
ژنانی کورد له ڕابردوو ئێستادا ….. شنە پينجوێنی
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان، گەلی کورد دێرینترین گەلی میزۆپۆتامیایه و پێشه‌نگ و پێشڕه‌وترین هۆزه‌كان له‌ناو ئاریه‌کاندا هۆزی لولویی و گوتی بوون. ئه‌و هۆزانه به تایبه‌تی گوتییه‌کان به داهێنه‌ری کشتوکاڵ له مێژوودا ناویان ده‌رکردووه و لۆلۆییه‌کانیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر پێشکه‌وتوو بوون و خاوەنی یەکەمین حکومەت وئیمراتۆریەت بوون لە مێژوودا. کوردستان لانکەی شارساتنێتی بووە. شوێنەوارەکانی چیای نەمروود و قەڵای هەولێر و وان و زێویه، فقرەغا، ئەشکەوتی شانەدەر و کەرەفتو و چیای بێستون و گوندی چەرموو وهەردوو ئەشکەوتی زەرزی وهەزارمێرد نزیك ناوچەی سلێمانی و ئەشکەوتی تەنگی پایداولەی ناوچەی بەختیاری و ئەشكەوتی گڵی سوور لە چیاکانی بێستوندا و هەزاران شوێنی تر ئەو راستییە دەسەلمێننن.
دیاکۆنۆف ده‌نووسێت:« له کۆتایی چاخی بابلیه‌کاندا، گشت ده‌شت و مۆڵگه‌ی ئێران به گوتیۆم ناسراوه و ناوی گه‌لی گوتیۆمی (کورده‌کانی) له سه‌ر بووه لەسەر هەڵکۆڵەر و تاشه‌به‌رده نووسراوه‌کانی ئاشوریشدا (3000 پ.ز) ئاماژه به رسته‌ی “مات کورداکی” وه‌ک کۆنترین ووشه‌ی کورد (به‌واتای خاکی خۆجێی کورده‌کان) دێت، نوسراوە.
مێهرداد ئیزه‌دی پرۆفیسۆری پێشووی مێژووی رۆژهه‌ڵاتی ناوین جەخت لەسەر ئەوە دەکات ده‌ڵێت که کورده‌کان یه‌که‌م که‌س بوون بۆ به‌کارهێنانی ئاژه‌ڵ له کشتوکاڵدا. هەروەها لەرووی زانست و فەلسەفە و ئه‌ستێره‌ناسی و تەندروستیەوە، پێشەنگ بوون.
گەر ئاوڕێک لە خەباتی ژنان بدەینەوە لە مێژوی میزۆپۆتامیا، واتە نزیکە شەش هەزار ساڵ پێش لە زایین، دەبینین ژنانیش گەورەترین رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییه‌وه، وە بگرە وەك خوداوەندێك ئافرەتیان پەرستوە. نموونەی ئیشتار و زەنوبیا و کیلۆ پاترا و سەمیرە و دوا بەدوای ئەمانە لە دوای ئەشتارەوە ژنان رۆڵێكی تریان پێ‌سپێردرا کە بوونه کۆڵەکەی خێزان، واتە زیاتر کاروباری ماڵ ومنداڵ بەخێوکردنیان پێ‌سپێردرا. هەر چەندە ئەمە لایەنێكی پۆزەتیفی هەیە، چوون گەورەیی و سەروەریی خێزانەکان پابەندن بەدایکان و ئافرەتانەوە، بەڵام لە روویەکی ترەوە خرانە چوارچێوەوه و سنووری ئازادییەکانیان بەرتەسك کرایه‌وه و تا وای لێهات ئێستا چەندین کاری قێزەونە دژ بە ئافرەتان دەکرێت.
مێژووی ئێمەی ژنانی کورد لێوان لێوە لە سەروەری. لەسەردەمی گووتیەکاندا ژنان لەرووی باری رامیارییەوە خاوەن دەسەڵات وهێزی سوپایی بوون کە توانیویانە هێڕش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ و رۆڵێ تەواوەتیان گێڕاوە .
بە هۆی ئەو بارودۆخە نالەبارانەی بە درێژایی مێژوو بە سەر کوردان‌دا هاتووە، نەتوانراوە خاوەنی مێژوویەکی کلتووری و کۆمەڵایەتی بێت، ئەویش کاتێك دوژمن هێڕشی کردۆتە سەر میزۆپۆتامیا کە وڵاتی کوردان بووە، یەکەم هەنگاو بۆ سڕینەوەی مێژووی ئەو سەردەمە، کتێبیان سووتاندەوە. وەلێ ئێمەش ناتوانین بە بەڵگەوە جەخت لەسەر ئەو مێژووە بکەینەوە، هەربۆیە پێمان باشە لاپەڕەکانی چەند سەدەیەکی پێشوو هەڵبدەینەوە تا بزانین ئافرەتانی کورد چ خزمەتێکیان بە دۆزی ژنان کردوە.
نووسەران و گەریدەکان و مێژوونووسانی رۆژئاوایی توانیویانە لە نێو پەرتووکەکانیاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان باس لە رۆڵی ئافرەتان بکەن كه چۆن شان بە شانی پیاوان کار دەکەن و ئازادن.
مێژوونووسی کورد شەرەفخانی بەتلیسی باسی دەوڵەت خانم دەکات لە دوای مردنی هاوسەرەکەی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لەساڵی ١٣١٦/١٣١٧دا کە ئەمە پێگەی ئافرەتان دەسەلمێنێت لە بەرێوەبردنی وڵات‌دا.
میجەرسۆن، ناسراو به غولام حوسێن زۆر به به‌رفراوانی له کتێبه‌که‌یدا باسی عادیله خانم دەکات لە ساڵی ١٨٥٩/ ١٩٢٤ کە یه‌کێك بووه له‌و ئافرته کوردانه‌ی که مێژوویه‌کی پڕ شانازی و شکۆداری بۆ خۆی تۆمار کردوه له‌و سه‌رده‌مه‌دا و گرنگیه‌کی به‌رچاوی هه‌بووه له‌ژیانی سیاسی ئه‌و کاته‌دا. رۆڵێکی زۆر باشی هه‌بووه له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و پۆستی قائیمقامی ئه‌و شاره‌ی به‌ده‌سته‌وه بووه و چه‌ندین دوکان و بازاڕ و کۆشك و گه‌رماوی دروستکردوه و رێگای بازرگانی خۆش کردوه و دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ی دامه‌زراندوه و خۆیشی سه‌رۆکی دادگاکه بووه. عادیله خانم دوای کۆچی دوایی هاوسه‌ره‌که‌ی وەسمان پاشای جاف له دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین هۆزی کوردی ده‌کرد که هۆزی جاف بوو.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م لێهاتوویه‌شی بووه نازناوی (به‌هاده‌ر)ی هیندیان پێبه‌خشیوه که به‌مانای خانم دێ
هه‌روه‌ها ئێنگلیزه‌کان به شاژنی بێ‌تاجی شاره‌زوور، ناوزه‌دیان کردوه،
(The uncrowned Queen of Shahrizur)
ئیدمۆندز؛ باس له حه‌پسه خانی نه‌قیب ده‌کات که هاوسه‌ری شێخ قادری برای شێخ مه‌حمودی حه‌فید بووه کە لەبارودۆخی رامیاری ناوچەکەیدا زۆر زیرەك و لێزان بووە و قوتابخانەی ئێوارانی بۆ ژنان دروست کردوە و نوێنەری ژنان بووە. هەروەها هەریکاریی کۆماری کوردستانی لە مەهابادی کردوە کە پێشەوا قازی محەمەدی نه‌مر سوپاسگوزاریی بۆ ناردوە.
مینا خانم خێزانی پێشەوا قازی موحەمەد هەر لەسەرەتاوە یارمەتیدەر و هاندەری کار و چالاکییەکانی پێشەوا بووە و شان بەشانی قازی خەباتیکردوە بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، هەروەها خەباتی بۆ ژنان بەردەوام بووە. یەکێتیی ژنانی لەو سەردەمەدا دامەزراندوە و خۆیشی سەرپەرشتی کردوە. هەروەها هەوڵی داوە بۆ دابینکردنی فێرگە بۆ ژنان.
پیه‌ترۆ کە گه‌ریده‌یه‌کی ئۆروپاییە و ئیدمۆنز له نووسینه‌کانی دا و ژه‌نه‌راڵ فریزه‌ر و مینۆرکسی، ڤیلچیڤسکی و خانمه رۆژهه‌ڵاتناسی رووسی ڤاسیلییڤا و چەندینی تر ئاماژەیان بە رۆڵی ژنانی کورد لەسەردەمە جیاجیاکاندا داوە کە زۆر به ئازادی گفتۆگۆ و هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و هەوڵ دەدەن شان بەشانی پیاوان تێ‌بکۆشن بۆ ئازادی و سەربەخۆی .
لە ساڵی ١٩٢٦ ماه شه‌ره‌فخانی ئه‌رده‌ڵان که به مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی ناسراوه، رۆڵێکی مهزهنی بینیوه لە خزمەت کردنی نوسینی مێژووی ئەردەڵان، کە لەکاتی خۆیدا تەنها کاری پیاوان بوە. هەروەها دیوانی شیعری خۆیشی نووسیوەتەوە کە لە بیست هەزار بەیت پێك هاتوە، هەر ئەم گەوەرەییەی مەستوورەخانم دەبێتە جێێ سەرنجی رۆژهەڵاتناسی رووسی ڤاسیلییڤا کە دەڵێت مەستوورە خانم رۆڵێکی گەورەی بینیوە لە مێژووی ئەردەڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا. دەستنووسەکەی لە ساڵی ١٩٤٦ لە سنە وەرگرتوە و لە ساڵی ١٩٩٠ وەریگێراوەتە سەر زمانی رووسی و لە مۆسکۆ بڵاو کراوەتەوە.
خانزادی میری سۆران لە دوای کوشتنی باوکی لەلایەن والی بەغداوە، خانزاد جێگەی باوکی دەگرێتەوە و وەک ئەمیرەی سۆران ناوبانگی دەرکردوە و فەرمانڕەوایی دەکات وهەروەها بەشداری هەموو شەرەکانی کردوە .
گرنگی تەواوی داوە بە دروست کردنی قوتابخانە و پرد و مزگەوت و گرنگی داوە بە بوژاندنەوەی هاوینەهەواری شەقڵاوە. تا ئێستاش شوێنه‌واری کۆشکی خانزاد له هه‌ریر هه‌ر ماوه.
فاتیمه محێدین و گوزیده خانم، لەگەڵ ئەو هەموو بارودۆخە نالەبارانەی کە رووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه. بۆ فێرکردنی کچان لە باشووری کوردستاندا پێشڕەو بوون. لە دوای ١٩٦٠ لە رۆژهەڵاتی کوردستان قەڵەم بەدەست و خاوەن هزر لە نێو ژناندا دروست بوون .
له دوای کۆماری کوردستان لە مه‌هاباد و به‌رده‌وام بوونی هزری ئازادی و سەربەخۆیی، ژنانیش رۆڵێکی مه‌زنیان بینیوه و به كرده‌وه به‌شداریی رووداوه‌كانین كردووه.، هه‌نگاویان بۆ ئازادی و یه‌کسانی ناوە. به‌شداری ژنان له خه‌بات و تێكۆشاندا یه‌که‌م هه‌نگاو بووه له خه‌باتی رزگاریخوازیی ژناندا، هەروەها مێژوو شاهیدە کە خەباتی ژنان هیچی کەمتر نەبوە لە خەباتی پیاوان و وەك پێشمەرگە و قارەمان بەشداری بەرەکانی شەڕیان کردوە و نموونەی قارەمانانی ژنان و کچانی باکووری کوردتسان تا هەنووکە ئەم راستیە بە بەڵگەوە دەسەلمێنن .
مێژووی کورد لێوان لێوە لە خەباتی ژنان بۆ ئازادی و بەرخوردان و یارمەتی و بوونی کەسانی ئەدیب و هۆنەردۆست و بەتوانا لەسەر ئاستی بەرێوەبردنی وڵات و دامودەزگا فهڕمییەکان و وه‌ك دایکێکی دڵسۆز و بەوەفا و کوردپەروەر و بەئەمەك بۆ خێزان و نیشتمان لە هەموو سەردەمەکاندا خوازیاری زانیاری و زانست بوون، کەچی لە ئێستا دا دەبینرێ ئه‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قی له دژی ژنان به‌ڕێوه ده‌چێ. رۆژانە ئافرەتانمان لە ژێر ناوی شەرەف و نامووس و کلتوور و دیندا دەکوژرێن و سەرگەردانیان دەکەن، ژنان به توندترین شێوه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، کار و مامەڵەی خراپیان دەرهەق دەکرێ و به جۆرێک مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێ کە زۆر ناشارستانیانه‌یه. ژنان له ئاکامی ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆرانه‌دا به ناچاری په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خۆکوشتن به شێوازی جۆراوجۆر، بۆ دەرباز بوون لەو مۆتەکەیە کە ناوی ژیانە لای ئافرەتان.
هەر بۆیە دەبێ جارێكی تر هەموو هەوڵەکان به‌گەڕ بخرێ بۆ دووبارە بوونەوەی ئەو سەروەرییانه، رێزلە خەباتی پڕ شكۆی ژنان بگیرێ و ئازادانە خاوەنی ماف و بریاردانی خۆیان بن. بە بڕوای شارەزایان، بێ بەشداری کردنی ئافرەت و نه‌بوونی رۆڵی ئافرەتان، کۆمەڵگادا ناتوانێت بەردەوام بێت لە پێشكه‌وتن و دابینكردنی ژیانی ئاشتیانه و دادپه‌روه‌ریی سەرتاسەریدا.
ئافرەتان بەهۆی باری جه‌سته‌یی دروست بوونیان وسۆزی دایکانەیان توانیویانە لەناو خێزان و لە ناو کۆمەڵگادا رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركاری و به‌خێوكردنی نه‌وه‌كان و و ژیانی ئاشتیخوازی و راگرتنی پایەکانی کۆمەڵگادا به‌گشتی.
بایەخدان به نه‌خشی ئافرەتان، کۆمەڵگادا بەرەو پێشەوە دەبات و کاریگەری لەسەر زۆربه‌ی دیارده كۆمه‌ڵایتییه‌كان ده‌بێت.
مامۆستایانی ئافرەتان پێویسته خۆیان بتوانن گۆڕانکاری لە پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵدا بکەن بە پراکتیزە کردنی سیستمێکی یەکسانیخوازانە بۆ کچان و کوڕان و بە هەموو شێوەیەك ده‌بێت هەوڵێ نەهێشتنی دیارده‌ی توندوتیژی بدەن له فێرگه‌كان و له هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی ژیاندا.
ئەرکی سەرشانی هەموو سەندیکا و ئەو رێكخروانەیە کە کار بۆ دۆزی ئافرەتان بکەن وبەرنامە رێژیەکی تەواو بكه‌ن بۆ ووشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە.هەروەها ئەرکی گەورەی دەسەڵاتدارانە کە داکۆکی لەمافی ئافرەتان بکەن و یاسا سەروەر بکەن به‌رامبه‌ر به هەر توندوتیژیەک کە دژ بە ئافرەتان دەکرێت. لەلایەکی تریشەوە بتوانن فەزایەکی ئەوتۆ بۆ ژنان دروست بکەن کە رۆڵی تەواویان لە پۆستە وەزاری و حکومیەکانی وڵات‌دا هەبێت و کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابنێن تا بتوانن رۆڵیان لە بەرێوەبردنی وڵات‌دا هەبێت.
هەروەکو دەزانین میدیا بە دەسەڵاتی سێهەم یان چوارەم دێتە ئەژماردن هەر بۆیە زۆر گرنگە کە ئافرەتان رۆڵێ بەرچاویان تێدا هەبێت و بە شێک لەو بەرنامانەی لە کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانە وە پەخش دەکرێن لە خزمەتی بەرەو پێش چوونی ئافرەتاندا بێت. گەر کێشەیەک روو بەرووی ئافرەتان دەبێتەوە زۆر پێویستە بەرنامەی تایبەتی لەسەر دروست بکرێ و دانوستانی ئەو کێشانە بەشێوەیەکی سەردەمیانە بکرێت و هۆشیاری بدرێتە تاکەکانی کۆمەڵ وهەروەها ئاگاداری باری کەسێتی و شیکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە لەکاتی روودانی تاوانێکدا کە چ ماڵوێرانیەك دێتە رێگەی ئەو خێزانانە، واتە پێش ئەوەی کارەساتی تر روو بدات دەبێت هۆشێاری و زانیاری و ئاگادارکردنەوە بە کۆی جفات بدرێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کارە قێزەون و ناشاراستانیانە نەبێتە کلتووری لاسایکردنەوە .
زۆربەی تاکەکانی كۆمه‌ڵگای ئێمە بەروواڵەت کراوەن، بەڵام لەناخدا و لە پراکتیزەکردنی رەفتاردا زۆربەیان کەسێکی پیاوسالار و خێڵەکین، هەر بۆیە بۆ ئه‌م دیاردانه پێوسیتمان بە چارەسەرێكی لۆژیکانە هەیە.
ئافرەتان لە پیاوان باشتر دەتوانن رۆڵی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و خۆشگوزه‌رانیی كۆمه‌ڵگا ببینن و هەوڵی تەواوەتی بدەن و کاریگەریان هەبێت لەسەر دروست نەبوونی کێشە و گرفتەکان .
٢٥ی نۆڤەمبەر، لەساڵی ١٩٨١وە لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە رۆژێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ناسێنراوه.
هەر بۆیە ئێمەی کوردیش زۆر گرنگە کە شارەزاییمان لەهەمبەر ئەو په‌یماننامە نێو دەوڵەتیانە هەبێت و بتوانین لەسەر ئەو رەوشە کاری تەواوەتی بۆ بکەین و بتوانین رۆڵمان هەبێت لەسەر سەقامگیربوونی ئاشتی لەناو کۆمەڵگادا.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان The United Nations Security Council ( UNSC)
لە ٣١ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٠ دا بەیانێكیان لە رۆژی ئافرەتانی جیهاندا دەرکرد، سەلماندیان لەکاتی جەنگەکان کە رووبەرووی وڵاتان دەبێتەوە و چەک بەکار دەهێنن، ئافرەتان و منداڵان زیاندمەند و قوربانی ئەو دەرئەمجامەن، .
بڕیارنامەی ی‌و ئێن بریتیە لە ٣خاڵ
١-بەشداریی ئافرەتان لە پرۆسەی ئاشتی، پرۆسەی بەرگریکردن لەو ئارایشەدا.
٢-گەشەسەندن و بەرفراوانکردنی مافەکانی ئافرەتان.
٣-پاراستنی باری ئاسایشی ئافرەتان لەکاتی شەڕ و له کاتی ئاشتیدا.
مەبەست لەم پەیماننامەیە دابینکردنی ئاشتی و ئاسایش بۆ ژنان و منداڵانە کە بەهۆی شەڕ و دەرئەنجامی ماڵوێرانییه‌وه دەکەونە ژێر باری هەڕەشە و دەستدرێژی کردنە سەریان لە هەموو روویەکەوە. بۆیە دەبێت بواری ئاسایشی ژنان بپارێزرێت و دەرفەتی بۆ برەخسێنرێ کە یەکسان بێت شان بە شانی پیاوان و بتوانێت خاوەنی بریاردان بێت لە بواری ئاشتی و ئاسایش‌دا.
شەرەکان تەنیا کار و کێشەی دەسەڵات و سوپا نین. بگرە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاش رووبەڕووی ئەو ناهەموارییە دەبنه‌وه و دەبێتە هۆی نەمانی هەموو پیرۆزییەکانی ژیان.
هەروەک چٶن سوپا لە ووڵاتدا ئەرکی بەرگری کردنی پێ دەسپێردرێت تا (ئاشتی و ئاسایش) سەقامگیر بکات. هەر بەو شێوەیەش ئەرکی هەموو تاکێكی کۆمەڵگایە کە لەم ئارایشەدا بەشدار بێت و تێ‌بکۆشێ بۆ ئازادی و ئاشتی .
هەربۆیە لە ٣١ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٠دا نیویۆرك چۆكی دادا لە بارەی پرسی ئافرەتان و پەیوەندیان لەگەڵ ئاشتی و ئاسایش‌دا، هەروەها رۆلی ئافرەت لە بەردەوامی و راگرتنی و سەپاندنی ئارامیدا.
ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤێکە ئاسایش بەرقەرار بکات و بیخاتە قۆناخی جێ بە جێ کردن و چاودێریشی بکات. سەپاندنی ئەو بڕیارنامەیە بۆ یەکسانی ژنان و پیاوانە. دیارە ئەم هەنگاوانە دەستکەوتێكی مێژوویی هەموو ئەو رێكخراوە مرۆڤدۆستانەیە کە پێکەوە کار دەکەن بۆ گەشەسەندن و به‌ره‌وپێش بردنی دۆزی ئافرەتان لە جیهاندا.
بەهۆی چەند بارودۆخێێکی رامیارییهوە، ئامارێکی ته‌واو و دروست له سه‌ر ڕێژه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له هه‌رێمی کوردستاندا له‌به‌ر ده‌ستدا نییه، بەڵام لێرە و لەوێ له‌لایەن رێکخراوانی مافی مرۆڤەوە نیشان دەدرێ که ڕه‌وشی ژنان و كچانی کورد تا دێ به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت و ئه‌مڕۆ لە بارێکی یه‌کجار ناله‌باردایه و پێویسته سنوورێکی بۆ دابنرێ.
پیادە کردنی ئەم توندوتیژیە دژ بە ژنان درێژەی دەبێت چوون هەروەکو زانایانی دەروونناسی دەڵێن هەرکەسێ توندوتیژی بەرامبەر دەکرێ لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوە و بێدەسەلاتیی خۆی ئەویش بە جۆرێکی تر ئەو توندوتیژیە بەسەر کەسێکی لاوازتردا دەسەپێنێت، واتە بەردەوامی بە توندوتیژی دەدرێ كه لە کۆتادا کۆمەڵگایەکی ناتەندروست بەرهەم دەهێنین، هەربۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێكی کۆمەڵگایە کە ئاشتی و ئاسایش بەرقەرا بکات و مافی تاکەکانی کۆمەڵ و خێزانەکانیان نەخۆن بگرە شیکردنەوه و زمانی گفتوگۆ و خۆشەویستی و لێپرسینەوە و پیادەکردنی زەمینەی ئازادی بهێننە ئاراوە و هەموو کەسێک سنووری ئازادیی خۆی و بەرامبەرەکەی بزانێت و پێشێلی نەکات، هه‌ر كه‌سه ئەوەندە ئازادە تا پێشێلی ئازادیی بەرامبەرهكهی نەکات.
بەم شێوەیە دەکرێ خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگا بەرەو چارەسەرکردن بڕوات و نەخشەیەکی سەردەمیانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بێێنینە گۆڕێ.
هەروەها ئافرەتان خۆیان دەتوانن رۆڵی کاریگەریان لەهەمبەر پرسەکانی ژیاندا هەبێت. بە گرتنی کۆڕ و كۆبوونه‌وه و ناردنی بابەتی بەپێز بۆ یەکتری و بە بێ بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی مادیی واتە دەبێت کەسەکان دڵسۆزانە بۆ ئەم پرۆسەیە تێ‌بکۆشن. لێكدانەوە و بۆچوونی تایبەتیی خۆیان پێشکەش بە دۆزی ئافرەتان بکەن، هەروەها هەڵمەتی ناڕەزایی ئه‌نجام بده‌ن بۆ بەگژدا چوونی هەر کارێكی قێزەونە کە دژ بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێ. دیارە بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ش سپۆنسەری باش و پاڵپشتی لەو رێكخراوانە پێویستە.
هەروەکو پارێزەرێکی کۆنگۆیی دەڵێت: ئەوەی پیاوان بە گشتی و بەتایبەتی پیاوانی کۆنگۆیی یان ئافریکایی دەیدەن بە ئافرەتان دەرۆزە نییە، بەڵکو ئەوە مافی ئافرەتان خۆیانە.
هه‌روه‌ها دەڵێ: پیاوان، ئافرەتان وەک دۆشەکێك دەبین کەی بیانەوێ دەتوانن پشووی لەسەر بده‌ن.
دەبێت وا لەئافرەتان بکرێ کە بەشداریی باری رامیاری بکەن و رۆڵیان هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات و دامودەزگا فهرمییەکاندا، چٶن و بە چ شێوەیەك ئەم هەنگاوانە بنرێت؟
تەنها ٢٥ی نۆڤه‌مبه‌ر نەبێتە هه‌فته‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕووناکبیریی کۆمه‌ڵگا له‌هه‌مبه‌ر پرسی ژن، بەڵکو ئەم تێكۆشان و هەڵمەتی رۆشنبیرکردنه لە هەموو روویەکەوە بەرده‌وامی دەوێت.
پەیمانامەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر رەوش ئاشتی و ئاسایش بۆ ژنان ٢٧ وڵات وەریگرتوە، بەڵام تەنها ٦ وڵات کاری پێکردوە کە ئێستە دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێ کە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئاشنا بکرێن بەم پرۆسەیە وهەموو لایەک هەوڵی نەمانی توندوتیژی بدەن به‌رامبه‌ر به ئافرەتان لە هەموو جیهاندا تا بتوانین ژیانێكی ئاشتییانه و ئارام بهێنینە دی بۆ هەموو لایەك و هەروەها سەلماندنی ئه‌و پرینسیپه‌ی كه هه‌ر دوو ره‌گه‌زی نێر و مێ یەکسانن له هه‌موو بواره‌كانی بوون و ژیاندا.
بابه‌تی دۆزی ژنان له سه‌رتاسه‌ری کومهڵهگهکاندا گرێدراوی بابه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، رامیاری و ئابوورییه. ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه كه كۆتایی به‌گشت جۆره توندوتیژی و سێكسیزم و راسیزم بهێنین بۆ هێنانە دی کەش و هەوایەکی ئارام و دۆزینەوەی پەنهانەکان و پەروەردەیەکی تەندروست منداڵەکانمان گۆش بکەین و جارێکی تر گیان و زیندوویی ببه‌خشینه‌وه بەژیانی ژنانی میزۆپۆتامیا و نەوەکانی داهاتووی.
پێوستە ژنانی كورد لە مێژووی خەباتی خۆیان شارەزابن و شانازی بە کەڵە ژنانی وەکو (حەپسەخانی نەقیب و عادیلەخانم و خانزادی میری سۆران و مینا خانم و چەندینی تر بکه‌ن و ئەو سەروەریانە بۆ ژنان بگەڕێنینەوە، بۆ بهدهستهیَنانی مافه‌كانیان ده‌بیێت راسته‌وخۆ به‌شداری له‌خه‌باتی یه‌كسانخوازیدا بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ر بیێ مافییهكانیاندا بیێدهنگ نه‌بن و جارێکی تر لەهەموو روویەکەوە هەوڵەکان به‌گەڕ بخرێن بۆ دۆزینەوەی جوانیەکانی ژیان. ئاشکرایە کەسی ئازاد بێدەنگ نییە. پیادەکردنی ئازادی و مافی سەربەخۆیی قوربانی و بەرخوردانی دەوێت.
شنە پينجوێنی
shnapenjweny@live.nl
………………………………………………………………………………………….
میزۆپۆتامیا ناوێكی گریكییه، بەمانای (لە نێوان دوو رووبار)دا دێت، کە دەکەوێتە خوارووی رۆژاوای کیشوەری ئاسیاوە، جێگەی یەکەمین شارستانێتی بووە لە جیهاندا،کورد خاوەنی ئەو شارستانیە گەورەیەیە کە ئێراقی ئێستەیە لە نێوان رووباری دیجلە و فوراتدایه. بەناوبانگترین شارستانێتیی سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و ئاشووری و کلدانەکان بوون.
سەرچاوەکان :
ویکیپیدیا ؛ میزۆپۆتامیا.
پرۆفیسۆر مه‌حه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ کورد و کوردستان.
پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر رەوشی ئاشتی و ئاسایش بۆ ئافرەتان.
کوردستان نێشتمانی یەکەمینی سۆمەریاکانە، نووسینی هاوڕێ باخەوان.
لەگەڵ کۆمەڵێ سەرچاوە لە خوێندنەوەی بابەتی مێژوویی.