی؟
ئیزادی ده‌ڵێ: “هه‌تا سه‌روبه‌ندی سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌میش، زۆرینه‌ی كورد به نا موسڵمان داده‌نران، له لایه‌ن مێژوونوسه ناوداره‌كانی سه‌ده ناوهڕاستهكان وه‌كو نزام ئهلمولك، ئه‌بو مه‌نسوڕ ئه‌لبه‌غدادی و ئیبن ئه‌سیر كوردیان به موشریك ناوبردووه. له مه‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئیسلام ته‌نها به شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شانه هاتبێته ناو كوردستان و ته‌نها ده‌وروبه‌ری كوردستانی گرتبێته‌وه، واته ناوچه كه‌ناریه‌كانی كوردستانی گرتبێته‌وه نه‌ك ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی. له كاتێك كه ته‌نها كه‌مینه‌یه‌كی كورد موسڵمان بوون. به‌ڵام زۆرینه‌ی كورد سه‌ر به دینه كۆنه‌كان بوون وه‌ك جوله‌كایه‌تیی، مه‌سیحیه‌ت و …هتد، تا له سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌م بۆ سه‌ده‌ی پازده‌هه‌می زایینیی گۆڕانێكی له سه‌رخۆ له ژیانی ئابوریی – كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگای كوردستان، كه كۆمهڵگایهكیی كشتوكاڵیی بوو، دروست ده‌بێت به‌ره‌و ئیسلام” (Izady, 1992, p135)
كه‌واته زۆربه‌ی كورد، پاش پینج سه‌ده له هاتنی ئیسلام، له ڕێگای جموجۆڵی ئابوریی-كۆمه‌ڵایه‌تیی بوون به مسوڵمان. ئه‌مه له كاتێكدا ئیزادی ئه‌وه له بیر ناكا كه ئه‌و كه‌مایه‌تیه مسوڵمانه كورده‌ی هه‌بووه، له سه‌ده ناوهڕاستهكان، هزرڤان و زانای به‌رزی مسوڵمانیان پیشكه‌ش كردووه وه‌كو: ئیبن خه‌له‌كان، ئیبن ئه‌سیر، دینه‌وه‌ری، ئیبن فهدڵان و به‌دیعوززه‌مان هه‌مه‌دانی و…تد به‌ڵام ئه‌مانه له‌و كه‌مایه‌تیه كورده مسوڵمانه بوون كه له لایه‌نی جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه نزیك بوون له مسوڵمانانی غه‌یره كورد. (Izady, 1992, p136).
میهرداد ئیزادی به‌رده‌وام ده‌بی: (له گه‌ڵ كۆتایی هاتنی سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م، دینه كۆنه‌كان پاشه‌كشه‌یان كرد‌و ئیسلامی مه‌زهه‌ب شافیعیی ناوچه‌ی كرمانجی ژوور‌و، له ڕیگای گۆڕانیی ئابوری-كۆمه‌ڵایه‌تیی باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا كێشا و گونجان و ته‌بایی له نیو كۆمه‌ڵگای كوردی دروست كرد) (Izady, 1992, p136).
سه‌باره‌ت به تێكدانی شارستانیی كورد، له لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه، ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ش ڕه‌واجی خۆی هه‌یه. یه‌كێك له‌وانه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی وه‌كو “ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر!” خسته ڕوو، ئه‌مین پێنجوێنیه. پێنجوینی له گۆڤاری هاڤیبوون ده‌ڵێ: (كاتێك عه‌ره‌ب هاتن كوردستان داگیر بكه‌ن ته‌نها له ناوچه‌ی هه‌ورامان باری 60 حوشتر كتێبیان سوتاند كه به خه‌تی ماسی سوراتی نوسرابوون) (پێنجوینی، 2007). ئه‌م جۆره ڕاپۆرته، وێڕای ئه‌وه‌ی یه‌ك تاقه به‌ڵگه، یان سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕ پێكراو بۆ پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی نیه، له سه‌رتاوه تا كۆتاییش ته‌نها درۆی شاخدار ڕیزكردنه، جگه له‌مه‌ش جێگای پێكه‌نینه به‌و كۆمیدیایه‌ی له ناویدا خۆی ده‌نوێنێ!
جارێ پێش هه‌موو شتێك، ئه‌گه‌ر ئه‌و كات عه‌ره‌ب هاتبنه كوردستان، به حوشتره‌وه نه‌هاتوون، چونكه حوشتر بۆ ناوچه‌ی شاخاوی ناشێ. ئنجا چۆن ناوچه‌یه‌كی سه‌ختی وه‌كو هه‌ورامان، به‌و دانیشتوانه كه‌مه‌ی، پێش چوارده سه‌ده، باری 60 حوشتر كتێبی به‌رهه‌م هێناوه؟
به لایه‌نی كه‌مه‌وه، باری 60 حوشتر ده‌كاته 20 هه‌زار كتێب، كه‌چی ڕێژه‌ی هه‌موو ده‌ستنوسی شارستانیه كۆنه‌كانی پێش ئیسلام، نه‌ك هه‌ر ناگاته 1000 كتێب، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت چه‌ند سهتێكی كه‌میش. ئنجا پرسیار دێته ئاراوه: خه‌ڵكانێك بتوانن باری 60 حوشتر كتێب بنوسن، چۆن عه‌قڵیان به‌وه نه‌شكا، له‌و ناوچه سه‌خته شاخاویانه كه‌مێكمان بۆ هه‌ڵگرن و بیشارنه‌وه؟!
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌و، درۆیه‌كانی پێشوو، لای میهرداد ئیزادیه كه لهمهوپێش ئاماژه‌مان پێی دا. به‌ڵام دكتۆر كه‌مال فوئاد له گۆڤاری هاڤیبوون ڕاشكاوانه‌تر وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ: (هه‌ورامیه‌كان پێش نزیكه‌ی پێنج سه‌د ساڵ بوونه‌ته موسڵمان. له به‌ر ئه‌وه هه‌ر چه‌نده پیر شالیاری زۆر پاش ئیسلام هاتووه [زیاتر له 400 ساڵ پاش ئیسلام بووه –ع س-] كه‌چی لای هه‌ورامیه‌كان قسه‌یه‌ك باوه ده‌ڵێ پیر شالیاری له قورئان كۆنتره. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه پیر شالیاری هه‌رچه‌نده دوای ئیسلام بووه، به‌ڵام زۆر له پێش ئیسلامبوونی ههورامیهكانه) (فوئاد، 2007).
كه‌واته عه‌ره‌ب و مسوڵمانان له ژیانیاندا چاویان به هه‌ورامان نه‌كه‌وتووه، تا بێن باری 60 حوشتر كتێب بسوتێنن! به‌ڵام ئه‌م جۆره قسانه بۆ خه‌ڵه‌تاندنی نه‌وه‌ی نوێی بێ ئاگا و خه‌ڵكی نه‌زان به سوده، بۆ هاندانیان بۆ زیاتر ڕه‌گه‌ز په‌رستیی و توند و تیژیی و ده‌مارگیریی، دژ به ئه‌وی تری جیاواز. وێڕای ئه‌مه‌ش، گه‌ڕانه به دوای وه‌همی شارستانیه‌ت و دین و نوسراوی ناسیۆنالیی وون بوو و باوه‌ڕ هینان به‌م وه‌همه!
سه‌باره‌ت به یه‌زیدیی یان یه‌زیدییه‌ت، وه‌ك ئایینی كورد، یان درێژكراوه‌ی زهرهدهشتیهت، ئه‌مه‌شیان له ڕاستیه‌وه دووره. جارێ هیشتان یه‌زیدیه‌كان له نێو خۆیان مشت و مڕیانه له سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا كوردن، عه‌ره‌بن یان میلله‌تێكی جیاوازن له هه‌ردووكیان؟ چونكه بۆ هه‌ر له‌م سێ ته‌وژمه خه‌ڵكانی یه‌زیدیی هه‌ن ده‌هۆڵ ده‌كوتن، هه‌ر چه‌نده ته‌وژمی عیراقچیی عه‌ره‌بی زاڵه به هۆی عه‌ره‌بایه‌تی میرانی یه‌زیدیه‌كان. جارێ باسكردنی كه‌لتوریی عه‌ره‌بی، له جل و به‌رگ و قسه و خوی باو و …هتد له نێو یه‌زیدیه‌كان، شتێكی زۆر ڕوون و ئاشكرایه. ته‌نانه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه له‌ژێر ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌و یه‌زیدیه‌كان له ساڵی 1991ه‌وه ئازادن، كه‌چی هێشتان پۆشینی عه‌گال و دشداشه وه‌كو جل و به‌رگێكی باوه، ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ی یه‌زیدیه‌كان ته‌حسین به‌گ سه‌عید ئه‌مه‌وی تا ئێستاش، عه‌گال و كوفیهو دشداشه‌و عه‌بای عه‌ره‌بی له بهردهكا، هه‌ر به‌م شێوازه‌ش، سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی كرد. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه، چونكه ته‌حسین به‌گ سه‌عید ئه‌مه‌وی عه‌ره‌به و شانازی به نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌كا. ته‌نانه‌ت، ئامۆزای ته‌حسین به‌گ، ئه‌نوه‌ر به‌گ معاویه ئه‌مه‌وی، زۆر داكۆكیی له عهرهببونیی بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌كا و زۆر به توندی دژی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه، كه ده‌یه‌وێ یه‌زیدیه‌كان بكاته كورد و ئه‌م هه‌وڵانه به ته‌عریبكردنی كورد ده‌شوبهێنێ (تیشكێك بۆ سه‌ر یه‌زیدیه‌كان دیدار له گه‌ڵ ئه‌میری یه‌زیدیه‌كان ئه‌نوه‌ر معاویه ئه‌مه‌وی، ئهززهمان، 2002).
كتێبی یه‌زیدیه‌كانیش (موسحهفا ڕه‌ش) گوایه له ئاڤێستاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ڕاستیه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو كتێبه، وه‌كو په‌یوه‌ندی كتێبی ئهلف و بێی كوردیه، له گه‌ڵ هه‌ر كتێبێك بۆ فێر بوونی زمانی ئینگلیزی!
یه‌زیدیه‌كان تهقدیسێكی زۆری یه‌زید و معاویه‌ی كوڕی ئه‌بو سوفیانی باوكی ده‌كه‌ن. عوده‌ی بن موسافریش، كه عه‌ره‌بێكی ئه‌مه‌وی بوو، له لوبنانه‌وه هیجره‌تی كرد بۆ كوردستان، له پاش ئه‌و تێكشكانه‌ی توشی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی هات، له سه‌رده‌می دواهه‌مین خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وی مه‌روان ئهلحیمار، له سالی 132ی كۆچی. عوده‌ی بن موسافر، ئه‌و كه‌سه بوو كه موسحهفا ڕه‌ش و كتابی جیلوه، به پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه، بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه (ئێزیدیایه‌تی و زمانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی، 2011). هۆكاری دروستبوونی ئه‌م تائیفه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رگریكردن له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مه‌وی و ته‌قدیسكردنی یه‌زیدی كوڕی معاویه و عوده‌ی بن موسافر. ئنجا بیر و باوه‌ڕی یه‌زیدیه‌كانیش، تێكه‌ڵاو بووه به زۆرێك له ئه‌فسانه‌ی ئیسلامیی و مه‌سیحیی و هه‌ندێك ئایینی كۆن. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌میری ئه‌مه‌وی خالد بن حه‌رب بن خالد بن یه‌زید، له گه‌ڵ سه‌ربازه تێكشكاوه‌كانی ئه‌مه‌وی، هاتنه كوردستان، بۆ خۆ شاردنه‌وه و به‌رگریكردن. هۆكاری هاتنیشیان بۆ ئه‌م ناوچه‌یه، به پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه، ئه‌وه بوو چونكه دایكی مه‌روان ئهلحیمار كورد بوو. عوده‌ی بن موسافریش، له‌وه‌چه‌ی مه‌روان بن ئه‌لحه‌كه‌می ئه‌مه‌ویه و نازناوی شه‌ره‌فه‌ددین ئه‌بول فهزائیله، له لاله‌ش نێژراوه و یه‌زیدیه‌كان بۆ ته‌قدیسكردن زیاره‌تی گۆڕه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. به بڕوای یه‌زیدیه‌كانیش، ڕۆژی مه‌حشه‌ر له سنجار به‌رپا ده‌بێ، ته‌رازوی خێر و شه‌ڕ له ژێر ده‌ستی عوده‌ی موسافر داده‌ندرێ و یه‌زیدیه‌كان له گه‌ڵ خۆی ده‌باته به‌هه‌شت (یه‌زیدیه‌كان، 2011) و (تیشكێك بۆ سه‌ر یه‌زیدیه‌كان دیدار له گه‌ڵ ئه‌میری یه‌زیدیه‌كان ئه‌نوه‌ر معاویه ئه‌مه‌وی، ئهززهمان، 2002). ئنجا به هه‌ردوو موسحهفا ڕه‌ش و جیلوه ته‌نها 10 لاپه‌ڕه ده‌بن و كتێب نین. به زمانی سۆرانی نوسراون كه‌چی یه‌زیدیه‌كان به شێوه زاری بادینیی قسه ده‌كه‌ن. گومانێكی زۆر هه‌یه كه ئه‌م دوو نوسراوه له لایه‌ن ڕه‌به‌نێكی سریانی له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه نوسرابن، چونكه شێوه‌ی زمانه‌كه‌ش نوێیه و وشه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی زۆری تیایه (ئێزیدیایه‌تی و زمانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی ، 2011). هه‌روه‌ها خودی توێژه‌ره یه‌زیدیه‌كان، وه‌كو عزه‌دین باقه‌سرێ، موسحهفا ڕه‌ش و جیلوه به ده‌ستكرد ده‌زانن و پێیان موقه‌ده‌س نین. له لایه‌كی تره‌وه گومان هه‌یه ئایا عوده‌ی بن مسافر نوسیونی یان حه‌سه‌ن داسنی یان ئه‌نوه‌ر مایی، جگه له‌و ڕه‌به‌نه سریانیهی ئاماژه‌مان پێی دا (ئێزیدیایه‌تی و زمانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی ، 2011).
ئه‌مه‌یه ئه‌و دینه‌ی هه‌ندیك نه‌فام و نا ڕۆشنبیر، بێ ئه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی یهزیدیهت بزانن، ده‌یانه‌وێ به ئێمه‌ی كوردی بفرۆشنه‌وه، گوایه ئه‌مه دینی كورده! ماویه‌تی
بۆ بینینی به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره تكایه ئه‌م لینكه‌ی ده‌نگه‌كان ببینه:
http://www.dengekan.info/dengekan/11/genaral2/8563.html
سه‌رچاوه‌كان:
Izady M. (1992), The Kurds: A Concise History And Fact Book, Taylor and Francis: London.
پێنجوینی ئه‌مین. (2007)، زمانی كوردی و گیروگرفتی نه‌ته‌وه و به نه‌ته‌وه بوون، گۆڤاری هاڤیبوون، ژماره 7 و 8، به‌رلین.
“تیشكێك بۆ سه‌ر یه‌زیدیه‌كان دیدار له گه‌ڵ ئه‌میری یه‌زیدیه‌كان ئه‌نوه‌ر معاویه ئه‌مه‌وی” (2002)، دووی شوبات. ڕۆژنامه‌ی ئهززهمان: له‌نده‌ن.
http://www.muslm.net/vb/showthread.php?t=246067
[له یازده‌ی كانونی دووه‌می 2011 بینراوه].
فوئاد كه‌مال. (2007)، چۆن بگه‌ین به سه‌ره‌تایه‌كی باوه‌ڕ پێكراو بۆ ئه‌ده‌بی كوردی، گۆڤاری هاڤیبوون، ژماره 7 و 8، به‌رلین.
“یه‌زیدیه‌كان”، (2011)، [ئینترنێت]، شه‌شی كانونی دووه‌م. http://www.saaid.net/feraq/mthahb/32.htm
[له یازده‌ی كانونی دووه‌می 2011 بینراوه].
ناوخۆش سه‌لام، (2001)، “ئێزیدیایه‌تی و زمانی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی”، [ئینترنێت] http://www.hawler.in/more.php?id=8582
[له سێزده‌ی كانونی دووه‌می 2011 بینراوه]
عه‌لی سیرینی