
ڕوخانی سیسته‌می میسر یان گۆڕینی ده‌م و چاو؟
ئه‌وه‌ی له‌میسر و تونس‌دا ڕویان دا و بونه هۆی لابردنی سه‌رۆكه‌كانیان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كانیان. ئایا ڕووخانی سیسته‌مه‌كانیان بوو؟ بێگومان بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م پرسیاره، ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك، ناوه‌ڕۆكی و لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی سیسته‌می سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوون و دیار بكه‌ین و بزانین سیسته‌می ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتداری چی ده‌گرێته‌وه؟! سیسته‌م سه‌رجه‌می پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ژێرخانی ئابووری و جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌م هێنان و چۆنیه‌تی به‌كاربردن و دابه‌شكردنی به‌ده‌ست هاتووه ئابووری و ته‌كنۆلۆجییه‌كانی مرۆڤایه‌تی و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌گرێته‌وه. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی سیسته‌مه‌كه پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌له‌سه‌ره‌وه باسم كرد بگرێته‌وه. ئه‌وا ڕووخان و گۆڕینی سیسته‌م ده‌بێته هۆی گۆڕانی پێكهێنه‌ره‌كانی. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی كه ڕووده‌دات بێجگه له‌وه ده‌بێته هۆی میكیاژكردنی ده‌سه‌ڵات و جارێكی تر هه‌مان هه‌لومه‌رجی ژیانی ڕابردوو دوباره ده‌بێته‌وه و ئامانج و سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵێكی تر له‌خۆ ده‌گرێت.
هه‌وڵه‌كانی جه‌ماوه‌ری گه‌نج و كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌ژار و فه‌رمانبه‌ره‌كان له‌میسر و تونس‌دا له‌پێناوی نان و ئازادی‌دا ڕاپه‌ڕینییان ئه‌نجامدا. واته نه‌بوونی نان و ئازادی پاڵنه‌ری به‌هێزی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات بوو. هه‌وڵی جه‌ماوه‌ر له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی دووانه‌ی ده‌ستنیشانكه‌ری مافه‌كانیان بوو. پرسی نان و ئازادی له‌هه‌موو دنیادا پرسێكی به‌رده‌وامی خه‌ڵكه له‌گه‌ڵا ده‌سه‌ڵاتدا. له‌به‌رئه‌وه ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌كان و ئامانجه‌كانیان له‌زۆرترین شوێنی دنیادا هاوئامانجییه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر چی له‌ڕووی پێشكه‌وتن و پێگه‌یشتنه ئابوورییه‌كانه‌وه جیاوازیش هه‌بێت، به‌ڵام ناتوانێت ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پرسانه و ئامانجی خه‌ڵك له‌به‌ده‌ستهێنانیان بخاته چوارچێوه و شوێنكی تره‌وه.
ئه‌گه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگریت، ووڵاته‌كانیان له‌ووڵاتانی عه‌ره‌بی و ده‌وروبه‌ریان، ده‌ستووره‌كانیان به‌زۆری یه‌ك ناوه‌ڕۆك و یه‌ك ئامانجی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك دیاری ده‌كات و سنووركردنی ماف و ئازادییه‌كانیان به‌یه‌ك ئاڕاسته‌دا ده‌ڕوات.
ئه‌گه‌ر ده‌ستووری میسر بخه‌ینه به‌رچاومان، ئه‌وا ده‌بێت یه‌كسه‌ر بڵێین سه‌رجه‌می بڕگه و ماده‌كانی ده‌ستووره‌كه بگۆڕێت چونكه ده‌ستنیشانكردنی په‌یوه‌ندی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات تیایدا په‌یوه‌ندییه‌كی ناجۆری و قۆرخكردنی هه‌موو مافێكی ئازادی بیركردنه‌وه و ڕاده‌ربڕین و ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی میسریه‌كانه، بۆ نمونه مادده‌ی (2) له‌ده‌ستووری میسر پێشێل كردنی مافی مه‌سیحی و قیبتی و ئاینزاكانی تره ئه‌گه‌ر هه‌بێت. چونكه ده‌ڵێت ئاینی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت ئیسلامه، بێ گوێدانه بیروبڕوای ئاینزاكانی تری ناو میسر. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردنی جیاوازی و پێشل كردنی مافی سه‌ره‌تایی هه‌موو مرۆڤێكه. هه‌تا مادده‌ی (12) و مادده‌ی (19) به‌شێوه‌یه‌كی تر و له‌خوێندن و فێركردندا ته‌ئكید له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (2) ده‌كاته‌وه. له‌لایه‌كی تریش مادده‌ی (46) پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (2) ده‌رده‌بڕێت به‌ڵام هێشتا ناكاته ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌و مافه بۆ ئاینزاكانی تر بێجگه له‌ئیسلام دابین بكات. له‌لایه‌كی تر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی كه‌له‌مادده‌ی (76) و (77) دا به‌دیار ده‌كه‌وێت ده‌ربڕی ته‌واوی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریانه‌یه هه‌روه‌ها میسرییه‌كانیش داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سه‌رۆك له‌هه‌موو شوێنه‌كانی دنیادا، واتای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئازادی و نانه، چونكه داگیركردنی ئازادی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌پێناوی چونه پێشه‌وه و به‌رجه‌سته‌كردنی به‌رژوه‌ندی ماددی و مه‌عنه‌وی سه‌رۆكه، له‌به‌رئه‌وه گۆڕینی سیسته‌م ده‌بێت گۆڕان به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستا و ڕابردوو بهێنرێت. له‌به‌رئه‌وه هه‌ندێك جار دامه‌زراندنی حكومه‌تی ته‌كنۆكرات ناتوانێت وه‌ڵام به‌ناوه‌ڕۆكی گۆڕانی سیسته‌م بهێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه لاوانی (25)ی یه‌نایه‌ری میسر داوای ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌بێت حكومه‌تی ته‌كنۆكرات بتوانێت وه‌ڵام به‌سه‌رجه‌می پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك بداته‌وه له‌ڕووی ئازادی و دابین كردنی نان. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت میسریه‌كان زۆر به‌ووریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان به‌ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی داواكارییه ڕه‌واكانیان ته‌واو بكه‌ن. هه‌روه‌ك چۆن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان لاوان خه‌ریكی پاك كردنه‌وه‌ی ووڵاته‌كه‌یان بوون دوای سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان. ده‌بێت هه‌وڵا بده‌ن سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن به‌ئاڕاسته‌ی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروستی گۆڕانكاری. جۆری ئه‌م گۆڕانكارییه بۆ ووڵاتانی ناوچه‌كه و دنیا ڕاسته.
نجم ا‌لدین فارس
14/2/2011