Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

زیادبوونی ڕۆڵی ئایین لەناو کۆمەڵگا و سیاسەتدا

Closed

رۆما ئەپریلی 2005 . جەماوەرێکی زۆر کە جێگای کەسێکی تر نابێتەوە  ، لە گۆڕەپانی پیتەر پالتس کۆبوونەتەوە  . پاپای فاتیکان ( یوهانس پاولی دووەم) کۆچی دوایی کرد.  لە کەنیسەی پیتەر ، خەڵکانێکی زۆر دەیانەوێت خوداحافیزی کۆتایی لە باوکی پیرۆز بکەن .ئەمەش زیاتر لە کۆبوونەوەی رۆک موزیک دەچێت .  لەناو ئەم ئاپۆرەی خەڵکەدا ، کچە قووتابیانی هەرزەکار، کوڕی گەنج ، ژن و پیاوی پیر ، هەموویان لە چەندین ناوچەیە جیهانەوە ،بەتایبەت بۆ ئەم فیستیفاڵە ئایینیە هاتوون .
 ساڵێک پاشتر ( واتە 2006) لە فاتیکان پاپایەکی نوێ هەڵبژێرا ، بەهەمان شێوەی پار ، خەڵکانێکی زۆر هاتبوون  بۆ پێشوازیلێکردن و پیرۆزبایی . بەهەمان شێوە خەڵکانێکی زۆر وەستابوون . بەتایبەت ئەڵمانییەکان ، چونکە پاپای نوێ ( پێنێدیک شازدە) ئەڵمانییە. تەنها لە یەکەم سالدا زیاتر لە 50.000 ئەڵمانی چوون بۆ فاتیکان ( رۆما) .  ئایا ئەمە نیشانەی ( ئاماژەیەک) نییه ، بۆ گەڕانەوە ئایین بۆ ناو کۆمەڵگای سیکولاری ئەوروپی ؟ بەتایبەت لە نێوا گەنجەکاندا ؟ یان ئەمە مانای پیرۆزی ئایینی ناگەیەنێت ، بەڵکە ئەمە ڕووداوێکی ئاساییه هەمووی لە ڕێگای کاریگەری میدیاکانەوە ئەم حاڵەتە دروستبووە، هەروەک چۆن خەڵکانێکی زۆر حەزیان لێیه بەشداری یاریەکی فووتباڵ ،یان بینینی گوانێبێژێکی ناودار ( پۆپ ستار) یان سینەماکارێکی ناودار بن .
بە دڵنییایەوە ئەمڕۆ کەس بە تەواوەتی ناتوانێت وەڵامێکی ڕاست و دروستمان پێ بڵێت .   لێ ئەوەی زۆر روون و ئاشکرایە کە :
لەگەڵ ئەوەی کە رۆژانی یەک شەممە کەنیسەکان چۆڵن و خەڵکی کەمی تێدایە ، لێ هێشتا لە سەردەمی گلۆبالیزمیشدا ، خەڵکانێک بەدوای ژیانی رۆحی دا دەگەڕێن. لێ لەپاش دروستبوونی هەڵایەکی گەورە لەسەر وێنەکاریکاتوورەکانی پێخەمبەر موحەمەد، ووتەکانی پاپای فاتیکان ، کێشەی ئۆپێرای بەرلین ( بەهۆی دانانی وێنەی موحمەدی پێخەمبەر لەگەڵ  پێخەمبەرەکانی تر) ، هەموو ئەمانە دەمانگەیە نێنە ئەو سنوورەی کە پرسیار بکەین : ئایا چەندە ئێمە پێویستیمان بە ئایین هەیە ؟ وە تا چەندە  ئەو پرەنسیبانەی کە  کۆمەلگاکەمان لەسەری بنیات ناوە، دەتوانێت لەبەرامبەر ئەم بارە نوێیەدا خۆی ببپارێزێت و  بەرگری لە خۆی بکات .
لەهەموو جیهاندا ، دەسەڵاتی ئایین ڕۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتردەبێت ، لە چەندین فینۆمێن و فۆرمی جیاوازدا  خۆی دەردەخات .  تیرۆریستەکان بە ناوی ئیسلامەوە دەستیان بە بۆمب تەقاندنەوە کردووە، لە کۆشکی سپی پیاوێکی وەکوو ( جۆرج دەبلیۆ بۆش)  حوکمی دەکرد، کە خۆی بە ( مەسحیە نوێکان یان گرووپی لەدایکبوونەوەی مەسیحی* )دادەنێت و  بەدیار میدکانەوە نوێژ دەکات و، بریاڕەسیاسیەکانیشی  شێوە فۆرمێکی ئایینیان دەداتێ .
لەگەڵ سەرەتای سەدەی 21 دا ، رۆڵی ئایین زۆر لەجاران زیاتر بەهێزتر دەبێت . ئەمەش بۆ خەڵکانی پسپۆر و کۆمەڵنناسی رۆئاوایی  زۆر جێگەی تێرامان و پرسیارە. پێشتر هەموو بە خۆشحالیەوە لەو بڕوایەدا بوون ، کە مۆدێرنیزم ، ڕۆڵی ئایین لەسەدەی نوێدا کەم دەکاتەوەو سنووردارتری دەکات .
لێ ئەم بۆچوونە بەهیچ شێوەیەک کیشوەری ئاسیا و ئەفریکا ناگرێتەوە . لێرە ( واتە ئەفریکا و ئاسیا) ، ئایین  لەهەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆلی ئێجگار گەورەی هەیە . بەڵام لە ئەوروپا ئایین رٶلێکی مامناوەندی هەیە .
 ( رۆژەکان هێشتا زۆر دوور نینن) بەم شێوەیە نووسەری ناودار کلاوس هاپرێشت لە رۆژنامەی ( دی تسایت) ئارتیکلێکی نووسیبووە. کلاوس دەڵێت : ( زۆربەی ئەڵمانەکان ئاگاداری و زانیاریان دەربارەی توندڕەوی ئایینیەوە  نییه ، بەڵکە هەروەک شارستانی میسری کۆن ، ئەم بابەتە لایان نامۆیە ) . لەڕاستیدا جگە لە پۆلۆنیای کاتۆلیکی ، لە بەشێکی زۆری ئەوروپای  مەسیحیدا ، ڕۆڵی ئایین بەشیوەیەکی دراماتیکی بەرەو دواوە دەچێت . بەڵام نابێت ژ بیربکەین کە لەناوچوونی ئایین لە ئەوروپادا ، هەموو ئایینەکان ناگرێتەوە .  بۆ نموونە ئەو 15 ملیۆن موسڵمانەی کەئەمڕۆ لە ئەوروپادا دەژین ، وازیان لە ئایینەکەی خۆیان نەهێناوە .
عەلی کیزیلکایە کە بەڕێوبەری ئەنجومەنی ئیسلامە لە ئەڵمانیا دەڵێت :
( لەپاش رووداوەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 وە ، گیانی  خوداپەرستی و ئایین پەروەری لەناو موسڵمانەکاندا بەهێزتردەبێت )
هەروەها سەنەتەری ( ئارشیفی ئیسلام) لە ڕاپۆرتێکیدا دەریخستووە ، کە لە ئەڵمانیا لە نێوان ساڵانی 2000 هەتا 2005 ، نوێژکەرانی رۆژی هەینی  بەڕێژەی دووقات زیاتر بووە.  بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی  گیانی ئایین پەروەری بەشێوەیەکی بەهێز بۆ ئەوروپا ، گیانی ڕق و کینەو لەیەکترنەگەیشتن لە نێوان ئایینەکاندا زیاتر دەبێت .
سەرپۆش لەسەرکردنی ژنانی موسڵمان ، کە فۆرمێکی موسڵمانانەی جلوبەرگە، خەڵکانێکی زۆری مەسیحی و سیکولار ،  پێیان وایە کە ئەمە سیمبۆڵی   زۆربوونی ڕۆڵی فیندەمینتالیزمی ئایینی دەگەیەنێت .  لەبەرامبەردا  رێکخراو ئەنجومەنە ئیسلامیەکانیش نارەزایی دەردەبرن ، چونکە زۆرکات وەکو تیرۆرسیت سەیریان دەکرێت.
ئیسلامیە توندڕەوەکان و  ئەو گرووپانەی کە ڕق لەناو ئایینەکاندا دەچێنن ، چ ئەوانەی کەلە ناوەوەی ئەوروپان یان لە دەرەوەی ئەوروپادا ، وایانکردووە  کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگای رۆئاوای ئەوروپی ، ڕەوەندی ئیسلامی لە ئەوروپا  ، بەرەو خراپتر بڕوات .  بۆ نموونە کاتێک سەرنجی ئەو رووداوەنە دەدەیت ، کەبەهۆی هونەرمەندێکی دەنیمارکیەوە ڕوویدا، کاتێک کاریکاتۆرێکی لەسەر موحەمەد کردبوو، لەهەموو جیهاندا خۆپیشاندان و توندوتیژی لێکەوتەوە. لە بەیروت و دیمەشق ، کونسووڵخانەی دەنیمارکیان سووتاند. لە ئەفگانستان و پاکیستان و نەیجیریا، توندوتیژی زۆری لێکەوتەوەو  کۆمەڵێک کەس بوونە قووربانی . سەرەتا ئەم ڕووداوانە وەکو شتێکی سەیروسەمەر دەبینران . لێ لە ڕاستیدا  کۆمەڵێک ترس لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە.
کاتێک پاپا بنێدیکی 16 لە سێپتەمبەری 2006 دا ، ووتارێکی مێژوویی لە زانکۆی رێگنسبوورگ پێشكەش کرد  ، کە دەربارەی  ڕۆڵی ئەگەرەسیڤیتێکی ( توندوتیژی) لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا لەلایەن پێخەمبەرەوە بەکارهاتووە باسکرد ، یەکسەر لەناو هەموو جیهانی ئیسلامدا ، جارێکی تر دەستکرایەوە بە هەڵمەتێکی نارەزایی و توندوتیژی . ناچار پاپا ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەشکرد ، کە تێیدا هاتبوو ، کەئەو ڕێزێکی زۆری بۆ ئایینی ئیسلام و پێخەمبەرەکی هەیە  و ڕوونیشی کردەوە کە قسەکانی بە خراپ لێکدراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی نارەزایی هەربەردەوام بوو . لە سۆمالیا چەند پیاوکوژێکی ئیسلامی ، وەکوو کاردانەوەیەک بەرامبەر قسەکانی پاپا، ژنێکی کاتۆلیکیان کوشت . جێگای ئاماژەی ئەو ژنە  لە یەکێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان کاری دەکرد  .
بەگشتی خەڵکی لە ئەڵمانیا جۆرە ترسێکیان لا دروست بووە، چونکە لەهەمان مانگدا ڕووداوێکی تر روویدا ، ئەویش ڕووداوی ئۆپێرای بەرلین بوو. کاتێک لە ئۆپێرای بەرلین دەیانویست لەکاتی پێشکەشکردنی ئۆپێرایەکی مۆزارت ( Idomeneo ) ، وێنەی موحەمەد ، لەگەڵ وێنەی بودا و مەسیح هەڵبواسن . ئەمەش هەرایەکی گەورەی نایەوەو  وەزیری ناوخۆ و دەزگاکانی ئاسایش ، داواینکرد کە ئۆپێراکە رابگیرێت ، چونکە ترسی لێکەوتنەوەی کاردانەوەی توندوتیژیان هەبوو. ئەمەش  گفتوگۆ و قسەباسێکی توندی خستە ناو کۆمەڵگاوە. ئەو دوودڵی و نەبوونی سیقەیە ، کاریگەری زۆر خراپی لێ دروستبووە. هەر ئەم دیاردەی وەهمی ترس لە ئیسلام  ، لە ئۆکتۆبەردا لە شاری ئێرفۆرت وایکرد ، کە قەشەیەکی مەسیحی خۆی بکوژێت ، بۆ ئەوەی خەڵکی و جیهانی مەسیحی لە ترسی ئیسلامی ئاگاداربکاتەوە.
ئەم بارە نالەبارەش دەرئەنجامێکی خراپی لێکەوتۆتەوە .  پەیوەندی نێوان زۆرینەی رەوەندی مووسڵمانان لە ئەوروپا ، کەدەیانەوێت ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بژین ، لەگەڵ کەمینەیەکی توندڕەو کە ئیمانیان بە توندوتیژی هەیە ، بەروە خراپی دەچێت .
هەروەک لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی رۆژنامەی ( Herlad Tribune  International) بڵاویکردەوە، لەپاش ئەوەی لە شەش میترۆپۆڵی ( شاری گەورە) ئەوروپا ، لێۆلینەوەیەکی شیکاری کردبوو ، کە بۆچوونی گشتیگریانە بەرامبەر بە خراپ سەیرکردنی مووسلمانەکان ( واتە هەموو ئیسلام بە یەک چاو سەیر بکرێت و بە تیرۆریست سەیریان بکەن ) ، پێشتر تەنها حیزبە راستڕەوەکانی گرتبوەوە، لێ ئەمە چەند ساڵێکە ، ئەم بۆچوونە حیزبە چەپ و لیبڕال و مامناوەندەکانیشی گرتۆتەوە  .
لەهەموو جیهاندا ئایینی ئیسلام ، لە کێبرکێی ئایینەکاندا،ئیسلام بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت . دیارە ئەمەش بەهۆی ئەوەی ، کە ئیسلام  و کولتووری ئیسلامی ،زیاتر لەو بەشەی جیهاندایە ، کە دواکەوتوون و ڕێژەی منداڵبوون تێیاندا زۆرە. هەرچەندە پێشتر  ئایینی ئیسلام ڕێژەیەکی کەمی لە  رێژەی دانیشتوانی جیهانی  پێک دەهێنا  . جێگای ئاماژەیە ساڵی 1970  لە ناو دانیشتوانی جیهاندا ، ئیسلام 1/7 ی پێکدەهێنا . بەڵام ئەمڕۆ 1/5 ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنێت .
هەر لەبەر هەمان هۆ ( واتە منداڵبوونی زۆر) ڕێژەی ئایینی هیندۆسیش لە ژمارەی دانیشتوانی جیهاندا بەرزبۆتەوە ، هەرچەندە ئەمان بە ڕێژەیەکی کەمتر ، لە ساڵی 1970 دا ، ڕێژەی هیندۆسی 12.5% ی دانیشتوانی جیهان بوون . لێ ساڵی 2002 ، ئەم ڕێژەیە بۆ 13.3 % بەرزبوویەوە.  لە شەستەکانی سەدەی پێشووەوە ، تەوژمێکی توندڕەوانە و فیندەمینتالیزمی هیندۆسی ، لەو وڵاتی هیندستان بەڕێوەوەیە، ئەمە لەکاتێکدا کە هیندستان وڵاتێکی فرە ئایین و نەتەوەو مەزهەبە. ئەم تەوژمە توندڕەویەش زیاتر لە دژی کەمینە مووسڵمانەکانی ئەو دەوڵەتەیە .
لەگەڵ ئەوەی کە بەشێوەیەکی ئێجگار زۆر ، ڕێژەی ئایینەکان بەهێزتر دەبن ، بەڵام هێشتا ئایینی مەسیحی لە جیهاندا ، بەهێزترین ئایینە، نزیکەی 1/3 جیهان  کاتۆلیکین یان سەر بە مەزهەبەکانی تری مەسیحین ( ئەرتەدۆکس و برۆتستان ) . بەلام ئەوەی جێگای سەرنجە ، کەلەنێوان کیشوەرەکاندا ، ڕێژەی جیاواز دەبینین . ئالەوکاتەی کەلە ئەوروپادا خەڵکێکی کەم ڕوو لە مەسیحی دەکەن، کەچی لە کیشوەری ئەفریکادا ، ڕێژەکە بەشێوەیەکی زۆر بەهێز ڕوو لە بەرزبوونەوەیە. ساڵی 1900 ، لەهەموو کیشوەری ئەفریکادا تەنها 10 ملیۆن مەسیحی هەبوو. بەڵام  ئەمڕۆ دەگاتە 390 ملیۆن  مەسیحی . واتە هەر لە دووکەس یەکێکیان بە دیانەت مەسیحین .  دیارە ئەم پێشکەوتنە گەورەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ، کە مسیۆنارە مەسیحیەکان ، زۆر بەشێوەیەکی جددی کاریان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان ، بەتایبەت هەڵگرانی مەزهەبی ( پرۆتستان) . زۆر چالاکانە کار دەکەن و دوورن لە عەقڵیەتی دۆگمای کۆنی  ئایینی . دیارە هۆکاری ئەم پێشكەوتنی پرۆتستانانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ، کە مسیۆنارە پرۆتستانیەکان ، زیاتر باس و گرینگی بە ( تیۆلۆگی، زانستی لاهوتی) دەدەن ، تاوەکوو باسکردنی خودا. دیارە ئەمەش کاریگەری باشی هەبووەو سەرکەوتنی باشیشیان بەدەست هێناوە ، بەتایبەت لە کۆریای باشوور و ئەمریکای لاتین . لەم چەند ساڵەی دواییدا ، ملیۆنان کەس لە ئەمەریکای لاتین بەتایبەت لە بەرزایل ، وازیان لە کەنیسەی کاتۆلیکی هێناوەو بوونەتە پرۆتستان .
لە رووسیای و وڵاتانی بەرێی یەکێتی سۆڤێت، کێبرکێی نێوان ئایینەکان زیاتر دەبێت ، بەتایبەت لەگەڵ کەنسیەی ئۆرتۆدۆکسی .  ئەو خەونەی کە کۆمۆنیستەکان بە خەڵکیان دابوو، کە بەهەشتێک لەسەر زەوی بۆیان دروستبکەن لەناوچوو. هەربۆیە جارێکی تر ، ئایین ڕۆڵیکی بەهێز دەبینێت و گڕوو تینێکی باشتریان هەیە .
پیتەر ئانتێس( 64 ساڵ تەمەنیەتی )  ، کە پسپۆری لەبواری ئاییناسیدا دەڵێت :
(  بە بڕوای زۆربەی پسپۆران و زانایان ، بەهێزبوون و  گەشەسەندنی  فیندەمینتالیزمی ئیسلامی ، زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، کە  کۆمۆنیستەکان خەونی یەکسانی و دادپەروەرییان  بە خەڵکیدا ، بەڵام ئەم خەونە نەهاتە دی )  .
بەڵام بەهێزبوون و لەدایکبوونەوەی ئایین ، کەمتر پەیوەندی بە چارەسەرنەکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوەو هەیە ، بەڵکە زیاتر پەیوەندی بە پرسی چارەسەرنەکراوی ( بوونی مرۆڤەوە. الوجود الانسانی). هەروەک یەکێک لە ئەکادیمیەکانی کەنیسەی پرۆتستانی ووتی :
( پێشتر چاوەروانی ئەوە دەکرا   کە ئایین لەناوبچێت و بمرێت ، بەڵام ئەمڕۆ ئەم قسەیە تەنها وەهمێک دەرچوو.  چونکە ئایین بریتییه لە بنەمایەکی سەرەکی بوونی مرۆڤ و کۆڵەکەی بنەڕەتی هەموو کولتوورێکە )
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ، کە لە جیهانی رۆئاوادا ، کە زۆر شانازی بە راسیۆنالیزم ( عەقڵانیەتی) خۆیان دەکەن ، زانست و ئایین هیچ کاتێک پێکەوە ناگوونجێن . بەڵام ئەمەش وانییه :
–    کۆمەڵێک زانا و پسپۆر ، کە خاوەنی ناوبانگێکی جیهانین ، بۆ نموونە وەکوو هەردوو زانای فیزیکی هانسپیتەر دیوور، ڤۆلگانگ ڤایدلیش ، هەردووکیان خۆیان وەکوو ئیماندارێک دەردەخەن .
–    زانا و پسپۆری ئەمریکی لە بواری ( جینات) فرانس کۆلینس ، لە کتێبی ( The Language of God ) ڕایگەیاند ،کەپاش لێکۆلینەوەیەکی ووردو جددی بۆی دەرکەوتوو،  کەلە 40% ی زانا وپسپۆرانی ئەمریکی ، باوەڕیان بە خودایە .  کۆلینس هەمان بۆچوونی پاپا بێندیکی شانزەی هەیە ، کە تیۆری پێشكەوتنی داروین ، لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا دێتەوە.
–    ئەمڕۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لەڕووی زانستی و تەکنەلۆژیەوە ، بە یەکەمین وڵاتی جیهان دەژمێرێت. بەڵام لەهەمان کاتیشدا وڵاتێکە کە ئایین و خودا پەرستی ڕۆڵێکی گەورەی لەکۆمەڵگادا هەیە .
پێش ئەوەی دەستەواژەی فوندەمینتالیزم ( توندڕەو)  بۆ  ئایینەکانی تر بەکاربهێنرێت ، بۆ ماوەیەکی زۆر  لەسەدەکانی پێشوودا  لەدژی  پرۆتستانەتە ئەمریکاییەکان بەکاردەهێنرا . وا بۆ ماوەی 30 ساڵ دەچێت  ، کە بیری  فۆندەمینتالیزمی مەسیحی ڕاسترەوە، بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئەمەریکی داگیرکردووە.
بەڵام لێرەدا ڕووبەروی پرسیاری گرینگ دەبینەوە :
( بۆچی  لە رۆئاوای ئەوروپادا ، لای زۆرینەی خەڵکی وا دەردەکەوێت کە ئایین بەرەو نەمان بچێت و زیاتر ئەو تیۆریەی کە بانگەشەی نەمانی ئایین دەکات نزیکترە، کەچی بە پێچەوانەوە لە بەشێکی تری رۆئاوا ، واتە ئەمەریکا ، کە بەهێزترین دەوڵەتی رۆئاوایە ، بەپێچەوانەوە هەنگاو دەنێت ( واتە ئایین روولەگەشەسەندن و بەهێزبووندایە؟  ) .
لەهەردوو دەوڵەتی سەرەکی ئەوروپا ( فەرەنسا وئەڵمانیا) ، بێهێزبوون و کەمبوونەیوەی ئایین بەڕوونی بەرچاودەکەوێت . لە ئەڵمانیا هەردوو کەنیسە بەهێزەکەی ( کاتۆلیک و پرۆتستانت) ، لە ساڵی 1990 وە زیاتر لە 5.5 ملیۆن ئەندامیان لە دەستداوە . تەنها بە ڕێژەیەکی ئێجگار کەم ، ئەندامی نوێیان پەیداکردووە. دیارە کەم بوونەوەی ئەندامانی  کەنیسەش ، دەبێتە هۆی کەبوونەوەی باجی کەنیسە **. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ، کە کۆمەڵێک ( قەشە) لە کارەکانیان دەربکرێن و کۆمەڵێک چالاکی خزمەتگووزاری و خێرخوازی لاببرێت . چەند کەنیسەیەکیش بەهۆی بێ درامەتیەوە بەناچاری دەبێت دابخرێن . هەندێک کەنیسە بۆ ئەوەی پارەی نۆژەنکردنەوەو نوێبوونەوەیان دەستبکەوێت، دەچن بەشێک لە هۆڵەکانیان  دەدەن بەکرێ ، کە زۆرجار لەلایەن خەڵکی بێ باوەر یان نامەسیحیەوە بەکرێ دەگیرێن . ئەمەش خۆ لەخۆیدا شتێکی سەیرە  ، چونکە کەنیسە سیمبۆڵی ئاییینپەروەرییە ، ئەمەش لەناوچوونی شتە پیرۆزەکان دەگەیەنێت.
لێ هەندێک چاودێران پێیان وایە ، کە گیانی ئایینپەروەری ناکشێتە دواوەو لەناو ناچێت ، بەڵکە فۆرمێکی نوێ و جیاوازتر لەخۆ دەگرێت ، کە زیاتر لەناوچوونی کەنیسە وەکوو دەزگا و شێوە تاککگەراییەکی پێوە دیار دەبێت  . دیارە ئەمەش بۆچوونی مێژوونوسی فەرەنسی پاول ڤینێ یە. ئەو پێی وایە کە :
( ئێمە لە ئایینێکی گشتگیریەوە، واتە ئاینێک بۆ هەموان ، بۆ ئاینێکی تاکگەرایی دەچین ، واتە هەر کەسەو باوەری بە خودایەک یان سێکتێکی*** تایبەت بە خۆیەتی ) .
رۆلاند بیڤالد ، کە پسپۆرە لە بواری ئایینزانیەوە ، لە زانکۆی تەکنیکی درێسن مامۆستایە ، دەڵێت : ( بوونی سیستەمێکی عەلمانی ” سیکولار”  لەئەڵمانیا ، وایکردووە کە  کەنیسە بمرێت “دابخرێت” . بەڵام لەهەمان کاتیشدا بۆتە هۆی ئەوەی کە  بزاڤێکی ئایینی لەدەرەوەی کەنیسە ، بەهێزتر لەدایک  بێت )
¾  ی هەموو ئەو کەنیسانەی کەلەم دوایەدا داخراون ،  هۆکاری سەرەکییان ، کەمبوونەوەی باجی کەنیسەیە . تەنها 1/5 خەڵکی گیانی ئیماداریان تێدایە .  ئەمەش وایکردووە کە جۆرە ترسێکی گەورە لە داهاتووی کەنیسەو ئایینەکان دروستببێت و هەوڵی گەڕان بەدوای ڕێگەچارەی گونجاوبگەڕێن .  گیانی ئیمانداری ( باوەربوون بە خودا) هیچ پەیوەندی بە  جۆر و سەرەتای دروسبوونی ئایینەکانەوە نییه  .  بەڵام دەستەواژەی ( هەستی ئیمانداری ) چ مانایەک دەبەخشێت .
ئەم دەستەواژەیە ، مانایەکی شاراوەو ئاڵۆز دەگەیەنێت . بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەو ڕاپرسیەی کە  گۆڤاری شپیگل  لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا ئەنجامی داوە.  لەکاتی وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دا
( باوەڕتان بە خودا هەیە ؟ ).  نزیکەی 62% ی ئەو کەسانەی لێیان پرسیوون ، باوەریان بە خودا هەیە . ساڵی 1992 بە ڕێژەی لە  50% بوو . ( واتە رێژەکە زیادیکردووە) . بەڵام لەهەمانکاتدا تەنها کەمینەیەک کە رێژەی  42% ی ئەو کەسانە ، ( باوەڕیان بە ژیانێکی ترلە پاش مردن  ، واتە ئەو دونیا هەیە) .  لەحالەتێکدا لە  50% یان  باوەڕیان بە ژیانێک پاش مردن نییه .
2/3 ی ئەڵمانەکان کە سەر بە هەردوو کەنیسەی ( پرۆتستانت و کاتۆلیکین)  بەیەکجاری پشتیان لە کەنیسەکان نەکردووە، بەڵکە هێشتا باوەڕیان بە خودا هەیە و ساڵانە بەشداری  یادی لەدایکبوونی مەسیح دەکەن . 
ژنە توێژەوەری بەریتانی گرس داڤی ، کەماوەیەکی زۆرە دەربارەی کەسایەتی تاکی ئەوروپای رۆئاوایی ، خەریکی چاودێری و لێکۆڵینەوەیەک بووە ، دەڵێت :
( لە ڕاستیدا زۆرکەس لە رۆئاوای ئەوروپا  بەو شێوەیە سەیری ئایین دەکەن ، کە شتێکە مۆدێلی بەسەر چووبێت . کیشوەرەکەی ئێمە ، بەهۆی شۆرشی ڕێنانسانس و پیشەشازی بوونی کۆمەڵگاکەمانەوە،  ئایین ڕوو لەکزیە. وە دەشمانەوێت ئەو شێوازە نوێیە بکەینە مۆدێلێک بۆ هەموو جیهان )
پاشان دەڵێت :
(هەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ، بزاڤە شۆرشگێرە سۆسیالیستەکان و لیبڕالیەکان ، گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی ، کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کەبەرەو کۆمەڵگای عەلمانی بچین ، لێرەدا مەبەست لە عەلمانی بوون “سیکولاریزم” بە مانا تەقلیدیەکان نایەت ، بەڵکە مەبەستیان لەوە بوو ، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئایین نامێنێت و لەناودەچێت )
بەپێی بۆچوونی زۆربەی کۆمەڵنناسانی ئەو کاتە ، چاوەرێی دەرئەنجامێکی وایان لەم سەردەمە مۆدێرنە دەکرد، کە زانست ڕۆڵی سەرەکی بۆ سەر کۆمەڵگای مۆدێرن هەبێت . ماکس ڤیبەر  پێی وابوو کە  جیهان   بەهۆی زانست و تەکنیکی نوێوە  ( پاک دەبێتەوە) . هەر ئەم پێشکەوتنە زانستیەش دەبێتە هۆی ئەوەی ، کە دەست بکات بە سڕینەوەی ، هەموو ئەو پێداویستیە رۆحیانەی مرۆڤ ، کەلە پێش کاتی مۆدێرنەوە سەریان هەڵداوە ، بەتایبەت ئەوانەی کە پەیوەندیان بە دروستبوونی ئایینەکانەوە هەیە. پێشکەوتنی توێژینەوەی زانستی و بەکارهێنانی زانستی سروشتی ، وا دەکات کە  ڕۆڵی خودا نەمێنێت و ڕۆڵی قەشەکانیش زیاتر وەکوو ئەندامێکی  دەزگایەک یان پەیمانگەیەکیان لێ بێت . پێشکەوتنی زانست و پرۆسەی تەکنیکی زانیاری و پەیوەندی مۆدێرن  بەبەردەوامی ، وا دەکات کە  ئایین نەمینێت .
لە کۆتاییدا شٶرشی فەرەنسی ، بزاڤی مەدەنی لە ئەوروپا گەیاندە سنوورێکی دیاریکراو، لەبەرامبەر بەرەیەکی دژە دیمۆکراتی کەلە پاشا و دەسەڵاتدارانی کۆنەپارێز پێکهاتبوو، ڕووبەروی یەکتری بوونەوە . راسیۆنالیزم ( عەقڵانیەت ) کەلە دژی بیری ئایینی بەرپابوو، هەر لەسەرەتاوە کەنیسە دژی تیۆری داروین وەستایەوەو بە شێوەیەکی توندیش دژی  پرۆسەی عەلمانی بوونی کۆمەڵگا بوو. 
لەکاتێکدا کە کەنیسەی پرۆتستان ، لەبەرامبەر  رێنانساز و مۆدێرنەبوون ، بەرگری دەکرد  و دژی دەوەستایەوە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەمدا وازی لەم دژایەتیکردنە هێنا . بەڵام  بە پێچەوانەوە کەنیسەی کاتۆلیکی  هەتاوەکوو ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ، دژی  هەردووکیان بوو. پاشان لەگەڵ لە نێوان ساڵانی ( 1962 هەتا 1965) بزووتنەوەی ڕیفۆرم لە کەنیسەی کاتۆلیکی لە فاتیکان دەستیپێکرد . ئەمڕۆ تیۆری ( ئاوەز”عقل” و باوەڕ) ، دوو بنەمای سەرەکی بیری ئاییناس و پاپای رۆما ، جۆزێف راتسینگەر بێندیکی شانزەن.  هەموو 40 ساڵە  ئەو سوێندە لابراوە ،   کەلە ساڵی 1910  بۆ قەشە کاتۆلیکەکان  و مامۆستاکانی ئایینی دانرابوو ، کە  دەبوو سوێندیان بخواردایە  کەدژی پرۆسەی مۆدێرنیزمن . لە سەدەی بیستەم دا بەشێوەیەکی بنەڕەتی پرۆسەی جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت ،  بوو بە بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگای  ئەوروپی و بەشێوەیەکی جددیانە سەپێنرا.
لە ساڵی 1968  پیتەر بێرگەر ، کە پسپۆرێک بوو لە بواری ئایینەکان ، ووتارێکی لە رۆژنامەی نیۆرک تایمزدا بلاوکردەوە تێیدا دەڵێت :
(  لە سەدەی بیست و یەکدا ، پێدەچێت ئایینەکان رۆڵییان کەم بێتەوە ، زیاتر وەکو سێکتی بچووک بمێننەوە. هەربۆیە جیهان بەرەو کولتوورێکی  عەلمانی ( سیکولار) هەنگاو دەنێت .)
لەکاتێکدا ئەمە تیۆریە ئەمرۆ زیاتر وەکوو وەهمێک دەبینرێت. پیتەر دیسانەوە لەسەر هەمان باسی سیکولاریزم ، کتێبێکی نوێی بەناوی ( شارستانی بوونی نوێی جیهان) نووسی . لەم کتێبەیدا ( تێزە کۆنەکەی خۆی ، بە  هەڵەیەکی گەورە دادەنێت) . لێ دیسانەوە تەرکیز دەکاتەوە لەسەر ( عەلمانی بوونی جیهان) . دیارە ئەو شێوازی عەلمانی بوونی ئەوروپای ، بۆ جیهان پێ باش نییه . بەڵکە بە پێچەوانەوە ئەو پێی وایە ، کە رۆئاوای ئەوروپا لەچاو جیهاندا تایبەتە ، چونکە لەهەموو جیهاندا ، جگە لە ئەوروپا ئایین بەرەو بەهێزبوونی دەچێت . دیارە ئەم بەهێزبوونە تەنها ئایینە ئاسمانیەکان ناگرێتەوە ( جوولەکە ومەسیحی و ئیسلام) ، بەڵکە ئایینەکانی تریش دەگرێتەوە ، وەکوو بودی و هیندۆسی  و شەنتوویی .
باشترین نموونە بۆ گەشەسەندن و بەهێزبوونی ئایینەکان لە جیهاندا ، بەهێزبوونی بزاڤە ئیسلامیەکان و بزاڤی ( مەسیحیە نوێیە راستەکانی) ئەمریکایە .
ئەم دوو بزاڤە ، لە ماوەی 30 ساڵی رابوردودا بەشێوەیەکی گشتی گەشەیان سەندووەو گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ ئەم دوو بزاڤە تێیدایە . بەو شێوە نامۆیی و ترسناکەی ، هیچ کاتێک بزاڤی فوندەمینتالیزمی ( توندڕەوی) ئایینی سەرهەڵنەداوە. هیچ کاتێک نەبۆتە هۆیە ئەوەی کە جیهان لە مۆدێرنیزم ڕابگرێت . گەشەسەندنی گلۆبالیزم وا دەکات ، کە قەبر بۆ کۆن دروست بکات و بیهەژێنێت و ئاسایشی لەق بکات .  گلۆبالیزم و فوندەمینتالیزم ، هەردووکیان وەکوو  دوو دیوی دراوێکن . مارتین ڕیسەبرۆت ، کە سۆسیۆلۆگێکەو لە شیکاگۆ دەژی ، کتێبێکی نایابی بەناوی ( گەڕانەوەی ئایین) نووسیوە ،زۆر بە جوانی شرۆڤەیەکی باشی دەربارەی فوندەمینتالیزم کردووە. مارتین دەڵێت :
( گەڕانەوەی ئایین ، وەکوو فۆرمێکی هاوچەرخ وایە ، کە دژی پرۆسەی مۆدێرنە دەوەستێتەوە. ئەم بزووتنەوەیە ، هەروەکوو بزووتنەوەی ” رۆمانسی” کەلەسەردەمی ڕێنانسازدا ، دژی مۆدێرنە وەستایەوە  ).
مارتین ڕیسەبرۆت پێی وایە ، کە  بەهێزبوونی تەوژمی فوندمینتالیزم لە جیهاندا  ، وەکوو ( بزاڤێکی نەیار،دژ) بە واقعی کۆمەڵگاکانە. واتە دوورە لە راستی ژیانی ئەمڕۆوە.  پاشان دەڵێت :
( ئەم بزاڤانە پێیان وایە کە بۆ دەربازبوونی لە کێشەکانی ژیانی ئەمڕۆ ، دەبێت ئێمە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی ئایین و بەپێی ئەو نەریتانە هەڵسووکەوت بکەین ، کە نەوەکانی پێشتر دەیانکرد .)
واتە  بۆئەوەی کێشەکانی ئەمڕۆ چارەسەر بکەین، دەبێت پشت بە نەریتە کۆنەکان ببەستین .  بۆ نموونە ئێران .

ئێران /
شۆرشی ئێران ساڵی 1979  ، توانی سەربکەوێت ، چونکە رژێمی دیکتاتۆری محەمەد رەزا شای پەهلەوەی ، کۆمەڵگای ئێرانی تووشی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی زۆر کردبوو ، کە چارەسەریان ئاسان نەبوو. شا رژێمێکی ئۆتۆکرات بوو ، کە پشتی بە سیستەمێکی عەلمانی بەستبوو، لەهەمان کاتیشدا لە ڕووی سیاسەتی دەرەکی و جیهانیشەوە، دۆستی نزیکی رۆئاوا بوو، بەتایبەت یەکێک بوو لە هاوپەیمانە گرینگەکانی ئەمریکا . ئەم رژێمە ڕووخاو لەناوچوو ، چونکە چینی ناوەراست و کرێکاران ، خۆیان بە زەرەرمەندی سەرەکی ، لەم سیاسەتەی شا دەبینیەوە و هەر ئەم سیاسەتشیان بە بەرپرسی سەرەکی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی خۆیان دەبینیەوە  . هەر بەم شێوەیەش بزاڤە فوندەمینتالیزمە شیعەگەرایەکەی ئایتەووڵا خومەینی سەرکەوتنی بەدەستهێناو توانی جەماوەرێکی زۆر  لەدەوری دورشمەکانی ، کە دژی  مۆدێرنیتەی رۆئاوا  و ئەمریکا هەڵیگرتبوون ، کۆبکاتەوە.

القاعیدە/
فۆرمێکی تری تایبەتی فوندەمینتالیزمی ئیسلامی  کە تیرۆر لە هەموو جیهاندا دەکات ، رێکخراوی القاعیدەیە . ئەم ڕێکخراوەو هاوشێوەکانی ، ساڵانێکە ترسێکی گەورە لە جیهاندا بڵاودەکەنەوە .
ئوسامە بن لادن و هاوڕێکانی ، باشترین کەس کە یارمەتی داون ، دەزگای هەوالگری ئەمریکا ( CIA)  بوو. ئەگەر ئەو یارمەتیانە نەبوونایە ، ئەمڕۆ ئەوان نەدەگەیشتنە ئەم ئاستەی ئەمڕۆیان .
کاتێک کۆمەڵێک جەنگاوەری سەرلێشێواو دەستیان بە جەنگ لە دژی لەشکرکێشی یەکێتی سۆڤێتی ( بێ باوەڕ) بۆ سەر ئەفگانیستان کرد ، لەهەموو جیهانی ئیسلامدا ئەمە بە جەنگێکی پیرۆز لەدژی بێ باوەران دانرا و بە جەنگێکی ڕەواو ئایینی پیرۆز لە قەڵەم درا. پاش تەواوبوونی جەنگ ، خوێندکارەکانی ( CIA) ، دەستیانکرد بە جەنگێکی گشتی لە جیهاندا لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ساموێل هینتینگتن ، پۆلیتیکیۆلۆگی کۆنزەرڤاتیفی ( کۆنەپارێز) ی ئەمریکی ، پێی وابوو کە رۆئاوا و جیهانی ئیسلامی تووشی  ( جەنگێکی  کوولتوری) دەبن .  جێگای ئاماژەی ئەمە ناونیشانی ووتارێکی ساموێل هینتینگتن بوو ، کەلەساڵی 1993 لە گۆواری Foreign Affairs بڵاویکردەوە . بەلام پاشتر بەڕوونی لەکتێبەکەیدا ، ئەم تیۆریەی خۆی باشتر رووناکردەوە.  ڕووداوەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 ، لای زۆر کەسەوە وەکوو نیشانەیەک بۆ دەستپێکی ” جەنگی کوولتووری” دانرا. لەگەڵ تەواوبوونی جەنگی سارد لە نێوان کەپیتالیزم و سۆسیالیزم ، دەستکرا بە بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک دروشمی کاریگەری تر . بە دڵنییایەوە پەلامارە تیرۆریەکان بۆ سەر ئەمریکا ، هیچ مانای ( جەنگی کولتووری) ناگەیەنێت.
خەڵکانێکی زۆر رەخنەی جددیان لە تیۆریەکەی هینتیگتن گرت  و پێیان وابوو کە پشتی بە چەند میتۆدی هەڵە بەستووە: بۆ نموونە هیچ جیاوازیەکی لە نێوان زۆرینەی جیهانی موسڵمان  کە خەڵکانی میانڕەون ، لەگەڵ کەمینەیەکی سەرلێشێواوی توندڕەو ڕق و کینە لەدڵ نەکردووە.  هەروەها جیاوازیەکی زۆریش لەنێوان کوولتوری وڵاتە ئیسلامیەکان دا هەیە ، بۆ نموونە کولتووری ئەندەنووسیا لە بۆسنە جیاوازە ، یان توورکیا و عەرەبستانی سعودی  جیاوازن .
 بە پێی بۆچوونی هیتینگتن ، ئیسلام  مێژووی – ئێستای- داهاتووی  ، بریتییه لە یەک زنجیرەی نەپساو. هەتا ئەوکاتەی  ئیسلام وەکو ئیسلام بمێنێت ( کە دڵنییام هەرواش دەمێنێت) رۆئاواش وەکوو  رۆئاوا دەمێنێتەوە ( هەرچەندە زۆر دڵنییا نیم لەمەیان ) . ئەم  ململانێ فوندەمینتاڵە ( توندڕەویه) ، لەنێوان هەردوو کوولتور و شیوازە ژیانە گەورەکەی جیهان   ، بەردەوام دەبێت . هەروەک چۆن ئەم جەنگە مێژوویەکی 1400 ساڵەی لە نێوان ئەم دوانەدا هەیە .
لەنێوان شیعەو سوونەشدا تەنها جارجار ململانێ ناکەن ، بەڵکە لەگەڵ یەکتری دەکەونە جەنگەوە ( بۆ نموونە ئەمڕۆ لە عێراقدا جەنگێکی ناوخۆیی گەورە لە نێوان ئەم دوو مەزهەبەدا هەیە) .
هەروەها  لە جەنگی عێرا ق  و ئێران دا ، لەم جەنگەدا کە هەزاران کەس بوونە قووربانی ، لەکاتێکدا زۆرینەیەکی شیعە مەزهەب ، ناچارکران جەنگ لەگەڵ برا ئایینەکانی خۆیان بکەن . هەروەها ئەمڕۆ بەشێکی زۆری قووربانیانی ئەو پەلامارە تیرۆرستیانەی کەلە عێراق ئەنجام دەدرێت ، برتین لە خەڵکی مووسڵمان .
لە ڕاستیدا جەنگی نێوان ئیسلامی توندڕەو رۆئاوای سیکولار ” بێ باوەڕ”  کە بەداخەوە بەردەوامە ، ئەمەش وامان لێدەکات ، کە جارێکی تر پشت بە تێزە  کۆنەکەی ( دوژمنی ، دوژمنەکەم دۆستمە ) .  سیاسیەکان و پیاوانی یەکەمی ئایینی ، ترسی ئەوەیان هەیە ، کە نەهێڵن جەنگ لە نێوان ئەم دوو کولتوورە گەورەی جیهاندا ڕوو بدات و دژی تێزەکەی هنتینگتن بوەستنەوە. پاپای رۆما بێندیگی شانزە ، لە نامەیەکدا ، بۆ سەرانی ئۆتۆریتێت ” دیکتاتۆر، ملهوور” ئیسلامی ، داوای لێکردوون ، کە پێکەوە بکەونە گفتووگۆ و بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێت و ڕێگا لە جەنگ و ململانێی توند بگیرێت .  هەروەک چۆن توندڕەوی ئیسلامی ، نامۆ و بێگانەیە بە ئەوروپا . بەهەمان شێوەش توندڕەوی مەسیحیە ئەمریکیەکانیش ، بۆ ئەوروپا و جیهان  جێگای سەرسوورمان و تێرامانە .
 ( مەسیحیە نوێکان )  تەنها دیدێکی ئایینی نوێیان نییە ، کە خۆی لە تەعمید یان پەروەردەوە ببینێتەوە، بەڵکە ئەمان باوەریان وایە ، کەدەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی مەسیح و بەهەمان شیوەی ئەو هەڵسووکەوت بکەین . سەرۆکی ئەمریکا جۆرج دەبلیو بۆش ، خۆی و بەشێکی زۆری کابینەکەی ، ئەندام و هۆگری ( مەسیحیە نوێکان ) بوون . هەربۆیە ئەمان جیهانیان بەسەر دوو تەوەری دژ بەیەک دابەشکردبوو، جیهانی باش و جیهانی خراپ . وە ئەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر  سیاسەتی گەورەترین زلهێزی جیهان بوو . مێژووی ئایین لە ئەمریکا ، تەواو جیاوازە لە مێژووی ئایین لە ئەوروپادا .  ئەمریکا کە وڵاتێک بووە لەسەر بنەمای پەناهەندە وەستاوە ، Pilgrim Fathers  ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە. لە ئەوروپا و جیهانەوە ، پەنابەران و ئاوارەکان کەلە هەموو جیهانەوە ، لەدەستی زووڵم و زۆری دەسەڵاتدارەکان بەرەو ئەمریکا هەڵهاتوون. بەشێکی زۆریان لەبەر ئایین یان باوەریان وڵاتیان بەجێهێشتووەو بەروە ئەمریکا هەڵهاتوون . جێگای ئاماژەیە لە ئەمریکاش دەوڵەت و کەنیسە لەیەکتری جیاکراونەتەوە، بەڵام بەو شێوەیەی ئەوروپا نەبووە. هەروەها بەهیچ شێوەیەکیش ئامانجی لەناوبردنی ئایین نەبووە.  لێ هیچ کاتێکیش لە ئەمریکادا چ پرۆتستانت یان کاتۆلیک  ، هەرێمێکی داگیرکراوی تایبەت بەخۆیان نەبووە  ، هەروەک لە ئەوروپادا بوونی هەبوو ، بەتایبەت لە سەردەمی ریفۆرمی ئایینیدا.  لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ، کەمینەیەکی ئایینی توندڕەو ، هەڵمەتێکی گەورەیان دژی تێزی داروین دەست پێکرد، بەڵام زۆرینەی ئەمریکایەکان ، هیچ کێشەیان لەگەڵ مەسەلەی ڕێنانساز و ئایین نەبووە.  بەم شێوەیەش زۆر بەئاسانی و ئاشتیانە ، دەولەتێکی عەلمانی”سیکولار”  و پلورالیزمی ئایینی   ، پێکەوە ژیاون و گەشەیان سەندووە. 
بەڵام چۆن ئەم حالەتە کاردەکات؟ . لە کاتی ڕووداوەکانی  11 سێپتەمبەردا  لە تەلەفزیۆنەکانەوە بینیمان ، کە لە نیۆرک ، هەموو خەڵکی کەسەر بەچەندین ئایینی جیاوازبوون ، هەموویان لەماتەمینی ئەم شارەدا بەشداربوون . لێ  بەهێزبوونی فوندەمینتالیزمی مەسیحی ئەمریکا وایکردووە ، کە سیستەمی سیکولاریزم و پلورالیزمی ئەمەریکی بخاتە ژێر پرسیار و ترسەوە .

ژنە رۆژنامەوانی ئەمریکی  بەربارا ڤیکتۆر ، لە کتێبەکەیدا ” Beten im Oval Office ”  چەند دەرئەنجامێکی گەورەو راشکاوانەی بە دەرخستووە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە ئەو کردوویەتی ، لە 60% ی ئەمریکایەکان ، لەو باوەرەدان ، کە ئایین ڕۆڵێکی سەرەکی لەژیانیاندا دەگێڕێت. ئەمەش زۆرترین ڕێژەیە لە وڵاتە پیشەشازیەکان جیهان  پێک دەهێنێت . لە 86% ی دانیشتوانی ئەمەریکا سەر بە ئایینی مەسیحین. زۆرینەشیان سەر بە مەزهەبی پرۆتستانت و سەر بە گرووپی ( مەسیحیە نوێکانن). جێگای ئاماژەیە ، لەو 120 ملیۆن دەنگەی کە وایکرد جارێکی تر جۆر دەبلیو بۆش ، ساڵی 2004 ببێتە سەرۆک ، 1/5 یان سەر بە گرووپی مەسیحیە نوێکان بوون .  هەر بەپێی ئەو لێکۆلینەوەیە ، لە 58.7 % ی ئەمریکایەکان ، باوەڕیان بە عەقیدەی ( مەسیحیە نوێکانە)  و پێشیان وایە کە کۆتایی جیهان  بریتییه لە جەنگی نێوان مەسیح و شەیتان . هەروەها لە 40.9% ی ئەمریکایەکان ، پێیان باشە کەدەستووری وڵاتەکەیان بگۆرێن ، بۆ دەستوورێک کە ئەمریکا بکاتە ( نەتەوەیەکی مەسیحی) . واتە تەنها مەسیحی تێدا بژی .  بەربەرا ڤیکتۆر ، لەم کتێبەیدا ،  لە دەنگە دژوارەکانی فوندەمینتالیزمی ئەمریکی ئاگادارمان دەکاتەوە . باڵکشانی باری نائارامی و نائاسایشی  بەسەر ئەمریکایەکاندا ، بەتایبەت لەم سی  ساڵەی دواییدا ، وای لێکردوون کە بگەنە دوو دەرئەنجامی خراپ .
یەکەمیان  :  گۆڕینی  ئەو هەیکەلەی کە ئەمریکا لەسەر دامەزراوە. ( واتە گۆرینی دەزگا و بنەماکانی سیستەمی ئەمریکی )
دووەمیان :  پەیدابوون و بەهێزبوونی گرووپی ( مەسیحیە نوێکان )
 بەدیلگرتنی ئەمریکایەکان لە تاران ( ساڵی 1979) ، هەروەها پەلامارە تیرۆرستیەکەی 11 سیثتەمبەری 2001  کاریگەری زۆری کردە سەر کۆمەڵگای ئەمریکی . خاڵێکی تریش کە گرینگە ، بەهێزبوونی  گرووپی ( ئیڤانگیلەکان )  . دیارە ئەم گرووپەو فوندەمینتالە مەسیحیەکان جیاوازیان لە ڕووی تێگەیشتنیان بۆ مەسیح و دەقە کۆنەکانی هەیە ، بەڵام لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ، هەردووکیان وەکوو یەک بیردەکەنەوە .  بەڵام زۆرجاریش ئینڤانگیلەکان دژی سیاسەتەکانی جۆرج بۆش وەستانەوە ، بۆ نموونە ئەوان دژی ئەو سیاسەتە بوون ، کە بۆش لە بارەی ژینگە پارێزیەوە دەیگرتە بەر . بە واتایەکی تر ، هەموو کارێکی فوندەمینتالیزمەکان ، دژی  سیستەم و کۆمەڵگای سیکولار نییه . لێ دەبێت ئەوەمان باش لە بەر چاوبێت ، کە رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگای ئەمریکدا زۆر بەهێزترە تا رۆڵی لە سیاسەتدا  .
دیدی ناسیۆنالیست وکۆنەپارێزی و ئایینی فوندەمینتالیستەکان ، دژی بیری لیبرال و جیهانی کراوەی مەسیحیەکان دەوەستێتەوە.  ئەمان زیاتر پشت بە پرەسنیبەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبەستن و زیاتر خۆیان لە تێزەکانی رابەری گەورەی ئەمریکا ، مارتین لۆتەر کینگ دەبیننەوە .
هەربۆیە ئەم مەسیحیانە ( واتە مەسیحیە لیبرالەکان ) رۆژانە  دژی جۆرج دەبلیو بۆش ، دژی جەنگی عێراق ، دژی سزای ئیعدام  ، خۆپیشاندان و مانگرتن دەکەن  .
لێ ئەوەی تەنها دەمێنێتەوەو جیاوازە ، رۆئاوای ئەوروپایە . لەکاتێکدا لە هەموو جیهاندا ئایین و بەهێزبوونی گیانی ئیمانداری ، بەهێزتر و زیاتر دەبێت . بەڵام پرسیاری گرینگ ئەوەیە ئایا ئەم حالەتە  تا چەندە ئاوا دەمێنێتەوە ؟ .  هەندێک کەس لە ئەڵمانیا بەشێوەیەکی زۆر گەشبینانە ، دەڕواننە ئەوەی کە جارێکی تر رۆڵی ( ئایین دەگەڕێتەوە ) . بەڵگەشیان بۆ ئەمە ئەوەیە ، کەلە کاتی مردنی پاپ یوهانس پاوڵ ( ساڵی 2005) ، لەهەموو ئەڵمانیادا ،جەماوەرێکی زۆر بەشداری ماتەمینی بوون . بەلگەیەکی تریشیان لەکاتی هاتنی پاپای نوێی بنێفیگی شانزە بۆ شاری کۆڵن ، بە بۆنەی جەنگی گەنجانی جیهان ،  جەماوەرێکی زۆر  ئامادەی هاتنەکەی بوون  و پێشوازیەکی زۆر گەرمیان لێکرد.
بەڵام زۆرکەس پێیان وایە ، کەئەمە رووداوێکی ئاسایی بووە، ناکرێت بکرێتە بنەمایەکی زانستی یان فکری بەهێز ، بۆ ئەوەی بڵێین کە جارێکی تر رۆڵی ئایین دەگەڕێتەوە. بەڵکە ئەمە زیاتر دەچێتە قاڵبی رووداوێکی مێژوویە ، ناکرێت بکرێتە بنەما بۆ شتێکی فکری مەزن .  بەڵام زۆرکەسیش هەن کە گەشبینن ، بۆ نموونە یەکێک لەوانە قەشە ڤۆڤلگانگ هوبێرت، کە ئەندامی سەرکردایەتی کەنیسەی برۆتستانە لە ئەڵمانیا . دیارە ئەمیش یەکێکە لە قووربانیانی بیری گەشبینی بە گەڕانەوەی ئایین. قەشە هوبێرت ، لەم ساڵدا تێزێکی نووسی کە تێیدا دەڵێت  :
( لە هەموو  بوارێکی کولتووری یان کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیا ، هەست بە گەڕانەوە رۆڵی ئایین دەکەین )
بەڵگەشی بۆ ئەم بۆچوونەی ئەوەیە ، کە ئەمڕۆ لە هەموو کتێبەکاندا ، فیلمەکان ، بەرنامەی تەلەڤزیۆنیەکان ، بەشێوەیەکی گشتی بابەتی ئایینی تێدایە .  هەروەها لە کاتی بوون بە سەرۆکی ، سەرۆکی نوێی ئەڵمانیا هۆرست کۆلەر ، بە ئاشكرا ووتی ( خودا وڵاتەکەمان بپارێزێت).
لێ ئەو بۆچوونە لاوازانە ناتوانن ببنە ، پڕەنسیبێکی گەورە تا بە ئێمە بڵێین جارێکی تر ڕۆڵی ئایین دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا .  بەهەمان شێوە بەڵام کەمتر لەدژی ئەم بۆچوونەدا ، بیرمەند و فەیلەسووف هێربەرت شنێدلباخ لە رۆژنامەی ( دی تسایت) لە ووتارێکدا دەڵێت :
( ئەمڕۆ ئێمە لە رۆئاوای ئەوروپادا ، ئەو حاڵەتەی کە ئەمڕۆ ئایینی تێکەوتووە ، دەتوانین بە پۆستریلیگیۆن ( پۆست ئایین) ی دابنێین ) .

بۆچوونێکی تر کە دژی ئەم بۆچوونەیە ، ئەویش بیرمەند و فەیلەسووفی ناودار یورگن هابەرماسە . ئەو پێی وایە
( کە دەبێت لە جیهاندا سیستەمی سیکولاریزم بەرجەستە بکەین و ئەو سیستەمە حکومی جیهان بکات . واتە ئێمە پێوستیمان بە جیهانێکی سیکولارە )
چەند هەفتەیەک پاش رووداوەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 ، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی پێشانگای کتێبی فرانکفۆرت ، هابەرماس بەرگری لە کۆمەڵگای سیکولار و ئایینی کرد .  ئەو زۆر بە جوانی شیکردنەوەیەکی کرد. هابەرماس پێی وایە:
(  کە جیهانی ئەمڕۆ بریتییه لە  ململانێیەکی توند لە نێوان هێزە بەرهەمهێنەکانی کەپیتالیستی جیهانی و ئایینە بەهێزەکان و کەنیسە دا )
هەردوو دەکەونە هەڵەیەکی گەورە ، هەردوولا هەوڵ دەدەن لە جەنگی خۆیاندا ( سیکولاریزم بچووک بکەنەوە) . هەردووکیان لەدژی یەکتری بەکاریدەهێنن . لێ پۆست سیکولاریزم ، دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە ، کۆمەڵە ئایینیە توندرەوەکان ، ناچار دەبن بە سیکۆلاریزم رازی بن و ئەم سیستەمەش بەشێوەیەکی تەواو دەسەپێنرێت .
بەدڵنییایەوە چاودێریکردن و لێکۆڵینەوەیە لەم بابەتە شتێکی نوێی نییه ، هەروەها دەستەواژەی ( پۆست سیکولاریزم) یش نوێ نییه . ماوەیەکی زۆرە خەڵکانێکی زۆر گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ( کە ئایین خۆی لەناو فەزایەکی ( کەشێکی)  سیکولاردا دەگونجێنێت ) . وە ئەم دەستەواژەیەی کە هابەرماس بەکاریهێناوە ، زیاتر ئاماژەیە بۆ  شیکردنەوەو وەسفکردنی کۆمەڵگا .
زاناکان نەبوونە هەڵگری بیرێکی ئایینپەروەرانەوە توندڕەوانە . بەڵام  نیشانەی لەناو چوون و خۆرئاوابوونی ئایین بەدەردەکەوێت . لەکاتێکدا سزا و تاوان لەڕوانەگەی دینەوە ناپێورێت ، بەڵکە لە ڕێگای یاسایەکەوە دەپێورێت ، کە مرۆڤ خۆی داناوە . واتە یاساکانی مرۆڤ ، جێگای یاساکانی خودا دەگرنەوە. هەرئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبەن ، کەپەیامی خودا ، ئەو رەونەقەی جارانی نەمێنێت. بەناوبانگترین دیالۆگ کەلەم ماوەیەدا ڕوویدا ئەو بوو، کە لە نێوان هابەرماسی فەیلەسووفی و پاپا بنێدیگی شانزە روویدا. لەم دیالۆگەدا نزیکبوونەوەیەکی باش ڕوویدا.
هابرەماس داوا دەکاتە :
( ئەمڕۆ لە سەردەمی گلۆبالیزم دا ، تاکە رێگا چارە ئەوەیە ، کە هاریکاری یەکتری بکەین و پێکەوە بژین و پێکەوە بەدوای چارەسەری کێشەکاندا بگەڕێین .)
باوەڕ ، ئاوەز، گوومان ، پێویستە هەموویان پێکەوە بن و پێکەوە کاربکەن .

پەراوێزەکان /

* ئەم گروپە لە ئەمریکا زۆرن ، خۆیان بە مەسیحی نوێ دادەنێن . جارێکی تر دەیانەوێت کۆمەڵگا لە ڕووی ( سیاسی و فەرهەنگی ، ئابووریەوە) لەسەر بنەمایەکی مەسیحیانە دابرێژنەوە. 

** لەئەڵمانیا لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی نازیەکانەوە، جۆرە باجێکیان هەیە ، کەپێی دەڵێن باجی کەنیسە. دەبێت هەموو کەسێک لە مووجيکەی خۆی ، باج بدات بە کەنیسە. جێگای ئاماژەی ئەمە سیاسەتێکی هیتلەر بوو بۆ ئەوەی کەنیسەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشێت. هەتاوەکوو ئەمرۆش ئەم سیاسەت لە ئەڵمانیادا ماوەو دەبێت خەڵکی کە باوەری بەکنیسەی مەسیحی هەیە ، باج بدات .

*** سێکت . مانای گرووپێکی بچووکی ئایینی  دەگەیەنێت، کە زیاتر لەناوخۆیاندا دەژین و نایانەوێت تێکەڵی خەڵکی تر و ئایینی تر بن . بەهەموو شێوەیەک دژی تێکەڵ بوونی ئەندامانیانن لەگەڵ ئایینەکانی تردا

سەرچاوە /
Der Einfluss der Religion auf Politik und Geselsschaft.  . Rainer Traub.
Spiegel Special. NR.9.2006

Previous
Next