ئێواره‌یه‌ك په‌نجه‌ره‌كه‌م به‌كراوه‌یی جێدێڵم
ئێواره‌یه‌ك
په‌نجه‌ره‌كه‌م به‌كراوه‌یی جێدێڵم
وه‌رزێكی تر ئه‌به‌خشمه
ئه‌و عاشقانه‌ی كه دوای خۆم دێن
تارمایییه‌ك به‌مه‌یلی خۆی كێشم ئه‌كا
بۆنی زه‌وی له خه‌یاڵی شعرم ئه‌ڕژێ
زڕه‌ی شكانی پیاڵه‌كان هۆشم ئه‌به‌ن
بۆ عه‌سره‌چایه‌كی بۆنخۆش
له‌ناو ته‌مدا
تۆقه ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانم له‌سه‌ر تاقی بێئاگایی له‌بیرئه‌چێ
پرچم له‌گه‌ڵ خه‌یاڵاتی بادا ئه‌ڕوا
له‌وه ئه‌چێ سه‌ردانێكی میتشل1
بكا و زوو بێته‌وه
عه‌سره‌چایه‌ك له‌گه‌ڵ خۆمدا
له‌وبه‌ری ماڵی ته‌نیایی با‌نگم ئه‌كا
پیاڵه‌كه‌م له‌چاوم ئه‌چێ
زوو پڕ ئه‌بێ…..
پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وڵات‌دا زۆر دووباره‌ی كردینه‌وه
ئێستا تاوێ به ئیزنی تۆ
پڕم له له‌رزی دیمانه و ترسی ئه‌وه‌ی ببم به‌دوان
پڕم له ئیعتیرافی ناڕه‌وا و گمه‌ی كۆتری سینه زامار2
له‌سه‌ر ریتمی وه‌رینی گوڵ
ئه‌م وه‌رزی ته‌مه‌نه‌یش ببه
به‌مه‌یلی خۆت گه‌ڵاكانم لێ بكه‌وه
به‌هه‌ناسه‌ت ئارایشتی رومه‌تی لیمۆییم بكه
جۆلانه به‌تاڵه‌كانی ژوان به‌تارمایی پڕكه‌ره‌وه
به‌ته‌ماشای ئاونگاویت لێوم ره‌نگكه
شوێن بێئاگایی رۆح كه‌وه
قومێ له خۆزگه‌ی رژاوی چاوم هه‌ڵده
ئه‌م وه‌رزه‌ی ته‌مه‌نیش بۆ تۆ
نازانم چه‌ند گه‌ڵای كه‌مه
دوایی به با بۆت ئه‌نێرم
مه‌رگی په‌پووله و كات ئه‌مبا
بۆ پیاسه‌یه‌كی به سێبه‌ر
پیاسه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه‌ی پڕ له عوزله‌ته‌كه‌ی ماركیز3
هه‌موو كاتێ ئه‌مباته‌وه
بۆلای ده‌رگه داخراوه‌كان
ئێستا ژنێكی سه‌ره‌ڕۆم
پڕم له ناڕه‌وایی دوور
له ڕۆینی بێ ناونیشان
ئێستا مه‌ستم
به‌درودی ئه‌و سۆفیانه‌ی
له‌حه‌شمه‌تی عه‌شقی حه‌وا
گۆرانی بۆ خودا ئه‌ڵێن
په‌نجه‌ره‌كه‌م له بیرئه‌كه‌م
له‌وێڵبوونی دوا روانینی كه‌رنینادا 4
له خۆ ئه‌چم
له‌وێشه‌وه‌گوێم له مه‌دام بۆڤارییه5
ماڵئاوایی له‌عه‌شق ئه‌كا
پیاڵه‌یه‌كی پڕ له خه‌یاڵ
به‌ده‌ستمه‌وه
وه‌كو چرپه هه‌ڵچۆكانی ناخم
هه‌ر زوو به زوو خاڵی ئه‌بێ
وه‌كو دییه‌م زوو هه‌ڵئه‌چێ
ئه‌م وه‌رزه‌ی ته‌مه‌نیش بۆ تۆ
نازانم چه‌ند گه‌ڵای كه‌مه
هه‌ر به میتشل بۆت ئه‌نێرم
ره‌نگه به قه‌د چاوه‌ڕوانیم
دیداری ونی پێوه بێ
هه‌واری من لای عه‌سره‌چایه‌كی دووره
پڕه له داڵغه‌ی سه‌رسپی
له‌وێ گوناه
خۆی به هه‌ناسه‌ی من ئه‌شوا
هه‌تا سه‌مای گوڵه‌كانیش
له‌رزی قامه‌تمیان گرتووه
ئێستا رووم پڕ له‌سێبه‌ره‌و
نوقمم له خه‌ڵوه‌ت و زیكری
ئه‌و سۆفیانه‌ی
تاكو ئێستاش له حه‌شمه‌تی عه‌شقی حه‌وا گۆرانی بۆ خودا ئه‌ڵێن
په‌نجه‌ره‌كه‌م به‌كراوه‌یی جێهێشت و
گمه‌ی كۆتری سینه زامار
سه‌ری كردووم به هێلانه….
عه‌سره‌چایه‌كی فره دوور
كێشم ئه‌كا
بۆ ئه‌ودیوی تاراوگه‌كان
زڕه‌ی پیاڵه شكاوه‌كه
هۆشم ئه‌با
وه‌ك چاوانم هه‌راسانی لێ هه‌ڵئه‌چێ
ئێستا پڕم له درودی سۆفیه‌كان و
له خه‌یاڵاتی ڤێرمینا6
ئه‌بمه هه‌ڵم
له‌و فه‌زایه‌ی زیاتر له بێ‌ئارامی تۆ
سه‌رده‌می كولێرا ئه‌چێ!!
تێبینی:
1-میتشل:مه‌به‌ست له (مارگریت میتشل) ی خانمه نووسه‌ری رۆمانی(له‌گه‌ڵ بادا رۆی)ه.
2-كۆتری سینه زامار: ئاماژه‌یه به‌و كۆتره‌ی (كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان)ی به‌ختیار عه‌لی.
3-عوزله‌ته‌كه‌ی ماركیز:مه‌به‌ست له رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) نووسه‌ری گه‌وره گابریل گارسیا ماركیزه.
4-كه‌رنینا:مه‌به‌ست له ئه‌ننا كه‌رنینای تۆلستۆیه.
5-مه‌دام بۆڤاری:پاڵه‌وانی (الزوجه الخائنه) ی گۆستاف فلۆبیره.
6-ڤێرمینا :خانمه پاڵه‌وانی رۆمانی (خۆشه‌ویستی له سه‌رده‌می كۆلێرا) ی ماركیزه.
Chnornamiq@yahoo.com