Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
خوێندنەوەیەکی چاودێرانە بۆ رووداوەکانی کوردستان

خوێندنەوەیەکی چاودێرانە بۆ رووداوەکانی کوردستان

Closed
by February 26, 2011 گشتی

دلێر محمد عەلی

ئایا ئەوەی ڕوو دەدات سەرهەڵدانە ، قۆناغی بەرەوپێشچونی پڕۆسەی دیموکراسیە ، گەمەیەکی سیاسی مەترسیدارە بۆ هەندێ مەرامی سیاسی و حیزبی یان شێوازێکی نوێی فێڵکردنە لە خەڵکی کوردستان.
ڕوداوەکانی 17/2-2011 ی سلێمانی و ئەو تەشەنەکردنە ڕادیکاڵانەی بەخۆیەوە بینی، کۆمەڵێک پرسیار و تێڕوانین و ئەگەری هەمەلایەنی ڕووبەڕوی گۆڕەپانی سیاسی و لایەن و ئەکتەرە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و جەماوەری کردوەتەوە، کە دەشێ لەو پەڕی چەپ تاوەکو ئەوپەڕی ئیسلامی ڕادیکاڵی جێدەست و کاریگەری بەسەرەوە هەبێت. بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە پێویستە بە بۆچونی من شیکردنەوەیەکی هەمەلایەنەی بۆ بکرێت، و هەریەکەو لە ڕوانگەی تێڕوانینی خۆیەوە تیشک بخانە سەریان، من هەوڵ دەدەم لەم دێڕانەی خوارەوەدا تێڕوانینی خۆم بخەمە بەردەم خوێنەری بەڕێز.
ئەوی گوێبیستی بووم و خوێندەمەوە لە میدیاکانەوە و لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنی بە هاوڕێ و کەس و کارەوە، ئەوەیە کە هەر کەس و لایەنێک لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەبووە، و لە ڕوانگەی تێگەیشتن و سۆنگەی خواست و دیدەکانی لە بارودۆخەکە قسە و باس و هەوڵەکانی خۆی وەگەڕ دەخات، منیش لای خۆمەوە تێڕوانینی تایبەتم بۆی هەیە کەلەم دێڕانەی خوارەوەدا دەیانخەمە ڕوو، و لەسەرەتاوە ئەمەوێت لەسەر ئەوە بدوێم ئایا بۆ لە سلێمانیەوە دەستی پێکرد؟
ڕاستە مێژووی شاری سلێمانی لە سەرهەڵدانەکانی گەلی کوردستاندا هێندە پرشنگدارە کە لە زۆربەی ڕووداوەکاندا توانیویەتی کاریگەرانە بەرەو ئامانجەکانی هەنگاو بنێت بێ گوێدانە ئاستی قوربانیەکان، هەروەها شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە شاری سلێمانی ئەگەر سەرقافڵەی هەموو شۆڕش و ڕاپەرینەکانی کوردستان نەبوبێت ئەوا لە ڕێزی پێشەوە بووە. لەهەمان کاتیشدا ئەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە شاری سلێمانی جێی ململانێی سەرجەم حیزبە سیاسییەکانە بەتایبەت 3 لایەنی سەرەکی (یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان)، هەڵەبەتە بە خۆماتدانێکی ژیرانەی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیەوە. ئەو بارگرژیەی لەو شارەدا هەیە دوای جیابونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کادیر و سەرکردەکانی یەکیەتی و پێکهێنانی گۆڕان و ئەو سەرکەوتنانەی گۆڕان بەدەستی هێنا لە ماوەیەکی کورتدا، مەترسییەکی ڕاستەوخۆی گەورەی لەسەر ئایندەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانی دروست کرد بەتایبەت کە یەکیەتی لە پارێزگای هەولێر و دهۆکدا نەیتوانیوە پێگەیەکی بەهێز پێک بهێنێت کە بتوانێت ئەو سەنگە خوازیارەی خۆی بچەسپێنێت لەسەر گۆڕەپانی کوردستاندا. هەروەها بزوتنەوەی گۆران کە خۆی بە میراتگری ڕاستەقینەی سەروەرییەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەزانێت بە تێهەڵکێشکردنی بە دیدە و تیۆری نوێکاری و ڕاکێشانی سۆز و دەنگی ناڕەزاییەکانی کوردستان بۆ لای خۆی وەک بەدیلێکی سیاسیەکانی کوردستان بە ئیسلامی و عیلمانیەکانەوە دەزانێت، بێجگە لەو دوو ئەکتەرە سەرەکییە پەرەسەندنی ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی سلێمانیدا و بەرنامەڕێژی بۆ دۆزینەوەی جێ پێی خۆی لەو پارێزگایەدا و ئەو پەرەسەندنە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقدا ئەنجامی پۆزەتیڤانەی هەبوو، ئەوەش زەنگێکی هۆشداریدانی گرنگی دا بە یەکیەتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لە ناوچەکەدا ئەمانە هەموو لەلایەک. لەلایەکی دیکەشەوە گەندەڵی و نادادپەروەری سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و دارایی دەسەڵاتی کوردستان و هەردو حیزبی دەسەڵاتدار کە سەرقافڵەی ئەو دەسەڵاتەن، و شکستی حکومەت لە فەراهەمکردنی مافە کۆمەڵایەتی و دیموکردسیەکانی تاکی کۆمەڵگەی کوردستان و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سامان و داهاتی کوردستان بەسەر ئۆرگان و کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا، زەقبونەوەی دوو چینی زۆر لێک جیاواز و لێکترازراو کە چینێکی دەوڵەمەندی بێسنور کە بەدەوڵەمەدنی مشەخۆر دادەنرێت، لەبەرامەریدا چینێکی کەم دەرامەت کە ژیانی ڕۆژانەی ئەفرۆشێت بۆ پەیداکردنی نانی خانەوادەی بێ هێچ بیمەیەک بۆ ژیانێکی کامەرانی لە دواڕۆژدا یان لە ئەگەری پەککەوتن یان قەیرانی هەمەجۆرەدا. سەرباری ئەمانەش ناڕوونی ئایندەی کوردستان وەک نیشتمان ئایا بەرەو سەربەخۆبوون دەڕوات یان بەرەو توانەوەی لە بۆتەی عێراقی عەرەبیدا. ئەمانە وایان کردوە کە کۆمەڵێک دژەی بەرژەوەندی حیزبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان هەموو پێکهاتەکان زیاتر زەقبێتەوە کە بۆشایی نێوانیان هێندە فراوانە، بوار نیە گوێیان لە قسە ، یان ناڵەی یەکتر بێت، ئەوەش زەمینەی تەقینەوەی هەمەلایەنەی خۆش کردوە.
ئەو فاکتەرانەی سەرەوە زەمینەیەکی هەمەجۆری ئاڵۆزی پێکهێنا بۆ هەنگاوێکی ڕادیکاڵانە بۆ شکاندنی ئەو دیوارانەی ئەو جۆرا فاکتەرانە لێک جیادەکاتەوە، و بەدیهێنانی ئەو ئامانجە جیاوازانەی هەر یەک لە فاکتەرەکان هەوڵی بۆ دەدات، و بواری خۆشکرد بۆ موجازەفەی بێ خوێندنەوەیەکی چڕی بارودۆخەکە و خۆئامادەنەکردنی هۆشیارانە بۆ ئەگەرە جیاوازەکان، و قۆزینەوەی ناڕەزایی خەڵک و داواکاریە چاکسازییەکانی جەماوەر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بردنی بە چەند ئاقارێکی جیاوازدا، کە هەر لایەک یان گروپێک بێووچانانە و بێ گوێدان بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکە هەوڵ بدات ئامانجەکانی خۆی بپێکێت لەسەر حسابی ئەوانی تر.
ئەوەی جێی سەرنج ڕاکێشانە بە بۆچونی من ئەمانەی خوارەوەن کە جێی پرسیاری زۆرن:
1-    ئامانج و داواکارییەکانی جەماوەر ڕووبەڕوی حکومەت و پەرلەمان کرابوون، ئەوەش بەو مانایەی کە جەماوەر پەرلەمان و حکومەت بە شەرعی دادەنێت و بەو ئاستەی کە ڕەخنە و سکاڵای گەندەڵی و نادادوەری ئاڕاستە دەکات، لەهەمان ئاستدا بە ئەنجامدەری چاکسازی ئەزانێت و ئەو ئەرکەی پێ ئەسپێرێت. بەڵام ئەبینین ئۆپۆزیسیۆن ئامانجەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت ئاڕاستە دەکات، بەسود وەرگرتن لە بار ئاڵۆزی شەقام و تەنانەت بەهاوکاریکردنی لایەنی دەرەکی تەنانەت ئەگەر ناحەزیش بن.
2-    پێشتر هەردو حیزبی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەردەوام دەمی خەڵکیان دادەخست بە بوونی مەترسی دەرەکی وبەرژەوەندی نەتەوەیی، بەڵام لەم بارودۆخەدا بزوتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی سەنگەرگرتنی بەغدا لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکات .
3-    تەسفیە حساباتی حیزبی کە لێرەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە ئامانج، بە لێکدانەوەی ئەو خاڵانەی سەرەوە و چاوخشاندنێکی خێرا بە ڕووداوەکانی ئەم 3 ساڵەی ڕابوردو لە هەولێر و سلێمانی و بادیناندا و شیکردنەوەی گەمە سیاسییە پێشوەکان، شتێکی ئاسییە کە سلێمانی بکرێت بە شوێنی ئەو تەسفیە حساباتە، و بە بۆچونی من ئەو تەسفیە حساباتە هەر دەکرا تەنانەت ئەگەر پارتی لەماڵی خۆیشیدا دانیشتایە وچەند خۆی لێ بەدور بگرتایە، هەر شێوازێک ئەدۆزرایەوە بۆ بەرۆکپێگرتنی،  بە ڵام ئەو هەڵەی کە پارتی کردی بە تەقەکردن لە یەکەم ڕۆژدا، وای کرد کات و ووزەی لایەنەکانی دیکەی پاشەکەوت کرد بۆ بەکارهێنانی لە هەنگاوی دیکەدا.
4-    هەموو لایەنەکان دەڵێن خۆپیشاندان مافێکی یاسایی هاووڵاتیانە، بەڵام دەسپێک لە ئۆپۆزیسیۆنەوە بەتایبەت گۆڕانەوە بە ئاژاوەگێر ناسێنران و پاشان بە دەستی تێکدەر لەلایەن هەموو میدیاکانەوە، ئەوەی پێویستە بوترێت لێرەدا کە خۆپیشاندانەکە بەتین بووە و کاریگەری لەسەر دەسەڵات پەیداکردوە، ئۆپۆزیسیۆنی حیزبی وەک ئاسک هاتنە مەیدان و خۆیان کرد بە بەرگریکەر و سەرقافڵەی خۆپیشاندانەکە.
5-    تۆمەتبارکردنی یەکتری لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە لەسەر ڕاستی و ناڕاستی ڕووداوەکان و دەسپێشخەری توندوتیژیەکان و ڕووداوەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و شوێنەکانی دیکە، حاڵەتێکی بێ باوەڕی دروستکردوە لای جەماوەرەوە، بەتایبەت کە باس لە مۆنتاژکردنی کرتە ڤیدیۆیەکان دەکرێت، واتە ئەگەر هەیە کە هەردولا مونتاژیان کردبێت، و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە جەماوەر لەنێوانیاندا تاکە چەواشەکراوە.
6-    زیندوکردنەوە و زەقکردنەوەی سنوری شارچێتی و کارکردن بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتدارێتی حیزب و لایەنی دیاریکراو لەسەر شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا، ئەو هەنگاوە کە بە ئاستی دۆڕاندنی کەرکوک مەترسی لەسەر چارەنوسی کورد دروست دەکات.
زۆر کردەوە و بۆچون و ووردەکاری دیکەی سەرنجڕاکێشەر هەن کە زۆر دەستەواژە و بەکارهێنەرانی دەستەواژەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، و لەهەمویان سەیرتر نامەکەی بەختیار عەلی بۆ باوکی ڕێژوان بوو کە بەبۆچونی من سزایەکی ویژدانی ئەو باوەکە بوو و لە ڕۆشنبیرێکی حاڵی وەک بەختیار چاوەڕوان نەدەکرا.
پاش ئەم هەموو خۆپیشاندان و قوربانیانە پرسیارێک خۆی زەق دەکاتەوە، ئایا ئۆپۆزیسیۆن ڕاست دەکات کە بۆ بەرژەوەندی گشتی هەوڵ دەدات یان بۆ گۆڕینی دەم و چاوە؟ ترسی ئەوە هەیە کە دوای ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆن  پشکی خۆی وەرگرت، ئەوا خۆپیشاندانان جارێکی تر دەکرێنەوە بە گێڕەشێوێن و تاکی کورد بە چەوساوەیی خۆی بمێنێتەوە. و ئایا دەسەڵات وانەیەکی ڕوونی وەرگرت لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جەماوەردا و ئایا ئەبێت بە وانەیەک بۆ هەموو دەسەڵاتێکی دیکەش لە ئایندەدا بۆ گوێگرتن لە داوای خەڵک و دابەزین لە تەوەرە عاجیەکانیان و بەشداریکردنی خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا؟
لە کۆتاییدا بە بۆچونی من زۆر گرنگە جەماوەری کوردستان هۆشیار بن و ڕێ نەدەن دەسکەوتەکانیان بقۆزرێتەوە لەلایەن ئیسلامی سیاسی و ئەو بەناو ئۆپۆزیسیۆنانەی دوای سەرکەوتن تورەکەی گەورەیان دوریوە بۆ کۆکردنەوەی دەسکەوتەکان. هەروەها پێویستە جەماوەر ڕێ نەدات هیچ لایەنێک یان حیزبێت لەژێر هەر دروشم و بیانویەکدا سنور جیابکاتەوە لەنێوان سلێمانی و هەولێردا، ئەوە کۆستێکە لە ئاستی کۆستی دۆڕاندنی کەرکوکدایە. هەروەها ڕێ نەدەن بە ڕێکەوتنی دژە سیاسییەکان لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و پێکهێنانی ژووری داخراوی دیکە بەناو و ڕەنگی نوێ.
دانمارک
25 / 2 / 2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.