Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سمیناری نۆزده‌ی گوڵان

راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سمیناری نۆزده‌ی گوڵان

Closed
by May 11, 2011 گشتی

 

سمیناری “19ی گوڵان، رۆژی مامۆستا” که‌ بڕیار بوو به‌ بۆنه‌ی یه‌که‌مین ساڵیادی له‌ سێداره‌دانی مامۆستا فه‌رزادی که‌مانگه‌ر و هاورێیانی له‌ هۆڵی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی سوله‌یمانی به‌رێوه‌بچێ سه‌ره‌رای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی پارێزگاری سوله‌یمانی دوو سه‌عات به‌ر له‌ده‌ستپێکردنی له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ پێشی پێگیرا.
ئێمه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ یاساییه‌کانی تایبه‌ت به‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بۆ به‌رێوه‌چونی سیمیناره‌که‌مان به‌ پێی یاسا و رێنماییه‌ تایبه‌تیه‌کانی پارێزگامان تێپه‌ڕاند و له‌ رێکه‌وتی 5\5\2011 مؤڵه‌تی به‌رێوه‌بردنی سیمیناره‌که‌مان له‌ هۆڵی هونه‌ره‌ جوانه‌کان وه‌رگرت و هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان بۆ به‌رێوه‌چونی هه‌رچی باشتری سیمیناره‌که‌ کرابوو که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌دوایین کاته‌کاندا ئاسایشی سلێمانی نه‌یهێشت به‌ڕێوه‌ بچێت.
له‌م سیمیناره‌دا بڕیار بوو پێشانگایه‌کی تایبه‌ت له‌ وێنه‌ و ده‌سنوسی شه‌هیده‌کان نمایش بدرێت و هه‌روه‌ها ویدئو ئاڕتێک له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان وریا بوداغی و کوردستان زرار به‌ ناوی “نامه‌، خاک و ئاو” ئاماده‌ کرا بوو.
هه‌روه‌ها له‌م سمیناره‌دا چه‌ند وتارێکی جدی فکری تیۆریک له‌مه‌ڕ که‌سێتی مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هاوڕێیانی و رۆڵ و کاریگه مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری 23 گوڵان له‌ کوردستانی رۆژهه‌ڵات ئاماده‌ کرابوو.
ناوی وتاره‌کان و نوسه‌ری بابه‌ته‌کان به‌مجۆره‌ بوو:
1) چیرۆکی دوو نه‌وه‌، دۆکتۆر سه‌عیدی شه‌مس.
2) نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ، بێهزاد خۆشحاڵی
3) ‌سفیران صلح کردستان در اوین، کاوه‌ قاسمی کرماشانی
4) فه‌رزاد که‌مانگه‌ر مرۆڤێکی تراژیک، هادی محه‌مه‌دی
5) نرخی ئازادی له‌ زیندانه‌وه‌ تا هه‌ڵواسین، برایم فه‌رشی
6) به‌بۆنه‌ی یه‌که‌مه‌مین ساڵیادی ئێعدامی مامۆستا فه‌رزاد و هاوڕێیانی، ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
7) ئه‌زمونه‌کانی ژنێکی زیندانی، رۆئیا طلوعی
8) یادنامه‌ای از دامنه بیستون به سوی خورشید، سه‌میرا پوراندۆخت
9) …
ئامانجی ئێمه‌ له‌م سمیناره‌دا نرخاندن و شرۆڤه‌کردنی ته‌وه‌ره‌کان بوو که‌ پێشتر دیاریمان کردبوو، هه‌روه‌ها ده‌مانویست به‌ کردنه‌وه‌ی پیشانگایه‌ک و پیشاندانی چه‌ند ڤیدیۆئارتیک باسی لایه‌نی هونه‌ری و جوانیناسی ژیانی شه‌هیدانی 19 گوڵان بکه‌ین؛ که‌وابوو کاره‌که‌ی ئێمه‌ کارێکی ته‌واو مه‌ده‌نی و مۆدێرن و شارستانی بوو و هه‌موو یاسا و رێساکانمان ره‌چاو کردبوو، ئاسایشی سلێمانی به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سمیناره‌ پێش هه‌موو شتێک ئوتۆریته‌ی خۆی خسته‌ ژێر پرسیار.
ئێمه‌ له‌ ساڵیادی شه‌هیدانی 19ی گوڵان دا وێڕای رێز و ئێحترام بۆ ئامانجی به‌رزی ئینسانیان؛ وه‌
هه‌روه‌ها له‌ رۆژی مامۆستادا وێڕای به‌رزبرخاندنی ده‌رسه‌کانی مامۆستا فه‌رزاد، هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین که‌ دیسکۆرسی مامۆستا فه‌رزاد و هاوڕێیانی په‌ره‌ بستێنێ و هه‌وێنی یه‌کێتی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد پێکبێنێ.
ئێمه‌ لێره‌دا داوای لێبوردن له‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ین که‌ زه‌حمه‌تیان کێشابوو و له‌ رێگه‌ی دوور و نزیکه‌وه‌ هاتبوون تا به‌شداری سمیناره‌که‌ بن و سپاسی تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌که‌ین که‌ بۆ ئاماده‌کاری ئه‌م سمیناره‌ یارمه‌تیان داین.
ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری سمیناری “19ی گوڵان، رۆژی مامۆستا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.