
مانیفێستی كۆڕی كتێب
یه‌كه‌م:
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌تانه‌وێ لاسایی بوونه‌وه‌ری ناو كتێبه‌كان بكه‌نه‌وه، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆتان به پیاوی كوڕی پیاو ئه‌زانن، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌تانه‌وێ، بێ ئه‌وه‌ی ساحێبی هیچیش بن، كونجێك له ژیاندا بۆ خۆتان بدۆزنه‌وه، ئه‌ی ئه‌و كۆتربازانهی كه ده‌تانه‌وێ ببنه ڕۆماننووس، ئه‌ی ئه‌و ڕۆماننووسانه‌ی ده‌تانه‌وێ ببنه كۆترباز، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی مامۆستان و ده‌تانه‌وێ ببنه سه‌رۆكی وڵات، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان شه‌رمتان له داچهمینهوهی خۆتان نه‌كردووه، تا پێیه‌كانی دایكتان ماچ بكه‌ن، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی حه‌زتان له سه‌ر و فه‌ساڵی ئه‌م هه‌موو حیزب و ڕێكخراو و بزووتنه‌وه و ته‌ڕه‌ماشی ته‌ڕه نییه، به‌م گرووپه‌ی ئێمه‌شه‌وه، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له ماڵه‌وه، به ژنه‌كانتان ده‌ڵێن: هاوڕێكه‌م، له بری ژنه‌كه‌م… وه‌رن با پێكه‌وه، به‌ڵغی ئه‌م مێشكه ته‌پیوه (مان/تان) به تێزابی كتێب بتوێنینه‌وه، وه‌رن با پێكه‌وه كتێبی گه‌وره‌ی ژیان بخوێنینه‌وه.. ئه‌وه‌ی نازانێ بیخوێنێته‌وه با حونجه‌ی بكا، ئه‌وه‌ی حونجه نازانێ با بچێ له بری موتابه‌عه‌كردنی چه‌له‌حانێی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و دانیشتن له‌به‌رامبه‌ر شاشه چوارگۆشه‌ییه سیلاوییهكانی كۆمپیوته‌ر و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤاره درۆزنهكانهوه، ته‌نانه‌ت له بری نوێژكردنیش، با بچێ كتێبێك له باره‌ی حونجهكردنهوه (كه نایزانێ)، بدزێ!! یان بكڕێ، چونكه به نوری كتێب نه‌بێ، ئه‌م شه‌وه زه‌نگی خه‌راباته، ڕۆشن نابێته‌وه.. به سیحری كتێب نه‌بێ، هه‌تا ماوین، ئاوا لات و گه‌مژه، به نێو ئه‌م پۆخڵهواتهدا دێین و ده‌چین، گه‌ر ئه‌فسوونی كتێب نه‌بێ، عه‌ینه‌ن كوێرێكی له‌عین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه و كه‌چی نایبینین، حه‌زمان ده‌چێته سه‌ر كڕاندنهوهی كه‌لاكی ئهتككراوی یه‌كتـر، ئه‌و كهلاكانهی كه هه‌ر ئه‌ڵێی پاشماوه‌ی به‌ر داڵهكهرخۆرهكانی ئه‌و باشووری ئهفریقیایهن.. وه‌رن با ئێسك و پرووسكی تێكشكاوی خۆمان، یه‌ك یه‌ك كۆكه‌ینه‌وه و بیانكه‌ینه قهڵهمگهلێكی ئه‌وتۆ، كه بوێرن بڵێن و بتوانن بنووسن: به‌ڵێ بۆ نا و نا بۆ به‌ڵێ..
دووه‌م:
چه‌ند گه‌نجێك: نووسه‌ر یان چیـرۆكنووس، شانۆكار یان ڕۆژنامه‌نووس، خوێندكار یان خوێنه‌وار و له‌وانه‌یه (هیچ)یش!! ههنێكمان ده‌مانه‌وێ له په‌نجاوپێنج یان شه‌ستویه‌ك ساڵیدا، بچینه حه‌ج و هه‌ندێكیشمان حه‌زمان له‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بووبێ سه‌فه‌رێكی ده‌وروبه‌ری ڕۆما یان ماڵتا بكه‌ین. ههنێكمان حه‌زمان له‌وه‌یه سه‌روو سه‌د ساڵ زیاتر بژین و هه‌ندێكیشمان بیـر له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، ڕۆژێك بچین لاسایی كافكا یان سادقی هیدایه‌ت بكه‌ینه‌وه.. سه‌رباری ئه‌م جیاوازییانهشمان، كه‌چی كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تاقه هێزێك، بتوانێ له‌یه‌ك كاتدا، هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان پێببه‌خشێ و سومعه‌تی شلۆقی كۆی مرۆڤایه‌تییش له ڕیسوایی و حه‌یاچوون بپارێزێ، ته‌نها و ته‌نها كتێب و هێزی كتێبه.
ئه‌رێ، ئێمه پێمانوایه: سه‌رچاوه‌ی دانش و زانین، سه‌رچاوه‌ی جوانی و هزرین، ته‌نهاو ته‌نها كتێبه هه‌ر له‌وێشه‌وه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ، سه‌ربه‌خۆیی كه‌سێتیی خۆی و سه‌ربه‌خۆیی ڕۆشنبیریی و سه‌ربه‌خۆیی ئیـراده‌ی خۆی وه‌ده‌ست بێنێت و بیشیپارێزێ، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كا، له‌و ڕاستییه باش تێبگه‌ین، كه هیچ مه‌لا و مودیر و مامۆستا و سه‌رۆك حیزب و بزووتنه‌وه و شێخ و پیاوماقوڵێك نییه و ناتوانێ تاكه‌كه‌س بگۆڕێ، ئه‌گه‌ر تاكه‌كه‌س خۆی، خۆی نه‌گۆڕێ.. سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌شیان له‌دیدی ئێمه‌وه، دیسانه‌وه ته‌نها كتێبه و هیچی تر.
ئێمه پێمانوایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین، شه‌وانه به تولانێی قه‌یسه‌رییه كۆن و وێرانه‌كه‌ی شاردا گوزه‌ر بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕۆشناییهكمان پێ بێ، ته‌نانه‌ت پێویستیشمان به شه‌وقی شاشه‌ی مۆبایله حیزهكانیشمان نه‌بێ، ئه‌وا كتێبێك له‌بن هه‌نگڵی خۆمان ده‌نێین و به نێو چڵپاوی بۆگه‌نكردووی پڕ یاده‌وه‌ری ئه‌و بازاڕه شهپڕیوهدا هه‌نگاو ده‌نێین و ئاوا به‌و حاڵه‌شه‌وه، به‌رچاو و به‌رپێی خۆمان، له به‌رچاو و به‌رپێی هه‌موو دنیا به ڕۆشنتـر تێده‌گه‌ین.
سێیه‌م:
ئینتیمای ئێمه بۆ هه‌ر شتێك، له ئینتیمامانهوه بۆ خودی خۆمان سه‌رچاوه ده‌گرێت، چونكه پێمانوایه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیماندارێكی ڕاسته‌قینه بین، ده‌بێ پێشا به‌ر له هه‌ر وجودێكی تر، ئیمانمان به وجودی خۆمان هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی نیشتمانپه‌روه‌رێكی باش بین، ده‌بێ پێشا مرۆڤپهروهرێكی ڕاسته‌قینه بین، بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌سڕه‌نگین، ئاسنگه‌رێكی بازوو ئه‌ستوور یان ڕۆژنامه‌نووسێكی ڕاستگۆ بین، ده‌بێ پێشا هه‌موو ڕه‌نگه‌كان له‌ناو خۆماندا بتوێنینه‌وه و هێزی هه‌زار (كاوه)مان، هه‌بێ و هێنده‌ی (یوسف)یش له‌گه‌ڵ خۆماندا ڕاستگۆ.. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی حیزبێكی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات یان ئه‌ندامی حیزبێكی موعاره‌زه بین، ده‌بێ پێشا موعاره‌زه‌ی هه‌موو بۆگه‌نی و ترشاویی و پۆخڵه‌واته‌كانی ناو خودی خۆمان بین و ئه‌نجاش ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ر ڕه‌مه‌كه شه‌ڕخوازه‌كانی ناو خۆماندا بشكێ، ئه‌وجا ئه‌توانین ئینتیمامان بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌بێ و سه‌ربه‌خۆیی خۆشمان عه‌ینه‌ن سه‌ربه‌خۆیی كتێب بپارێزین.
ئێمه خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینین، كه به‌یانییه‌كی زوو له خه‌و ڕابین و ته‌ماشا كه‌ین، شار بووه‌ته كتێبێكی گه‌وره و خه‌ڵكیش هه‌موو وشه. ئێمه خه‌یاڵ به‌وه‌وه لێئه‌ده‌ین، كه ئێورانێك له‌گه‌ڵ خۆرئاوابووندا، دنیا هه‌موو ببێته تابلۆیه‌ك و ئێمه‌ش پالیت و ڕه‌نگ. خه‌ون و خه‌یاڵی ئێمه ئه‌وه‌یه، سه‌ر شه‌قام و شۆسته ته‌نانه‌ت سڕكهوانهكانیش ببنه ته‌خته‌ی شانۆ و هه‌مووشمان وه‌ك (چارلی چاپلین) له ناو جه‌رگه‌ی تراژیدیادا دنیایه‌ك له بزه و زه‌رده‌خه‌نه بخوڵقێنین. هه‌ر بۆیه لای خواره‌وه ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌م مانیڤێسته ده‌كه‌ین و خۆمان وه‌ك گرووپێ (كۆڕی كتێب) ده‌ناسێنین، كه گرووپێكی (ئه‌ده‌بی–هونه‌ری)ی لۆكاڵی ده‌بێت و هیچ شتێك نییه پێوه‌ی پابه‌ند بین یان پابه‌ندمان بكات، هه‌ربۆیه هیچ سه‌رۆك و ڕێبه‌ر و سه‌رده‌سته و گهورهیهكیشمان نییه و نابێ، هه‌موومان بۆخۆمان سه‌رۆك و سه‌رده‌سته و ڕێبه‌ر و گه‌وره‌ین، ته‌نها شتێك به ئه‌ركی خۆمانی بزانین، بریتییه له هه‌وڵدان بۆ ڕزگاركردنی شار له‌و ساردوسڕییه‌ی تێیكه‌وتووه، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئاشناكردنی خه‌ڵك به خوێندنه‌وه و ئاشتكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كتێب و سازدانی چالاكی له چوارچێوه‌ی ئه‌و توانا و تاقه‌ته ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌ی به‌لای گرووپه‌كه، یان به‌لای كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی گرووپه‌كه‌وه هه‌یه، له‌مه‌شدا وه‌ك چۆن وێنا و بینینی تایبه‌تیمان بۆ ژیان و كۆی پێدراوه‌كانی تری هه‌یه، به‌هه‌مانشێوه‌و هه‌ر ئاوایش، وێنا و بینینی تایبه‌تیمان بۆ دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر هه‌یه، چونكه ئێمه‌ش بڕوامان به‌ویه، كه خودی ژیان ئه‌ده‌ب و هونه‌ره و هه‌ر ده‌بێ ژیانیش لاسایی ئه‌وان بكاته‌وه، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
ئـیـمـزا
ئاری عوسمان خه‌یات دیـار جه‌مـال
دلاوه‌ر نـوری دڵشاد جـه‌لال
23/4/2011
كـفـری