Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نامەیەکی کراوە بۆ سەرتاپا سەرکردە و دەسەڵاتدار و سیاسەتمەدارانی کوردستان

نامەیەکی کراوە بۆ سەرتاپا سەرکردە و دەسەڵاتدار و سیاسەتمەدارانی کوردستان

Closed
by May 5, 2011 گشتی

لە تێڕوانینمەوە بۆ ڕەوشی ئێستای کوردستان و هەموو ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی، کە لە دوو مانگی ڕابردوودا دووچاری بووین، هەرچەندێک ویستراو یان نەوسیتراو، پلانداڕێژراو یان بێپلان بووبن، بەڵام گەر هەمووشی نەبێت، ئەوا زۆربەی ڕووداوەکان پرۆسەیەکی ئاسایی بوون. نەک تەنها ڕووداوەکانی ئەم  چەند مانگەی پێشوو، بەڵکو لە سەرتاپای بیست ساڵی رابردوودا،  ئەگەر بێتو لە گۆشەنیگای ئاست و کەش و بارودۆخی کۆمەڵگای خۆمانەوە سەیر بکەین. بەر لە پرۆسەی ئازادی ساڵی 1991 کۆمەڵگای کوردی بەرهەمی پەروەردەی بارێکی دژوار و دەسەڵاتێکی شەڕەنگێزانەی داپڵۆسێنەر بووە، کە کۆمەڵگاکەمانی لەناو خنکاندنێکی سیاسی، ئابووری، نەتەوەی و ڕۆشنبیریدا بەخێوکردووە. بێگومان دەسەڵات مرۆڤ دروست دەکات و بنیاتی دەنێت. تاکی کوردیش کاریگەری ئەو دەسەڵاتەی لەسەر هەبووە و شوێنەواریشی هەتا ئێستاش هەیە. هەروەک هیگڵیش دەفەرموێت دەسەڵات ئاوێنەی کۆمەڵگاکەیە، بێگومان سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی کوردیش هەر لە هەمان کۆمەڵگای کوردییەوە پەروەردە بوون و گەشەیان سەندووە. بە واتایەکی دیکە، ئەوەی ئێستا لەناو مەیدانی ڕووداوەکانی کوردستاندا گوێ لە دەنگی دەگیرێت، دوورونزیک هەر پەروەردەی ئەو پەروەردە پڕ شکستەی سەرتاپای کۆمەڵگاکەیە. لەوانەیە لەم وشانە زۆر کەس و لایەن نیگەران بن، بەڵام لەپاش بیست ساڵ سەربەستی و ئازادی گەر ئێمە هەتا ئێستاش نەتوانین بیرەکانی یەکتر قبوڵ بکەین، گەر نەتوانین وتوێژێک لەگەڵ یەکدی بکەین، گەر هەر لایەنە هەوڵ بدات لایەنەکەی دیکە هاوتای سفر بکات، گەر نەتوانین پلانێکی ئابووری بۆ هەرێمەکە دابڕێژین، هێڵێکی سەر شەقامەکانی ناوشارەکان بکێشین، ئاوڕێکی واقیعانە لە پەککەوتە و خاوەن پێویستییە تایبەتییەکان بدەینەوە و وزەی بێکۆتای نەوە نوێکە بەکاربهێنین. ئێمە پاش بیست ساڵ نەک تەنها نەمانتوانیوە ببین بە خاوەنی سیستمێکی پەروەردەیی و خوێندی جێگیر، بەڵکو پەرتوکەکانی ناو قوتابخانەکانمان پڕن لە هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی و زانستی. جا ئەگەر ئێمە لە ئاستێکدا بینن، کە نەتوانین پەرتوکێک بە ڕاست و ڕەوانی چاپ بکەین، چۆن چاوەڕوانی بەرزتر بکەین؟ بێگومان ئەم بارودۆخەی ئێستا تەنها دەسەڵاتداران ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران و لایەنەکان دەگرێتەوە، چونکە گەر ئەوانەی کە ئێستا دوورن لە دەسەڵات و لە بەرەی ئۆپۆزیتسیۆن لە گەمەکاندا بەردەوامن، لە پێشدا گەر ڕاستەوخۆش لە بنیاتنانی ئەم (بارە)ی ئێستا  بەشدار نەبووبن، ئەوا لە خولقاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستادا بەشداربوون.
بەڕێزانم، هیچ پۆستێک و هیچ کەسێک و هیچ بوونێک پیرۆز نییە، بەڵکو تەنها مرۆڤ پیرۆزە. بەڵام بە داخەوە هەموو لایەنەکان بەبێ هیچ جیاوازییەک لە پرۆسەی ئازادی ساڵی 1991 هەتا ئێستاش هێندەی کاریان لەسەر بەرژەوەندی حیزبیی بوارتەسکدا کردووە هێندە کاریان لەسەر تاکی کۆمەڵگا نەکردوە، هێندەی کار لەسەر مێدیایەکی چەواشەکار کراوە، هێندە کار لەسەر بنیاتنانی تاکێکی پێگەشتوو نەکراوە، هێندەی کار لەسەر تەسککردنەوەی تێڕوانینی ئایدیۆلۆجی و بیریی کراوە، هێندە کار لەسەر بەرفراوانکردنی رۆحی دیموکراسی نەکراوە. ئەمانە نەک تەنها دەسەڵاتدارانی ئێستا دەگرێتەوە، بەڵکو هەموو. هەر لەم تێڕوانینەوەشەوە دەبێت بە ئاسایی ببینین، کاتێک یەکێک نەشیدی وەتەنی کورد دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەوی تر باس لە حەسیر مەیدانی نوێنەری کۆمەڵگایەک لەناو پەرلەماندا دەکات، وەزیرێکیش مۆراڵی هەزارەها خۆپیشاندەر بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوی تر بۆ متمانە لە ناو پەرلەماندا سوێند بە (شەهیدان و خوشک و برایەتی) بخوات، ئەوی تریش هانێکی کوێرانە بدەن بۆ جوڵەی شەڕەنگێزانەی شەقام بە ئاراستەیەک. ئەمانە و سەدەها نموونەی دیکە هەن، کە دووپاتی ئەوە دەکەنەوە ئەوەی لەم کۆمەڵگایەدا گوێی لێ دەگیرێت سوپەرمان نییە، بەڵکو کەسێکە لەم کۆمەڵگایەوە بە هەموو پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانیەوە، لە هەمان کاتدا هەموو ئەمانە هەمان تابلۆی ئەو کەسایەتییانەیە نمایش دەکات، کە لە ساڵی 1991 لەبەر چاوماندا بووە.
بەندە ئاواتەخوازی ئەوە بووم و ئاواتەخوازی ئەوە هەم، کە هێندەی کار لەسەر پارت و لایەنە جیاوازەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەم لایەنانە دەکەن، هێندە وزەی ئەم کۆمەڵگایە بۆ خودی کۆمەڵگاکە بەکاربهێنن. چونکە ئەم کۆمەڵگایە هەرچەندە خاوەنی کێشەیەکی زۆر و گران بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی گەنجینەیەک وزەی دەوڵەمەندی گەنجە، کە چاوەڕوانی تەقینەوەی وزەکانێتی، چاوەڕێی ئەوەیە کە گوێی لێ بگیرێت و بواری پێ بدرێت تواناکانی خۆی بسەلمێنێت، چونکە هەر ئەوانن دابینکەری پاشەڕۆژێکی ڕوونی ئەم کۆمەڵگایەن. ئەگەر بوار و هەلەکانیش بۆ تاکێکی سەرشەقامی ئەم کۆمەڵگایە هێندە فراوان نەبووبێت، بەڵام خۆ بۆ ئێوەی بەڕێز هەموو بوارەکان فراوان بوون بۆ ئەوەی لە لایەک گوێ لە دەنگی شەقام بگرن و ئەم دەنگانە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا بەکار بهێنن، کە بەسەر بەرژەوەندی خۆتانا لە کۆتاییدا دەشکایەوە، نەک ڕاپێچکردنی ئەم دەنگانە بۆ بەرژەوەندی تەسکی لایەنەکانی خۆتان و مێدیایەکی چەواشەکەر. لە لایەکی دیکەش سوودێکتان لە ئەزموونی هەمەچەشنەی لایەنە فراوانەکەی ئەم جیهانە وەربگرتایە بۆ ئەوەی، ئەوەی کە ئێستا ئاهی ساردی بۆ هەڵئەکێشین، بەجێمانبهێنایە. ئێستاش بواری ئەو دوو ئاواتەم فراوانە. ئەزموونی بیست ساڵەی هەموو لایەنەکان ئەوەی سەلماندووە، کە خاوەنبیرە کۆنەکان لە زۆر بواردا جگە لە شکستی بۆ خودی بیرۆکە و پلانەکان و لایەنەکە و  کۆمەڵگاکەیان نەبێت، هیچ شتێکی نوێیان نەهێناوەتە ناو ئەم کۆمەڵگایەوە. جگە لەوەش کاتی ئەوە هاتووە خۆمان بگەینە ئەو دەرئەنجامەی ، کە بارودۆخی ئێستای کوردستان وا دەخوازێت، مەیدانی بەڕێوەبردن و سیاسەت بۆ کەسانێکی دیکە چۆڵ بکەن و واز لە بیرۆکەی میراتی و تاپۆی دەموچاوەکان بهێنن، واز لە بە خواوەندکردنی کەسایەتی و پیرۆزکردنی ڕابوردووەکان بهێنن، چونکە ئەوە ڕوون و ئاشکرایە، کە جگە لە ئێوەی بەڕێزی دەسەڵاتدار و سیاسەتمەدار کەسانێکی زۆر لە نەوەکانی پاش ئێوەدا هەن، کە ئەگەر لە ئێوەش توانایان زۆرتر نەبێت، ئەوا کەمتر نییە. بارە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی بەم ئاستەی ئێستا لە سیاسەت و مامەڵە و بەڕێوەبردن و چارەسەرەکان هێندە شکستی هێناوە، کە بتوانین چاو لە هەندێک وڵاتانی دیکە بکەین بۆ بەرجەستەکردنی هەنگاوی پتەوی پێشکەوتن بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەگەر لێرەدا هەمدیسان ویستی موڵکایەتی پۆست و حیزبایەتی ڕێگر نەبێت بەرامبەر ئەم بیرۆکەیە.
بەڕێزان، هیچ یەکێک لە بیرۆکەکان، ئامانجەکان، کەسایەتییەکان، ئایدیۆلۆجییەکان و هێزەکان پیرۆز نین. لەم ساتەی کە تیایدا دەژین ئەوەی بەهایەکی هەبێت بریتییە لە کارکردن لە پێناوی بەرژەوەندی ئەم کۆمەڵگایەدا. بەڵام هەرچەند چاو بە ڕەوتی مێژووی بیست ساڵەدا دەخشێنم، ئەوەم بۆ دەردەکەوێت، کە هەندێک یان زۆربەی لەم ناوە ناسراوانەی مەیدانی سیاسیی کوردستان بیانەوێت پەیامی ئەوەمان پێ ڕابگەێنن، کە تەنها ئەوان پەیامێکی هەتاهەتایی و پیرۆزیان بۆ میللەتی کورد پێیە و ئەو پەیامەش تەنها ئەوان دەتوانن بەجێی بهێنن. گەر ژمارەیەکی زۆر لەم ناوانە لە خەباتی شاخدا ناوێک و بوونێکی خۆی سەلماندبێت، ئەوا لە خەباتی ناوشارەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی شکستییەکی بۆ خودی خۆی و خەباتەکەی و ئەم کۆمەڵگایە هێناوە. ئەمانەش هەمان ناون کە بەر لە ئازادی ساڵی 1991 و پاش ئەوەش هەوڵ دەدەن ئەگەر بە پینەوپەڕۆش بێت هەر ناویان بدرەوشێتەوە. بەرلەوەی مێژووش حوکمی خۆی ڕۆژێک لە ڕۆژان بدات بەسەر ئەم (ئەستێرانەدا)، ئەوا بە ژیریی و نیشتمانپەروەریی دەزانم گەر بوار بدرێت بە نەوەیەکی نوێ بۆ بەرجەستەکردنی ئەزموونێکی نوێ لە هەرێمدا و هێنانی پاڵێکی نوێ لە میانە جیاوازەکانی ژیانی ئەم کۆمەڵگایەدا، چونکە مانەوەی ئەم ناوە ناسراوانە لە ئاسمانی کوردییدا نەک تەنها زیان بە ڕەوتی کۆمەڵگای کوردی دەگەێنێت، بەڵکو بە خودی خەباتی ناو شاخیشیان. جا ئەگەر خەباتکردن بۆ ئەم کۆمەڵگایە شایی بێت، ئەوا با نەوە نوێکەش بەشداری سەرچۆپیگرتنەکە ببێت، خۆ ئەگەر ئەزموون و زانیاریش بێت ئەوا با بواری ئەوەیان پێ بدرێت ئەوانیش، ئەوەی هەیانە، بیخەنە سەر زەمینەی واقیع، خۆ ئەگەر سنگفراوانی بێت بۆ فیشەک و جەنگ، ئەوا با ئەوانیش هەلی خۆیان دەست بکەوێت بۆ ئەو ئەزموونە ڕەق و تاڵە و ئامادەیی خۆیان پیشان بدەن بۆ ئەوەی سنگیان بەرامبەر فیشەک پیشان بدەن، پاش ئەوەی زۆربەی ناوە درەوشاوەکانی مەیدانی کوردستان ماندوو بوون لە هەردوو خەباتەکەدا.
گەر لەسەر ئەم خاکەدا هیچ شتێک کۆماننەکاتەوە، ئەوا بەلایەنی کەمەوە شتێک هەیە کە کۆمان  دەکاتەوە، ئەویش ئەو کەشتییەیە، کە ناوی کوردستانە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.