پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ (نوح) دا …. بورهان ئه‌حمه‌د
(1)
به‌قووڵی نهێنییه‌كانی ژیان
(نوح) ده‌گه‌ڕێنمه‌وه
ئه‌م خیابان و بازاڕه
له پێچاوپێچی قه‌یسه‌رییه‌كانی نووجدان و خیانه‌ت ده‌یگێڕم
له گۆمی هه‌ڵمی تاڵ ده‌یپه‌ڕێنمه‌وه
كه گه‌یشتینه جۆگای تفت و سوێر
پێی ده‌ڵێم : برام نوح وریابه!!
كه‌شتییه‌كه‌ت نه‌خنكێ
هه‌موومان له‌گه‌ڵتا نوقم بین
پێكه‌وه پیاسه‌یه‌ك به شه‌قامه‌كاندا ده‌كه‌ین
بۆ پشوو دیهێنمه ژێر سێبه‌ری ئاگر
بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆمان بزانیین
له‌به‌رده‌م قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌ی (دانا)
خۆمان ده‌بینینه‌وه
( له‌تیف ) ده‌مانكا به‌چوار
ده‌چینه سه‌ر بیره نه‌وتێكی شاری كه‌ركووك
ده‌بینه میوانی ماڵه جوتیارێكی گه‌رمیان
سه‌ردانی ئه‌و گونده ده‌كه‌ین
كه ژماره‌ی گۆڕه‌كانی گۆڕستانه‌كه‌ی
له ژماره‌ی دانیشتوانی گه‌لێك زیاتره
به‌ده‌م رێگاوه
له نوح ده‌پرسم:
ئه‌رێ پێم ناڵێی ..؟
(950) ساڵ چۆن ژیایی
(2)
نه‌وت خۆی خزانده خوێنمه‌وه
نه‌وت رێنمایم ده‌كات
پڵنگی سووتوو به‌رده‌مه جه‌سته‌ی مامز و مه‌زرا
گورگی بڵێسه هانده‌مه گیانی پاوه‌ن و كێڵگه
ئاگر بكه‌مه خانه خوێی ماسی
باڵنده بانگهێشت كه‌م
بۆسه‌ر سفره‌ی خۆڵه‌مێش
مانگ به‌رداخێك شه‌ربه‌تی
تریفه‌ی هێوریم ده‌داتێ
گه‌ڵا ، شه‌ونم ده‌پرژێنێته سه‌ر له‌وحه‌ی توڕه‌ییم
گوروگاڵی بووكه شووشه‌ی ده‌ستی منداڵێك
هه‌ناسه‌م عه‌تر پژێن ده‌كات
باران له‌دووره‌وه په‌شیمانم ده‌كاته‌وه
(3)
له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی هه‌ناسه‌كانی ژیاندا
بۆ بڕینی پلیتی دواهه‌مین سه‌فه‌ر وه‌ستاوم
پاڵه‌په‌ستۆمه به‌بێ ویستی خۆم
نۆره‌بڕێمه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاره‌زوو
رۆڵی تیادا بگێڕێت
سه‌فه‌رێك، له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حه‌ز
ده‌جووڵێته‌وه
هێزی ده‌سه‌ڵات
ده‌سته پاچه‌یه له ئاستیا
خوولیا توانای به‌سه‌ردا ناشكێ
كه‌چی ئه‌وپه‌ڕی په‌له‌مه
بۆ ئه‌م سه‌فه‌ره
وه‌ك په‌له‌ی سه‌ربازێك
له‌به‌ره‌ی جه‌نگدا
چاوه‌ڕێی نۆره‌ی مۆڵه‌ت بێ
(4)
له‌بیرته..؟
تۆ جوانیت له سارنجۆكه‌كاندا هه‌ڵده‌گرت
من قوتووی جوانیم هه‌ڵده‌بچری
(5)
له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا جوودام
ساده‌ترین جیاوازیش له نێوانماندا
ئه‌وه‌یه …
كه‌من نازانم
وه‌ك ئێوه هه‌ڵپه‌ڕم
(6)
شه‌وێكیان
باوكی له ئاسیا‌و نه‌گه‌رایه‌وه
ئه‌وشه‌وه گورگێك
زه‌فه‌ری به‌دایكی برد
هه ها ..!!
سه‌یه‌ری ده‌ست و په‌نجه‌كانی بكه‌ن
له‌كه‌ڵبه ده‌چێ
(7)
له‌دارستاندا
گیاندار په‌لامار نادات
تا برسی نه‌بێت
په‌ح..! له‌و جوانییه‌ی
پڵنگ ده‌یبه‌خشتێته جه‌نگه‌ڵ
(8)
ئاه .. ئه‌مه چ كاره‌ساتێكی به‌د ناوه
كه‌من له گه‌وره‌یمدا
چزووی دووپشكێك چه‌قییه گۆنای دڵمه‌وه
به‌وه‌ی له منداڵیمدا فێره گۆرانی نه‌بووم
(9)
پێش ئه‌وه‌ی بچمه ژێر باڵی خۆمه‌وه
به‌رله‌وه‌ی خۆم بده‌مه كۆڵ خۆما
له‌من ده‌پرسم:
وای گه‌لۆ..!
چ نه‌هامه‌تییه‌كم به‌سه‌ر خۆم هێنا
بۆچ نیازێك ؛
ئه‌م هه‌موو شته‌م كۆكردۆته‌وه؟
ئه‌م هه‌موو كاغه‌زه‌م خستۆته سه‌ر یه‌ك
له‌به‌رچی ئاوها..!
باری سه‌رشانی خۆمم قورس‌تر كرد
ژووره‌كه‌م، جانتاكه‌م، قاسه‌كه‌م
به‌م جۆره ئاخنی له هیچ
(10)
له قه‌راغ شاردا
گۆڕستان به‌شكۆوه هاتۆته قسه
كێله‌كان به‌ئومێده ده‌په‌یڤن
مردووه‌كان وتاری جۆشدار ده‌خوێنه‌وه
په‌یامیان ده‌گاته هۆڵی دانشگا
نامه‌یان تا به‌رده‌م میحراب ده‌ڕوا
به‌رده‌وام حه‌ز به رازاندنه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن
گۆڕستان ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌رزه
چوار ده‌وری به‌سه‌رووی ویقار ته‌لبه‌نده
لێره‌وه هه‌ر ئه‌وێم لێوه دیاره
له‌به‌رخاتری جوانتركردنی قه‌برستان
له ماڵه‌كه‌مدا دیوار نابوێرم له هه‌ڵكۆڵین
جێگایه‌ك ناهێڵمه‌وه له خاڵی بوونه‌وه‌ی خاڵی
تا ده‌ستت بڕ ده‌كا
تا هێزی سه‌فته بوون هه‌یه
قاسه‌كه‌ت پڕتر و پڕتر بكه
چونكه له‌هه‌موو ده‌ور و زه‌مانێك
گۆڕستان یادوه‌ری جوانییه‌كانی قاسه‌یه
زێراب یاداشتنامه‌ی رازاندنه‌وه‌ی گیرفانه
بورهان ئه‌حمه‌د
كه‌ركوك