Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
سیسته‌می سیاسی ئێمه‌ هه‌ڵگری هیچ ڕه‌هه‌ندێكی دیموكراسی نیه

سیسته‌می سیاسی ئێمه‌ هه‌ڵگری هیچ ڕه‌هه‌ندێكی دیموكراسی نیه

Closed
by March 29, 2011 گشتی

 

چه‌مكی دیموكراسی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان كه‌وتۆته‌ سه‌ر زاران و له‌لایه‌ن چین و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگاكه‌مانه‌وه‌ بایه‌خێكی زۆری پێده‌درێ , ئه‌وانه‌ی له‌بواری سۆسیۆلۆژیاوه‌ كار ده‌كه‌ن هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و گۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ له‌بواری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی باشیان به‌ده‌ست هێناوه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ن كه‌ دیموكراسییان تیادا به‌رقه‌راره‌ , به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی له‌بن هه‌ژموونی تۆتالیتاریدان له‌هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك كێشه‌و قه‌یرانی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تین , كه‌ وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی نه‌خۆش به‌رده‌وام پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ ,  كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش وه‌كو زۆربه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ لێوانلێون له‌ قه‌یرانی سیاسی , كێشه‌كانیشی وه‌ك نه‌بوونی ئازادی و یه‌كسانی و دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكڕاسی , بێگومان گه‌ر دیموكراسی له‌ وڵاتی ئێمه‌دا به‌رقه‌رار بوایه‌ پرۆژه‌كانمان نه‌ته‌وه‌یی تر ده‌بوون نه‌ك حیزبی , به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان نه‌ته‌وه‌یی تر ده‌بوون نه‌ك حیزبی , ئینتیمامان بۆ نیشتمان به‌هێزتر ده‌بوو  نه‌ك بۆ حیزب , كۆمه‌ڵگاكه‌مان گه‌شه‌ی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری زیاتری به‌خۆوه‌ ده‌بینی , تاكی كۆمه‌ڵگا ده‌بووه‌ تاكێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر نه‌ك مشه‌خۆر , كێبڕكێ له‌سه‌ر زیاتر به‌ده‌ست هێنانی زانست مه‌عریفه‌ پێگه‌ی به‌ ململانێی حیزبی له‌ق ده‌كرد , به‌ڵام هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان بۆده‌رخستین كه‌ ئێمه‌ له‌چركه‌ی خۆبیناكردندا تووشی قه‌یران بووین ,
 بۆیه‌ دیموكراسی له‌وڵاتی ئێمه‌دا له‌ دۆخی له‌دایكبوونێكی نه‌زۆك دایه‌و هیچ نیشانه‌یه‌كی هاتنه‌ دنیای پێوه‌ دیار نیه‌ , كه‌چی ته‌ماشاده‌كه‌ی هیچ چه‌مكێك به‌قه‌د چه‌مكی دیموكراسی باسی لێوه‌ ناكرێت و جێگای مشت ومڕ نیه‌ , ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌مكی دیموكراسی بۆته‌ وێردی سه‌ر زمانی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارو سیاسه‌تمه‌داره‌كان و ئه‌وانیش وه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن و خۆزگه‌ی بۆ ده‌خوازن , به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر بواری پڕاكتیزه‌كردن هیچیان به‌جددی هه‌وڵی بۆ ناده‌ن به‌ڵكو ده‌بنه‌ به‌ردی ڕێگر له‌به‌ر ده‌میا , هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكڕاسی بچه‌سپێن ئه‌وكاته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیشیان لێ وه‌رده‌گێرێته‌وه‌ , چونكه‌ له‌وڵاتی دیموكراسییدا كه‌س نابێ له‌چوار ساڵ تا هه‌شت ساڵ زیاتر له‌سه‌ر عه‌ڕشی ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌ , گه‌ر ساڵێك له‌ماوه‌ی خۆی زیاتر له‌ده‌سه‌ڵات مایه‌وه‌ دیاره‌ له‌و وڵاته‌دا له‌جیاتی دیموكراسی تۆتالیتاری به‌رقه‌راره‌ , هۆكارێكی تریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا له‌نێو ئه‌كته‌ره‌سیاسییه‌كانی كوردا عه‌قڵێكی میللیتاری ئاماده‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌ پرۆسه‌ی به‌دیموكراسی بوون و گه‌شه‌كردن و شارستانیه‌ت مه‌حروم بێت , بۆیه‌ ده‌بینین كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌رده‌وام به‌ده‌ستی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی فیكری و سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ و ناتوانێ لێی ده‌رباز بێت , ئێمه‌ له‌مێژه‌ كه‌وتووینه‌ته‌ نێو قه‌یرانێكه‌وه‌ كه‌ عه‌قڵی میللیتاری به‌ڕێوه‌ی ده‌بات , عه‌قڵێك كه‌ به‌رده‌وام به‌زمانی توندو تیژی و ناته‌بایی بیرده‌كاته‌وه‌ نه‌ك به‌زمانی دیالۆگ و لێك تێگه‌یشتن كه‌ ئه‌وه‌ش عه‌قڵی حیزبه‌ , چونكه‌ حیزب قه‌ت ناتوانێ هه‌ل و مه‌رجێكی ئه‌وتۆ دروست بكات كه‌ تیایدا هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر یه‌ك خوانی خۆشه‌ویستی و ته‌بایی كۆبكاته‌وه‌ ,  له‌ وڵاتی ئێمه‌دا چه‌مكی دیموكراسی و به‌دیموكراسی بوونی كۆمه‌ڵگا بۆته‌ دروشمێكی زه‌ق و هه‌میشه‌ له‌ خیتابی سیاسی دا دووباره‌و سێباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ , به‌ڵام هێشتا هه‌ر تیوره‌و له‌هیچ قۆناغێكی ژیانی ئێمه‌دا پراگتیزه‌ نه‌كراوه‌ , گه‌ر له‌فاكته‌ره‌كانیشی بكۆڵینه‌وه‌و شرۆڤه‌یان بكه‌ین ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌نێو واقیعێكی قه‌یراناوی دروستبووه‌ , كه‌ بریتییه‌ له‌ شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ناوخۆو ململانێی دور له‌ عورفی دبلۆماسی و كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و مه‌سه‌له‌ی ففتی ففتی و نه‌بوونی متمانه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكی ئاسایی تر , له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ مامه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیدا كارلێكێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ كه‌ خۆی بكه‌رو جولێنه‌ری پرسه‌ سیاسییه‌كان بێت , به‌ڵكو هه‌میشه‌ كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌بووه‌و ڕایه‌ڵه‌كانی به‌ده‌ستێكی نامۆ بۆ چنراون , بێگومان تا كورد له‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ رزگاری نه‌بێت كه‌ ئه‌و واقیعه‌ دروستی كردووه‌ هه‌رگیز ناتوانێ پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی له‌سیسته‌می سیاسی خۆیدا جێگیر بكات و ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسی , زۆربه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌كانی ئێمه‌ به‌تایبه‌تی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌میشه‌ لافی دیموكراسییه‌ت لێده‌ده‌ن و ناوی دیموكراسییان به‌خۆوه‌ لكاندووه‌ , به‌ڵام له‌ناوه‌رۆكدا هێزی نادیموكراسین و باوه‌ڕیان به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌ت نیه‌ , ئه‌م په‌شێویه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌رهه‌می هێناوه‌ تا ئاسایی نه‌بێته‌وه‌ چه‌سپاندنی بنچینه‌ی دیموكراسی به‌چاوی خۆمان نابینین , له‌پرۆسه‌ی به‌دیموكراسیكردنی كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا جۆرێك له‌سستی و لاوازی و بێ جوڕئه‌تی پێوه‌ دیاره‌ , چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌م كاروانه‌ به‌ده‌وره‌ی خۆیدا ده‌خولێته‌وه‌و نه‌یتوانیوه‌ ته‌كانێك به‌خۆی بدات و هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت ,  ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ كه‌ دیموكراسی ته‌نها دروشمێكی سیاسی نیه‌ خه‌ڵكی پێ ده‌سته‌مۆ بكرێ , به‌ڵكو ستایلێكی سه‌رده‌میانه‌یه‌و باشترین وه‌سیله‌یه‌ بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵگا , ماوه‌یه‌كه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان هه‌ست و سۆزو خۆشه‌ویستی و گیانی ته‌بایی و هاوكارییان له‌ده‌ست داوه‌ , بۆیه‌ هیواو ئاوات و خه‌ونی ئێمه‌ بریتییه‌ له‌ بوونی ڕۆحی ته‌بایی و خۆشه‌ویستی و هاوكاری و گێڕانه‌وه‌ی به‌هابه‌رزه‌كان بۆناو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا , ئه‌و به‌هابه‌رزانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ڕووی ده‌روونی و ڕۆحییه‌وه‌ ئاسوده‌ ده‌كه‌ن , 
 
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.