Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ …. شوان سدیق

بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه‌ …. شوان سدیق

Closed
by March 16, 2011 گشتی

23 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆم بیر دێته‌وه‌

هه‌ڵه‌بجه‌ جێی له‌ دایك بوونمه‌ هێنده‌ی له‌ هه‌ولێر و شوێنه‌كانی تر ژیاوم به‌سجنی نوگره‌ سه‌لمانیشه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌ژیاوم هه‌رچه‌نده‌ خۆم به‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ ده‌زانم كات له‌ دوای كات و رۆژ تا ئێواره‌ بیرم لای شوێنی منداڵیمه‌ و گه‌ڕه‌كی كانی عاشقان و گوڵانیش به‌و وێرانی و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌ی ئه‌مڕۆشه‌وه‌ هه‌ر به‌جوانی ده‌یبینم چونكه‌ له‌ پێش چاومه‌ خو ئه‌گه‌ر ئه‌و من له‌یاد بكات باوه‌رناكه‌م من بتوانم له‌یادی بكه‌م!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی من باوه‌ڕم پێیه‌تی بۆ رۆژێكیش شه‌ڕی شارچێتیم نه‌كردووه‌، وه‌ك پۆزلێدانێ یا خۆهه‌ڵكێشانێك كه‌ بڵێم خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌م باوه‌ڕم پێی نییه‌و رقیشم لێیه‌تی چونكه‌ زۆركه‌س ناسنامه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان له‌ خۆیان ناوه‌ و له‌زۆرجێگاو ناوچه‌شدا ده‌ڵێن خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ین. به‌ڵام باوه‌ڕناكه‌م له‌ خه‌می خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌دا بن.
ئه‌وه‌ بۆ سێ ساڵه‌ ئه‌و شاره‌م نه‌بینیوه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می بنیادنانی كه‌سێتی خه‌ڵكم بیرم لای بینای به‌رز و رێگا و بان و باخچه‌ و بۆیاخكردنی ده‌رگای باخچه‌كانی ئه‌و شاره‌نییه‌. چونكه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر ژیان ده‌كه‌م، لێره‌ باخچه‌ی جوان و بیناو باڵه‌خانه‌ی به‌رزو قه‌شه‌نگ شاری گرتۆته‌وه‌. به‌ڵام فه‌زایه‌ك دروست نه‌كراوه‌ یان لێ ناگه‌ڕێن دروست بێت، ئینسان خۆی بدۆزێته‌وه‌، خۆ دۆزینه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌ی ئینسانیش له‌و روه‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ست به‌وه‌ بكات ئه‌و هه‌یه‌ و هه‌موو بینین و بیستن و هه‌ستكردن و تامكردنێكی له‌ وه‌خته‌كانی ژیانیدا لای ببێته‌ پرسیار و چاوه‌ڕێی وه‌ڵام بكات.
واته‌ بیناو باڵه‌خانه‌ و رێگای جوان و په‌یكه‌ری پیاوی سه‌ربازی و پاركی دیوار بۆكرا و گه‌ڕكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند نیشته‌ جوانه‌كان ناگۆڕمه‌وه‌ به‌ گه‌ڕه‌كێكی قوڕی وه‌كو گه‌ره‌كی عاره‌بان و باداوا و بنه‌سڵاوه‌ به‌مه‌رجێ ئازادی تیابێ ئینسان و مرۆڤه‌كان بتوانن بیر بكه‌نه‌وه‌ و پرسیار بكه‌ن و چاوه‌ڕێی وه‌ڵام بن.
بۆیه‌ نامه‌وێ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك هه‌ولێر بێت چونكه‌ هێنده‌ پێم باشه‌ له‌جیاتی باڵه‌خانه‌ی جوان و دروستكردنی مۆنۆمێنت بۆ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران و جێگای یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی (16ی 3.) له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێمباشه‌ ئینسان دروست بكرێ و فه‌زایه‌كی بۆ بخولقێت بۆ ئه‌وه‌ی بیری تیا بكاته‌وه‌ بژێت، چونكه‌ به‌عس به‌چه‌كی كیمیای و ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنی و هێزی داپڵۆسێنه‌ر هه‌وڵی تێكشكانی كه‌سایه‌تی ئینسانی كوردی دا ئه‌و هێنده‌ مرۆڤی له‌ناو ده‌برد مرۆڤی دروست نه‌ده‌كرد ئه‌گه‌ر به‌عسی شۆڤێنی دینی ئاوڕی له‌ ئینسان و بنیادی مرۆڤ بدابایه‌وه‌ وای له‌ خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ نه‌ده‌كرد.
ئه‌مڕۆ 23 ساڵ به‌سه‌ر بۆمبارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ تێده‌په‌ڕێت، كه‌ به‌ چه‌كی كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی شوڤێنی حزبی به‌عسی ده‌سه‌ڵات داری تاك ره‌و و تۆتالیتاری سه‌ددامه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ و هه‌زاران له‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كوشتن و برنیداری كردن.
به‌ ته‌نها چه‌ند هه‌زار كه‌سێك له‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ نه‌كوژران و بریندار نه‌بوون، به‌ڵكو خه‌ڵكێكی زۆر قوربانی ده‌ستی ئه‌و چه‌كه‌ن، كه‌تاهه‌نووكه‌ش گیرۆده‌ی تۆقان و برینداركردن و ئاواره‌بوون و ده‌ربه‌ده‌ر بوون. كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا هه‌نووكه‌ش ئاسه‌واری ئه‌و بارودۆخه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
ئه‌مڕۆ ئه‌و شاره‌ ئاسه‌واری دوو ئیداره‌ی حزبی كوردی و كێشه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئینسانی خۆی له‌ بیرچۆته‌وه‌. یادی 23 ساڵ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن حكومه‌تی عه‌ره‌بی شۆڤێنی به‌ چه‌كی كیمایی ئه‌و شاره‌ی بۆمبارانكرد.
به‌ڵام من پێم وایه‌ یادكردنه‌وه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ دادی هه‌ڵه‌بجییه‌كان و خه‌ڵكی ئه‌و ناچه‌یه‌ نادات كه‌له‌و رۆژه‌دا له‌جیاتی مه‌راسیمیك ئه‌وان با داوای چاره‌سه‌ركردنی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ن كه‌ به‌هۆی چه‌كی كیمیاییه‌وه‌ به‌سه‌ریان هاتووه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ژیانی دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دورونزیك ببینێت بۆی روون ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و شاره‌ هێشتا زۆر پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ ئاوڕی زیاتری لێ بدرێته‌وه‌.
ئاوردانه‌وه‌ له‌ ئینسانی ئه‌و شاره‌ له‌ ڕووی باوه‌ڕ به‌خۆبوون و به‌رده‌وامیان بۆ ژیان زیاتر و گرنگتره‌ له‌وه‌ی كه‌ كێشه‌ی ریگاو بان چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئینسان جیا له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت هه‌موو پێداویستییه‌كی ژیانی بۆ دابین بكرێت بێگومان ده‌بێت، پێش هه‌مووشتێك ژینگه‌یه‌كی واشی بۆ بره‌خستێت كه‌ هه‌ست به‌بوونی خۆی بكات.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ دوای 23 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و جه‌نگه‌ ماڵ كاولكارییه‌دا هێشتا خه‌ڵكی ئه‌وشاره‌ هه‌ست به‌ دڵه‌ خورپه‌ و ئازارێكی ده‌روونی ده‌كه‌ن، ئازارێك كه‌ هه‌ست به‌ته‌نیایی و بێ كه‌سی و پشت گوێخستن ده‌كه‌ن. چونكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و شاره‌ كه‌ له‌دوای بۆردوومانكردنیش هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم لایه‌نی په‌یوه‌ندی دار وه‌ك پێوست نه‌یتوانیوه‌ رۆڵێك بگێڕێ كه‌ خه‌ڵك هه‌ست به‌ئاسووده‌ی ده‌رونی بكات!!!

16.. 3.. 2011 هه‌ولێر
shwansdiq@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.