Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
نوێژی سیاسی ….  عەبدوڵا مەحمود

نوێژی سیاسی …. عەبدوڵا مەحمود

Closed
by March 15, 2011 گشتی

زیاتر لە ٢٤ ڕۆژە سلێمانی و زۆریك لەشارەکانی تری ژێر جوغرافایی نفوزی سیاسی سەوزو نیلی، بوونەتە سەکۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری و جوگرافیای زەردی ژێرسایەی پارتیش لە کۆڵاندایە.
لەو ماوەیەدا تا ئێستا کە سێ هەینی تێپەڕاندووە، هەر سێ هەینییەکە، سەرای ئازادی کراوەتە مزگەوتیکی سیاسی و نمایشی نوێژی سیاسی.
خەڵکی کوردستان، کە بەئیلهام وەرگرتن لە ڕاپەرێن و شۆڕشی دنیای عەرەبدا، تورەیی و نارەزایەتی خۆیان هیناوەتە سەر شەقامەکان، وە بەبینینی ‌هێزی جەماوەرو ڕاوەدونانی بەشێک لە سەرە دیکتاتۆرەکان، ئێرادەو بڕوابەخۆبونیان چۆتەسەرەوە، وە چالکوانە سیاسیەکانی کۆمەڵگای سیاسی و حزبی داگری کوردستانی، چالکترکردۆتەوەو شەقام ڕایکیشاونە ناو دۆخێکی شۆڕشگێڕانەوە.. ‌هێزو لایەنی سیاسی جۆراوجۆر کەوتونەتە جموجۆڵێکی هوشیارانەو بەنەخشە، کە مافێکی سادەی ئەحزاب و لایەنی سیاسییە.
خەڵکی کوردستان، کە بۆ نان و ئازادی و ئیرادە نواندنی خۆیان هاتونەتە مەیدان و خوازیاری کۆتایی هێنانن بە دەسەڵاتی ستەمکارو تاڵانچی و میلیشیایی. لەدڵی ئەم وەزع و دۆخە تایبەتییەی خرۆشانی جەماوەریدا، ڕەوتگەلی ئیسلامی بە پشتیوانی ئێران و وڵاتانی ترو بزوتنەوەی گۆڕان و سەوابیتە دینییەکەی، دەستیان ئاوەڵا بووە تا نمایشی هیزی خۆیان و سونەتی ئیسلامی خۆیان لەسەرای ئازادی بکەن.
ئەم رەوت گەلە سیاسییە، بەتایبەت کۆمەڵ و یەکگرتوو کە تا چەند مانگ لەمەوبەرو سەرانی گۆڕان کە ١٨ ساڵە بەشدربوون لە دامەزراندن و بیناکردنی سیستەمی سیاسی و تاڵانچی و میلیشیاییی لە کوردستاندا، ئەمڕۆ دەیانەوێ ناڕەزایەتی و توڕەی خەڵک و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکەنە، پردەبازی ساتو سەوداو پچڕینی بەشی زۆرتر لە دەسەڵاتی سیاسی کوردستان.
کۆمەڵ و یەکگرتوو کە دوو ڕەوت و ‌هێزی سەر بەیەک بزوتنەوەی سیاسی ” ئیسلامی سیاسین” کۆرپەی خێزانی ئینسانکوژ و دژی ژن و دژی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی ئینسانن، بە هاوپەیمانیەتیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران کەئەویش کۆرپەی تۆراوی یەکێتی و بەشێکی دۆڕاوی دەسەڵاتی بزوتنەوەی بۆرژوازی کوردەو سەوابیتی دینی قیبلەنومای وابەستەبوونیەتی بە کۆنەپەرستی دینی، خەریکن فۆرمی ئیخوان موسلمین، فۆرمی شکستخوازی مەیدانی تەحریری میسر لە سەرای ئازادی نمایش بکەن.
ئەم لایەنانە لەکاتێکدا خەریکی کۆپیکردنی مۆدێلی ئیسلامی سیاسی میسرن بۆ کۆمەڵگای کوردستان و سەرای ئازادی، لەوە تیناگەن، کە کوردستان میسر نییە، تەنانەت لەوە تێناگەن کەئەو بزوتنەوەیەی دنیای عەرەب و ناوچەکەی گرتۆتەوە، هیچ تەبایەکی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی ئیسلامی نییە، ئەگەر ئیسلام و کۆنەپەرستی دینی زادەی نەزانی و بێئیرادەیی ئینسان، زادەی داماوی و تیکشاویی و نائومێدی و هیوایە، ئەوە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی ئەم دەورەیە، بەرهەمی بێداربونەوەی ئینسانی ناڕازی و بەرهەمی نواندنی ئیرادەو خواستی ئازادی و پچڕاندنی زنجیرەکانی سەرکوت و توڕدانی دەسەڵات بۆماوەیی” ویراسی” سەرچاوەگرتووی خەلافەتی ئیسلامییە.
ئاراستەکردن و بردنی نوێژی هەینی و بانگ دان و پارانەوەو نزاکردن لەسەرا… بەدەستەوەگرتنی مینبەری سەرای ئازادی لەلایەن چەند مەلایەکی بەلاشخۆرو کاسەلێس، هەوڵێکی بەنەخشەی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامییە بەهاوکاری و هاوپەیمانیەتی سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی سەرای ئازادی و خواستی ئازادی و داواو داخوازیەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستان، بخەنە قاڵبی ئیسلامی و مۆری رەوتگەلی ئیسلامی بدەن، لە بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانە و کە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و یاساو خوێندن و پەروەردە، چەند هێندەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حزب لە حکومەت! لە بازاڕ و ئابوری، لە بوارەکانی ژیاری کۆمەڵگا… گرنگترەو هەموو ئازادیخواز و عەلمانییەک درکی ئەمە دەکەن، بەڵام یەکگرتوو کۆمەڵ و سەرانی گۆڕان و چەند نوسەرێکی گەمژە کە ماهیەتەن یان بەنرخی رۆژ نانخۆر… دەیانەوێ ئەم بزوتنەوەیە لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا، بهێڵنەوە، دەیانەوێ لەژێرناوی فرە ڕەنگییدا، زەخیرەی سەرکوتی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و ئاییندە ئازادیخوازیەکەی فەراهەم بکەن و رێگەبگرن لەوەی سبەی کەس دەست بۆ سەوابیتە دینیەکان، دەست بۆ جیاکردنەوەی دین لەسەر ژیانی کۆمەڵگا… ببات.
سێ نویژی سێ هەفتەی ڕابردوو، سێ نوێژی سیاسی بوون، ئاخر سەرای سلیمانی مزگەوتی گەورە هێندە لەیەکەوە نزیکن، هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی خەڵکی عەوام و موسوڵمان، ناچار بکات نوێژەکانیان ببەنە سەرای ئازادی، ئەمە کردەیەکی ئاشکرای سیاسی و ئیسلامی سیاسییە و بە پشتیوانی باڵێکی کۆنەپەرستی ناسیونالیسیتی، کە هەڵگری هەمان ئەلگۆی دوو حزبی دەسەڵاتبەدەستی کوردستانن، کە نزیکەی ٢٠ ساڵە لە قوتی خەڵکی کوردستان، بەملیۆنەها دولار دەکەن بەقورگی لایەنە ئیسلامیەکاندا. ئەو لایەنانەی کارنامەیان بەرامبەر بە کۆمەڵگا،بەرامبەر بە ئازدی و بەرامبەر بەژنان و مناڵان… پێویستی بە داتا و بەڵگەهێنانەوە نییە.
سەرای ئازادی و خۆپیشاندان و کۆبونەوەی ئازادیخوازانە، هیچ تەبایەکی لەگەڵ سونەتی ئیسلامی سیاسی، لەگەڵ مەلای بەلاشخۆر، لەگەڵ نوسەری بکوژی ئازادی و مافی تاک و یەکسانیخوازی، ئینسانەوە، نییە.
هەروەها لە کوردستانداو لە ژیر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا، ئەوەی هەرگیز سنوری بۆ نەکێشراوە، ئازادی هەڵسوڕانی کۆنەپەرستانی ئیسلامی، ڕەوت و هێزی ئیسلامی، مەلا و نوسەری ئیسلامی… بووە. هەرچی لە هەگبەیاندا بووە، هەڵیانرشتووە. مزگەوتیان بۆ مەرامی سیاسی بەکارهێناوە، لچکیان لەبەرامبەر بە نان کردۆتە سەری مناڵان. تێزاب ڕێژیان کردووە، بەسەدان فتوایان داوە، سەدان هەڕەشەیان ئاراستەی نووسەرانی ئازدیخواز، ئاتەئیستەکان، کۆمۆنیستەکان و چەپ، کردووە. بەهەزاران کتێب و نامیلکەو کاسێت و سیدیان.. بڵاوکردۆتەوە، ریگەی هیچ تاوان و کۆنەپەرستی ژەهر ڕشتنێکیان لێنەگیراوە، نۆکەرایەتیان بۆ ئێران و وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە، شاردنەوە هەڵناگرێ. لەهەموو ئەمانەش واوەتر کەس رێگەی لە هیچ نوێژ کەریك و موسوڵمانیک بە ئەندام و لایەنگرانی ئیسلامیەکانیشەوە، نەگرتووە، تا ئێستا بێن و بیانەوێ کەڵک لە دۆخی ئیستا وەربگرن و قەرەبووی سەرکوت و ڕیگەلێگرتنیان… لەسەرای ئازادی بکەنەوە.
نابێ رێگەبدرێت بە ناوی موسوڵمان!! بوونی خەڵکی کوردستانەوە، بەناوی فرەرەنگیەوە، درۆی ئیسلامی، نوێژی سیاسی، سایە بکاتە سەر بزوتنەوەی جەماوەری خەلکی کوردستان بۆ نان و ئازادی و ئیرادەو دەسەڵاتدارێتی لەخوارەوەی جەماوەری کریکارو زەحمەتکێش و لاوانی دڵپڕ لەهیواو ئومێد.
هەموو ئەو ئینسانانەی کە لە رێگای بەجێهێنانی سونەتە ئیسلامیەکان دەیانەوێ پەیوەندی روحی خۆیان بەخوای خۆیانەوە، رابگرن، جیان لە ریزی ئەو ئیسلامییە سیاسیانەی کە دزیوترین پەڵەی ناحەزی ناو کۆمەڵگای کوردستانن کە دەیانەوێ لەڕێگای  خۆشخزمەتیان بە وڵاتانی ناوچەکەوە،  پێگەی سیاسیان بۆ پچڕینی بەشی سیاسی لە دەسەڵات زامن بکەن و قومار بە خواستە ڕەواکانی خەلكی کوردستانەوە بکەن، تا زەماوەندی گوڵە بەهارەی دامەزراندنی دەسەڵاتی رەشی ئیسلامی بەسەر سەری خەڵکی کوردستاندا بکەن و تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران و ئەفغانستان، لەسەر خەڵکی کوردستان بەکردەوە دەربهێنن. کوردستان زەمینەی ئیسلامی سیاسی نییە، پاشەکشەی ئیسلامی سیاسییش یەکێک لە لایەنە بەرچاوەکانی ڕاپەرین و شۆرشی تونس و میسرەو ئەگەر ئەم مۆدیلە لە ئیسلامی سیاسی لە میسر، بچیتە کەنارەوە، ئەوا لە کوردستان راپەرێنی ئازادیخوازانە، ئیسلامی سیاسی رەوانەی مۆزەخانەی ئیسلامیەکان دەکاتەوە.
پێویستە خەڵکی ئازدیخوازی کوردستان و بەرەی ڕادیكاڵی، لە خێرا توڕدانی دەوری ئیسلامی سیاسیدا، دەوری شایستە لەدڵی خۆپیشاندانەکانی ئیستادا بگێرن و یەکەمین هەنگاویشیان، رێگە گرتن بیت لەوەی سەرای ئازادی بکەنە مزگەوت و شوێنی نوێژی سیاسی. سەرای ئازادی ڕەمزو بڵندگۆی ئازادی و خواستی ئازادی و ئازادیخوازییە، کە ڕەوتگەلی ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتیان بۆ دژی ئازادی و ئازدیخوازی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی ئینسانە.

١٤/٣/٢٠١١ 
     abdulla.mahmud@gmail.com

     

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.