Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
گرتنی ئوسامە بن لادن 600 ملیارد دۆلاری تێچووە

گرتنی ئوسامە بن لادن 600 ملیارد دۆلاری تێچووە

Closed

ئەمڕۆ ، لە پاش کوشتنی سەرۆکی رێكخراوی قاعیدە ( ئوسامە بن لادن ) هەردوو  ووشەی ( دادوەری و تۆڵە)بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ئەمریکابەکاردەهێنرێت دەکرێن .
لێ ئەم کوشتنە زۆری تێچووە ، لەهەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا  ڕاونان و کوشتنی کەسێک ، هێندەی ئوسامە بن لادنی تێنەچووە، ئەم ڕاونانەش کەلە پاش ڕووداوەکانی  11 سێپتەمبەری 2001 وە دەستیپێکرد و کۆمەڵێک جەنگی بەردەوامی لەگەڵ خۆی هێناوە کەهەتاوەکوو ئەمڕۆش  ئەم جەنگانە بەردەوامن ، لەسەروو هەمووشیانەوە جەنگی ئەفگانیستان ، بەپێی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکی ، ئەم جەنگە هەتاکوو ئەمڕۆ بڕی 444 ملیارد دۆلاری تێچووە.  هەروەک  هەندێک سەرچاوەی ئەمریکی لە یەنایری 2002 ئاشكرایان کرد، ڕووخانی هەردوو بورجەکەی سەنتەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک  بڕی 95 ملیارد دۆلار تێچووە.   ئەمە یەکەمین تێچوون و زەرەری دارایی بوو ، کەلە رووداوەکانی 11 سێپتەمبەر کەوتەوە، دیارە جگە لەو زەرەرە زۆرەی کە لە کەرتەکانی ( گەشتوگوزار و فرۆکەوانی ) لە ئەمریکا و لە دەوڵەتانی جیهان کەوت . لەهەمانکاتیشدا لە پاش ڕووداوەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 وە ،  دەوڵەتانی جیهان  بە ملیارەها دۆلاریان  لە بواری ئەمنی ، بەتایبەت لە فرۆکەخانەکان  خەرجکردووە، هەروەها لەو کاتەوە بودجەی  هێزەکانی دژە تیرۆر  زۆر زیادیکردووە،بەتایبەت لە دەوڵەتانی رۆژئاواییدا .
بەشێوەیەکی ناراستەوخۆش ( جەنگ لە دژی تیرۆر) کە ئەمریکا دەستیپێکرد  ، پەیوەندی بە کۆمەڵێک ڕووداوی تری جیهانییەوە هەبوو، لەپێش هەمووشیانەوە جەنگی عێراق، هەربۆیە ئەو زەرەرەی کە لە رووداوەکانی 11 سێپتەمبەرەوە پەیدابوون ، دەگاتە نزیکەی 1280 ملیار دۆلار ، جۆزیف ستیفلز ڕاوێژکاری ئابووری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بیل کلینتون پێیوایە، ئەم زەرەرە  دەگاتە   نزیکەی 3 هەزار ملیار دۆلار . هەروەها ئەو جەنگە بەردەوامانەی کە ڕوویاندا ، هەموویان کاریگەری خراپیان لە بازرگانی جیهانی کردووە، بەتایبەت لەسەر نرخی نەوت ، کەلەم چەند ساڵەی دواییدا ، ڕووداوە ئەمنیەکان کاریگەری سەرەکیان لە سەر نرخی نەوت دادەنا . هەر ئەم جەنگەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر بودجەی گشتی حکومەتی ئەمریکی داناوەو زۆرجار تووشی کێشەی کورتهێنانی بودجە ( عجز المیزانیة)  کردووە.  هەربۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا ، داواکاریەکی زۆر  دەکرێت ، کە حکومەتی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق و ئەفگانیستان بکشێنێتەوە، لە دواهەمین راپرسیدا ، 1/3 ئەمریکیەکان پێیان باشە  لە ئەفگانیستان  بکشێنەوە ، چونکە پارەیەکی زۆری تێدەچێت . ئەمڕۆ  لەوانەیە ئەم رێژەیە زیاتر بێت ، بەتایبەت پاش ئەوەی ئوسامە بن لادن کوژراوە. وە گەر بێت و ئەم جەنگە و راونان و گرتنی ئەندامی قاعیدە بۆ ماوەی 10 ساڵی تر بەردەوام بێت ، ئەوا خەرجی تێچوونی ئەم هەڵمەتە دەگاتە ژمارەیەکی خەیاڵی . بەپێی هەندێک سەرچاوەی ئەمریکی ، بڕی تێچوونی جەنگی ئەفگانیستان  و رووخانی هەردوو بورجەکە وڕاونان و گرتنی ئەندامانی قاعیدە  لەگەڵ کۆمەڵێک تێچوونی ناراستەوخۆیی تر ،هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێتە ئەوەی ، کە کۆی گشتی ئەم کوشتنە( مەبەست کوشتنی ئوسامەیە) دەگاتە نزیکەی 600 ملیارد دۆلار . بەڕاستی ئەم ژمارەیەش  گاڵتەجاریەکەی گەورەیە! چونکە  بڕی تێچوونی رووخاندنی هەردوو بورجەکە و رووداوەکانی 11 سێپتەمبەر ، لەلایەن قاعیدەوە ، نەگەیشتۆتە 400 هەزار دۆلار  . واتە  لە خەرجکردنی کەمتر لە نیوملۆین دۆلار ، بوو بەهۆی ڕاکێشانی 600 ملیار دۆلار بۆ ناو ئاو.  هەموو ئەمەش بەناوی ئەوەی ( جیهانێکی ئاراممان دەستبکەوێت !) . بەم شێوەیەش تێچوونەکە بوو بە جیهانی و خەڵکی باج دەری ئەمریکیش یەکەمین زەرەرمەند بوون ، پاش ئەوانیش هەموو دانیشتوانی جیهان ، چونکە جەنگەکە بوو بەجیهانی و قاعیدەش لەهەر وڵاتێک ڕێکخراوێکی هەرێمی تایبەت بەخۆی دروستکردووەو لەبەر ئەوە تێچوونی ئەم جەنگە دەگاتە ژمارەیەکی خەیاڵی .

1400 ملیار دۆلار /
بازارەکانی دراوی ئەمریکی  پاش ئەوەی بەهۆی رووداوەکانی 11 سێپتەمبەر بۆ ماوەی هەفتەیەک داخران  ، نزیکەی 1400 ملیارد دۆلار زەرەریانکرد . هەروەها ئەو ‌هێرشانە بوو بەهۆی ئەوەی نزیکەی 95 ملیارد دۆلار ، زەرەر لە باری ئابووری نیویۆرک سیتی بدات، کۆمپانیاکانی فرۆکەوانیش نزیکەی 10 ملیارد دۆلاریان زەرەرکرد ، هەروەها هەردوو جەنگی عێراق و ئەفگانیستان ، نزیکەی 1290 ملیارد دۆلاریان تێچووە.
35 /
لە فێبراوەری 2010 دا ، حکومەتی ئەمریکا داوای لە کۆنگرێسکرد ،کە ڕازیبوونی خۆیان بۆ  بڕی 35.01  ملیارد دۆلاری زیادە بددەن ، چونکە سەرۆک ئۆباما لە 2009 دا بریاری دا ، 30 هەزار سەربازی زیاتر بۆ ئەفگانیستان بنێرێت ، بەم شێوەیەش ژمارەی سەربازەکا گەیشتە 98 هەزار .
63%  بۆ عێراق/
لە نێوان ساڵانی 2009 و 2010 دا ،نەسریەی  مانگانەی وەزارەتی بەرگری  لە ئەفگانیستان  لە 4.4 ملیارد دۆلار بۆ 6.7 ملیارد دۆلار زیادیکرد ، واتە بە ڕێژەی 50% زیادیکردووە. لێرەدا دەتوانین ئەو بڕە پارانەی کەلەپاش رووداوەکانی 11 سێپتەمبەرەوە خەرجکراون ، بەم شێوەیە دابەش بکەین : 63% بەشی عێراق بووە لەم خەرجیە ، 35% ی بەشی ئەفگانیستان بووە، 2% بۆباشكردنی باری ئەمنی وڵات ،1./2 بۆ هەندێک کاری تایبەت .

وەرگێڕانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com

سەرچاوە /
رۆژنامەی ( القبس) ی کوەیتی .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.