حکومه‌تی کوردستان جیاوازه له حکومه‌تی تونس و میسر
له‌باره‌ی شه‌پۆلی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی مافخوراو به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات. له راگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌ڵێن: کوردستان وه‌کوو تونس و میسر نییه، به‌ڵکوو جیاوازه. منیش له گه‌ڵ ئه‌وه‌دام جیاوازییه‌کی گه‌وره له‌نێوان کوردستان و وڵاتی تونس و میسر هه‌یه. من باسی ئه‌و جیاوازییانه ناکه‌م وه‌کوو ئاو، کاره‌با، سووته‌مه‌نی، له تونس و میسر هه‌یه. به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا نییه. باسی ئه‌وه ناکه‌م له وڵاتی ئێمه‌دا له سایه‌ی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه. به هه‌زاران ژن به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه کوژراوه، به‌ڵام له‌و دوو وڵاته ژن رێزی زیاتری هه‌یه. له تونس ومیسر یه‌ک بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵات بوو، به‌ڵام لای ئێمه دوو بنه‌ماڵه. هه‌روه‌ها باسی ئه‌و لێکچوونانه‌یش ناکه‌م له هه‌ردوولا گه‌نده‌ڵی گه‌یشتووه‌ته لووتکه، له هه‌ردوولا بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاته، له هه‌ردوولا حزب ده‌سه‌ڵاته و حزبیش کۆمپانیایه‌که به ده‌ستی بنه‌ماڵه‌وه، له هه‌ردوولا به هه‌ڵبژاردنی ته‌زویر ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست . به‌ڵکوو من باسی ئه‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه ده‌که‌م، که له ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر به سه‌ده‌ها باره‌گای حزبی ده‌سه‌ڵاتیان سووتان، هێرشیان کرده سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فیزیۆنی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام لای ئێمه ده‌سه‌ڵات خۆی هه‌ستا به‌و کاره. باره‌گای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی له دهۆک و هه‌ولێر سووتاند، له سلێمانی که‌ناڵی نالیایان سووتاند. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی 15 سه‌عات ڕای جیاوازی هه‌بوو،15 سه‌عات بۆچوونێکی تر، 15 سه‌عات به ئازدی قسه‌کردن.
ئایا ئێستا کێ گێره‌شێوێنه؟ خۆپێشانده‌ران یان ده‌سه‌ڵات؟ زه‌ره‌ری 9 ملیۆن دۆلاریان به که‌ناڵی نالیا گه‌یاند. بێجگه له سووتانی که‌ناڵه‌که و قوربانییه‌کان، زه‌ره‌ر‌ێکی گه‌وره‌یش بوو له‌م کاته‌دا بۆ ده‌نگی ئازاد ، که‌ناڵی نالیا موژده به‌خشبوو بۆ میدیایه‌کی ناحزبی له کوردستان دروست بێت.
ئه‌گه‌ر له تونس هۆیه‌ک بووبێت بۆ خۆپێشاندان، ئه‌وه له کوردستان ده‌یه‌ها هۆ وامان لێده‌کات که خۆپێشاندان به‌رده‌وام بێت.
له رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له سایه‌ی ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته، هیوایه‌کی نه‌ماوه کوردستان به ده‌وڵه‌ت بێت. له دوای ڕوخانی حکومه‌تی به‌عس له عێراق، کوردستان سه‌رتاسه‌ر ڕزگاری بوو، به‌شانازی و به‌بێ ترس خه‌ڵکی مه‌نده‌لی و به‌دره و جه‌سان ده‌یانه‌وت، ئێمه کوردین، له‌پاش سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی بارزانی تاڵه‌بانی سازشکردنیان له به‌غدا، له پێناوی چه‌ند وه‌زاره‌تێک عێراقیان درووست کرده‌وه . ئێستا نه‌ک خه‌ڵکی به‌دره‌وجه‌سان نا‌وێرن بڵێن کوردین، به‌ڵکوو خه‌ڵکی ناوچه داگیرکراوه‌کان ده‌ترسن جارێکی تر ئه‌نفال بکرێنه‌وه. ناوی بازاڕ و پێشه‌نگاکانیان له‌ترسدا گۆڕییه‌وه به ناوی عه‌ره‌بی که له‌پێشدا به کوردی بوو، قوتابیه‌کان به لێشا و له‌ناوچه دابڕاوه‌کان له قوتابخانه‌ی کوردییه‌وه ده‌گوێزنه‌وه بۆ قوتابخانه‌ی عه‌ره‌بی، چوونکه له به‌غدا و‌هه‌ولێر گرنگییان پێنادرێ.
ئه‌م هاتووهاوه‌ره‌یشیان که پێشمه‌رگه‌یان بردۆته ناوچه دابڕاوه‌کان، له چه‌واشه‌کاری زیاتر هیچی تر نییه. ره‌نگه چه‌ند سه‌د پێشمه‌رگه‌یه‌کیان بردبێته ده‌ورپشتی که‌رکووک، که هیچ گرنگیه‌کی نییه. ئه‌و جێگایانه وه‌کو پردێ و قه‌ره‌هه‌نجیر و شوان پێشوه‌ختیش هێزی لێ‌بوو. به سه‌ده‌ها ماڵی کورد له حویجه و جه‌له‌ولا ، مه‌نده‌لی … ده‌رکران بۆ ئه‌وکاتا پێشمه‌ره‌گه‌یان نه‌برد و به‌رنگاری له کورد بکه‌ن؟ ئه‌م خۆسه‌غڵه‌تکردنه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی راپه‌ریووی کوردستان ساردبکه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر وابوویا لانی که‌م عه‌ره‌به شۆفینیه‌کان به‌یانێکیان بڵاوده‌کرده‌وه یان ئوسامه نه‌جه‌فی وساڵح موتڵک ناره‌زاییان ده‌ر ده‌بڕی.
له‌ڕووی دیموکراتییه‌وه کوردستان به‌ره‌و دواوه پاشه‌کشێی کردووه. گرتن و کوشتنی چه‌نده‌ها نووسه‌ر، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆچوونێکی جیاوازیان هه‌بوو. له هه‌ڵبژاردنه‌کان ته‌زویرێكی ته‌وایان کرد. خه‌ڵکی هیچ هیوایه‌کی نه‌ما له‌ڕێی سندووقی ده‌نگدانه‌وه نوێنه‌ری خۆی بگه‌یه‌نێته په‌رله‌مان. گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵیش گه‌نده‌ڵی هه‌ڵبژادن و ته‌زویر کردنێتی.
له ڕووی ئابورییه‌وه ئه‌وه ئاشکرایه به به‌رچاوی خه‌ڵكه و چی نادادپه‌روه‌رییه‌ک هه‌یه، که‌س ئاگای له بودجه‌ی کوردستان نییه، ته‌نها ئه‌وانه‌ی خزمه‌ت به بناماڵه ده‌که‌ن، یان کار بۆ هه‌ر‌دوو کۆمپانیای یه‌کێتی و پارتی ده‌که‌ن سوودیان لێوه‌رگرتووه. به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بێبه‌شن له خزمه‌تگوزاری.
له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه شیرا‌زه‌ی په‌یوه‌ندیی زۆربه‌ی خێزانه‌کانیان تێکداوه، په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لاوازکردووه، به ئاقا‌رێکی خراپیان بردووه. ڕۆژ به ڕۆژ ژن زیاتر سه‌رکوت ده‌کرێ، ئه‌وه‌نده گوێ له مه‌لا و فتواکانیان ده‌گیرێ، ئه‌وه‌نده گوێ له خه‌ڵکی ڕووناکبیر ناگرن. به‌راوردی شاری هه‌ولێر بکرێ له‌گه‌ڵ ڕابردوو ئه‌وه ئێستا هه‌ولێر به کابوولی پایته‌ختی ئه‌فغانستان ده‌چێ.
هه‌روه‌ها له ڕووی هونه‌ری، دراما، شانۆ، گۆرانی، به شێوه‌یه‌کی گشتی باری ڕۆشنبیری له کوردستان له پاشه‌کشێدایه. ته‌نها وه‌کوو نموونه له شارێکی گه‌وره‌ی وه‌کوو که‌رکووک ته‌نها یه‌ک کتێبخانه‌ی لێیه، که دانیشتوانی زیاتر له ملوێنێک و دووسه‌د هه‌زاره.
قورمیشکراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێن: ئێمه له تونس و میسر جیاوازین، ئێمه دوڵه‌ت نیین، ئێمه‌یش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ڵێین: ده‌بێت خۆپێشاندان به‌رده‌وام بێت. چونکه تاوه‌کوو ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته بمێنێ، خه‌ڵکی کوردستان هیوایان نییه کوردستان ببێته ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه هه‌موو پیرۆزییه‌کانی کوردیان ناشیرین کردووه. ئه‌ویش شکاندنی که‌سایه‌تی کورده، به‌و ووته‌یه‌ی که ده‌ڵێن: درووستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی شاعیرانه‌یه!!!
26.02.11