Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
دوای سەرا …. عەبدوڵا مەحمود

دوای سەرا …. عەبدوڵا مەحمود

Closed
by April 1, 2011 گشتی

ئەمرۆ نزیک بە مانگ و نیوێکە، سەرای ئازادی بۆتە ڕەمزو ناوکۆکەی ناڕەزایەتی شەقام، بۆتە سەکۆ و بڵندگۆی ناوتن بەدەسەڵاتی ستەمکارو میلیشیایی و گەندەڵی یەکێتی و پارتی، بۆتە سەکۆی زۆرێك و لەدەنگ و ڕەنگی جیاوازو هەمەچەشن، بۆتە مەیدانێک بۆ خۆنواندنی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و حزبەکانیان.
داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەتیش سەرا وەکو ڕۆژ ڕۆشنن، کەچی دەسەڵاتی ٢٠ ساڵەی یەکێتی و پارتی، خۆیان لێیکردۆتە کەڕەی شەربەت، ئەوەی کە نایانەوێت بەکردەوە جێبەجێی بکەن، داخوازیەکانی سەرایە. هەزاران وادەو بەڵێن لەژێر گوشاری ناڕەزایەتی شەقامدا، دەدەن، بەڵام داخوازی زۆر سادەی گرتن و زیندانیکردن و دادگاییکردنی بکوژانی ئاشکرای خۆپیشاندەران، بردنە دەرەوەی بارەگاو میلیشیای چەکداری حزبەکان بۆ دەرەوەی شارو شارۆچکەکان… لە ناو تۆڕێک وادەو بەڵێنی درۆزنانەدا، دەشارنەوەو ئامادەنیین بە کردەوە ملیان پێبدن.
ملنەدانی ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەم داخوازییە زۆر سادەوە سەرەتاییانە، نەک هەر نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەسەلاتە ڕاستگۆ نییە لە تۆمارێک بەڵێن کە ڕۆژانە پەخشی دەکەنەوە، بەڵکە نیشانەی ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە نایەوێت و توانای وەڵامدانەوەی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و شەقامی نییە.
سەرای ئازادی و خواستێک کە کەلەوێوە خراونەتە روو، خواستی تەنها جەماوەری مۆڵبووی ڕۆژانەی سەرا نییە، بەڵکە تەعبیرە لە خواستی زوربەی زۆری کۆمەڵگا.
 داسەپاندنی خواستەکانی کۆبونەوەی جەماوەری سەرا کەخواستی زوربەی خەڵکی  کوردستانن، پێویستی بە نمایش وهێزی زیاتر و سیناریۆی زیاترو فراوانترە. پشتیوانیکردنی کارگەکان، ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، زانکۆ و پەیمانگاو ئامادەییەکان، گەرەکەکان… لەرێگای سازدانی کۆبونەوە گشتیەکانیان، کار ڕاگرتنییان وەکو پشتیوانیەک بۆ بزوتنەوەی جەماوەری سەرا و هاوکات بەدیهێنانی داخوازی ئەو شوێنانە خۆیان، ئەو هەنگاوەیە کە دەتوانێ سیناریۆی تازەبێت کە سەرا تێدەپەڕێنیت و دیمەن دوای سەرامان نیشاندەدات، کە دیمەنی ئاستێکی باڵاتری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرییەو هەرئەمەش دەتوانێ دەسەڵات لە خەوی قوڵ بێداربکاتەوە ناچاری بکات، مل بدات و کۆتایی بە کەڵەگایی و سەرکێشی بهێنێت.
ڕابەرانی بزوتنەوە نارەزایەتیە جەماوەری و کۆمەڵایەتیەکانی وەکو کرێکاران و لاوان و خوێندکاران و ژنان و …تاد، تادەگات بە ڕابەرانی بزوتنەوەی کۆبونەوە جەماوەرییەکانی سەرا، پێویستە لە ئێستاوە نەخشەو هەنگاوی بەکردەوەی دوای سەرا، یانی سازدانی ئەم کۆبونەوانەو مانگرتن لە شوێنی ژیان و کاردا، بخەنە دەستورەوە. مانەوەی سەرا بە تەنها، بەزیانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کوردستان لەراستای داخوازییەکانیاندا، تەواودەبێت. دەبێ هەموو ڕۆژێک پشتیوانی بەکردەوە، کۆبونەوە و مانگرتن، لە شوێنی ترەوە وزە بدات بە سەراو هێز داخوازیەکانیان گەورەتر بکات.   

 

abdulla.mahmud@gmail.com 
1-4-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.