جنێو له پاكه‌تی ره‌خنه‌دا
یه‌كێك له كێماسی و كێشه گه‌وره‌كانی رۆژنامه‌نووسیی كوردیی، زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی داشۆرین و شه‌ڕه‌جنێوه له بری ره‌خنه‌گرتنی زانستیی و میتۆدیی. ناهه‌موارییه‌كه له‌وێوه ده‌ستپێده‌كات ئه‌م ته‌رزه له كاركردن خه‌ریكه باڵ ده‌كێشێت به‌سه‌ر كۆی راگه‌یاندنه‌كانی كوردستاندا، تا ئه‌و سنووره‌ی به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی وه‌ك رووناكبیر و رۆشنبیری ئه‌كادیمی سه‌یر ده‌كران به ئاگا و بێ‌ئاگا كه‌وتوونه‌ته ناو ئه‌و شه‌پۆله له موهاته‌رات و داشۆرین. له‌م نێوه‌نده‌شدا میدیای ئۆپۆزیسیۆن و “ئه‌هلی” ده‌ستپێشخه‌ربوون و به‌رده‌وام ره‌واج به‌و فۆرمه له وتاری رۆژنامه‌نووسی ده‌ده‌ن و به‌هه‌رچی شێوه‌یه‌ك بۆیان بكرێت هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی سنووره‌كانی نێوان ره‌خنه و داشۆرین و هه‌جونامه‌ی سیاسیی ده‌ده‌ن. له‌م رووه‌وه حاڵی حازر نۆرمێك له راگه‌یاندن هه‌ڕمێنی هه‌یه كه هه‌رچی شته تایبه‌تییه‌كانی تاكه‌كه‌س و مافه ده‌ست لێنه‌دراوه‌كانی هاووڵاتیانه، بێ هیچ دوودڵی و سڵه‌مینه‌وه و هه‌ست به‌تاوانكردنێك به پاككراویی ده‌یخاته به‌رده‌م وه‌رگر. ئه‌مه‌ش جیا له‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی ناوه‌ته‌وه و ئاسایش و ئازادیی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی خستۆته بن مه‌ترسییه‌وه، له‌هه‌مان وه‌ختدا ئاستی كاری رۆژنامه‌نووسی هێنده هێناوه‌ته خواره‌وه، مرۆ به‌زه‌یی به حاڵی ئه‌و نێوه‌نده‌دا دێته‌وه.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك دیقه‌ت بده‌ن و نیگایه‌ك بگرنه حاڵی ئه‌و رۆژنامه‌نووسییه‌ی به ناوی رۆژنامه‌نووسی ئه‌هلی و ئازاده‌وه كار ده‌كات، هه‌ست به كاره‌ساتێكی گه‌وره ده‌كه‌ن، چوون ئه‌نگیزه‌ی ئه‌م میدیا بزۆز و هه‌راشه بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی تازه‌ترین شێوازه‌كانی داشۆرین و جنێوی سیاسیی، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌جو و جنێوی ئاسایی له نێو شیعردا، بۆ نموونه له شیعره‌كانی شێخ ره‌زادا قبوڵ بن، به‌و حوكمه‌ی مانای ره‌مزیی و خوازراویان هه‌یه و شیعریش جۆرێكه له خه‌یاڵاتی تاكه‌كه‌س، نه‌ك هه‌قیقه‌ت. ئه‌وا ئه‌م ته‌رزه له جنێونامه و به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و سووكایه‌تی نێو كایه‌ی راگه‌یاندن، جا دژی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بێت، نه‌ك نابێت مایه‌ی قبوڵكردن بێت، به‌ڵكو ئیتر ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و دوا قسه‌ش بۆ حوكمی قانوون به‌جێبهێڵین، چوونكه به‌دیتنی من چیدی ناكرێت به ناوی ره‌خنه و موماره‌سه‌كردنی ئازادییه‌كانی كاری رۆژنامه‌نووسییه‌وه، میدیایه‌ك له‌م وڵاته هه‌ڕمێن په‌یدا بكات، كه هه‌رچی جنێوه له فه‌رهه‌نگی كوردییدا له قاڵبی وتار و ئه‌رتیكڵی رۆژنامه‌نووسیدا سیاغه‌ی بكاته‌وه، ئه‌م كاره نه‌ك تاوانه به‌ڵكو خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه و له خودی چه‌مكی ئازادیی ده‌كرێت.
دۆخه‌كه گه‌یشتۆته ئاستێك میدیایه‌ك له سه‌رده‌ستی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ژموونی په‌یدا كردووه، رژد نییه له به‌خشینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی تازه‌ترین جۆری جنێو و وته‌ی بێ پێز و پڕ داشۆرینی ئه‌خلاقی و تاد..دا، میدیایه‌ك خه‌ریكه ده‌بێته میدیای سائید پڕ پڕه له چه‌قۆی برینداركردنی هه‌ست و مه‌شاعیری یه‌كه به یه‌كه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان و خاڵی خاڵییه له ره‌خنه. كاره‌ساته‌كه‌ش له‌وه‌دا چه‌ند قات گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه، هه‌موو ئه‌م داشۆرین و جنێودانانه به ناوی ره‌خنه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵك ده‌درێت، ئاخر ره‌خنه ره‌چاوی چه‌ندین بنه‌ما و پرنسیپی زانستیی و میتۆدیی ده‌كات، ره‌خنه هه‌میشه زمانێكی نه‌رم و كاریگه‌ری هه‌یه و كارێك ته‌واو ده‌كات به‌هه‌ر هۆیه‌ك بووه ته‌واو نه‌بووه و یان تژی كه‌موكوڕیی بووه، به‌ڵام جنێودان بۆ خۆی میتۆدێكه بۆ سووككردن و حه‌یابردن و سووكایه‌تیكردن به ئه‌ویتر. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و تێزه‌ش پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه كه ده‌ڵێ هیچ شتێك له سه‌رووی ره‌خنه‌وه نییه یان هه‌موو كه‌سێك له ژێر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌وه‌یه، ئه‌وا هیچ كه‌سێك یان هیچ شتێك به هه‌ر هۆیه‌ك بێت، شایه‌نی ئه‌وه نییه له‌سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه جنێوی پێبدرێ و سووكایه‌تی به كه‌سێتی مه‌عنه‌ویی و ژیانی تایبه‌تی بكرێت. له‌م رووه‌شه‌وه ده‌بێت یاسا رۆڵی خۆی هه‌بێت و قسه‌ی خۆی بكات.
من هه‌ستده‌كه‌م وه‌رگری كورد، چیتر به تاسوق و شه‌وقه‌وه چاوه‌ڕوانی میدیا كوردییه‌كان به‌تایبه‌ت میدیای ئۆپۆزیسیۆن ناكات، چوونكه هه‌موو كاریان چڕبۆته‌وه له جنێودان و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستندا، خۆ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌كی به‌جێ و راسته‌قینه‌ش بگرن، ژبه‌رئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان هێنده پڕ له مورادیفی زبر و نه‌شیاوه، هێزی ره‌خنه‌گرانه له ده‌ستده‌دا و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته هه‌جویه‌كی رووت و قووت. ئه‌گه‌ریش ئه‌م باسه كه‌مێك روونتر بكه‌ینه‌وه و زیاتر خاڵ بخه‌ینه سه‌ر پیته‌كان، ئه‌وا رووی ده‌ممان به پله‌ی یه‌كه‌م له‌و میدیایانه‌یه وابه‌سته‌ی ئۆپۆزیسیۆنن چا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستی ئۆپۆزیسیۆن بن یان میدیای سێبه‌ر بن، چوونكه ئه‌وان زیاد له هه‌ر كه‌س ده‌ستیان هه‌یه له بره‌ودان به‌و فه‌رهه‌نگه نزمه‌ی نووسین و بڵاوكردنه‌وه، ئه‌وان سه‌به‌بكاری راسته‌قینه‌ی ئه‌و زمانه زۆر ناشرین و ئاگرین و نه‌خوازراوه‌ن، كه هه‌نووكه بۆته زمانی فه‌رمی راگه‌یاندن. به‌و هۆیه‌ی ئه‌و راگه‌یاندنانه له‌به‌ر خاتری شه‌ڕی سیاسیی و لێدان له هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵات په‌نایان وه‌به‌ر هه‌موو رسته و وشه‌یه‌كی نه‌شیاو بردووه و به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی خۆیشیان ئه‌وه ره‌خنه‌یه به‌مانا پۆستمودێرنه‌كه‌ی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جارێكیش دانیان به هه‌قیقه‌تێكدا نابێت یان هه‌ڵه‌یه‌كی خۆیان راستكردبێته‌وه، دیسانه‌وه رووبه‌رێكیان بۆ داشۆرینی ده‌سه‌ڵات هه‌ر تێدا هێشتۆته‌وه، ئه‌مه‌ش نموونه‌ی ئه‌و دانپێدانانه‌ی “شێخ ره‌زا”مان بیر ده‌خاته‌وه كه له دێڕه شیعرێكدا هێمای بۆ كردووه، سه‌رباری دۆڕاندنی له ئه‌نجامی گفتوگۆدا، به‌ڵام له دوایین هه‌لدا جنێو و ده‌ستی خۆی وه‌شاندووه، وه‌ختێك له‌م به‌یته‌دا ده‌ڵێت:
حه‌سه‌نی هه‌مزه له‌سه‌ر (شه‌م) كه چییه ته‌فسیری
ده‌ست به شمشێر له‌گه‌ڵم ساحێبی ده‌عوا ده‌رچوو
من وتم ناخونی شێره، ئه‌و وتی كلكی شێره
له‌سه‌ر ئه‌م له‌فزه به‌سی شۆڕش و ده‌عوا ده‌رچوو
گره‌وم كرد له‌گه‌ڵی، چووم و كتێبم هێنا
ناخونی من نه‌بوو، كلكی حه‌سه‌ناغا ده‌رچوو
Shamzini79@yahoo.com
12\5\2011