
میدیای ئۆپۆزیسیۆن یان میدیای جه‌نگ؟
ئه‌گه‌ر به قسه‌ی میدیای ئۆپۆزیسیۆن بێت، كوردستان هه‌ناسه‌یه‌كی بۆ ژیان تێدا نه‌ماوه و هه‌موو ئازادییه‌كی تاك و گشت ژێرپێ نراوه، ئه‌گه‌ر به پێی شیكارییه‌كانی میدیای ئۆپۆزیسیۆن بێت، ئه‌م وڵاته نه‌ك ئاسۆیه‌كی روونی له پێش نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه خزاوه‌ته خه‌ره‌ندێكی گه‌وره‌ی تاریكی هه‌زار به هه‌زاره‌وه. له سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه، ستایڵی كاركردنی میدیاكانی ئۆپۆزیسیۆن له ستایڵی میدیای ده‌وڵه‌تێك ده‌چێت له جه‌نگێكی ده‌سته و یه‌خه‌دا بێت له‌گه‌ڵ دوژمنێكی ده‌ره‌كیی سه‌رسه‌خت. مرۆڤ هیچ كات ههستناكات ئه‌م میدیایه، میدیای هێزێكی ناوخۆییه و به‌حیساب ده‌یه‌وێ ریفۆرم له گشت كایه‌ی جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا بكات. چوون كاری ئه‌م میدیایه دوای گه‌وجاندن، بریتییه له گه‌وزاندنی نه‌یارانی سیاسیی و دروستكردنی پیشه‌سازیی نه‌فیكردنی هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگێكی جیاواز له ده‌نگ و ره‌نگی خۆی، بزوێنه‌ری ئه‌م سیاسه‌ته میدیاییه نادروسته‌ش جیا له‌وه‌ی ئه‌و سیاسییانه‌ن به‌حیساب لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌ده‌نه ئۆرگانه حزبییه‌كانی خۆیان، له‌هه‌مان وه‌ختدا خه‌یاڵدانێكی توندڕه‌و و تۆتالیتاریشه كه ناتوانێت جگه له خۆی و ده‌نگی خۆی، هیچ ده‌نگ و ئه‌ویترێك قبوڵ بكات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت، میدیای ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ دهمكردنهوهیدا، به زمانێكی پڕ له هه‌ڵشاخان و دوور له لۆجیكی یه‌كتر قبوڵكردن، په‌لاماری هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر به هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به خه‌ستتر به‌ڕێوه ده‌چێت و كار له‌سه‌ر به ئههریمهنكردنی ده‌كه‌ن، هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه ده‌یه‌وێ جگه له خۆی، هه‌ر هێز و بزووتنه‌وه و حزبێكی دیكه وه‌ك دوژمنی جه‌ماوه‌ر پیشان بدات و پێناسه‌ی بكات، له‌م سۆنگه‌وه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر نزمترین ئاست له وتاری سیاسیی و رۆژنامه‌وانی و خراپترین جنێو و موهاته‌راتی نێو فه‌رهه‌نگی زمانی كوردیی ده‌خوازن بۆ سووككردن و ریسواكردنی هێزه‌كانی به‌رامبه‌ر، به ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌ربڕینی هه‌ر چه‌شنه وشه و زاراوه‌یه‌كی سه‌نگین وه‌ك موجامه‌له‌ی به‌رامبه‌ره‌كانیان ده‌بینن، له‌م سۆنگه‌وه كاری ئه‌وان بووه به كوتین و ناوزڕٍاندن و رووشاندنی هه‌ست و مه‌شاعیری ئه‌ویتر، بۆ ئه‌م كاره‌ش سڵ له هیچ ئامڕاز و شێوازێك ناكه‌نه‌وه، هه‌رچه‌ند ئه‌و ئامڕاز و شێوازانه دژی ئیتیك و مۆراڵی كاری راگه‌یاندنیش بن.
زه‌خیره‌ی سه‌ره‌كیی میدیای ئۆپۆزیسیۆن، بریتییه له له‌كه‌داركردنی پارتی و یه‌كێتی و نموونه‌ی حكومداریی ئه‌و دوو هێزه، لێ ئه‌دا و فۆرمی فهرمانڕهواییكردنی هاوبه‌شی ئه‌و دوو هێزه شایانی ره‌خنه‌لێگرتنی جیددییه، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی میدیای ئۆپۆزیسیۆن ده‌یكات، نه‌ك ناچێته چێوه‌ی ره‌خنه‌وه، بگره به‌مانای وشه‌كه شه‌ڕه، شه‌ڕێكی سه‌ختی راگه‌یاندن وه‌ك به‌شێك له ته‌سفیه‌ی حساب. له‌به‌ر ئه‌م فاكتۆره زۆر ساكاره، میدیای ئۆپۆزیسیۆن هێنده‌ی وه‌ك شه‌ڕكه‌رێكی شیر و زرێ به‌ده‌ست خۆی نمایش ده‌كات، هێنده وه‌ك راگه‌یاندنێكی پرۆفیشناڵ كه كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌بێت مامه‌ڵه ناكات، ئه‌مه‌ش ته‌رجومه‌ی ئه‌و دۆخه‌مان بۆ ده‌كات هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان له رێی میدیاكانیانه‌وه جاڕی شه‌ڕێكی سارد و نه‌خوازراویان داوه، چوونكه به كه‌مێك وردبوونه‌وه له ئه‌دای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م میدیایه له بری نزیكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان له یه‌كدی و بانگه‌شه‌كردن و كاركردن له پێناوی دایه‌لۆگ و لێك تێگه‌یشتندا، ته‌نیا كاری بووه به سڕینه‌وه‌ی هه‌موو به‌ها و جوانی و لایه‌نه گه‌شه‌كانی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئیدی له چركه‌ساتێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ئیشی میدیا له سه‌روكاری له‌گه‌ڵ مه‌عریفه ده‌گۆڕێت بۆ سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی توندوتیژیی و حه‌ماسه‌تی كوێری شۆڕشگێڕانه، لێره‌وه كاری میدیا له دروستكردنی رای گشتییه‌وه ده‌بێت به كاری یه‌كه سه‌ربازییه‌كان، چوون هه‌ردوولا له‌یه‌ك ئامانجدا پێكده‌گه‌ن كه قه‌لاچۆكردنی به‌رامبه‌ره.
ترسناكترین كاریش كه میدیای ئۆپۆزیسیۆن دوای دۆڕاندنی گه‌مه‌ی خۆپیشاندان هێشتا به‌رده‌وامه له‌سه‌ری، هاندانی جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی خۆیانه بۆ خرۆشان و پیاده‌كردنی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، ئه‌م كاره‌ش نه‌ك له خزمه‌تی ره‌وشه‌كه‌دا نییه به‌ڵكو چه‌ند قاتی تر ئاگره‌كه خۆش ده‌كات. نووسه‌ری ناوداری عه‌ره‌ب “هاشم ساڵح” له یه‌كێك وتاره‌كانیدا نوسیووێتی “كانت پێیوابوو حه‌ماسه‌ت بۆ رۆشنگه‌ریی له رۆشنگه‌ریی گرنگتره، چوونكه ده‌یگرێته خۆی و ده‌یپارێزێت، جا بۆیه حهماسهتیش بۆ بیركردنه‌وه‌ی كوێرانه و تاوانی گه‌وره، زۆر مه‌ترسیدارتره له تاوانه‌كه خۆی”. گه‌ر ئه‌م تێزه به‌سه‌ر كاری راگه‌یاندنیشدا پراكتیك بكه‌ین، ئه‌وا كاری میدیای ئۆپۆزیسیۆن گه‌لێك مه‌ترسیدارتره له‌و توندوتیژییه كوێرانه‌ی له ماوه‌ی شه‌ست رۆژدا له پارێزگای سلێمانی بوونی هه‌بوو، ئیش و وه‌زیفه‌ی میدیای ئۆپۆزیسیۆن زۆر سامناكتره له‌و په‌لامار و ویسته رادیكاڵییهی ده‌یویست كوردستان بكاته نموونه‌ی لیبیا و ده‌رگای شه‌ڕی ناوخۆیهكی تر بخاته سه‌ر گازهرای پشت، كاری میدیای ئۆپۆزیسیۆن زۆر له‌و شه‌ڕه‌به‌رد و ئاگركردنه‌وه‌ی سه‌رشه‌قامه‌كان مه‌ترسیدارتره، چوونكه وه‌ك له پێشه‌وه هێمامان بۆ كردووه، ئه‌م راگه‌یاندنه بڕیاری پێشوه‌ختی خۆی هه‌یه و به نه‌فه‌سی میدیای جه‌نگه‌وه كارده‌كات.
له دۆخێكی وه‌ك ئێستادا كه زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كان و رۆشنبیران داوای راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن ده‌كه‌ن، ئاسان نییه هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌م خواسته رازی ببن، به‌و هۆیه‌ی هه‌موو كارته‌كانیان سووتاوه و ته‌نیا ده‌توانن له رێگه‌ی ئه‌م تهسعیداته میدیاییه‌وه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كیی سه‌ر سهحنهكه ئاماده‌ییان هه‌بێت، چوون ناتوانن به میكانیزمه دیموكراتیی و شارستانییه‌كان كاربكه‌ن و ته‌نیا و ته‌نیا له دۆخی فه‌وزا و پڕ له هه‌ڵچوونی شۆڕشگێڕانه‌دا ده‌توانن هه‌ڵسوڕان بكه‌ن، ئه‌وان ناتوانن شه‌ڕی راگه‌یاندن یان بابڵێن راگه‌یاندنی شه‌ڕ رابگرن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزێك بیه‌وێت تۆڵه بكاته‌وه و شه‌ڕی كۆنه‌قینی كردبێته بنه‌مای كاركردنی سیاسیی، جه‌رائه‌تی ئه‌وه‌ی نییه، له په‌نا ده‌نگی فه‌یله‌سووفێكی گه‌وره‌ی وه‌ك “نیتشه”دا بڵێت “ره‌به‌نێكی ته‌نیای نێو دێرم پێ باشتره وه‌ك له‌وه‌ی گه‌رده‌لولی رق بم”.
Shamzini79@yahoo.com
5\5\2011
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره “5473” رۆژنامه‌ی “كوردستانی نوێ” له رۆژی 8-5-2011 بڵاوبۆته‌وه.