Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
پیرۆز بێت ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان!

پیرۆز بێت ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان!

Closed
by March 9, 2011 ژنان

ژنانی یەکسانیخوازی کوردستان
جەماوەری تینووی ئازادی و یەکسانی
خەڵکی ڕاپەریووی کوردستان

٨ی مارس، رۆژی ووتنی نا بە ڕووی چەوسانەوە و ژێردەستەییی ژنانتان لێ پیرۆزبێت.
٨ی مارسی ٢٠١١ لە نێو ئاپوورە و هاتنەمەیدانی جەماوەریتاندا بەڕووی ستەم و ناعەدالەتیدا، لە نێو ڕاپەرینتاندا بۆ ئازادی بەڕێوە دەچێ. ڕاپەرینی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان ئومێدێکی گەورەیە لە رێگەی بەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو و رزگاری ژن لە کوردستان.
٢٠ ساڵی ڕابردوو لە کوردستان، سەخترین ژیان و چارەنووس بە نسیبی ژنانی کوردستان بووە، ژنان یەکەمین قوربانیانی هەلوومەرجی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی دەسەڵاتدار لە کوردستان بوون. ٢٠ ساڵی ڕابردوو ووجودی فیزیکی ژنان لە ژێر هەڕەشەدا بووە، دەسەڵاتی کوردایەتی یەکێتی و پارتی لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەرەوە بە ڕەشەکوژی ژنان و سەپاندنی دووبارەی قانوونە پیاوسالاری و ئیسلامیەکانی رژێمی بەعس لە کوردستان دەستی پێکرد. ٢٠ ساڵ لە مەوبەر لە نێو راپەڕینی ئازاری ساڵی ٩١دا، هەر لەو مەیدانی ئازادییەدا کە ئەمڕۆ هاواری ڕووخاندنی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئەمانەی لێدەکرێت، هێزەکانی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەمرۆ لافیتەکانیان کەبەرزییان کردبووە بەدژی ڕژێمی بەعسدا بریتی بوو لە سەددام حسێن لە ووێنەی ژندا، بەلای ئەمانەوە شوبهاندنی سەددام حسێن بە ژن گەورەترین ئیهانە بوو. چالاکی رێکخستنەکانیان لە ڕاپەرینی ئازاری ٩١ دا کوشتنی ژنان بوو بە کۆمەڵ و دواتریش وەک چالاکییەکی زۆر گەورە ناوەکانیان بە نێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە. هەر بۆیە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوووە تاکو ئێستا لە کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵات و حوکمرانی ئەمانەدا تاکو ئیستا زیاتر لە ٣٥ هەزار ژن لە کوردستان بە بیانوی پروپووچی نامووسپەرستانەوە کوژراون. دەسەڵاتی ئەمان گەورەترین پاڵپشت و داڵدەی بکوژانی ژنان بووە. دەسەڵاتی ئەمان بووە مایەی سەرهەڵدان و بوژانەوەی چەندین گروپ و دەستەوتاقمی تیرۆرستی ئیسلامی و هەژموونی قانون و یاسای ئیسلامی  دژبە ژنان و مافەکانیان. ٢٠ ساڵە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان داوای گرتنەبەری رێوشۆێنی گونجاو دەکات بە دژی دیاردەی قێزەوونی کوشتنی ژناندا، بەڵام تا ئێستا ئەم دەسەڵاتە لە گوڵ کاڵتری بە بکوژانی ژنان نەوتووە وە قانوونی ڕەسمەیەتدانی بە کوشتنی نامووسی ژنانی تا هاتووە تۆکمەتر کردۆتەوە. هەتا هاتووە پشتیان کردۆتە ماف و خواستەکانی ژنان و ئازادیخوازان و برەویان بە ژێردەستەیی و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی ژنانداوە، دەستیانگرتووە بە فەرهەنگ و دابەنەریتی دواکەتووانەوە و لە بەارمبەر هاتنەمەیدان و پیشکەوتنی ژن لە کۆمەڵگەدا هەزارەها کۆت و زنجیریان دروستکردووە.

ئەمرۆ هاتنەمایدانی جەماوەری ئێمە دەبێ سەرەتایەکی ڕۆشن بێت بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو لە کوردستان. ئازادی بە بێ ئازادی و رزگاری ژنان لە کۆت و بەند ستەم ئازادییەکی شەل و سەقەتە، ئازادی ژن پێوەری ئازادی کۆمەڵگایە، هەر دەسەڵاتێک لە دەستور و بەرنامەیدا جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا بە ڕەسمییەت ناسی ئەوا ئەو دەسەڵاتە دژی ئازادی هەموو تاکێکی کۆمەلگەیە. سەرخەتی ڕاپەرینی ئێمە دەبێ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو و بەڕەسمەت ناسینی علمانیەت و جیایی دین لە دەوڵەت بێت.

بژی ٨ی مارس
مەرگ بۆ ژیردەستەیی و چەوسانەوەی ژنان.

ناسک ئەحمەد
٨ی مارسی ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.