Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مرۆڤ لە نێوان  نان و ئازادی دا

مرۆڤ لە نێوان نان و ئازادی دا

Closed

دیارە قسەکردن لەسەر  نان و ئازادی کارێکی هەروا ئاسان نییه. گرفتەکەش لەوەدایە کەهەردووکیان بە دوو پێداویستیی گرنگ و سەرەکیی ژیانی مرۆڤ دادەنرێن. گەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین ، دەبینین هەمووکاتێک  مرۆڤ بۆ دابینکردنی ئەم  دوو پێداویستییه گرنگەی ژیانی ، ململانێکی زۆر سەختی  لەگەڵ سروشت و دەسەڵاتی سیاسیدا کردووە. لێ زۆرکات ململانێی زۆر توندیش لەنێوان ئەم دوو پێداویستیە گرنگەی ژیاندایشدا  هەبووە. مرۆڤ هەمووکاتێک نەیتوانیوە ئەم دوو پێداویستییەی پێکەوە دەست بکەوێت . جاری واهەبووە نانی کردۆتە قوربانیی ئازادی یان بەپێچەوانەوە.

کۆمەڵگای سەرەتایی پرسی نان وئازادی
 من پێش ئەوەی بچمە ناوەرۆکی   بابەتەکەوە ، پێم خۆشە بە فلاش باگێک بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بگەڕێینەوە. چونکە گەر زانیاریمان دەربارەی مێژووی بابەتەکان نەبێت ، بۆچوونێکی ڕوونمان بۆ داهاتوو نابێت . یەکەمین کتێبی ئەنترۆپۆلۆژی کە خوێندبێتمەوە، کتێبە بەناوبانگەکەی ئەنجلس ( بنەچەی خێزان و موڵکداری و دەوڵەت . اصل العائلة و الملکیة الخاصة و الدولة. 1 ) . ئەم کتێبە لە ڕووی فکری و سیاسییەوە زۆر کاری تێکردم . دەتوانم بەیەکێک لەوکتێبە گرنگانەی دابنێم ، کە توانیبێتی  رێرەوی ژیانم بگۆرێت . ئەنجلس لەم کتێبەیدا کەزیاتر پشتی بە تیۆریکەی لویس مۆرگان بەستووە، باسی چۆنێتی دروستبوونی خێزان و سیستەمی دەوڵەتی دەکات . هەر لەم کتێبەوە منیش دەست پێدەکەم .
دیارە  بەپێی بۆچوونی ئەنجلس ، مرۆڤ لەسەرەتادا  تاکێکی ئازاد بووە، هیچ پەیوەست بە ئایین ، نەتەوەو دەسەڵاتی سیاسی نەبووە. ئەنجلس ئەم قۆناغە بە (کۆمۆنیزمی سەرەتایی ) ناو دەبات . لەسەرەتادا مرۆڤ پێش هەموو شتێک زیاتر بەدوای ناندا وێڵ بووە و پرسی سەرەکی نان بووە، چونکە  ئەو کات خۆی کەسێکی ئازادبووە ، بۆیە پرسی ئازادی هیچ بەلایەوە گرنگ نەبووە . بە هیچ شێوەیەک پابەندی سیستەمێکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئایینی  نەبووە. لەبەرئەوە مرۆڤ بە واتا ڕوونەکەی ، کەسێک بووە کە لەوپەڕی ئازادی و سەربەخۆیدا ، ژیانی بەسەربردووە. بەڵام لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ، کاتێک مرۆڤ لەوپەڕی ئازادیدا بووە، بۆچی هەر بەدەستی خۆی ئازادی خۆی لەدەست داوه؟ یان بەواتایەکی تر بۆچی بەدەستی خۆی زیندانی بۆ خۆی دروستکردووە؟  مارکس پێی وابوو، کە دەوڵەت قەفەزی گەلانە. ئالەوکاتەدا نە سنووری نەتەوەیی ، نە ئایینی ، نە مافی موڵکداری نەبووە، کەچی مرۆڤ هات ئەمانەی هەموو لەناوبردوو، خۆی بەکۆمەڵێک سنوور و زنجیر بەستەوە. یەکێک لە حیکمەتەکانی ئەم کارەی مرۆڤ ئەوەبووە، کە مرۆڤ بەئەزموونی خۆی بۆیدەرکەوتووە، گەربێت و خۆی لەناوکۆمەڵێکدا ڕێکبخات لەوانەبێت دەستکەوتی باشتری هەبێت و کەمتر بەدوای ڕاودا وێڵ بێت . لەگەڵ دروستبوونی  کۆمەڵگای کشتووکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ و جێگیربوونی مرۆڤی سەرەتایی ،  مرۆڤ ئازادی خۆی  لەدەست دا. مرۆڤ لە رێگای کشتووکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردن و جێگیربوونی لەشوێنێکدا، کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی دەستکەوت . توانی لەرێگای کشتووکاڵەوە نان بۆ خۆی پەیدابکات ، گۆشتی ئاژەڵی دەستبکەوێت ، لەهەمان کاتیشدا پرسی ئاسایشیش کە یەکێک بووە لە پرسەگەورەکان ، ئەویشی بۆدابینکرا.  بەڵام لەبەرامبەر ئەمانەدا ، مرۆڤ کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی لەکیس خۆی دا. لەپێش هەموویانەوە لەدەستدانی ئازادی خۆی . دیارە ئەمەش بە وویستی خۆی بووە، واتە کەس بەزۆر ئەومافەی لێ نەسەندووەتەوە. پاشان کاتێک خۆی خستە ناوکۆمەڵگای جێگیرەوە، بەناچاری ملکەچی کۆمەڵێک یاساو سیستەمی  جۆراوجۆربوو. دیارە چ ئایین ، یان یاسا و عادات وتەقالید ، هەموو سەرەتا ئەمانە بۆ تێرکردنی پێداویستیەکیانی مرۆڤ دروست بوون . ئایین ، زیاتر هەوڵی کۆکردنەوەو بەستنەوەی  کۆمەڵگاو، لە ڕووی رۆحیشەوە تێریکردووە، کەئەمەش پێداویستیەکی گرنگ بووە. پاشان بۆ رێکخستن و پێکەوەژیانی ئەم کۆمەڵگایەش ، مرۆڤ بەدەستی خۆی کۆمەڵێک یاساو نەریتی کۆمەڵایەتی داهێناوە. هەربەدەستی خۆشی سەرۆک ، خێل ، پاشان دەوڵەتیشی دروستکردووە. ئەمانە هەمووی پێداویستی بوون بۆ مرۆڤ بەتایبەت هەردوو پێداویستی ( ئاسایش ، دڵنیایی ) بە مرۆڤ بەخشیوە. بەڵام پاشتر هەموو ئەمانە بوونەتە زنجیرێک و لە ملی ئاڵاندووە، بەتایبەت کاتێک کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ڕووبەڕوی قۆناغێکی نوێی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، هەموو ئەم یاسا ونەریتەکۆنانەی دەبنە ڕێگر لێی.
لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت ، سەرۆک و سووپا و دامودەزگای  کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا ( یاسا، زیندان، پۆلیس،باج و سەرانە) ش دروستبوون. مرۆڤ ئەمجارەیان لەو شتانەی کەخۆی دروستیکردبوون  یاخی بوو، بۆئەوەی جارێکی تر ئازادی خۆی دەستبکەوێتەوە، دەستی بە شۆرش و ڕاپەڕین و جەنگی لەدژی ئەو سیستەمە کرد. ئەمەش سەرەتای دروستبوونی قۆناغیکی نوێی مێژووی مرۆڤایەتی بوو. کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش بوو بە دوو چینەوە، چینێکی دەسەڵاتدار ، کەژیانی لەسەر چەوساندنەوەو زەوتکردنی ئازادی خەڵکی تربوو. لەبەرامبەر چینێکی بێ دەسەڵات ، کە خەباتی لەدژی کۆیلایەتی و سەندنەوەی ماڤی سروشتی خۆی کەبریتی بوو لەئازادی . هەرلەکاتەوە ئەم دووچینە هەتاوەکوو ئەمڕۆش ، لە ململانێ و جەنگێکی بەردەوامدان.  شۆرشە مەزنەکەی سپارتاکۆس لە یۆنانی کۆن ، ئامانجی سەرەکی بەدەستهێنانی ئازادی و نەهێشتنی سیستەمی کۆیلایەتی و ڕووخانی سیستەمی سیاسی و ئایینی ئەوکاتی یۆنان بوو. زۆرجار مرۆڤ لەبەر خاتری ئازادی ، وازی لە نان هێناوە ، یان بە پێچەوانەوە لەبەر نان وازی لە ئازادی هێناوە. ئازادی و نان ، هۆکاری سەرەکی هەموو شۆرش و ڕاپەڕینێک بوون .
یەکێک لەوچیرۆکانەی کە زۆرکاری  تێکردم ،چیرۆکی ڕاپەرینی جووتیارانی هەنگاریایە. کاتێک لە ساڵی 1490 ئیمپراتۆریەتی نەمساوی وهەنگاری ، ڕووبەڕوی هێرشی توورکەکان دەبنەوە، لەبەر ئەوە چەک بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکەن ، بۆئەوەی بەرەنگاری توورک ببنەوە. لێ جەنگاوەرێکی هەژاری هەنگاری بەناوی جیورجی دوزا، دەڵێت ( خۆهێشتا توورک زۆر دوورن لەئێمەوە، بۆچی جارێک خۆمان لەدەستی ئەم  دەرەبەگ و میرەچەوسێنەرانە ڕزگار نەکەین؟) خەڵکی دوایدەکەون ئەویش سەرۆکایەتیی  ڕاپەرینەکە دەکات. لێ پاش ماوەیەک ڕاپەرینەکە سەرکووت دەکرێت و جیورجی دوزا لەگەڵ هاوەڵەکانی بە دڕندەترین شێوە دادگایی دەکرێن . بۆماوەی دووهەفتە خۆیی و هاوەڵەکانی برسی دەکرێن ، پاشان جیورجی دەهێنن و لەناوگۆرەپانێکدا، ئاگرێک دەکەنەوەو دەیکەن بەشیشدا، پاشان هاوەڵەکانی خۆی لەبرساندا گۆشتکەی دەخۆن 2. لەکاتێکدا ئەمان هەموویان خەباتییان بۆ ئازادی دەکرد ، لێ برسێتی زۆری بۆهێنان ، ناچاریکردن کە گۆشتی رابەرەکەیان بخۆن. ئەم چیرۆکە زۆر کاری تێکردم . لەلایەک دڕندەیی میرانی ئەوروپی دەردەخات ، لەلاکەی تریشەوە پرسی نان و ئازادی ، یان بەواتایەکی تر  چۆنێتی بڕیاردانی مرۆڤ بەرامبەر ئەم دوو پرسە دەردەخات. 

سیاسەتی نانشەکرو  قامچی Zuckerbrot und Peitsche

زۆرجار رژێمەدیکتاتۆریەکان هەوڵیانداوە لەرێگای دابینکردنی نانەوە ، پرسی ئازادی لەبیرخەڵکی بەرنەوە. بیسمارک کە بە باوکی ئەڵمانیا دەژمێرێت . ئەو توانی هەموو ئەڵمانیا یەکبخات و بیکاتە دەوڵەتێکی مۆدێرن وپێشکەوتووی ئەوروپا. لێ ئەم پیاوە لەناوخۆدا پەیڕەوەی سیاسەتێکی پۆلیسی و سەرکووتی دەکرد . یەکێک لەو تێزانەی کە دایهێنا (Zuckerbrot und Peitsche سیاسەتی نانشەکرو  قامچی) بوو. بیسمارک پێی وابوو هاوڵاتی وەکوو منداڵێک وایە بە دەستێک دەتوانیت لێی بددەیت و بەدەستکەی تر شیرینیەکی بددەیتی ، ئاشتی بکەیتەوە. بیسمارک لەلایەک پەلاماری گرووپە چەپ و لیبڕالەکانی دەدا، هەوڵی بەرتەسکردنەوە و نەهێشتنی ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری دەدا. لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک یاسا وسیستەمی کۆمەڵایەتی باشی دانا ، بۆ کەمکردنەوەی باری خراپی هەژاران کەبەSozialgesetzgebung دەناسرێت. ئەم یاسایە بریتی بوو لە دروستکردنی کارتی تآمین ( تەندروستی ، نەخۆشی، پیری ) بۆ کرێکاران و هەژاران. ئەمەش بەسەرەتای سیستەمی کۆمەڵایەتی و خزمەتگووزاری ئەڵمانی دەژمێرێت3. دیارە ئامانجی بیسمارکیش لەم سیاسەتەدا دیاربوو، دەیوویست کرێکاران و هەژاران بۆلای خۆی رابکێشێت و دژایەتی کۆمۆنیست و سۆسیال دیمۆکراتەکان بکات . تاڕادەیەکی باشیش سەرکەوتووبوو. ئەم سیاسەتەی بیسمارک ، بوو بە بەردی بناغەی هەموو رژێمێکی دیکتاتۆری لەجیهاندا. سەدامیش توانی سیستەمێکی خزمەتگووزاری باش و کارتی بایەعی بەخەڵکی بدات ، کەئەمەش وەکوو حەبێکی هێورکردنەوە وابوو بۆ خەڵکی . بەڵام لەبەرامبەردا بەدەستەکەی تر قامچیەکی بەدەستەوەوبوو، هەرچی دەمی بکردایەتەوەو باسی ئازادی بکردایە ، وا وەیلا لە حاڵی.

شۆرش لەنێوان  نان و ئازادی
کاتێک شۆرشی رووسی بەرپابوو ، لینین کە ڕابەری شۆرشەکە بوو دروشمی ( نان ،کار،ئازادی) بەرزکردەوە. پاشتر ئەمە بوو بە دورشمی هەموو کۆمۆنیستەکانی جیهان . لێرەدا لینین پرسی نانی خستبووەو پێش ئازادیەوە. بەڵام ئایا نان لە پێش ئازادیە یان بە پێچەوانەوە؟  رووسەکان لەکاتی یەکێتی سۆڤێتدا،  لەڕووی نانەوە هیچ برسی نەبوون ، لەڕووی کار و خزمەتگووزاریشەوە زۆر وەزعیان باش بوو. کەس بێکار نەبوو، نەخۆش بە باشترین شێوە بێ بەرامبەر چارەسەر دەکرا. پیر ترسی کەوتنە سەرجادەی نەبوو. کەس سواڵکەر و هەژار نەبوو. حکومەت هەموو ئەم شتانەی بۆ خەڵکی دابینکردبوو. لەڕووی سیاسیشەوە یەکێک بوو لە دەوڵەتە مەزنەکانی جیهان و بەبێ ئەو سیاسەتی جیهانی نەدەبڕابەڕێوە. بەڵام هێشتا خەڵکی ناڕازی بوون . پاش حەفتاساڵ  خەڵکی رووسی بەدەستی خۆیان ئەم ئیمپراتۆریەتە مەزنەیان رووخاند. ئەو ئیمپراتۆریەتەی کەپێشتر خۆیان بەدەستی خۆیان دروستیانکردوو، گیانیان بۆ فیداکرد، کەچی هەرخۆشیان رووخانیان . بەڵام بۆچی وایانکرد؟ لێرەدا جەنابی ( ئازادی) دێتە وەڵام . رووسەکان هەمووشتێکیان هەبوو ، تەنها یەک شتیان نەبوو ئەویش ئازادی بوو. گەر رووسێک ئازاری ددانی بووایە ، باشترین دکتۆر چارەسەریدەکرد ، تەنانەت لەهەندێك شوێن ددانی ئاڵتوونیشیان بۆ دادەنا. بەڵام گەر رووسێک دەمی بکردایەتەوەو باسی ئازادی بکردایە ، ئەوا نەک ددان بەڵکە زمانیشیان لەبنەوە دەبڕی .
ئایا دەم تەنها بۆ خواردن کراوە یان بۆ قسەکردنیش ؟ هەر لە توولە ڕێگای  ئەم پرسیارە ئاڵۆزەشەوە دەچینە سەر شا رێگای پرسیاری ( ئازادی و نان کامیان بۆ مرۆڤ گرنگن؟)  . هەروەک چۆن وەڵامی پرسیاری یەکەم ئاڵۆزە ، بەهەمان شێوەش وەڵامی پرسیاری دووەم ئاڵۆزترە.  بە بڕوای من هەمووکاتێک مرۆڤ  بەدوای وەڵامی ڕاستی  ئەم پرسیارەدا  وێڵە و ناتوانێت وەڵامی دروستی بداتەوە. ڕووخانی یەکێتی سۆڤێت بەدەستی ئەمریکایەکان نەبوو، بەڵکە دەرئەنجامی شۆرشێکی گەورەی رووسەکان بوو لەدژی رژێمی  سۆڤێتی.  رووسەکان لەرووی جەستەییەوە برسی نەبوون ، بەڵام لە رووی رۆحیەوە برسی بوون .

پرسی نان و ئازادی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا
ئێمە کاتێک کە چووینە ئەوروپا ، وامان دەزانی مرۆڤی ئەوروپی لەهەموو ڕوویەکەوە ئازادەو هیچ سنوورێک یان رێگرێک نییه بۆ خواست و پێداویستیەکانی  مرۆڤ. کەچی بەم شێوەیەش نەبوو. ئەمڕۆ راستە مرۆڤ لە رۆژئاوا لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە ئازادە. راستە هیچ کەسێک لەسەر بۆچوونی سیاسی یان فکری سزا نادرێت. لەجیاتی پارتێک سەدان پارت، رێکخراو، کۆمەڵی جۆراوجۆرهەیە. لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە ، لەزۆر کۆسپ و رێگر ئازادبووە. لەڕووی ئایینیەوە کەس بۆی نییه کەسێکی بێ باوەڕ یان ناکریستی سزابدات. یان لەڕووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەتایبەت ( نێرومێ) ئازادە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا لە ڕێی کۆمەڵێک یاساو رێسای ترەوە بەستراوەتەوە، بەتایبەت لەڕووی ئابووریەوە. من یەکەمجار کەگه‌یشتمە ئەڵمانیا لە کارگەیەک کارم دەکرد، کاتێک کە شێفەکە دەهات ، بەجارێک کرێکارەکان ترسیان لێدەنیشت و  دەستیان دەکرد بە ماستاوکردن بۆی. کەسیان نەیاندەوێرا لەبەردەمیا جگەرەبکێشن ، چونکە ڕقی لە جگەرە بوو. من هیچ گوێم بە شێفەکە نەدەدا و جگەرەی خۆم دەکێشا. رۆژێکیان کە هاتینە دەرەوە مەفرەزەیەکی پۆلیس راوەستابوون ، من هەرلەخۆمەوە کەمێک ترسام . پۆلیس لای ئێمە وێنەیەکی ترسناکی هەیە، ئەم وێنە ترسناکەش تا ماوەیەکی زۆر لەدڵمان ناڕەوێتەوە. برادەرە ئەڵمانەکەم هەستی پێکردم ، لێی پرسیم بۆ وا لە پۆلیس دەترسیت . هەرچەندە من ئەو قسەیەم نەسەلماند ، بەڵام ترسەکە بە دەمووچاومەوە دیاربوو. ئەو لە شێفەکە دەترسا ، چونکە بژێوی ژیانی لای ئەوبوو. وەلێ من شێفەکە هیچ ترسی نەبوو، بەڵام پۆلیسەکە وێنەیەکی ترسناکی هەبوو. لێرەدا دەبێت ئەوەبڵێم ، راستە مرۆڤی ئەوروپی لە زۆر ڕووەوە ئازادە، بەڵام لە ڕووی ژیانی ئابووریەوە ئەو ئازادیەی نییه. ئەمرۆ کەسێکی ئەوروپی باشترین نانی هەیە، باشترین جلوبەرگ و رەفاهەیتی ژیانی هەیە، هەمووساڵێک سەفەرێکی دەرەوە دەکات، ناوماڵی باشی هەیە، ماشینێکی مۆدێرنی هەیە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە ، بەناچاری یان خۆبەخشانە ، بەشێک لەئازادی خۆی تەسلیمی سیستەمی ئابووری کردووە. ئەمرۆ هەموو کەسێک لە رۆژئاوا، بەکۆمەڵێک یاساوە بەستراوەتەوە. ئەو یاسایانە بەزۆرەملی بەسەریا نەسپێنراوە بەڵکە بە وویستی خۆی هەڵیبژاردووە. لێرەدا پەنادەبەینە بەر فەیلەسووف و زانای مەزن ئەریک فرۆم . ناوبراو پێناسەیەکی جوانی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگای مۆدێرن کردووە4. ئەو پێی وایە مرۆڤی مۆدێرن بۆتە کۆیلەی کاڵاو شمەکە زۆرەکانی ئەمڕۆ ، کەبە مرۆڤی ( جێژپەرست) وەسفی دەکات . لە کۆمەڵگای مۆدێرندا ، مرۆڤ وای لێهاتووە هەموو ئیرادەو بیری خۆی تەسلیمی سیستەمی ئابووری کردووە. ئەو زیاتر لە شڕۆڤەکانیدا ، ترسناکی کۆمەڵگای بەکاربەر Konsumgesellschaft  دەخاتە ڕوو. فرۆم پێی وایە مرۆڤی مۆدێرن بۆتە کۆیلەی  کۆمەڵگای بەکاربەر . فۆرم دەڵێت :
( دێوەزمەی کۆمەڵگایەکی تەواو میکانیزمە کە ئامانجەکەی بەرهەمهێنانی زۆر و خەرجکردنی زۆرەو لەڕێگای کۆمپیوتەر و مەکینەکانی ژمێریاریەوە بەڕێوەدەبرێت ، لەنێوئەم کۆمەڵگەیەدا، مرۆڤ بۆتە برغۆیەک لەم ماشینە، کەخۆش خۆراکە ، خۆش ڕادەبوێرن، بەڵام سەڕاری ئەمەش حاڵەتێکی پاسیڤی هەیە ، مردووەو هەستی نەماوە. ل11) . فرۆم کۆمەڵگای مۆدێرن بە  Mage Machine  مێگا ماشین وەسف دەکات . ئەو زیاتر لەبەمەکینەبوونی کۆمەڵگا دەکۆڵێتەوەو پێی وایە سیستەمی ئابووری ، هەموو ئازادیەکانی لە مرۆڤ سەندۆتەوە. هەربۆیە دەڵێت ) ئایا دەبێت ئێمە بۆ ئابووریەکی تەندروست ، مرۆڤی نەخۆش پەروەردە بکەین؟. ئایا  دەبێت تەنها بۆ باشکردنی  رێکخراوەکانمان تاک حالەتێکی پاسیڤ و گرێدراو ناسەربەخۆی هەبێت ؟ . ل14) . مەسەلەی  نقوم بوونی مرۆڤی مۆدێرن لەناو شمەکی بازاری زۆردا، ترسێکی گەورەیە بۆ سەر  کۆمەڵگا. فرۆم دەلێت : ( مرۆڤ لەکۆمەلگای مۆدێرندا دەبێتەوە منداڵێکی شیرەخۆری هەتاهەتایی کەبۆ خواردن هەمیشە دەمی کراوەیە و بۆ ئەم خواردنەش    نە هەوڵدانێکی هەیە و نە چالاکی  دەروونی .ل72) . هەر ئەم دیاردەیەش ترسی لەدەستدانی ئازادی و سەربەخۆیی مرۆڤی هەیە . لەم کۆمەڵگایەدا مرۆڤ  هەموو ئیرادەو هۆشی لێسەنراوەتەوە. هەموو بریارێکی لێ زەوتکراوە. ئەو باسی نامۆبوونی مرۆڤی مۆدێرن یان گوێ پێنەدان و خەمساردی ژیان لەلای کۆمەڵگا مۆدیرنەکاندا دەردەخات. ئەمرۆ لە رۆژئاوا، چ ڕاست بێت یان چەپ بێت ، هیچ لە ژیانی کرێکارێکی سادە ناگۆرێت. لەبەرئەوە زۆرجار بەشێکی ئێجگار کەمی خەڵکی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن. خەمساردی بەتایبەت لە ڕووی سیاسیەوە، بۆتە سیمایەکی سەرەکی ژیانی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان .

ئایا مرۆڤ تەنها بۆ نان ئامادەییه واز لەئازادی بهێنێت یان بۆشتی تریش؟
 زۆرجار مرۆڤ نەک لەبەر نان بەڵکە لەبەر شتی تر بۆ نموونە (ئاسایش، دڵنییایی) مرۆڤ ئامادەبووە واز لەهەندێک ئازادیەکانی بهێنێت. لە پاش 11 ی سێپتەمبەر ، لەئەمریکا  کۆمەڵێک یاسای پۆلیسیان دانا ، کەمافە تایبەتییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و بەشێکی زۆری ئازادیە تایبەتیەکانی مرۆڤ لەدەستی دەدا. بەڵام  بەشێکی زۆری ئەمریکایەکان ئەم یاسایانەیان قبووڵ بوو. یان لە بەریتانیا ، کەزۆرترین کامێرای پۆلیسی  لەجیهاندا لێیە، کەچی بەریتانیەکان بەلایانەوە زۆر ئاساییە . ئایا ئەمە هۆکەی چییه؟ لێرەدا رەگەزێکی تر دێتە ئاراوە ئەویش (ئاسایش و دڵنیایی) . بەشێکی زۆری بەریتانی و ئامریکایەکان ئامادەبوون ، بەشێکی زۆری ئازادی و مافەتایبەتیەکانیان وازلێبهێنن، لەبەرامبەر دەستکەوتنی ( ئاسایش و دڵنیایی) . واتە مرۆڤ ئامادەییە نەک لەبەر نان بەڵکە لەبەر دڵنییایی و ئاسایشیش ، قووربانی بە بەشێک لەئازادی خۆی بدات .
ئایا پێشکەوتنی گەلان بە نانەوە بەندە  یان  بە ئازادییەوە  ؟
لەنوێترین ڕاپۆرتیدا گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی ئاشكرایکردووە،کە چینیەکان لەپلەی یەکەمی ئەوگەلانە دێن ، کەلە حکومەتەکەیان رازین . رێژەی 87% ی چینیەکان لە  پێشکەوتن و سیاسەتی حکومەتەکەیان ڕازین . کەچی تەنها لە 20% ی ژاپۆنیەکان 26% فەرەنسیەکان ، 30% ئەمریکایەکان، 31 % ئینگلیزەکان، 39% ئەڵمانەکان   لە سیاسەتی حکومەتەکانیان دڵخۆشن و ڕازین 5.
 زۆرجار لە میدیاکانی رۆژئاوادا ، چین وەکوو زیندانێکی گەورە وەسف دەکرێت . بەڵام واپێدەچێت بەو شێوەیەش نەبێت کە رۆژئاوا وەسفی دەکات . بەڵام راستیەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، کەئەویش چ ئەوروپیەکان یان ئەمریکایەکان ، لە چینیەکان لەزۆر ڕووەوە ئازادترن . بەڵکە لە چین هیچ شتێک نییە ناوی هەڵبژاردن و سیستەمی دیمۆکراسی بێت . بەڵام لەهەمانکاتیشدا چینیەکان ئەم وەزعەیان پێ باشە. ئەم راپۆرتەی شپیگیل زۆرشتی نوێی خستە مێشکمەوە. دیسانەوە بە قووڵی پرسیاری نان و ئازادی خۆی دووبارە کردەوە. لەحالەتێکدا کە چین پارتێکی سیاسی  و رژێمێکی دیکتاتۆری حوکمی دەکات ، لەئەوروپا وئەمریکاش  کۆمەڵگایەکی ئازاد و سیستەمێکی دیمۆکراسیان هەیە. کەچی چینیەکان زۆر رازین ، هەرچەندە لەڕووی سیاسیشەوە ئازاد نینین ، بەڵام ئەمریکایی و ئەوروپیەکان ، هەرچەندە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ئەوپەری ئازادن ، کەچی ئەوان لە حکومەتەکانیان رازی نین.
بۆزانیاری زیاتر ، سەیری نەخشەکە بکە. 
دیارە کۆمەڵێک فاکتەریش ڕۆڵییان لەم دەرئەنجامەدا هەیە. لەوانەبێت پێتان سەیربێت ، کاتێک دوو چینی کە یەکتردەبینین ، لەکاتی  سڵاو لەیەکتر کردندا،  بەیەکتری دەڵێن ( نانت خواردووە؟) ئەوەی بەرامبەر گەر وەزعی باش بێت دەڵێت ( بەڵێ ، خواردوومە) ئەگەر خراپ بێت دەڵێت نەخێر نەمخواردووە6.  گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی چین ، دەبینین نەک جارێک بەڵکە سەدان جار جار تووشی برسێتی و نەهاتەمتی گەورەبوون . بەتایبەت لەسەردەمی ماودا ، دووچاری برسێتیەکی گەورەبوونەوە. هەربۆیە یەکەمین شت لای چینیەکان پرسی نان خواردنە نەک ئازادی.

 
نەخشەی رێژەی ئەو کەسانەی کەلەحکومەتەکەیان ڕازین لە جیهاندا

دەرئەنجام /
دیارە پرسی نان و ئازادی دووپرسی گرنگن چ لە ڕووی فکری یان سیاسیەوە ، مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە. هەرکۆمەڵگایەک و خۆی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەدات. لەوباوەڕەشدا نیم بتوانین سیستەمی وڵاتێک بۆ کۆمەڵگایەکی تر بسەپێنین ، بەڵام دەتوانین سوود لەئەزموونی یەکتری وەربگرین . رووسەکان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا خەباتیان لەدژی قەیسەر کردوو رووخانیان . توانیان نان و خزمەتگوووزاری باشیان دەستکەوێت. بەڵام لەکۆتایی سەدەی پێشوودا ، دیسانەوە خەباتیان کرد و رژێمی سۆڤێتیان ڕووخان بۆئەوەی ئازادییان دەستبکەوێت.
( هەرچەندە ئێستا بەشێکی زۆری رووسەکان خەون بە سۆڤێتەوە دەبینین.!)
چینیەکان رژێمێکی یەک پارتی و نادیمۆکراتییان هەیە. هیچ جۆرە ئازادیەکی سیاسی و فەرهەنگیان نییه . بەڵام لەهەمان کاتیشدا لەحکومەتەکەیان ڕازین . لەبەرامبەردا ئەوروپی و ئەمریکایی ، لەزۆر ڕووەوە ئازادن ، بەڵام لەڕووی ئابووریەوە ژیانیان  خراپە هەربۆیە لە حکومەتەکانیان ناڕازین . هەموو ئەمانە مێشکمان جەنجاڵ دەکات و خۆشمان نازانین ئایا مرۆڤ چی دەوێت؟ یان بەواتایەکی تر کەی مرۆڤ ڕازی دەبێت؟
دیارە نیازی من لەم وتارەدا ئەوەبوو کە کۆمەڵێک پرسیار لای خوێنەر بوروژێنم بۆئەوەی خوێنەر خۆی زیاتر بەدوای فاکتەرە زۆرەکانی ئەم پرسیارە بگەڕێت .  لەهەمانکاتیشدا چەند ئەزمون و شرۆڤەیەکی گشتی پیشانی خوێنەر بددەم ، لەوانەبێت سوودیان بۆ گەران بەدوای وەلامی ئەم پرسیارەدا هەبێت . من لەو باوەرەدا نیم کە ئەرکی نووسەر وەڵام دانەوەی پرسیارەکان بێت . بەڵکە نووسەر هەوڵی ئەوە دەدات کە کلیلی پرسیارێک بکاتەوەو شرۆڤەیەکی باش پێشکەش  خوێنەر بکات . ئەوە ئەرکی خوێنەرە کە دەبێت خۆی بەدوای وەڵامدا بگەڕێت. چونکە گەر نووسەر وەڵامێکیش بنووسێت ، باوەڕ ناکەم هەموو خوێنەرێک باوەڕی تەواوەتی بە وەڵامەکەی ئەو بکات. هەربۆیە باشترە خوێنەر خۆی هەوڵی گەڕان بەدوای وەڵامدا بدات.

a.abdulla@araspress.com

سەرچاوەکان :

1.    اصل العائلة و الملکیة الخاصة والدولة. فردریک انجلس. ترجمة الیاس شاهین . دار التقدم . موسکو. 1988
2.    نذیر جزمانی . الاشتراکیة والشیوعیة من 500 ق.م الی ماقبل مارکس . الدار الکنوز العربیة. الطبعة الاولی. بیروت . لبنان. 2000. ص.83
3.     ئەریک فرۆم . شۆرشی نومێد. وەرگێرانی هەژار جوانڕۆیی. چاپی  یەکەم . خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما. سلێمانی.2005 .
4.    Zuckerbrot und Peitsche. Bismarck politik. www.Wikipedia. Deutsche. org
5.    گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی .
Christian Teevs. Chinas Wunderwirtschaft stoesst an ihre Grenzen.
www.Spiegel.de. . 04.01.2011

6.    ئەردەڵان عەبدوڵڵا. چین زلهێزی نوێی جیهان . دەزگای ئاراس. چاپی یەکەم .  هەولێر . 2010. لاپەڕە 51.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.