
چاوتروکانێك بۆ نمایشی (لهچاوتروکانێك)
له چوارچێوه‌ی (وه‌رزی شانۆی قه‌ڵا) به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ له هه‌ولێر شانۆگه‌ری( له چاوتروکانێك) ی له رۆژانی 1-3/2/2011 له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د جه‌میل) له هۆڵی گه‌ل نمایش کرد.
سه‌ره‌تا ئاماژه به ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که ده‌که‌ین که له‌تێکستی (پینتهرئهسموس له‌گه‌ڵ چه‌ند دیالۆژێکی هه‌ریه‌ك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ماردین ئیبراهیم و لازۆ) پێکهاتبوو… ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی بووه چه‌ند ئاریشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوری… له چاوتروکانێك بگه‌ێنێته بینه‌ران بۆ نموونه وه‌کو پاك بوونه‌وه که له‌سه‌ره‌تایی شانۆگه‌رییه‌که هه‌رسێ ئه‌کته‌ره‌که جلوبه‌رگی خۆیان دڕاند به‌مه‌به‌ستی پاك بوونه‌وه به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.. شه‌ڕ و ململانێ و په‌شیمانبوونه‌وه ، ئیره‌یی،دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی،ترس له خه‌ون، نیشتمان ، خیانه‌ت ، خۆشه‌ویستی، پارستنی شه‌رف،که‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو، رۆژنامه.. ئه‌مانه چه‌مکی سه‌ره‌کی شانۆگه‌ریه‌که بوو…
ده‌رهێنان:
له زۆربه‌ری شانۆگه‌رییه‌کانی محه‌مه‌د جه‌میل هه‌رده‌م توخمی ده‌رهێنان به‌سه‌ر هه‌موو توخه‌مه‌کانی تری نمایشدا زاڵبووه له‌م نمایشه‌دا زۆر به روونی هه‌ستی پێده‌کرا… دهرهێنهرچهندین قوتابخانه‌ی شانۆیی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری کردبوو یان به‌شێوه‌یه‌کی تر سوودی له هه‌موو قوتابخانه‌کانی شانۆیی( ریالستی. ئه‌زموونگه‌ری، ناماقووڵ، ئاهه‌نگ سازی،بهزهمهسات..) وه‌رگرتبوو.. به‌داخه‌وه تاوه‌کو ئێستا زۆربه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌کانمان شێوازی کارکردنیان یان پسپۆریه‌تی له قوتابخانه شانۆییه‌کان دیار نیه به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته بگوترێت ناکرێت دوو قوتابخانه‌ی وه‌کو ناماقوڵ و رایالستی له‌یه‌ك نمایش تێکه‌ڵ یه‌کتری بکرێن چونکه هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك دیالۆژ وجوڵه‌و گورازشتێك و مانا و مدلولی تاییهبهتی خۆی هه‌یه کاتێ تۆ باسی ئه‌ی ره‌قیب و لاوکی کاوێس ئاغا بکه‌یت که‌چی جوڵه‌کان هه‌ر هه‌مووی ناماقوڵ بوون بۆیه به تێروانی خۆم ئه‌م کار به دورست نابینیم ، له‌وانه‌یه له دیمه‌نێکی ریالستی تێکه‌ڵ به‌دیمه‌نێکی به‌زمه‌سات بکرێت هه‌روه‌کو ده‌رکه‌وتنی (هه‌ژان) له‌گه‌ڵ رهورهی منداڵان که زۆر جوان مه‌مه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کرابوو.. له دیمه‌نی ململانێی هه‌رسێ ئه‌کته‌ره له دوایی کۆتایی به‌کوشتنی(دلڤین) هات گوزارشتێکی جوان بوو له ئیره‌یی کردن دوای ئه‌و دیمه‌نی یاری کردنه یاری نێوان (دایك، کچ باوك) خۆردزیینهوه له کێشه‌کان و ترس له خه‌ون له‌لای کچه‌که نهبهدا به ده‌دردی دوعا بچێت.. ئه‌و نایلۆنه‌ی به‌کار ده‌هات کاتێ به‌سه‌ر هه‌موویاندا که‌وت که گوزارشت بوو له شۆرشکردن به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون … یارکردن به‌مێژووی خۆیان چونکه هیچ شتێکیان نییه.. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ناخۆشییه کاتێ سروودی (گه‌رچی تووشی رهنجهرووحهسرتم..) له‌و کاته ده‌ڵێن: نیشتمان سواڵ ده‌کات گوزارشتبوو له وه‌ی هه‌رچه‌نده نیشتمان ناخۆش بێت به‌ڵام کۆڵ ناده‌ن و بێ هیوانابن له‌دیمه‌نی دکتۆره‌که زۆر به روونی گوزارشتی له‌وه‌کرد که گه‌نده‌ڵی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌یه به‌جۆرێك ئافره‌ته‌که جوان بوو بۆ مه‌به‌ستی کاری سێکسی دامه‌زرابوو دیمه‌نی باران بارین ئه‌ویش مه‌به‌ستی پاکبوونه‌وه‌و بنیادنانه‌وه‌ی وڵات.. دیمه‌نی ده‌رکه‌وتنی که‌سێکی گه‌وره‌ی زه‌به‌لاح(هه‌ژان) که‌له‌گه‌ڵ رهورهوێکی بچوکی منداڵان یاردهکات و هامووشۆی ده‌کرد گوزارشت بوو له‌وه‌ی که که‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو له‌م وڵاته په‌یره‌و ناکرێت… گرنگیدا به‌فۆرم دوور له ناوه‌رۆك له‌ودیمه‌نه به جوانی ده‌رده‌که‌وێ کاتێ هه‌رسێ ئافره‌ته‌که به‌دوای که‌رسته‌کانی ماکیاژ ده‌گه‌ران… دیمه‌نی چاوشارێکی و گه‌ران به کۆڵانێک بۆ ئه‌وه‌ی یاری تیابکه‌ن به‌ڵام ده‌ستیان ناکه‌وێت دوا دیمه‌ن ده‌رکه‌وتنی منداڵێك به چه‌ك(ئاریۆس ئاری) گوتنی دیالۆژی(بابه‌گیان چه‌ك هه‌ڵگرن،ئه‌گه‌ر بویته دکتۆر له نه‌خۆشخانه‌ی جه‌نگ ببه به‌دکتۆر، ئه‌گه‌ر منداڵت بوو ناوی جه‌نگی لێبنێ، شه‌قامه‌کان به ناوی جه‌نگ بکه‌ن…) که گوزارشت بوو له‌وه‌ی که ئێمه چۆن منداڵ به جه‌نگ په‌روه‌رده ده‌که‌ین… من له‌و بڕوایه‌دام که محه‌مه‌د جمیل خاوه‌نی خه‌یاڵی زۆر جوانه به‌ڵام ده‌بێت له ته‌وزیف کردنی زۆر وورد بێت .
له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌کان له بری زاره‌وه‌ی ده‌رهێنان (بهئیرهکردنی) نه‌ك بهئێرهکردن نووسرابوو که دیاره مه‌به‌ستی به کوردستانیکردنه هه‌رچه‌نده من خۆم له قه‌ره‌ی زمانه‌وانی نادام چونکه ئه‌مه مافی پسپۆرانی زمانه‌وانییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر زاره‌وه‌ی ده‌رهێنانیش نوسرابا مه‌به‌سته‌که ده‌گه‌یشت.
نواندان:
هه‌رسێ ئهکتهرهسهرهکییهکه(دلڤین موحسین، سایه حوسێن، رۆژین) له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌یه‌ك کاتی‌دا چه‌ندین رۆڵیان ده‌بینی دلڤین (باوك، نه‌خۆش،دایك، دایك وه‌کو هێمای نیشتمان) سایه(منداڵ، دکتۆر، سه‌رخۆش،کوردی دووره وڵات) رۆژین( دایك، دایکی خیانه‌تکار،منداڵ،دکتۆر) واته کاره‌کته‌ره‌کانیان ئاڵۆز بوو وه‌ك پێویست کۆنترۆڵیان له‌سه‌ر نواندنه‌که‌یان نه‌بوو سه‌ره‌تای شانۆگه‌رییه‌که به‌هات هاوارێکی زۆر ده‌رکه‌وتن بهجۆررێك له‌دوایش کاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر نواندنهکایان کردبوو که هه‌ندێ له دیالۆژهکانیان روون نه‌بوو، بینه‌ر به‌جوانی له گفتوگۆیه‌کانیان حاڵی نه‌ده‌بوو به‌ڵام جوڵه‌ی جه‌سته‌ی هه‌رسێ ئه‌کته‌ره‌کان زۆر جوان بوو له‌وانه‌یه جوڵه‌ی زۆر هۆکاربێت که ئاگاداری شێوه‌ی ده‌موودوو و چینی ده‌نگیان نه‌بن.. له‌کۆنه‌وه گوتراوه که زۆر ده‌رکه‌وتن له‌سه‌ر شانۆ یان دیالۆژی زۆر یان رۆڵی سه‌ره‌کی مه‌رج نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر مه‌به‌ستی خۆی بگه‌ینێت (هه‌ژان) که تهنهادووجار له‌سه‌ر شانۆ ده‌رکه‌وت به دیالۆژی زۆر کورت و جوڵه‌یه‌کی ئاسایی له‌نمایشدا وه به‌کار هێنانی ره‌وره‌وه‌ی منداڵ ده‌رکه‌وت به‌ڵام زۆر سه‌رکه‌وتووانه توانی په‌یامه‌که‌ی خۆی بگه‌ینێته بینه‌ران به‌شێوه‌کی گشتی ریتمی نواندن له‌م شانۆگه‌رییه زۆر خێرا بوو به‌تایبه‌تی دیالۆژه‌کان.. نابێ رۆڵی کارتێکهرهدهنگیهکان له‌بیر بکه‌ین که له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند(نیاز محه‌مه‌د) کاری بۆکرابوو زۆر جار میوزیك له بری ئه‌کته‌ره‌کان دیالۆژی پڕمانای ده‌به‌خشی.
سینۆگرافیا:
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه که سینۆگرافیا گرنگی زیاتر به ته‌خته‌ی شانۆ له رووی جوانکاری و پانتایی درامی و دیکۆر ده‌دات که ده‌بێ له‌زه‌تێکی درامی هونه‌ری هه‌بێت که له‌رێگه‌ی چه‌مکی ده‌قه‌که‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که‌واته سینۆگرافیا بریتیه له هونه‌ری رێکخستنی پانتایی شانۆ(شوێنی نمایش) له‌م شانۆگه‌رییه‌دا که‌رسته‌کانی سینۆگرافیا رۆژنامه پشکی زۆری به‌رکه‌وتبوو به‌جۆرێك سه‌رتاپای ته‌خته‌ی شانۆ به رۆژنامه داپۆشارابوو تا ئه‌و راده‌ی هه‌ندێ له ئه‌کته‌ره‌کان به رۆژنامه داپۆشرابوو ئه‌مه‌ش گوزارشت بوو له‌وه‌ی که له رۆژنامه‌کان چ رۆژنامه‌ی ده‌سڵات بێت یان حزب یان تایبه‌ت، هه‌موو کێشه‌و ئاریشه‌کان ده‌رده‌که‌وێت به‌ڵام ناتوانن چاره‌سه‌ری بکه‌ن.. هه‌ر له‌م شانۆگه‌رییه‌دا نایلۆن به‌چه‌ندین شێوه به‌کار هات هه‌رله پیس بوونی وڵات، خه‌بات هه‌وڵدان شۆرش ، بونیادناوه‌ی وڵات، وه‌کو هێمای کفنی وڵات به‌کارهات.. لهناوهرست چه‌ندی په‌یکه‌ری مرۆڤ دانرابوون هه‌ندیك جار ئه‌کته‌ره‌کان زۆر به‌جوانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردن له‌هه‌مان کاتیش‌دا هێمان چاودێریش بوون.. رووناکی زۆر به‌جوانی له خزمه‌تی ئهکهتهرهکان و ده‌رهێنان دابوو به‌ووردی جۆری ره‌نگه‌کان کاری بۆ کرابوو ده‌ست خۆشی له ئه‌ندازیار و جێ به‌جێکاری روناکی(زاهیر ئیبراهیم) ده‌که‌م… له‌کۆتاییدا ده‌ست خۆشی له سه‌رجه‌م ستاڤی شانۆگه‌ری ( لهچاوترکانێك) ده‌که‌م چونکه نمایشه‌که زۆر به‌جوانی گوزارشتی له‌م باردۆخه‌ی ئێستای کوردستانی ده‌کرد…
کامه‌ران حاجی ئه‌لیاس