Skip to Content

Monday, May 20th, 2024
پارتی و یەکێتی لەکوێی رووداوەکاندا خۆیان دەبینەوە ؟

پارتی و یەکێتی لەکوێی رووداوەکاندا خۆیان دەبینەوە ؟

Closed
by April 6, 2011 گشتی

پیناسەیەک بۆ هەریەک لە یەکێتی و پارتی
 یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، ئەو حزبە سیاسیە بەر بڵاو و بەرچاوەیە لە لاپەڕەکانی مێژووی رابردووی زیاتر لە سی ساڵ ، کە تیایدا گەورەترین ڕۆڵی بوە لە رووداوەکان ئیدی بە چاک یان خراپ و خاوەنی هەزاران شەهیدە لەم رێبازەدا و جێگەو پلەو قورسایی بۆ خۆی نەخشاند چ لە کوردستان و چ لە عێڕاق و ناوچەکە ، سەردەمانێک کەسێک ئەندامی یەکێتی بوایە شانازی پێوە دەکرد و خۆی بە بەشدار بووی بنیات نانی وولات دەزانی ، خەڵکی چاوی لێیان بوو متمانەی دابوونێ کە زیاتر وولات بەرەو پیش بەرن هەر بۆیەش لە چەند هەڵبژاردنی سەرتاسەری و ناوخۆیی دا چوونە سەر ، یەکێتی لە دوای ڕاپەرینی 1991 وە ئیدارەی کوردستان بەتایبەت سلێمانی و دەوروبەری کەوتوەتە دەست لە چەندین قۆناغی جیاجیادا وولاتی بەڕیوە بردوە ، هەموو ئەو رۆژانەی کە تیایدا پارە و سەروەت نەیدەتوانی رۆڵ بگیڕیت و بەدەستیانەوە نەبوو یەکێتی و یەکێتیەکان پیرۆز بوون و خاوەن هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوون . تا ئەو کاتەی سکرتێری ئەو حزبە لە قەلاچوالان و سلێمانی و دوکان بوو ، تا ئەوکاتەی ململانێکان لەسەر چەسپاندنی دەستووری عێڕاق بوو  ، شەڕ لەسەر کەرکوک و ناوچەدابراوەکان بوو ، هەوڵەکان بۆ پەیدا کردنی دۆست بۆ کورد بوو ، تا ئەو کاتەی ستراتیژیەتی سەرکردایەتی کورد بۆ چەسپاندنی پێگەی کورد بوو لە هەرێم و عێراق .   ئەمە گەر هەموو ئەو مێژوە تالانەی شەڕی ناوخۆییان لێ دەربکەیت .

پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەمیشیان پارتێکی خاوەن بنکەی فراونی کوردستان بوو لە دوای ژێکاف و حزبی هیوا کۆنترین حزبی کوردستانە کە بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی کورد لەم بەشەی کوردستان دامەزراوە و خاوەن هەزاران  شەهیدە و لە سەدان شەڕی قارەمانانە دا بەشدار بوە دژی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاقی پێش سەدام، پارتی کە یەکەمین سەرکردەی مەلا موستەفای بارزانی بوە و بە دامەزرێنەری ئەو پارتە دەژمێردرێت  ، سەردەمانیك لە کوردستاندا جگە لە حزبی شیوعی عێڕاق کە رێکخستنیان لە کوردستاندا هەبوە هیچ لایەنێکی دیکەی سیاسی چالاک نەبوە و خەڵکی کوردستان  بە پارتی پێشڕەوی خۆیان زانیوە ، سەردەمانێک ئەگەر کەسێک پارتی یان شیوعی نەبووبێت ئیدی ئەوە یان بێلایەن بوە یان سەر بە ڕژێم بوە ، پارتی لە ڕێگەی سەرکردایەتی کردنی شۆڕشەوە گەیشتوەتە پلەی خۆناساندن لەسەر ئاستی جیهان و پەیوەندی لەگەڵ زۆر وولاتی جیهانیدا هەبوە و سەردەمێک لەگەڵ ئەمریکا لەسالانی سەرەتای حەفتاکاندا پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوە و هاوکاری ماددی و مەعنەوەی کراوە ، وولاتێکی وەک ئێران بە ئاشکرا داڵدەی داون و بە چەک تەنانەت بە فرۆکەش پشتگیری کردوون لە شەڕەکانیاندا لەگەڵ رژێم . پارتی وێڕای یەکێتی تا ئەو کاتەی سەرۆک و سەرکردەکانی لە ناو میللەت دا بوون و تێکەڵی نەخۆشیەکان و کێشەکانیان بوون ، تا ئەوکاتەی سازشیان نەدەکرد لەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ، تا ئەوکاتەی بە وێنەی ئەمرۆ بە چارەسەری کێشەی کەرکوک رازی نەبوون ( شایانی بیر هێنانەوەیە رژێمی بەعس بەمەی ئێستا رازی بوو بۆ کەرکوک ) تا ئەو کاتەی یان کوردستان یان نەمان بوو ، تا ئەو کاتەی بنکەکان لە راژان و گەلالە و حاجی ئۆمەران بوو ، تا ئەو کاتەی لە خانووی یەک قاتی دوو مەتر بڵندا نیشتەجێ بوون و مامەڵەکان بە ملیار دۆلار نەبوو ، پارتی لە ناو جەماوەردا خوازیار بوو هەر بۆیەش گەیشتە ئەم پلە و پایەی ئەمرۆ ( دیسان دەبێت ئەم مێژووانەی پارتی مێژوە ڕەشەکانی دژ بەخۆیی و ویستی نەتەوەکەی لێدەربکەین واتا یەک بەیەک بۆ هەردوولایان وەک یەکێتی و پارتی )

ئەم دوو حزبە دوای ئەو پێناسانەی سەرەوە

گەر ئەو سەردەمانەی دروست بوونی بەرەی کوردستانی ( کە کەم تا زۆر هەڵوێستی پارتی و یەکێتی بە ململانێیەکی ژێر بەژێر و نا باوەڕەوە بەیەکتر کاریان دەکرد ) لە مێژوودا دەربێنین کە بەدوایدا ڕاپەڕین دروست بوو تا دروست بوونی یەکەم پەرلەمان ، ئیدی هیچ سەردەمێکی تر وەک ئەمەی ئێستا نابینین کە پارتی و یەکێتی وەک دوو حزب کە بەشێکی زۆری مێژوویان خوێناوییە بەدەستی یەکتر وەک ئەم سەردەمە کۆک بوو بن ، ناڵیم هاوکاری یەک چونکە ئەمەی ئێستا کە لەژێر ناوی هاوپەیمانی ستراتیژی دایە زۆر لەوە زیاتر و دەکرێت بڵێین توانەوەی یەکێتیە لە ناو پارتیدا و دووحزبن لەیەک چوارچیوەدا .
نە پارتی بوە بەو حزبەی ئەوەندە سۆشیال دیموکرات بێت کە شایانی ئەوە بێت حزبێکی وەک یەکێتی تیایدا بتوێتەوە و خاوەن هەڵوێستی خۆی نەبێت و هەرکات لە سەری ڕەش باران ببارێت ئەو لە دوکان چەتر هەڵبدات ، نە یەکێتیش ئەوەندە لاواز و بچووک بووەتەوە کە نەتوانێ خاوەن هەڵوێستێکی جیا لەوەی پارتی بێت .
لەم رووداوانەی ئێستای کوردستان کە لە ئەنجامی هەڵەی گەورەی تاقمی لقی چواری پارتی لە سلێمانی دروست بوە و خوێنی تیادا ڕژاوە ( لە سلێمانی هێشتا ئیدارەی شار بەدەست یەکێتیەوەیە ) یەکێتی نەیتوانی خۆی لەبەرەی دەنگی خەڵکدا ببینێتەوە لانی کەم لەوەی  دادگایی ئەوانە بکرێت کە تەقەیان لەخەڵک کرد و سەرپەرشتییان کردوە، یەکێتی خۆی بە خاوەنی سلێمانی دەزانێت و هەموو ئەو شەڕە براکوژییانەشی کە کراون لەسەر سنووری دەستەلاتی یەکتر بوە و ویستویانە فراوان تری بکەن .  ئاسایشی سلێمانی و پاراستنی لە ژێر دەستەلاتی یەکێتیدایە لە کاتێکدا لەبەردەم لقی پارتی دەبێتە بەرد هاویشتن و ماوەی چەند خولەکێک دەخایەنێت  و نابینین هێزەکانی ئاسایش بێن بە فریایانەوە و بلاوە بەخەڵکەکە بکەن ئیدی لە دواییدا ئەوە روو دەدات کە رووی دا ئەگەر پۆلیس و ئاسایش یان بڵێین یاسا رۆڵی خۆی نەگێڕێت ئەوە کەسانی دیکە دەکەونە بەکار هێنانی بازووی خۆیان و بەمەش خۆیان لە بیر دەچێتەوە و دەکەونە هەڵەی کوشەندەوە . ئایا یەکێتی لەگەڵ بوونی ئەو پەیمانە ستراتیژییەی کە لەگەڵ پارتی هەیانە بە چ مەبەستێک ئەو گۆڕەپانەی بەردەم لقی چواریان چۆڵ کرد بۆ ئەوەی ئەو کارەساتەی لێ بکەوێتەوە ؟ لێرەدا پێویستە بڵێین پارتی دەبێت بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بخاتە ژێر لێپرسینەوە نەک ئەوانەی مۆڵەتی خۆپیشاندانەکەیان وەرگرتوە چونکە لەبەرنامەی ئەواندا نەبوە بچن بەرەو لقی چوار . دەبێت مەبەست و نیازی یەکێتی چی بووبێت ، دوور نیە بۆ ئەوە بووبێت کە گۆڕان لەگەڵ پارتی بدەن بەیەکدا ( چونکە ئەوان پێیان وا بوو ئەمە هی گۆڕانە و گۆڕانیش دەچێتە ژێر باری و ئیدی بەزمەکە لە نێوان پارتی و گۆڕان خەست دەبێتەوە و ئەو کات بۆ لەناو بردنی گۆڕان پارتی زیاتر پێویستی بە یەکێتی دەبێت و بەمەش سەنگی یەکێتی لای پارتی قورس تر دەبێت ) .
ئەم دوو حزبە دەستەلات دارە بەوەی کە هیچ رێز بۆ داخوازییەکانی خەڵک دانانێن و هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ هێور کردنەوەی بارو دۆخەکە و ماندوو بوونی سەدان هەزار کەس بە هەند وەرناگرن و بە هاونیشتیمانی خۆیان ناژمێرن ، ئەوە دەتوانین بڵێین نەک متمانەی خۆیان لەدەست داوە بەڵکو ئەو بەشە مێژووە خاوێنەش کە هەیان بوە دەیخەنە ژێر پرسیارەوە و هەموو ئەو بەڵێن و بەرنامانەش کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتیەکاندا بەخەڵکی دەدەن یان خۆیانی پی پێناسە دەکەن دەکەوێتە ژێر گومانەوە .
ئەوان لە دوای مانگ و نیوێک لە ناڕەزایی خەڵک تەنها شتێک کە بیریان لێ کردوەتەوە ئەوەیە کە چۆن خەڵک هەڵبخەڵەتێنن و ئەم خۆپیشاندانانە دابمرکێننەوە ، ئاخر لە وولاتان هەر لەیەکەم رۆژ و دووەم رۆژدا دەستەلات هەنگاوی بەرچاو دەنێت بۆ جێ بەجێ کردنی داخوازییەکانی خەڵک ، ( لە کوەیت وەزیری ناو خۆ دەستی لە کار کێشایەوە لەسەر ئەوەی کەسێک لە زیندان لە ژێر ئەشکەنجەدا مرد ) .
 هەنگاوی بەرچاو بریتیە لەم شتانە کە ئەمان هیچیان نەکردوە ( گرتنی ئەو کەسانەی کە تەقەیان کردوە و خەلکیان شەهید و بریندار کردوە ، لابردنی بەرپرسانی ئەمنی شار و ئەو جێگایانەی خەڵک تیایدا بوەتە قوربانی  ، گۆڕینی بەرپرسانی باڵا تا  وەزیریش بگرێتەوە ، دەرکردنی بڕیاری مەیدانی بۆ جێ بەجێ کردنی داخوازییەکانی خەڵک یان لانی کەم بۆ دەست پێکردن بە چاک سازی و دانانی کاتی کەم بۆ جێ بەجێ کردنی ) ئەوەی سەرکردایەتی دەستەلاتی هەرێم کردویەتی و دەیکات تەنها ئەو بەڵێنە ناراستانەن کە وەک هەڵخەڵەتاندنی خەڵک وایە و دروست کردنی لیژنەی پارەخۆرە و کات کوشتنە چونکە گەر کەسێک شەهید بکرێت دەبێت لەماوەی 24 کاتژمێردا بە دوادا چوونی لەسەر بکرێت و هەنگاوی پێویست بنرێت نەک ئەمرۆ بڕیاری پێک هێنانی لیژنە بدرێت و هەفتەیەکی تر دروست ببێت و هەفتەیەکیش دوای ئەوە دەست بەکار بێت و دوای دوو هەفتە راپۆرتەکان بنێرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی و دوای ئەوەش بە بیانووی ئەوەی کە سەرۆک لەسەفەرە یان سەرقاڵی شتی ترە بمێنێتەوە و ئەو کاتیش یان خەڵک بێزار دەبێت یان بە واتایەکی تر پاساوێکی بۆ دێننەوە هەر وەک ئەوەی بۆ زەردەشت عوسمانیان دروست کرد !

ئێستا دەستەڵات چی بکات باشە ؟

تاکی ئەم وولاتە زۆر خۆڕاگرو زۆریش پشوو درێژە بۆیە دەبێت دەستەڵات مەمنونی ئەو پشوو درێژییەیان بێت دەنا ئێستا دەمێک بوو بارودۆخەکە بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەچوو ، ئەوە دەستەلاتە دەبێت ماندوو نەبوونی لەوخەڵکەی بەر سەرای ئازادی بکات و بە بڕیارێکی ( ڕەتنەکراوەیی گرەنتیدار ) داخوازییە هەنووکەییەکانی خەڵک جێ بەجێ بکات  ( لەوانەی لە لایەن ئەنجومەنی سەرای ئازادییەوە خراونەتە روو ) کڵێشەیەکیش وەک نەخشەی رێ دابنێت و تیایدا بڕیاری چاک سازی و نەهێشتنی گەندەڵی بدات و سزای یاسایی دابنێت بۆ هەر یەک لەم شتانە  ، بۆ نموونە هەر بەرپرسێکی حزبی دەست لە کاری فەرمانگەیەک وەر بدات بە مەبەستی دامەزراندن یان گواستنەوە و لابردنی هەر فەرمانبەرێک ، یان بەکارهێنانی تەزکیەی حزبی بۆ ئەو مەبەستانە ، یان نەهێشتنی رۆڵی جاسووسی و سیاسییانەی یەکێتیە پیشەییەکان بەتایبەت لە ناو خوێندنگاکان و زانکۆکان ، ئاشکرا کردنی مووچەی بەرپرسە بالاکان و سەروەت و سامانیان ، چۆڵ کردنی موڵکی گشتی کە کراوە بە هی حزبی و داگیر کراوە تەنانەت ئەوانەش کە لە سەردەمی بەعسدا کراونەتە موڵکی دەوڵەت دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ دەوڵەت ، چۆڵ کردنی شار لە بنکە حزبیەکان و نەهێشتنی دیاردەی چەک هەڵگری و ژمارەی بنکەکان لە هەر شارێک بکرێتە یەک بنکە و هەوڵ بدرێت لەدووری شوێنی نیشتەجێ بوون بێت ، داهاتی وولات ئاشکرا بێت و بودجە یەکسان دابەش بکرێت بەسەر شارەکاندا  ، ئەمانەو زۆر شتی تر کە تەنها دەتوانین بڵێین داوا سەرەتاییەکانی خەڵکن و گەر جێ بەجێ بکرێن بەدەستکەوتی گرنگ هەژمار ناکرێن  و دەبوا چەند ساڵ پێش ئێستا بکرێن . گەر ئەم شتانە دەست پێ بکرێن ئەوە بارو دۆخەکە هێور دەبێتەوە دەنا مانەوەی ئاڵۆز تری دەکات و ئێمەی خەڵکیش ئەم داواو پێشنیارانەی خۆمان بۆ مێژوو هەڵدەگرین و رۆژێک دێت روو بە رووتانی دەکەینەوە ، ئێوەش مەڵێن کۆمەڵگاکەمان خەڵکانی رۆشنبیری تیادا نە بوو پێیان نەووتین چی بکەین و ووریایان نەکردینەوە ، چونکە دڵنیام ئەو( کەڵە رۆشنبیر و نووسەرانەی )  لەدەوری خۆتان کۆبوونەتەوە نە دەوێرن لە حزورتاندا دان بە هەڵەکانی ئێوەدا بنێن نە خۆشیان ئامادەن پشت لەو حەڵوایە بکەن کە لەم رۆژانەدا نووسەرێک  باسی لێ دەکردو پیی وابوو ئەوانەی کە نان بڕاو دەکرێن شینی حەڵواکەیانە .
پرسیارێکیش لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە لە لەسەر حسابی خەڵکی سلێمانی چوونەتە ناو پەرلەمان  ( چونکە ئەم پەرلەمانەی کوردستان ڕاستەوخۆ بەدەنگی خەڵک ئەندامەکانی دانەنراون ) هەست بەچی دەکەن کاتێ دەبینن خەڵکی شارەکەتان ماندوونەناسانە لە بیری چاک سازی کۆمەڵگاکەیانن و دەیانەوێت حکومەتێکیان هەبێت خزمەت بە شارەکەی ئێوەش وەک ئەوانی دی بکات ، ڕاتان چیە کە ئەوان داوای ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی دەکەن ، ئێوە دەڵێن چی کاتێ ئەوان دژی گەندەڵ شۆڕشی سپی ڕادەگەیەنن ؟ پێتان وا نیە کاتی ئەوە هاتوە ئاوڕێک بۆ دواوە بدەن و نیگایەک بەسەر خەڵکی شارەکەتاندا بگێڕن و بزانن چییان دەوێت ؟ خۆ تەنها هەڵوێستێکی نەترس و ڕاست گۆیانەی ئێوە لە ناو پەرلەماندا هاوکێشەکە دەگۆڕێت و ئەو کات پاشەڵی ڕەش و سپی دیار دەکەوێت و وەک خۆیان داوا دەکەن دەردەکەوێت کێ گەندەڵ کارە و کێ بەرگری و داکۆکی لە گەندەڵی دەکات .

 

هیوا موحەمەد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.