Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئایا سنووری مامۆستا ئاینییەکان لەکوێدا دەوەستێت؟

ئایا سنووری مامۆستا ئاینییەکان لەکوێدا دەوەستێت؟

Closed
by March 23, 2011 گشتی

–  مامۆستا عەلی قەرەداغی لە چاوپێکەوتنێکدا دەفەرموێت، کە دەقێکی ڕوون و ئاشکرا نییە بۆ خەتەنەکردنی ئافرەت، بەڵام ئەگەر خەتەنەکەش بکرێت، دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا بەجێ بهێنرێت بۆ ئەوەی زیان بەو کیژۆڵەیە نەگەێنێت . . .
– مامۆستایەکی ئاینی لە بەشی خوارووی عێراقدا دەڵێت، کە فیدرالیزم حەرامە و نابێت باسی لێ بکرێت و هەموو هەوڵێک بەو  ئاراستەدا دژ بە ئاینە.
– مامۆستایەکی بەڕێزی دیکە دەفەرموێت، کە خۆپیشاندان “جیهاد”ە و ئەرکێکی سەرشانی هەموو موسڵمانێکە.
– بەرامبەر ئەو مامۆستایەکی دیکە دەفەرموێت، کە خۆپیشاندەران وەک “خەواریج” وان لە ڕوانگەی ئاینی ئیسلامییەوە.
– مینبەری مزگەوتەکانیش لە ڕۆژی هەینیدا بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچنە ناو بواری سیاسییەوە و لەمبەر بێت یان لەوبەر بێت شتێک هەر دەدرکێنن.
ئایا ئەرکی مامۆستا ئاینییەکان چییە و سنووری ئەو ئەرک و مافانەیان لەکوێدا دەوەستێت؟
ڕاستە ئاین هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە مێژووی هەموو کۆمەڵگایەکدا ئەویش لە میانی ئەو زانا ئاینییانەی کە بەڕێوەبەری بنەماکانی ئاینەکە بوون. بۆ ئاینی ئیسلامیی و مامۆستایانی ئاینی لە مزگەوتەکاندا بە هەمان شێوە، بەڵام جیهانەکە گۆڕاوە و تەسکبوونەوەی بوارەکانی تایبەتمەندێتیی ژیان زیاتر لە بەرفراوانبووندایە. ئەوەی سیاسەتمەدار بێت مەرج نییە پزیشکیش بێت، ئەوەی فیتەر بێت مەرج نییە وایەرمەنیش بێت، ئەوەی فەرمانبەر بێت مەرج نییە دادپەروەر و پارێزگار بێت . . . هتد. مامۆستایانی ئاینیش مەرج نییە زانیاری تەواوەتیان لەبارەی هەموو بەشێکی ژیانەوە هەبێت و بوێری ئەوە بە خۆیان بدەن، کە لە هەموو بوارێکدا قسەی خۆیانی تیادا بچەسپێنن. چونکە ئەگەر ئاینەکەش زۆر بواری ژیانی گرتبێتەوە، بەڵام بارودۆخی ژیانە مۆدێرنەکەش گۆڕاوە و مەرج نییە ئێمەش لە ڕوانگە و تێڕوانینی بەر لە چواردە سەدە تێڕوانینی خۆمان دیاری بکەین. هەروەک نموونەکەی مامۆستا قەرەداغی، کە ماف بە خۆی دەدات، بڕیار لەسەر جەستەی کەسێکی دیکە بدات، کە منداڵە و بەبێ ئەوەی پرس بە منداڵەکە بکرێت.
بەکارهێنانی مینبەر و ئاین بۆ تێکەڵاوبوون بە زۆر پرسی گرنگی ناو کۆمەڵگاکە، بە بۆچوونی من، بە پۆزەتیڤی بەسەر کۆمەڵگاکەدا ناشکێتەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە، چونکە هەر مامۆستایەکی ئاینی جۆرە تێڕوانین و بۆچوونێکی تایبەتی خۆی هەیە، کە مافی خۆیەتی. بەڵام بەگشتکردنی ئەم بۆچوونە بەسەر سەدەها کەس لەناو وتەی هەینیدا و هاندانی خەڵکەکە بۆ ئەم بەرەیە یان ئەو بەرەیە شتێکی هەڵەیە و لەوانەیە بەهیچ شێوەیەک واقیعی نەبێت لەگەڵ دۆخی کاتی ڕەوشی کۆمەڵگادا.
لە وڵاتە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکانی جیهاندا بەکارهێنانی هەموو دامودەزگایەک، خوێندنگایەک، کارگەیەک، کەنیسەیەک . . . تاد بۆ مەبەستێکی سیاسیی “بەپێی یاسا و دەستور” قەدەغەیە و لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام میراتی ئەم خەسڵەتە سیاسییە چەوتەش لە ڕژێمەکانی کۆنەوە لە ناو کوردستاندا لەپاش ڕزگاربوونی ساڵی 1991 هەر مایەوە و حیزب هاتە ناو هەموو سوچێکی ژیانی کۆمەڵگاکەوە. بەشێوەیەک حیزب بوو بەو ئۆرگانەی، کۆمەڵگای بەڕێوە دەبرد نەک دەسەڵاتی حکومەت وە هەتا ئەم ساتەش ئەم شێوازە بەردەوامە. جا لەم ڕوانگەوە شتێکی ئاساییە لایەنگیرانی سیاسیی بچێتە ناو مزگەوتەکانیشەوە و لە سەر مینەبرەکانەوە بۆ لایەک یان دژ بە لایک قسە بکەن. جگە لە پشتگیریکردنی حیزبە ئیسلامییەکان بۆ ئەم دیاردەیە، کە بەهۆیەوە دەیانەوێت بنکەی پشتگیریکەرانی خۆیان بەرفراوان بکەن.
جا با بگەڕێینەوە سەر ئەرک و مافەکان و لەخۆمان بپرسین، ئایا لەسەر بنەمای چ ماف و ئەرکێک مامۆستایەکی ئاینی خۆپیشاندەران بە (موجاهید) و ئەوی دیکە بە (خەواریج) هەڵدەسەنگێنێت؟ گەر بەکارهێنانی منبەری ئاینی نەبێت بۆ کارتێکردنێکی سیاسییانەی لایەندارانە لەسەر خەڵکی چ شتێکی دیکە لەم هەڵوێستانەدا بەدی دەکەین؟ ئەگینا چۆن دەبێت هەمان ئاین جارێک بەم شێوازە و جارێکی دیکە بەو شێوازە حوکم لەسەر هەمان دیاردە بدەن. گەر مامۆستاکان واقیعیانە بڕوانن، ئەوا دەبینن کە خۆپیشاندەران جیهاد بەرامبەر بێبڕواکان ناکەن  و ئەمەش جەنگێکی ئیسلامیی نییە هەتا ناویان بنێن موجاهید وە مامۆستاکەی دیکەش گەر گوێ لە خۆپیشاندەرانیش نەگرێت ئەوا بەلای کەمەوە دەتوانێت گوێ لە دەسەڵات بگرێت، کە دان بەو هەموو گەندەڵیی و کێشانەدا دەنێت، بۆ ئەوەی مامۆستا ماف بە خۆی نەدات ئەم خۆپیشاندەرانە بە خەواریج ناو نەنێت. ئەگەر هەردووکیشیان خۆیان بەڕاست دابنێن، ئەوا باشترە هەڵوێستەکە لەنێوان خۆیاندا پاکژ و ڕوون بکەنەوە، بەرلەوەی لەسەر بنەمای “بانێکە و دوو هەوا” هەر یەکە و بە ئارەزووی خۆی تێڕوانینەکانی بڵاو بکاتەوە. لێرەدا من ئەرکی سەرشانی مامۆستاکان هێورکردنەوە و هاندان بۆ دایەلۆگ و لێدوان لەسەر بنەمایەکی مۆدێرنە ئەگەرچی لێدوانەکان لە مینبەری مزگەوتەکانیشەوە بێن، نەک بەکارهێنانی ئاین و دەسەڵاتی ئاینی خۆیان بۆ مەرامێکی سیاسیی، جا ئەو مەرامە سیاسییە هەرچییەک بێت.
ئەم دیاردەیە خاڵێکی نێگەتیڤی نوێیە، کە لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بەرپرسیارن لەوەی ئاین و دەسەڵاتی ئاینییان بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن، هەرچەندە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئاین و دەوڵەت لێک جیا بکەنەوە. بەڵام ئەمەش جگە لە تێکەڵاوکردنەوەی ئاین لە ڕەوشی سیاسیی ناو کۆمەڵگادا هیچ شتێکی دیکە نییە. ئەمەش بەردەوامبوونێکە بۆ بە سیاسەتکردنی سەرتاپای کۆمەڵگا، پاش ئەوەی سەرتاپا لایەنە سیاسییەکان وە بە پێی توانای دەسەڵاتی خۆیان هەوڵیان داوە هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و قوتابخانە و . . .  هتد مۆرکێکی حیزبی بەبەردا بکەن.
مامۆستا ئاینییەکان و مزگەوتەکان گەر لەسەر لایەنی ڕۆحیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و تاکە کەسییەکان بە زمانێکی مۆدێرن بدوێن، ئەوا کاریگەرێکی زۆر باشتریان دەبێت، نەک ئەوانیش خۆیان ڕەنگاوڕەنگ بکەن و خۆیان بخەنە پاڵ لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە، کە لەوانەیە وەک ئایدیۆلۆجییەک بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەمای ئاینەکەدا نەگونجێت. واتا دەتوانن لەناو سنووری ئەرکەکانی خۆیاندا بتوانن ببن بە هاندەرێک بۆ دایەلۆگێکی دیموکراسیانە، بەڵام
کێشەکە لەوەدایە، کە لەسەر ڕەوتێکی زۆر چەوت هێزی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیش ئاین و دەسەڵاتی ئاینییان وەک وەرەقەیەکی تری کارتێکردن لە ناو کۆمەڵگادا بەکاردەهێنن.  بە داخەوە.

 

کامەران چروستانی
chrostani@hotmail.com

Previous
Next