کۆمیدیای : خوازبێنی
پێشکه‌شه به کۆمیدیای کوردی
تێبینی : ئه‌م کۆمیدیایه له کتێبی ( کۆمێدیهر ) ی نووسه‌ری سویدی (لاش کلێبێری ) وه‌رگیراوه‌و کراوه‌ته کوردی . چیخۆف ئه‌م کۆمیدیایه‌ی له ساڵی 1888 دا نووسیوه‌و بۆ یه‌که‌مجاریش له مانگی نیسانی ساڵی 1989دا نمایشکراوه .
کاراکته‌ره‌کان
یه‌که‌م : ستێپان ستێپانوڤیچ شوبوکوف ، ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵ به‌ره‌و ژووره .
دووه‌م : ناتالیا ، کچی ستێپانهو ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵه .
سێیه‌م : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ لوموڤ ، دراوسێی ستێپانهو ته‌مه‌نی سی وپێنج ساڵه
دیمه‌نی یه‌که‌م
له به‌رده‌م باخچه‌که‌ی ماڵی شوبوکوفدا ، شوبوکوف و لوموڤ ، هه‌ردووکیان قاتیان له‌به‌ردایه‌و پێکه‌وه ده‌رئه‌که‌ون) .
شوبوکوف : ئۆ …… ئیڤان ڤاسیلیڤیچی خۆشه‌ویست ، پێخۆشحاڵ بووم به بینینتان ( ده‌ستی لوموڤ ئه‌گرێ ) هه‌ر زۆر به ته‌واوه‌تی چاوپێکه‌وتنێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو ، ئێ…… ، توخوا تۆ چۆنیت ؟
لوموڤ : زۆر سوپاس . من باشم . ئه‌ی خۆتان چۆنن ؟
شوبوکوف : سوپاس هاوڕێ ی خۆشه‌ویست ، منیش باشم ، فه‌رموو دانیشن . ئه‌زانی چۆن ؟ پیاو نابێت دراوسێ ی خۆی له‌بیرکات ، من هه‌ر به ته‌واوه‌تی به ڕاستمه . ئێ ….. ، به‌ڵام کوڕی خۆم پێم ناڵێیت ئه‌م هه‌موو ڕهسمیاته چیه ؟ چاکه‌ت و پانتۆڵ و ده‌ستکێشی سپی و کۆمه‌ڵێ شتی تریش ، چیه ؟ ئه‌ڵێ ی ئه‌چیت بۆ شوێنێك ؟
لوموڤ : نه‌خێر ستێپان ستێپانوڤیچی خۆشه‌ویست هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ لای ئێوه هاتووم .
شوبوکوف : باشه به‌ڵام بۆ به‌م هه‌موو که‌شخه‌ییه‌وه ؟ هه‌ر ئه‌ڵێیت بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ ئه‌چیت .
لوموڤ : به‌ڵێ ستێپانی خۆشه‌ویت ( ده‌ستی ئه‌گرێت ) منیش هه‌ر بۆ شتێکی له‌و بابه‌ته هاتووم ، من بۆ ئه‌وه هاتووم داوای ئه‌وه‌تان لێبکه‌م ، که به هیوام نه‌بێته شتێکی ناقۆڵاو نه‌گونجاو . چونکه من ئه‌مه یه‌که‌م جارم نیه که ئه‌و ئازادیه به‌خۆم به‌م ، تا بێم و به سۆزه‌وه داوای یارمه‌تی ئێوه بکه‌م ، بێگومان ئێوه‌ش هه‌میشه وه‌ڵامێکتان بۆ من پێ بووه ، ببورن من ناڕه‌حه‌تم . ستێپانی به‌ڕێز بۆم هه‌یه که‌مێك ئاو بخۆمه‌وه ؟ ( ئاوه‌که ئه‌خواته‌وه ) .
شوبوکوف : ( له‌به‌رخۆیه‌وه )
ئه‌ترسم هاتبێت بۆ داوای پاره ؟ ئه‌ی نه‌یخۆی تاڵه ! ( پاشان ڕووئهکاتهوه لوموڤ )
ئێ ….. هاوڕێ ی خۆشه‌ویست قسه‌کانتان ته‌واو نه‌کرد ؟
لوموڤ : زۆر به‌ڕێز ستێپان ستێپانوڤیچی خۆشه‌ویت زۆر ببوره ، ئه‌مجاره‌ش زۆر ببوره هه‌روه‌کو ئه‌مبینن و ئاگاتان لێمه که زۆر ناڕه‌حه‌تم . زۆر به کورتی ئێوه ته‌نیا ئه‌توانن یارمه‌تیم به‌ن به‌وه‌ی که تیایدا چه‌قیوم ، نه به‌خوا مه‌سه‌له‌که هه‌روا ئاسان نییه ، ئاسان نییه‌و هیچ مافێکی نیه که به هیوام .
شوبوکوف : ئێ باشه بیڵێ و ببڕێته‌وه . ئه‌ی خوایه گیان ئه‌مه چیه ؟ زمانت به‌تاڵ که‌ره‌وه‌و ته‌واو .
لوموڤ : هه‌ر ئێستا ، به‌چاوان . هێنده‌ی چاوتروکانێك سه‌بر . ئا… مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که من هاتووم بۆ داوای کچه‌که‌تان ، خوازبێنی ناتالیا ستێپانوڤیچ .
شوبوکوف : ئه‌ی خوایه گیان له‌و قسه خۆشه ، من نازانم هاوڕێ ڤاسیلیڤیچ به ته‌واوه‌تی گوێم له‌و قسه‌یه بوو یان نا ؟ تکایه جارێکی تریش بیڵێره‌وه .
لوموڤ : زۆر به‌ڕێزه‌وه هاتوم بۆ داوای کچه‌که‌تان ، ئه‌مه‌وێ …… .
شوبوکوف : ( قسه‌که‌ی پێ ئه‌بڕێت )
هه‌ر به ته‌واوه‌تی قسه‌یه‌کی خۆش بوو . ( لوموڤ له‌باوه‌ش ئه‌گرێ و ماچی ئه‌کات ) ئه‌مه ئه‌وه‌یه که من هه‌میشه ئه‌مزانی ، ئه‌وه‌ی که ماوه‌یه‌کی زۆر هیوام بۆ ئه‌خواست . ( فرمێسك به چاویدا دێت ) . ئێوه هاوڕێ به‌نرخه‌که‌م ، من هه‌میشه وه‌کو کوڕی خۆم سه‌یرم کردوون ، ئێستاش هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ریتان بۆ ئه‌خوازم . ئه‌مه ڕێك به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه بوو که ئه‌مزانی ، ده تۆ سه‌یرکه من چه‌ند گه‌مژه‌م ، له‌خۆشیدا به ته‌واوه‌تی سڕ بووم و ناتوانم بجووڵێم ، هه‌ر ئێستا بانگی ناتالیا ئه‌که‌م .
لوموڤ : ( خۆی ئه‌جوڵێنێ )
ستێپان ستێپانوڤیچی به‌ڕێز تۆ له‌و بڕوایای که من به‌هیوای ڕه‌زامه‌ندی ناتالیا بم ؟
شوبوکوف : ئه‌ی تۆ له‌و بڕوایای کوڕه گه‌نجێکی ڕه‌شیق و ئهنیقی وه‌ك جه‌نابتان ڕه‌تکاته‌وه ؟ کوره من ئه‌زانم ئه‌و عاشقه ، به‌یارمه‌تیت . ( ئه‌چیته ده‌ره‌وه ) .
دیمه‌نی دووه‌م
ههمانشوێنی دیمه‌نی یه‌که‌م
لوموڤ : ( به‌ته‌نیایه )
من سه‌رمامه …. ئهشلهرزم ، من ئه‌بێت ده‌ستێك له‌م مه‌سه‌له‌یه بوه‌شێنم ، ده‌نا دوو دڵی وبیرکردنه‌وه‌ی دوور‌و درێژ‌و چاوه‌ڕوانی نا مه‌نطیق و تا به عه‌شقیش ئه‌گا پیاو هیچیان لێ به‌ده‌ست ناهێنێت .
همممم…… سه‌رمامه …. ناتالیا ستێپانوڤنا تا بڵێ ی ژنێکی خانومانه…. خراپ نیه … ئێ دوای ئه‌وه‌ش خوێنه‌وارو ڕۆشنبیریشه . ئیتر پیاو ئه‌بێت چ خۆزگه‌یه‌کی تری بۆ بخوازێت ؟ تێناگه‌م بۆ وا ناڕه‌حه‌تم ؟ هه‌ست ئه‌که‌م گوێچکه‌کانم ڕه‌پ بوون ، ( که‌مێك ئاو ئه‌خواته‌وه ) ، من پێویسته ژن بێنم . چونکه یه‌که‌مجار با من به‌خۆم بڵێم که من سی و پێنج ساڵ ته‌مه‌نمه ، بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نێکی گه‌وره‌یه ، دوای ئه‌وه من ژیانێکی دامه‌زراوو ڕیكوپێکم پێویسته .
من نه‌خۆشی دڵم هه‌یه‌و دڵه کوتهمه ، زوو توڕه ئه‌بم و زۆرجاریش له‌خۆمه‌وه ناڕه‌حه‌ت ئه‌بم ، ئێ دوای ئه‌وه‌ش لێوه لهرزهمهوهو چاوی ڕاستیشم ئه‌بڵه‌ق ئه‌بێت ، له هه‌مووشی ناخۆشتر ئه‌وه‌یه که ناتوانم بخه‌وم ، هه‌ر که ئه‌گه‌مه سه‌ر ته‌خته خه‌وه‌که‌م زرمممممم ، زرمه له‌لای چه‌پمه‌وه دێت ، دواییش زرمه‌که ئه‌گوازێته‌وه بۆ لای شانم ، دواییش زرمممم بۆ سه‌رم ، پاشان ڕاست ئه‌بمه‌وه‌و وه‌کو شێت چه‌ند ئه‌مدیوو ئهودیوێك ئه‌که‌م تا بخه‌ومه‌وه ، به‌ڵام کاتێکیش که خه‌ریکه خه‌وم لێئه‌که‌وێته‌وه دیسانه‌وه زرمه بۆر زرمممم ، هێرش بۆ لاکه‌ی تری سه‌رم دێنێت ، جا توخوا با من به‌خۆم بڵێم ئا ئه‌وه حاڵه که منی تیام ؟
دیمه‌نی سێیه‌م
ههمانشوێنی دیمه‌نی یه‌که‌م
ناتالیا دێته ژووره‌وه‌و لوموڤیش له شوێنی خۆی دانیشتوه
ناتالیا : ئه‌رێ به‌ڕاست ئێوه له‌کوێن ؟ باوکم ووتی یه‌کێك هاتوه‌و ئه‌یه‌وێت شتێك بکڕێت ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ڕۆژباش .
لوموڤ : ڕۆژباش ناتالیا خان .
ناتالیا : ببورن وا به‌م جل وبه‌رگ و دیمه‌نه‌وه هاتم ، ڕاستیه‌که‌ی خه‌ریکی نۆك ڕاخستن و ووشک کردنه‌وه بووم ، ئای که ماوه‌یه‌کی زۆره یه‌کتریمان نه‌دیوه ، چاووم به‌رایی نایه‌ت ، فه‌رموو دانیشن .
( هه‌ردووکیان دائه‌نیشن )
ناتالیا : نانی به‌یانیتان خواردوه ؟ با بۆتان ئاماده‌که‌م.
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیا خان ، هه‌ر ئێستا زۆر نیه که نانم خوارد .
ناتالیا : فه‌رموو جگه‌ره‌یه‌ك بکێشن ، ئه‌وه شقارتهکهیه ، به‌ڕاستی هه‌واکه‌ی خۆشه ، دوێنێ باران باری و جوتیارهکانیشمان به‌درێژایی ڕۆژه‌که هیچیان نه‌کرد . ئه‌ی ئێوه چه‌ند تۆوتان وه‌شاند ؟ تۆ سه‌یرکه من چه‌ند بێ ئارام بووم که هێشتم ئه‌و هه‌موو مه‌زرایه تۆوکهن ، به‌وخوایه ئه‌ترسم تۆوه‌که بۆگه‌ن کات ، ده‌ی به‌هه‌رحاڵ ، ئه‌وه له چاوه‌ڕوانی باشتر بوو . به‌ڵام پێم بڵێ ئه‌مه چیه ؟ قاتت له‌به‌ردا ئه‌بینم ، ئه‌زانی شتێکی نائاساییه به‌لامه‌وه ؟ ئه‌چیت بۆ سه‌ما کردن ؟ ئه‌ی به‌ڕاست ته‌واو چوست و چالاك دیاری ؟ چی ڕویداوه وا خۆتان له‌ناو قات و بۆینباخ هه‌ڵکێشاوه ؟
لوموڤ : ( ناڕه‌حه‌ت ئه‌بێت )
به‌ڵێ … ئه‌زانی چۆن ناتالیا خان … له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که من هاتووم داواتان لێبکه‌م . له‌وانه‌یه مه‌سه‌له‌که به‌لاتانه‌وه سه‌رسوڕهێنه‌ر بێت یان واتان لێبکات که توڕه‌بن . به‌ڵام من ( به خۆی ئه‌ڵێت ) ، ئای چه‌ند سه‌رمامه !
ناتالیا : ئه‌وه چیه ؟ ( پیشێك ئه‌خواته‌وه‌و پاشان فوویه‌ك ئه‌کات )
لوموڤ : ئه‌بێت هه‌وڵبه‌م قسه‌کانم کۆکه‌مه‌وه ، به‌ڵێ ناتالیا ستێپانۆڤیچی ئازیز ، خۆتان ئه‌زانن من هه‌ر له ڕه‌قبوونی نینۆکه‌کانی په‌نجه‌مه‌وه خێزانی ئێوه ئه‌ناسم ، جا له پوری ڕه‌حمه‌تیم و مێرده‌که‌یه‌وه ، واته له خوشکی باوکم و مێرده‌که‌یه‌وه ، که زۆر ڕێزی دایك و باوکی ئێوه‌شیان ئه‌گرت ، من بوومه میراتگری مه‌زراکه ، واته گا له‌وه‌ڕگاکه ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی که هاوسنووره له‌گه‌ڵ له‌وه‌ڕگاکه‌ی ئێوه ، بێگومان ئێوه‌ش ئه‌بوایه ئه‌مه‌تان بزانیایه ، به‌ڵام من تێناگه‌م بۆچی تا ئێستا ئه‌مه‌تان نه‌زانیوه ؟
ناتالیا : ببورن که پێتان ئه‌بڕم ، ئێوه ووتتان له‌وه‌ڕگای من ؟ بۆ ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێوه‌یه ؟
لوموڤ : بێگومان .
ناتالیا : نه‌خێر قوربان ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێمه‌یه نه‌ك ئێوه !
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیای به‌ڕێز ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : وه‌ڵا ئه‌مه هه‌واڵێکی تازه‌یه ، ئاده‌ی بزانم چۆن هی ئێوه‌یه ؟
لوموڤ : چی چۆن چۆن ؟ ئه‌ی ئه‌وه نیه بۆتان باسئه‌که‌م ! ئه‌وه نیه که ئه‌ڵێم له‌وه‌ڕگاکه‌ی من وه‌کو هێڵێکی دابه‌شکه‌ر که‌وتۆته نێوان هه‌ردوو له‌وه‌ڕگاکه‌ی ئێوه‌وه !
ناتالیا : ڕاسته‌که‌ی وایه ، به‌ڵام ئه‌وه هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : نه‌خێر ناتالیا خان ، ئێوه هه‌ڵه‌ن ، ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ له‌سه‌رخۆبه ، پێم ناڵێێت ئه‌مه له که‌یه‌وه بووه به هی ئێوه ؟
لوموڤ : یانی چی له‌که‌یه‌وه ؟ له‌وه‌تی من له‌بیرم بێت ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : زۆر ببوره ، چونکه ئه‌وه‌ی له‌بیری ئێوه‌دایه هه‌ڵه‌یه .
لوموڤ : به‌ڵام ناتالیا ستێپانۆڤیچی ئازیز من به‌ڵگه‌م هه‌یه ، ڕاسته ئه‌و له‌وه‌ڕگایه ڕۆژێك له ڕۆژان جێگای مشت و مڕو قسه‌وباس بوه ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌مووان ئه‌زانن که هی منه ، ئیتر ئه‌مه قسه‌وباسی تر هه‌ڵناگرێت . مه‌سه‌له‌که‌ش له‌وه‌وه هاتوه که نه‌نکی پورێم ئه‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری نه‌کراو ، وه به بێ هیچ قه‌ره بویهك بۆ جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکتان به‌جێهێشتوه ، واته ئه‌و جووتیارانه ئه‌م لهوهڕگایهیان بۆ ماوه‌ی چل ساڵێك به‌بێ هیچ قه‌ره‌بویه‌ك به‌کارهێناوه ، تا وورده وورده مه‌سه‌له‌که وای لێهاتوه باوکت له‌وه‌ڕگاکه وه‌کو هی خۆی سهییرکات ، واته تا ئه‌وکاته‌ی که کۆمه‌ڵه‌ی چاککردنی زه‌وی و زار هاتن …. .
ناتالیا : مه‌سه‌له‌که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وانیه . به‌پێ ی قسه‌کانی باوکی باوکم و باوکی باوکی باوکیشم ئه‌و لهوهڕگایهش وه‌کو هه‌موو له‌وه‌ڕگاکانی تر هی ئێمه‌یه . ئیتر ئایا ئه‌مه قسه‌و مشت و مڕی تر هه‌ڵئه‌گرێت ؟ من تێناگه‌م ، پیاو خه‌ریکه شێت ئه‌بێت .
لوموڤ : ناتالیا خان من هه‌ر ئه‌بێت ئه‌و به‌ڵگانه‌ت پیشانده‌م .
ناتالیا : نه‌خێر ، ئێوه گاڵته ئه‌که‌ن ، یان ئه‌تانه‌وێت بمترسێنن ؟ ئێمه وا خه‌ریکه بۆ سێ سه‌د ساڵ ئه‌چێت خاوه‌نی ئه‌و زه‌ویانه‌ین ، جه‌نابیشتان دێن و ئه‌تانه‌وێ پیشانمان به‌ن که هی ئێمه نیه ! ئیڤان ڤاسیلیڤیچ بمبه‌خشه ، من گوێکانم بڕوا ناکه‌ن . من له‌به‌رئه‌وه نیه که پێویستم به‌و ئهرزانهیه ، چونکه گریمان هه‌موو ئه‌رزه‌کان پێنج دۆنم بوون که نرخی هه‌ر هه‌موویان ماکس ئه‌کاته سێ صه‌د ڕۆبڵ ، به‌ڵام وه‌کو ووتم مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه نیه به‌ڵکو ڕاست ئه‌بێت ڕاست بێت ، ئێوه ئازادن چی ئه‌ڵێن بیڵێن ، به‌ڵام شتی ناهه‌قی نا ، چونکه ڕێگای پێ نایه‌م .
لوموڤ : تکایه ڕێگام پێبه با بگه‌مه خاڵی کۆتایی . جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکت ، خشتیان بۆ دایکی دایکی پورێم سوورکردۆته‌وه ، واته ئه‌و له‌وه‌ڕگایه خراوه‌ته بری ئه‌و خشت سوورکردنهوهیه ، واته له‌وه‌ڕگاکه وه‌ك قه‌ره‌بوو به‌کارهاتوه .
ناتالیا : باپیرم و نه‌نکم و پورێم لای من ناخوات ، ئه‌و له‌وه‌ڕگایه تا ئه‌گاته گه‌رماوی هه‌ڵمه‌که هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : نه‌خێر ئه‌وه هی منه .
ناتالیا : نه‌خێر ، تا دوو ڕۆژ قسه‌م بۆ بکه‌یت و له‌باتی قاتێك پانزه قاتیشت له‌به‌ردا بێت ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێمه‌یه . ئێمه ئێمه ئێمه . من نامه‌وێت شتێك هه‌بێت که هی تۆ بێت ، به‌ڵام ئێمه ئا ، ئه‌وه هی ئێمه‌یه ، چونکه مه‌سه‌له‌که خۆی وایه .
لوموڤ : ناتالیا ستێپانۆڤنا ، من پێویستم به له‌وه‌ڕگا نیه ، به‌ڵام ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌بده‌ئیه ، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که وابێت ئێوه ئه‌توانن وه‌ك خه‌ڵاتێك وه‌ریگرن بۆ خۆتان .
ناتالیا : من خه‌ڵاتی ئه‌که‌م به ئێوه ، چونکه ئه‌وه هی منه . به‌ڕاستی قسه‌ی سه‌یرم گوێ لێبو . ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، ئێمه تا ئێستا وه‌کو دراوسێیه‌کی باش و هاوڕێیه‌کی باش سه‌یری ئێوه‌مان کردوه ، دوای ئه‌وه‌ش ئێمه پیاوه‌تی ئێوه‌مان بیرناچێت که ساڵی پار دهڕڕاسهکهتان داینێ به‌قه‌رز ، به‌ڕاستی جێگای سوپاس بوو . به‌ڵام ئێستا وه‌کو تهتهریهك سه‌یرمان ئه‌که‌یت و موڵکی خۆمان پێ خه‌ڵات ئه‌که‌یته‌وه . ببوره چونکه دراوسێ کاری وا له‌گه‌ڵ دراوسێ ی خۆیدا ناکات . ئه‌گه‌ر بۆم هه‌بێت بڵێم به‌ڕاستی جێ ی شه‌رمه .
لوموڤ : که‌واته ئێوه من وه‌کو هێرشبه‌رێك سه‌یرئه‌که‌ن ؟ ناتالیا خانم من هه‌رگیز خۆم نه‌خستۆته ئه‌رزه‌ی که‌سی تره‌وه ، دواییش ڕێگا نایه‌م که‌سی تریش داوام له‌سه‌ر بنووسێت . ( زۆر به خێرایی به‌ره‌و په‌رداخه ئاوه‌که ئه‌ڕوات ) له‌وه‌ڕگاکه هی منه .
ناتالیا : ئێوه به‌هه‌ڵه‌دا چوون ، هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : نه‌خێر هی منه .
ناتالیا : ووتم ئێوه هه‌ڵه‌ن ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌شبێت پیشانی به‌م ، هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌رزێره‌کان ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ ئه‌که‌م .
لوموڤ : هه‌یه‌و هه‌یهوو .
ناتالیا : هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌بێت وهرزێرهکانمان له‌وێ بن .
لوموڤ : منیش ئهیانوهستێنم .
ناتالیا : ئه‌گه‌ر ئازان و ئه‌وێرن .
لوموڤ : ( ده‌ست به دڵیه‌وه ئه‌گرێت ) له‌وه‌ڕگاکه هی منه ، تێئه‌گه‌ن ؟ هی من .
ناتالیا : تکایه هاوار مه‌که‌ن ، ئه‌توانن له ماڵه‌وه لای خۆتان هاوارکهیت و ئاگریش بگریت ، به‌ڵام لێره داوات لێئه‌که‌م ڕێزی خۆت بگره .
لوموڤ : خانمه باشه‌که بڕواتان بێت گه‌ر من ئاوا زۆر ناڕه‌حه‌ت و دڵه کوته‌م نه‌بوایه ، بڕواتان بێت شتێکی ترم لاباس ئه‌کردن ، ( هاوارئه‌کات ) له‌وه‌ڕگاکه هی منه .
ناتالیا : ئێمه .
لوموڤ : نه‌خێر . من .
ناتالیا : نه‌خێر ئێمه .
لوموڤ : نه‌خێر من .
دیمه‌نی چواره‌م
( هه‌مان شوێن ناتالیا‌و لوموڤ له‌گه‌ڵ شوبوکوڤ )
( شوبوکوڤ دێته ژووره‌وه )
شوبوکوڤ : ئه‌وه چیتانه ؟ ئه‌و هاوار هاواره‌تان له‌چیه ؟
ناتالیا : بابه گیان بۆ ئه‌م پیاوه باشه‌ی ڕوونکه‌ره‌وه له‌وه‌ڕگاکه هی کێیه ؟ هی ئێمه‌یه یان ئه‌و ؟
شوبوکوڤ : ( به لوموڤ ئه‌ڵێت ) هاوڕێ ی خۆشه‌ویست له‌وه‌ڕگاکه هی ئێمه‌یه .
لوموڤ : ستێپان ستێپانوڤیچی به‌ڕێز ، چۆن ئه‌و له‌وه‌ڕگایه ئه‌بێت هی ئێوه بێت ؟ خۆ ئێوه به‌لای خۆیه‌وه که‌سانێکی ڕۆشنبیرو ئاقڵن . هه‌روه‌کو بۆ کچه‌که‌تم ڕوونکرده‌وه ئه‌و له‌وه‌ڕگایه له نه‌نکی پورێمهوه بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری نه‌کراو به‌بێ هیچ قه‌ره بوویه‌ك دراوه به جووتیاره‌کانی باپیرت . جا هه‌ر ئه‌و جووتیارانه لهوهڕگاکهیان بۆ ماوه‌ی چل ساڵێك ، واته تا ئه‌و کاته‌ی که کۆمه‌ڵه‌ی چاککردنی زه‌وی و زار هاتوون به‌کار هێناوه .
شوبوکوڤ : هاوڕێ ی به‌ڕێز بمبه‌خشه ، ئێوه ئه‌وه‌تان بیرچو که بڵێن له‌وه‌ڕگاکه خۆی له خۆیدا جێگای کێشه‌و مشت و مڕ بووه ، واته مه‌سه‌له‌که تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش هه‌ر ساغ نه‌بوه‌ته‌وه . به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت هه‌موو میردمناڵهکانیش ئه‌زانن ، به‌ڵی هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ئه‌زانن که ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی ئێمه‌یه . ئه‌ی ئێوه نهخشهکهیتان نه‌دیوه ؟
لوموڤ : من ئه‌بێت پیشانی ئێوه‌ی به‌م که ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هی منه .
شوبوکوڤ :هاوڕێ ی باش نا‌توانیت .
لوموڤ : ( هاوارئه‌کات ) با ئه‌توانم .
شوبوکوڤ : ئه‌ی هاوار ئێوه بۆ وا هاوار ئه‌که‌ن ؟ ئاخر به هاوارکردن هیچ سه‌وز ناکه‌ن ، من نامه‌وێت مه‌سه‌له‌که به‌و شێوه‌یه بێت که ئه‌و له‌وه‌ڕگایه هینی ئێوه بێت ، دوای ئه‌وه ناشمه‌وێت له ده‌ستم بچێت ، یان بۆچی وای لێبێت ؟ به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێکدا گه‌ر ئێوه هه‌روا له‌سه‌ری بڕۆن ئاماده‌م بیبه‌خشم به جووتیاره‌کانی ئاوایی یان ئێوه ، تێگه‌شتی برا ؟
لوموڤ : نه‌خێر تێنه‌گه‌شتم . ئێوه به چ هه‌قێك موڵکی یه‌کێکی تر ئه‌به‌خشنه‌وه ؟
شوبوکوڤ : ڕێگام به با بڕیاربه‌م که بۆم هه‌یه چی بکه‌م و چی نه‌که‌م . کوڕه گه‌نجه‌که ! با هه‌ر به ته‌واوه‌تی پێت بڵێم من وا ڕانه‌هاتوم که به‌و تۆنه ده‌نگی و ئیقاعیهوه هه‌تا دوایی قسه‌م له‌گه‌ڵدا بکه‌ن ، چونکه من دوو هێنده‌ی تۆ ته‌مه‌نم هه‌یه ، تێگه‌شتی ؟ هه‌ر ڕێك دوو هێنده‌ی تۆ ، جا له‌به‌ر ئه‌وه داواتان لێئه‌که‌م به‌و شێوه شڵه‌ژان و کهف و کوڵیهوه قسه مه‌که‌ن .
لوموڤ : نانانانانا . دیاره ئێوه من به‌بێ ئه‌قڵ ئه‌زانن و ئه‌تانه‌وێ پێم ڕابوێرن . ئێوه ئه‌تانه‌وێ زهویهکهشم به‌رن بۆ خۆتان و به ده‌ماری خاویشهوه قسه‌تان له‌گه‌ڵدا بکه‌م ؟ یان وه‌کو خه‌ڵکی ئاسایی له‌گه‌ڵتانا بدوێم ؟ دراوسێ باشه‌که‌م ئه‌مه ئاوا نابێت ، ئێوه ئیتر دراوسێ نین به‌ڵکو که‌سێکی شه‌ڕکه‌رن .
شوبوکوڤ : چی چی چی ؟ ئه‌وه ووتتان چی ؟
ناتالیا : بابه هه‌ر به‌زوویی وه‌رزێره‌کان بنێره بۆ له‌وه‌ڕگاکه .
شوبوکوڤ : ( به لوموڤ ئه‌ڵێت ) کوڕه باشه‌که‌م ئه‌وه چیتان ووت ؟
ناتالیا : له‌وه‌ڕگاکه هی ئێمه‌یه ، من وازناهێنم ، وازناهێنم ، وازناهێنم .
لوموڤ : وه‌کو ئه‌ڵێن با بزانین ، من ئه‌چم بۆ دادگا تا پیشانتانی به‌م که ئه‌وه هینی منه .
شوبوکوڤ : دادگا ؟ فه‌رموو کوڕه باشه‌که ، ئێوه ده‌ستتان ئاواڵایه ، فه‌رموو ئه‌تانناسم ، ئێوه که‌سانێکی داواچین ، هه‌موو که‌سه‌کانتان وه‌ستای داوا بوون ، به‌ڵێ هه‌ر هه‌موویان .
لوموڤ : بۆم هه‌یه داواتان لیبکه‌م که ئا به‌و شێوه‌یه ناوی که‌سه‌کانم نه‌هێنن ، هه‌موو خزمه‌کانم که‌سانی به‌ڕێزو پیاو چاك بوون ، نه‌ك وه‌ك خاڵی جه‌نابتان که هه‌میشه داوای دائیره‌ی ضه‌مانی له‌سه‌ر بوو .
شوبوکوڤ : ئێوه خزمه‌کانتان هه‌موو شێت بوون .
ناتالیا : هه‌موو ، هه‌موویان ، هه‌ر هه‌موویان .
شوبوکوڤ : باوکی باوکتان ضروفی و حل حلی بوو ، مامه گهنجهکهشتان ، به‌ڵێ هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی به‌ڕاستمه ، ناستاسیا مایچایلۆڤنا له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیارێکی مهعماریدا هه‌ڵات و ڕۆشت ، ئێستاش که‌س نازانێ چیان لێ به‌سه‌ر هات !
لوموڤ : ئێواش نه‌نکتان قاچی ئاسن بوو ، ( ده‌ست ئه‌گرێت به دڵیه‌وه ) ئهملایهم ئه‌زیڕێنێ ، وا سه‌ریشم داکه‌وت ، فریام که‌وون ئاو .
شوبوکوڤ : باوکیشتان قومارچیه‌کی ته‌واو بوو ، له‌تاو دۆڕاندن ئه‌وه‌نده خۆی خوارده‌وه تا مرد .
ناتالیا : پوریشتان پیره‌ژنێکی ووتی ووتیکهر بوو و هیچیشی به هیچ نه‌بوو .
لوموڤ : قاچی چه‌پم شه‌له‌ل لێی یا ، ئێوه‌ش که‌سانێکی ئاژاوه‌چین ، ئاخ دڵم ، هه‌موو که‌سێکیش ئه‌زانێت که له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌دا بهرتیلتان یا ، ئه‌وه چاوه‌کانیشم ڕه‌شکه‌و پێشکه ئه‌که‌ن ، کوا کڵاوه‌که‌م ؟ .
ناتالیا : سووك و سه‌لیم ، بێشه‌رم .
شوبوکوڤ : هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ئێوه که‌سانی فێڵبازو خۆبه‌ره پێشه‌وه‌و پیلان دانهریشن ، به‌ڵێ پیلانی نهێنیش .
لوموڤ : ئه‌وه کڵاوهکهمه ، دڵم ، من له‌کوێم ؟ ئه‌ی ده‌رگاکه له‌کوێ یه ؟ ئاخ ، به‌وخوایه لهوبڕوایام بمرم ، کوره قاچم وه‌ستا ، ( به‌ره‌و ده‌رگاکه ئه‌ڕوات ) .
شوبوکوڤ : ئیتر جارێکی تر فێر نه‌بیت قاچت بنێیته ئه‌مدیوی ئه‌م ماڵه .
ناتالیا : بیرت نه‌چێت که بچیت بۆ دادگا ، تا بزانین چی ڕووئه‌یا .
( لوموڤ ئه‌چێته ده‌ره‌وه ) .
دیمه‌نی پێنجه‌م
(هه‌مانشوێن شوبوکوڤ و ناتالیای کچی )
شوبوکوڤ : ( به‌شێواوی ئێت و ئه‌چێت ) به‌هیوام جارێکی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه .
ناتالیا : چ بێ ئابڕویهکه ! قسه‌شمان پێ ئه‌ڵێ و پێشمان ئه‌ڵێت دراوسێ ی باش .
شوبوکوڤ : شێت و ده‌ماگیر ، بێئه‌قڵ .
ناتالیا : نانا تۆ وه‌ره بزانه چ ئاژه‌ڵێکه ، خۆی ههڵئهقورتێنێته ئه‌رزی خهڵکیهوهو دواییش بهنهحلهتی ئه‌کات !
شوبوکوڤ : سه‌گبابی سه‌گی کوێر ، ڕووشی ئێت بێت داوای ده‌ستی کچی خه‌ڵکی بکات ، ئه‌بێت له خه‌یاڵی خۆیدا چ داخوازیه‌کی دانابێت ؟
ناتالیا : داخوازی ؟
شوبوکوڤ : بێگومان ، ئه‌و هاتبو بۆ داخوازی تۆ .
ناتالیا : داخوازی من ؟ ئه‌ی بۆ زووتر ئه‌مه‌ت نه‌ووت ؟
شوبوکوڤ : ئه‌و ترسنۆکی خۆ به‌ره پێشه‌وه‌یه بۆیه وا قاتی له‌به‌ر کردبو .
ناتالیا : داخوازی من ؟ من ؟ ئاه ه ه ه ( خۆی ئه‌خات به‌سه‌ر قه‌نه‌فه یه‌ک تاکیهکهدا ) ، بانگی که‌ره‌وه ، بیهێنه‌ره‌وه ، ئاه ه ه ه ، بانگی که‌ره‌وه زوو .
شوبوکوڤ : کێ بهێنمه‌وه ؟
ناتالیا : خێراکه ، ووتم خێراکه ، وا بوورامه‌وه ، بیهێنه‌ره‌وه ، ( هیستریای بۆ دێت ) .
شوبوکوڤ : ئه‌وه چیه ؟ پێم ناڵێ ی ئه‌وه چیته ؟ ( ده‌ست ئه‌گرێت به‌سه‌ریه‌وه ) ئای که به‌سته‌زمانم ، فیشه‌کێك ئه‌نێم به‌خۆمه‌وه ، خۆم هه‌ڵئه‌واسم ، ئه‌مانه له ژیانم ئه‌که‌ن .
ناتالیا : ئه‌مرم ، خێراکه بیهێنه‌ره‌وه .
شوبوکوڤ : بێ دوو دڵی ، هه‌ر ئێستا ، هه‌ر تۆ وه‌ره‌وه سه‌رخۆت . ( ڕا ئه‌کاته ده‌ره‌وه )
ناتالیا : ( به ته‌نیا ) ئه‌وه ئێمه چیمان کرد ؟ بیهێنه‌ره‌وه ، خێراکه بیگه‌ڕێنه‌ره‌وه .
شوبوکوڤ : ( دێته ژووره‌وه ) هه‌ر ئێستا دێت ، ئۆه ه له‌م وه‌زعیه‌ته ، تۆ خۆت ئه‌بێت قسه‌ی له‌گه‌ڵ که‌یت ، من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نیم ، هه‌ر به‌ته‌واوه‌تیش به‌ڕاستمه .
ناتالیا : ( هه‌ر هیستریا گرتویه‌تی ) بیهێنه‌ره‌وه .
شوبوکوڤ : ( هاوارئه‌کات ) وا به‌ڕێوه‌یه ، ئه‌ی خوایه گیان ئه‌مه چ جۆره سزایه‌که ؟ وا باشتره خۆم بکوژم ، خۆم ئه‌کوژم ، وه‌ڵلاهی به‌ڕاستمه ، ئاخر هیچ مانایه‌کی نیه ، ئێمه سه‌عاتێکه چیمان به‌و کوڕه گه‌نجه نه‌کرد ؟ وه‌ك سه‌گ لی ی وه‌ڕین ، شه‌ره‌فمان لێسه‌نده‌وه‌و دواییش کردمانه ده‌ره‌وه ، وه‌ڵلاهی ئه‌مانه هه‌مووی خه‌تای تۆ بوو تۆ .
ناتالیا : نه‌خێر تۆ .
شوبوکوڤ : ئه‌مه‌ش خه‌تای من بوو ؟ هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ؟
( لوموڤ له‌ناو ده‌رگاکه‌دا ئه‌وه‌ستێ )
شوبوکوڤ : فه‌رموو ئه‌وه خۆت و ئه‌وه‌ش ئه‌و ، خۆت قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه . ( ئه‌ڕوات )
دیمه‌نی شه‌شه‌م
( له ههمانشوێندا ناتالیا‌و لوموڤ )
لوموڤ : ( دێته ژووره‌وه ) دڵم زۆر خراپ لێئه‌یات ، قاچم مێرووله ئه‌کاو ئه‌ملاو ئهولاشم ئه‌ناڵێنێت .
ناتالیا : ببوره ئێمه زۆر به‌بێ ئه‌قڵانه له‌گه‌ڵتا جووڵاینه‌وه ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ! ئێستا ئه‌که‌وێته‌وه بیرم که له‌وه‌ڕگاکه هی جه‌نابتانه .
لوموڤ : ئاخ دڵم چه‌ن خراپ لێئه‌یات ، له‌وه‌ڕگاکه هی منه ؟ ئای برا ڕڕڕۆ نه‌که‌م چاوه‌کانم ئه‌بڵه‌ق بوون .
ناتالیا : به‌ڕاستمه ، مه‌زراکه هی ئێوه‌یه ، فه‌رموو دانیشن . ( هه‌ردوکیان دائه‌نیشن ) ، هه‌ردوکمان هه‌ڵه بووین .
لوموڤ : ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌بده‌ئیه ، مه‌سه‌له‌که ئه‌رزه‌و مه‌زرا نیه ، به‌ڵکو مه‌بده‌ئه .
ناتالیا : ڕاسته وایه ، به‌ڵام ئێستا وا باشتره باسی مه‌سه‌له‌یه‌کی تر بکه‌ین .
لوموڤ : من به‌ڵگه‌ی تایبه‌تیم هه‌یه که دایکی دایکی پورێم ڕێگای به جووتیاره‌کانی باوکی باوکی باوکتان یاوه …… .
ناتالیا : ئێ باشه بیبڕه‌ره‌وه ئیتر ، ووتمان به‌سیه‌تی ، بۆم هه‌یه ؟ نازانم له‌کوێوه ده‌ست پێ بکه‌م ؟ ئه‌ڵێم به‌مزوانه نیازتان هه‌یه بچن بۆ ڕاو ؟
لوموڤ : ناتالیای به‌ڕێز ! دوای دروینه به‌ته‌مام بچم بۆ ڕاوه پۆڕ ، به‌ڵام وا بزانم ئێوه ئه‌زانن که له‌م دواییه‌دا چ ڕووداوێك ڕووی تێ‌کردم ، خۆ له‌بیرتانه که سه‌گه‌که‌م که‌وت و شه‌ل بوو ؟
ناتالیا : ئای به‌سته‌زمان ، ئه‌مه که‌ی ؟
لوموڤ : ڕاستیه‌که‌ی نازانم له خۆیه‌وه قاچی وه‌رگه‌ڕا یان سه‌گه‌کانی تر گازیان لێگرت . ( هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵئه‌کێشێت ) ، باشترین سه‌گێك که هه‌بێت ئه‌وه‌یه ، نامه‌وێت باسی نرخه‌که‌ی بکه‌م ، ئه‌زانی له‌و ماوی پێشوه‌دا میرونوڤ 125 ڕۆبڵی دامێ نهمیا .
ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ! درۆی تر نه‌ما پێوه‌ی بلکێبی ؟ ئه‌مه هه‌مووی بوو ؟
لوموڤ : گه‌ر ڕاستیت ئه‌وێت هه‌ر زۆر هه‌رزان بوو . کوره سه‌گه‌که‌م سه‌گێکی هه‌ر زۆر بێوێنه‌یه .
ناتالیا : باوکم ئه‌وه‌ی خۆمانی به 85 ڕۆبڵ کڕیوه‌و هه‌ستیش ئه‌که‌م ئه‌وه‌ی ئێمه زۆر باشتره له‌وه‌ی تۆ .
لوموڤ : ئه‌وه‌ی ئێوه باشتره له‌وه‌ی من ؟ ( به پێکه‌نینه‌وه ) ئه‌وه‌ی ئه‌وان باشتره له‌وه‌ی من هم ها ها ها .
ناتالیا : بێگومان ئه‌وه‌ی ئێمه باشتره ، ئه‌زانی بۆ ؟ چونکه ئه‌وه‌ی ئێمه بهچکهترهو هێشتا ته‌واو گه‌وره نه‌بوه ، ئێ دوای ئه‌وه‌ش خێرایی و شێوه وه‌ستان و دانیشتنه‌که‌ی با بوه‌ستێت که له‌و بڕوایام که که‌م سه‌گی تر هه‌یه بیگاتێ .
لوموڤ : ناتالیا ستانوڤنا ببوره ، ئێوه ئه‌وه‌تان بیر چوو که بڵێن سه‌گه‌که‌مان دانه‌کانی پێشه‌وه‌ی زیاتر هاتونه‌ته پێشه‌وه تا دانه‌کانی خواره‌وه‌ی ، واته مه‌ڵاشووی له‌گه‌ڵ چه‌ناگه‌یدا جووت نابێت ، جا هه‌ر سه‌گێکیش ئه‌مه‌ی نوقسان بوو ناتوانێت به‌پێ ی پێویست شت بگرێت .
ناتالیا : وه‌ڵا ئه‌مه هه‌واڵێکی تازه‌یه قوربان .
لوموڤ : من به‌ڵێنتان ئه‌یه‌مێ که چه‌ناگه‌ی ژێره‌وه‌ی کورتتره له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ی .
ناتالیا : تێرتان خوارد ؟
لوموڤ : به‌ڵێ ، به‌ڵێ تێرم خوارد ، به‌ڵام ئه‌و سه‌گه‌ی ئێوه ئه‌وه‌نه‌ی حسابه تا ئه‌گاته ڕاو ، واته له‌وه‌و دوا ناتوانێت شتێکتان بۆ بگرێت .
ناتالیا : نه‌خێر سه‌گی ئێمه له ئیشاره‌ت وه‌رگرتندا وێنه‌ی که‌مه ، دوای ئه‌وه‌ش له ڕووی شێوه‌ی ده‌م و لووت و به‌هره‌وه گره‌وی له‌زۆر سه‌گی تر بردۆته‌وه ، به‌ڵام سه‌گه‌که‌ی تۆ که‌س نازانێت ئه‌صڵ و فه‌صڵی چیه‌و له پیره مایینیش ئه‌چێت .
لوموڤ : به‌و پیریه‌ش نایگۆڕمه‌وه به پێنج سه‌گی وه‌کی ئه‌وه‌ی تۆ ، سه‌گی من سه‌گه به ڕاستی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه ئه‌صڵه‌ن پیاو شه‌رم ئه‌یگرێ باسی بکات ، 25 ڕۆبڵ زیتار هیچی تر ناهێنێت .
ناتالیا : ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ! پێم ناڵێیت ئه‌مڕۆ ئێوه چیتانه ؟ چ شتێك واتان لێئه‌کات که هه‌موو قسه‌کانتان پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی ئێمه بێت ؟ یه‌که‌م جار به ئه‌رزه‌و له‌وه‌ڕگاکانه‌وه ئه‌یگرن و دووه‌م جاریش به سهگهکهمانهوه ؟ من حه‌زم لێ نیه که‌سانێك هه‌بن باسی باشتر‌و باشتر بکه‌ن ، ئێوه خۆتان زۆر باش ئه‌زانن که سه‌گه‌که‌ی ئێمه زۆر له‌و سه‌گه بێئهقڵهی ئێوه باشتره ، ئیتر بۆچی نکوڵی لێئه‌که‌ن ؟
لوموڤ : ناتالیا ستێپانوڤنا ! ئێوه زۆر باش له‌وباوه‌ڕه‌دان که من زۆر باش ئه‌بینم و ئه‌یشزانم بیرکه‌مه‌وه ، ئێوه تێناگه‌ن که سه‌گه‌که‌تان دانه‌کانی خواره‌وه‌ی له پێشه‌وه‌ن ؟
ناتالیا : ئه‌مه ڕاست نیه .
لوموڤ : به‌ڵێ ڕاسته .
ناتالیا : ( ئه‌قیژێنێ ) نه‌خێر ڕاست نیه .
لوموڤ : خانمه باشه‌که ، بۆ ئهقیژێنیت ؟
ناتالیا : بۆ ئه‌و هه‌موو قسه باق و بریقانه ئه‌که‌یت ؟ تۆ نازانیت هه‌موو ئه‌وانه توڕه‌م ئه‌که‌ن ؟ سه‌گه‌که‌ی ئێوه کاتی ئه‌وه‌ی هاتوه له‌ناو ببرێت ، که‌چی ئێستا جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا ئه‌که‌یت ؟
لوموڤ : ببوره من ئیتر له‌مه زیاتر ناتوانم درێژه به‌م باسه بده‌م ، چونکه دڵه کوته‌م تووش ئه‌بێت .
ناتالیا : جێگای خۆشحاڵیه ، چونکه وه‌کو ئه‌ڵێن ئه‌و ڕاوکه‌رانه‌ی که زۆر شه‌ڕ ئه‌که‌ن که‌مترین وه‌ڵامیان ده‌ست ئه‌که‌وێت .
لوموڤ : تکایه خانمه‌که ئه‌توانیت بێده‌نگ بیت ؟ ئیتر دڵم به‌به‌ریه‌وه نه‌ماوه ، ( هاوارئه‌کات ) بێده‌نگ .
ناتالیا : بێده‌نگ نابم تا دانی پیادا نه‌نێیت که سه‌گه‌که‌ی ئێمه صه‌د قات له سه‌گه‌که‌ی ئێوه باشتره .
لوموڤ : نه‌خێر صه‌د قات له‌وه‌ی من خراپتره ، هیوادارم له‌وه لاتر چێت ، ئای بابهڕڕۆ سه‌رم ، چاوم ، کوره شانه‌کانم .
ناتالیا : سه‌گه گه‌مژه‌که‌ی ئێوه نه‌ك هه‌قی ئه‌وه‌ی هه‌یه که له‌ناو ببرێ ، به‌ڵکو هه‌قی ئه‌وه‌شی هه‌یه که وازی لێبهێنرێ تا خۆی ئه‌تۆپێ .
لوموڤ : ( ئه‌گری ) کوره بێده‌نگ من دڵه کوته کوشتمی .
ناتالیا : من نامه‌وێ بێده‌نگ بم .
دیمه‌نی حه‌وته‌م
( شوبوکوڤ دێت به‌سه‌ردا )
شوبوکوڤ : دیسانه‌وه چیتانه ؟ به‌زمه‌که‌یه ؟
ناتالیا ؟ بابه تکات لێئه‌که‌م ڕاستگۆبه ، سه‌گه‌که‌ی ئێمه باشتره یان سه‌گه‌که‌ی ئه‌و ؟
لوموڤ : ستێپان ستێپانوڤیچ زۆربهنهرمی داواتان لێئه‌که‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م به‌نه‌وه ، سه‌گه‌که‌تان دانه‌کانی خواره‌وه‌ی له‌پێشه‌وه‌ن یان نا ؟ ئا یان نه‌ء ؟
شوبوکوڤ : جا ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه بێت هه‌ر هیچ نیه ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌گه‌که‌مان هێشتا له‌هه‌موو سه‌گه ڕاوه‌کانی تر باشتره‌و بگره له هه‌موو ئه‌م ناوچه‌یه‌شدا باشترینیانه .
لوموڤ : به‌ڵام ڕاست بڵێ ڕاست ، ئه‌وه‌ی من باشتره یان نا ؟
شوبوکوڤ : هاوڕێ باشه‌که‌م خۆت سه‌غڵه‌ت مه‌که ، گوێ بگره با پێت بڵێم ، ڕاسته سه‌گه‌که‌ی ئێوه سیفاتی چاکه‌ی خۆی هه‌یه یه‌که‌م وه‌کو ئه‌وه‌ی که ڕه‌سه‌نه‌و دووه‌میش شێوه‌یه‌کی جوانی هه‌یه ، به‌ڵام گه‌ر ڕاستیتان ئه‌وێ سهگهکهشتان بێ عه‌یب نیه و بگره دوو عه‌یبی گه‌وره‌شی هه‌یه ، یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که پیره‌و دووه‌میش لووتی کورته .
لوموڤ : ئاخ دڵه کوته چیت پێکردم . گه‌ر ئێمه پشت به به‌ڵگه ببه‌ستین سه‌گه‌که‌ی من له کاتی ڕاوکردندا بست به بست بۆنی نێچیره‌که هه‌ڵئه‌گرێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه یه‌ک کیلۆمه‌تر دوور ئهیپێکێ .
شوبوکوڤ : ئاخر چاوه‌که‌م سه‌گه‌که‌ی من ئه‌و جاره به‌دار لێیاندا ، بۆیه دواکه‌وت .
لوموڤ : زۆر ته‌واوه ، بۆیه هه‌موو سهگاکانی تر دوای ڕێویه‌که که‌وتن و ئه‌وه‌ی تۆش خشششش ، خشکه‌یی بۆ لای مه‌ڕه‌کان گه‌ڕایه‌وه .
شوبوکوڤ : نه‌خێر کوڕه گه‌نجه‌که ، ئه‌مه ڕاست نیه ، من پێم باشه که له‌مه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌ڕۆین ، ڕاستیه‌که‌شی کابرا بۆیه له سه‌گه‌که‌ی منی یا چونکه نه‌یویست سه‌گه‌که‌ی من له‌وانی تر باشتر بێت ، بێگومان ئێره‌یی چاوی کوێر کرد . به‌ڵام ئێوه‌ش ئه‌ی هاوڕێ باشه‌که ، ئه‌تانه‌وێ ئه‌وه ئاشکراکه‌ن که هیچ سه‌گێك له سه‌گه‌که‌ی ئێوه باشتر نه‌بێت ، زۆر باشه من له‌بیرم ناچێت .
لوموڤ : منیش هه‌روه‌ها .
شوبوکوڤ : منیش هه‌رواتر ، ئه‌ی ئێوه چی ترتان له‌بیره ؟
لوموڤ : ئای دڵم بابه ڕۆ ، قاچم شه‌له‌ل لێ ی یا ، ئیتر له‌مه زیاتر توانام نه‌ما .
ناتالیا : دڵه کوتێ ؟ ئێوه چۆن ڕاوکهرێکن ؟ ئێوه له‌باتی ڕاوه ڕێوی ئه‌بوایه له مه‌تبه‌خ بونایه‌و کێك و شهکرلهمهتان ببرژانایه ، دڵه کوتێ …. پف .
شوبوکوڤ : به بڕوای من له‌باتی ئه‌وه‌ی که سواری پشتی ئه‌سپ ئه‌بن سواری دۆشه‌ك و پشتیهکانی ماڵه‌وه‌تان بن چاکتره ، کاکی دڵه کوتێ ! من ئه‌زانم جه‌نابتان هه‌ر بۆیه ئه‌چن بۆ ڕاو تا عه‌یب و عار له سه‌گی ئه‌م و ئه‌ودا بدۆزنه‌وه‌و دواییش تانه‌و ته‌شه‌ری لێده‌ن .
ئێستا به‌هه‌رحاڵ به هه‌رچۆنێ بێت واز له‌م باسه بێنین ، چونکه من ئه‌زانم جه‌نابتان هه‌رچی بن ڕاوکه‌ر نین .
لوموڤ : ئه‌ی جه‌نابتان چین ؟ ئه‌ترسم خۆتان به ڕاوکه‌ر بزانن ، تڕحێو ، نه‌یخۆن تاڵه . ئێوه‌ش بۆیه دێن تا خۆتان پیشانی سه‌رۆکی ڕاوکه‌ره‌کان بده‌ن و ئیتر له‌دواوه بکه‌ونه زه‌می ئه‌م و ئه‌و . ئاخ دڵم ، ئێوه که‌سانێکی زه‌م که‌رن .
شوبوکوڤ : ( هاوارئه‌کات ) ئه‌ی هاوار من ئینسانێکی زه‌م که‌رم ؟
لوموڤ : زهمکهر .
سوبوکوڤ : ئاژاوه‌چی ، به‌چکه سه‌گ .
لوموڤ : مشکه که‌چه‌ڵه ، تهڵهکهناز .
شوبوکوڤ : بێده‌نگبه ده‌نا وه‌ك مریشکه کێوی به فیشه‌کێك په‌ڕت ئه‌به‌م به ئاسمانا ، تێگه‌شتی ؟
لوموڤ : ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایه که….. ئاخ دڵم ، که ژنه‌که‌تان تا مابوو دارکاری باشی ئه‌کردن ، وه‌ی قاچم ، کڕکڕاگه‌ی گوێم ئه‌زیڕێنێ ، ئیتر ناتوانم خۆم به‌پێوه بگرم ، خۆم به‌پێوه ناگرم .
شوبوکوڤ : ئه‌ی بۆ ناڕۆی له‌ژێر نه‌علی کارهکهرهکهتانا خۆت به‌پێوه بگری ؟ ها ؟ وا بزانم ئه‌مه‌یان ئه‌توانی ؟
لوموڤ : ئا وا هی ، دڵم وه‌ستا ، شانه‌کانم جام بوون ، شانه‌کانم کوان ؟ من مردم ، ( خۆی ئه‌خات به‌سه‌ر قه‌نه‌فه یه‌ك تاکیهکهدا ) دکتۆر ، ( ئه‌بورێته‌وه )
شوبوکوڤ : ئاژاوه‌چی ، ماستاوچی ، ناشیرین ، من تێکچووم ، ( که‌مێك ئاو ئه‌خواته‌وه ) وه‌زعم تێکچو
ناتالیا : ئێوه چۆن ڕاوکهرێکن که نه‌توانن سواری ئه‌سپیش بن ؟ ( ڕووئه‌کاته باوکی ) بابه ! ئه‌وه چیه‌تی ؟ بابه سه‌یرکه ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، خۆ ئه‌وه مردوه !
شوبوکوڤ : وه‌زعم باش نیه ، ناتوانم هه‌ناسه به‌م ، هه‌وا ….
ناتالیا : ( لوموڤ ڕائه‌وه‌شێنێ ) ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ ، به‌خوا له‌وه ئه‌چێت مردبێت ، باشه ئه‌وه ئێمه چیمان کرد ؟ نه‌به‌خوا مردوه ، ئه‌ی هاوار دکتۆر ، دکتۆر بانگکه‌ن . ( تووشی هیستریا ئه‌بێت)
شوبوکوڤ : ئوووف ، ئه‌مه چیه ؟ پێم ناڵێ ی تۆ چیته ؟
ناتالیا : مرد ، ئیڤان ڤاسیلیڤیچ مرد .
شوبوکوڤ : کێ ێ ێ ؟ ( سه‌یری لوموڤ ئه‌کات ) هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ؟ ئه‌ی هاوار خوایه گیان ، ئاو ، دکتۆر ( که‌مێك ئاو ئه‌کات به ده‌می لوموڤهوه ) بخۆره‌وه ، نه‌به‌خوا ناخواته‌وه ، مرد ، ئه‌ره به‌خوا مرد ، من چه‌ند به‌سته‌زمانم ، بڵێ بۆ فیشه‌کێك نه‌نێم به‌نێو چاوانی خۆمه‌وه ؟ ئه‌ی بۆ هه‌ر زووتر خۆم له‌ناونه‌برد ؟ من چاوه‌ڕێ ی چیم ؟ چه‌قۆیه‌کم به‌رێ ، ده‌مانچه‌یه‌کم به‌رێ .
( لوموڤ خۆی ئه‌جوڵێنێ )
شوبوکوڤ : ئهرهوهڵلا هاڵسا له‌خه‌و وویش گیان ، دهها ئاو بخۆره‌وه ، ئۆوخهیش خوایه گیان شوکور نه‌مردبو.
لوموڤ : هه‌موو گیانم ئه‌له‌رزێ ، من هیچ نابینم ، ئه‌وه من له‌کوێم ؟
شوبوکوڤ : کوره جار به جه‌هه‌ننه‌م ، زه‌واج که‌ن و ببڕێته‌وه ، من ئه‌زانم کچه‌که‌م ڕازیه ، بێنه ده‌ستتان بێنن ( ده‌ستی هه‌ردوکیان ئه‌گه‌یه‌نێت به‌یه‌ك ) ئه‌زانم ڕازیه ، من پیرۆزباییتان لێئه‌که‌م ، به‌مه‌رجێك بڕۆن و له‌کۆڵم بنه‌وه .
لوموڤ : چی چی چی ؟ ( هه‌ڵئه‌سێته‌وه ) کێ ؟
شوبوکوڤ : ڕازیه ڕازیه ، ده‌ی یه‌کتری ماچ که‌ن و ببڕێته‌وه ، خوا ئێوه‌م لی به‌رێته‌وه .
ناتالیا : ئه‌ی خوایه گیان ئه‌وه خۆ نه‌مردوه ! ئا ئا ، ئه‌ی چۆن ، ئهرهوهڵلا ڕازیم .
شوبوکوڤ : ده‌ی یه‌کتریش ماچ که‌ن و ببڕێته‌وه ، دڵم به‌به‌ریه‌وه نه‌ما .
لوموڤ : ها ؟ کێ ؟ ( ناتالیا ماچ ئه‌کات ) زۆرم قبوڵه ، ببوره باسی چیتان کرد ؟ ئێ ئێ تێگه‌شتم ، دڵم ، چاوه‌کانم ڕه‌شکه‌و پێشکه ئه‌که‌ن ، من زۆر به‌خته‌وه‌رم ، ناتالیا ستێپانۆڤنا ! ئه‌وه تۆیت ؟ ( ده‌ستی ماچ ئه‌کات ) قاچه‌کانم سڕ بوون .
ناتالیا : منیش زۆر به‌خته‌وه‌رم .
شوبوکوڤ : ئۆ و وو ، ئێستا وا ئه‌زانم کێوێك به‌سه‌ر دڵمه‌وه‌یه .
ناتالیا : ئه‌ی ئێستا دانی پیا ئه‌نێیت که سه‌گه‌که‌ی تۆ له‌وه‌ی من خراپتره .
لوموڤ : نه‌خێر باشتره .
ناتالیا : نه‌خێر خراپتره .
شوبوکوڤ : ئه ئاوا ، به‌دڵمه ، خۆشی و شادی ده‌ستی پێ‌کرد ، شه‌مپانیا بێنن شه‌مپانیا .
لوموڤ : باشتره .
ناتالیا : خراپتره خراپتره خراپتره.
شوبوکوڤ : ( ده‌نگی به‌رز ئه‌کاته‌وه تا ده‌نگی ئه‌وان داپۆشێت ) شه‌مپانیا شه‌مپانیا شه‌مپانیا .
كۆتایی
وێنه‌که‌ی سه‌ره‌وه:
دیمه‌نێك له شانۆی ساڵه‌کانی هه‌شتا له هه‌ڵه‌بجه