
گه‌ڕان به‌دوای دیمه‌نه ون بوه‌كاندا
به‌یانی كه له خه‌و هه‌ستا، له‌و وێڵگه‌ردانه‌ی ده‌كرد تۆزی چ سه‌رزه‌مینێك به له شیانه‌وه نانووسێت و گیرفانی خاڵییان پڕه له ناسنامه‌ی دنیا، باڵنده‌یه‌كی بێ هێلانه و ماسیه‌ك كونی چ تۆڕێك له‌مپه‌ری جووڵه و بازره‌قه‌كانی نا به‌زێنێت. به‌ده‌م ورینگه ورینگی ئه‌و گۆرانیانه‌وه كه سانسۆری چ ئاواز و میلۆدیه‌كیان به‌سه‌ره‌وه نیه و، ئه‌وییش نه سه‌ره‌تا و نه كۆتاییان ده‌زانێت هه‌نگاوی به‌ره‌و شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار هه‌ڵگرت. ئه‌و له‌و ساته‌دا په‌یوه‌ندیی به هیچ كات و جێگایه‌كه‌وه نه‌مابوو! نه سه‌ربازێك بوو ئاگای له فه‌رمان و چه‌كه‌كه‌ی بێت، نه خۆنیشانده‌رێك به ده‌نگ هه‌ڵبڕین و رێپێوانه‌وه، نه سیاسه‌ت بازێكیش كه شه‌وانه درۆی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ ڕێك بخات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یانیی دڵی هاووڵاتیانی پێ خۆش بكات. ئه‌و له‌و كاته‌دا چێژی له بێ ده‌ربه‌ستی ده‌چه‌شت وخۆی دابوه ده‌م شه‌ماڵی بێ ئاگاییه‌كی سه‌یر(ئه‌م جۆره حاڵه‌ته لای هه‌موو كه‌سێك به‌دی ناكرێت و ته‌نانه‌ت هه‌رگیز نابێته میوانی رۆژێكی هه‌ندێكی تر)
كه هه‌ر به ڕێكه‌وت و بێ بڕیارێكی پێشینه گه‌یشته نزیكی تێرمیناڵێك، بێ سێ و دوو كردن چوه ناو ئاپووره‌ی ماشین و خه‌ڵكه‌كه‌وه و كه‌وته ته‌ماشاكردن، هه‌ڵی ڕوانی و له خۆوه هه‌واڵی ماشینێكی پرسی كه بۆ شارۆچكه‌یه‌كی سه‌ر سنوور بچێت و هیچ دوو دڵ نه‌بوو له چوونه‌كه‌ی. كه ئاماژه‌ی یه‌كێك له ماشینه‌كانیان بۆ كرد زۆر له‌سه‌ر خۆ و به ته‌نیا له پێشه‌وه دانیشت. نه كتێبێكی پێ بوو به ده‌ستیه‌وه بگرێت، نه به‌ستۆكێك بیخاته به‌ر پێی و نه قسه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانی تری بكات. تاماوه‌یه‌كی ڕۆیشتنیش هه‌ر ئه‌و مرۆڤه وێڵ و نامۆیه بوو نه‌كه‌سی ده‌ناسی و نه‌هه‌رگیز ئه‌و رێگا و بانه‌ی دیبوو، چاویشی له‌و باڵندانه ده‌چوو هه‌موو دره‌خت و لووتكه و ڕه‌وه‌زێك ده‌بینێت بێ ئه‌وه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه هه‌وڵی ناسینه‌وه یان بدات – له ڕاستیا ئه‌و له ڕابووردوویه‌كی دووردا ده‌یان جار به‌و ڕێگایه‌دا تێپه‌ڕیوه، خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ی ناسیوه، تاقه جارێكیش، له شكستێكی هه‌ره گه‌وره‌دا به درێژایی ئه‌و ڕێگایه بیری لێ كردۆته‌وه و ته‌نانه‌ت گریاوه- وا ئێستا كۆچه‌رێكی بێ هه‌وار، تووڕه‌یه‌كی بێده‌نگ و گریاوێَكی بێ فرمێسكه.
له پڕێكدا، له نێو شه‌پۆلی هات و چۆی زۆری ماشین و، دڕدۆنگی بازگه و هاواری پۆلیس و ڕیِگای به چاڵ و چۆڵی پر له‌تاسه‌دا، ورده ورده هه‌سته بێ باكه‌كانی كه‌وتنه‌وه سه‌ركاری ئاسایی خۆیان، ئه‌و هه‌رده‌یویست خۆی له دیمه‌نه‌كان بدزێته‌وه‌و چێژ له‌و دۆخه بچێژێت كه ئاسایی بۆی دروست بوه. به‌ڵام دیاره سیحری شوێن و تاسه‌ی ڕۆژانێكی به سه‌رچوو كه له‌وانه‌یه كه‌س نه‌بێت خۆزگه به هه‌ندێك له ده‌گمه‌نیه‌كانی نه‌بات، هێنایانه‌وه ناو خه‌ڵك و سه‌ر ڕێگاكه. كه‌وته هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه هه‌ره جوان و شلوێكانیش: گوندی سه‌ره ڕێ، دوو دار تووی سه‌ر گردێك كه چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چۆن بون ئێستایش هه‌ر به‌رانبه‌ر به یه‌كن و چیرۆكی رۆژانی ته‌نیایی و وێران كردنی وڵات بۆ یه‌كدی ده‌گێڕنه‌وه، ئه‌م چه‌ند جارێك و له رۆژانی سه‌خت و دژوار‌دا له ترسی نه‌یار و به قاچاخه ڕێ به‌لای ئه‌و دار توانه‌دا تێ په‌ڕیوه، له ژێریاندا حه‌ساوه‌ته‌وه‌و شه‌وییش هه‌ر له وێدا نووستوه، بۆیه ئێستا له به‌ر چاویدا سه‌وز و گه‌شاوه‌ترن. په‌ڵه‌ی ناو به ناوی مه‌زرا و گوڵاڵه‌ی لاڕێ و تاك و ته‌رای چایخانه چۆڵه‌كان نه‌یان ده‌هێشت له‌وه زیاتر مه‌ودای روانینی به‌ره‌و ئه‌و وێڵگانه بڕوات كه له‌سه‌ره‌تادا چێژی لێ ئه‌بینیین. له‌و شارۆچكه‌یه‌وه ده‌ستی پێ كرد كه بارانی به لێزمه‌ی شه‌وی یه‌كه‌می(ڕه‌و)ه‌كه وشكایی به به‌ریانه‌وه نه هێشت، ئه‌وانه‌ی به گه‌شتێكی كاتیان ده‌زانی و ئه‌وانه‌یش كه پله‌ی تۆ قینیان له سه‌رووی ڕیكۆردی سه‌ربازه ئه‌مریكیه‌كانی جه‌نگی ڤیتنامه‌وه بوو.
گه‌یشتنه ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی كه پرده ئاسنینه‌كه‌ی ئێستای ناو شاری له چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ری ژه‌نگاوی و ناڕێكتره. ئه‌و سای تاكه تاكه‌ی ماشین و هات و چۆی بێ سڵه مینه‌وه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، ئێستای ئاپوره و جه‌نجاڵ به ماشینی تازه‌و ته‌كنه لۆژیای گه‌لێك له سه‌رووی هزر و ئاوه‌زی خاوه‌نه‌كانیه‌وه. ئه‌وسای پێ له قوڕ چه‌قین و ماتیی ژنه گوندی ماست فرۆش و هه‌ندێك جار به برسیه‌تی چاو چوونه خه‌و، به‌ڵام خه‌وێكی ئاسووده. ئێستای ده‌وڵه‌مه‌ند بوو به پێویستیه رۆژانه‌ییه‌كانی ژیان، كه چی هه‌ژار به مانا ئاسان گیریه‌كانی، نوقمی وێڵگه بێ ئاكامه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی زۆر و كه‌وتنه ناو كۆڵانه بن به‌سته‌كانه‌وه. ئه‌وسای ئاسمانێكی بێگه‌رد و ژینگه‌ی پاك و خه‌ڵكانێكی ته‌ژی به‌وه‌فا و له‌خۆ بوورده‌یی و گیانی ئازادی ویستی، ئێستای پڕ له خۆ په‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی و شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان. له‌و كاته‌دا هه‌ستی ئه‌م له ڕه‌وه ماسیه‌كی بچووكی ده‌كرد كه به‌ده‌وری پارچه‌یه‌ك نانی ناو ئاوێكه‌وه له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و كێبڕكێی پچران و لێ كردنه‌وه یدابن.
سه‌رنج و تاسه‌كانی، له‌گه‌ڵ خێرایی ماشینه‌كه‌دا، له خه‌ونی ئه‌و زیندانیانه ده‌چوو كه تراویلكه‌ی ئازادبوون چاوی ئومێدیان پێ ده‌كاته‌وه‌و پاشان خێرا هه‌وڵی خه‌ونێكی تر ده‌ده‌نه‌وه.
ئێستا، دوای شه‌ش حه‌وت كیلۆمه‌ترێك له شارۆچكه‌كه‌وه گه‌یشتنه گونده‌كه، ئه‌و گونده‌ی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئامێزی ڕۆژانی گه‌رم و شه‌وانی پڕ له مێشوله‌ی خۆی بۆ كرده‌وه، هاوینی بێ ئاوی و زستانی كه‌م باران، به‌ڵام دڵێكی پڕ له خۆشه‌ویستی دانیشتوان، ئه‌وێ بۆ ئه‌م مه‌كۆی شه‌وانی ته‌نیایی پڕ له ختووره‌ی ترپه‌ی پێ و سه‌گوڕه‌ی ناو كۆڵان و حه‌وشه‌و حه‌ساره‌كان بوو، له‌و گونده‌دا بۆ یه‌كه‌مجار، هه‌راو زه‌نای مێگه‌ل به‌ڕێ كردنی به‌یانیانی بۆ بوه ئاهه‌نگی به‌ژاوه‌ژاوی خه‌و زڕاندن و بۆنی ته‌پ و تۆز هه‌ڵمژین. له‌وێ له تاقه ژوورێكی قوڕیندا، شه‌و نه‌بوو چێژی به‌له‌زیی هۆره‌و گۆرانیی ده‌وروبه‌ر، خۆێندنه‌وه‌ی كتێبی تازه‌و هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی شۆرشگێڕه‌كان رووناكیی به دڵ و مێشكی نه‌ده‌ن. ئه‌وسا. هه‌موو به‌یانیه‌ك له قوتابخانه‌دا، ئه‌و سروودانه‌ی ده‌وڵه‌ت قه‌ده‌غه‌ی كردبوون، به‌ده‌نگی قوتابیان، ئاسمانی دڵ و ڕۆحی ئه‌و ناوه‌ی پڕ ده‌كرد له ڕووناكی و ئومێدی نوێ. هه‌ندێك له ڕێبوار و دانیشتوان چون سه‌ربازی فه‌رمان پێ دراو، له‌و كاته‌دا، له‌سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كیه‌كه، یان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كانیاندا كه نزیك بوو له قوتابخانه‌كه‌وه ڕاده‌وه‌ستان. له پێشا ده‌ترسان، یان سه‌یریان پێ ده‌هات، به‌ڵام وه‌ك ئه‌نجام، ورده ورده، جارێكی تر، سرووده‌كان په‌یمانی مانه‌وه‌و به‌رگری پێ تازه كردنه‌وه. جۆشی سروود خوێندنه‌وه‌ی به‌یانیان، تێكه‌ڵ به خوڕه‌ی چه‌می(چه‌قان) ده‌بوو، ئه‌و ده‌یزانی ته‌مه‌نی چه‌مه‌كه كورته و زوو ئاوه‌كه‌ی وشك ده‌كات. بۆیه هه‌موو رۆژێك، به‌په‌له په‌یامی سرووده‌كانی ده‌دایه ده‌ست ته‌ته‌ری شه‌پۆلی چه‌قان تا به‌ره‌و جێگایه‌كی تریان به‌رێت، ئه‌و شۆێنانه‌ی وه‌ك ئێره هه‌واداری ئازادین و سه‌ودا و عه‌شقی شۆڕش ڕێگای سه‌خت و دژواری چیای بۆ كردوونه‌ته پێ ده‌شت، بۆ ئه‌وێنده‌ر، بۆ ناو دارستانی زه‌به‌ندی ئه‌فه‌ریقای ڕه‌شی به‌ڕاز و ئه‌فسون و، ئه‌مریكای لاتینی پڕ له ئه‌فسانه‌ی تازه و ئاوس به دیكتاتۆر.
ئه‌و له‌و گونده كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌تیوی شارستانیه‌ته‌دا،عه‌شقی ساده‌ی لاوانێكی هه‌ست پێ كرد، كه خۆڵ و خوێیان له زامی كۆن و چه‌وساندنه‌وه و نه خوێنده‌واری و داب و نه‌ریتی باو و غه‌دری زه‌مانه‌ی خۆیان ده‌كرد، تازه خه‌ریكبوو پشكۆی تووڕه بوونیان ده‌گه‌شایه‌وه‌و له‌به‌ر خۆری تازه هه‌ڵاتووی شۆڕشدا هیوای ئاسووده بوونیان تێ ده‌گه‌ڕا، هیوای سه‌لماندنی تاكایه‌تی و ویستی لاوانه‌ی خۆیان كه پێشتر لێی بێ به شبوون. خه‌سڵه‌تی پاراستنی تاكایه‌تیان له‌و ئامێره‌دا هه‌ست پێ ده‌كرد كه بێ دوودڵی له شانیان ده‌كرد و ساڵانه ساڵانه به به‌رده‌م كوێخا و ئاغا و نۆێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا تێ ده‌په‌ڕین. بۆ یه‌كه‌مجار كوڕه مسكێنێك چاوی له كچه شێخێك دا ده‌گرت و شوانێك باكی به فرمانی ئاغا نه‌بوو، به‌ده‌م سترانی ئه‌وین و ئازادیه‌وه به‌و ڕێگا كوڕ و چیا سه‌ختانه‌دا هه‌ڵده‌زنان كه جاران كۆڵی سوخره و بێگاری شێخ و ئاغایان پیا سه‌ر ده‌خست. ئه‌وان ببوونه ئه‌و هه‌ڵۆیانه‌ی هه‌موو شه‌وێك گوێمان له ده‌نگی باڵ و هاژه‌ی فڕین و زریكه‌ی سه‌ركه‌وتنیان ده‌گرت، ماڵ و ژووری ته‌نیاییمان وه‌ك هه‌ڵهاتنی مانگ له شه‌وی ئه‌نگوسته چاودا له پێشوازیی سه‌ردان و ژه‌مێك خۆراكیی ئاسایی ئه‌وان دابوو، مامۆستایه‌كی ڕه‌به‌نی خه‌ڵكی شار بێجگه له‌و كاره‌و ناردنی نامه‌یه‌ك و چه‌ند كتێب و ڕاسپارده و هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ر چی تری له ده‌ست دێت!
دوای ئه‌وه‌ی به درێژایی ڕێگاكه هیچی نه وتبوو، كاتێك گه‌یشتنه گوندی(شانه‌ده‌ری)* له شۆێنی كۆنه قوتابخانه‌كه‌دا و له‌به‌رده‌م چایخانه‌یه‌كی بچو‌وكدا به شوفێره‌كه‌ی وت: سه‌رم گێژ ده‌خوا و ئه‌گه‌ر كه‌مێك پشوو نه‌ده‌م و چایه‌ك نه‌خۆمه‌وه له‌وانه‌یه خراپتربم. شوفێره‌كه زوو ماشینه‌كه‌ی ڕاگرت و ئه‌وانی ترییش دابه‌زین. ئه‌و وه‌ك به دوای شتێك‌دا وێڵ بێت و له‌وه بێگومان بێت كه ڕێكه‌وت كاری گه‌وره ده‌كات، خۆی به‌ناو چایخانه‌كه‌دا كرد و چاوی گێڕا، دوان یاری دۆمینه‌یان ده‌كرد، ئه‌و سڵاوی لێ كردن و لێی ڕوانین، ئه‌وه‌یان كه به‌ته‌مه‌ن تر و به‌رانبه‌ر به ده‌رگاكه دانیشتبوو به‌ده‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سڵاوه‌كه‌وه سه‌ری هه‌ڵبڕی، كه ویستی بۆ یاریه‌كه سه‌ری دابنه‌وێنێته‌وه، چون سڵه‌مینه‌وه‌ی كوڕێك، دوای ده‌یان ساڵ و بۆ یه‌كه‌مینجار ئه‌و كچه ببینێته‌وه كه كاتی خۆی دڵخوازی یه‌ك بوون و دواجار پێك نه‌بڕان. له پڕا هه‌ستایه سه‌ر پێ و به ده‌نگی به‌رز وتی: (خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه) ئه‌م ناسیه‌وه‌و به جووته ئامێزیان بۆ یه‌كدی كرده‌وه، وه‌ك به‌یه‌ك گه‌یشتنی دوو براده‌ری دوای جه‌نگ كه چه‌ند ساڵێك بێت له یه‌كدی بێ ئاگابن و ئێستا له ناكاوێكدا یه‌كتریان دۆزیبێته‌وه، له خۆشیاندا هه‌ردووكیان گریان. گریان بۆ یادگاریه‌كی زیندوو یان گۆرانیه‌كی له یاد كرا‌و، گریانێك نه‌زمانی چینایه‌تی په‌ی به له‌پڕاڕسكان و جوانیه‌كه‌ی ده‌بات نه زمانی مامۆستا و قوتابیه‌تی ڕووت، ئه‌م به‌په‌له له هه‌واڵ و ژیانی ئه‌وی پرسی، ئه‌وییش- وه‌ك له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نی چل ساڵ له‌وه‌و به‌ری پێچابێته‌وه‌و له خاڵێكدا وه‌ستا بێت كه زه‌مان نه‌یتوانیبێت گه‌رد بخاته سه‌ری یان كاڵی بكاته‌وه- وتی: من ئێستایش هه‌ر ئه‌و هه‌ڵۆ سووره‌م كه له پۆلدا له خه‌یاڵدانی منداڵیماندا دروستت كردبوو. سێ جار له‌مه‌رگ گه‌ڕانه‌وه‌و سیانزه ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی، ئێستا خاوه‌نی ئه‌م چاخانه قوڕینه‌م كه رۆژی وا هه‌یه ده‌پانزه چایه‌كی تیا ده‌فرۆشم، زۆر ڕۆژی دی له ئێواره‌دا بێجگه له یاری دۆمینه و مه‌سره‌فی غاز و چای كوڵا و به فیڕۆدان هیچی ترم بۆ نامێنێته‌وه. ئه‌ی مامۆستا گیان تۆ ئێستا چی ده‌كه‌یت؟
– كاره‌كه‌ی منیش له‌مه‌ی تۆ نزیكه، به درێژایی رۆژ په‌ڕه‌ی سپی ڕه‌ش ده‌كه‌مه‌وه و قه‌ڵه‌م دوای قه‌ڵه‌م ده‌گۆڕم. زۆرجار نا ئومێدییش دامده‌گرێت. كه سه‌ری ماندووی شه‌وانیشم ده‌نێمه سه‌ر سه‌رین، پێش ئه‌وه‌ی وه‌نه‌وزێك بده‌م په‌ڕه‌كان وه‌ك هیچم تیایاندا نه نووسیبێت، هه‌ر به سپیه‌تی دێنه‌وه و له‌سه‌رو چاوم ده‌ئاڵێن، جارێكی تر هاواری له‌سه‌ر نووسینیانم لێ ده‌كه‌ن و سه‌رم به ژاوه‌ژاو دێنن، هه‌ندێك له كه‌سانی ناو چیرۆكه‌كانم ڕووم لێ گرش ده‌كه‌ن و توڕه‌ن، هه‌یشیانه پێ ده‌كه‌نن. ئیتر منیش وه‌ك تۆ جارێك ده‌رگای دووكانه‌كه‌م به توندی داده‌خه‌م و له پڕێكیشدا زۆر به خۆشیه‌وه ده‌یكه‌مه‌وه.
-باشه مامۆستا گیان ئه‌م هه‌موو زه‌حمه‌ته بۆ؟
-بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرم. تێ ده‌گه‌یت؟ ره‌نگه تۆیش هه‌روا بیت!
چاویان له چاوی یه‌كدی بڕی و كه‌مێك ڕامان، پاشان هه‌ردووكیان دایانه قاقای پێكه‌نین، ئه‌وانه‌ی به دیاریانه‌وه وه‌ستا بوون و چاوه‌ڕێ بوون نه‌یانزانی به چی پێده‌كه‌نن. له ڕاستیا خۆشیان هه‌ر نه‌یانده‌زانی، به ئێستای خۆیان؟ به‌و كاره‌ی هه‌ڵیان بژارد و ئه‌مه سه‌ره‌نجامه‌كه‌یه‌تی؟ یان به‌و ڕابووردوه‌ی كه ئه‌گه‌ر ئێستایش وه‌ك ئه‌وسای لێ بێته‌وه ئه‌مان هه‌ر ئه‌و دوانه ده‌بن كه ئه‌وسا بوون.
ڕه‌ئوف بێگه‌رد
* (شانه‌ده‌ری) گوندێكه له ناوچه‌ی شاره‌زوور و له باكووری شارۆچكه‌ی – سه‌ید سادق- . نووسه‌ر له كۆتایی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابووردوودا چه‌ند ساڵێك له‌و قوتابخانه‌یه مامۆستای سه‌ره‌تایی بوه.
نه‌ورۆزی 2010