پرسی جه‌سته له یارییه‌كی بوونگه‌رایی
(مۆریس بلانشۆ) ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی و ئه‌زموونی مه‌رگ بهیهكدهچووێنێ، هه‌رگیز به‌دوای ده‌لاله‌ت و ماناوه نییه، وه‌ك چۆن نكۆڵی له تاك خوێندنه‌وه‌یی ده‌كات و پێیوایه یه‌ك خوێندنه‌وه‌یی ناتوانێ راڤه‌كردن بسازێنی. زمان لای بلانشۆ ده‌بێ په‌یوه‌ندی دووركه‌وتنه‌وه له‌گه‌ڵ شته‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی ده‌یه‌وێت ناویان لێبنێ، دابمه‌زرێنێ. بابه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه، چونكه ناونانی ئه‌و له‌پێناو به بابهبتكردنی شته‌كان نییه، به‌ڵكو له‌و ساته‌ی كه ناو له بابه‌ت ده‌نێ، ده‌یه‌وێ حه‌قیقه‌تی ماددی لێبسێنێته‌وه، كه‌واته ناونانی ئه‌و له‌پێناو حه‌قیقه‌تیش نییه، به‌ڵكو له‌پێناو ونبوون (مه‌رگ) دایه. به‌و مانایه ده‌توانین بڵێین نووسین لای ئه‌و په‌نمانی بێده‌نگییه له‌نێو وشه‌دا. به‌ڵام پرسی ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا په‌نمانی زمان ده‌توانێ وه‌ك پێویست كرده‌یه‌كی ئیبداعی به‌رجه‌سته بكات؟
زمان كۆمه‌ڵێك وزه‌ی جۆراوجۆر و ئه‌ویدیكه‌ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه و له ناوه‌وه‌ی خۆی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و هێزانه ده‌كات. به‌ڵام چۆن ده‌توانین جیاوازییه‌كانمان له میانی بونیادی تاكه فیكرێكی دامه‌زراوی ره‌ها (واته زمان) دابمه‌زرێنین؟ ئایا عه‌قڵ ده‌توانێ كۆی پێكهاته‌كانی ئه‌و تاك لایه‌نییه، یان ئه‌و چهشنگیرییه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و بۆشاییه‌ك له‌و نێوه‌دا درووست بكات، یان ئه‌وه جه‌سته‌یه له راكردنه به‌رده‌وامه‌كانیدا ده‌توانێ ئه‌و جێگیربوونه بروخێنێ؟ له‌نێوان زمان وه‌ك دامه‌زراو و جه‌سته وه‌ك راكردنی به‌رده‌وام به‌ره‌و نادیار، ده‌گه‌ینه ئه‌و سه‌ره‌تا مه‌حاڵه‌ی كه بلانشۆ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، یان ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه نایگه‌ینێ. ئه‌وه‌ی كه نایگه‌ینێ ده‌بێته شوێنی لێوردبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام و بیركردنه‌وه و پرسی به‌رده‌وام.
كه‌واته ئه‌وه بیركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و پرسی به‌رده‌وامه ده‌شێ نادیار یان ئه‌وه‌ی كه نایگه‌ینێ رووناك بكاته‌وه، ئه‌وه پرسی به‌رده‌وام و لێوردبوونه‌وه‌یه له گومانی بونگه‌رایی، خه‌ونه‌كانمان ره‌نگینتر و جیاوازییه‌كانمان نیشان ده‌دات.
به‌ڵام پرسیاركردن هه‌ر ته‌نها ده‌رئه‌نجامێكی مه‌عریفی ئه‌و سه‌رنج و تێبنیانهی پێشوو نییه، له‌میانی ئه‌و په‌ندو قسه نهستهقانهوه هه‌ڵناقووڵێ كه رۆژانه پرۆسیسهیان ده‌كه‌ین، دره‌وشانه‌وه‌ی چه‌مكی ئاگایی قه‌یرانه وجودییهكهمان، یان راكردنمان به‌ره‌و نادیار نییه… پرسیاركردن له‌سه‌ر ده‌مه‌ته‌قێی جێبه‌جێكردن و هه‌ره‌سهێنان راست نابێته‌وه، به‌ڵكو پرسیاركردن جه‌سته‌ی رووتی ئێمه‌یه، جه‌سته‌ی رووتی ئێمه‌ش كیمایی له‌دایكبوون و مردن، سنووره‌كانی دیاری ده‌كات. به‌بێ پرسیاركردن، بوون جگه له یارییه‌كی قێزه‌وون شتێكی دیكه نییه، به‌بێ پرسیاركردن، بوون جگه له سهفهركردنێكی زه‌بوونانه شتێكی دیكه ناكێشێ.
له‌نێوان ره‌تكردنه‌وه‌و تهجاوزكردندا مه‌سافه‌یه‌كی زه‌مه‌نی هه‌یه، پرسیاره‌كان داده‌ڕێژێ و بناغه‌ی چه‌مكه‌كان هه‌ڵده‌نێت، ئه‌زموونی ره‌تكردنه‌وه و ته‌جاوزكردن ته‌وه‌ره‌ی هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئایندهخوازانه داده‌مه‌زرێنێ. گرنگ ئه‌وه نییه بتوانین وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه بخه‌ینه به‌رده‌ست، گرنگ ئه‌وه‌یه توانای پرسیاركردنمان هه‌میشه سه‌وزبێ.
پرسیاركردن هه‌ر ته‌نها روخساری تراژیدی تاكه كه‌سیمان (له په‌یوه‌ندی به زه‌مان و مه‌رگ) هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه، به‌ڵكو له ئاستی مه‌عریفیدا ئه‌وه ناوكۆیی (context) بونگه‌راییه وامان لێده‌كات له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی بیركردنه‌وه و لێوردبوونه‌وه بگه‌ینه بۆشاییه‌ك كه سه‌ره‌تا و كۆتایی حه‌قیقه‌تی خودی مرۆیی داده‌مه‌زرێنێ.
كه‌واته كاتێ پرسیار ده‌كه‌ین، مردن به‌بیر خۆمان ده‌هێنینه‌وه، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك یارییه‌ك بۆ بێده‌نگ بوون، به‌ڵكو وه‌ك ئاسۆیه‌ك بۆ دامه‌زراندن. دامه‌زراندنێك كه له‌ڕێگه‌ی تهجاوزكردنهوه مه‌یسه‌ر ده‌بێ، دامه‌زراندنێك كه ته‌واوی زمانی بیۆلۆژی و فیزیكی و ئایینزا و كه‌ش و چاره‌نووس ته‌جاوز ده‌كات، دامه‌زراندنێك كه نوێنه‌رایه‌تی بۆشاییه بوونگهراییهكهمان ده‌كات. دامهزرانێك كه مردن ده‌كاته په‌راوێزی جیاوازی.
پرسیاركردن ئاسۆیه‌ك بۆ زمانێكی دیكه داده‌مه‌زرێنێ، رێچكه‌یه‌كی نوێ ده‌كێشێ، ئه‌و رێچكه نوێیه به‌دوای میكانیزمی په‌یوه‌ستبوونی نێوان خود و پرسیار و مردن‌دا ده‌گه‌ڕێت. به‌مجۆره بۆشاییه‌كانی بوون له‌نێوان ته‌قلیدی زمانه‌وانی كه وه‌ك لۆژیكی نوێنه‌رایه‌تیكردن ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنان و تهجاوزكردنهدایه. كه‌واته هیچ مه‌رجێك بۆ خود له ده‌ره‌وه‌ی پرسیاركردن بوونی نییه، ئه‌گه‌رچی مردن به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك جێبه‌حێكردنی جیاواز و بێ كۆتایی جه‌سته ده‌بێته‌وه. به‌و مانایه‌ش ئه‌گه‌ر ناوكی فه‌لسه‌فه پرسیاركردن بێ، ئه‌وه بۆشایی ماهیهتهكهی پێكده‌هێنێ، هه‌ر له‌ڕێگه‌ی پرسیاركردنیشه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ بوون كۆمان ده‌كاته‌وه، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بوون كۆمانده‌كاته‌وه، جگه له بێده‌نگی شتێكی دیكه نییه. بۆیه وه‌ك چۆن له جه‌سته‌ی رووت ده‌ترسین، سڵ له بێده‌نگیش ده‌كه‌ینه‌وه، له رووتی ده‌ترسین چونكه ژیان له‌وپه‌ڕی رووتی دامه‌زراوه، له بێده‌نگیش ده‌ترسین چونكه ماهیهتهكهی له بۆشاییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. جه‌سته‌ی ئازاد له‌ڕێگه‌ی زمانی دابڕاو له ناوكۆیی گشتی له بوون نزیك ده‌بێته‌وه، هه‌ر ئه‌و زمانه‌شه كه گۆمی مه‌نگی یه‌قینه‌كان ده‌شڵه‌قێنێ و دامه‌زراوه‌كان ده‌روخێنێ و ته‌جاوزی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كان ده‌كات، هه‌ر له‌وێشه‌وه زمان به ئازادییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێ و ته‌عبیره‌كانی فه‌زای ئازادانه‌ی داهێنان له‌خۆ ده‌گرێ، فه‌زای ئازادیش له‌ڕێگه‌ی مرۆڤی ئازاده‌وه نه‌بێ مه‌یسه‌ر نابێ.
(جیل دۆلۆز) ده‌ڵێ: ئێمه ناتوانین پرسیاری فه‌لسه‌فه چییه بخه‌ینه روو، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت، كه پێشوازی له پیری ده‌كه‌ین و به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستلێدراو له‌گه‌ڵیدا ده‌دوێین. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه تاكو وه‌ك پێویست به وردی قسه‌ی لێبكه‌ین، نه‌ك وه‌ك گوزهركهرێك. هه‌ڵبه‌ته وه‌ك له كتێبی (فه‌لسه‌فه چییه) له نووسینی (دۆلۆز و گیتاری)دا هاتووه، فه‌لسه‌فه داهێنانی چه‌مكه (فه‌لسه‌فه هونه‌ری پێكهێنان و داهێنان و درووستكردنی چه‌مكه‌كانه).
ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه رێسا و یاسایه‌كی جێگیر و چه‌سپاوی نییه، به‌ڵكو ره‌فتارێكه به‌دوای دۆزینه‌وه و داهێنانی كۆمه‌ڵێك چه‌مكدا ده‌خولێته‌وه.. دۆلۆز پێیوایه فه‌لسه‌فه (نه لێوردبوونهیه و نه بیرلێكردنه‌وه و نه گه‌یشتنه، به‌ڵكو له چوارچێوه‌ی داهێنانی چه‌مكه تایبه‌ته‌كاندا ده‌خولێته‌وه) بیركردنه‌وه نییه، چونكه كه‌س پێویستی به‌وه نییه فه‌لسه‌فه له هیچ شتێك بیری بۆ بكاته‌وه… لێره‌وه هه‌ستده‌كه‌ین ئێمه زۆر شتمان پێشكه‌ش به فه‌لسه‌فه كردووه كاتێك ده‌مانه‌وێت ته‌نها بێته هونه‌ری بیركردنه‌وه و له هه‌موو شتێكی دیكه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه. فه‌لسه‌فه گه‌یشتن نییه (چونكه فه‌لسه‌فه دوا په‌نای بۆ به‌یه‌كگه‌یشتن ، له پێناو كۆبوونه‌وه‌دا نییه) پێویسته بزانین كه (لێوردبوونه‌وه و بیركردنه‌وه و گه‌یشتن) پانتایی مه‌عریفی پێكناهێنن، به‌ڵكو له ناو هه‌موو پانتاییه‌كاندا ئامرازی گشتین بۆ پێكهێنان.
فه‌لسه‌فه به پرسیاره‌وه به‌نده، فه‌لسه‌فه نابه‌خشێ، به‌ڵكو داده‌هێنێ، ده‌بێ دابهێنێ، پێكناهێنێ، به‌ڵكو بۆخۆی تێزێكی خودییه.. وه‌ك ده‌زانین داهێنان و تێزی خودی وه‌ك یه‌ك ده‌كه‌ونه‌وه. هه‌موو داهێنانێك بۆخۆی وه‌ك پێویست تێزێكی خودییه. كاتێك وه‌ك به‌هایه‌كی مه‌عریفی پرسیار ته‌جاوز ده‌كه‌ین، ده‌گه‌ینه بازنه‌یه‌ك كه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی قوڕس ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی جه‌سته و پرسیاركردن و په‌یوه‌ندی فه‌لسه‌فه‌یه به‌و نوێنهرایهتیكردنانهوه. جه‌سته به پرسیاره‌وه داده‌مه‌زرێ، وه‌ك چۆن له هه‌مان كاتتدا هه‌ڵگری پرسیاره و كۆی رووداوه‌كان له‌ڕێگه‌ی پرسیاره‌وه له‌خۆ ده‌گرێت. كه‌واته پرسیار جه‌سته‌یه‌كی ونه و جه‌سته پرسیارێكه پێویستی به‌دیاریكردن هه‌یه. به‌مجۆره ده‌شێ له‌ڕێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه به‌های سرووشتی خود و جه‌سته بخه‌ینه به‌رچاو.
ئه‌گه‌ر گۆشه‌گیری چڕبوونه‌وه‌ی جه‌سته له‌خۆ بگرێت، ئه‌وه مردن ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه كه به‌ده‌وری جه‌سته‌دا ده‌خولێته‌وه. لێره له‌نێوان مردن و گۆشه‌گیریدا ده‌شێ كه‌شفی ئه‌و پرسیارانه بكه‌ین كه نكۆڵی له هه‌موو ئه‌و به‌ها و بابه‌تانه ده‌كه‌ن، كه كۆمه‌ڵێك مرۆڤ ده‌یسه‌پێنن.
به‌یه‌كگه‌یشتنی یه‌كه‌م له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه‌یه، ئه‌وه جه‌سته‌یه ساته‌وه‌ختی له‌دایكبوون و مردن وه‌ك رێچكه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆژی وێنه ده‌كات، به‌ڵام ده‌شێ بپرسین ئه‌و پێوه‌ره چییه كه ده‌توانێ له‌نێوان شیاوی فه‌لسه‌فی و ئه‌ویدیكه‌دا دابڕان بسازێنێ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤێك ده‌كه‌وێته ژێر هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی بایۆلۆژییه‌وه. ئیتر جیاوازییه كرده فه‌لسه‌فییه‌كان و ئهوانیدیكهی كرده فیزیكیه‌كان، له بنه‌ڕه‌تدا له سرووشتی بۆشاییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن، بۆشاییه‌ك كه جه‌سته له‌گه‌ڵ خۆ ده‌بات، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك بارسته‌یه‌كی ماددی كه كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی ماددی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، به‌ڵكو وه‌ك سرووشتی تهوزیفكردنێكی نوێی بایۆلۆژی، وه‌ك بوونێكی خودییانه، ئه‌وه‌ش هه‌ر ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاگاییانه‌ی بوونگه‌را نییه، یان هوشیارییه‌ك كه له‌نێوان هه‌سته‌كانه‌وه بله‌رێته‌وه، چونكه بوونی خود ته‌واوی ئه‌وانه ته‌جاوز ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوێست و چاره‌نووسه، نه‌ك هه‌ر هێنده به‌ڵكو دابڕانێكی گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ بوون (له‌دایكبوونی بایۆلۆچی). هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك به‌بێ جه‌سته نییه، به‌تایبه‌تی جه‌سته‌یه‌ك، كه له فه‌لسه‌فه راده‌كات.
فه‌لسه‌فه له‌ڕێگه‌ی دووباره درووستكردنی په‌یوه‌ندی ئه‌نتۆلۆژی نێوان جه‌سته‌و پرسیاره‌وه ده‌شێ گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌و مانایه‌ش خه‌سڵه‌تی مردن له بیركردنه‌وه‌ی نافهلسهفیدا به‌جۆرێك له جۆره‌كان به‌نده به كۆمه‌ڵێك كۆنتێكستهوه (سیاق-context) كۆمه‌ڵێك كۆنتێكست كه له خودی خۆیان جیاوازن، كۆمه‌ڵێك كۆنتێكست كه به‌هایه‌كی فره و جیاواز به چه‌مكی ناسنامه ده‌به‌خشن. كه‌واته پرسی جه‌سته پرسێكه ده‌كه‌وێته دووتوێی لۆژیكی گومانی فه‌لسه‌فییه‌وه، له‌سه‌ر ته‌جاوزكردنی به‌رده‌وامی دامه‌زراو و چه‌سپاو خۆی ده‌نووسێته‌وه، هه‌موو شیانه‌كانی خۆی له مردن‌دا كه‌شف ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك داهێنان و خه‌لقكردن.
مردن كۆتایی نییه، وه‌ك چۆن دابڕان نییه له‌گه‌ڵ بوون، به‌ڵكو كۆنتێكستی خوده و له‌ڕێگه‌ی خۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك چه‌مك به زه‌مان و مه‌كان ده‌به‌خشێت و خۆی له وێناكردنی فیزیاییانه جیا ده‌كاته‌وه و وا ده‌كات ئهوانیدیكهی جیاواز به‌ڵگه‌یه‌كی رێژه‌یی بن بۆ بوونێكی هه‌ڵه. مردن ده‌لاله‌تی خۆی به فره‌یی ره‌ها ده‌به‌خشێ. مه‌رگی فه‌لسه‌فه تێزی مه‌رگی بیۆلۆژی به‌هێزتر ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه پرسی فه‌لسه‌فه مه‌رگ وه‌ك میكانیزمێك بۆ بوون ده‌خاته‌وه.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان
-رولان بارت، مغامرة في مواجهة النص، تاليف، فرانك ايفرار و اريك تينه، ترجمة، د. وائل بركات، دار الينابيع، ديمشق، ط1 2000، ص82.
– سعيد بوخليط، سـؤال الـفـلسفـة! في أفق لعبة وجودية صميمية، برِوانة: سايتى طوطول.
– أمل فؤاد عبيد، جيل دولوز والسؤال الفلسفي، شبكة النبأ المعلوماتية-الجمعة 8 /كانون الأول /2006 -16 /ذي القعدة /1427
– ه.س.ث.