شۆڕشه‌کان ….. سه‌رکاو هادی گۆرانی
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای کوردستان و ناوچه‌که‌مان بکه‌ین، ده‌بینین چه‌ند سه‌ده‌یه‌که شۆڕشه‌کان له‌م ناوچانه‌دا ته‌نها سیاسین. ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تیش نین. له هه‌موو وڵاتانی به‌ده‌ر له ئه‌ورووپاو ئه‌مریکاو ئیسکهندیناڤیاو ژاپۆن و چین و هیندستان وهه‌ندێ وڵاتی‌تر، شۆڕشه‌کان له ئاستێکی سیاسی به‌رته‌سکدا ده‌مێننه‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌موو بیست یان سی ساڵێک ده‌بێ سه‌رله‌نوێ له هه‌موو ئه‌م وڵاتانه ڕاپه‌ڕین بکرێت و ده‌سه‌ڵاتداران بگۆڕدرێن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه له‌ناو کۆمه‌ڵگاو وڵاته‌کاندا ڕوو بدات. بۆچی؟
چونکه هه‌موو ڕاپه‌ڕینێک شۆڕش نییه. به‌ڵام ده‌کرێ بگۆڕێت به شۆڕش. وه هه‌موو شۆڕشێک پێویستی به ڕاپه‌ڕین نییه. بۆ نمونه ئه‌و شۆڕشانه‌ی له بواره جیا جیاکانی زانست و بیری مرۆڤایه‌تیدا ده‌کرێن، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ڕێی تاکه‌کانه‌وه. هه‌موو شۆڕشێکیش سه‌رتاسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه نییه. واته هه‌موو شۆڕشێک قۆناغێکی نوێ به‌دوای خۆیدا ناهێنێت.
شۆڕشه‌کانی ناوچه‌که‌ی ئێمه نه‌بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی چونکه خۆیان به‌رئه‌نجامی کۆمه‌ڵێ گۆڕان بوون. ئه‌و گۆڕانانه‌یش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگاکانمان نه‌بوون، بگره له ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له وڵاته زلهێزه‌کاندا ڕوو ده‌ده‌ن سه‌رچاوه‌یان گرتووه. بۆ نموونه ئیمپریالیزم و کۆتایی ئیمپریالیزم، جه‌نگه جیهانیهکان، شه‌ڕی سارد، بیرۆسترۆیکاو ڕووخانی دیواری به‌ڕلین، ئه‌زمه‌ی دراو…هتد. له هه‌ر قۆناغێکی گۆڕانکاری ئابووری و سیاسی ئه‌م وڵاتانه‌دا کۆمه‌ڵێ ڕاپه‌ڕینی زنجیره‌یی له وڵاتانی ناوچه‌که‌ماندا ڕوویانداوه. هه‌موو جاریش ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه ئه‌و هه‌سته‌یان پێداوین که ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و (ئه‌و کاتانه به‌سه‌رچوون که…)، به‌ڵام هه‌موو جار نه‌وه‌یه‌ک و دوو بوونه‌ته قوربانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه بێ ئه‌وه‌ی که نه‌وه‌کانی دواتر بکه‌ونه ناو ژیانێکی نوێوه که چیدی پێویستی به‌وه نه‌بێت توندوتیژی و هێز به‌کار بهێنرێت بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری.
بۆیه هه‌ندێ ڕۆشنبیرو فه‌یله‌سووف گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وه‌ی که گومان له شۆڕش بکه‌ن به‌و مانا باوه‌ی که ناسراوه. واته شۆڕش وه‌ک بیرێکی یۆتۆپیانه که باوه‌ڕی به‌وه‌یه به شه‌ووڕۆژێک وڵات و جیهان بگۆڕێت.
ئه‌ی باشه چی بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر شۆڕشه‌کان هه‌میشه به زۆرداری و به جووڵه‌یه‌کی بازنه‌یی ته‌واو بن، ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که ئیتر نابێ شۆڕش بکه‌ین و ده‌سه‌وسان بۆی دابنیشین تا خودا خۆی بیگۆڕێت، یان هه‌ر وا به‌رده‌وامبێت و بمێنێته‌وه؟
نه‌خێر، ئه‌وه‌ی پێویسته بگۆڕدرێت بیرکردنه‌وه‌مانه بۆ واتای شۆڕش، نه‌ک شۆڕش خۆی. ده‌بێ شۆڕش ببێته دۆخێکی هه‌میشه‌یی ژیانی ڕۆژانه‌ی میلله‌ت و تاکه‌کان. ده‌بێت شۆڕش ببێته ئامانجی هه‌موو دامودهزگاو دامه‌زراوه‌کان، ده‌بێ تاکه‌کان بوار‌و هه‌لیان بۆ بڕه‌خسێت که هه‌ریه‌ک له بواری خۆیدا له شۆڕشێکی هه‌میشه‌ییدا بژین. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ داڕشتنه‌وه بۆ بیرۆکه‌و چه‌مکی ئازادی بکرێته‌وه، چونکه ته‌نها ئازادی تاک و کۆمه‌ڵگا ئه‌م هه‌ل و دۆخه بهرپاو ئاماده ده‌کات و ده‌ڕه‌خسێنێت.
بۆ ئه‌وه‌ی به بینین و بۆچوونمان بۆ ئازادی بچینه‌وه، ده‌بێ بزانین ئێمه ئازادی چییه له‌لامان، وه چۆن ده‌یبینین. وه په‌یوه‌ندیمان به ئازادییه‌وه چییه‌و چۆنه. سه‌ره‌تا وه‌ک تاک، دواتر وه‌ک کۆمه‌ڵگا. چونکه ئه‌م گرفته زۆر به ڕوونی و ئاشکرا له هه‌موو کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌و شوێن و بوار‌و گفتوگۆ‌و نووسین و ململانێکانماندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. واته وشه‌ی ئازادی و واتای ئه‌م وشه‌یه هه‌میشه جیاوازی و کێشه‌ی دروستکردووه. چ له ئایینماندا، سیاسه‌تماندا، شوێنه گشتیه‌کاندا، هونه‌ردا، ده‌سه‌ڵاتدا وه چ له‌ناو مێشکی تاکه‌کانماندا جێی پرسیار بووه. کامه‌یه ئازادی؟ ئازادی من چۆن یه‌کسان بکه‌م به ئازادی کۆمه‌ڵگاکه‌م؟ بۆچی هه‌ست به ئازادی ناکه‌م له‌م کۆمه‌ڵگاو وڵاتهمدا؟ بۆچی ئێمه ناتوانین پێناسه‌یه‌کی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ ئازادی؟ ئه‌ی خۆ له هه‌ندێ وڵات‌دا هه‌ر یه‌ک پێناسه‌یه‌کی جیاوازیشیان هه‌یه بۆ ئازادی، ئه‌ی بۆچی له‌وێ خه‌ڵک زۆرتر هه‌ست به ئازادی ده‌که‌ن وه‌ک لێره؟ … ئه‌مانه‌و ده‌یه‌ها پرسیاری تریش که ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی لاوه‌کانمان ده‌بنه‌وه.
ده‌بێ له‌ناو مێژووماندا بۆ بینینمان و گۆشهنیگامان بگه‌ڕێین بۆ ئازادی. مێژووش له‌ڕێی ئه‌ده‌ب و هونهرمانهوه ده‌توانین بناسین. به‌داخه‌وه که ئێمه‌ی کورد له بواری مێژوودا زۆر هه‌ژارین و کتێبه مێژوویی و مێژژونووسهکانمان به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. بۆیه ده‌بێ زۆرتر له‌ڕێی ئه‌ده‌ب و هونهرمانهوه مێژوومان بخوێنینه‌وه. ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت هۆنراوه، هونه‌ریش به‌تایبه‌ت هونه‌ری فۆلکلۆری و گێڕانه‌وه‌و گۆرانی. ئه‌م باسه دواتر به قووڵی دێمه سه‌ری چونکه به‌رهه‌می چه‌ند ساڵێک له کارکردنمهو به چه‌ند دێڕێک ناگوترێت. ئه‌وه‌ی گرنگه به‌لامه‌وه ئه‌و لایه‌نه‌یه له مێژووماندا که سه‌رچاوه‌ی ده‌سنیشانکردن و سنوور‌و نه‌خشه‌دانانه بۆ ئازادیمان. ئه‌م لایه‌نه‌ش هه‌میشه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه ئایا کام کایه‌یه گرنگترین کایه‌یه له ڕۆشنبیری میلله‌تێکی دیاریکراودا.
بۆ ئێمه گومانی تێدا نییه که ئایین گرنگترین کایه‌ی ڕۆشنبیریمانه. چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌مڕۆش کاریگه‌ری ئه‌م کایه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ده‌ب و هونهرماندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. واته جیهانبینی و ڕوانینمان بۆ سه‌رجه‌م کایه‌کانی تری ژیانمان له‌ڕێی ئایینه‌وه بووه. پێویست به‌وه ناکات که نمونه بهێنمه‌وه به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن با هه‌بێت. بۆ نمونه: سه‌ره‌تای ئه‌ده‌بی کوردی که ته‌مه‌نی نزیکه‌ی هه‌زار ساڵه‌و له بابا تاهیرو یارسانه‌کان و کتێبی سه‌رئه‌نجامه‌وه ده‌سپێده‌کات، ئه‌ده‌بێکی سه‌رتاپا ئایینیه. دواتر ئه‌گه‌ر ته‌ماشای عه‌لی به‌رده‌شانی و مه‌لای جزیری بکه‌ین گرنگی ئایین ده‌بینین له ئه‌ده‌ب و جیهانبینیاندا. ده‌توانین بڵێین که تا سه‌ده‌کانی پانزه‌و شانزه له هه‌موو جیهاندا هه‌ر وابووه. واته له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ژێر کاریگه‌ری ئاییندا بوون. به‌ڵام دواتریش لای ئێمه ئه‌حمه‌دی خانی له سه‌ره‌تای داستانه‌که‌یدا بگره تا نیوه‌ی کتێبه‌که، وه‌سف و ستایشی خودا‌و پێغه‌مبه‌رو عومه‌رو عه‌لی و ئه‌سحابه‌کانی ئیسلامه. ته‌نانه‌ت ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ی له‌و پێشه‌کیه دوورودرێژتره که تێیدا ڕوونی ده‌کاته‌وه بۆچی به زمانی کوردی مهم و زین ده‌نووسێت. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێین به هه‌ر حاڵ. ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌ماشای وه‌سیه‌تنامه‌که‌ی حاجی تۆفیق پیره‌مێرد بکه‌ین، ده‌بینین که مه‌لایه‌ک یان پیاوێکی ئاینیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌دوێ، له‌کاتێکدا که پیره‌مێرد مرۆڤێکی مۆدێرن و ڕۆشنبیرێکی تا ڕاده‌یه‌ک سکۆلاریست بووه. پێویست به‌وه ناکات دووپات بکرێته‌وه که هه‌موو نووسه‌ره‌کانمان له حوجره‌کاندا ده‌رسیان وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌ش زۆر ئاساییه چونکه قوتابخانه ته‌نها له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دروستبوو له کوردستان ئه‌ویش ته‌نها له چه‌ند شارێک و ته‌نها چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ک. بۆیه ده‌توانین بڵێین ئاینمان چۆن ڕوانیویه‌تیه چمکی ئازادی، ئێمه‌ش هه‌ر به‌و شێوه‌یه پێناسه‌ی ئه‌و چمکهمان کردووه. ئێستاش که ئێمه ده‌مانه‌وێت ڕوانینمان بۆ ئازادیی بگۆڕین…. لێره‌دا کۆتایی به‌م باسه ده‌هێنم و دێمه‌وه سه‌ر باسی شۆڕش.
شۆڕش پێویستی به کاته که گۆڕانکاری ڕاسته‌قینه دروست بکات. هه‌ر شۆڕشێک ته‌نها چه‌ند ڕۆژێک، ته‌نانه‌ت چه‌ند مانگێک بخایه‌نێت، شۆڕش نییه، هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، سه‌ره‌وژێرکردن یان ڕووخاندنی ڕژێمێکه، یان گۆڕینی چه‌ند ده‌موو چاوێکه به هیتر، نه‌ک شۆڕش. چونکه ئامانجی شۆڕش ته‌نها گۆڕینی ده‌سه‌ڵات نییه، بگره ئامانجی زۆرتر گۆڕینی کۆمه‌ڵگایه. ده‌سه‌ڵاته‌کان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕه‌وشت و جیهانبینی کۆمه‌ڵگان، به گۆڕینیان کۆمه‌ڵگا ناگۆڕێت. به‌ڵام که گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگایه‌کدا به‌رپا بوو، وه ئه‌و گۆڕانکاریه ماوه‌یه‌کی پێویستی خایاند که جێی خۆی بگرێت، ئه‌وسا پێویستی به ڕاپه‌ڕینێکه بیگوێزێته‌وه بۆ دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان. بۆیه پێویستی به دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی نوێیه که ئه‌م گۆڕانکاریانه په‌یڕه‌و بکات و بیانکاته یاسا‌و نه‌ریت و ڕه‌وشتی نوێی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه.
ویست و خواستی گۆڕانکاری هه‌میشه له بنکه‌وه ده‌ست پێده‌کات، ده‌بێته داواکاری له‌شێوه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕیندا، دواتر له‌شێوه‌ی ڕاپه‌ڕیندا ده‌گاته به‌رزایی ده‌سه‌ڵات. بۆیه هه‌تا ده‌سه‌ڵات دابڕاوبێت له بنکه‌ی جه‌ماوه‌رو میلله‌ت، هێنده ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت له‌و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریه. که ئه‌و به ده‌ستی ده‌ره‌کی ده‌زانێت و وا ده‌زانێ به شه‌وو ڕۆژێک درووست بووه. له‌کاتێکدا که ئه‌م ویست و خواسته ساڵانێک ته‌مه‌نیه‌تی و ده‌سه‌ڵات بێئاگایه له گه‌وره‌بوونی. وه‌ک چۆن که باوکێک یان دایکێک ماوه‌یه‌کی زۆر بێ‌ئاگا ده‌بن له منداڵه‌که‌یان و نایبینن، که له دوای ئه‌و ماوه‌یه ده‌یبیننه‌وه، گه‌وره‌بوونی ئه‌و منداڵه زۆرتر هه‌ست پێده‌که‌ن و سه‌رسامیان ده‌کات.
مه‌رج نییه هه‌موو شۆڕشێک ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری دروست بکات. چونکه ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری، ده‌ربڕینی تووڕه‌یی و ناڕه‌زاییه که له ئه‌نجامی نه‌بوونی ئازادی، خراپی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات، نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریه‌کان (کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی، دادوه‌ری و یاسایی…هتد)، له کاتێکدا که شۆڕش ته‌نها له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ریدا ناکرێت، شۆڕش هه‌یه زانستییه، هه‌یه ڕۆشنبیرییه، هه‌یه هونه‌رییه…هتد. ئه‌وه‌ی که گۆڕانکاری ڕاسته‌قینه دروست ده‌کات شۆڕشی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسی و مه‌ده‌نی و دامه‌زراوه‌یی و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵگادا. ئه‌م شۆڕشه‌ش به ڕۆژو دووڕۆژ ناکرێ. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌م شۆڕشه بنه‌ڕه‌تییه ببێته ڕاستیه‌کی هه‌ستپێکراو، ببێته ئاسۆیه‌کی بینراو، ببێته داهاتێکی گومان لێنه‌کراو، پێویسته شۆڕشه سیاسیه‌که سه‌ربگرێت. چونکه شۆڕشی گشتگرو هه‌مه‌لایه‌نه پێویستی به هه‌موو هێزو توانای ئابووری و یاسایی هه‌یه که ڕووبدات، ئه‌مه‌ش ته‌نها به جه‌ماوه‌ر ناکرێت، پێویسته ده‌سه‌ڵاتێک هه‌بێت که شانبه‌شانی جه‌ماوه‌رو میلله‌ت کار بکات و دابڕاو نه‌بێت له‌م ته‌وژمه نوێیه.
شۆڕش ڕووداو نییه، دیارده‌یه‌کی تێپه‌ڕ نییه. شۆڕش ده‌بێ که‌شێک یان بارودۆخێکی هه‌میشه‌یی ژیان بێت. واته ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ که‌سێک به داهێنانی ئامێرێکی کشتووکاڵی شۆڕشێک له بواری کشتوکاڵدا به‌رپا بکات، ئه‌م شۆڕشه ده‌بێ چه‌نده‌ها شۆڕشی تری به‌دوادا بێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و بواره بوونی هه‌بێت و تا ڕاده‌یه‌ک پێشکه‌وتوو بێت و ده‌سه‌ڵات بره‌وی پێ دابێت و پشتگیری دارایی و یاسایی کردبێت که بکرێت شۆڕشی تێدا ڕوو بدات. وه ته‌نانه‌ت ده‌بێ ئه‌م بواره به‌رده‌وام گرنگی پێبدرێت چونکه هیچ شۆڕشێک به ته‌نیا ناتوانێت گۆڕانکاریه‌کی هه‌میشه‌یی دروست بکات، ده‌بێ زنجیرهشۆڕشێک له‌و بواره‌دا بکرێن که گۆڕانکاری ڕاسته‌قینه پێک‌بێت و ته‌شه‌نه بکات بۆ ناو بواره‌کانی تر. واته ئه‌م شۆڕشه که له ڕه‌چه‌ڵه‌کدا داهێنانێکی نوێی پیشه‌سازیه‌و له بواری کشتوکاڵدا به‌کار ده‌برێ، دواتر ده‌بێته شۆڕشێکی ئابووری بازاڕ، ئه‌ویش کار ده‌کاته سه‌ر بواری ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک، ئه‌وه‌ش ڕه‌وشت و جیهانبینی که‌سه‌کان ده‌گۆڕێت…به‌م شێوه‌یه هتد. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه که له هه‌ر بوارێک‌دا شۆڕش به‌رپا بوو، ده‌بێته هۆی گۆڕانکاری و شۆڕش له بواره‌کای تری ژیان و زانست‌دا، چونکه هه‌موو بواره‌کان په‌یوه‌ندیان به یه‌که‌وه هه‌یه، بگره پابه‌ندی یه‌کن. ئه‌م جۆره له شۆڕش ته‌نها به تاکه‌کان ده‌کرێت و هیچ مۆرکێکی جه‌ماوه‌ری پێوه نییه، دواتر کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر ده‌بێت. واته تاک شۆڕش ده‌کات له خزمه‌تی جه‌ماوه‌ردا، بۆیه جه‌ماوه‌ر ده‌بێ کارئاسانی بکات و ئه‌و پانتاییه بۆ تاک بڕه‌خسێنێت که بتوانێت له بواره‌که‌ی خۆیدا ئه‌م شۆڕشه به‌رپا بکات. بۆ ئه‌مه‌ش جه‌ماوه‌ر پێویستی به ده‌سه‌ڵاتێکه که له خزمه‌تیدا بێت، نه‌ک ده‌سه‌ڵاتێک که بێئاگابێت لێی، چ جای ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دژایه‌تی بکات و ڕێگری بێت!
وتمان شۆڕش له بوارێک‌دا ده‌کرێ که ئه‌و بواره بوونی هه‌بێت و تاڕاده‌یه‌ک پێشکه‌وتووبێت، چونکه شۆڕش ته‌نها گۆڕانکاری نییه، بگره بره‌وپێدان و پێشخستنی بوارێکه که پێشتر تا ڕاده‌یه‌کی باش بوونی هه‌یه، و له ساته‌وه‌ختێکی مێژژوییدا به ڕێچکه‌یه‌کی ناله‌باردا ده‌ڕوات. نه‌ک شۆڕش ته‌نها ڕاپه‌ڕین و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بێت. وه‌ک زۆرینه‌ی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که سیاسیه‌کانی، نه ته‌نها ناوچه‌که‌مان، بگره سیاسیه‌کانی جیهان کردوویانن و ناویان ناون شۆڕش (خومه‌ینی و شۆڕشی ئیسلامی ئێران، جه‌مال عبدالناسر و میسر، لاوانی تورکیا‌و ئه‌تاتورک، شۆڕشی ئیسپانیا، شۆڕشی لیبیای قه‌ززافی، شۆڕشی کووبای فیدێل کاسترۆ، مه‌کسیک، جه‌زائیر، ڕووسیا…هتد).
هه‌موو شۆڕشه بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌ییه‌کان له بواره زانستیه‌کاندا کراون نه‌ک له سیاسه‌تدا. به‌ڵام سیاسه‌ت بواری خۆشکردووه بۆ ڕوودانی ئه‌م شۆڕشانه. شۆڕشی هامووڕابی له بواری نووسیندا (ههزاررهی چواره‌می پێش زایین)، شۆڕشی پتۆلێمێ له بواری ژیۆگرافیادا (سه‌ده‌ی یه‌که‌می زایین)، شۆڕشی کۆپه‌رنیک دواتر گالیلێ له‌بواری ئه‌ستێره‌ناسی و فیزیکدا (سه‌ده‌ی پانزده)، ئه‌وه‌ی گۆتێنبێرگ له بواری چاپه‌مه‌نیدا (سه‌ده‌ی چوارده)، شۆڕشی داروین له‌بواری ژیانناسی (بایۆلۆژیا)، فرۆید‌و ده‌روونناسی، بێرکلێ، پاسکال، لاڤوازیێ، ئاینشتاین، جێمس وات، ئێدیسۆن، فێردیناند سۆسۆر، کلۆد لیڤی شتراوس، کارل مارکس، کانت، دیکارت، میشێل فووکۆ…هتد، ئه‌مانه هه‌ر یه‌ک شۆڕ‌شیان به‌رپاکردووه له بواره جیاجیاکانی زانسته مرۆیی و ئه‌ده‌بیه‌کان (فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسی، زمانه‌وانی، ده‌روونناسی، مرۆڤناسی ئه‌نسرۆپۆلۆژیا…) و زانسته ته‌واوه‌کان (فیزیا، ماتماتیک، کیمیا…) وه ئه‌م شۆڕشانه له پێش و له پاش چه‌نده‌ها شۆڕشیتر بوون له‌و بوارانه‌دا که هه‌ندێکیان ده‌یه‌ها بگره سه‌ده‌ها ساڵیان خایاندووه. به‌ڵام هه‌ر شۆڕشێک ته‌واوکه‌رو درێژبوونه‌وه‌ی شۆڕشی پێشووی خۆی بووه، وه ڕێچکه شکێن و ڕێبه‌ری ئه‌وانه‌ی دوای خۆی بووه. ئه‌گه‌ر باسی شۆڕشه گرنگ و گه‌وره‌کانی جیهان بکه‌ین که سه‌رتاسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه بوون. ئه‌وانیش وه‌ک ئه‌ڵقه‌ی زنجیرێک گرێدراوو ته‌واوکه‌ری یه‌کن. ئه‌گه‌ر پتۆلێمێ نه‌ده‌بوو کۆپه‌رنیک و گالیلێ نه‌ده‌بوون. ئه‌گه‌ر شۆڕشی فلۆرانس و ڤینیز نه‌ده‌بوون ژیانه‌وه‌ی ئیتالیایی نه‌ده‌بوو. ئه‌گه‌ر ژیانه‌وه‌ی ئیتالیایی نه‌ده‌بوو شۆڕشی پیشه‌سازی نه‌ده‌بوو. ئه‌گه‌ر شۆڕشی پیشه‌سازی نه‌ده‌بوو شۆڕشی ته‌کنه‌لۆژی نه‌ده‌بوو…هتد
…. پێش ئه‌وه‌ی بته‌وێت له هه‌ر بوارێک‌دا شۆڕش بکه‌یت، پێویسته ئه‌و بواره بوونی هه‌بێت و په‌ره‌ی پێدرابێت. که پیشه‌سازیت نه‌بوو، ناتوانی نه په‌ره‌ی پێ بده‌یت نه شۆڕشی تێدا به‌رپا بکه‌یت. که شانۆت نه‌بوو ده‌توانیت ته‌نها وه‌رگێڕان بکه‌یت و لاساییێکی که‌موکرتی شانۆی وڵاتان بکه‌یته‌وه. بۆیه هه‌رگیز شانۆکه‌ت ناتوانێ له‌ئاستی شانۆدا بێت، وه به‌وپێیه‌ش هه‌رگیز ناتوانێت ده‌ربڕین بێت له کێشه‌و ململانێ و پرسیاره‌کانی بینه‌رو میلله‌ته‌که‌ت.
ئه‌وه‌ی ده‌بێ ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگای کوردی بیکات و به‌ده‌ستی بهێنێت شۆڕش نییه، بوون به کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانییه، چوونهناوژیانه. چونکه ئه‌و ده‌زانێ که ته‌نها خاڵی له‌یه‌کچوونی له‌گه‌ڵ میلله‌تانی تردا زمان و شێوه مرۆڤانهکهیهتی. ئه‌گینا ئه‌و له‌ناو مێژوودا ناژی، بگره ئه‌و تا ئه‌مڕۆ له ده‌ره‌وه‌ی مێژوو شارستانیه‌تدا ژیاوه. ده‌زگاکانی کۆپیه‌کی بۆش و به‌تاڵی ده‌زگان، واته ته‌نها به‌ناو ده‌زگان و له ناواخندا هیچ مه‌رجێکی ده‌زگایان نییه، دامه‌زراوه‌کانی دروستکراوی ده‌ستی پارته دواکه‌وتوو ناشارستانیهکانن، بۆیه هه‌رگیز نابنه دامه‌زراوه‌ی زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ها که گۆڕان له کۆمه‌ڵگادا درووست بکه‌ن. ته‌نانه‌ت هونه‌رو ئه‌ده‌به‌که‌شی لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌بستراکتی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری میلله‌ته پێشکه‌وتووه‌کانه. ئۆتۆمبێله‌کانی خۆی دروستیان ناکات. یاساکانی تێکه‌ڵه‌یه‌کن له شه‌ریعه‌و له یاسا کۆنه‌کانی کۆدی ناپلیۆنی سێ سه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش. بازاڕه‌کانی هیچ به‌رهه‌مێکی خۆی تێدا نافرۆشرێن. سه‌ربازه‌کانی نه‌ک هه‌ر چه‌که‌کانیان، بگره جلوبه‌رگیشیان هاورده‌و کڕدراون….
که‌واته با هه‌موو پێکه‌وه هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م میلله‌ته‌مان بۆ سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ری شارستانیه‌ت سه‌ربخه‌ین. با بچێته ژیانه‌وه وه‌ک هه‌موو میلله‌تانی تر. که دواتر تاکی کوردیش وه‌ک ئه‌وانیتر بتوانێت به‌شدار بێت له شۆڕشه‌کاندا. تا ئه‌مڕۆش ڕێگرو کۆسپی سه‌ره‌کی له‌م ڕێیه‌دا به بۆچوونی من ئایین و ده‌سه‌ڵاته. وڵات پێویستی به ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدار نییه، وڵات پێویستی به به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌زاو به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه. ئایین کاری کۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات نییه، ئایین په‌یوه‌ندی تایبه‌تی که‌سه‌کانه به گه‌ردوون و په‌روه‌ردگاری خۆیانه‌وه. ئازادی من ئه‌و کاته کۆتایی نایه‌ت که ئازادی تۆ ده‌سپێده‌کات، بگره به پێچه‌وانه‌وه، ئازادی من له‌گه‌ڵ ئازادی تۆدا ده‌سپێده‌کات و ئه‌گه‌ر کۆتایی پێ هات، ئه‌وا پێکه‌وه کۆتای‌یان پێ دێت. چونکه ئازادی هه‌میشه‌ییه‌و یه‌که بۆ هه‌موان، گه‌ر هه‌بوو هه‌یه‌و گه‌ر نه‌بوو نییه. نه سه‌ره‌تای هه‌یه‌و نه کۆتایی، نه هی منه‌و نه هی تۆ، ئێمه هه‌موو پێکه‌وه له‌ناو ئه‌ودا ده‌ژین و هه‌ناسه ده‌ده‌ین، نه‌مانیشی نه‌مانی هه‌موومانه پێکه‌وه. (کۆتایی به‌شێک)
نووسینی: سه‌رکاو هادی گۆرانی