كاتی چارەسەركردنی كێشەكان نەهاتووە؟
تەنها گەڕانێك بەنێو لاپەڕەی هەواڵی كەناڵە جیهانییەكاندا كافییە بۆ باوەڕهێنان بەو واقیعە تاڵەی ئەمڕۆ زۆرینەی كۆمەڵگە جیهانییەكان، كۆمەڵێك كێشەی زۆر و هەڵواسراو تەواوی دنیای تەنیوە و یەخەی زۆرینەی خەڵكی گرتووە، جا كێشەكان كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، رۆشنبیری.. و بەشی كەموزۆر كۆمەڵگەكان بوونەتە سووتماكی ئەو كێشە گەورانە، مانەوەی كێشەكانیش بە هەڵواسراوی زیاتر ژیانی تاكی نێو كۆمەڵگەی ناخۆشكردووە، بێزاری و نائومێدی تاڕادەی توڕەبوون وایكردووە هەركێشەیەك چەند كێشەی دیكە وەدووی خۆی بهێنێت، لەهەمووی سەیر و مەخسەرەتریش بێدەنگی و خۆقوتاركردنی دەسەڵاتی ئەو كۆمەڵگە پڕ كێشانەیە.
شەڕی تایفەگەری و چینایەتی كە بەشێكە لەسیاسەت یەك لەو شەڕە ترسناكانەی یەخەی زۆر كۆمەڵگەی گرتووە و بۆتە هۆی داڕوخان و هەرەسهێنانی زۆرینەی لایەنەكانی ژیان.
یەك لەكێشەكانی دیكە هەژارییە كە هەندێ كۆمەڵگەی گرفتاری ژیانێكی سەخت و دژوار كردووە، جا ئەگەر بەهۆی هەڵكەوتی جوگرافی ئەو وڵاتە یان قووڵی گیرفان و ناعەدالەتی دەسەڵات بێت، ئەوا لەهەردوو حاڵەتدا هەر خەڵك زەرەرمەندن.
بەڵام هەندێ كێشە هەن چارەسەریان ئاسانە و وا لەدەست دەسەڵاتدا بەڵام قەبوڵكردن و دانوستانیان مەحاڵە و ئەمەش بەسەر هەردوولا ( تاك و دەسەڵات) شكاوەتەوە، پێم وانییە دەسەڵاتێك كۆمەڵگەی خۆی بچەوسێنێت ویژدانی ئاسودەبێت، خۆ ئەگەر واخۆی نیشاندا ئەوا لە خۆهەڵخەڵەتاندن و كوشتنی كات (وەك تیمێكی دۆڕاوی فوتبۆڵێن) هیچیدیكە نییە، دواتریش خستنە كاری گورزی قورسی دەسەڵات و راكێشانی دوا كارت تا نەسوتێت ئەویش بەكارهێنانی توندوتیژی و سەركوتكردنی كۆمەڵگەیە، كە ئەمیان دەچێتە خانەی بێدەسەڵاتی و تەسلیمكردنی لێزمەی لاوازی ئەودەسەڵاتە بەرای گشتی (نمونەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانەش لەكۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لەم ساتەوەختەدا بەتایبەت بێگەڕان بەدوایدا بۆخۆی هاوار دەكا).
هەڵاتن لەكێشەكان بۆ (ژیانی دووەم).
جیهانی خەیاڵ یان (ژیانی دووەم) ئەو بیرۆكە(ئەلیكترۆنییە)ی لەساڵی ٢٠٠٩ هاتە بەرهەم لەلایەن (فیلیب روزدال) لەكۆمپانیای (لیندن لاپ) لەسانفرانسیسكۆ، ئەم بیرۆكەیە یان بابڵێم ئەو داهێنانە ئەلیكترۆنییە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە خزمەت بە میوانەكانی دەكات، ئەو جیهانە خەیاڵییەی لەماوەیەكی كەمدا نزیكەی نۆ ملیۆن ئەندامی بۆخۆی راكێشا و بووە هۆی دووركەوتنەوەی كەسانێكی زۆر لەم واقیعە تاڵەی ژیان و دروستكردنی ژیانێكی ئیفترازی، ئەوی مایەی سەرسوڕمانە دانیشتوانی (ژیانی دووەم) توانای كڕینی زەوی و دروستكردنی كۆشك و تەلار، دامەزراندنی كۆمپانیا و بازرگانیكردن، تا دەگا بە هەڵبژاردنی هاوڕێ و هاوسەرگیری.
بیرۆكەی ئەو جیهانە ئیفترازییە یان خەیاڵییە لەخۆڕا دروست نەبووە، بەڵكو زێدەی ئاسەواری داڕمان و هەرەسهێنانی ژیانی كۆمەڵگەكانە بەگشتی، (ئاخر ئەو هەموو شەڕ و پێكدادانە، ئاژاوە، كوشتن، دزی و خۆكوشتنە، بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و كودەتا سەربازی و مەدەنیانە. تائەگا بە بانگەشە بۆ گۆڕینی دەسەڵات و خۆپیشاندان، نەهێشتنی گەندەڵی و چاكسازی لەزۆرینەی كۆمەڵگە جیهانییەكان بەگشتی و كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكان بەتایبەت، نەمانی ئیرادە و خۆڕاگرتنی كۆمەڵگەیە دژ بە ناعەدالەتی دەسەڵات.
ئاخۆ كاتی ئەوە نەهاتووە كێشەكان بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ و بێنە چارەسەر؟
یان تاكی كۆمەڵگە هەمووی بەرەو جیهانی خەیاڵ و ژیانی دووەم سەرهەڵگرن!
تێبینی / ژماره ٨٠ ی گۆڤاری سڤیل گۆشهی ( ئاریشه ) دووههفته جارێك .
كەژاڵ ئیسماعیل