
بنیاتی زمان له شیعری ( پێشبڕكێی ئه‌ركه‌كان وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی روح ) ی بورهان ئه‌حمه‌د دا
بنیاتی زمان
له شیعری ( پێشبڕكێی ئه‌ركه‌كان وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی روح ) ی بورهان ئه‌حمه‌د دا
مه‌به‌ست له ده‌سته‌واژه‌ی زمان له‌م ده‌قه‌دا، هونه‌ری داڕشتنی ده‌قه‌كه‌یه، نه‌ك ده‌سته‌واژه فه‌رهه‌نگییه مردووه‌كان و،ئه‌وده‌نگه ڕێكخراوانه نییه كه له نێوان كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكدا وه‌كو شفره‌یه‌ك بۆ وتوێژ و تێگه‌یشتنی ئه‌م زمانه دا له ڕێڕه‌وێكی دیاریكراودا داڕێژرابێت. زمان له‌م ده‌قه‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌یه كه له ڕێگه‌ی چه‌ندین ئامرازی دیاریكراوه‌وه ویستویه‌تی په‌یامێكی دیاریكراو بگه‌یه‌نێت به وه‌رگرێكی دیاریكراو، له ڕێگه‌ی چه‌ند واتاوپه‌یوه‌ندی دیاریكراوێكه‌وه. كه‌واته ئه‌م زمانه بریتی نییه له زبان، به‌ڵكو ئه‌وده‌سته‌واژانه‌یه كه په‌یامه‌كه له خۆی گرتووه له پێناوی په‌خش كردنی په‌یامه‌كه‌یدا بۆ ئه‌و وه‌رگره‌ی كه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ بتوانێت شفره و هێماكانی په‌یامه له خۆگرتوه‌كه‌ی بكاته‌وه وئاراسته‌كانی ئاخاوتنه‌كه‌ی تێبگات وپه‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌رك پێ بكات وئه‌رك وبه‌رپرسیارێتی ئێستا وئاینده‌ی خۆی پێ دیاری بكات.
زمانیش، وه‌كو ده‌زانرێ، كه‌ره‌سه‌یه‌كی مردووه له بنه‌ڕه‌تدا، هه‌ر چه‌نده له فه‌رهه‌نگه‌كاندا خزێنرابێت، یان چه‌قبه‌ستوی زه‌ینه‌كان بێت، هه‌تاوه‌كو نوسه‌ر یان ده‌قنوس دێت و له ده‌روون وعه‌قڵ وبلیمه‌تی كه‌سی خۆی فوو به ده‌سته‌واژه و وشه كاندا ده‌كات و واتایه‌كی ئه‌وتۆیان پێداده‌هێنێت له چوارچێوه‌ی سنوور و كاتێكدا، واته كۆمه‌ڵگا و مێژوو، هه‌ر بۆیه سیفه‌تێكی كاتی‌یان ده‌بێت نه‌ك زه‌مانی .
هه‌موو ده‌سته‌واژه‌یه‌كیش مردوو ده‌بێت ، ئه‌گه‌ر ته‌نها له ویژدانی زه‌مه‌ن یان دیلی داڵانه‌كانی فه‌رهه‌نگدا بێت تا ئه‌و كاته‌ی ده‌قنووس دێت و به ڕێڕه‌وێكی واتایی په‌یوه‌ستیان ده‌كات له چوارچێوه‌ی سنوور و كات و ئاخاوتندا. بۆ نموونه ( بازنگ ) كه له بنه‌ڕه‌تدا شتومه‌كی جوانكاری ژنانه و له چه‌ندین جۆری كانزای وه‌كو پلاستیكی ره‌نگاوره‌نگ و زیو و زێڕ و ئاسن له‌لایه‌ن پیشه‌وه‌ری تایبه‌ته‌وه دروستده‌كرێن ، كه‌چی واتاكه‌ی ده‌گۆڕێت به گۆڕینی به‌كارهێنانی به‌شێوه‌یه‌ك یان له ڕێڕه‌وێكی زبانی تردا ، ئه‌مه ته‌ئكید ده‌بێته‌وه به‌پێی ئه‌م به‌كارهێنانه‌ی له‌ده‌قه‌كه‌دا :
بازنگی ساڵه‌كان ژه‌نگ ئه‌یانگرێ
بازنه داخراوه‌كانی ئومێد
گواره‌ی مانگه‌كان ئه‌شكێن
زریزه‌ی ملولنكه‌كانی ماچ…
له‌به‌ر ئه‌مانه به‌رهه‌می زمانه‌وانی فراوان نابێته مه‌رجێكی راسته‌قینه بۆ بوونی داهێنان ، واته ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه زمانه‌وانییه له سروشتی واتایی و سه‌ره‌تایی فه‌رهه‌نگی خۆیاندا بمێننه‌وه ، ئه‌وا ده‌قنووس ناتوانێت جیهانێكی شیعری یان ئه‌ده‌بی دابهێنبَت. لێره‌دا رۆڵی داهێنان و به‌هره ، یان شاره‌زایی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شفره یان هێما زمانه‌وانییه‌كان دێته ئاراوه، له پێناوی پێكهێنانی كارێكی داهێنه‌رانه‌ی مه‌زن كه كه‌ره‌سه‌ی یه‌كه‌می ده‌ستواژه‌ی ساده و ئاسایی، خوازراو‌و ناسراو به‌كارهێنرابێت به شێوه‌یه‌كی گه‌ردوونی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی له نامۆیی و چه‌قبه‌ستووییان ده‌ربهێنێن به‌پێی چۆنیه‌تییه‌كی دیاریكراو له به‌كارهێنان ، زۆر له‌م كارانه‌شمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت له هونه‌ره لاساییه‌كان بۆ نموونه كه‌ره‌سه‌ی ( دار ) له شێوه‌ی یه‌كه‌میدا نه ژیان نه‌جوانییه‌كی فراوانی تێدایه ، به‌ڵام به‌ده‌ستی بلیمه‌تێك ئه‌و پارچه داره مردووه ده‌گۆڕێت بۆ شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی سه‌رنجڕاكێشی ئه‌وتۆ كه دڵان به‌لای خۆیدا راكێشێت.
ئه‌مه‌ش بۆ نووسینی ئه‌ده‌بی هاوشێوه‌یه و شتێكی نامۆ نییه ،چونكه زمانی فه‌رهه‌نگی ته‌نها كه‌ره‌سه‌یه‌كی خاوی به‌رده‌سته و واتایه‌كی زۆر ناگه‌ێنێت ، ناگاته ئه‌و ئاراسته‌ی كه عه‌قڵه‌كان سه‌رسام بكات و دڵه‌كان ئاسووده بكات ، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه پێنووسی ئه‌دیبێكی گه‌وره‌یان پێده‌گات و ئه‌و ده‌سته‌واژه و وشه مردووانه به شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه بنیات ده‌نێت كه رێڕه‌وی خۆی به‌ره‌و نه‌مری بگرێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌و زمانه‌ش كه ئه‌دیبه‌كه به‌كاری هێناوه له راستیدا له‌لای خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای ناسراو بێت .
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌مانه‌ی پێشوو كه باسمان كردن ، زمان له‌م ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌دا نامۆیی پێوه دیار نییه وبه نێو تاریكایی زمانه‌كه‌شدا قووڵ نه‌بوه‌ته‌وه ، به‌ڵكو چه‌ندین ره‌گه‌زی زبانه‌وانی ئاسایی تێدا به‌دیده‌كه‌ین كه له نێو ده‌قه‌كه دا به‌چاكی بنیاتنراون و كارامه‌یی له داڕشتنیاندا به‌دیده‌كه‌ین ، سه‌ركه‌وتویی له به‌خشینی واتا نوێكانی پێوه دیاره كه بۆ یه‌كه‌م جاره به‌های نوێی له‌خۆ گرتوه . كه‌واته ماریفه‌ت به زمانی فه‌رهه‌نگی به ته‌نها به‌س نییه بۆ كردنه‌وه و ئاشكرا كردنی هێما و ره‌مزه و شفره زمانه‌وانییه ئاڵۆزه‌كان ، یان بۆ تێگه‌یشنی ئه‌و ره‌مزه شیعرییانه‌ی كه ده‌قنووس له‌داڕشته‌یه‌كی زمانه‌وانی داهێنه‌رانه‌دا به‌كاری هێناون ،وه‌كوئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی كه‌چه‌ندین پێدراوی واتای نوێ له‌خۆگرتوه بۆخۆی داهێنان بێت.شیعریه‌ت له‌م ده‌قه هێنده‌ی له به‌ها ڕووكه‌شییه‌كانیدایه له به‌ها قووڵه‌كانیدانییه، واته خۆی له ئه‌ده‌بی بونیدا ده‌بینێته‌وه نه‌ك له بیره‌كانیدا، ئه‌مه‌ش حاڵی هه‌مووده‌قێكی ئه‌ده‌بییه كه شایانی ئه‌م سیفه‌ته بێت. هه‌روه‌كو جان كوهین ده‌ڵێت:( شاعیر شاعیره،چونكه ده‌ڵێت نه‌ك بیرده‌كاته‌وه ) وه‌كو ئه‌وه‌ی بیر له دیارده قوڵه‌كانیدا كاری فه‌لسه‌فه بێت وهونه‌ری ووتنیش له دیارده داڕێژراوه‌كانیدا یان هۆنینه‌وه‌یدا كاری ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه بێت. ئێمه له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ره‌سه زمانییه خاوه‌ی كه ده‌قنووس كاره ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی خۆی پێ هۆنیوه‌ته‌وه هه‌ندێ له‌م وشه وده‌سته‌واژانه‌مان به‌دی كرد:
كۆڵانه قورمێشكراوه‌كان
دار شه‌قی عومر
بازنه‌كانی ئومێد
بازنگی ساڵه‌كان
گواره‌ی مانگه‌كان
ئه‌نگوستیله‌ی ڕۆژه‌كان
زریزه‌ی ملوانكه‌كان
ئه‌لقه‌ی مه‌راسیمه‌كان
حجیله‌كانی ژن ومێردایه‌تی
قوڕو لیته‌ی په‌له په‌ل
شه‌قامی كاره‌كان
هه‌ناسه‌كان
جڵه‌وی ئه‌سپه‌كانی كات
كرێكاری رۆبۆت
به‌یانی باش
بریسكه‌دانه‌وه‌ی شمشێری كار
كوشتن
ئه‌رك
تاكسی
نوێنی ڕاڕایی
فرمێسكه‌كان
حیكایه‌ته‌كانی ئه‌یوب
تیشكه‌كان
سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كان
زیندانی ئه‌ركه‌كان
جه‌سته
ئه‌ركه‌كانی روح
پرۆژه ئه‌زه‌لییه‌كان
ته‌ڵاقدانی ئارامی
خه‌ستبونه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی
گوڵزاره‌كانی حه‌قیقه‌ت
شه‌قامه‌كانی تاریكی
دیواره‌كانی سه‌راب
دڵی په‌نجه‌ره
ئه‌فسانه‌كان
شێوه موگناتیسیه‌كان
سرودی خه‌فه‌ی گژوگیا
خاڵی بونه‌وه‌ی فڕین
حوجره‌كانی هه‌ست
له‌یه‌كترازانی روح و جه‌سته
دوودڵی لێو
زیزبوونی فریشته كان
سه‌رسام بوونی برینه‌كان
یه‌خجاڵه‌كانی بێ هه‌ستی
شووشه‌كانی عه‌تر
قه‌زه‌م بوونی مرۆڤایه‌تی
سنه‌و به‌ره‌كانه حورمه‌ت
خه‌نده‌ی ده‌ستكرد
خیانه‌ت
ئه‌م لیسته‌له كه‌ره‌سه‌ی زمانی مردوو له كه‌ره‌سه‌ی ڕه‌نگه‌كان ده‌چن پێش ئه‌وه‌ی نیگاركێشێكی مه‌زن بیانگۆڕێت بۆ تابلۆیه‌كی زه‌یتی نه‌مر، چونكه جیاوازی له ڕووی كه‌ره‌سه‌كانیه‌وه له تابلۆیه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی دی نییه، به‌ڵكو جیاوازی له‌وه‌دایه كه نیگاركێشێكه دایده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ر هۆنینه‌وه و داڕشتنی ئه‌ده‌بیشدا ده‌چه‌سپێت.
كاتێك كه ده‌ڕوانینه واتا‌و ڕه‌مزه‌كان سه‌رسام ده‌بین به‌رامبه‌ر به له خۆگرتنی ده‌قه‌كه بۆ چه‌ندین واتای نوێ كه هیچ په‌یوه‌ندییان به واتا بێ لایه‌نه‌كانی خۆیانه‌وه نه‌ماوه كه له بنه‌ڕه‌تدا بۆیان دانراوه، بۆنمونه له:
كۆڵانه قورمیش كراوه‌كانی پرته پرت
ئه‌م یه‌كه شعرییه به مانای ئاسایی و هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی فه‌رهه‌نگه‌كان نه‌هاتووه، ئه‌و چوار وشه‌یه،هه‌ر وشه‌یه‌كیان به واتای مردوو دێن به ته‌نها به چه‌مكی واتای زمانه‌وانی فه‌رهه‌نگه‌كان . كۆڵانه‌كان ئه‌و به‌شانه‌ی گه‌ڕه‌كانن كه له چه‌ندین كۆڵانی له‌و جۆرانه به دابه‌ش بوونی ئه‌ندازه‌یی گه‌ڕه‌كه‌كان پێكده‌هێنن وهه‌ر كۆڵانێكیش به دوو ڕیزی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری كه خۆیان له 30 یان 40 خانوو ده‌ده‌ن پێكدێن وجوگرافیای گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان لێپێكدێت، به‌ڵام ده‌قه‌كه له‌م چوارچێوه‌ی ده‌رهێناوه و واتایه‌كی نوێی پێ به‌خشیوه به هاوشانكردنی له‌گه‌ڵ كاتژمێردا به ڕوونتر بڵێین ئه‌وه گوێی مرۆڤه‌كان یان خودی مرۆڤه‌كانه قورمیش ده‌كرێن و له چوارچێوه‌ی ئه‌ركی دیاریكراوی ئاسنینی بێ هه‌ست وسۆزیدا ده‌سوڕێنه‌وه كه‌چی له‌م ژیانه سه‌یر وسه‌مه‌ره‌شدا له سنوری كاری په‌له‌په‌ل و پرته‌پرت تێناپه‌ڕێت كه بێگومان پرته پرت وپه‌له په‌لیش له كاره‌كانی ژیاندا هه‌میشه ئه‌نجامی باش وسوودمه‌ندیان لێ ناكه‌وێته‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌وترێت:
دارشه‌ق چووه‌ته ژێر باڵی عومره‌وه
دارشه‌ق لێره‌دا به مانا ناسراوه‌كه‌ی یان خوازراوه‌كه‌ی نه‌هاتووه وه‌كو وشه‌كانی تری پیرو په‌ككه‌وته‌و شه‌ل كه له نه‌خۆشخانه كاندا مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵدا ده‌كرێ، كه‌چی ده‌قه‌كه هاتووه‌و ئه‌و ئامرازه‌ی له زنجیره‌ی واتایی ده‌رهێناوه‌و فوویه‌كی تری پێدا كردوه كه پێشتر نه‌یبووه، به كۆكردنه‌وه‌ی واتاكان له سنوری ناسراوی خۆی ده‌رده‌چێت .مانای ئه‌وه‌یه وشه‌كان له ڕووی واتاوه په‌یوه‌ندییان نه به په‌ككه‌وته و نه به نه‌خۆشخانه‌وه هه‌یه، به‌ڵكو هێمان بۆ چه‌ند ڕووداوێك، شفره‌ن بۆ چه‌ند به‌هایه‌ك كه له ڕێڕه‌وی گشتی ده‌قه‌كه تێگه یشتنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، تێگه‌یشتنێك كه كراوه ده‌بێًت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه زمان له فه‌رهه‌نگه‌كاندا ، به ته‌نها به‌س نییه بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، ئه‌گه‌ر شتێكی تری نه‌خه‌یته‌سه‌ر، یان ده‌ڵێت:
ئه‌نگوستیله‌ی ڕۆژه‌كان ڕه‌ش ئه‌بنه‌وه
ئه‌نگوستیله له زماندا، بابه‌تێكی جوانكارییه و كه‌ره‌سه‌یه‌كی گرانبه‌هایه كه به دیاری له نێوان خۆشه‌ویستاندا ده‌گۆڕرێته‌وه، له ڕووی دروستكردنییه‌وه بریقه‌دار و بێ وێنه‌یه له شێوه‌كانیدا، به‌ڵام ده‌قه‌كه ئه‌م مانا فه‌رهه‌نگییه سنوورداره‌ی ناوێت ، به‌ڵكو ده‌یگۆێزێته‌وه بۆ جوانییه‌كانی ژیان ، ژن ، ده‌وروبه‌ر، ره‌فتار، پڕه‌نسیپه ڕه‌وشتی وئاكارییه‌كان. ئاخاوتن لێره‌دا ڕێڕه‌وی نواندن و هێمای وه‌رگرتوه، ئه‌و چوار وشه‌یه واتای فه‌رهه‌نگی ناسراویان نییه، به‌ڵكو جیهانێكی نوێی واتای كتوپڕیان له خۆگرتوه كه به مانای تێكچونی شیرازه‌ی سروشتی بنه‌ماو به‌هاكان دێته‌وه، ئه‌نگوستیله‌ی هه‌بێت وپاشانیش ئه‌و ئه‌نگوستیله‌یه ڕه‌نگی تێكبچێت و ڕه‌ش ببێته‌وه، تۆ بڵێی ئه‌م یه‌كه‌ی كاته هه‌ڵسوكه‌وتی گیانه‌وه‌رانه بگرێته به‌ر و ئه‌نگوستیله له په‌نجه بكات ؟ له جیهانی داهێنان و ئه‌فراندنی ئه‌ده‌بیدا هه‌مووشتێك ده‌بێت، كاره‌كان ده‌درێنه‌پاڵ هه‌رشتێك كه مه‌عقوڵنه‌بێت، تیایدا ڕۆژه‌كان ئه‌نگوستیله‌یان له په‌نجه‌یه و وه‌كو خۆیان له بنه‌ڕه‌تدا نابن.
چه‌نده وێنه‌كه جوان بێت ئه‌وه‌نده‌ش واتاكه جوان ده‌بێت، كرداره‌كه كرداری مرۆڤ و قه‌ده‌ر و گیانه‌وه‌ری تر نییه، به‌ڵكو هی ڕۆژه كه توانای له په‌نجه كردنی ئه‌نگوستیله و نواندنی جوانی هه‌یه، كه‌چی ڕه‌ش ده‌بێته‌وه.
ره‌نگه دوان له‌م باره‌یه‌وه درێژه بكێشێت و، ئه‌گه‌ر بێین له یه‌ك به یه‌كی ره‌گه‌زه زبانییه‌كانی نێو ده‌قه‌كه بكۆڵینه‌وه له هه‌ردوو رووه‌وه ، واته له واتای هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی فه‌رهه‌نگی ، ئنجا قووڵبوونه‌وه به واتا فوو پێكراوه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌قنووسه‌وه له نێو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا، ئه‌م كاره ره‌نگه چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی بوێت . زمانیش خۆی خاوه‌ن واتای خاوی فه‌رهه‌نگییه له واتا ئاماده‌كان و، داهێنه‌ر دێت و له خه‌یاڵ و بیری خۆیه‌وه واتای تری لێدروستده‌كات .
ئه‌م ده‌قه‌ی له به‌رده‌ستماندایه له 167 یه‌كه‌ی شیعری پێكدێت و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی زمانه‌وانی شێوازگه‌ری جۆراوجۆری له‌خۆ گرتوه ، ئه‌مه‌ش له پێناوی ده‌قه‌كه و نیگاركێشانی ئه‌ندازه‌ی بنیاتی رووكه‌شیدا.
یه‌كه‌م شت كه له ئه‌ندازه‌ی بنیاتی ده‌قه‌كه‌دا به‌دیده‌كه‌ین ، بوونی یه‌كه‌ی دیاری نێو ده‌قه‌كه‌یه كه ئامرازی پرسیان بۆ دانراوه و گوزارشت له راڕایی و نیگه‌رانی و شپرزه بوون و ئازار و نه‌هامه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانێتی ئاینده‌یی ده‌كه‌ن . سروشتی پرسیاره‌كه‌ش له یه‌كه یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێت و،له كۆی هه‌موویاندا راڕایی ونیگه‌رانی ده‌روونی ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه گڕكانه‌یه كه پڕه له نیگه‌رانی له ده‌روونی كه‌سێتی شیعرییدا، پرسیاره‌كانیش دێن به:
1ـ واتای بێ هیوابوون: بشێ بتوانین گڵوًپه‌كانی خه‌نده‌ی ده‌ستكردو ته‌وقه‌كانی خۆ ئاماده‌كردن بۆ خیانه‌تێكی تر بۆ ئه‌به‌د بكوژێته‌وه؟؟
2- واتای نكۆڵی كردن ( ئینكاریكردن ): كوا…؟چیت بۆم كرد…؟ هیچت دیار نییه…؟
3- واتای خستنه ڕووی حاڵه‌ت : له كام ئه‌ستێره‌وه بویته پارچه‌یه‌ك ( نه‌یزه‌ك ) ؟
پرسیاری یه‌كه‌م له دوو توێیدا بێهیوابوونێكی تاریك له‌خۆ ده‌گرێت ، كه‌سێتی شیعری بابه‌ته‌كانی پێشووتر له ده‌ست ده‌دات كه به یه‌كه‌وه گرێی دابوون، به‌م هۆیه‌شه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆیان مه‌حاڵ بووه و ده‌كرێ ئه‌م پرسیاره بێهیوایه‌ش شیبكه‌ینه‌وه له‌م تێڕوانینه شێوازگه‌رییانه‌ی خواره‌وه و دابه‌شی بكه‌ین بۆ به‌شه ره‌گه‌زه‌كانی :
1- خود لێره‌دا به كۆ هاتووه له جێناوی لكاوی ( ین ) دا به‌رجه‌سته بووه.
2- بابه‌تی یه‌كه‌م كه په‌یوه‌ندی زۆر به خوده‌كه‌وه هه‌یه، خۆی له وشه‌ی ( بشێ بتوانین ) دا ده‌بینێته‌وه كه له بری (ئایا ده‌توانین ) هاتووه و،به هۆی ئه‌وه‌ی كه بێهیوایی پێوه دیاره ، ته‌نانه‌ت وشه‌ی (ئایا) ی به‌كانه‌هێناوه ، چونكه ونبوون یان كه‌مته‌رخه‌می نواندنی ته‌واوی پێوه دیاره .
3- بابه‌تی دووه‌م ئه‌و به‌ركاره‌یه كه په‌یوه‌ندی به بابه‌تی یه‌كه‌مه‌كه‌وه هه‌یه به جێناوی لكاوی ( ین ) سه‌رجه‌میان گرێدراون و ئامانجی به‌دی نه‌هاتووی خوده‌كان ده‌رده‌خات له كوژاندنه‌وه‌ی ( گڵۆپه‌كانی خه‌نده‌ی ده‌ستكرد ) .
به‌مه‌ش سێ په‌یوه‌ندی له‌م پرسیاره بێهیوایه به‌دیده‌كه‌ین كه بریتین له :
= په‌یوه‌ندی كارا و گاریگه‌ر ( بشێ بتوانین ).
-په‌یوه‌ندی به‌ركارانه یان كارتێكراو( گڵۆپه‌كانی خه‌نده‌ی ده‌ستكرد ).
-په‌یوه‌ندی ناوه‌ند و گرێ ده‌ر به جێناوی لكاوی(ین).
ئه‌م سێ په‌یوه‌ندییه‌ش ( كه لایه‌نی ئاماژه‌یان واتا ده‌گرێته‌وه) له‌گه‌ڵ یه‌كدا كۆ ده‌بنه‌وه له پێناوی پێكهێنانی بنیاتی قووڵی ( واتا ) دا كه ئه‌ویش بریتیه له بێ هیوا بونێكی ڕه‌ها.
پرسیاری دووه‌م خاوه‌نی سروشتێكی نكۆڵی كردنه ( ئینكاری كردن )و له سێ به‌ش پێكهاتووه كه هه‌ر سێكیان ڕوونكردنه‌وه‌ی یه‌كترن و ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ یه‌كدا یه‌كسانن، یه‌كه‌میان به كورتی ده‌پرسێت : كوا…؟ دووه‌میان ڕوونی ده‌كاته‌وه:چیت بۆكردم…؟ سێیه‌میان زیاتر لایه‌نه‌كانی پرسیاره‌كه ده‌خاته ڕوو: هیچت دیار نییه…؟ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی مشتومڕانه‌ی ئه‌زه‌لی نێوان ژن و پیاو ده‌رده‌خات وده‌قنووس به ئاشكرا له‌پێش ئه‌م پرسیاره ده‌ڵێت: ئه‌ركێك…وه‌كو ئافره‌تێك، نه یاقووت و نه مه‌رجان نابنه هۆی بونیان به شت،هه‌ر بۆیه به (چی ) گوزارشتیان لێ كراوه.به هه‌رحاڵ ده‌توانین ئه‌م پرسیاره بۆ به‌شه ڕه‌گه‌زه‌كانی له ڕووكه‌شی نامه‌كه‌یدا شیبكه‌ینه‌وه و راده‌ی په‌یوه‌ندییه رووكه‌شییه‌كانی بنیاته‌كه‌ی روونبكه‌ینه‌وه:
1- خود له‌م پرسیاره له جێناوی ( م ) له ( بۆم ) به‌رجه‌سته بووه.
2- بابه‌ته‌كه خۆی له ( چی – هیچ ) دا ده‌نوێنێت كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ركارییانه ده‌نوێنێن .
3- ئامرازی كاریگه‌ر به‌سه‌ر خود و بابه‌ته‌كه‌شدا ( كوا – چی – هیچ ) ، كه چه‌مكی تێڕوانینی له ڕێڕه‌وی ساده ( جێگیر ) كه له بنه‌ڕه‌تدا ره‌تكردنه‌وه‌یه، گۆڕیوه بۆ رێڕه‌وی ئاوێته‌كراو كه هه‌رگیز روو نادات .
له پرسیاری سێیه‌مدا بێلایه‌نییه‌كی زبانه‌وانی به‌دیده‌كه‌ین به شێوه‌یه‌ك خود لێره وونه ، به ته‌نها بابه‌ته‌كه خۆی رێكده‌خات له‌گه‌ڵ ئامرازی پرسیاره‌كه‌دا كه په‌یوه‌ندی بێهووده‌بوونی یان بێبنه‌مابوونی دره‌ختی ئه‌م به‌رهه‌مه ده‌رده‌خات له ره‌تكردنه‌وه و نه‌رێكردنه‌وه، گۆڕیوه بۆ ئه‌رێیه‌تی جێگیر به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت ، ئه‌مه‌ش یه زیادكردنی وشه‌ی پرسی ( كام ) روونتر بووه‌ته‌وه. سه‌رسامی و نیگه‌رانی باڵی به‌سه‌ر ئه‌و بوونه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی خوده‌كه‌دا كێشاوه ، دابه‌شبوونی ئه‌م خوده و جیابوونه‌وه‌ی نازانرێ بدرێته پاڵ كام بنه‌ڕه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه ناونیشانێك ، بنه‌مایه‌ك دروستبكرێ . پرسیارێك كه به شێوه‌ی ناسراو یان خوازراو نه‌كراوه ، ده‌قه‌كه له شێوه‌ی سه‌رسوڕماندا ده‌ریده‌بڕێت:
هه‌ناری پژاوی چ مه‌راقێك، له نامۆترین دره‌خت،
به‌سه‌ر رۆژه‌كانی عومرتا دابه‌ش بوون ؟
لێره‌دا ده‌قه‌كه به هۆی ئه‌ركه هه‌مه لایه‌ن و جۆراوجۆر و سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانه‌وه، بێزاری تیاده‌رده‌بڕێت له نه‌بوونی بنه‌مایه‌كی جێگیر له به‌رامبه‌ریدا كه به‌هۆیه‌وه بتوانێت بابه‌ته له ده‌ست دراوه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه ، بۆیه به ناچاری و خێرا خێرا په‌نا وه‌به‌ر خودی دڵدا ده‌بات و لێی ده‌پاڕێته‌وه و ده‌یدوێنێ و دڵنه‌واییشی ده‌كات .
دابه‌شكردنی ئه‌م یه‌كه پرسانه له ده‌قه‌كه دا ، چه‌ند لایه‌نێكی زه‌قی ئاوێنه‌ی هه‌ناوی ده‌قنووس كه پڕبووه له خه‌م و ئازار‌و نیگه‌رانی ، ده‌قه‌كه‌ش به‌ر ئه‌نجامی بووه كه له‌سه‌ر دڵه ڕاوكێی توند و سه‌ر سامی بێ ورته و بێهیوابوونی لێڵاوی بنیاتنراوه .
مه‌ترسیدارین پرسیار كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌سێتی شیعری تیایدا به گومان و راڕایی و خه‌م و ئازاره ، ده‌پرسێت: بشێ بتوانین ؟ ئه‌و پرسیاره‌یه كه جه‌خت له وونبوون و نادیاری و له ده‌ستدان ده‌كاته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌و كاره نه‌توانرێ بكرێ .
ته‌نانه‌ت له پرسیارێكی كه به كۆ ده‌یكات ، ئه‌گه‌ری چینی زاڵ ده‌گرێته‌وه و به شێوه‌یه‌كی لاوه‌كییانه ده‌ری خستوه: كوان ئه‌و پیاوانه‌ی…؟ كوان ئه‌و ده‌ستانه….؟ كه بۆ خۆی ئه‌م پرسیاره‌ش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئاوڕدانه‌وه‌یه له مه‌سه‌له‌یه‌ك كه لێبوونه‌وه له بێهیوابوون له‌باره‌یانه‌وه شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته و ده‌لاقه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی تره و، به‌دیوی تردا و هه‌ر وه‌كو بانگه‌وازێكیش ده‌ربڕاون . له میانه‌ی بانگه‌وازی روون دا ده‌قنوووس له سێگۆشه‌ی ( دڵ ، جه‌سته ، روح ) دا بانگه‌وازی كردوه كه چوار یه‌كه‌ی بۆ ته‌رخانكردوه :
ئه‌ی جه‌سته
ئه‌ی دڵ
ئه‌ی دڵ
ئه‌ی روح
تایبه‌تمه‌ندیكردنی ده‌قه‌كه به چوار بانگه‌واز به مانای خه‌م و ئازاری خه‌فه‌كراوی ناخه‌كه ده‌یه‌وێت له رێگه‌یانه‌وه بیانته‌قێنێته‌وه ، پرسیاركردنی ده‌رباره‌ی شتێك مه‌عقوول نه‌بێت یان بانگه‌وازكردن بۆیان ، ته‌واوی نیگه‌رانی و دڵته‌گی له ده‌قه‌كه دا ده‌رده‌خات . به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م چوار بانگه‌وازكردنه بۆ ئه‌وه هاتوون بێهیوایی و راڕایی بنوێنن و به‌هۆیه‌وه ساڕێژی ئه‌و برینانه‌ی ناخ بكه‌ن . جه‌سته‌یه‌ك كه بووه به بار به‌سه‌ر هه‌نگاوه‌وه و بێتام بووه ، دڵێك كه له قه‌فه‌سدا به‌ند كرابێت ، روحێك كه به كۆت و به‌ند و به ئاراسته‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا رێڕه‌و بكات ، هه‌موو ئه‌مانه جگه له خه‌م و ئازار و مه‌ینه‌تی هێمای تریان لێناخوێنرێته‌وه .
خه‌نده‌ی ده‌ستكرد و خۆئاماده‌كردنه‌كان بۆ خیانه‌تی تر، خوێناوی بوونی رێگا و نقوومبوونی له له‌ناوچووندا ته‌واوی ئاكاری كۆتایی ئه‌ركه‌كانی روح و جه‌سته و دڵی نێو ده‌قه‌كه ده‌رده‌خه‌ن و سه‌ره‌تا و ئێستای پرَ مه‌ترسی واتای یده‌قه‌كه ده‌رده‌خه‌ن ، به‌هه‌ر حاڵ ره‌نگه شێوه‌ی تری بنیات له‌م ده‌قه له رووی زمانه‌وه به‌دی بكرێن و ، نه‌مانتوانیبێت به هه‌موویان بگه‌ین و په‌نامان بۆ كورتكردنه‌وه برد بێت، له‌و باوه‌ڕشداین خوێنه‌ر بێبه‌ش نییه له لێهاتوویی و چێژ له پێناوی تێگه‌یشتنی بنیاته‌كانی تردا .
ئه‌مه‌ش ده‌قی شیعره‌كه‌یه :
پێشبڕكێی ئه‌ركه‌كان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی روح
له كۆڵانه قورمیش كراوه‌كانی پرته پرت،
دارشه‌ق چووه‌ته ژێر باڵی عومره‌وه،
له بازنه داخراوه‌كانی ئومێده‌وه،
بازنگی ساڵه‌كان ژه‌نگ ئه‌یانگرێ ،
گواره‌ی مانگه‌كان ئه‌شكێن ،
ئه‌نگوستیله‌ی رۆژه‌كان ره‌ش ئه‌بنه‌وه و
زریزه‌ی ملوانكه‌كانی ماچ به یه‌كتر ناگه‌ن ،
ئه‌ڵقه‌ی مه‌راسیمه‌كانی په‌رده و به‌یه‌ك گه‌یشتن …
حجیله‌كانی ژن و مێردایه‌تی..
له نێو خه‌ستی قوروِلیته‌ی په‌له‌په‌ل نوقم ئه‌بن..
له شه‌قامی كاره‌كان ، له كووچه‌ی ئه‌ركه‌كان ،
هه‌ناسه‌كانمان گه‌ڵای دارمێوه‌كانی ناڕه‌زایین..
فریای گرتنه‌وه‌ی جڵه‌وی ئه‌سپه‌كانی ( كات ) ناكه‌وین
له چوار چێوه‌ی كاره‌كان،
خه‌ریكه ئه‌بمه كرێكارێك له كارگه‌كانی ( رۆبۆتستان )
ئه‌ركێك به‌یانی باشم لێ ئه‌كات
كارێك شمشێره‌كه‌ی ئه‌برسكێته‌وه
نه‌یكوژم ، ئه‌مكوژێت
ئه‌ركێك له ده‌رگام ئه‌دات ،
كارێك تاكسییه‌ك له به‌رده‌م ماڵه‌كه‌م رائه‌گرێت
ئه‌ركێك…وه‌كو ئافره‌تێك،
له نوێنی راڕایی به خه‌به‌ر بووبێته‌وه ،
سه‌ره رای ده‌ستپڕیم له یاقوت و
له په‌نجه‌كانمه‌وه سیحر تكان بۆی
پێم ئه‌ڵێت:
كوا ؟ چیت بۆم كرد..؟هیچت دیار نییه….؟
ئه‌مشه‌و له منداڵدانی بێ ئۆقره‌یی دوای نیوه شه‌ودا
كارێك چه‌ند ئه‌كه منداڵێكی بوو..!
خۆ ناكرێ فرمێسكه‌كانیان به رووتی بهێڵمه‌وه
كارێك داوام لێ ئه‌كات ..
بۆ سبه‌ی وه‌ك سنه‌وبه‌ری قه‌راغ شۆسته‌كان ،
له وه‌ستان به پێوه هیچ گله‌یی نه‌كه‌م
ئه‌ركێك ، پێش ئه‌نجامدانی پێی ووتم:
حیكایه‌ته‌كانی ( ئه‌یوب ) بخوێنه‌وه،
خێرایی له تیشكه‌كان قه‌رز بكه و
فڕینی باڵنده‌كانت هه‌بێت
كارێك كه به نیازه له‌سه‌ر سه‌كۆی په‌نجه‌ره‌كانی
چاوه‌ڕوانی بمكاته گوڵدانیك…
له زیندانی ئه‌ركه‌كان ، بوومه‌ته دیلی كاره‌كان
له بازنه‌ی كاره‌كان ده‌ربازم نابێت…
جه‌سته‌م بووه‌ته ئه‌رك به‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانمه‌وه ،
خۆمیش ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه
ببمه ئه‌رك به‌سه‌ر خۆمه‌وه…
په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ نزیكترین كه‌س ،
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه بچێته خانه‌ی
ئه‌رك و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌وه !!
كاره‌كان وه‌كو ئینسانێك ،
وه‌ك نێرینه‌یه‌ك ، وه‌ك باوكێك ، وه‌ك خزمێك،
وه‌ك هاوڕێیه‌ك دڵسۆز ، به ڕێگاكانی هاوڕێه‌تی،
وه‌ك دراوسێیه‌ك،جێ به جێ ئه‌كه‌م…
به‌ڵام،به مه‌رجێك بمهێڵن
چاوێكم له ئه‌ركه‌كانی روح بێت.
* * *
پڕۆژه ئه‌زه‌لی یه‌كه‌ی نێوان خه‌ووچاو
پوچه‌ڵ ئه‌كه‌مه‌وه…
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مری بكه‌مه قه‌شه‌نگترین تابلۆ،
له سه‌ر دیواره‌كانی ژوره‌كه‌م،
ئارامیم ده‌مێكه ته‌ڵاق داوه..
هێمنیم به ڕوبار ئه‌سپێرم..
بۆ ئه‌وه‌ی زینده‌كانی بكه‌مه
نه‌شمیله‌ترین خۆشه‌ویست
ئه‌ی جه‌سته..
بارستایی عه‌شق ئه‌وه‌نده له روحتا كه‌ڵه‌كه بووه،
خه‌ریكه خۆت پێ هه‌ڵناگیرێ و
هه‌نگاوه‌كانت ئه‌ینه‌بار به‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانه‌وه،
ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویستی له خوێنتا خه‌ست بووته‌وه،
ده‌ماره‌كانت خه‌ریكه ئه‌مه‌یێن
ئه‌وه‌نده بۆ گوڵزاره‌كانی حه‌قیقه‌ت گه‌ڕایت و
له ئاسۆی ئێوارانت ڕوانی و
په‌رۆشی كۆڵانه‌كانی تریفه بووی …
خه‌ریكه له ده‌وروپشتت بێ خه‌به‌ر ئه‌بیت و
له‌شه‌قامه‌كانی تاریكی قه‌تیس ئه‌مێنی…
ئه‌ی دڵ…
تۆ ئێستا باڵنده‌ی قه‌فه‌سێكی،كه‌سنگی خۆته!؟
به‌ندی ژورێكی،بنمیجی له دووكه‌ڵه و
دیواره‌كانی سه‌رابن!؟
زه‌ویه‌كه‌ی، بروسكه‌ی ئه‌سكڵێكه له دۆزه‌خ…
سه‌حه‌رێك په‌نجه‌ره چكۆلانه‌كه‌ت
یه‌خه‌ت ئه‌گرێت و ئه‌ڵێت:
ئینجانه‌یه‌كی ترم لێت ئه‌وێ…!
تۆ ده‌بێ جێ گۆڕكی به ئینجانه تاقانه‌كه‌ت بكه‌ی،
تادڵی په‌نجه‌ره شه‌رمنه‌كه‌ت ژه‌نگ نه‌یگرێ….
تۆ هه‌موو جارێك ئه‌ڵێ ی:
سێ شت زۆر بێ ئامانن…
ئاو ، ئاگر ، خۆشه‌ویستی…
ته‌نها سه‌فه‌رێك بۆ چاوه‌كانی(یه‌مامه)ئاشنات ئه‌كات
سه‌فه‌ر بۆ مه‌مله‌كه‌تی عه‌شق…
ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ك
قه‌راغه‌كانی پڕ له‌پوونگه‌ی سیحراوی،
كه ئه‌و سه‌ری ئه‌گاته هه‌واره‌كانی دوو دڵی وراڕای،
هه‌ر سه‌به‌ته‌یه‌ك تێتوه‌كه‌ی به‌تامه،
كه پڕه له نان و نمه‌كی نیگه‌رانی وڕه‌یحانه‌كانی گومان
له مه‌راسیمی گریاندا،ئه‌ی نیگا…
فرمێسكه نه‌رم و نیانه‌كانت ، چه‌ند زوو ئاماده‌ن!
روحیشت چه‌ند ئێسك سوكانه ده‌ست وبرد
به پیریته‌وه دێ!
له مه‌ڕاسیمه (سه‌مای ته‌قسێكی روحی)
ئه‌ی دڵ:هه‌ر خۆت ئه‌زانی…
تۆ پرته‌قاڵی كام باخی بێ هوده‌ییت،
هه‌ناری پرژاوی چ مه‌راقێك،له‌نامۆ ترین دره‌خت،
به‌سه ڕۆژه‌كانی عومرتا دابه‌ش بوون،
له كام ئه‌ستێره بوویته پارچه‌یه‌ك (نه‌یزه‌ك)؟
ئه‌ی دڵ ،(كیوبید)له‌خوێنتا سه‌رهمه‌كه‌ی ئه‌بریسكێته‌وه و
تۆیان له‌م عه‌رده چاند و
ئه‌فسانه‌كان ئاوی ئه‌سپه‌كانت ئه‌ده‌ن…
هه‌ر خوا ئه‌زانێ زه‌مین له كام كێڵگه‌ی ئه‌شكدا،
تۆی په‌روه‌رده كرد
سپێده له گۆشه‌ی چاوه‌كانت هه‌ڵدێ و
بویته‌ته گوڵدانێك له‌سه‌ر سه‌وسه‌نه‌كانی ڕووناكی
باخێكی، سێوه موگناتیسیه‌كانی ئه‌ڤین ئه‌گریت و
زه‌میله كانت پڕن له ئه‌ستێره‌كان
كه چه‌ندێ قه‌فه‌س و داون بۆ بچنن
ده‌سته‌كانت هه‌ر پڕن له یاقووت…!
هه‌میشه پرسیاره‌كانت له‌پێشته‌وه ڕێ ئه‌كه‌ن،
كوان ئه‌و پیاوانه‌ی…
گوێ له سروودی خه‌فه‌تی گژوگیا ئه‌گرن؟؟
بۆ ناسۆره‌كانمی په‌پووله و ئه‌شكه‌نجه‌ی په‌رییه‌كان
ئه‌بنه قه‌تره‌یه‌ك ئاو
كوان ئه‌و ده‌ستانه‌ی بتوانن…
پێستی سپی داماڵێوراو،
له گۆشتی كه‌روێشكه كێوییه‌كان
بكه‌نه‌وه به‌ر قوونه قوون؟؟
ئه‌زانی زۆرن ئه‌وانه‌ی…
بێ ئاگان له خاڵی بوونه‌وه‌ی فڕین له‌شاپاڵ…!
كه‌م نین ئه‌وانه‌ی بۆنی بۆگه‌نی ماسییه‌كان
ناگاته لوتییان….!
ئه‌زانی بولبوله‌كان هه‌ر ته‌نها ئه‌وانه‌ی
له‌حوجره‌كانی هه‌سته‌وه به ئاگا هاتوون،
گوێ له ده‌نگیان ئه‌گرن
ئه‌م شاعیرانه هه‌ر خۆیان
شیعره‌كانی خۆیان ئه‌خوێننه‌وه؟!
چیروكنوسه‌كان و تابلۆ كێشه‌كان و په‌یكه‌ر تاشه كان ،
كه‌سێك ناونیشانی چیرۆكێكیان ماچ ناكا و
له خۆڵه‌مێشی ئیسقانێكیان نلڕوانی و
له ڕه‌نگی له‌یه‌ك ترازانی روح وجه‌سته‌یان
ورد نابێته‌وه…
باڵنده‌كان…
ئاخ له به‌سزمانی باڵنده‌كان،ئه‌ی دڵ
بۆ ده‌نكه گه‌نمێك،ناچارن
ئاسمانمێك له مینی تۆڕ‌و فاق ببڕن!؟
بۆ كاسه‌ی تونێتی فڕنێك،
ده‌بێ تاوێره‌كان كون كون بكه‌ن و
ده‌نوكیان بكه‌ن به خه‌نجه‌رێك له‌ئه‌ڵماس،
تا ئاو بدۆزنه‌وه!
ڕه‌خنه‌گره‌كان…
ئۆف له ته‌سلیمی ئه‌و به‌ردانه‌ی
بووه‌ته دێرۆكی هه‌ندێكیان….!
جورئه‌تیان نییه قه‌سیده‌كانی عه‌شق ڕووت بكه‌نه‌وه
ئه‌ی ڕوح….
ماچ له‌لێو دوودڵه،نیگا له‌ڕامان ئه‌ترسێت،
كه‌س دره‌ك به كۆچی هه‌ورو تۆرانی باڵنده‌كان و
زیز بوونی فریشته‌كان ناكات…
گوڵه‌كان متمانه‌یان به‌ئینجانه‌كان نه‌ماوه،
شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كاننابنه ئاوێنه گوڵدانه‌كان…
ئاه … تۆ بڵی ی بتوانین ئه‌ی دڵ؟
به قه‌باره‌ی سه‌رسام بوونی برینه‌كان،
خه‌سته‌خانه‌یه‌ك بۆ شیفای خوێن به‌رز بكه‌ینه‌وه…
به ئه‌ندازه‌ی بۆگه‌ن بوونی ماسییه‌كانی ویژدان،
له یه‌خچاڵه‌كانی بێ هه‌ستی ونه‌ستی،
شوشه‌كانی عه‌تر بگه‌ڕێنینه‌وه ماڵه‌كانمان؟
به‌قه‌ده‌ر قه‌زه‌م بوونی مرۆڤایه‌تی و
ته‌سك بوونه‌وه‌ی ڕووبه‌ری باوه‌ش به‌یه‌كدا كردن،
سنه‌وبه‌ره‌كانی حورمه‌ت له سه‌رشۆسته‌كان بڕوێنین؟
تۆ بڵی ی به قه‌باره‌ی فڕین له فڕین
باڵه‌كان كۆ بكه‌ینه‌وه؟
بشێ بتوانین گڵۆپه‌كانی خه‌نده‌ی ده‌ستكرد و،
ته‌وقه‌كانی خۆ ئاماده‌كردن بۆ خیانه‌تێكی تر،
بۆ ئه‌به‌د بكوژێنینه‌وه ؟؟
سامان محه‌مه‌د
“”””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””
سه‌رچاوه‌كان:
مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی|به‌رگی سێیه‌م|د _مارف خه‌زنه‌دار2003
دفاعاعن العقل والحداته/دمحمد سبیلا/2004
تگور الفكر النقدی الادبی فی العراق ـــ دكتور بتول قاسم ناصر ـــ 2004
كۆچی هه‌وره‌كان/كۆمه‌ڵه شیعر /بورهان ئه‌حمه‌د /ساڵی 2000 كه‌ركوك