Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
منم حیزب..!! …. رابه‌ر ره‌شید

منم حیزب..!! …. رابه‌ر ره‌شید

Closed
by April 15, 2011 ئەدەب

ئه‌وه‌ منم، حیزبم حیزب:
ته‌نها خۆم و هه‌ر خۆم و خۆم..
ئه‌وه‌ منم، حیزبم حیزب:
هیچ شتێكیتر شك نابه‌م جگه‌ له‌ خۆم..
نه‌ گه‌ل، نه‌ خاك و نیشتیمان..
نه‌ هه‌ڵه‌بجه‌، نه‌ كه‌ركوك و ئه‌نفالستان..
نه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ بوونی كورد،
نه‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان..
ئه‌وه‌ منم، حیزبم حیزب:
خه‌می گه‌وره‌م، خه‌می خۆمه‌و
هه‌ر خۆم و خۆم..
ره‌نگم، بیرم، ناوچه‌ی بوونم
هه‌ر شوێنێك بێ..
خولیاو خه‌مم هه‌ر جۆرێك بێ..
هه‌ر خه‌می خۆممه‌و خۆم و خۆم..
خه‌یاڵیان خاوه‌ ئه‌وانه‌ی پێیانوایه‌:
من ماڵی خۆم تێكبده‌م و
ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌نفالیان كرد،
ده‌سگیر بكه‌م به‌ره‌و دادگا؟
موسته‌شاره‌ حه‌یاته‌كان..
ئاغاو به‌گه‌ ئه‌نفالچێكان..
جاشه‌كانی پێش سوپای به‌عسی داگیركه‌ر،
له‌خودی خۆم بڕه‌نجێنم:
له‌به‌ر دڵی گه‌رمیانییه‌كی گۆڕ بزر..
له‌به‌ر دڵی بادینییه‌كی شوێنبزر..
یان خۆم بێم و به‌ده‌ستی خۆم:
بڕه‌نجێنم، موسته‌شارێكی ئه‌نفالچی..
بتۆرێنم،  گه‌وره‌ جاشێكی ئه‌نفالچی..
ئه‌ی دوایی كێ ده‌نگم پێداو
چۆن ببمه‌وه‌ به‌ خوای خه‌ڵك؟
ئه‌ی دوایی كێ چه‌پڵه‌ی پاشاییم بۆ لێداو
بمكاته‌وه‌ به‌ خوای خه‌ڵك؟
ئاخر من حیزبم و حیزب..
من ئاماده‌م:
هه‌رچی بوونی ئه‌نفال هه‌یه‌ بسڕمه‌وه‌..
هه‌رچی گیانی ئه‌نفال هه‌یه‌،
له‌ بیری تاك به‌تاكی خه‌ڵكیدا بسڕمه‌وه‌،
ته‌نهاو ته‌نها من ناتوانم:
دڵی كه‌سێك بڕه‌نجێنم،
كه‌ ئێستا بۆته‌ پاسه‌وان،
یان پیاوماقوڵی دیوه‌خان،
هه‌ر به‌خۆی نا،
خێڵ و تیره‌و هۆزه‌كه‌یشی
به‌كوشت ده‌دا، بۆ مانه‌وه‌ی بوونی
منی یه‌كه‌مین حیزبی نیشتیمان..
من چیمداوه‌ له‌ سه‌ربه‌ستی،
له‌ ئازادیی مرۆڤه‌كان؟
چۆن رێ ده‌ده‌م ده‌نگ هه‌ڵبڕن:
بڵێن نا بۆ ده‌سه‌ڵاتێك،
رێز له‌ مافی مرۆڤ نه‌گرێ و
هاوخاكیی خۆی به‌ر گولله‌دا..!!
بڵێن نا بۆ ده‌سه‌ڵاتێك:
كێڵگه‌ی سه‌وزی هیوای گه‌شی
منداڵه‌كان بسووتێنێ و
ببێ به‌ دێوه‌زمه‌ی مه‌رگ و
هه‌موو شت بۆخۆی پاوان كا..!!
منم حیزب، جگه‌ له‌ من بۆ كه‌س نییه‌،
بڵێ من هه‌م..
منم بڕیار له‌ مانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ده‌ده‌م،
منم بڕیار له‌ له‌تێك نان، له‌ قومێك ئاو،
هه‌تا بڕیار له‌ هه‌ناسه‌یه‌كیش ده‌ده‌م
 بۆ هه‌مووتان..!!
به‌ڵام رۆژێك، ته‌نها رۆژێك
ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ ساڵیادی ئه‌نفاله‌كان..
نه‌وه‌ك بڵێن: حیزب دژه‌، یان دوژمنه‌
به‌ بوونی كورد، به‌ كوردستان..!!

 

رابه‌ر ره‌شید- كه‌ركوك 14/4/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.