
شیش که‌باب …. دیدار مەسیفی
پار ساڵ، سه‌رسام بووم به شه‌راب
ئه‌و ساڵه، به نێو دونیایه‌کی سوور دا گوزه‌ر ده‌که‌م
پار ساڵ، ڕوانیمه ئاگر
ئه‌و ساڵه، خۆم که‌بابم و ده‌برژێم
مه‌ولانا ج. رومی
شیش که‌باب! هه‌ندێک هه‌ن هه‌ر که ئه‌وه ده‌بینن لیک ده‌ڕژێته نێو زارییان، هه‌وا پڕ به کونه که‌پۆیان هه‌ڵده‌مژن، کاس ده‌بن و به خه‌یاڵ بۆ ئه‌و شوێنانه ده‌فڕن که لێیانه‌وه هاتوون. که‌چی بینینی ئه‌و دوو وشه‌یه به سه‌ر رێستوران و دوکانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که له ژووره‌وه سه‌عاتی درێژ که‌باب لێده‌ده‌ن، بۆ من له مانایه‌کی تاڵ زیاتر هیچ شتێکی دیکه نه‌بوو. چونکه ئه‌گه‌ر هه‌زار و یه‌ک که‌ره‌ت بۆ خواردنی که‌باب داوه‌ت بکرێم، هێشتا ئه‌و ساته تاڵانه‌م له بیر ناچێته‌وه که ئه‌فسه‌ره‌که گلۆپه‌که‌ی داگیرساند و خۆی و شیشه که‌بابه‌که‌ی نێو ده‌ستی لێم وه ژوور که‌وت.
من به خۆشی خۆم له ژووره‌که دانه‌نیشتبووم، پێشتر یه‌ک مست، دوو مست، سێ مست و چوار مست له رووم درابوو و به سکی برسی سه‌عاتی درێژ له ژووره تاریکه‌که‌دا هێڵدرابووه‌مه‌وه. ژووره‌که به شێوه لاکێشه‌یی و ده‌رگا ئاسنینه‌که‌ی وا پێده‌چوو پێشتر ته‌والێتی بینایه‌کی کۆن بوو بێت.
که ئه‌فسه‌ره‌که هاته ژووره‌وه شیش که‌بابه‌که‌ی ده‌ستی هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستا. له به‌رامبه‌ر دا من چه‌ند ته‌نێکی ساویلکه و نه‌زان بووم کاتێک میهره‌بانیم له رووی خوێنده‌وه و وامزانی که‌سێکه هاوشێوه‌ی شاگرده خه‌په و روو خۆشه‌که‌ی رێستورانتی تاجریان. ئه‌و شوێنه‌ی ساڵانێکی دوور له کاتی خوێندن له‌گه‌ڵ هاورێکانم بۆی ده‌چووین.
به‌ڵام ده‌بووایه زوو بزانم له‌و دونیایه ساویلکه‌یی وه‌ک ته‌مه‌ن و هه‌زار و یه‌ک شتی دیکه هه‌تا سه‌ر بۆ که‌س ماڵ نییه به‌ر له‌وه‌ی به لووت شکانێک لێیه‌وه نه‌هێیته ده‌ره‌وه.
ئه‌فسه‌ره‌که به‌رگێکی جوان و پاقژی له‌به‌ر بوو و به پێکه‌نینێکی پڕ له ده‌سیسه و فێڵ که‌بابه‌که‌ی له شیشه‌که ده‌کرده‌وه و له پێش چاوه برسییه‌کانی من هێواش هێواش ده‌یخوارد. ئه‌و هه‌تا که‌بابه‌که‌ی ته‌واو نه‌کرد ورته‌یه‌ک له زارییه‌وه ده‌رنه‌چوو. سه‌یرم پێهات که دواتر چۆن توانی له ده‌ره‌وه گازی که‌سێک بکات هه‌تا شیش که‌بابێکی دیکه‌ی بۆ بهێنێنن و له‌و شوێنه ناجۆره بیخوات.
ئه‌فسه‌ره‌که سێ که‌بابی له به‌رده‌مم خوارد. من مه‌زه‌نده‌م ده‌کرد که ئه‌و له شوێنیکی دیکه راهێنانی پێکرابێت بۆیه جیا له‌وانه‌ی رۆژێک پێشتر به مست که‌وتبوونه سه‌رم، ئه‌و شێوازێکی سایکۆلۆژی هه‌یه و به که‌باب خواردن ئازارم ده‌دات.
کیژه ئاشوورییه‌که‌ی دواتر ده‌بێته نزیکترین دۆست و هاوڕێم هه‌رده‌م قۆڵمی تووند ده‌گرت که به به‌رده‌م رێستوران و دوکانه‌کاندا ره‌ت ده‌بووین و به کوردییه‌کی شکاوه‌وه ده‌یگووت ” ته‌نها جارێک له به‌ر خاتری من که‌باب بخۆ! ”
ئه‌و پێ داگرتنه به‌رده‌وامه‌ی ئه‌و وه‌های له من کردبوو که قوڵتر و قوڵتر شیش که‌بابه‌کانی ئه‌فسه‌ره‌که‌م بهێته‌وه یاد و هه‌رگیز نه‌چمه ژێر باری داواکه‌ی. هه‌تا کار گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ی به که‌سێکی نه‌خۆشم تێبگات و ده‌رده‌که‌شم ناو بنێت فۆبیای که‌باب.
من له شاره ئینگلیزییه‌که‌دا سه‌رباری ئه‌وه‌ی کارێکی باش و ژیانێکی ئاساییم هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر کات کیژه ئاشووریه‌که ده‌یه‌ویست به که‌باب داوه‌تم بکات ئه‌و یاده‌ورییه تاڵه له ناخم دا سه‌ری هه‌ڵده‌دایه‌وه و ده‌یخستمه نێو دونیایه‌ک له نیگه‌رانی. هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی خۆشم باوه‌ڕ بکه‌م که نه‌خۆشم و بچم له قاپی دکتۆره ده‌روونناسه‌کانی شار بده‌م به‌ڵکو به هۆی منه‌وه چاره‌ی گرێ و گرفتێکی ده‌روونی تازه ده‌دۆزنه‌وه.
من به حوکمی ئه‌وه‌ی چوار پێنج ساڵێک بوو له شاره‌که ده‌ژیام، که‌سانی دیکه‌شم ده‌ناسین. به‌ڵام چتاقییان وه‌ک كیژه ئاشوورییه‌که بابه‌تی خواردنی که‌بابه‌که‌ی به‌لاوه گرنگ نه‌بوو، یان که‌س نه‌بوو وه‌ک ئه‌و هه‌ست به‌وه بکات که‌وا له ئاست که‌باب دا گرێییه‌کی ده‌روونی سه‌یر و ئاڵۆزم هه‌یه.
دوایی ئازاد بوون و ئاواره بوونم به نێو دوند و هه‌رد و شاخ و داخ و رووبار و ئاوه‌کانی سه‌فه‌ر، شه‌وان شیش که‌بابی گه‌وره گه‌وره ده‌هاتنه خه‌ونم و وه‌ک ترسناکترین کابووس ده‌رده‌که‌وتن. له سه‌ر جێگا جیاوازه‌کان دا به ئاگا ده‌هاتم و هه‌تا دووباره خه‌وم لێده‌که‌وته‌وه له سه‌ر پشت ته‌ماشای ئاسمان یان بانی ژووره‌که‌م ده‌کرد؛ له شتێک ده‌گه‌ڕام که یارمه‌تیم بدات و دیمه‌نی شیش که‌باب به یه‌کجاری له زه‌ینم بسڕێته‌وه. بۆ من ئه‌و خواردنه رۆژهه‌ڵاتییه ببووه نیشانه‌ی دژواری و ئازارێک که له ته‌مه‌نم دا شتێک نه‌بوو به‌و ئه‌ندازه‌یه ترسناک خۆی نیشانم دابێت.
به‌ر له گه‌یشتنم به‌و شوێنه له جاده‌ی ته‌قسیمات سه‌ری بڕاوی هه‌ندێک له‌و گیانله‌به‌رانه‌م بینیبوون که ناوییان له کتێبه پیرۆزه‌کانیش دا هاتووه، کاتێک به چاوی زه‌ق و مردوویانه‌وه له نێو فڕنه‌کان دا ده‌برژان. هه‌روه‌ها له‌و شوێنه‌ی لێی هاتبوومه دونیا زۆر جاران به رێکه‌وت سفره و خوانی ئه‌و پیاوانه‌م ده‌بینی که خانووی گه‌وره گه‌وره‌یان هه‌بوو، له ژووره‌وه به‌رخی بر‌ژاو و ته‌واو سه‌ر په‌ل نه‌دراو دانرابوو که نێو سکییان پڕ کرابوو له بریانی و ده‌سکێک که‌ره‌وز خرابووه نێو شه‌ویلاگ و ددانه‌کانیان. به‌رخه‌کان چاوه‌کانییان زه‌ق و تۆقیوو و سارد و ده‌رپه‌ڕیو بوون، به‌ڵام دیمه‌نی ده‌می بێ لێویان سیمایه‌کی زۆر پێکه‌نیناوی هه‌بوو که نه‌تده‌زانی له‌و به‌زمی خواردن و خواردنه‌وه‌یه دا به‌رخه‌که سه‌رفراز و شادتره یان ئه‌و پیاوانه‌ی که به سک و سمێڵی گه‌وره و نێوچه‌وانی گرژه‌وه له ده‌وری ئاڵابوون.
به‌ڵام هێشتا دیمه‌نی ئه‌و هه‌موو هه‌ڵواسین و له شیش دانی گیانله‌به‌ر و باڵنده و مه‌لانه‌ی پێشوو وه‌ک ناوی شیش که‌باب ته‌زووی ترس و نیگه‌رانی نه ده‌خسته نێو ناخم.
وه‌ک ئه‌وه‌ی شیش که‌باب له زه‌ینم دا بوو ببێت به نموونه‌یه‌کی بچووک بۆ قه‌سابخانه‌یه‌کی گه‌لێک گه‌وره که کوژرانی به‌رخه‌کانیشی تێیدا ئه‌نجام درابێت.
من زۆر شت له زاری کچه چینییه بوداییه‌که فێربووم سه‌باره‌ت به زه‌قکردنه‌وه‌ی کوشتن و له شیش دانی مه‌ل و قه‌ل و گیانله‌به‌ران. ئه‌و که‌سێکی رووه‌گیایی بوو و به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌می له گۆشت و هێلکه‌ی هیچ بوونه‌وه‌رێک نه دابوو. بۆیه که له ته‌ک ئه‌و به جاده و شه‌قامه‌کان دا پیاسه‌م ده‌کرد هه‌ستم به جۆره شادمانییه‌کی دیکه ده‌کرد له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کیژه ئاشورییه‌که‌دا ده‌رۆیشتم. ئه‌و دووانه هاوکارم بوون له‌و کۆمپانیایه‌ی که‌وتبووه ده‌ره‌وه‌ی شار و کاتێکی زۆری ژیانی ئێمه‌ی له به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌کی که‌م دا ده‌برد. هه‌موو به‌یانییه‌ک هه‌رسێکمان له‌گه‌ڵ چه‌ندانی دیکه که هی چه‌ند شوین و وڵاتی جیا بوون له چاوه‌ڕوانی باسێکی سوور و سپی ده‌وه‌ستاین که کورسییه‌کانی ناوه‌وه‌ی ره‌نگێکی مردوویان هه‌بوو.
مه‌سه‌له‌ی که‌بابه‌که‌ی لێده‌ربچێت، من هه‌ستم به نزیکییه‌کی زیاتر ده‌کرد له کیژه ئاشورییه‌که چونکه شتی زیاتر هه‌بوو له یه‌کترمان نزیک بکاته‌وه. کیژه ئاشوورییه‌که ماکێکی گه‌وره‌ی له سه‌ر روومه‌تی چه‌په‌ی هه‌بوو که به ره‌نگه ته‌لخ و بۆره‌که‌ی که‌مێکی له جوانییه‌که‌ی شێواندبوو. به‌ڵام من له پیاسه و گه‌ڕانه‌کانم دا چاوه‌کانم به جۆرێک جڵه‌و ده‌کرد که هه‌رگیز به هه‌ڵه‌ش نه‌چنه سه‌ر ئه‌و ماکه، نه‌وه‌ک له‌و دوورییه‌ی سه‌ر خاکی دوورگه‌که ببم به هۆکارێک بۆ ئازاردانی دڵ و ده‌روونی. ئه‌ویش له ئاست من وه‌ها بوو هه‌رگیز رۆژێک له بوونی دوو ماکه‌کانی سه‌ر رووم چاوێکی پڕ له پرسیار و گومانی هه‌ڵنه‌بڕی. هه‌رچه‌نده ئه‌وانه‌ی من له به‌ر شێوه ئه‌ندازه‌یی و لاکێشه‌ییه‌کانیان هه‌زار و یه‌ک پرسیاریان ده‌خسته نێو چاوی ئه‌وانه‌ی بۆ یه‌که‌م جار له رووی منیان ده‌ڕوانی. ئه‌وه‌ی سه‌ر رووی راسته‌م که‌مێک له‌وه‌ی دیکه کورتر بوو ئه‌وه‌ش له کاتێک دا بوو که من له ترسی ئازارێکی تر ویستبووم به‌رگری نیشان بده‌م و ئه‌و روومه‌ته‌م نه‌ده‌مه ده‌ست شیش که‌بابه دا‌غ کراوه‌که، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ره‌که به ئاگری جگه‌ره داگیرسێنه‌که‌ی ده‌ستی که شێوه‌ی ده‌مانچه‌یه‌کی تۆپڵی هه‌بوو خه‌ریک بوو شیشه‌که‌ی له‌وه‌ی پێشوو دا‌غ تر ده‌کرد. من کیژه ئاشوورییه‌که‌م تا راده‌یه‌کی زۆر خۆشده‌ویست، به‌ڵام هه‌ر جارێک که ده‌یگووت ” با بچین که‌باب بخۆین . . . با بچین که‌باب بخۆین. ” ئه‌و هه‌سته فه‌ریکه‌ی نێو دڵمم بۆ ماویه‌ک لێ وێڵ ده‌بوو و دووباره ده‌که‌وتمه‌وه نێو گومان و دوودڵی و سه‌د باری ده‌روونی دیکه‌وه.
هه‌ر له به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو بۆ نزیکه‌ی دوو هه‌فته خۆم له هه‌موو شتێک دزییه‌وه و نه‌مویست ئه‌وه‌ی ده‌مناسێت و نامناسێت بیدوێنم یان بمدوێنێت. ده‌ترسام نه‌وه‌ک که‌سێکی دیکه به فێڵێکی دیکه‌وه تووشی گۆبه‌ندێکم بکات که له‌وه‌ی پێشوو گه‌لێک درژوار و ترسناکتر بێت. ئه‌و ماوه‌یه زۆر جار به ته‌نیا به جاده و کۆڵانه‌کانی شاره ئینگلییزه‌که دا پیاسه‌م ده‌کرد دوایی ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ک له ماکه‌کانی سه‌رووم به پۆدره‌یه‌کی نزیک به پێستم سواغ دابوو. به‌وه‌ش هه‌ستم ده‌کرد تا راده‌یه‌ک توانی بووم نیشانه‌ی پرسیار له رووی ئه‌وانه بڕه‌وێنمه‌وه که به‌ره‌و رووم ده‌هاتن. که‌چی نه‌ده‌کرا هه‌تا سه‌ر ماکه‌کان به‌و شێوه‌یه سواغ بده‌م واز له چاره‌سه‌رییه‌کی یه‌کجاره‌کی و توکمه بهێنم بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ی که به زمانی که‌سێکی ناحه‌ز و ده‌ستی ئه‌فسه‌رێکی زاڵم که‌وتبووه سه‌ر رووم.
چه‌ند رۆژێک بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که ملی رێگا بۆ دوکانی پیاوه ره‌شه‌که بگرمه‌به‌ر و پێیبڵیم شوێنی ماکه‌کانم به نیگارێکی ئه‌وه‌نده جوان و فه‌نتازی بکوتێت که هه‌رگیز نه‌سڕێته‌وه. به‌ڵام له‌وه‌ش زوو دوودڵی ده‌یگرتم چونکه ده‌یانگێڕایه‌وه که ته‌رمی که‌سێکی بێکه‌س بۆ ماوه‌یه‌ک له مزگه‌وتێکی په‌نابه‌ران دا له شاره ئینگلیزییه‌که که‌وتبوو و که‌س ئاماده نه‌بوو بیشووات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنێکی له‌شی به شێوه‌یه‌کی ره‌نگاوره‌نگ کوترابوو.
تاوێک له نێو بڕیار دان و بڕیار نه‌دان دا مامه‌وه و هه‌رجارێک به لایه‌ک دا ده‌که‌وتم. دواتر ئه‌و شته به کراوه‌یی له زه‌ینم دا مایه‌وه و نیوه‌ی سه‌عاته‌کانی شه‌و خه‌وی له چاوانم بڕی. که له خه‌و رابووم و نانی به‌یانیم به چاوی ماندووه‌وه خوارد، له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌وه دوکانی پیاوه ره‌شه‌که بچم پێیه‌کانم منیان به‌ره‌و باخچه‌یه‌ک ئاراسته کرد که له ناوه‌وه‌ی و له ژێر دار چنارێکی گه‌وره و پیر دا نیگارکێشێکی پیر دانیشتبوو.
که هاتمه ده‌ره‌وه شادمان بووم له‌وه‌ی ناچمه کار و کاتێکی زۆرم هه‌یه بۆ بیرکردنه‌وه. هه‌رچه‌نده من پێشتر له فرسه‌تی دیکه دا چه‌ندین رێگای دیکه‌م گرتبووه به‌ر بۆ داپۆشین و زاڵ بوو به سه‌ر ماکه‌کان.
* جارێکییان له‌گه‌ڵ دکتۆره‌که‌م قسه‌م کردبوو تا عه‌مه‌لیاتێکی جوانکارییم بۆ بکات، به‌ڵام بێئه‌نجام مایه‌وه چونکه ئه‌سته‌م بوو مه‌سره‌فه‌که‌یم بۆ بکرێت.
* چه‌ندین بار ماکیاژی ژنانه‌م به کارهێنابوو، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ک رۆژی دانانی پۆدره‌که نه‌متوانی جارێکی دیکه ماکه‌کان له نێو ره‌نگی پێستم بشارمه‌وه.
* هه‌وڵم دابوو تا ده‌کرێت ریشم درێژ بکه‌م، به‌ڵام دیسان ماکه‌کان له به‌ر رێژه‌ی زۆری سووتانیان لوس ببوون و نه موویان لێ ده‌ڕوا نه وه‌ک دوو دورگه‌ی غه‌ریب له نێو مووه ره‌شه‌کانی ریشیشم بزر ده‌بوون.
* رۆژی وه‌ها هه‌بوو بێزاری ده‌یگرتم و هه‌ردووکیانم به پلاسته‌ر داده‌پۆشی و نه گوێم ده‌دا به وه‌سوه‌سه‌ی ناخم نه به‌و چاوانه‌ی که له شوێنی پلاسته‌ره‌کانیان ده‌ڕوانی.
هه‌ر که ئه‌و جۆره پلانانه‌م داده‌ڕشت بیرم له‌وه‌ش ده‌کرده‌وه که سه‌رم هه‌ڵبگرم و بۆ شارێکی تازه بچم که تێیدا هه‌موو که‌سه‌کان نه‌ناس و نا ئاشنا بن. بۆیه ئه‌و رۆژه‌ی به‌ره‌و ده‌رگای باخچه‌که رۆیشتم له گچکه دوکانێکی سه‌ر ڕێگا نه‌خشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ولاتی سه‌ر دورگه‌که‌م کڕی که به گه‌وره‌یی خۆیه‌وه نه‌یتوانی ماکه‌کانی رووی من داپۆشێت.
له باخچه‌که‌دا له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتم و نه‌خشه‌که‌م به فراوانی کردوه‌وه. له‌و باخچه دووره‌ی سه‌ر خاکی غوربه‌ت بێئه‌وه‌ی به خۆم بزانم به دوای شارێک دا ده‌گه‌ڕام که ئاوێک له ناوه‌ندا شه‌قی کردبێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی حه‌ز بکه‌م بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌و شوێنه‌ی که له سه‌ره‌تاوه لێی هاتبووم. ئه‌و شارانه‌ی که له سه‌ر خاکی نه‌خشه‌که‌دا بریتی بوون له بازنه‌یه‌کی خڕ و له ناوه‌راست دا شه‌ق کرابوون. یه‌ک سه‌عاتی ته‌واو له سه‌ر کورسییه‌که دانیشتم و بۆ هه‌ڵاتن له گرفتی ماکه‌کان یه‌خه‌ی شاره‌کانم گرتبوو.
داوجار گوڕێکم دا به‌ر خۆم و بڕیارم دا به‌ره‌و لای نیگارکێشه پیره‌که بچم، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند شارێکم له‌سه‌ر نه‌خشه‌که دیار کردبوون. وه‌ک ئه‌وه‌ی لێم روون بێت که ئه‌و شوێنه‌ی ده‌ستی ئه‌فسه‌رێکی دڵڕه‌ق ده‌یشێوێنێت، په‌نجه‌ی نیگارکێشێکی دڵنه‌رم جوانتری ده‌کاته‌وه.
نیگارکێشه‌که له‌سه‌ر کورسییه‌کی بچووک هه‌ڵترونجا بوو و کۆمێک کاغه‌ز و فڵچه و بۆیه‌ی له ژێر پیێه‌کانی دانابوو. که به‌ره‌و رووی ده‌چووم له دووره‌و بزه‌یه‌کی ئاماده‌کراوم خستبووه سه‌ر لێوه‌کانم. ئه‌و بێئه‌وه‌ی بزه‌که‌م هه‌ڵبگرێته‌وه یان له ماکه‌کانی سه‌ر روومه‌ته‌کانم وورد بێته‌وه، به‌رده‌وام بوو له وێنه‌کێشان. شادبووم به‌وه‌ی که هێشتا له‌و دونیایه که‌سانێکی وه‌ک ئه‌و نیگارکێشه هه‌ن که زه‌ق و ره‌ق ناڕوانه رووم؛ ناپرسن بۆچی ئه‌و ماکه کرێتانه له سه‌ر روومه‌ته‌کانم به‌و شێوه‌یه ئه‌ندازه‌ییه نه‌خشێنراون. وه‌ستام و بزه‌یه‌که‌ی سه‌ر لێوه‌کانم که‌مێک گه‌وره‌تر کرد و به هه‌لۆیه‌کی یه‌کجار کورت سه‌ری سپی نیگارکێشه‌که‌م بۆ لای خۆم هه‌ڵبڕی. ئه‌و به بزه‌یه‌کی له هی من گه‌وره‌تر و هه‌لۆیه‌کی له هی من درێژتر وه‌ڵامی دایه‌وه. به‌ڵام که من په‌نجه‌ی شایه‌تمانیم ڕه‌وانه‌ی شوێنی سووتانی شیش که‌بابه‌کان کرد، ئه‌و له پڕ وه‌ک که‌سێکی مۆمیاکراوی نێو مۆزه‌خانه‌ی مه‌دام توسوا له له‌نده‌ن به فڵچه‌ی ده‌ستیه‌وه له به‌رده‌مم وشک بوو.
دوای تاوێک نیشانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پرسیار له سه‌ر رووی دروست بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاماده بێت گشت پرسیاره‌کانی من بگرێته خۆ.
من هه‌ر که له نزیکه‌وه رووی نیگارکێشه پیره‌که‌م بینی ئارامی به لێشاو ڕژایه نێو دڵ و ده‌روونم. بۆیه بێئه‌وه‌ی زیاتر له پرسیاره گه‌وره‌که‌ی سه‌ر رووی ڕامێنم، دڵی خۆمم بۆ ئه‌و پیاوه پیره کرده‌وه و چیرۆکی ژیانم له ئه‌لفه‌وه بۆی گێڕایه‌وه.
دوای جێهێشتنی نیگارکێشه‌که چوومه لای سه‌رتاشخانه‌یه‌ک که ناوی ئاکرۆڵان بوو و تێیدا ژنێکی قژ زه‌ردی چاو که‌سک به‌ره‌و رووم هات و منی ئاراسته‌ی کورسییه‌ک کرد که پێشتر چه‌ندین که‌سی دیکه له سه‌ری به‌ر تیخ و مقه‌ست درابوون. هه‌ر که دانیشتم به ژنه‌که‌م گووت که قژه لوول و ره‌شه‌که‌م به سفر بتاشێت که دوای ماکه‌کانی سه‌ر روومه‌تم دیارترین شت بوو منی پێده‌ناسرایه‌وه. ژنه‌که به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌یپرسی که بۆچی واز له‌و قژه بۆڕ و ره‌شه ده‌هێنم که سیمایه‌کی جوانی به من به‌خشیبوو. به‌ڵام که له ده‌نووکی باز و گوڵه سووره‌که‌ی سه‌ر روومه‌ته‌کانمی ده‌ڕوانی، وه‌های پێشبینی ده‌کرد که من دواتر چاویلکه‌یه‌کی ره‌ش و تی‌شێرتێکی ته‌نگ به له‌ش و پانتۆڵێکی کاوبۆی شین له‌به‌ر ده‌که‌م و خۆم به جۆرێک ده‌گۆڕم که بۆنی هیچ رابردوویه‌کم لێ نه‌یه‌ت.
به‌ڵی، من ده‌مه‌ویست به جۆرێک خۆم بگۆڕم که ئیتر که‌س نه‌مناسێته‌وه؛ که‌س نه‌زانێت چاوی ره‌شم له ژێر چاویلکه ره‌شه‌که‌دا چ ره‌نگه؛ یان چی هه‌یه له ژێر ده‌نووکی بازه‌که و په‌ڕه‌ی گوڵه سووره‌که.
سه‌ره‌تا ده‌مه‌ویست به نیگارکێشه‌که بڵێم هه‌ر ماکێکی سه‌ر روومه‌تم به ره‌نگێک داپۆشێت، به‌ڵام ده‌مزانی رۆژێک له سه‌ر ره‌ملی که‌نار ئاوێک خه‌و ده‌مبا‌ته‌وه و چاوه‌کانم بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ لێ ده‌نوقێنێت. دواتر له به‌رچاوی پیاده‌ڕه‌وان و ئه‌و که‌سه نیوه رووتانه‌ی ده‌وروپشتم که له‌سه‌ر لمه گه‌رمه‌که وه‌ک من پاڵ ده‌که‌ون. تێشکدانه‌وه‌ی خۆر له‌سه‌ر ترۆپکی که‌پۆم به‌جۆرێک شه‌وق ده‌داته‌وه و رووم ده‌کاته ئاڵایه‌ک که له رووی نوستووی خۆم خۆشتر ده‌وێت. به خۆمم ده‌گووت ده‌بێت ئه‌فسه‌ره‌که رووی منی بۆ ئه‌وه شێواندبێت تا له هیچ رۆژێک و هیچ بۆنه‌یه‌ک دا ئیتر نه‌توانم ده‌ست به‌و ئاڵایه بگرم بیشه‌کێنمه‌وه، ئاڵایه‌ک که له دوورگه‌یه‌کی دوور و نێو جه‌نجاڵیه‌کی زۆر له که‌سانی نیوه خه‌وتوو و رووت، بێ خواستی ئه‌و دووباره ببوو به رووم.
به‌ڵام بیرۆکه‌ی ره‌نگکردنی ماکه‌کانی سه‌ر رووم دوایی ئه‌و خه‌یاڵکردنه خۆشه‌ی سه‌ر لمه‌که زوو خۆی به‌خشییه ده‌ستی هه‌ره‌س و مرد. چونکه هه‌ستم ده‌کرد له‌وانه بوو دواتر ببووایه هۆی ئه‌وه‌ی که خۆم ئه‌وه‌ی ژێر ره‌نگه‌کان بۆ ئه‌وانه بدرکێنم که زیاد له پێویست ده‌ڕواننه رووم، به تایبه‌ت له رۆژانی هه‌ور و بارانی شاره‌که دا کاتێک ماوه‌ی درێژ درێژ له چاوه‌روانی باس له ژێر چه‌تری سه‌ر شۆسته‌کان ده‌مێنمه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌مزانی که دوو ره‌نگه‌که‌ی سه‌ر رووی سپییم له وه‌ستان و رۆیشتنم دا هه‌رگیز وه‌ک خه‌یاڵکردنه‌که‌ی پێشوو ده‌رناکه‌ون. به تایبه‌ت که پاڵ نه‌که‌وتبم و خۆر به‌ده‌ره‌وه نه‌بێت هه‌تا تروسکایه‌که‌ی له سه‌ر ترۆپکی که‌پۆم بد‌ره‌وشێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و کاتانه من له که‌سێکی دیکه ده‌چم که ئاڵایه‌کی دیکەی هه‌بێت و خه‌ڵکی شوێنێکی دیکه بێت.
به‌رله‌وه‌ی بچمه سه‌رتاشخانه‌ی ئاکرۆڵان له یه‌که‌م هه‌نگاوم بۆ ده‌ره‌وه‌ی باخچه‌که یه‌که‌م که‌س که به‌ره‌و رووم هات و به ووردبینیه‌کی زۆره‌وه له شته‌کانی سه‌ر رووم ڕاما، پیره‌ژنێکی گۆچان به ده‌ست بوو. که بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک له به‌رامبه‌رم وه‌ستا و ده‌ستی برد بۆ چاویلکه‌که‌ی تا دوو نیگاره‌که‌ی سه‌ر رووم جوانتر بخاته نیگای چاوه ورد و شینه‌کانی.
من به‌و سه‌ره‌تایه و ڕوانینه‌ی ئه‌و هه‌ستم کرد به هه‌ڵبژاردنی ده‌نووکی بازه‌که و په‌ڕه‌ی گوڵه سووره‌که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ترم کردووه له‌وه‌ی هه‌ر له‌گه‌ڵ بیرۆکه‌ی دوو ره‌نگه‌کان بمابایه‌وه. تازه کردبووم و ناچار بووم گوێ نه‌ده‌م به سه‌رنجی پیره‌ژنه چاوشینه‌که و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دواتر له سه‌ر شۆسته و شه‌قام و رێگاکان دا به جۆرێک له رووی منیان ڕوانی و پرسیار و وه‌ڵام له یه‌ک کات دا له‌سه‌ر روویان ڕوا.
ئه‌نجام، دوایی به دوو نیگاره‌کانی سه‌ر رووم گه‌یشتمه ماڵه‌وه یان ئه‌و شوێنه‌ی له جیاتی ماڵ شوێنی ژیانم بوو. چووم له به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ی سه‌ر ده‌ستشۆکه تاوێک وه‌ستام و له رووی خۆم ڕامام، زۆر زوو بینیم دوو دڵۆپ روندکی گه‌وره ده‌که‌ون. ئه‌وه‌ی یه‌که‌م له‌سه‌ر ده‌نووکی بازه‌که له‌نگه‌ری گرت، ئه‌ویدیکه‌ش چووه سه‌ر په‌ڕه‌ی گوڵه‌که. دانیشتم و ده‌نگی میز نه‌غمه‌یه‌کی نه‌شاز و ناخۆشی خسته نێو مێشکم وه‌ک ئه‌وه‌ی هێشتا قه‌ید و به‌ند له ژووره تاریکه‌که‌ی پێشوو دابم که له ته‌والێت ده‌چوو.
ئه‌و ده‌نگه نه‌یتوانی ماوه‌یه‌کی درێژتر من دوا بخات له دووباره کردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی له دوکانه گچکه‌که دا کڕیبووم. له گه‌ڕان به دوای شارێک که من وه‌ک که‌سێکی فه‌ریک و تازه بگرێته خۆی. چاوه‌کانم خێرا به سه‌ر ناوه‌کان دا ده‌گه‌ڕان که زۆربه‌یان قورس و نامۆ بوون. زۆری نه‌خایاند چاوێکیم کلکی رووبارێکی کورتی گرت و له‌سه‌ر پنتێک گیرسایه‌وه که نوێنه‌رایه‌تی له شارێک ده‌کرد. هه‌ستم کرد ئه‌وه باشترین هه‌ڵبژاردنه که له ژیانم دا هه‌م بوو بێت، ناوی شاره‌که به یه‌که‌م پیتی ناوی دایکم ده‌ستی پێده‌کرد و دوا پیتیشی به دوا پیتی ناوی باوکم دوایی ده‌هات. به قوڵبوونه‌وه له‌و پنته ره‌شه‌ی جوانی و جه‌نجاڵی شارێکی ده‌گه‌یاند، چوومه بارێکی ده‌روونی سه‌یره‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی من گشت جه‌نجاڵیه‌کانی گه‌ردوونم بم و بڕژێمه نێو پنته ره‌شه‌که‌وه، چه‌شنی ئه‌و باره‌ی له کتێبه‌کانی زانست و ئه‌ستێره‌لۆژی به کۆتایی کۆتاییه‌کان ناو‌زه‌دکراوه.
له پڕ من بووم به که‌سێكی دیکه و به جاده‌کانی شارێکی دیکه پیاسه‌م ده‌کرد. له‌وێنده‌ر ناوم حوسامه و کوڕی پیاوێکی کوردپه‌روه‌رم که ساڵانێکی دوور ئاواره بووه و له‌و شاره په‌نابه‌ره. دوای ئه‌وه‌ی خۆی به که‌سێکی فاشیل ده‌زانێت و خووی ته‌واوی ده‌دات به کتێب خوێندنه‌وه، دایکم جێیده‌هێڵێت و بۆ پێگه‌یاندنی من و براکه‌م ده‌چێته شارێکی دیکه و قورسترین کار له کۆمپانیایه‌کی جل و به‌رگ ده‌کات.
براکه‌م ناوی سه‌لامه و ئێستاکه من و ئه‌و له‌و شاره‌ی رووباره‌که له ناوه‌راستی دا له‌تی ده‌کات دوو گه‌نجی ته‌مه‌ن بیست و پێنج ساڵانین. یه‌کێکمان بیست ده‌قیقه یان نیو سه‌عاتێک له ئه‌ویدیکه زووتر سه‌ری خۆی هێناوه‌ته نێو دونیا. به‌ڵام ئه‌وه نهێنییه‌ک بوو نه بۆ دایکم و باوکم، نه بۆ ئێمه تا گه‌وره‌ش بووین ساغ بووه‌وه. من و سه‌لام نزیکه‌ی بیست ساڵ رۆژانه شه‌ڕمان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو که کا‌مه‌مان برا گه‌وره‌ین. دواجار هه‌ردووکمان له رێستورانێک به ناوی کڵاوی ئاغا دانیشتبووین پاش ئه‌وه‌ی سه‌لامی برام گشت سه‌رقاڵییه‌کانی ئه‌و رۆژه‌ی جیهێشتبوو و منی بۆ نانخواردن گازی ئه‌و شوێنه دڵگیره کردبوو. ئه‌و له ته‌له‌فۆن زۆر به ته‌وسه‌وه قسه‌ی ده‌کرد و ده‌یگووت ” برای بچووکم حوسام، من ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ خۆم ده‌هێنمه رێستورانه‌که که لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی تێدایه و ده‌یسه‌لمێنێت که منم برا گه‌وره. ”
له رێستورانی کڵاوی ئاغا، که تازه له ناوه‌راستی شاره‌که کرابووه‌وه و له په‌نجه‌ره زۆره‌کانی دا رووباره‌که‌ت به جوانی ده‌بینی، من و سه‌لام له به‌رامبه‌ر یه‌کتر دانیشتبوون. سه‌ره‌تا باسمان له ره‌گ و ریشه‌ی ناوی ئه‌و ریستورانه و خاوه‌نه‌که‌ی ده‌کرد که به پاره‌یه‌کی زۆر به‌ر له چه‌ند ساڵێک بوو هاتبووه شاره‌که.
دوای که‌مێک کوڕێکی گه‌نج هات که کڵاوێکی ره‌نگاوره‌نگی کوردانه‌ی له سه‌ر و خواردنه‌کانی له سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌ممان دانا. که‌متر له دوو ده‌قیقه ره‌ت بوو و هه‌ریه‌کێکمان نه‌فه‌رێک که‌باب و دوو قاپ سه‌ڵات و په‌رداخێکی ماستاوی له پێش خۆی بینی. من ئه‌و کاته چووبوومه نێو رۆژنامه‌که و خه‌ریکی خوێنده‌نه‌وه‌ی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه بووم که سه‌لامی برام له ته‌له‌فۆن دا به ته‌وسه‌وه باسی لێوه ده‌کرد. لێکۆڵینه‌وه درێژه‌که‌ی نێو رۆژنامه‌که ده‌کرا له رسته‌یه‌کی کورتی به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه کۆبکرێته‌وه:
( له نێوان دوو برای جمک دا، ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان که ئه‌گه‌ر به ده‌قیقه‌یه‌کیش زووتر سه‌ری هێنابێته نێو دونیا، زیاتر حه‌ز له گۆشتی سوور ده‌کات.)
به‌وه له ئێستاوه من له‌و شه‌ڕه بیست ساڵییه له‌گه‌ڵ براکه‌م دۆڕابووم، چونکه که سه‌رم له‌سه‌ر رۆژنامه‌که هه‌ڵبڕی بینیم قاپه‌که‌ی به‌رده‌می سه‌لام دوو دانه که‌بابی برژاوی تێدایه که‌چی ئه‌وه‌ی من که پێشتر به که‌باب بینیبووم بریتی یه له نیو مریشکی سووره‌وه کراو. ئیتر له‌وه به دواوه ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌رم دانیشتبوو برام نه‌بوو به‌ڵکو هه‌مان ئه‌فسه‌ره دڵڕه‌قه بوو که به شیشه که‌بابه‌که روومه‌ته‌کانمی دا‌غ کرد.
دوای ئه‌و دا‌غ کردنه بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ که‌س نه‌هات ده‌رگای ژووره‌که بکاته‌وه. به درێژایی ئه‌و چل و هه‌شت سه‌عاته له تاو ئازاری رووم نه‌متوانی چرکه‌یه‌ک بخه‌و‌م. نێو ژووره تاریکه‌که‌ی له ته‌والێت ده‌چوو زۆر زۆر گه‌رم بوو و زوو هه‌و و کێمی خسته نێو برینه‌کانم. ئه‌وه‌ش به ئه‌نده‌ازه‌یه‌ک ئازاری سووتانه‌که‌ی قوڵ و زێده‌تر ده‌کرد، به تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی له برسیه‌تی په‌نام برده به‌ر ئه‌و تیکه نانه وشک و ره‌قانه‌ی رۆژانی پێشوو و ده‌ستم به جووینیان کرد.
من نه‌مده‌زانی ئه‌فسه‌ره‌که ناوی سه‌لامه، تا رۆژێک دواتر ده‌رگا کرایه‌وه و یه‌کێک له پاسه‌وانه‌کان ناوی به گوێم‌دا چرپاند که ده‌یه‌وێت بمبینێت. چاوه‌کانم سوور هه‌ڵگه‌ڕابوون و نه‌مده‌توانی راست وچه‌پی خۆم ببینم. تا له ژوورێک دا خۆم بینیه‌وه و په‌رداخێک شه‌ربه‌تی پورته‌قال له سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌مم دانرابوو. که‌سێک هاته پاڵم و ده‌ستێکی خسته سه‌ر شانم. دواتر به حاڵ بۆ گوێچکه‌یه‌کم قسه‌ی ده‌کرد و ده‌یگووت ” حوسام گیان، من سه‌لامی برا گه‌وره‌تم ده‌ڵێیت نامناسیته‌وه؟ ”
بۆ من نه‌غمه‌ی ده‌نگه‌که نامۆ نه‌بوو ده‌تگووت هی که‌سێکه که ساڵانێکی درێژ ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ دا هه‌بووه. به‌ڵام که سه‌یری شوێن و سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌که‌م ده‌کرد، له تارماییه‌کی لێل و شێلو زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌ی پێ نه‌ده‌گووتم.
لێره‌وه هه‌ستم ده‌کرد ئه‌و شوێنه‌ی لێی بووم، بریتی یه له رێستورانێکی خۆش که تێدا من که‌سێکی نیوه کوێرم و له لایه‌ن برایه‌کمه‌وه داوه‌ت کراوم. که به ده‌نگه پڕ له سۆزه‌که‌ی سیحرێک له ئاخاوتن ده‌خاته نێو گوێیه‌کانم وه‌هام لێ ده‌کات ئه‌وه‌ی برا نییه لێم ببێت به برا و ئه‌وه‌ی براشه ببێته دژوارترین نه‌یار.
پێشتر که منیان خسته نێو ئه‌و ژووره تاریکه‌ی له ته‌والێت ده‌چوو، ئه‌وه‌نده‌ی هێنام و بردم نه‌مزانی هۆکاری ده‌ستگیرکردنم چییه. بۆچی فه‌رمان به دوو چه‌کداره‌که درا تا قۆڵ به‌ستم بکه‌ن و فرێم بده‌نه شوێنێک که شایسته‌ی دڕنده‌ترین دڕنده‌ش نییه.
سه‌لام ئه‌و که‌سه‌ی له شاره تازه‌که‌دا برام بوو، به دیار خواردنی که‌بابه‌وه له‌وپه‌ڕی دڵخۆشی دا بوو به سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی. بۆیه ده‌ستی کرد به گێڕانه‌وه‌ی نوکته‌یه‌ک بێئه‌وه‌ی بپرسێت که ئایا من حه‌ز به بیستنی ده‌که‌م یان نا.
[ له شوێنێکی زۆر دوور دا که‌سێک ده‌سه‌ڵاتی دونیای پێ‌درابوو، به‌ڵام شوێنه‌که‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی ئارام و بێ کێشه بوو. بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی بیری ده‌کرده‌وه نه‌یده‌زانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بۆ چ شتێک به کار بهێنێت. پاشان ته‌واوێک بیر و زه‌ینی خۆی هیلاک کرد که چ بکات بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆی نیشانی خه‌ڵک بدات.
له ئه‌نجام دا رۆژێک وه‌ک هارونه ره‌شید جلی گه‌دا‌ی کرده به‌ر و به کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شار دا گه‌ڕا. به‌ڵام بۆ ئه‌وه نا هه‌تا له باری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک بپرسێت، به‌ڵکو بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنێکی شیاو بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی. ئێواره گه‌یشته نزیک پارکێکی ناوه‌راست شار و دیتی وا گه‌نجێک خه‌ریکه شتێک له سه‌ر دیواری ته‌والێتی پارکه‌که ده‌نووسێت. به‌و دیمه‌نه قه‌ڵس ده‌بێت و ئاوڕ له دوو چه‌کداره‌که‌ی یاوه‌ری ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت له ئه‌مرۆوه ئه‌و تاوالێته ده‌بێت بکرێت به زیندان و یه‌که‌م که‌س بۆ تاقی کردنه‌وه براکه‌ی منی تێدا ئه‌شکه‌نجه و به‌ند بکرێت.]
سه‌لام له‌گه‌ڵ ته‌واوکردنی نوکته‌که‌ی قاقا له نێو دڵییه‌وه پێده‌که‌نی و منی خسته نێو گومانێکی گه‌وره‌وه له‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی که به رۆژنامه‌یه‌کی بیانی به ده‌ستی هێنابوو. بۆیه لێره به دواوه سه‌لام ئه‌و برا دڵسۆزه‌ی جاران نه‌بوو، به‌ڵکو شتێک بوو لێل و وێڵ له پێش هه‌ردوو چاوه ره‌ش و سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانم ده‌جوولا.
به‌وه من له نێو پنته ره‌شه‌که‌ی سه‌ر نه‌خشه‌که دێمه ده‌ره‌وه و نه‌فره‌ت له‌و شاره ده‌که‌م که تێیدا برایه‌کی پشتیم گه‌وره‌ترین خیانه‌تم لێده‌کات.
نه‌خشه‌که‌م هه‌ر به ده‌سته‌وه بوو، به‌ڵام دوایی ئه‌و شاره‌ی که پیته‌کانی هی ناوی دایکم و باوکم بوون و تێیدا برایه‌که‌م نوکته‌یه‌کی شه‌یتانانه‌ی گێڕایه‌وه، ئیتر حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌ما به دوای شارێکی دیکه دا بگه‌ڕێم. خه‌مناک نه‌خشه‌که له سه‌ر ڕانه ڕووته‌کانم کۆ ده‌که‌مه‌وه و به دڵێکی سارد‌ه‌وه هه‌ڵده‌ستمه‌وه. به‌ڵام هێشتا بۆ جاری دووه‌م له ئاوێنه‌که دا نیگاره‌کانی سه‌ر روومه‌ته‌کانم نه‌بینیبوو، شه‌قێکی به هێز له لا روومه‌تێکم درا و منی یه‌کسه‌ر هێنایه‌وه نێو ئان و سات.
گێژ بووم و به هه‌ر چوار ده‌ورم دا ئاورم دایه‌وه.
به‌ڵام کاتێک بینیم هێشتا هه‌ر له‌و ژووره‌م که تیێدا په‌رداخه شه‌ربه‌ته‌که‌م له به‌رده‌م دانرابوو، نه‌مزانی چی بکه‌م و چی بڵێم؟ ئایا گشت ئه‌وه‌ی پێشوو به زینده‌خه‌ونێکی شیرین و تاڵ بزانم که له ئه‌نجامی کوتان و سووتان و خه‌وزڕان دا له نه‌بوونه‌وه له نێو زه‌ینم دا چێببوو، یان ناوی بنێم قه‌ده‌رێکی ئاڵۆز و دوور که له‌وانه‌یه له دوارۆژ به هه‌مان شێوه خۆیم نیشان ده‌دات.
هاوینی 2009
تێنینی:
بەر لە بڵاوبوونەوەی، لە سێ ساڵی جیادا شیش کەبابم خستمە بەردەم سێ لە کاکانی ئازیز ( یوسف عیزەددین و فەرهاد شاکەڵی، و کاروان کاکە سوور )
یوسف رەمزەکان و کاروان وەسفەکان و فەرهادیش لە زۆر لاوە گەلێک بەخشندە بوو. و پێی باش بوو شیعرەکەی مەولانا بە فارسییەکەی بنووسم، بەڵام من لە ئینگلیزەکە وەرمگێڕابوو و زۆر هەوڵمدا فارسییەکەیم دەست نەکەوت.