چاوەکانت مەستم دەکەن
چاوەری چیم لێدەکەیت
کام ئۆقیانوست بۆ بکەم بە دیاری
بە کام زمانی شیرن پێت بلێم
تۆ منی ، منیش تۆم
گیرۆدەی گەرانم بە دوای تۆ
زۆر گەرام بە دوای خۆم
کوچەو کۆلانەکان
ژیر شەپۆڵی دەریاکان
ناو کوێچکە ماسی و
سەر رۆخی کۆرستانەکان
شوین نەما پرسیاری خۆمی لێ نەکەم
هە مووی هەر یەك ولامم دەست دەکەوت
من وون بوومە
لەم ساتەی سلاوێکم کرد
دوو چاوی مەستم بینی
دەمێکی پر لە خەندەم بینی
من بە دوای خۆمدا وێلم
وەك فریشتەیەک بە ئاسمانی غەمگین دا دەگەریم
دڵنیا نیم لەم گەرانەم
بەرەو کام ئۆقیانوس هەڵدێرم دەبات
رادەستی کام شەماڵم دەکات
وەك کۆترێکی سپی
بەوەر کام ئاسمان هەڵمدەدات
لە ئێستاوە دڵنیام
لە کەسێکی تر خۆم دەدۆزمەوە
وەك ئاوێنە
وێنەی خۆمی تێدا دەبینمەوە
نا ..وەك کەناری ئاوێکی مەنگ
ووردە ووردە شەپۆلەکان پەنگ دەخوات و
وێنەی خۆمی تیدا دە دۆزمەوە
هێشتا هەر گیرۆدەی گەرانم
بە دوای دوو چاوی مەست دەگەرێم
لە نێو بینای چاوەکاندا خۆم بدۆزمەوە
ئەمسا دەزانم کە من ئاشق بوومە
تا ئێستا وێنای خۆم لە تابلۆیەک دەکێشا
سوریالیەکی خەیاڵی داڵی دابووم
بەڵام ئێستا هەست بە بوونی واقعیەک دەکەم
لە نێو رەنگەکاندا خۆم دەدۆزمەوە
وێنەی شۆخێکی جوان
نەخشەی وولاتێکی وێران
فرمێسکی منداڵێکی بێ تاوان
ئافراتێکی سك پری دوو گیان
بۆن باروتی راوچیەك
سووتانی دار بە روویەك
لەم لاوە کوژرانی ئاسکێك
کوژانەوەی مۆمێك
هێشتا تابلۆکەم هاواردەکات
کەی بتوانێت کوردستان رزگار بکات
وێنەی ئەمیش لە کوردستان دەچێت
ناوی ئەویش لە کوردستان دەبیسترێت
ئەم جارە دلنیام
بوونی خۆم لە کوردستان دەدۆزمەوە
لە دوو چاوی مەستی شوخێك دەبینمەوە
بەختیار سیان – ئەورپا