
كێ باوکی ڕوحی شۆڕشی سپیه ؟
هاوته‌ریب له گه‌ڵ ڕوداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی دنیای عه‌ره‌بی، به‌رده‌وام باس له ڕۆڵی فه‌یسبوك ده کرێت، که چ ڕۆڵێکی له ئۆرگانیزه و ئاسان کاری ودروست کردنی په‌یوه‌ندی له نێوان چالاکوانی ئه‌م شۆڕشانه‌دا بینیوه، بێگومان ئه‌مه ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره و ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت، به تایبه‌ت له بواری کۆمۆنیکاسیۆن و به‌ستنه‌وه و گه‌یاندنی ڕوداوه‌کان به دنیای ده‌ره‌وه.
به داخه‌وه ئه‌وه‌ی که تا ئێستا میدیایی ڕۆژهه‌ڵاتی ، به میدیایی کوردیشه‌وه باسی نه‌کردوه، ئه‌وه‌یه که کێ باوکی ڕوحی شۆڕشی سپیه ؟ وه ئایا سه‌ره‌تا ئه دیارده‌ییه له کوێ وه سه‌ری هه‌ڵدا؟
( گین شاڕپ) ی ئه‌مریکی زانایی بواری سیاسیه و ته‌مه‌نی 83 ساڵه و بنیاتنه‌ری ده‌زگای( ئه لبه‌رت ئاینشتاین) ه، ئه‌م مرۆڤه نه له تونس وه نه له مه‌یدانی ئازادی قاهیره وه نه له به‌رده‌رگی سه‌رایی سلێمانی له گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران نه بووه و ته‌مه‌نیشی ڕیگره له‌وه‌ی به‌نه‌وه‌ی فه‌یسبوك ناوببرێت و له‌و ڕیگایه‌وه به‌شداری کردبێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌ی ( له دیکتاتۆریروه به‌ره‌و دیموکراسی ) به هه‌وێن و سه‌رچاوه‌یی ڕۆحی ئه‌م شؤڕشه داده‌نرێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له ئه‌کتیڤیسته‌کانی بلؤکی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ڵێن ئه‌م کتێبه بۆ ئێمه وه‌ك کتێبی پیرۆز( ئینجیل ) وابوو. ئه‌م کتێبه ساڵی 1993 نوسراوه، کاتێك سه‌ردانی (میانمار) ی کرد، که پێشتر ناوی( بێرما) بوو، له وێدا باس له 198 جۆری ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی هێمنانه‌و دوور له زه‌برو زه‌نگ ده‌کات وه‌کوو ( بایکۆتی هه‌ڵبژاردن، مانگرتن له نانخواردن، مانگرتن به دانیشتن به مه‌به‌ستی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات) ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، که ڕێگا زۆره بۆ ئه‌وه‌ی ( نا) به ده‌سه‌ڵاتێکی پۆلیسی و ڕژێمێکی دیکتاتۆری بووترێت. وه ده‌ڵێت،که ده‌بێت خاڵه به هێز و لاوازه‌کانی ڕژێمه‌که‌ت بدؤزیته‌وه، وه به دڵنیاییه‌وه هه‌موو دیکتاتۆرێك خاڵی لاوازی هه‌یه.
(شاڕپ) له‌سه‌رده‌می لاوی‌دا سه‌رسام بوو به شۆڕشه‌که‌ی( ماهاتما گاندی) و( مارتین لۆته‌ر کینگ) و له به‌شداریی کردن له شه‌ڕی کۆریا یاخی بوونی هه‌ڵبژارد . به‌تاییبه‌ت شۆڕشه‌که‌ی گاندی کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دانا، وه ئه‌وه ده‌بێته ناوه‌ڕۆکی ئیدیۆلۆجیایی سیاسی ئه‌و له داهاتوودا و ئه‌مه به ڕونی له نوسینه‌کانی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
له ڕوداوه‌کانی 20 ساڵی ڕابردوو، به تاییبه‌ت، له کۆماره‌کانی سۆڤیه‌تی پێشوو کۆمه‌لێ بزووتنه‌وه، له ژێر ناوی جیاواز ، هه‌ڵساوون به شۆڕشی سپی له جۆرجیا بزوتنه‌وه‌ی ( کمارا) له ئۆکرانیا ( پۆرا ) له ڕوسیای سپی ( سوبر ) له کرکستان ( کێلکێل ) به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو زیاتر له ده‌وری ئه‌م بیرۆکه سیاسیه کۆببیته‌وه، بزوتنه‌وه‌ی ( ئۆتپۆر ) ی سڕبه‌کان دژ به سلۆدۆبان میلۆسۆڤیچ بوو. تاکتیکی سیاسی ئه‌م بزۆتنه‌وه شۆڕشگێریه نوێیه، ئه‌وه‌یه که چالاکوانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، له ده‌وری ئیدۆلۆجیایه‌کی سیاسی، نه‌ک له‌ده‌وری سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی کۆده‌بنه‌وه، وه بڕوایی پته‌ویان به گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به ڕێگایی ئاشتیانه ده‌بیت. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه ئه‌وه‌یه،که خوێندکارانی زانکۆ بزوێنه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ڕێی فه‌یسبووکه‌و توانای ڕێکخستن و دۆزینه‌وه‌ی کۆمۆنیکاسیۆنیان هه‌یه وه هه‌روه‌ها له ده‌ڕبڕینی داواکاریه‌کان، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که سیستمی سیاسی له داهاتوو چۆن بێت، خوێنکاران باشتر له توێژه‌کانی تری کۆمه‌ڵ په‌ی به ئه‌ڵته‌رناتیڤ و داواکاریه‌کان ده‌به‌ن. وه به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی، که ئه‌م شۆڕشه به‌رپا بووه، داواکاریه‌کانی خه‌ڵك له سیستیمی دیموکراتی، ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌وڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی یان دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌بینێته‌وه.
بابه‌تێکی گرنگ ده‌بێت هه‌میشه ڕه‌چاو بکرێت ئه‌وه‌یه که‌ئه‌م بزوتنه‌وانه پێویستی به هه‌ناسه درێژی هه‌یه، وه هه‌ر ڕۆژه‌و ده‌بێت ئاکسیۆنی جیاواز و سه‌رنج ڕاکێش هه‌بێت و تێکه‌ڵ به‌ساتێره بکرێت، که ڕژێمه‌که بکاته مایه‌ی گاڵته جاڕیوه ئه‌مه له مه‌یدانی ئازادی قاهیره به شێوه‌یه‌کی باش کاری پێکراو، کارداوه‌ی باشیشی لێکه‌وته‌وه، به‌وه‌ی سۆز و سه‌رنجی خه‌ڵکی به‌ره‌و خۆپیشانده‌ره‌کان ڕاده‌کێشت.
( سۆردیا پۆپۆڤیج ) ی چالاکوانی ناوداری بزوتنه‌وه‌ی ( ئۆتپۆر ) دان به‌وه ده‌نێت، که له ساڵانی ڕابردوو، ڕؤڵیان هه‌بووه له پێگه‌یاندنی خه‌لکانی ئێرانی و میسڕی و توونسی.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، که ئێران و فه‌نزه‌ویلا و بۆڕما ( گین شاڕپ ) به به‌کریگیراوی ( سی ئای ئه‌ی ) داده‌نێن، به‌ڵام ئه‌و خۆی گاڵته‌ی به‌و تومه‌تانه دێت.
بابه‌تێکی تری سه‌رنج ڕاکێش ئه‌وه‌یه، له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی، که ئه‌م شێوه پرۆتیستانه‌ی تێدا ئه‌نجام دراوه، ئه‌وه‌یه که ئه‌کتیڤیسته‌کان ده‌ڵێن ئه‌م کتیبه له‌وه ده‌چێت به تایبه‌ت بۆ ئێمه نووسرابێت. من لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم هه‌ڵوێستێکی درووستی فاروق ڕه‌فیق و ئه‌کتیڤیسته سڕبه‌کان بخه‌مه ڕوو که چه‌ند له یه‌که‌وه نزیکن. میدیاکانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی میلۆسۆڤیچ پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد، که چالاکوانه‌کانی شۆڕشی سپی تیرۆریستن و خائینن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا کۆمه‌ڵێك چالاکوان خۆیان ڕۆیشتن بۆ لای پۆلیس و ووتیان فه‌رموو بمان گرن. فاروق ڕه‌فیقیش که ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌بوو ، بڕیاڕی گرتنی ده‌رچووبێت هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بوو.
له ڕۆژانی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی میسڕ که‌ناڵی ( العربیه ) ڕیکلامێکی زۆر ته‌بدروستی ده‌کرد بۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، کاتێك لاوێکی میسڕی پیشانده‌داو ده‌یووت، لایه‌نگرانی موباره‌ك دێن قسه‌ی ناشیرینمان پێده‌ڵێن، ده‌مانوڕوژێنن، به‌ڵام ئێمه وه‌لامیان ناده‌ینه‌وه و بێده‌نگ له شوێنی خۆمانین. بۆمن ئه‌و لاوه نموونه‌ی قاره‌مانی و لێهاتووی سه‌نگه‌ره‌کانی ئه‌و شۆڕشه بوو.
هیوادارم ئه‌وه‌نده له‌م شۆڕشه تێبگه‌ین، که ئه‌مه پرؤسه‌یه‌که ده‌بێت به بێ خوێن ڕشتن ئامانجه‌کانی خۆی به دی بێنێ.
محه‌مه‌د خه‌یروڵا ئه‌مین