Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
هەوڵ مەدەن یاخیبوونمان شەهید بکەن

هەوڵ مەدەن یاخیبوونمان شەهید بکەن

Closed
by March 16, 2011 گشتی

ئەگەر ووشەیەکی سەردەمییانە و ڕۆشنبیرانە و شیاو بۆ میدیاکان و کایەی سیاسی  هەبێت بەکاریبهێنین لە جیاتی (پیاوانی ئاغا) لە ئێستادا، ڕاوێژکاری جەنابی سەرۆکەکان ئەو سیفەتە هەڵدەگرن، واتا ڕاوێژکارەکانی سەرۆک،  پیاوانی سەرۆک یان ئاغان.

یەکێک لە پیاوانی ئاغا پێشنیار دەکات با کاک بەختیار عەلی و چەند پیاوێکی تر سەردانی سەرۆکی هەرێم بکەن و داواکاری خۆپیشاندەرانی پێ ڕابگەیەنن ، گوایە جەنابی سەرۆک بە تەلەفۆن بەم ڕاوێژکارەی خۆی گوتووە کە دانیشتنێکی وەهامان بۆ ڕێک بخە.
ئەم کارتە سیاسییە کەشفانەی سەرۆک و پیاوەکانی ئەوەندە کۆن و بەسەرچوون، بێزارییەکانی ئێمەی گەنج بۆ توڕەبوونێکی توندتر دەبات، تەنانەت ئەگەر لە یەکێک لەو مێردمنداڵانەی سەرای ئازادی بپرسیت، ڕات چیە لەسەر ئەم پێشنیار و تەلەفۆن و داوەت و داوەتکارییە. بێگومانم بەم شێوەیە دێتە قسە:  پێویست بەم سەریەشەیە ناکات.. داخوازییەکانمان لە مێژە بڵاوکراونەتەوە لە میدیاکاندا، بە دەنگ و بەڕەنگ و نوسراو و بینراو.. ئەرێ سەرۆک نەیبینیوە؟؟
یان وەک بەختیار عەلی ووتی وادیارە سەرۆک تەنها نوسینی ڕاوێژکارەکانی خۆی دەخوێنێتەوە، چۆن تەنها پیاوەکانی حیزبەکەی خۆی بە کورد دەزانێت. لە مەجالی کوژرانی کورد بەدەستی کورددا.
ئێمەی گەنج و منداڵ و مێردمنداڵ و نەوەی نوێی ئەم کوردستانە، خاوەنی پەیامێکی یاخیگەرییانەی پڕ لە داواکاری ڕەوا و ڕەهاین، کەس نوێنەری ئێمە نیە لە نێو بالەخانە و ماڵ و کۆشکی ئاغا و سەرۆکەکاندا، نامەکانمان و داواکارییەکانمان لە داخوازینامەکەدا سەنگی مەحەکی ئێستامانە. چیتر مەیەن بتانەوێت بە پلانە جۆراوجۆرەکان یاخیبوونی ناو ناخمان بکوژن و زیندەبەچاڵی بکەن، بەختیارعەلی و هەموو ئەو ڕۆشنبیرە خۆشەویستانە لە پشت یاخیبوون و توڕەبوونی ئێمەوە خۆیان کردووە بە دیوار و شاخ، بۆیە لە ترۆپکی ڕێزدان. دەنا چوونە بەرقاپی سەرۆکەکان و داواکاریە سواڵئاساکان لەو کارە شەرمەزارانەیە کە هەرگیز ئێمەی یاخی ڕازی ناکات بە قەبوڵکردنیان بە ناومانەوە بدوێن.
ئەمە هەمان ئەو پلان و فێڵانەیە  کە لە ڕابردوودا کەسوکار و باوک و باپیرانمانتان پێخەڵەتاند،  وایانکرد ڕازی بن بە شەڕی براکوژی بە دزی بە خیانەت بە تاڵانی بە گەندەڵی بە درۆ بە داوێن پیسیتان ئێمە تازە چیتر ئەوان نین. ئێمە نەوەیەکین ڕۆحمان بەیەکەوە گرێدراوە بە مولولەکانی تازەگەری و نوێخوازی و نوێبوونە و پێشکەوتن. ئەم کارتانە لە پێڕەکانی دەستاندا بهێڵنەوە با لێتان نەکەوێتە ژێر پێڵاوەکانمان.
بەختیار عەلی و فاروق ڕەفیق و ڕێبین هەردی و ئاراس و مەریوان و هەموو ئەوانەی ئێستا بوونەتە دەمڕاست و دەمسپی ڕۆحی گەنجانەو یاخی و توڕە و کۆڵنەدەری ئێمە، هەتا ئەوکاتە لەم کورسییە خەیاڵیەی پێشڕەویکردنەی ئێمەدا دەمێننەوە کە دەتوانن پشتێکی چەماوە بن بۆ ئەو بارە قورسەی مافە ڕەواکانی ئێمە سەنگینی کردووە. دەنا لە هاتنە دەرەوەیان لەو سەنگەرەدا و ڕووکردنە ماڵی سەرۆکەکان بە هەر پاساوێک بێت، نایەنەوە ناو ئێمە و وەک فەرهاد و حەمە سەعید و مەهاباد و چەندانی تر دەکەونە پەراوێزی پەراوێزەکانەوە.

تکایە هەوڵ مەدەن ئەم یاخیبوونەمان بمرێنن چونکە ناتوانن.. نە توانا پۆڵایین و چەکە قورسەکانی ئێوە ، نە شیعر و ڕۆمانە خوداییەکانی شاعیر و ڕۆشنبیران.
15.03.2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.