Skip to Content

Tuesday, May 7th, 2024
شاری هەولێر لە نێوان تۆقاندنی دەسەڵات و بێ باوەری بە ئۆپۆزسیۆن

شاری هەولێر لە نێوان تۆقاندنی دەسەڵات و بێ باوەری بە ئۆپۆزسیۆن

Closed
by March 19, 2011 گشتی

خۆپیشاندانی مەیدانی ئازادی (بەردەرکی سەرا) مانگێک و دوو ڕۆژە،سەرەرای هێرشی هەمەلایەنە و گرتنە بەری هەموو تاکتیکێکی دەسەڵات بۆ دژایەتی کردنیان ئێستاش هەر بەردەوامە. یەکێک لە ئامانجەکانی خۆپیشاندەران و ئەنجوومەنی کاتی مەیدانی ئازادی ئەوەیە هەولێری دەستە خوشکی سلێمانی بێتە پشتوانی و چارەنووسی ئەم مانگرتنە گشتی یە سەرانسەری بکاتەوە و بەرەو سەرکەوتنی بەرێت.
دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی حکوومەتی هەرێم و بە تایبەتیش دەسەڵاتی باوکسالاری پارتی دەیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لە ماوەی ئەم مانگەدا هەموو تواناکانی خۆی بەکارهێناوە هەر لە هێزەکانی زێرەڤانی یەوە بگرە تاوەکو دەزگای پاراستن و میدیاکانی بۆ ڕێگە گرتن لە بەرپابوونی خۆپیشاندان لە دژی گەندەلی، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی سیاسی …هتد.
یەکێک لە پروپاگەندەکانی سەرانی پارتی ئەوەیە کە هەولێر ئارامەو بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ئەم ئارامی یە تێک بدات. بەڵام هەموولایەک ئەم راستی یە باش دەزانن بە پارتی خۆشی یەوە کە شاری هەولێر لە ناوەوە پەنگ ئەخواتەوە لە دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی پارتی و حکومەتی هەرێم. بە هیچ شێوەیەک ئەم پروپاگەندەیە ڕاست نی یەو  تەنها پەردەپۆش کردنی ئەم زولم ستەمکارییەیە کە پارتی لە هەولێر درێژەی پێدەدا لە دژی جەماوەری ئەم شارە.
ئۆپۆزسیۆنیش لە کاتێکدا داوا لە جەماوەری شاری هەولێر دەکات خۆپیشاندان بەرپا بکەن لە دژی دەسەلاتی پارتی، کەچی خۆیان ناتوانن نەک هەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری،گردبوونەوەیەکی حیزبی، میتینگێک،کۆڕێکی سیاسی بەرێوەبەرن بەڵکو لە توانایاندا نی یە بەرگری لە ئۆفیسەکانی خۆشیان بکەن لە بەرامبەر دەسەڵاتدا. پێش سوتاندنی بنکەکانیان بە قەولی یەکێک لە سەرکردەکانی گۆران هەر زوو تەسلیمی پولیسیان کرد. لەم لاشەوە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان لە ترسی پارتی یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی هاتە سەرخەت و پەیڤی: خۆپیشاندەرانی بە “ئاژاوەگێر” وەسف کرد و پشتیوانی بزووتنەوەکەی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەرگری کردن لە ئاسایشی هەرێم!!! لەم لایەشەوە وەکو دەرکەوتوو وە یەکگرتووی ئیسلامی زۆر ئۆپۆرتۆنیستانە و داوای لە ڕێکخستنەکانی کردووە کە لە زۆنی زەرد بەشداری خۆپیشاندان مەکەن بەڵام لە زۆنی سەوز بەشداری بکەن. ئەمە هەڵوێستی ئۆپۆزیسۆن بێت چۆن چاوەروان دەکرێت بە بانگەوازی ئەم ئۆپۆزیسۆنە جەماوەری شاری هەولێر بێنە سەر شەقام. سەرەرای ئەمانەش ئۆپۆزیسۆن بە دیاریکراویش “بزووتنەوەی گۆڕان” لە ناو جەماوەری هەولێر و شارەکانی تریش،وەکو بزووتنەوەیەکی ناوچەگەری ناسراوەو جێگای پشتیوانی یەکی بەرفراوان نی یە. نەک هەر ئێستا بەڵکو لەم کاتەیەوە کە دروست بووە بە ئیفلیچی لە دایک بووە، لە هەولێر و شارەکانی تری وەکو دهۆک و کەرکوک.
ئەگەر نا مێژووی چەند دەیەی رابردووی شاری هەولێر نیشانی دەدات کە ئەم شارە لە هەموو ڕوویەکەوە قوربانی بێ ئەژماری داوە لە خەبات لە دژی ستەمکاری رژێمی بەعس و دەسەلاتی خۆمالی (بەرەی کوردستانی و دواتریش حکوومەتی هەرێم) . من خۆم شاهێدی واقیعی ئەم شارەم کاتێ ڕاپەرین لە دژی رژێمی بەعسی فاشیست لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ چ قارەمانێتی یەکیان نواند، لە بەرەنگاربوونەوەی بێ وێنە لە بەرامبەر هێرشی ڕژێمی سەدام لە ٣١ ئازاری هەمان ساڵ (کە بە کۆڕەوەکە ناسراوە) کە بەرەی کوردستانی ئەو کاتە نەک هەر مقاوەمەیان نەکرد بەڵکو شەوی پێشتر قوچاندیان و تاکە هێزیش کە بەرگری کرد هێزی چەکداری شوراکان و جەماوەر بوو. هەروەها پێشرەو بوونی شاری هەولێر لە خۆپیشاندانە کەم وێنەیی یەکانی ساڵی ١٩٩١ و داخوازی چوونە دەرەوەی هێزی داگیرکەری بەعس لە کوردستان،ئەم کاتەی کە لە گەل بەرەی کوردستانی لە گفتوگۆدا بوون بە تایبەتیش ڕاپەرینی ١٧ تەمووز لە دژی بەرەی کوردستانی و حکوومەتی بەعس بە ڕاستی ئەم شارە مێژوویەکی یان دروست کرد لە دژی ئەمانە. هەروەها دەورو نەخشی جەماوەر لە پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری یەکانی وەکو “یەکێتی بێکاران” و ” کۆمەڵەی ئاوارەکان” و مەراسیمەکانی ٨ی مارس “ڕۆژی ئافرەتانی جیهان” و  ١ی ئایار ” ڕۆژی کرێکارانی جیهان” ئەمانەو چەندانی تر نەک هەر لە هەولێر پێکهاتن و بەرێوە دەچوون. بەڵکو بەراورد بە شارو شارۆچەکانی تر زۆر لە سەرەوەتر و بالابەرزتر بوون. سەرەرای ئەمانەش کە باسمان کرد کارەستەکانی شەڕی ناوخۆ کەم نین کە بەسەر ئەم شارەدا هاتووە. شەڕی ناوخۆیی لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی، شەڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. دواتریش بوو بە کارەساتی هێنانەوەی رژێمی بەعس لە لایەن پارتی یەوە بۆ هەولێر لە ساڵی ١٩٩٦ کە بە ٣١ ی ئاب ناسراوە.
سەرەرای ئەمانەی مێژووی بیست ساڵەی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی و حکوومەتی هەرێم، ئەم هێزانەی ئێستا پروپاگەندەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن نموونەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵ و بزووتنەوەی گۆڕان هەر هەموویان بێ جیاوازی برا بەشی دەسەلاتی پارتی و یەکێتی بوونە، ئەگەر ئەوان برا گەورە بووبن ئەوانیش برابچووک بەشی خۆیان وەرگرتووە. لە هەموو دەورانەکانیشدا وەکو پارتی یەکێتی لە سەر سەروەت و سامانی نیشتمانی مشەخۆر بوونەو برا بەشی پارتی یەکێتی بوونە. تەواوی مێژووی ئەم بە ناو ئۆپۆزسیۆنە تەنها سالێک و چەند مانگێکە لە دەسەلاتدا نین و دونیایان لێ وێک هاتووتەوە و شەڕی بەشکردنی سەروەت و سامان یان لە گەل دەسەلاتی پارتی یەکێتی راگەیاندووە. بە دڵنیایی یەوە دەیڵێم ئەمانە نەک هەر لە گەل ئالوگۆری شۆڕشگێرانە نین بەڵکو خۆیان ئەم هێزە کۆنەپارێزەن وەکو پارتی یەکێتی، لە بەرژەوەنی یانە دەسەلاتی مشەخۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری ئەوانش لە دەسەلات بەم شێوەیە بمێنێتەوە. ئاخر سەیرە لە کوێی دونیای سیاسی ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا دا ئۆپۆزسیۆن خاوەنی کۆمپانیا و ملیۆنەها دۆڵار بێت، خاوەنی دەزگای زەبەلاحی وەکو راگەیاندن بێت، خاوەنی داگیرکردنی بەشێک لە شوێنە گشتی و خزمەتگوزارییەکان بێت خاوەنی دەیەها و دەیەهای تر.
ئەمانە کارو کردەوەی ئۆپۆزسیۆن بێت، چاوەروانی چ لە جەماوەر بکرێت بە پەیام و بانگەوازەکانی ئەمانە برژێنە سەرشەقام، پێم وایە جیاواز لە دیکتاتۆریەتەکەی پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتێکی بێ ئەندازە لە سەرکوت و ترس و تۆقانیان لە هەولێر بەرێخستووە. کە وای لێهاتووە ترسیان لە سێبەری خۆشیان دەبێتەوە. جەماوەری ئەم شارە بەم ئەزموونە کارەساتبارانەی ڕابردوو کە مافی خۆیانە بەم هێزانە بێ باوەر بن و بە ووتەکانیان باوەر نەکەن، چونکە کرداری چەندین سالەیان لە گەل دەسەلاتدا چەکی مەحەکە. ڕەنگە کەسانێک هەبن بڵێن ئەی بۆ سلێمانی ڕاپەریوە، دیارە هەلومەرجی سلێمانی زۆر جیاوازی هەیە لە گەل شاری هەولێر و  تەواوی شارەکانی تر وەکو دهۆک و کەرکوک. جیاوازییەکەش زۆر ڕوونە و دیارە سلێمانی بە دەست ئۆپۆزسیۆنەوەیە نەک دەسەڵات. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی سال و نیوی رابردوودا لە سلێمانی زیاترلە پارتی و یەکێتی خەڵک دەنگیان دا بە بزووتنەوەی گۆران. پارتی کە دەسەلاتی بە دەستەوەیە لە سلێمانی نەک هەر توانای بەرێوە بردنی ئەم شارەی نی یە.بەڵکە لە مەوقیعیەتی بەرگریی دایە.ئەمانە هۆکارێکی ئاسانکارین بۆ هاتنەمەیدانی جەماوەری شاری سلێمانی.
هێنانەوەی نموونەیەکی ئەمرۆی ئێران و کوردستانی ئێران (کوردستانی ڕۆژهەڵات) یارمەتی مان دەکات بۆ زیاتر ناسینی هێزەکانی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن و بەرەی جەماوەری. وەکو ئاگادارن چەند ساڵێکە بزووتنەوەی سەوز لە ئێران وەکو بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتووە (کە پێشتریش ئەوانیش بەشێک بوون لە دەسەلاتی دیکتاتۆری و سەرکوتکەرانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران). ئەم ڕەوتە توانیویەتی چەندین خۆپیشاندان بکات لە شارەکانی ئێران بە تایبەت لە تاران بەڵام بۆ یەکجاریش بە بانگەوازی ئەم بزووتنەوەی سەوزە لە هیچ شارێکی کوردستان خۆپیشاندان نەکراوە سەرەرای بانگەوازی پەیتا پەیتای سەرانی سەوز بۆ خەڵکی کوردستان. ئەم وێنە سیاسی یە ئەوەمان پێ دەڵێت جەماوەر کاتێ لە هێز و لایەنێک دڵنییا نەبێت نایەتە سەرشەقام.چونکە خەڵکی کوردستان کارو کردەوەی موسەویی و کەروبی یان بینیوە لە رابردوو چیان بە خەڵکی کوردستان کردووە. بەڵام هەمان کاتدا جەماوەر بە بانگەوازی هێزێکی وەکو کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و پشتیوانی ئەحزابە چەپەکانی تر مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری کوردستانی ڕۆژهەلاتدا بەرپادەکات. ئەمانە ئەوە نیشان دەدەن جەماوەر وشیار و زۆر هەستیارە ئاوا بە ئاسانی خۆی ناداتە دەست هێزی قەدەر کە نەزانێت چارەنووسی بەرەو کوێ دەروات.
تۆفانی شۆڕشی بەردەوام لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا دەستی پێکردووە و توانی دیکتاتۆریەتی ٢٣ ساڵەی بن عەلی ڕابمالێت و لە ماوەی ١٨ ڕۆژیشدا جەماوەری میسر توانیان گەورە دیکتاتۆری ڕۆژهەلاتی ناوەراست لە تەختی دەسەڵاتدا بیکێشنە خوارەوە. کە پێی دەڵێن “ئەو هەژدە ڕۆژەی دونیای لەرزاند” ئێستاش لە بەشێکی تری جهیانی عەرەب بەردەوامە. وەکو لیبیا و یەمەن بەحرین و عێراق و کوردستان و …هتد. ئەم هەستان و رادیکالیزمە سەرچاوەکەی لە ناعەدالەتی یە کۆمەلایەتی و سیاسی قووڵەوە سەرچاوەی گرتووە تاوەکو ئەم ستەمکاری یە رانەماڵێت راناوەستێت. ئەگەر بە سوپا و دەزگاکانی سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتی میسر و تونس و لیبیای دۆستی نزیکی پارتی یەکێتی ئەم سونامی شۆڕشە نەوەستێت. هەرگیز بە میلیشیاکانی پارتی یەکێتی کۆنترۆل ناکرێت. ئەمە خەونی بن عەلی  و حوسنی موبارەک و قەزافیش بوو. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەوەمان پێ نیشان دەدات. ئەوەی سەرەتاکەی لە کوردستانیشدا دەرکەوتووە و ئێمە دەیبینین لەدایک بوونی بزووتنەوەیەکی نوێ یە کە خەونی دروست کردنی کۆمەڵگایەکی نوێی لە خۆیدا هەڵگرتووە. پێمان دەڵێت لە سەدەی بیست و یەکەم دا “دونیایەکی باشتر ئیمکانی هەیە”.
 

ئازاد ئارمان/ azadarman@hotmail.com
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.