مه‌رگی تراژیدیا
درایدن له وتاری “ده‌رباره‌ی هونه‌ری درامانوسی” ده‌ڵێت: هیچ وه‌رگێڕانێكی شانۆنامه فه‌ڕه‌نسیه‌كان له شانۆی به‌ریتانیادا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و نابێت. مه‌به‌ستی له تراژیدیای كلاسیزمی نوێی فه‌ڕه‌نسا بوو، تا هه‌نوكه‌ش(1961) ئه‌و باوه‌ڕه‌ی درایدن ره‌ت ناكرێته‌وه. له‌َگه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا، خودی ئه‌و راستیه وروژێنه‌ره و چه‌شنی یه‌كێك له گرفته ئاسته‌مه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بیات وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. به بۆچونی فه‌ڕه‌نساییه‌كی شاره‌زا وه‌ك رۆژ رۆشنه كه كۆرنی و راسین یه‌كێكن له به‌رجه‌سته‌ترین مامۆستایانی شیعری جیهان. ره‌خنه‌گرێكی وه‌ك برۆنتێر به‌و ئاسته فراوانه‌ی زاناییه‌وه ده‌توانێت بڵێت كه خوێندنه‌وه‌ی دراما ده‌بێت شانۆنامه‌نوسه‌كانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌می ئیسپانیا و سه‌رده‌می ئه‌لیزابێت بگرێته‌وه، به‌ڵام بۆ موتاڵا كردنی تراژیدی ته‌نیا پێویسته سه‌رنجی یۆنانیه كه‌وناراكان و كلاسیسته فه‌ڕه‌نسیه‌كان بدرێت. ئه‌و به‌یته دوازده سه‌رواییانه ی كۆرنی و راسین شانۆنامه‌كانیان له‌سه‌ر ده‌نوسینه‌وه، كه‌مێك له‌و پێكهاته به‌هێزه‌ی خۆیان به‌خشیه ئاخاوتنی فه‌ڕه‌نسایی و به‌شێكی گه‌وره‌ی ئاوازی ره‌وانبێژانه‌ی ژیانی خۆجه‌یی فه‌ڕه‌نسا له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. رۆمانتیكه‌كان كۆشان كۆرنی و راسین له‌و پێگه بڵنده‌یانه‌وه كه باڵیان به‌سه‌ر كه‌شی ناوه‌كی فه‌ڕه‌نسادا كێشابوو، بكێشنه خواره‌وه. به‌ڵام شكستیان خوارد و ئێستا كه ئاوڕ له رابردوو ده‌ده‌ینه‌وه ده‌بینین هه‌راوزه‌نا شه‌ڕخوازانه‌كانی ڤیكتۆر هۆگۆ و قسه‌كانی گوتیه له‌و جنێوانه ده‌چن كه مناڵه عه‌جوله‌كانی قوتابخانه‌كان به خه‌تێكی ناشرین له‌سه‌ر دیواره‌كان ده‌ینوسن. ئاندرێ ژید ، كه هه‌رگیز كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌گه‌رای توندڕه‌و و خۆپه‌رست نییه، ئه‌و بۆچونه‌ی ره‌ت كرده‌وه كه ستاندال له قۆناغی رۆمانتیكیه‌تی خۆیدا رایگه‌یاندبوو. ژید هه‌ستی ده‌كرد پێویسته نوسه‌ری فیده‌ر وه‌ك نوسه‌رێكی دراماتیكی نایاب له نوسه‌ری هاملێت به مه‌زنتر بزانین. مه‌به‌ستی ژید له‌و قسه‌یه ئه‌وه‌بوو كه له درامای سه‌رده‌می ئه‌لیزابێتدا زۆرجار شیعر به‌سه‌ر كرداردا زاڵه. له كاركردی راسیندا شتێك نییه له ئامانجی تراژیك زیاتر بایه‌خی پێ بدرێت.
به‌ڵام ئه‌م شه‌رابه مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌ی نابێت. له ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، چێژ وه‌رگرتن له كاره‌كانی كۆرنی و راسین ته‌نیا خه‌ڵكانی شاعیر و پسپۆڕ ده‌گرێته‌وه. سید، هۆراس، فیده‌ر یان عه‌ته‌لیا ، هه‌ندێ جار نمایش ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش نه چه‌شنی شانۆیه‌كی زیندوو به‌ڵكو وه‌ك به‌رهه‌مێكی مۆزه‌خانه‌یی. كلاسیزمی فه‌ڕه‌نسا له‌نێو چ ئه‌ده‌بیاتێكی بێگانه‌دا وه‌كو هێزێكی دروستكه‌ر كاری كردوه؟ هیچ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی كه له رووی بایه‌خ و شكۆی زاتیه‌وه به‌و به‌شه‌ی ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسا به‌راورد بكرێت به‌م جۆره له بواری كاركردندا سنوردار نه‌بووه. گومان له‌وه ناكرێت كه گرفته‌كه په‌یوه‌ندی به وه‌رگێڕانی خراپه‌وه نه‌بێت. ئه‌ده‌بی به‌رجه‌سته هه‌میشه سنوره‌كان ده‌به‌زێنێ، ته‌نانه‌ت گه‌ر به خراپیش لێیان تێبگه‌ین و خراپیش بگوێزرێنه‌وه. ئۆریستی، هاملێت و فاوست هه‌رچه‌نده ناوه‌خنه شیعریه‌كه‌یان وه‌رگێڕانی مه‌حاڵه، به‌ڵام به میراتێكی جیهانی ناو ده‌برێن. پێده‌چێت هۆكاره‌كانی بیرۆكه‌سازیی، كاراكته‌ر دروست كردن و دیالۆژی ئه‌و به‌رهه‌مانه، بۆ “گواستنه‌وه” بۆ سه‌ر ئه‌و زمانانه‌ی ته‌واو نامۆن به زمانه ره‌سه‌نه‌كه یان زمانێكی لاوازن، توانایه‌كی ته‌واوه‌تیان له خۆیاندا هه‌ڵگرتبێت. تا ئێستاش ئه‌نتیگۆنا یان مه‌كبێس به زمانی مۆدێرن، خه‌یاڵی مرۆ راده‌كێشن. گومان له‌وه‌دا نییه كه نائاماده‌یی كرداری جه‌سته‌یی له تراژیدیای كلاسیكی فه‌ره‌ِنسییدا سه‌رجه‌م باره واتاییه‌كه ده‌خاته سه‌رشانی زمان. به‌ڵام ئه‌مه ده‌رباره‌ی زۆربه‌ی دراما یۆنانیه‌كانیش به هه‌مان شێوه‌یه. باوه‌ڕ كردن به‌وه‌ی گوایه له شیعری فه‌ڕه‌نسییدا جۆره به‌رگرییه‌كی زاتی سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕان بونی هه‌بێت، ئاسته‌مه. راسته هه‌ر كاتێك كه شیعرێكی نایاب بۆ سه‌ر زمانێكی تر ده‌گوێزرێته‌وه، به‌شێك له مه‌زنی خۆی ده‌دۆڕێنێ. به‌ڵام شتێڤان جۆرج و ریلكه ده‌ریانخست چۆن زۆر به جوانی ده‌كرێت فۆلكلۆرترین شیعره فه‌ڕه‌نسیه‌كان بگوێزرێنه‌وه بۆ سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانی، ئه‌و زمانه‌ی خاوه‌ن رێزمانێكی ته‌واو جیاوازه. یان ته‌ماشایه‌كی سه‌ن ژوان پرێس بكه‌ن، ئه‌و شاعیره‌ی زیاد له پێویست بایه‌خیان پێداوه و به‌چاوی خۆتان ببینن وه‌رگێڕانی ئه‌م دواییانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زمانی ئینگلیزیی چ جیلوه‌یه‌كی به‌خشیوه‌ته سه‌بكه نامۆ و ئاڵۆزه‌كه‌ی.
تی یری مالنیه، له پێشه‌كیه‌ك له‌سه‌ر شیعری فه‌ڕه‌نسا دا، به به‌ڵگه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه شیعری فه‌ڕه‌نسی زیاتر له هه‌ر شیعرێكی تر له دوو هۆكاری جیهانی كلتوری گشتی و زاراوه‌ی ناوخۆیی به‌دووره. ئه‌و زمانه كه‌ڵك له‌و كه‌ره‌سته‌یه وه‌رده‌گرێت كه له لایه‌ن نه‌ریتی ئه‌ده‌بی پێشووی خۆیه‌وه پاكژ كراوه‌ته‌وه. بابه‌تی زۆربه‌ی شیعره فه‌ڕه‌نسیه‌كان هه‌مان شته نه‌ریتیه‌كانی پێشووی شیعری فه‌ڕه‌نسایه. ئه‌و شیعره هونه‌رێكه ته‌نیا له‌پێناوی هونه‌ردا. ئامرازی نوسینی گه‌لێ تایبه‌تی و ئه‌بستراكه و له‌نێو هه‌ناویدا هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌و خاكه لێوان‌لێو له ئه‌فسانه و ئه‌و هه‌سته سه‌ره‌تاییانه نابینینه‌وه كه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگی ئۆدیب، شا لیر، یان فاوست بگاته ئه‌وپه‌ڕی سنوره جوگرافی و زه‌مه‌نیه‌كان.
گه‌ر ته‌نانه‌ت ئاسته‌می شێوازی تایبه‌تی كاری ئه‌ده‌بی باوی فه‌ڕه‌نساش وه‌لابنێین، ئه‌ی چۆنه كه نمایشكردنی واقیعی به‌رهه‌مه‌كانی كۆرنی و راسین له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی فه‌ڕه‌نسا زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌بنه جێگه‌ی سه‌رنج؟ سینا و ئه‌ڤگینیا پێویستیان به‌وه‌یه خۆمان وێنه‌ی كاراكته‌ره‌كان بكه‌ین، به‌ڵام پێشكه‌شكردنی شانۆنامه‌یه‌كی سۆفۆكل یان ئۆپێرایه‌كی مۆزارت یش به هه‌مان شێوه‌یه. درایدن له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو شانۆنامه‌كانی كۆرنی زیاد له پێویست درێژدادڕن. بینه‌ری له‌نده‌نی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ جوڵه‌ی ده‌ویست. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرن ئه‌و نمایشه بێ كردار و جوڵانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هێزی ئه‌ندێشه‌ی بینه‌ر به‌جێهێشتووه. بۆ نمونه شانۆنامه‌ی بریتانیكۆس ی راسین به‌هیچ جۆرێك كرداری كه‌متری له شانۆنامه‌كانی یۆریپیدس له‌خۆ نه‌گرتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و شانۆنامه‌یه زۆریش له شانۆنامه‌كانی شیله‌ر درێژدادڕتر نییه.
بابه‌ته‌كه زۆر له‌وه قوڵتره. ئه‌ده‌بیاتی فه‌ڕه‌نسا به‌شی گه‌وره‌ی هه‌سته‌وه‌ربوونی رۆژئاوای پێكهێناوه. وتاره‌كان ی مۆنتی ، دان پێدانانه‌كان ی رۆسۆ و مادام بۆڤاری خوێنی ره‌وانی نێو سه‌رتاپای جه‌سته‌ی ئه‌ده‌بیاتن. ئێمه تا راده‌یه‌ك هه‌موومان له نه‌وه‌ی ڤۆڵتێرین. به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵه وتاره‌ی كه خودی فه‌ڕه‌نسیه‌كان به مه‌زنیان ده‌زانن له‌بری ئه‌وه‌ی جیهانی بن، وه‌كو میراتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ماوه‌نه‌ته‌وه.
به‌ڵگه‌ی رۆشنم بۆ ئه‌و قسه‌یه‌م هه‌یه. باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هونه‌ری كۆرنی و راسین زیاتر له هونه‌ری ئه‌ودوای شانۆنامه‌نوسان پشتی به كه‌شێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی تایبه‌ت به‌ستووه. ته‌نیا له فه‌ڕه‌نسایه كه بڕێك له‌و هه‌لومه‌رجه پێویسته بۆ تێگه‌یشتن له‌وان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. ژه‌نراڵ دیگۆڵ به زمانی شانۆنامه‌ی هۆراس ی راسین قسه ده‌كات و ئه‌وكاته‌ی پێشنیاری ئاشتی جوامێرانه ده‌داته دوژمنانی، به زمانێك قسه ده‌كات كه ته‌واو هاوشێوه‌ی كاركردی حكومی و زمانی دیبلۆماسیانه‌ی راسینه. له شوێنه‌كانی تری كلتوری رۆژئاوادا ئه‌و رواڵه‌تانه‌ی ره‌وانبێژیی ئه‌وه‌نده بڕستیان نه‌ماوه. له ده‌ره‌وه‌ی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی فه‌ڕه‌نسا، دیدگاكانی تراژیدیای كلاسیزمی نوێ كۆن به‌رچاو ده‌كه‌ون. به‌ڵام بۆ نابێت ئه‌و كۆنیه شكسپیریش بگرێته‌وه؟ ئاسته‌م بكرێت باوه‌ڕ بكه‌ین كه دونیای مرۆڤه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌لیزابێت له دونیای مرۆڤه‌كانی سه‌رده‌می لویسی چوارده‌هه‌م زیاتر له ژیانی ئێمه‌دا ئاماده‌یه. بابه‌ته‌كه زۆر له‌مه ئاڵۆزتره. ساته سه‌رنجڕاكێشه‌كانی به‌رهه‌مه‌كانی كۆرنی و راسین هه‌مان ئه‌و به‌شانه‌ن كه پاش وه‌رگێڕان له هه‌موو به‌شه‌كانی تر خراپتر ده‌رده‌چن. بۆ نمونه، هه‌ستیارترین وه‌رگێڕانی ئه‌م بڕیاره: qu,il mourut له شانۆنامه‌ی هۆراس هیچی ده‌ست ناكه‌وێت. زمانی فه‌ڕه‌نسی و هه‌روه‌ها شێوه‌ی ژیانی فه‌ڕه‌نسی كه زۆر توند پێكه‌وه گرێدراون، بڕێكی زۆر گه‌نبێژی و قسه‌ی به‌باقوبریقی له‌خۆگرتووه كه له كلتوره‌كانی تردا نایبینین. (له‌كاتی وه‌رگێڕاندا) ویقاری زمانی فه‌ڕه‌نسی ده‌چێته‌وه سه‌ر هه‌مان گه‌نبێژی ئینگلیزیی و چه‌نه‌بازیی ئه‌ڵمانی.
له به‌رهه‌مه‌كانی راسیندا تاراده‌یه‌ك ئه‌و بابه‌ته جیاوازتره. جیلوه بڵنده‌كانی نوسینه‌كانی ئه‌و به بژار كردنی تیژبینانه‌ی زیاده‌بێژییه‌كان په‌یدا ده‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه كه دیمه‌نی شانۆی راسین ئه‌وه‌نده رووته كه بۆ نمونه، به‌كارهێنانی كورسیه‌ك له لایه‌ن فیده‌ره‌وه، ده‌بێته هۆی گوزارشتێك بۆ ناسه‌قامگیری كه‌سایه‌تی فیده‌ر. ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ش زیاده‌ن ـ سۆزی به‌تین، دیكۆر، گاڵته‌وگه‌پ، دۆخه میلۆدرامیه‌كان ـ له كاتێكیشدا له كه‌ره‌سته زمانه‌وانیه‌كان زیاتر ده‌بنه جێگه‌ی سه‌رنج . وڕێنه جوانه‌كانی رۆستان سه‌رنجی ئه‌و بینه‌رانه‌ی بۆ خۆی به‌كێش كردووه كه به ئاسته‌م له به‌رهه‌مه‌كانی راسین تێده‌گه‌ن.
به‌ڵام فه‌ڕه‌نسیه‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌و گرفته‌یان ـ كه بێگومان به‌رپرسی به‌شێكی گه‌وره‌ی گۆشه‌گیریی شانۆی فه‌ڕه‌نسایه ـ له بابه‌تگه‌لی هاوشێوه‌دا، تێپه‌ڕاندووه. مه‌تینی تراژیدیای یۆنانی یان سه‌قامگیریی رواڵه‌تی شانۆنامه‌ی تۆركواتۆ تاسۆ ی به‌رهه‌می گۆته، بۆ ئه‌و وه‌رگرانه‌ی خوویان به نه‌ریته‌كانی شانۆیه‌كی زیندووتره‌وه گرتووه، شتێكی ئه‌وتۆی پێ نه‌بووه. باشه ئه‌ی بۆچی ده‌بێت ئه‌و بینه‌رانه‌ی ئاماده‌ن له بنه‌ما داخراو و ساده‌كانی سێ خوشك تێبگه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فیده‌ر یان بێرنیس كراوه و ئاڵۆز نیین، له تێگه‌یشتنیان یاخی ببن؟ ره‌نگه كلاسیزمی نوێی فه‌ڕه‌نسا زیاد له پێویست له ئامانجه‌كانی نزیك بوبێته‌وه. ره‌نگه ئێمه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌توانین راسته‌وخۆ یۆریپیدس بخوێنینه‌وه ئیتر بایه‌خ به راسین نه‌ده‌ین.
ناوی “كۆرنی و راسین” پێكه‌وه ده‌وترێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی مێژووی ژیانیان و كتێبی قوتابخانه‌كان ئه‌وه ده‌ڵێن، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ڵه‌یه. نابێت ئه‌و دوو شاعیره‌ی كه دیدگا تاكه‌كه‌سی و به‌رداشته‌كانیان له‌سه‌ر نمایش به‌ته‌واوه‌تی له‌یه‌ك ناچێت له یه‌ك گروپدا ریزبه‌ند بكه‌ین. بێ پێزی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌ر له‌م هاوتاداسازییه هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌دایه: لۆپێ دۆگا و كالدرۆن ، گۆته و شیله‌ر. ره‌خنه له‌و شوێنانه‌دا كه له‌راستیدا چه‌ند جیاوازییه‌كی ورد ده‌بینرێ، پێشوه‌خت گریمانی هه‌ندێ لێكچوون ده‌كات. ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه باس له ته‌مومژی به‌رهه‌مه‌كانی راسین ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی كۆرنی به‌وجۆره قسه ناكه‌ن. ئه‌م دوو نوسه‌ره له روانگه‌ی سۆزگری و ته‌كنیكی نمایشه‌وه جیاوازن. ده‌با ئێمه‌ش فێر بین به جودا ته‌ماشایان بكه‌ین.
كۆرنی وابه‌سته‌ی شانۆ بوو، واتا له ناخه‌وه شانۆكار بوو، به‌ڵام راسین به‌وجۆره نه‌بوو. كۆرنی درامانوسێكی سروشتی بوو كه فێڵ و ته‌ڵكه‌ی دیمه‌نه‌كانی به سوكایه‌تی كردن به به‌های ئه‌ده‌بی شانۆنامه‌كان ده‌زانی. نوسه‌رێكی شاری بوو كه هه‌میشه رۆین هه‌رێمی ژیانی بوو نه پاریس. ئه‌و توانی ته‌كنیكی له مۆدكه‌وتووی ره‌فتاری ساكار به دیاری ببه‌خشێته‌وه به ته‌خته‌ی شانۆكانی پاریس. له به‌رامبه‌ر شمشێرێكی دوو ده‌می نه‌رم و تیژی چوون راسیندا، كۆرنی هه‌ر له گۆچانێكی خوار ده‌چێ. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، بیرۆكه‌ی شانۆنامه‌كانی دیدگا وێنه‌یی و تیۆرییه‌كان نه‌بوو. به‌رهه‌مه‌كانی ئاوێته‌یه‌كن له نه‌ریته‌كانی شانۆی قوتابخانه‌یی و گشت په‌سه‌ند. له كاركردنی ئه‌ودا كه‌ره‌سته‌یه‌كی تایبه‌تی سینیكایی ده‌بینرێ كه له ده‌یه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مه‌وه گه‌یشته سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م (یه‌كه‌مین ئاماده‌یی كۆرنی له‌سه‌ر شانۆی شاره‌كه‌ی نزیكه‌ی ساڵی 1625). ئه‌م ده‌ماره سینیكاییه له درامای فه‌ڕه‌نسادا ماوه‌ته‌وه. ده‌نگدانه‌وه‌ی ئاسنین و توندوتیژیی فه‌رمی و ناچاریی شانۆی سینیكایی جاریكی تر له به‌رهه‌مه‌كانی مۆنترلان دا ئاماده ده‌بنه‌وه. ئه‌مه هاوكات بوو له‌ته‌ك رۆڵی ئیسپانیا بۆسه‌ر هێزی ئه‌ندێشه‌ی فه‌ڕه‌نسیه‌كان له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا. ئه‌وكاته‌ی كۆرنی هاته پاریس، ئیسپانیا و سه‌بكی كاركردنی ئیسپانیه‌كان زۆر هه‌واداری هه‌بوو. له سه‌مه‌ره‌كانی ژیان ئه‌وه‌بوو كه شه‌ڕی فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیا شه‌رعیه‌تێكی زیاد له پێویستی به‌خشیه ریتم و زمانی ئیسپانی. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌و شه‌یداییه هێشتا ماوه. شانۆنامه‌ی سید ته‌نیا نمونه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ره‌گه‌زێكی ده‌گمه‌نه كه تا دۆن ژوان ، هێرنانی و رۆیی بلاس ، كه‌وشه ئه‌تڵه‌سیه‌كان ی به‌رهه‌می كلودل و ئاغای سانتیاگۆ ی به‌رهه‌می مۆنترلان درێژه ده‌كێشێت. كۆرنی توانی تێگه‌یشتن له بایه‌خی شانۆی ناوچه‌یی بخاته سه‌ر زانیاریه‌كانی له سه‌ر نه‌ریتی سینیكایی و شێوه باوه‌كه‌ی شانۆ كه هه‌مان ئه‌و بایه‌خه بوو به شانۆی ئیسپانی ده‌درا. بێگومان ئه‌و زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و گروپه گه‌ڕۆكانه هه‌بوو كه به فه‌ڕه‌نسادا ده‌گه‌ڕان و له پێشانگا و جه‌ژنه‌كاندا نمایشیان پێشكه‌ش ده‌كرد. ئه‌و گروپانه سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته جه‌سته‌ییه‌كانیان به زیندوویی ده‌هێشته‌وه كه ده‌توانین ئه‌و جۆره كاركردنه‌یان به هه‌مان قوشمه‌چیه‌تی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و ئیرتیجالی كۆمیدیای دیلارتێ وه ببه‌ستینه‌وه. د‌رك كردن به كاریگه‌ریی جوڵه و بزێوی و لاسارییه‌كان، له به‌رچاوی ئه‌و نوسه‌ره لاوه به شاراوه‌یی نه‌مانه‌وه كه دواتر درۆزن و رۆدۆگیونه ی نوسی.
ده‌بێت واقیعی گه‌شه‌سه‌ندنی شانۆی پاریس بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه زیاد بكه‌ین. هه‌نوكه، ره‌نگه ته‌نیا پسپۆڕانی تایبه‌ت تاقه‌تیان هه‌بێت له نێوان ئه‌و شه‌ست سه‌د شانۆنامه‌یه‌ی ده‌وترێت له نوسینی ئه‌له‌كسه‌نده‌ر هاردی یه، ته‌نیا چاوێك به یه‌ك دووانێكیاندا بخشێنن. به‌ڵام خۆ هاردی مرۆڤ و نوسه‌رێكی به‌كرێگیراو نه‌بوو. ئه‌و به‌رجه‌سته‌كاری ئه‌و به‌شه‌ی هونه‌ری بارۆك بوو كه جۆره هێزێكی نایاب و دڵخۆشكه‌ره. بواری كاركردنی له پێرستی ئه‌و كارانه‌ی كه ئه‌كته‌ره گه‌ڕۆكه‌كانی هاملێت به كۆڵیانه‌وه‌یه، زۆر به باشی وێنا كراوه: “تراژیدی، كۆمیدی، مێژووی، تراژیدی كۆمیدی، تاك دیمه‌نی یان شیعری درێژ” سه‌بكی باوی كاركردنی رۆمانتیكی بارۆكه. زۆربه‌ی شانۆنامه‌كانی به‌دحالیبونێكی ئاڵۆزن و بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی جیلوه ئه‌فسانه‌ییه‌كان و دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش، به‌وپه‌ڕی بێپه‌رواییه‌وه پشت به ته‌كنیكه‌كانی دیكۆر ده‌به‌ستن. به‌ڵام هاردی جۆرێكی تایبه‌تی شیعری كرداری هه‌ڵبژارد و ده‌كرێت به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و له لوتكه‌ی هونه‌رییاندا به به‌رهه‌مه‌كانی كالدرۆن یان كاره هونه‌ریه‌كانی بومانت و فیلچه‌ر به‌راورد بكه‌ین.
رۆشتنی كۆرنی بۆ پاریس له‌و ده‌مه‌دا كه ئه‌ستێره‌ی هاردی رووی له داكشان بوو، خاڵی ده‌ستپێكی په‌رتبوونی رێگه‌كانی مێژووی دراما بوو له رۆژئاوا. كۆرنی ده‌یتوانی بڕیار بدات له‌بری ئه‌وه‌ی هونه‌ره‌كه‌ی بخاته خزمه‌تی كلاسیزمی نوێ، به هه‌مانشێوه‌ی زیندووی پێشینه‌كانی درێژه به كاری خۆی بدات، ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه له دۆخی زاتی تواناییه‌كانی خۆیشی نزیك بوو. به‌راستی مرۆڤ ده‌توانێت بڵێیت گه‌ر كۆرنی ئه‌و رێگه‌یه‌ی بگرتبایه‌ته به‌ر، شانۆی فه‌ڕه‌نسا رێره‌وێكی جیهانیتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتری ده‌بڕی. له هونه‌ری شانۆی هاردی دا به ئاشكرا جۆره نمایشێك وێنه كراوه كه له میانه‌یدا رواڵه‌ته تراژیدی و كۆمیدی و ریالیستی و خه‌یاڵیه‌كان و په‌خشان و شیعر ده‌توانن پێكه‌وه بژین. كلاسیزمی نوێی فه‌ڕه‌نسا خۆی له‌و دوو فاقیانه‌یی و دوو ماناییه بێبه‌ش ده‌كات. كلاسیزمی نوێ به كورت بڕی ده‌ستی به وێنه و زمانێكی نایاب و گه‌لێك جوان گه‌یشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به به‌هایه‌كی گران واته به ( فیدا كردنی) هه‌موو ژیان به چه‌نگ هێنا. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ریشه‌كانی كلاسزمی نوێ چه‌نده ئه‌ده‌بی بوون هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش سیاسی بوون. دونیای هاردی دونیای روو له فه‌نابوونی فیودالیزمه. ئه‌و دونیایه تیشكدانه‌وه‌ی عه‌جولی دۆن كیشۆتانه و شه‌ڕخوازانه‌ی ئه‌شرافیه‌ته كه له ره‌وتی یاخیبوونه‌كان له دژی لویسی چوارده‌هه‌م ، دواهه‌مین به‌رهه‌ڵستی خوازیه‌كانی خۆی له دژی هێزی ناوه‌ندگه‌رای ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ده‌رده‌بڕێ. دیدگای درامای كلاسیزمی نوێ ئه‌و پاره‌ییه كه ریشیلۆ چاپی كرد و مازارین ره‌واجی بۆ په‌یدا كرد: ده‌بوو ته‌واو وه‌كو هونه‌ر، له ژیانیشدا پره‌نسیب به‌رقه‌رار بكرێت.
له قوڵایی شانۆی كۆرنییدا به‌رده‌وام نه‌ریتێكی نا كلاسیكی ده‌بینرێ. یه‌كه‌مین تراژیدیای ئه‌و نوسه‌ره به ناوی مێدێئا به سه‌بكی بارۆك كۆتایی پێدێت، مێدێئا به سواریی ئه‌ژدیها ـ گالیسكه‌كه‌یه‌وه ده‌فڕێ و جیسن له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ خۆی ده‌كوژێت. پاش سید، كۆرنی ده‌ستی له‌وه هه‌ڵگرت به‌بێ رێسا بنوسێت. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له ساتی پێگه‌یشتنی بیری خۆیدا، دیسانه‌وه ئه‌و رواڵه‌ته كراوه‌تر و “ناباو” انه‌ی ئه‌زمون ده‌كرد كه پابه‌ند نه‌بوون به رێساكانی كلاسیكه‌وه. دۆن سانچه‌ی ئاراگۆنی نمونه‌یه‌كه له روكرده سروشتییه‌كانی كۆرنی. ئه‌م شانۆنامه‌یه كه تا راده‌یه‌ك تراژیدی كۆمیدی و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شوانكاره ـ پاڵه‌وانیه، به‌رهه‌مێكه له هیچیه‌كی به‌رهمه كلاسیكه‌كانی ئه‌و قۆناغه ناچێت (مرۆڤ تا پێش كلایست و شازاده‌ی هامبۆرگ هیچ هاوتایه‌كیتری ئه‌و به‌رهه‌مه نادۆزێته‌وه). له كۆتایی كاری كۆرنییدا، گه‌ڕانه‌وه بۆ بیرۆكه پڕ له ته‌ڵه‌كه و ئاڵۆزه‌كانی درامای بارۆك په‌ره‌ده‌سێنێ. به مانایه‌كی واقیعی، به‌رهه‌مه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و، كۆمه‌ڵه تراژیدیه‌كانی له سیده‌وه تا پولیوكتێ ، به پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زوی خۆیه‌وه دروست بوون.
هه‌موو ئه‌مانه‌ی ده‌رباره‌ی كۆرنی راستین، ده‌رباره‌ی راسین راست نیین. گه‌ر یه‌كێك له شانۆنامه سه‌ره‌تاییه‌كانی له لایه‌ك دابنێین، هیچ جێگه پێیه‌كی نه‌ریتی سینیكایی له كاره‌كانیدا نابینینه‌وه. ئه‌و نه سه‌رنجی له‌سه‌ر ئیسپانیا بوو نه له‌سه‌ر هاردی نه شانۆی بارۆك. پره‌نسیبی كلاسیك وه‌ك ئامانجێك له زاتی بلیمه‌تی ئه‌ودا بوو.
ئه‌و ئاژاوه دروستكراوه‌ی له‌سه‌ر سید به‌رپا كرا، كۆرنی كرده مامۆستای رواڵه‌تی كلاسیك. ئه‌و ململانێ ئه‌ده‌بیه لاوه‌كییه بۆخۆی هیچ بایه‌خێكی نه‌بوو. ره‌خنه‌گره‌كان به‌رده‌وام ئیره‌یی به نوسه‌ره‌كان ده‌به‌ن و هه‌میشه‌ش بۆ دوژمنایه‌تی كردنیان هه‌زاران بیانو ده‌هێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌و سه‌گه راوچیانه‌ی كه هێرشیان كرده سه‌ر راسین ئه‌ویان له رێڕه‌وی سروشتی سه‌لیقه‌ی شانۆنامه‌نوسی به‌ره‌و ئامانجه تاقه‌تپڕوكێنه‌كانی تر په‌رت كرد. له باشترین دراماكانی كۆرنییدا ململانێیه‌كی ئاشكرا ده‌بینرێ: ده‌یوویست خۆی رابگرێت له به‌رده‌م ئاره‌زوی به‌كارهێنانی بیرۆكه‌ی ئاڵۆزی ئاویتَـه به رێگه‌چاره تراژیدی كۆمیدیی له به‌رامبه‌ر رێگریه‌كانی تراژیدیای كلاسیك.
كۆرنی هونه‌رمه‌ندێكی خۆپه‌رست تر بوو له‌وه‌ی كاتی خۆی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و وڕێنانه به فێرۆ بدات كه ئه‌رستۆییه نوێیه‌كان دژی سید به گوێی خه‌ڵكیدا ده‌یانچرپاند. گه‌ڕایه‌وه رۆین، هه‌ریمه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ژیان، مه‌مله‌كه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، هه‌ر وه‌ك ئانتیۆس ی ئه‌فسانه‌یی ده‌بوو پێی بگاته‌وه ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته تا ئیتر هێركول هیچی بۆ نه‌كرێت. له رۆین شانۆنامه‌یه‌كی نوسی كه یه‌كیه‌تی و ساده‌یی كردار له‌و ده‌قه‌دا گه‌یشتبووه لوتكه‌ی خۆی. شانۆنامه‌ی هۆراس وه‌ڵامێكی زیره‌كانه‌یه بۆ ره‌خنه‌گره قوتابخانه‌ییه‌كانی كۆرنی. به‌ڵام ئه‌و شانۆنامه‌یه زۆر له‌و قسانه زیاتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی نوسه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی كرده ته‌وه‌ره كه چاره‌نوس وابوو به‌سه‌ر ژیانی ئه‌فرێنه‌رانه‌یدا زاڵ ببێت: بیرۆكه‌ی رۆم. تایبه‌تمه‌ندیی به‌هێزی مرۆڤدۆستانه‌ی پۆست رێنێسانسیانه‌ی لاتینی له ره‌فتار و كرداریدا بونی هه‌بوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، كۆرنی دركی به‌وه كرد كه بۆ ده‌رخستنی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌ی كه له كۆتاییه‌كانی پاشایه‌تی لویسی سیانزه‌هه‌م و له سه‌ره‌تای ئیستیبدادی لویسی چوارده‌هه‌مدا باڵی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا كێشا، ده‌كرا وه‌ك ماكیاڤیلی و مۆنتسكیۆ ،مێژووی رۆم بكاته هه‌وێنی نوسینێك. له ستایشی مازارین دا له ساڵی 1644، كۆرنی ده‌رباره‌ی لێكچونی نێوان فه‌ڕه‌نسا و رۆم خوازه‌یه‌كی چڕ‌وپڕ و ئاڵۆزی دروستكرد. فه‌ڕه‌نسای پاشایه‌تی به میراتگری راسته‌وخۆی شه‌وكه‌ت و جه‌لالی رۆمی سته‌مكار و وابه‌سته‌ی پاپا بینیه‌وه:
به هۆی تۆیه، ئه‌ی قه‌شه‌ی مه‌زن، ئه‌ی ئه‌وه‌ی رۆحێكی بڵندتر له رۆحی مرۆڤت هه‌یه
ئه‌ی ئه‌و گه‌وهه‌ره نایابه‌ی كه له عه‌رشی به‌رینی رۆمه‌وه به دیاریی به‌خشرایه‌ته فه‌ڕه‌نسا
به هۆی تۆیه، دیسانه‌وه ده‌یڵێمه‌وه، به هۆی تۆ ئه‌ی رۆحی راسته‌قینه‌ی رۆم
كه ئه‌م توحفه‌یه به هۆی رۆمه‌وه له‌ناخمدا خورپه‌ی سه‌ند.
به هه‌ڵه‌دا نه‌چوین گه‌ر بڵێین كۆرنی له زه‌ینیدا رۆمی كردبوه جۆرێك له شه‌وقی ئه‌فرێنه‌رانه كه نمونه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانی دانتێدا ده‌بینینه‌وه.
بیرۆكه‌ی رۆم له هۆراسه‌وه تا سیۆرێنا باڵی به‌سه‌ر شانۆنامه‌كانی كۆرنی دا كێشاوه. ئه‌و شانۆنامانه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌سه‌نی تراژیدیای سیاسی ئه‌ده‌بی رۆژئاوان. له نێو كاره‌كانی شكسپیردا هه‌ندێك تراژیدیا ده‌بینینه‌وه كه مۆری زه‌مینه‌ی سیاسیان به ناوچه‌وانه‌وه‌یه، به‌ڵام، به گومانی من، له‌و كارانه‌دا شوناسی ته‌واوه‌تی تراژیدیای هێزی سیاسی وونه. ره‌خنه‌گره مۆدێرنه‌كان هه‌ندێك دیدگای سیاسی ئاڵۆز به به‌رهه‌مه‌كانی شكسپیره‌وه هه‌ڵده‌به‌ستن و له هه‌ندێك شانۆنامه‌دا، چه‌شنی پێ ئه‌وه‌نده‌ی به‌ڕه‌كه‌ی خۆت راكێشه و كۆریۆلانس ، زۆر به وردی گوشاری كه‌مه‌رشكێنی سیاسه‌ت له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌كان، لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه. به‌ڵام له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی شكسپیردا، چه‌مكی سیاسه‌ت زۆر له بیری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه دور نییه و په‌روه‌رده‌كردنی كرداری سیاسی به‌سه‌ر یه‌ك به یه‌كی كاراكته‌ره دراماتیكیه‌كاندا زاڵه. به‌و شێوه‌یه‌ش پاشاكانی شكسپیر وێنه‌ی ململانێ و به‌رزه‌فڕییه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر په‌رده‌ی گه‌لێ به‌رینی بابه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ده‌نه‌خشێنن. كاره‌كانی هێنری پێنجه‌م ئه‌و ئاژاوه‌گێڕیه تایبه‌تی و تاكه‌كه‌سیانه‌ن كه ئه‌وه‌نده‌ی به‌های جه‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، زل كراون. ئه‌وه‌ی گرنگه گه‌شه‌كردنی ده‌رونناسی شازاده هال و گۆرینیه‌تی بۆ پادشایه‌كی پوخته. ئه‌و له پاشایه‌تیدا به‌دوای پاشایه‌تی كردن دا ده‌گه‌ڕێت به‌سه‌ر زاتی خۆیدا. ریچاردی دوهه‌م جۆره كاره‌ساتنامه‌یه‌كی تایبه‌ته، قوڵبونه‌وه‌یه‌ك به نێو خراپیه‌كانی سرووشتی شاعیرانه‌دا، ئه‌وده‌مانه‌ی ده‌كه‌وێته به‌ر وه‌سوه‌سه‌ی هێزی مادییه‌وه. فۆرمی شانۆنامه‌كه كه‌مێك هێماگه‌رانه‌یه، به‌وه‌ی ده‌توانین هه‌ندێك ئاماژه‌ی په‌یوه‌ست به سیاسه‌تی سه‌رده‌می ئه‌لیزابێت له ده‌قه‌كه‌دا ببینینه‌وه. ململانێكان ته‌واو به‌هۆی به‌ركه‌وتنه‌كانی نێوان پادشا و بولینگبرۆگ ه‌وه دروست ده‌بن. ئه‌مه‌ش جۆره روبه‌ڕوبونه‌وه‌و به‌ركه‌وتنێكی فیودالیانه‌یه كه له‌خۆی زیاتر گه‌وره كرابێت. ریچاردی سێهه‌م سێبه‌ره شومه‌كه‌ی به‌سه‌ر گه‌لدا ده‌كێشێت. به‌ڵام گرفته‌كه په‌یوه‌ندیی به بابه‌تی شه‌هوه‌تی تاكه‌كه‌سی و رقهه‌ڵگرتنه تایبه‌تیه‌كانه‌وه هه‌یه. ته‌نهاش له‌و روه‌وه كه كه‌سانی نێو شانۆنامه‌كه له ره‌چه‌ڵه‌كی پادشاكانن، ده‌چێته‌وه سه‌ر سیاسه‌ت. جه‌نگی رۆزه‌كان به‌ته‌واوه‌تی له رووی دوژمنكارییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانه‌وه ده‌ناسرێنه‌وه، شكسپیر به ده‌گمه‌ن ئاماژه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئابوریی یان سیاسی به‌رفراوانتر له‌مه ده‌كات.
به پێچه‌وانه‌ی شكسپیره‌وه، كۆرنی به‌رامبه‌ر به سروشتی خۆڕسكانه‌ی ژیان خاوه‌نی تێگه‌یشتنێكی نوێ بوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، په‌نجه‌ی خستبووه سه‌ر حه‌قیقه‌تێكی گه‌لێك گرنگ: كاروباره سیاسیه‌كان بریتین له پراكتیزه‌كردنی دروشمه ئاڵوواڵاكان. كۆرنی وه‌ك پاسكال ، نیگه‌رانی رۆڵی وێراكارانه‌ی دروشمه‌كان بوو له كاروباره سیاسیه‌كاندا. كاراكته‌ره‌كانی دراماكانی كۆرنی به كرده‌وه له رووی قسه‌كردنه‌كانیانه‌وه خۆیان راپێچی دۆڵی دۆژمنایه‌تیه هه‌تاییه‌كان ده‌كه‌ن. به‌یاننامه فه‌رمیه‌كان (مۆنۆلۆژه ئاگرینه‌كان) زه‌ین به‌ره‌و توندوتیژییه‌كی توندڕه‌وانه به‌كێش ده‌كه‌ن. دروشمه‌كان به‌ره‌و روبه‌ڕوبونه‌وه ئایدۆلۆژیكیه‌كان كێشمان ده‌كه‌ن كه هه‌رگیز ناتوانین پاشه‌كشێیان لێ بكه‌ین. قوڵایی تراژیدیای سیاسی له‌مه‌دایه. دروشمه‌كان، قسه هه‌ڵبه‌سراوه‌كان، پڕوپاگه‌نده ئاڵۆزه‌كان، دژایه‌تی و لێكچونه درۆیینه‌كان ( “رایشی هه‌زارساڵه”، “خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی بێ قه‌ید و مه‌رج”، جه‌نگی چینایه‌تی”)، زه‌ین ئه‌فسون ده‌كه‌ن. مۆڕاڵی سیاسی چیتر ده‌رهاویشته‌یه‌كی خۆڕسكانه یان كاردانه‌وه‌یه‌ك نییه به‌رامبه‌ر به واقیع. به‌ڵكو ئه‌و مۆڕاڵه له‌سه‌ر ناوه‌خنی دیالۆژی رازاوه‌ی بێ گیان، وشك ده‌بێته‌وه. سیاسه‌تمه‌داره‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی كاروباره سیاسیه‌كان له‌سه‌ر شێوازی مۆنتنی، نادیار و مه‌رجدار ده‌ربخه‌ن (ئه‌و ده‌یزانی بنه‌ما و یاساكان ته‌نیا له‌وكاتانه‌دا جێبه‌جێ ده‌كرێن كه مه‌رجدار و ئه‌زمونی بن)، له كوێریی یه‌قین یان سه‌رابی دادپه‌روه‌ریدا به‌ندیان ده‌كردن. له ئاكامی ئه‌مه‌شدا ژیانی ئه‌ندێشه سنوردار ده‌بێت یان ده‌بێته دیلی ئاسته‌می ره‌وانبێژبی زمانی سیاسی. له‌بری ئه‌وه‌ی ببینه خودای زمان، ده‌بینه كۆیله‌ی زمان و ئه‌مه‌ش نه‌فره‌تی سیاسه‌ته. كۆرنی باش ده‌یزانی ئه‌مه چۆن روو ده‌دات. هیچ شانۆنامه‌نوسێك له جیلوه به‌خشین به (هه‌ست)، ئاڵۆزیی و گه‌شه‌ی دراماتیكی ململانێی سیاسی، هاوتای كۆرنی نییه. له وێناكردنی ئه‌وه‌ی چۆن روداوێكی سیاسی زه‌ینی مرۆڤ ئالوده‌ی چنینی ئاڵۆز و وێرانكه‌ری خۆی ده‌كات، ته‌نیا تاسیتوس ه ده‌توانێ بگاته‌وه به كۆرنی.
ئه‌و له یه‌كه‌مین جوڵه‌ی خۆیدا، له په‌رده‌ی پێنجه‌می هۆراس دا، توانی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی چنگ بكه‌وێ. له روانگه‌ی بیرۆكه‌ی شانۆییه‌وه، سه‌رجه‌می ئه‌و په‌رده‌یه پێویست نییه (ململانێی ته‌وه‌ره‌یی كۆتایی پێهاتووه و كوشتنی كامیل جۆره هێڵكارییه‌كی نائاراسته كراوه). به‌ڵام ئه‌و په‌رده‌یه ده‌ریده‌خات چۆن له‌بله‌بانیی سیاسی ده‌توانێت ئه‌قڵی یاوه‌ری مرۆڤ له گۆڕه‌پانه‌كه وه‌ده‌ر بنێت. هۆراس بۆته جۆره دێوێكی نه‌ته‌وه‌یی. زمانی ئه‌و چه‌شنی ده‌نگی ده‌هۆڵ، ته‌نیا له دوره‌وه خۆشه. ئه‌و، هه‌ر چركه‌یه، بۆ گوزارشت كردن له وێرانكاریی ژیان پشت به دیالۆژی پاڵه‌وانێكی دابڕاو ده‌به‌ستێت. ئه‌و كاته‌ی ئه‌و له سزای تاوانه‌كه‌ی، پێشنیار ده‌كات خۆی بكوژێت، خۆكوژیه‌كه‌ی ده‌چێته قاڵبی نیشتیمانپه‌رستیه‌وه:
ئه‌ی شای گه‌وهه‌رداری بڵند، لێگه‌ڕێ سزا وه‌ربگرم
نه له‌به‌ر خوشكه‌كه‌م، بگره له‌به‌ر شه‌ره‌فم.
هاوته‌ریب كردنی چه‌مكی دابڕاوی (شه‌ره‌ف) به واقیعی ژیانی مرۆڤ (خوشكه‌كه‌م) ئه‌و شێوازه‌یه كه زۆر به قوڵی بۆنی كۆرنی له‌خۆ گرتووه.
پاش ئه‌وه‌ش شانۆنامه‌یه‌كی تر هه‌یه به ناوی سینا، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تدا شرۆڤه و شیكاری فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌كانی ئیستیبداده. ناپلیۆن له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به حه‌قیقه‌تی سیاسی وه‌فادار بوو ستایشی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كرد. گوایه له‌و به‌رهه‌مه‌دا گوێی له نه‌غمه‌یه‌كی شاهانه بووه. له هۆراسدا، رۆم رواڵه‌تێكی كۆن و دێرینی هه‌یه، له سینادا، رۆمی سه‌رده‌می زێڕینی ئاگۆستۆس وێنا كراوه. ئه‌م گۆڕانه له زه‌مه‌نی مێژوویدا بایه‌خی خۆی هه‌یه. له‌وه به‌دوا ئیتر كۆرنی ده‌ستی كرد به وێنه كردنی چه‌ند روداوێكی سه‌رده‌می جه‌نگه ناوخۆییه‌كان و كۆتاییه‌كانی ئێمپڕاتۆڕی رۆم و دیارییه‌كی نوێی پێشكه‌ش به جوگرافیای خه‌یاڵ كرد: سوریا له شانۆنامه‌ی ریدگونه، پاشایه‌تی لۆمبارد له شانۆنامه‌ی پارترایت ، سه‌رزه‌مینی پارت له شانۆنامه‌ی سورنا. درامای كۆرنی مه‌یلێكی سروشتی بۆ پیلانه ته‌مومژاویه‌كان و مه‌رگه‌ساته پڕ توندوتیژیه‌كان هه‌یه. مێژووی ئیمپڕاتۆریی روو له فه‌نابوون بوو، ئیتر شوێنگه نامۆكان بۆ كۆرنی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و جۆره ره‌نگانه‌یان هه‌ڵگرتبوو كه كۆرنی پێویستی پێیان بوو.
ره‌خنه (جگه له برزیلاك ) دوا شانۆنامه‌كانی كۆرنی فه‌رامۆش كردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م چاخه‌ی ئێمه كه وشه‌سازییه سیاسیه‌كان ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هێناوه، ده‌بێت بایه‌خی دیدگای كۆرنی بناسێت. پۆمپی، نایكومده، سێرتۆریوس و سورنا گه‌ڵی ده‌ستكه‌وتی سه‌رنجراكێشن. هیچ درامایه‌كی سیاسی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه وردبین و به‌هێز نییه.
بیرۆكه‌ی بنه‌ڕه‌تی پۆمپی به هاوتای تراژیدیا سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا دانراوه. ئه‌و بیرۆكه‌یه پێشتریش له لایه‌ن گارنیه، چۆمێر ، ژودل و بێنسێراد ه‌وه نمایش كرابوو. كۆرنی ئاسته‌مترین روكردی هه‌ڵبژارد: پۆمپی هه‌ر له سه‌ره‌تای نمایشه‌كه‌وه ده‌كوژرێ و هه‌رگیز له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌رناكه‌وێت. به‌ڵام ئاماده‌بوونی ناوی پۆمپی باڵ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ساته‌كانی دراماكه‌دا ده‌كێشێ ( ته‌واو چه‌شنی ئه‌وه‌ی كه سێبه‌ری هانیبال به‌سه‌ر سه‌رجه‌م شانۆنامه‌ی نایكومده‌وه ده‌بینرێ). كۆرنی ده‌نوسێت، “سه‌باره‌ت به سه‌بكی كاره‌كه ده‌توانم بڵێم سه‌بكی ئه‌م كاره له سه‌رجه‌م كاره‌كانیترم دژوارتره، ده‌رباره‌ی ریتمیش هیچ گومانی تێدا نییه له رووی هه‌مه‌ڕه‌نگیه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتر و هه‌ماهه‌نگتره له هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی تا هه‌نوكه نوسیومن.” ئه‌م ره‌گه‌ز دۆزییه له زمانی مۆدێرندا خۆی ته‌سلیمی به‌كارهێنه‌ر ناكات. به‌ڵام ئه‌م واژه‌یه لای كۆرنی ماناگه‌لی ره‌وانبێژانه، فره‌ره‌نگی و ره‌فتاری فه‌رمی ده‌گه‌ێنێت. مانای ناوه‌كی ئه‌و شانۆنامه‌یه، زیاتر له‌وه‌ی له تێگه‌یشتنی ئێمه‌وه بۆ شانۆی نوێ نزیك بێت، له تێگه‌یشتنی هاندێل ه‌وه بۆ نمایش وه‌كو سرودێكی مه‌زهه‌بی كه به بێ جلوبه‌رگ و دیكۆر ده‌چڕدرێت، نزیكه. ئه‌مه‌ش ئاساییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی شانۆنامه په‌یوه‌سته به‌و دونیایه‌وه كه له‌وێدا فره‌ره‌نگی و ململانێی لاوه‌كی، له ده‌رباری پاشایه‌تی فه‌ڕه‌نسا و له وتاره مه‌زهه‌بیه‌كانی بۆسوێ دا، به تایبه‌تمه‌ندیه‌كی ره‌سه‌ن له قه‌ڵه‌م ده‌دران.
له شانۆنامه‌ی پۆمپی دا كرداری تراژیدیاكه له‌و شێوازه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه به‌هۆیه‌وه كاراكته‌ره‌كان پێگه‌یه‌كی گۆشه‌گیرانه‌و دابڕاو وه‌رده‌گرن و تا ساتی فه‌نابوونیان به‌رامبه‌ری وه‌فادار ده‌بن. وشه‌سازیی سیاسی سه‌ره‌تا ئیراده‌ی ئازادییان په‌ك ده‌خات و گه‌نه‌ڵی ده‌كات. له سینا دا، ئاگۆستۆس ئه‌م زیاده‌ڕٍه‌ویه به‌ناوبانگه ده‌ڵێته‌وه: “من ئاغای خۆمم، كه‌واته پاشای دونیا‌م” له راستیدا، ئه‌و به‌نده‌ی سه‌بكی پاڵه‌وان په‌رێژانه‌یه. شانۆنامه‌ی پۆمپی باس له‌وه ده‌كات كه چۆن جوانی رواڵه‌تی و لۆژیكی بێپه‌رده‌ی وشه‌سازیی شكۆمه‌ند ده‌توانێت سوكترین و دڕندانه‌ترین پیلانه سیاسیه‌كان په‌رده‌پۆش بكات یان وه‌كو شانازیه‌ك ده‌ریانبخات.
شانۆنامه‌كه له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی زنجیره‌یه‌ك گوتار و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی زاره‌كی و فه‌رمی ده‌خولێته‌وه. چه‌شنی ئاوازه دانراوه‌كانی ئۆپێراكانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، ئه‌و هه‌ورازه درێژ و فه‌رمیانه‌ی زمان رووی بنه‌ڕه‌تی كرداری دراماتیكن. روداوه‌كان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ پیاده ناكرێن، به‌ڵكو ده‌گێڕدرێنه‌وه. به‌م شێوه‌یه، ئامانجی كلاسیزمی نوێ نه‌زاكه‌ت و مۆڕاڵ ـ به‌ومانایه‌ی كه نابێت كرداری خوێنین و مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نمایش بكرێن ـ رۆڵێكی گرنگی له سه‌رتاسه‌ری شانۆنامه‌كه‌دا هه‌یه. بێگومان زۆر دۆخ و بیرۆكه هه‌یه كه له‌بری شانۆی جوڵه‌ئامێز له‌ته‌ك شانۆی قسه‌ئامێز ناگونجێن (له‌و شانۆنامانه‌ی كۆرنییدا كه زیاتر به سه‌بكی بارۆك نوسراون، شیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی روداوه ترسناكه‌كان كارێكی گاڵته‌جاڕه). به‌ڵام له‌و جۆره نمایشه‌دا كه زمان پله‌یه‌كی بڵندی هه‌یه، به جوانی له‌گه‌ڵ تراژیدیای سیاسی‌دا ده‌گونجێن. ده‌بێت فێر بین وه‌كو مۆزیك گوێ له‌و شانۆنامانه بگرین، ده‌بێ زیاتر له‌وه‌ی بینه‌ر بین، بیسه‌ر بین.
دیمه‌نی ده‌ستپێكی شانۆنامه‌كه جوانه. به‌تلیمۆس و راوێژكاره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌وه قسه ده‌كه‌ن چۆن پێشوازی له پۆمپی شكستخواردوو بكه‌ن كه ئێستا په‌نای بۆ هێناون. ئه‌م سازه به ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ره‌ق و ئاسنین ده‌ژه‌نرێ:
هێزی شمشێر، سیزه‌ری به شایسته‌ی حه‌ق زانیوه‌و پۆمپی مه‌حكوم كردوه.
” هێزی شمشێر” له به‌رامبه‌ر ویسته‌كانی مرۆڤایه‌تی. فۆتین (كه یه‌كێكه له سه‌رداره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه) باس له‌وه ده‌كات كه پێویسته پۆمپی بكوژرێت، ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه كه ئه‌و قسه‌یه له رقی تاكه‌كه‌سیه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه: “من نه له رووی كینه و نه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی ئه‌و قسه‌یه ناكه‌م”. شومی سیاسه‌ت به ته‌واوه‌تی له‌م جیاوازیه‌ی تاكه‌كان له ئامانجی تاكه‌كه‌سی یان پێویستی ستراتیژیدا، خۆی حه‌شارداوه. فۆتین زۆر لێبڕاوانه ده‌ڵێت، ” دادپه‌روه‌ریی یه‌كێك نییه له تایبه‌تمه‌ندییه زاتییه‌كانی سیستمی حوكمڕانی.” و هه‌میشه له به‌رهه‌مه‌كانی كۆرنیدا جه‌خت له وشه‌ی ده‌وڵه‌ت یان رژێم ده‌كرێته‌وه. “به‌رژه‌وه‌ندیی رژێم” زۆر ریاكارانه به پنتی دژی ژیانی تاكه‌كه‌سی ده‌زانێت. به‌تلیمۆس مل بۆ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی خوێنمژ نه‌وی ده‌كات و په‌نا بۆ یه‌كێك له‌و وته باوانه ده‌بات كه سیاسه‌تمه‌داره‌كان هه‌میشه بۆ بیانوهێنانه‌وه بۆ تاوانه‌كانیان ده‌یكه‌ن، “ئه‌مه ره‌وتی مێژووه، ملكه‌چییه له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ی كه هه‌موو شتێك ده‌شێوێنێ.” ئه‌وكاته‌شی فه‌رمانه‌ڕه‌اكان بكه‌ونه قسه‌كردن له‌سه‌ر ” ره‌وته‌كان” ئیتر ده‌بێت بزانین مرۆڤایه‌تی هه‌م له زمان و هه‌م له ئامانجه‌كانیاندا باری كردووه.
ئه‌وجۆره دیمه‌نانه له درامای به‌ریتانیادا ده‌گمه‌نن. پێده‌چێت، هاوشێوه ئه‌مه ته‌نیا له شانۆنامه رۆمیه‌كانی بێن جانسۆندا ببینینه‌وه. ململانێی درامی بێ كۆتاییه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش له وتووێژی سارد و ئاڵۆزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. “ئه‌نجومه‌نی به‌رزه‌خ” له كتێبی دوهه‌می به‌هه‌شتی وون بوو دا زۆر له‌م دیمه‌نه ده‌چێت. به پێچه‌وانه‌ی شكسپیره‌وه، كۆرنی و میلتن تێگه‌یشتنێكی راسته‌وخۆ و تاراده‌یه‌ك هه‌سته‌وه‌رانه‌یان له‌مه‌ڕ ئاوازی سیاسه‌ت له نێو بڵندپایه‌كاندا هه‌یه.
سه‌رجه‌م شانۆنامه‌كه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه كۆرنی مه‌یلی بۆ خووره‌وشتی رۆمیه‌كان هه‌یه. ئانتۆنی له وه‌ڵامی سیزه‌ردا كه ده‌پرسێت چۆن بیر له كلیۆپاترا ده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت، “گه‌ر سیزه‌ر بومایه خۆشم ده‌ویست”. به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئه‌وه‌ی له سه‌رجه‌م كاراكته‌ره‌كانی تر له بیره‌وه‌ریماندا ده‌مێنێته‌وه كاراكته‌ری بێوه‌ژنه‌كه‌ی پۆمپییه. له قسه‌كانی ئه‌م ژنه‌دا ده‌رباره‌ی سیزه‌ر چه‌ند ره‌گێك له‌و پاڵه‌وان سیفه‌تی و جوامێرییه به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه له جه‌نگه‌كانی قه‌لماسكه‌كاندا له نێوان نه‌یاره‌كانی لویسی چوارده‌هه‌مدا ده‌بینرێت. كۆرنیلیا سوێندی خواردووه سیزه‌ر بخاته سه‌ر چۆك، به‌ڵام هه‌نوكه هه‌ردوو له میسرن و له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان رۆمیین گرفتاری جۆرێك له هه‌ستی هاوسۆزی ده‌بن، ئه‌و هه‌سته‌ی كه تا ئاستی هه‌مان كینه‌ی نێوانیان به‌هێزه. دواهه‌مین دیداریان یه‌كێكه له جیلوه مه‌زنه‌كانی شكۆی درامای كلاسیزمی نوێ. كۆرنیلیا كه له نێوان دوژمنایه‌تی و دۆستایه‌تیدا ماوه‌ته‌وه، هه‌ڵده‌كوتێته سه‌ر سیزه‌ر و ماڵئاوایی لێ ده‌كات. دوا قسه‌كانی پێویسته به وردی موتاڵا بكرێن. ئه‌و بڕگه‌یه نیشانی ده‌دات كه چۆن وێنای وته‌بێژانه و راونبێژانه ده‌توانێت لوتكه‌ی هه‌ستی دراماتیكی به‌هێز بكات. كۆرنیلیا به ئینجانه‌یه‌كه‌وه كه خۆڵه‌مێشی پۆمپی كۆژراوی تێدایه دێته ژوره‌وه:
ئه‌مه ده‌به‌مه لیبیا و له‌وێ، هیوادارم
باوكم، كاتۆ و سوپای ره‌گه‌ز به‌رزی كوڕانی پۆمپی، كه په‌یمانیان له‌ته‌ك پادشایه‌كی به‌جه‌رگدا به‌ستووه،
هه‌م چاره‌نوس و هه‌م دادپه‌روه‌ری له به‌ره‌ی خۆیاندا ببیننه‌وه.
باش له‌بیرت بێت، ده‌بینی له ده‌ریاو وشكانیه‌وه
چۆن له وێرانه‌كانی فارسیلیا وه سوپای تازه نه‌فه‌س سه‌ر ده‌ردێنن،
بۆ ئه‌وه‌ی شكستی تۆ خێراتر بكه‌م، ده‌چمه نێو یه‌ك به یه‌كی ریزه‌كانه‌وه و ئه‌م خۆڵه‌مێشه‌و دڵی شكاومیان نیشان ده‌ده‌م.
ئه‌و رقه‌ی من مه‌دالیایه‌كی نوێ ده‌به‌خشێته سه‌ربازه‌كانمان،
با له بری هه‌ڵۆ، له‌سه‌ر شانیان گوڵدانی خۆڵه‌مێش بكێشرێت،
تا ئه‌و شینه خه‌فه‌تبارانه‌یه دوو به‌رپرسیاریه‌تی بخاته ئه‌ستۆیان:
یه‌كێكیان ئه‌وه‌ی تۆڵه بكه‌نه‌وه‌و ئه‌ویتریان ئه‌وه‌ی پاكژ بكه‌نه‌وه.
تۆ ده‌ته‌وێت بۆ دواهه‌مین جار سه‌ری رێز بۆ ئه‌م پاڵه‌وانه نه‌وی بكه‌یت،
هه‌ر رێزێك له‌م بگری رێزگرتنه له خۆت.
به فرمانی تۆ ده‌بێت به‌شداریی ئه‌م شه‌عوزه‌بازیانه بكه‌م،
به‌ڵام باوه‌ڕ مه‌كه ئه‌م شتانه هیچ له غه‌مم كه‌م بكه‌نه‌وه.
ئه‌و زامه‌ی له سه‌ر دڵمه به هیچ سارێژ نابێت،
بیره‌كانی تۆڵه هه‌رگیز وشك ناكه‌ن،
تا ئه‌و رۆژه‌ی گیان له جه‌سته‌مدایه كینه‌م ته‌واو نابێت:
ئه‌ی ژیان ته‌نیا رق به، ئه‌ی نه‌فره‌ت مه‌رگی من به.
به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆمیم، ئینكاریی له‌وه ناكه‌م
كه ستایشم هاوسه‌نگی دوژمنایه‌تیم ده‌بێته‌وه.
هه‌ردوو له‌سه‌ر حه‌قن، هه‌ردوو به‌های چاكه‌كاریی تۆ و هاواری به‌رپرسیاریه‌تیم به گوێدا ده‌زریكێنن.
نه‌فره‌ت به‌رپرسیاریه‌تی منه، به‌ڵام ئازادانه‌و ئاشكراش ستایشت ده‌كه‌م،
ده‌بێت دڵم هه‌ستی ره‌زامه‌ندیی ببه‌خشێته ئه‌م دووانه.
مه‌زنی تۆ، كه ئه‌م پیلانه بێهودانه ده‌یڕوشێنن،
وام لێده‌كه‌ن ستایشی ئه‌وه بكه‌م كه به نه‌فره‌تی ده‌كه‌م،
ئه‌ی سیزه‌ر به‌رپرسیاریه‌تیم به‌ره‌و چاره‌نوسم با‌نگم ده‌كات:
گومانت له‌وه نه‌بێت كه هه‌ر ئه‌م كه‌ناره‌م جێهێشت
به‌جۆرێك ده‌ڕۆم كه پیاوان و خوداكان بانگهێشتی جه‌نگ بكه‌م
هه‌مان ئه‌و خودایانه‌ی پێگه ده‌به‌خشن و ریسواش ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی له فارسیلیا پشتیان له سوپای پۆمپی كرد،
ئه‌وانه‌ی شایه‌تی پارچه‌پارچه كردنی بون و بروسكه‌یه‌كیان نازڵ نه‌كرد،
ره‌نگه هه‌ر ئه‌و خودایانه خه‌فه‌تبار بن و تۆڵه‌ی ئه‌و كاره بكه‌نه‌وه.
ئه‌م هه‌ڵچونه‌م كه له ناوی قه‌شه‌نگی پۆمپییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ،
گه‌ر خوداكانیش نه‌گه‌نه هانام، هێشتا هه‌ر تۆ له ته‌خته‌كه‌ت نه‌وی ده‌كه‌ن،
گه‌ر هێزم بۆ ئه‌م كاره لێبڕا، ئه‌وه‌ی نه‌متوانی جێبه‌جێی بكه‌م
كلیۆپاترای فیتنه‌باز به ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌رجۆره گۆڕانكاریه‌ك به‌سه‌ر راهاتنه هه‌سته‌وه‌رانه و زمانه‌وانیه‌كانماندا هاتبێت، زه‌ڕه‌یه‌ك له جوانی ئه‌و دیالۆژه كه‌م ناكه‌نه‌وه. ته‌نیا مامۆستایه‌كی ته‌واو شاره‌زای دیالۆژی درامی ده‌توانێت سروشتی سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی پڕ له یاخیبون و ستایش و پیاهه‌ڵدان له یه‌ك بڕگه‌دا چێ بكات یان هه‌موو رشته ئاڵۆزكاوه‌كانی دیالۆژه گشتیه‌كه له دووا ته‌وسی كۆتاییدا به‌یه‌كه‌وه بدورێته‌وه. دونیای سیاسه‌ت شیعرێكی له‌مه سه‌رنجڕاكێشتری نه‌هۆنیوه‌ته‌وه.
له نایكومده دا(1650) كه‌شی شۆڕشه فیودالیه‌كان له دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندگه‌رای موسته‌بید، ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌م هه‌نگاوه ئاماژه‌ی دواهه‌مین ناڕه‌زایی رۆحیه‌تی بارۆكه له به‌رامبه‌ر دونیای سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ته‌وه‌ره‌یی ناوه‌ندگه‌رای مۆدێرن. ئه‌م قۆناغه مێژووییه، زۆر كورت و پڕ له توندوتیژیی بوو، به‌ڵام دۆخێكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی گه‌مه‌كار بوو. ئه‌و شانۆنامه‌یه ته‌واو كه‌شی پیلان و چیرۆكه عاشقانه و پاڵه‌وانیه‌كانی هه‌یه كه چوارده‌وری سیاسه‌ته‌كانی كۆنده ی مه‌زن و ئان ـ ژنڤیۆ ی ته‌نیوه. هه‌رچه‌نده سێبه‌ری كوشتنی هانیبال باڵی به‌سه‌ر كرداری نمایشه‌كه‌دا كێشاوه، به‌ڵام شانۆنامه‌كه له ناوه‌ڕۆكدا تراژیك نییه. ئه‌و شانۆنامه‌یه ده‌قێكی تراژیدی كۆمیدیه له‌سه‌ر شێوازی بارۆك. به‌ڵام له پشت هه‌وراز و نشێوه‌كانی بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كییه‌وه، بیرۆكه‌ی لاوه‌كی و كۆتاییه‌كی خۆش، ململانێیه‌كی راسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر شێوازی كۆرنی له‌خۆگرتووه. جارێكی‌تر، به‌رژه‌وه‌ندی رژێم له هه‌وڵی هه‌ڵكه‌ندنی هه‌ستی سروشتی و لوتفی عیشقدایه. ئه‌م دووانه به رۆحیه‌تی پاڵه‌وانانه ناو ده‌برێن، ئه‌و زاراوه ئاڵۆز و دوره‌ده‌سته‌ی كه بریتیه له ئازایه‌تی زاتی، ره‌فتاری به ویقار و به دوای عیشقه‌وه بوون. فلامینیۆس ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره بێ هه‌ستوسۆزه‌یه كه ره‌فتاره‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌مامكه ده‌ستكرده‌كانی دڵره‌قیه‌كانی ده‌رده‌خه‌ن. نایكومده شازاده‌یه‌كی ” دڕنده” ه‌یه و یه‌كێكه له‌و روخسارانه‌ی هه‌واڵی ئه‌فسانه‌ی دڕنده‌ی نه‌جیب ده‌گه‌یه‌نێت. ململانێی نێوان ئه‌و دوانه دوو گۆڕه‌پانی هه‌ست پڕڕه‌نگتر ده‌كات: گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و عیشق. ئه‌م ئاوێته‌بوونه، یان باشتر بڵێم هه‌وڵی سیاسه‌ت له‌مه‌ڕ خراپ به‌كارهێنانی عیشق بوو به ته‌وه‌ره‌ی دواهه‌مین كاره تراژیدیه‌كانی كۆرنی. فلامینیۆس هه‌ڵچونه سۆزداریه‌كان ته‌نیا به ئامرازێك ده‌بینێته‌وه له خزمه‌تی فێڵه سیاسی و ستراتیژیه‌كاندا. زۆرجار كۆرنی له‌به‌ر به‌كارهێنان و جێگۆڕكێ پێكردنی خوازه‌كانی ژیانی سه‌ربازی و شه‌هوانی پێشبینی دروستبونی لاكلۆ و ستاندال مان بۆ ده‌كات. هاوسه‌رگیریی جۆرێك په‌ره‌پێدانی سیلسیله‌ی پاشایه‌تی یان جوتبوونی سیاسیه. هۆكاری سێكسی ته‌نیا له خزمه‌تی ئامانجێكدایه كه په‌روه‌رده‌ی زه‌ینه. به پێچه‌وانه‌وه، نایكومده ده‌بێته هێمای حه‌ز و ئیشتیاق. ئه‌و ناتوانێت حه‌قیقه‌تی عیشق له حه‌قیقه‌تی گشتی ره‌فتاری مۆڕاڵی جیا بكاته‌وه. ئه‌و دوانه ریشه‌یان به نێو یه‌كدا داكوتاوه. پێده‌چێت كۆرنی به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌ستی به‌مه كردبێت. هه‌لومه‌رجی باسه‌كه‌ی ئه‌و گه‌لێك له هه‌لومه‌رجی باسه‌كه‌ی د. ه ـ لۆرانس ه‌وه دوره، به‌ڵام ده‌كرێت ئامانجیان به یه‌كتر به‌راورد بكه‌ین. شانۆنامه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای وێنه‌ی ئاگر نوسراوه. له‌و شوێنه‌دا كه عیشق ده‌كرێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیاسی، له راستیدا ئاگره‌كه‌ی به‌ره‌و خامۆشی ده‌كشێ:
عیشق هۆكاری هاوسه‌رگیریی پاشایه‌تیی نییه
به‌رژه‌وه‌ندی رژێم ده‌توانێت جوتبونی عاشقانه بپسێنێ و گه‌لێ رێگه بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ئاگری عیشق ببینێته‌وه.
كۆرنی، له پشت دوژمنایه‌تی نایبی پادشایه‌تی و شازاده‌ی لاوه‌وه، جه‌نگی به‌رفراوانی نێوان رۆم و رۆحی شكست هه‌ڵنه‌گرتووی كارتاژ، وه‌ك ئه‌و سێبه‌ره‌ی كه‌وتبێته سه‌ر دیوارێك، به بیر دێنێته‌وه. نایكومده، وه‌ك ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرێكی فه‌ڕه‌نسی وتویه‌تی، “ده‌كرێ بڵێین شاكارێكه”.
ئه‌و سێ شانۆنامه‌یه‌ی پاش ئه‌مه ده‌نوسرێن، پرتارایت، ئۆدیب و په‌شمی زێڕین شكستی زۆر خراپیان به دواوه بوو. دووان له‌و شانۆنامانه په‌یوه‌ندییان به ئه‌فسانه یۆنانیه‌كانه‌وه هه‌بوو، هه‌ر ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش به‌سه بۆ ئه‌و شكسته‌ی لێیان كه‌وته‌وه. كۆرنی، كه سۆز له ده‌رونیدا هێند پاكژ و تونده كه چه‌شنی هێزێكی نادیار كاریگه‌رییمان له‌سه‌ر به‌جێده‌هێڵێ، هه‌رگیز له گۆڕه‌پانی یۆنان‌دا ئاسوده نه‌بوو. ئه‌فسانه یۆنانیه‌كان زۆر له‌وه زیاتر فره‌ره‌نگن كه به شێویه‌كی هه‌ماهه‌نگ خۆیان به گۆڕان بسپێرن. ئۆدیب نه‌ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆرنی هێزی بیرۆكه‌كه‌ی به پیلانه عاشقانه‌كان له‌ناو برد، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ململانێی نێوان ئۆدیب و كریۆن له‌سه‌ر هێزی مادی وه‌كو زیندوترین به‌شی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه ناسراوه، له گه‌وره‌یی و هێزی كه‌ماڵ به‌دووره. وه‌كو چۆن رۆم به‌شی كۆرنی بوو، یۆنانیش به‌شی راسین بوو. له جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو نوسه‌ره‌دا، له‌مه وردتر هیچ جیاوازیه‌كی تر بونی نییه.
له ساڵی 1662، جارێكی‌تر كۆرنی گه‌ڕایه‌وه سه‌ر رێڕه‌وه راسته‌كه‌ی كاركردنی تایبه‌تی خۆی و ئه‌و دوو كه‌ره‌سته‌یه‌ی ئاوێته‌ی یه‌كتر كرد كه سه‌ركه‌وتنیان به دیاری بۆهێنابوو. سێرتۆریس كارێكی رۆمیانه‌یه له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی ئیسپانی. ئه‌و به‌رهه‌مه شانۆنامه‌یه‌كی بێهاوتایه. زۆرجار شیعر هه‌ستی ره‌نگ له زه‌یندا جێده‌هێڵێ. سێرتۆریس ره‌نگێكی سووری تاریكی هه‌یه، وه‌كو ئه‌و مسه‌ی سپی كرابێته‌وه. شێوازه‌كه‌شی به ته‌واوه‌تی توندوتیژیی و پۆشته‌یی هه‌مان ئه‌و لاتینه‌ی له‌خۆگرتووه كه شاعیران و وتاربێژانی ئیسپانیای ژێر ده‌سه‌ڵاتی رۆم له كۆتایی ئیمپراتۆری رۆمدا به‌و سه‌بكه ده‌یاننوسی. هێزی ئه‌ندێشه‌ی كۆرنی له هیچ یه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌وه‌نده به واقیعی مێژوویی نه‌ته‌نراوه. ئه‌و به له‌خۆبایبونێكی عه‌جولانه‌وه خوێنه‌ر له‌و خاڵه ئاگادار ده‌كاته‌وه: “له‌م شانۆنامه‌یه‌دا به‌دوای ئه‌و چێژانه‌دا مه‌گه‌ڕێن كه ده‌توانن گرنتی سه‌ركه‌وتنی نمایش كردنی بده‌ن.” لێره‌دا جارێكی‌تر تراژیدیای سیاسه‌ت و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ربازیی ده‌بینینه‌وه. تۆرێن ، ژه‌نراڵی به ئه‌زمونی پلانه سه‌ربازیه‌كان پاش بینینی ئه‌و شانۆنامه‌یه پرسی: “كۆرنی چۆن ئه‌م هه‌موو زانیارییه له‌سه‌ر هونه‌ری جه‌نگ فێر بووه؟”
سێرتۆریۆس زۆر سه‌رسه‌ختانه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه “سه‌رده‌می جه‌نگی ناوخۆ سه‌رده‌می تاوان و تاوانكارییه”. لێره‌دا ته‌نانه‌ت زۆر به‌هێزتر له‌وه‌ی له نایكومده دا به‌یان كراوه، ئه‌نگێزه‌كانی عیشق له‌به‌ر توندوتیژییه‌كانی هێز به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چێت. هاوسه‌رگیریی به هاوشێوه‌ی ” ئاكامی بێخه‌وشی شه‌وكه‌تی سیاسی” گوزارشتی لێده‌كرێ، ئه‌وه‌ش له ئێمه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه له وشه‌ی ” بێخه‌وش” دا له قووڵی بابه‌ته‌كه تێبگه‌ین. دیسانه‌وه ئاگر وێنه‌یه‌كی زاڵه و ( نابێت ئه‌وه له یاد بكه‌ین كه به‌كارهێنانی وشه‌ی شه‌وق له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا مانای ئاگری راسته‌قینه‌ی هه‌ڵگرتووه):
هه‌سته‌كان مه‌حره‌می عیشقی من نین
ئه‌م شه‌وقه‌م غه‌وغای شه‌هوه‌تی به گاڵته گرتووه
ئاگری عیشق بڵێسه ده‌سێنێ تا خزمه‌تی مه‌رامه شاهانه‌كه‌م بكات و خۆی تێكه‌ڵاوی شه‌وقی جه‌سته‌ییم ناكات.
سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ن لێره‌دا چۆن خوازه‌ی سونه‌تی ئاگری عیشق پێچه‌وانه كراوه‌ته‌وه. ڤیریاته بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌توانێت به‌سه‌ر ئاگری عیشقدا زاڵ ببێت و بیكاته په‌یوه‌ستی ئامانجی سیاسی. ئه‌م ژنه ” شه‌وقی بێهه‌وسار” ی عیشقی سۆزه‌وه‌ریانه به گاَلته‌جاڕ ده‌گرێت. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌شن كه راسته‌قینه و مرۆیین. ئاگری میهر و موحیبه‌ته له پێشه‌وه دیاری كرا‌و و سیاسیه‌كان ساردوسڕن، ئه‌و ئاگره ته‌نیا له ئه‌ندێشه‌دا به بڵێسه‌یه. مه‌كر و ته‌ماحی هێزی سیاسیش شه‌هوه‌تی سه‌هۆڵبه‌ستووی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
گشت وزه‌ی شانۆنامه‌كه بۆ چركه‌ساتی یه‌كتر بینینی سێرتۆریس و پۆمپی له دیمه‌نی سێهه‌مدا چڕ كراوه‌ته‌وه. ئه‌و دیمه‌نه شێوه‌ی كاری كلاسیزمی نوێ ده‌رباره‌ی به‌یانی سۆز، هه‌رچه‌نده توندوتیژانه، له رێگه‌ی وێنه‌ی ره‌وانبێژیانه‌ی حساب بۆ كرا‌و به جوانی ئاشكرا ده‌كات. ئه‌مانه ئاشكرای ده‌كه‌ن له چ دۆخ و پێگه‌یه‌كدا ده‌توانرێت چالاكییه زه‌ینییه‌كان، له‌بری ره‌نگدانه‌وه‌ی له فۆرمێكی بزۆك و پڕ بزاوتدا، له قاڵبێكی ئه‌ندازه‌ییدا پێشكه‌ش بكرێت. گه‌ر ته‌نیا ئه‌م دیمه‌نه له تراژیدیای كلاسیزمی نوێ جێبه‌مایه، ده‌مانتوانی به‌شێكی زۆری بنه‌ماكانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی تێدا ببیننه‌وه. ڤۆڵتێر ئه‌م دیمه‌نه‌ی به هاوسه‌نگی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی شه‌وانه‌ی برۆتۆس و كاسیاس ده‌زانی له شانۆنامه‌ی یۆلیۆس سیزه‌ر دا. ئه‌م به‌راورده راسته، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان هه‌ڵێنجراوی نه‌ریتی دراماتیكی په‌یوه‌ستن به خۆیانه‌وه و جیاوازیی نێوانیان مه‌سه‌له‌ی جۆره تا به‌ها. كۆلریج له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه هیچ شتێكیتری نێو به‌رهه‌مه‌كانی شكسپیر ئه‌وه‌نده‌ی هێزی ئه‌و دیمه‌نه ئه‌و یه‌قینه‌ی له ناخدا به‌هێز ناكه‌ن كه بلیمه‌تی شكسپیر “میتا مرۆیی” یه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ئه‌و به‌راورده هیچ له بایه‌خی كۆرنی كه‌م ناكاته‌وه. له چادره‌كه‌ی پرۆتۆسدا، وشه واقیعیه‌كان زه‌نگێكی پڕ له وته‌ی نه‌وتراویان له ده‌وری خۆیان كۆ كردۆته‌وه. له دیالۆژه‌كانیاندا ده‌نگدانه‌وه‌ی ماندویه‌تی و خه‌مێكی په‌نهان ده‌بینین. له سێرتۆریس دا، هه‌موو شتێك له زماندا ئاشكرا ده‌كرێت. ئه‌و دوو فه‌رمانده زمانزانه هه‌ردوو له‌سه‌ر شێوه‌ی سیسرۆ و كوینتلین مامۆستای زمان پاراویین. هه‌ردوو قسه‌كانیان چون سه‌ربازه‌كانیان به‌ره‌و پێشه‌وه هان ده‌ده‌ن، پێشنیاره‌كانی یه‌كتر ده‌خه‌نه بۆسه‌وه و به شیعر هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌قڵ. ئه‌و ده‌مه‌ی پۆمپی وێنه‌ی رۆمی كۆن به‌بیری سێرتۆریس ده‌خاته‌وه، ده‌زانین خه‌ریكه هێرش ده‌كاته سه‌ر دڵی قه‌ڵا به‌هێزه‌كانی دوژمن. به‌ڵام ئه‌و پیره‌مێرده توڕه‌یه به‌رپه‌رچی هێرشه‌كه‌ی ده‌داته‌وه:
به باوه‌ڕی من رۆم جگه له چواردێوارێك چیتر نییه
كه یاسا خوێناویه‌كانی سایلا پڕی كردوه له گۆڕ
ئه‌و دیوارانه‌ی رۆژانێك چاره‌نوسێكی باشیان هه‌بوو
ئێستاكه زیندانن.. نا، گۆڕی رۆمن.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنێكیتر ئه‌و هێزه‌ی زیندوو ببێته‌وه
رۆم هه‌موو رۆمیه ناشرینه‌كانی ته‌ڵاق داوه
پارێزه‌ره راسته‌قینه‌كانی لێره ئاماده و زیندوون
رۆم چیتر رۆم نییه… رۆم ئه‌و شوێنه‌یه كه من لێی وه‌ستاوم.
ئه‌م بڕگه‌یه هه‌ڵێنجنراوی قوڵبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی كۆرنیه ده‌رباره‌ی رۆم و گه‌وره‌ییه نه‌مره‌كه‌ی. مرۆڤ ده‌بێت كه‌ڕ بێت گوێی له چێژی دراماتیكی په‌خشان ئامێزانه و گیرایی ئه‌و دیالۆژانه نه‌بێت. له به‌رهه‌مه‌كانی شكسپیردا، وشه‌كان به كۆبونه‌وه‌ی ئاڵۆزی خۆیان، بیرۆكه‌ی زیاتر له قسه‌ی واقیعی له خۆیاندا كه‌ڵه‌كه ده‌كه‌ن. له به‌رهه‌مه‌كانی كۆرنی دا ته‌واو وه‌كو به‌رهه‌مه‌كانی درایدن، وشه‌كان فره مانا نین، به‌ڵكو هه‌ڵگری پێناسه‌یه‌كی ته‌واوه‌تین بۆ خودی ئه‌و مانایه‌ی هه‌ڵیان گرتووه، به‌و شێوه‌یه‌ش دۆخی واقیعی به‌یان كردنیان جۆرێك كه‌ماڵ و جوانی ده‌بینێته‌وه كه ته‌نیا به مه‌رجی به‌كارهێنانی ژانرێكی ئه‌ده‌بی به باشترین شێوه‌ی دروست ده‌بێت. مه‌سنه‌ویه‌كی كۆرنی هیچ جێگه‌یه‌ك بۆ گومان یان هه‌ستێكی ناگونجاو ناهێڵێته‌وه. نه‌ریتی بنه‌ڕه‌تی سه‌بكی ئه‌ده‌بی به‌ریتانیا، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می بزوتنه‌وه‌ی رۆمانتیكه‌كانه‌وه، نه‌ریتی هه‌ڵێنجاندنه‌كانه. به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتێكی بێپه‌رده و رونیشه.
ئۆتۆن (1664) ، به‌رهه‌مێكی وشكه. ئه‌و به‌رهه‌مه لێكدانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی پیلانگێڕانێكه له ده‌رباری ئیمپڕاتۆری رۆمدا. ئێسۆن ته‌نیا له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌رنجڕاكێشه كه دیدگای كۆرنی سه‌باره‌ت به له‌ناوچونی عیشق به هۆی سیاسه‌ته‌وه رونتر ده‌كاته‌وه. بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی لێره‌دا نه‌زاكه‌ته:
له ناخی كامیل دا، نه‌زاكه‌ت عیشقی بگۆڕه
له ناخی ئێسۆن دا، عیشق نه‌زاكه‌تی بێخه‌وشه.
ریشه‌ی “نه‌زاكه‌ت” ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێو ناوه‌ڕۆكه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان. عیشق، كه تایبه‌تمه‌ندیه‌كی ته‌واو زاتی ژیانه، له‌و شوێنه‌دا كه به‌نه‌زاكه‌ته‌وه ده‌ربكه‌وێت، ده‌بێته شتێكی هه‌ڵبه‌ستراوی ساخته. نه‌زاكه‌ت تایبه‌تمه‌ندیه‌كی سه‌ره نه‌وه‌ك دڵ.
شه‌ش ساڵ پاش ئه‌وه، كۆرنی ئه‌م به‌ها دژانه‌ی له كێبڕكێیه‌كی ئه‌نقه‌ستدا به‌رامبه‌ر به راسین پێشكه‌ش كرد. شانۆنامه‌ی بێرنیس ی به‌رهه‌می راسین، یه‌كه‌مجار 21 ی دێسامبه‌ری 1670 برایه سه‌ر شانۆ، دوابه‌دوای ئه‌ویش تایتوس و بێرنیس له 28ی نۆڤه‌مبه‌ر برایه سه‌ر شانۆ. به دڵنیاییه‌وه كۆرنی دۆڕابوو. بێرنیس ی نوسینی راسین به‌رهه‌مێكی تراژیدی قووڵه، هه‌رچه‌نده كه‌سیش له‌و به‌رهه‌مه‌دا نامرێت. كاراكته‌ره‌كان روخساره شادومان و زیندوه‌كانی ژیانی خۆیان ده‌كه‌نه قوربانی پێویستییه‌كانی شكۆی رواڵه‌تی و هێزی سیاسی. راسین ئه‌و راستیه ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت ئێمه‌ش بزانین كه یاخیبوونی بێرنیس له تایتوس هه‌وڵێكی گه‌لێ تاقه‌تپڕوكێنی ویستووه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش بوو كه كۆرنی نه‌یده‌توانی له دڵه‌وه قبوڵی بكات. ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه دان به به‌ها شاراوه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌دا بنێت. پێده‌چێت كۆرنی، ماڵئاواییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی بێرنیس (له به‌رهه‌مه‌كه‌ی راسیندا له‌و شوێنه‌دا كه بێرنیس ده‌ڵێت)، “ماڵئاوا، لێگه‌ڕێ با له به‌رچاوی عاله‌م / رووی شكاوترین و چاره‌ره‌ش ترین عیشق بین / كه پاش خۆی هه‌زاران چیرۆك و به‌سه‌رهات به‌جێدێڵێ”، به پشتكردنه شه‌وكه‌تی ده‌ربار و كارزانی تاكه‌كه‌سی بزانێت. كۆرنی نه‌یده‌توانی له رووی هێزی ئه‌ندێشه‌وه ئه‌و باره زه‌ینیه پێناسه بكات كه ئاماده‌یه له‌به‌ر خه‌ڵوه‌تی عیشق پشت له ئیمپڕاتۆرییه‌ك بكات. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش شانۆنامه‌كه‌ی ئه‌و هیچ روبه‌ڕٍوبونه‌وه‌یه‌كی توندی تێدا نابینرێت. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چاره‌نوسی ده‌قه‌كه‌ی ئاشكرایه. تایتوس و بێرنیس ده‌قێكی تراژیدی نییه، به‌ڵكو، وه‌كو چۆن كۆرنی بۆخۆی ناوێكی لاوه‌كی بۆ داناوه، كۆمیدیایه‌كی پاڵَه‌وانییه. به درێژایی شانۆنامه‌كه، بێرنیس زیاتر نیگه‌رانی ناوبانگ و شه‌وكه‌تی خۆیه‌تی تا هه‌ڵچونی عاشقانه. ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا كه به‌جێهێشتنی رۆمی بۆ ده‌بێته شتێكی بڕاوه، به‌وپه‌ڕی ناڕه‌زاییه‌وه ده‌ڵێت، “سوپاس بۆ خوا كه پێویست نییه / نیگه‌رانی له‌كه‌داربوونی ناو و شه‌وكه‌تم بم.” و دوا رسته‌ی ئه‌و دیالۆژه‌ی (ره‌فتاره‌كانی و سنورداریه‌كانی كۆرنی) ته‌واو ئاشكرا ده‌كات: “دڵی تۆ ماڵی منه، من حوكمڕانی ئه‌و ماڵه‌م و هه‌ر ئه‌وه‌شم به‌سه.” له جیهانی درامی كۆرنییدا، دڵ شوێنێكه بۆ حوكمڕانی. خۆشه‌ویستییش حكومه‌ت كردنه.
به‌ڵام ئه‌و چه‌مكی پایه‌بڵندییه‌ی سۆزه‌وه‌ری كه راسین به‌رپای كردبوو له‌و ده‌مه‌دا روو له هه‌ڵكشان بوو. شانۆنامه‌ی پێلچری به پاشه‌كشێیه‌كی ئاوێته به به‌رگری كۆرنی ئه‌ژمار ده‌كرێت. مرۆڤ ناتوانێت وه‌كو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری باسی بكات، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه دیكۆمێنتێكه بۆ سه‌لماندنی ئاستی ئه‌و یه‌كانگیرییه‌ی یه‌قین كه هونه‌رمه‌ندی به ئه‌زمون سه‌باره‌ت به روانگه تایبه‌تیه‌كانی بۆ په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان، پێشكه‌شی ده‌كات. له‌راستییدا، ئه‌و به‌رهه‌مه توندڕه‌وترین مانیفێستی ناوه‌ڕۆكی زاڵی به‌رهه‌مه‌كانی كۆرنییه یان ره‌نگه بكرێ بڵێین گرفتی سه‌ره‌كییه‌تی. كاتێك جوتبونێكی سیاسی روو ده‌دات كه به ئاشكرا په‌یمانی ئه‌وه‌ی تێدا بدرێت كه نه‌گاته هاوسه‌رگیریی. به‌های به‌ده‌ستهێنانی هێز، خه‌سێنراوییه. ئه‌مه گوزارشتێكی توندوتیژ و فه‌رامۆش نه‌كراوه كه ده‌رئه‌نجامی قوڵبینی كۆرنی ئاسایانه‌یه له‌سه‌ر تراژیدیای سیاسه‌ت.
به نوسینی شانۆنامه‌ی سورنا (1674) كۆرنی ده‌ستی له شانۆ هه‌ڵگرت.
زۆرجار له‌وه دڵنیاین كه سورنا نیشانده‌ری ئاگایی قوڵی نوسه‌ره سه‌باره‌ت به سه‌بك و شێوازی نوسینی راسین. به‌ڵام ئه‌م ئاگاییه ئه‌وه‌نده‌ش ده‌ربڕی به‌های ئه‌و شانۆنامه‌یه نییه. هه‌رچه‌نده سورنا كارێكی هه‌ماهه‌نگ نییه، به‌ڵام ده‌ڵێم ره‌نگه ئه‌و ده‌قه بگاته ئاستێك كه به شاكاری كۆرنی ناوبانگ په‌یدا بكات. ئه‌م ده‌قه خاوه‌نی هه‌ندێ بیرۆكه و وه‌زنی شیعریی تایبه‌ت به راسینه، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌گاته ئاستێك كه هه‌رگیز ناتوانین له قاڵبی كارێكی راسینییدا ته‌ماشای بكه‌ین. ئامرازی په‌یوه‌ندیكردنی ئه‌م ده‌قه به وه‌رگره‌وه، زمان ه. هه‌رچه‌نده كۆرنی مل بۆ رێزمانی زمانی كلاسزیمی نوێی فه‌ڕه‌نسی نه‌وی ده‌كات، هه‌مان ئه‌و نه‌حوه چڕ و شه‌فافه‌ی كه خۆی ده‌خزێنێته نێو په‌خشانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌مان زاراوه‌كانی كۆتاییه‌كانی بارۆك. ئه‌م به‌رهه‌مه پڕٍاوپڕٍه له زاراوه‌ی پاڵه‌وانبازیی و شه‌وقی بارگرانانه‌ی شاعیران و رۆماننوسانی پێش درامای كلاسیزمی نوێ. ئه‌مه بۆ خۆی ناچاربوونه به جۆرێك له سستی و بارگرانی له وتاردا، به‌ڵام به گشتی، له كۆتاییه‌كانیدا، به‌یانی له‌سه‌رخۆ و به‌هێزی رێزمان هێزی پێویست ده‌به‌خشێته به‌رهه‌مه‌كه. ئه‌وه‌تا بڕێكی زۆری ئه‌و ئاستی سۆزه‌وه‌رییه‌ی له‌وێدا كه‌ڵه‌كه بووه له‌رێگه‌ی چه‌ند كردارێكه‌وه كه چاوگه‌كانیان به ir كۆتایی دێ، ده‌گاته وه‌رگر. سه‌رجه‌م شانۆنامه‌كه له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی ئه‌م باوه‌ڕه یۆریدایسی ه ده‌خولێته‌وه:
كه مه‌رهه‌می عیشق به گاڵته‌یه‌ك تێده‌گه‌م، ئه‌وا عاشق بوون و مه‌ینه‌تی بینین و فه‌نا بوون ئاره‌زومه.
سورنا له كۆتاییدا ئه‌م وشانه دوباره ده‌كاته‌وه:
ئه‌ی ئاسمان، گه‌ر ده‌بێت هه‌میشه عاشق بوون، مه‌ینه‌تی بینین و مردن چاره‌نوسم بێت، ئیتر چاوه‌ڕێی چیتر بكه‌م؟
ئه‌م وشانه گلۆڕبونه‌وه له ماڵی عیشقه‌وه، به مه‌ینه‌تی بینین، به‌ره‌و مه‌رگ پێناسه ده‌كات و به پێی نه‌ریته‌كانی جوامێری و پاڵه‌وانی بارۆك، ئه‌مه به جۆره پێشكه‌وتنێك ده‌ژمێردرێ!.
جگه له‌مه‌ش، كۆرنی له سورنا دا له تێكشكاندنی سنوره‌كانی قه‌سیده‌ی سه‌روادار نزیك ده‌بێته‌وه. به‌یته‌كان پڕن له كرداری فره‌مانا و شه‌فاف كه هه‌ست ده‌كه‌ی هه‌موو به‌یتێك دوای وێنه شیعریه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت. به‌یته شیعریه‌كان به‌وجۆره‌ی له شانۆی كلاسیزمی نوێ‌دا كه‌م به‌رچاو ده‌كه‌وێت، شوێن پێی بێده‌نگیه‌كی پڕهاوار له دوای خۆیان به‌جێده‌هێڵن. كۆرنی هه‌میشه له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. هه‌ندێجار ئه‌و جوڵه ئاڵۆزه _ هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به كرداری كراوه له‌ژێر پێكهاتێكی وشك و فره‌ره‌نگ دا _ په‌خشانی كۆرنی ده‌گۆڕێت. ڤۆڵتێر ده‌یوت هه‌ندێك شوێنی ئه‌م ده‌قه زۆر له ئاستی پیشه‌گه‌ریی ئاسایی كۆرنی نزمتره. به‌ڵام ئه‌م كه‌موكورتیه، ئاكامی راسته‌وخۆی هه‌وڵدانی كۆرنیه، بۆ ده‌رباز بوون له سنورداریی زاتی شیعری ئه‌سكه‌نده‌ری. به شێوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر شێوازی پاڵه‌وانیانه له سورنادا لاواز ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و شێوه كاركردنه چیتر له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی كۆرنیدا نه‌ده‌گونجا. ئه‌مه‌ش، به باوه‌ڕی من ئه‌فراندنی جۆره ماته‌منامه‌یه‌كی درامیی بوو ـ درامی ماته‌مینی له‌بری ململانێ.
” نه‌رمی بیرۆكه” ته‌واو له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیی زماندا گونجاوه. دواجار كۆرنی ئه‌و بڵندییه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر به خۆشه‌ویستی ره‌وا نه‌بینیبوو، بۆی گه‌ڕانده‌وه. یوریدایسی، كه ناوه‌كه‌ی نیشانه‌ی هێزی زاڵی عیشقه به‌سه‌ر مه‌رگدا، دیالێكتیكی باوی تراژیدی كۆرنی ئاسا، ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه. شه‌وقی ئه‌ڤینی كۆرنی له بنه‌ما سیاسیه‌كان سه‌قامگیرتر ده‌رده‌كه‌وێت: “خۆشه‌ویستی من بۆ ئه‌م سیستمه سیاسیه گه‌لێك به‌سۆزه” ده‌بێت ئه‌و له سورنا جودا بێـته‌وه، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی نێوانیان له‌وه به‌هێزتره. خوازه ئاشقانه‌كان، ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌مه‌رگیشدا به‌رز و بڵندن. سورنا، به سێ رمی چه‌قاوی سه‌ر سینه‌یه‌وه ته‌ختی زه‌وی ده‌بێت. ئه‌مه هێمای دێرینی عیشقه جه‌سته‌ییه‌كانه و لێره‌دا پێده‌چێت كۆرنی، وه‌كو نوسه‌رانی چاخی ئه‌لیزابێت، به تانه‌وه گه‌مه به واژه‌ی “مه‌رگ” بكات و به دوو جۆری جیاواز وێنه‌ی ده‌كات، مه‌رگ بۆ خۆی و مه‌رگی عاشقانه. یورایدسی زۆر قورس و گران به سه‌ماو حورمه‌ته‌وه دوای دڵدار ده‌كه‌وێت:
ناگریم من، خاتونه‌كه‌م، بگره ده‌مرم.
جوانی پڕمانا و قووڵی ئه‌م ئاماژه‌یه تیمپۆی تراژیكی ده‌قه‌كه هێورتر ده‌كاته‌وه.
تاراده‌یه‌ك ده‌توانین بڵێین سورنا شانۆنامه‌یه‌كی مه‌زنه. له‌وانه‌یه بیرۆكه‌ی كاره‌كه له‌وه ناسكتر و وردبینتر بێت تا به ده‌زووی جوانكاریی و ته‌می گومانی ئامرازه شیعریه‌كان بیدورینه‌وه. ئه‌م ده‌قه جۆره ئه‌فسونێكی ریتم و تیشكی پاییزیانه‌ی له‌خۆگرتووه كه له هیچ ده‌قێكیتری هونه‌ری كلاسیزمی نوێ‌دا، به‌رچاو ناكه‌وێت. جگه له‌مانه‌ش، هه‌رچه‌نده راسین جێنشینێكی راسته‌قینه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام له‌سه‌ر عیشقی بێ ئاكام، له دیالۆژه به‌ناوبانگه‌كانی شانۆی كلودل دا، ده‌نگدانه‌وه‌ی روونی سورنا ده‌بیستین.
له نێو شاعیره مۆدێرنه‌كاندا، راسین له هه‌مووان زیاتر، به‌بێ زۆر له‌خۆكردن، رووی كرده به‌كارهێنانی رواڵه‌تی داخراوی درامی و كلاسیزمی نوێ. بۆ ئه‌م كاره‌شی گه‌لێك به‌ڵگه‌ی زاتی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌یه. راسینیش وه‌كو گۆته شاعیری ده‌ربار بوو كه باوه‌ڕی به به‌ها چینایه‌تیه‌كانی ژینگه‌ی فیودالی هێنابوو. له بواری شانۆدا كاری ده‌كرد، به‌ڵام جیهانی ئه‌و شانۆ نه‌بوو. ئه‌مه‌ش هه‌ره جیاوازییه مه‌زنه‌كه‌ی نێوان ئه‌و و كۆرنی یان مولێره. راسین یه‌كێكه له‌و شانۆنامه‌نوسانه‌ی (بایرن یش به هه‌مانشێوه) كه خۆی حه‌زێكی سروشتی بۆ شانۆ نه‌بوو. مێژووی كاركردنی له‌و بواره‌دا بۆ خۆی شایه‌تی دره‌نگ قایل بوونیه‌تی به كاركردنی له شانۆدا. چرای كاركردنی كۆرنی له شانۆی جه‌ماوه‌ریی و گشت په‌سه‌نده‌وه رووی له نمایشی نوخبه كرد و پاشانیش خامۆش بوو. به قایل بوونی به وه‌رگرتنی پۆستی مێژوونوسی ده‌ربار، ملی بۆ سه‌لیقه‌ی تایبه‌تی خۆی و ره‌گه‌زپه‌رستی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌وی كرد.
راسین نایابترین و ئاسته‌مترین شێوازی درامای هه‌ڵبژارد تا به‌هۆیه‌وه به‌ته‌واوه‌تی له كۆتوبه‌نده مادیه‌كانی نمایش رزگاری ببێت. نیگه‌رانیه‌كانی به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی نه‌یاره‌كان و وه‌سواسه مه‌زهه‌بیه‌كانی به‌رامبه‌ر به مۆڕاڵی بوونی شانۆ پاژه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆچونه هه‌ستیاره‌كانی راسینیان پێكده‌هێنا. راسین هه‌میشه بیری له شانۆیه‌كی ئایینی یان ده‌رباریی ده‌كرده‌وه، شانۆیه‌كی به‌هێزی ره‌سه‌ن، چه‌شنی ئه‌و شانۆیه‌ی له ئه‌سینا بوونی هه‌بوو. ئه‌و هه‌میشه خۆی به هاوتای تراژیدیانوسه یۆنانیه‌كان ده‌زانی، ئه‌مه‌ش نه له‌به‌ر هه‌رجۆره لێكچونێكیان له جیهانبینییاندا، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وباوه‌ڕه‌دابوو ئه‌و شانۆیه‌ی كه سۆفۆكلیس و یۆریبیدس بۆیان ده‌نوسی خاوه‌نی بوونێكی سه‌ربه‌خۆ بوو. ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه له پێشه‌كی ئه‌ڤگینیا باسی لێوه‌كراوه:
له‌به‌ر كاریگه‌ریی هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه‌ی له هۆمه‌ر و یۆربیدس وه‌رمگرتووه، بۆ سه‌ر شانۆی ئێمه، به‌وپه‌ڕی خۆشبه‌ختیه‌وه تێگه‌یشتووم كه ئه‌قڵ و ئیداركی سه‌لیم له هه‌موو چاخه‌كاندا هاوتای یه‌كن. سه‌لیقه‌ی مرۆڤی پاریسی سه‌لماندی له‌گه‌ڵ سه‌لیقه‌ی ئه‌سینییدا ده‌گونجێت.
راسین توانی به نوسینی ئیسه‌ر و عه‌ته‌لیا، ئه‌و دوو شانۆنامه‌یه‌ی كه ته‌نیا بۆ خوێندنه‌وه نوسرابوون، بیرۆكه‌كه‌ی خۆی چێ بكات. ئیسه‌ر كه له ساڵی 1689 له لایه‌ن كیژه خانه‌دانه‌كانی سه‌ن ـ سیر ه‌وه نمایش كرا، دواجار له ساڵی 1721 دا گه‌یشته سه‌ر ته‌خته‌ی نمایشی گشتی، عه‌ته‌لیا كه له ساڵی 1691 له كۆشكی ڤێرسای له سه‌راپه‌رده‌ی مادام دۆ مینیتۆ پێشكه‌ش كرا، تا ساڵی 1716 له شانۆی نه‌ته‌ویی فه‌ڕه‌نسا نمایش نه‌كرا. سه‌رباری تایبه‌تمه‌ندیی دیاری ئه‌م دوو به‌رهه‌مه، هێشتا هه‌ر له‌م به‌رهه‌مانه‌دایه كه هونه‌ری ئاڵۆزی راسین زۆر به وردی به‌یان كراوه. سوود وه‌رگرتنی هه‌ردوو شانۆنامه‌كه له كۆرس ئاكامی تێزێكه له‌سه‌ر جۆره درامایه‌ك كه له سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی راسیندا ئاشكرایه.
ئه‌وه‌ی شایانی سه‌رنجه ئاشوفته‌یی سۆزداریی له‌راده‌به‌ده‌ر یاخود مه‌یلی بینه‌ر بۆ ئاوێته‌بوونی له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی نمایشه‌كه نییه، له‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌و هونه‌ره‌یه كه له برنیس ، ئه‌ڤگینیا و فیده‌ر دا سوودی لێوه‌رگرتووه. بۆ ئێمه‌ی خاكیی به‌دبه‌خت، خۆ به‌هاوتازانینی ئه‌و رواڵه‌ته شاهانانه، له رووی ده‌رونناسیه‌وه گێلانه و له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه به بێشه‌رمی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. پێكهاتی ئه‌وان ته‌واو جیاوازه. به‌م شێوه‌یه، ده‌توانین بڵێن راسین، وه‌كو برێشت، به ئه‌نقه‌ست له قوڵكردنه‌وه‌ی درزی نێوان بینه‌ر و ته‌خته‌ی نمایش ده‌گه‌ڕێ. برێشت ئه‌وكاته‌ی ده‌یه‌وێت نامۆكردنه به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی پێناسه بكات، ده‌ڵێت، ” ئه‌م شانۆنامه‌یه، هه‌رگیز ژیانی راسته‌قینه نییه و مه‌به‌ستێكی له‌وجۆره‌شی نییه” راسین ده‌ڵێت، “ئه‌م شانۆنامه‌یه له ژیانی واقیعی راسته‌قینه‌تر و به‌به‌هاتره، ئه‌مه وێنای ئه‌و شته‌ی هه‌ناوی ژیانه، كه گه‌ر هه‌موو چركه‌یه‌ك له‌ئاستی بڵندی نه‌زاكه‌تدا ده‌با و ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌و ژیانه هه‌میشه وه‌ڵامی پێویستیه ئه‌شرافیه‌كانی ده‌دایه‌وه، ده‌یتوانی هاوشێوه‌ی ئه‌و بێت.” هه‌ردوو شانۆنامه‌نوسه‌كه جیاوازییه‌كی ئاشكرا له نێوان واقیعی بوون و ریالیزم دا دیاری ده‌كه‌ن.
ئه‌مه كلیلی مه‌ته‌ڵی سودوه‌رگرتنی بێپه‌روایانه‌ی راسینه له سێ یه‌كیه‌تیه‌كه. به بۆچونی ئه‌و یه‌كیه‌تی كات و شوێن مه‌رجی سروشتی درامایه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه ئه‌و دوو بنه‌مایه ببونه ئه‌و په‌ته‌ی كه ئه‌و ده‌یتوانی له‌سه‌ریان گه‌مه‌ی مه‌ترسیدار بكات. ناكرێت ناهه‌ماهه‌نگی ژیان و ناڕێكی مادیی كاروباره‌كان، بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له 24 كاتژمێر له په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كاندا به‌ده‌ربخرێت. ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌كو برنیس یان فیده‌ر ده‌بێت مل بۆ سوكایه‌تی خه‌وتن نه‌وی بكات. هه‌موو كاتێك ناتوانین له ژورێك زیاتر شوێنێكی شایسته‌ی شكۆ و نایابی كرداری تراژیك دروست بكه‌ین. لێره‌دا ئێوه بیر له حه‌وشه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه، به دڵنیایه‌وه له شوێنێكی حه‌وشه‌كه‌دا پێكه‌نین خۆی حه‌شار داوه. له پشت ده‌رگای شانۆكانی راسینه‌وه، ژیان به گشت هه‌روازه‌نای ئاڵۆزاوی شۆڕشه‌وه چاوه‌ڕوانه. ئه‌وكاته‌ی ئه‌كته‌ره‌كان ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایانه، ئه‌وپه‌ڕی بێزاریی خه‌فه‌كراوی خۆیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن. ئه‌توانین بیانبینین چۆن هاوار ده‌كه‌ن یان ده‌گرین. كۆتایی برنیس ده‌بێت له‌كاتی نمایشدا تیمپۆیه‌كی خێرا وه‌ربگرێت، وه‌كو ئه‌و پێشبڕكێیه‌ی كه سه‌رباری باران و زریان هه‌رده‌بێت بكرێ. سیمه‌كان ته‌واو جه‌ڕێنراون و هه‌ر به لاچونی په‌رده‌كه، ده‌پسێن. ناتوانین وێنای برنیس بكه‌ین كه بتوانێت چركه‌یه‌ك زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره خه‌فه‌كراوه‌ی رۆحی بگرێت. ئه‌و ده‌بێت به‌په‌له بچێته ده‌ره‌وه.
یان گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌مه به زمانی خوازه باس بكه‌ین ده‌بێت بڵێین: كه‌شی كردار له درامی راسیندا ئه‌و به‌شه‌ی كۆشكی ڤێرسایه كه له‌به‌ر چاوی پادشایه. شوێنێكه، ویقار و ره‌فتاری به‌رز و ته‌شریفات و هۆشیاریه‌كی ته‌واوه‌تی حوكمی ده‌كات. ته‌نانه‌ت لوتكه‌ی خه‌م و ئۆمێد نابێت ریتمی دیالۆژ و جوڵه بشێوینێ. به‌ڵام هه‌ر رێك له پشت ئه‌م ده‌رگایه‌وه، ژیان ده‌خزێته ئامێزی ناچاریی و جوانی سرووشتی رۆژانه‌وه، راسین مێژوونوسی ده‌رباری پادشایه، سه‌ن سیمۆن سكرتێری ژووری چاوه‌ڕوانی پادشا، واتا هه‌مان دونیای ئێمه. هه‌ردوو درامانوسی گه‌وره‌ن.
برنیس روی راسته‌قینه‌ی هێڵه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ته‌كنیكی كاركردنی راسینه له شانۆدا. له‌م شانۆنامه‌یه‌دا شتێكی زیاتر له نه‌بینیی عیشق روو ده‌دات. تراژیدیای ئه‌م شانۆنامه‌یه له نه‌بینینی سه‌رجه‌م ناڕێكیه‌كانی ژیاندایه، ئه‌مجۆره له جوانی دوا كردار زۆرجار ژیانی له پێناودا داده‌نرێت. په‌رجوه‌كه له‌مه‌دایه كه بۆچونێكی تایبه‌ت و داخراوی له‌م چه‌شنه له‌سه‌ر هونه‌ر و مۆڕاڵ ده‌بێت درامای شكۆداری جیهانی ئه‌ده‌ب بنوسێته‌وه. وزه‌یه‌كی گه‌وره تا پنتی هه‌ڵتۆقین كۆده‌بێته‌وه و له‌وێشدا به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه ده‌ته‌قێت. كۆتایی فیده‌ر یان عه‌ته‌لیا ئه‌وه‌نده‌ی جه‌نگ له مه‌كبێس و كوشتاری ناو هاملێت توڕه‌یی و هه‌را ده‌نێته‌وه. جیاوازیه‌كه له‌مه‌دایه: دواروداو له ده‌ره‌وه‌ی ته‌خته‌ی نمایش روده‌دات. دواتر ئه‌و روداوه به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ بۆ ئێمه‌ی وه‌رگر باس ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌مه زه‌ڕه‌یه‌كیش له سه‌رنجڕاكێشی ده‌قه‌كه كه‌م ناكاته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه، راسته‌وخۆ ئاشكرا كردنی به‌سه‌رهاته‌كه، دڕنده‌یی ئه‌و گه‌یاندنه‌یه. ئه‌مه خه‌یاڵمان به‌ره‌و دیمه‌نی كاره‌ساته‌كه ده‌كێشێ:
هێشتا هیچ نه‌بووه، هه‌ورێك به‌سه‌ر رمه‌كانه‌وه به‌ره‌و ئاسمان فڕی
ئه‌وه‌تا به‌م زووه، لافاوی خوێن، ئه‌م یه‌كه‌مین نۆبه‌ره‌ی كوشتاره، رژا.
زۆر به ئاشكرا له‌به‌رئه‌وه‌ی درامی شكسپیری و رۆمانتیك دیمه‌نه‌كانیان توندوتیژی لێده‌چۆڕا، له‌و روانگه تایبه‌ته‌وه گواستنه‌وه‌ی وێناندنی ئاست و هێزی (كرداری دراماتیك) له گۆڕاندابووه. ئه‌مه تاراده‌یه‌ك فێڵێكی مۆزیكیانه‌یه، ده‌نگدانه‌وه ده‌ربڕی مه‌زنی هه‌رای دووره.
هونه‌ری راسین هونه‌ری ململانێی حساب بۆ كراوه. گه‌لێ وێنه‌ی جۆراوجۆر به‌ره‌و زه‌ین هێرش ده‌هێنن: ململانێی نێوان ئاسوده‌یی زاتی مه‌ڕمه‌ڕ و توندیی جوڵه‌ی هه‌ڵكۆڵراو له په‌یكه‌رتاشی یۆنانییدا، له پشتێنێكی ئاوێزانی هونه‌ری بیناسازییدا، یان له هێزی چڕبوی نێو سپرینگێكی ئاسنین. راسین یه‌كێكه له‌و بلیمه‌تانه‌ی به ساكارترین شێوه له چوارچێوه‌ی بنه‌ما چه‌قبه‌ستوه‌كاندا كار ده‌كات. ئه‌و هه‌سته درامییه‌ی له‌و كاتانه‌دا كه گوێ له “ڤاره‌یشنه‌كانی گۆڵدبێرگ” ده‌گرین له ناخماندا دروست ده‌بێت، خاوه‌نی چه‌شنه هه‌ماهه‌نگیه‌كه: وزه‌یه‌كی مه‌زن له رۆچنه باریك و تێكچڕژاوه‌كانه‌وه به‌ره‌و ده‌ره‌وه ده‌رژێت. هاوسه‌نگیه‌ك له نێوان گرانی بێڕۆحی ته‌كنیك و سه‌رنجڕاكێشی بیرۆكه‌دا باڵ به‌سه‌ر گشت كاره‌كه‌دا ده‌كێشێت. راسین ئاسنی تواوه‌ی له قاڵبه نه‌رمه‌كانی كاركردنی تایبه‌تی خۆی ده‌نا. له هه‌ر چركه‌یه‌كدا، مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له پێكهاته‌كه ده‌كات مل بۆ گوشار نه‌وی بكات، به‌ڵام پێكهات خۆڕاگری ده‌نوێنێ و ئه‌م چاوه‌ڕوانیه ده‌بێته هه‌ڵچوون. زۆرجار وه‌سواسی پێكهات ده‌توانێت بچێته‌وه سه‌ر جۆرێك له فێڵ و ساخته بوونی كاره‌كه. رۆڵی ئیریفایل له ئه‌ڤگینیا دا له‌به‌ر پێویستی دروستكردنی بۆچونی دژ و هاوسه‌نگی هێزه‌كانه. به‌ڵام ئه‌مه له روانگه‌ی ده‌رونناسی و نمایشه‌وه جێگه‌ی باوه‌ڕ نییه. له به‌رهه‌مه‌كانی راسین دا، ئه‌مجۆره كه‌موكورتیه كه‌مه. ئه‌و تاراده‌یه‌ك هه‌میشه له توانایدایه كه هێڵه گشتییه‌كانی كرداری تراژیك له ته‌ك پێویستیه‌كانی رووی كلاسیك‌دا بگونجێنێت.
ئه‌م چوار شانۆنامه‌یه‌ی راسین خوێندنه‌وه‌یه‌كه ده‌رباره‌ی ژنان: برنیس، ئه‌ڤگینیا، فیده‌ر و عه‌ته‌لیا. برنیس بابه‌تێكی جوان به‌ڵام تایبه‌ته، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه‌دا تایبه‌تمه‌ندیی تراژیك كه‌مڕه‌نگ و بایه‌خێكی كه‌م به ترس دراوه. له‌و دوو شانۆنامه‌یه‌دا كه به سه‌بكی یۆریبیدس نوسراون و له عه‌ته‌لیادایه كه راسین گرانترین ئه‌ركی له ئه‌ستۆ گرت. له هه‌ریه‌ك له‌و سێ شانۆنامه‌یه‌دا ململانێیه‌كی زۆر له نێوان رواڵه‌تی كلاسیك و ئه‌قلانیه‌تی درامی واقیعی و تایبه‌تمه‌ندیی شه‌یتانی و نائه‌قڵانی ئه‌فسانه‌دا هه‌یه. راسین روخساری دونیایی هونه‌ر و دونیای ئه‌فسانه كۆن و پیرۆزه‌كانی روبه‌ڕوی یه‌كتر كرده‌وه. من له‌و گومانه‌دام، كه لێره‌دایه باوه‌ڕی ئه‌و به جانسنیسم بایه‌خ په‌یدا ده‌كات. ناوه‌ڕۆكی بیری جانسنی هه‌وڵێكه بۆ ئاشت كردنه‌وه‌ی ژیانی ئه‌قڵانی و سه‌روی به‌زه‌یی ئیلاهی. ئه‌م هه‌وڵه، كه به قیمه‌تی ده‌روناسیه‌كی ترسناك ده‌ژی، دوو وێنه‌ی تراژیكی مرۆڤ ده‌كێشێت، یه‌كێكیان وێنه‌ی راسین و ئه‌ویتریشیان باسكال. له وێنه‌كه‌ی باسكال دا، ره‌وتی ناچاریی توندوتیژ و گرانی به‌ره‌و ئه‌قڵ له به‌رامبه‌ر تێگه‌یشتنی به‌رده‌وامی نهێنی ئیلاهی كار ده‌كات. له وێنه‌ی راسین دا، فرمان ده‌درێته زمان و جوڵه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی كارتزی تا ئه‌فسانه پیرۆزه‌كان نمایش بكه‌ن. ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی دوركه‌وتنه‌وه‌یه له دونیای كۆرنی. ئه‌فسانه‌ی بنه‌ڕه‌تی درامی كۆرنی ئه‌فسانه‌ی مێژووه. راسین یه‌هوه و خۆر ـ خودای شارستانیه‌ته فه‌رامۆشكراوه‌كان، بانگهێشت ده‌كاته‌وه. ئه‌و ترس و وه‌حشه‌تی كه‌ونارا ده‌خاته وێزه‌ی شانۆی ده‌ربارییه‌وه.
له شانۆنامه‌ی ئه‌ڤگینیادا، هێشتا تاراده‌یه‌ك سازش، واتا هه‌وڵ بۆ پارێزكردن له بڕێك ناوه‌خنی نائه‌قڵانیی، به‌رچاو ده‌كه‌وێت. راسین بیرمان ده‌خاته‌وه كه بۆچونی ئه‌سینیه‌كانیش ده‌رباره‌ی سیحر و روداوه سه‌مه‌ره‌كان له زه‌مه‌نی ئه‌وانیشدا رێژه‌یی بووه و هه‌روه‌ها ئه‌وده‌مه‌ی “هێزی ئه‌قڵانی” روبه‌ڕوی بابه‌ته ئه‌فسانه‌ییه‌كان ده‌كرێته‌وه، هه‌مان ئه‌وشتانه له زه‌ینی مرۆڤی پاریسیدا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن كه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له ئه‌سینا به‌رجه‌سته‌یان ده‌كرد. كاریگه‌ربوونی راسین به یۆریبیدس به وردی له‌سه‌ر ئه‌م گریمانه وه‌ستاوه. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه ده‌كرێت گومانی فه‌لسه‌فی یۆریبیدسی و له فۆرم نانی ئه‌فسانه له درامی یوریبیدسیدا به‌م راستیه بسه‌لمێنرێت كه یۆریبیدس ده‌رباره‌ی بیرۆكه‌ی كاره‌كانی دیدگایه‌كی ئه‌قڵانی هه‌بووه. به مانا ته‌واو واقیعیه‌كه‌ی، مه‌ودای نێوان ئه‌سخیلۆس و یۆریبیدس ده‌رباره‌ی ئه‌فسانه زیاتره له‌و مه‌ودایه‌ی كه یۆریبیدس له راسین جیا ده‌كاته‌وه. سه‌رباری ئه‌مه‌ش، راسین ناتوانێت خۆی له‌م دوو درزه بنه‌ڕه‌تیه بدزێته‌وه. ئه‌و ناتوانێت ته‌مومژه‌كانی دروستبونی ناباوه‌ڕیی له نێو وه‌رگره‌كانیدا به حه‌تمی بزانێت. له‌پشت سود وه‌رگرتنی راسینه‌وه له ئه‌فسانه ئه‌م بنه‌ما ئاڵۆزه ده‌بینرێت: رێوڕه‌سمه ئاینییه‌كان و كرداری نمایشی به‌بێ پێویستی پێشوه‌ختی به‌ناچاریی باوه‌ڕدار بوون روو ده‌ده‌ن. ئه‌ڤگینیا له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی قبوڵ كردنی ئه‌م بنه‌مایه له لایه‌ن وه‌رگره‌وه وه‌ستاوه.
بیرۆكه‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه له ئه‌فسانه وه‌رگیراوه. وه‌رگر خۆی له دونیای خۆرپه غه‌یبیه‌كان و با شه‌یتانیه‌كان و قوربانی كردنی مرۆڤ دا ده‌بینێـته‌وه. ترۆپكی نه‌ریتی (وه‌كو سێ شانۆنامه‌ی مێدێئا) زۆر ناواقیعییه. ئۆپێرانوس و دیزاینه‌رانی سه‌مای چاخی بارۆك و كلاسیزمی نوێ ده‌یانتوانی كار له‌سه‌ر دیمه‌نی رزگاربوونی ئه‌ڤگینیا بكه‌ن له شوێنی قوربانی كردنه‌كه‌ی. یه‌كێك له ته‌كنیكه باوه‌كانی ده‌زگای شانۆی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م دابه‌زینی دیانا یه له‌نێو هه‌وره‌كانه‌وه.
لۆژیكی ترۆپكی میوزیكی یان كۆتایی بالێ پاساوی بۆ ئه‌مجۆره كۆتاییه ده‌هێنایه‌وه، یان له راستیدا پێویستی به‌وه هه‌بوو. به‌ڵام بۆ درامانوسێكی وه‌ك راسین كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ بابه‌ته ده‌رونناسیه‌كان هه‌یه، مه‌سه‌له‌كه گه‌لێك ئاسته‌متره. بۆ خۆپارێزیی له‌و گرفته، ئه‌و خۆی له ئه‌فسانه‌ی ره‌سه‌ن و یۆریبیدس به‌دوور گرت:
گه‌ر دیمه‌نه‌كه‌م به كوشتنی دڕندانه‌ی ئه‌وكه‌سه پیس بكردبایه كه به هاوتای ئه‌ڤگینیا به دڵپاك و داوێنپاك وێنام كردووه، چ جیلوه‌یه‌كی ده‌بوو؟ یان دیسانه‌وه چ جیلوه‌یه‌كی ده‌بوو گه‌ر تراژیدیاكه‌م به كۆمه‌كی خودایی و ده‌زگاكانی ته‌خته‌ی شانۆ و به گۆڕانێك كۆتایی پێ بهێنایه كه پێده‌چوو له سه‌رده‌مانی یۆریبیدسدا بایه‌خێكی كه‌می هه‌بووبێت، به‌ڵام له به‌رچاوی ئێمه زۆر بێ په‌یوه‌ندیی و باوه‌ڕپێنه‌كراو بێته به‌رچاو؟
دواتر راسین له درێژه‌ی پێشه‌كیه‌كه‌دا ده‌ڵێت بینه‌ری سه‌رده‌مه‌كه‌ی باوه‌ڕی به په‌رچوو نییه. به‌ڵام ئه‌مه خۆدزینه‌وه‌یه له بابه‌ته‌كه. گه‌ر بینه‌ر هه‌لومه‌رجی ئه‌فسانه‌یی ده‌قه‌كه په‌سه‌ند بكات، بۆچی ده‌بێت دواچاره و ده‌ستێوه‌ردانی ئاسمانی ره‌ت بكاته‌وه؟ سه‌رباری ئه‌مه‌ش، له گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئۆلیسدا ده‌رباره‌ی رزگاربوونی ئه‌ڤگینیا، سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی په‌رچووه‌كه له ده‌رگای پشته‌وه هێنراونه‌ته ژوره‌وه:
خوداكان ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی بروسكه به‌سه‌ر قوربانیگه‌دا بنه‌ڕێنێ
باكان هه‌وا ده‌خه‌نه سه‌مایه‌كی رۆح بزوێن و گوێبیستی وه‌ڵامی بروسكه‌ئاسای ئۆقیانوس ده‌بن
……
سه‌ربازی حه‌په‌ساو ده‌ڵێت دیانا
له‌سه‌ر هه‌وه‌ره‌كه‌وه دابه‌زیه سه‌ر ئاگره داگیرساوه‌كه
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت دیانا له هه‌ناوی هه‌مان ئاگره‌وه هه‌ستایه‌وه
پاڕانه‌وه‌و نزاكانی ئێمه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی برد.
سه‌رنج بده‌ن راسین چۆن شاره‌زایانه نه‌ردی ئه‌قڵ ده‌دۆڕێنێ، سه‌ربازێكی ساده په‌رچووه‌كه ده‌گێڕێته‌وه. ئۆلیس له‌سه‌ر زاری ئه‌و سه‌ربازه‌وه، به‌سه‌رهاته‌كه ده‌گێڕێته‌وه. بگره راستی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یش ناسه‌لمێنێ. پێده‌چێت بابه‌ته‌كه راده‌ی پاساو بۆهێنانه‌وه‌كه بێت. راسین ناوه‌خنی ئه‌فسانه‌كه ده‌پارێِزێت و بڕێك له كرداره نامومكینه نمایشیه‌كانی لێ ده‌ته‌كێنێت. به‌ڵام به‌هه‌ر نرخێك بووه ئه‌ڤگینیا رزگاری ده‌بێت، نرخه‌كه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا بابه‌تی رۆحیه‌تی پاڵه‌وانی و جوامێرانه‌یه. له‌بری ئه‌و مه‌رگ ده‌بێته به‌شی ئیریفایل. به‌ڵام كاروباره ناپه‌یوه‌سته‌كانی دورینه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كان (هه‌ر له هاتنی خانه‌واده‌ی ئیریفایل ه‌وه بۆ هێلن و تیسیوس ، و مه‌ستبوونی به عیشقی ئاشیل) زۆر زیاتر له نائه‌قڵانیه‌تی په‌یدابوونی دیانا له‌سه‌ر هه‌وه‌ركانه‌وه، كاره‌كه‌ی تێكداوه. به‌م شێوه‌یه، رێگه‌چاره‌كه‌ی راسین له‌مه‌ڕ گرفتی نائه‌قڵانی بوونی بابه‌تی رزگاربوونی ئه‌ڤگینیا، ئاشته‌واییه‌كی باوه‌ڕپێكراو نییه. ئه‌و ده‌یویست ئه‌وه‌ی ئه‌قڵی سه‌لیم و لۆژیكی كارتزی حوكمی ده‌كرد له‌ته‌ك ئه‌فسانه‌دا ئاشت بكاته‌وه. سێ ساڵ پاشتر، تێپه‌ڕین له ئه‌ڤگینیاوه به‌ره‌و فیده‌ر، پنتی كۆتایی چوون ئاشته‌واییه‌كه.
فیده‌ر له نێو درامی تراژیكی فه‌ڕه‌نسادا دیاره. هه‌ر نوسینێكی پێش ئه‌م ده‌قه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه ته‌نیا ره‌شنوسن، هه‌ر به‌رهه‌مێكیش له پاشیه‌وه نوسرابێت، له‌و باشتر نییه. فیده‌ره كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌و بڕیاره‌ی كۆلریج كه ده‌یووت وه‌كو رۆژ روونه كه شكسپیر له راسین به‌رزتره، پاشگه‌ز بینه‌وه. رۆحی ئه‌م شانۆنامه‌یه تایبه‌ته به خۆی ( ئه‌م به‌رهه‌مه سنوره‌كانی ئامانجی جوانیناسیانه‌ی خۆی روون ده‌كاته‌وه)، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش ئه‌م ده‌قه نمونه‌یه‌كه له بڵندترین ئاستی سه‌بكی گشت قوتابخانه‌ی كلاسیزمی نوێ. بڵندیی فیده‌ر زۆر به وردیی هاوتای مه‌زنی ئه‌و مه‌ترسیانه‌یه كه راسین به گیان كڕیاریان بووه. ئه‌فسانه‌یه‌كی پڕ توندوتیژیی ده‌رباره‌ی جنونی عیشق له جۆره قاڵبێكی نمایشیدا گونجێنراوه كه بواره‌كانی ئه‌و دڕندایه‌تی و ناهه‌مواریانه‌ی له زاتی بابه‌ته‌كه‌دایه به‌توندی ره‌ت ده‌كاته‌وه. له هیچ تراژیدیایه‌كی كلاسیزمی نوێ‌دا ناكۆكی نێوان ئه‌فسانه و پێكهات ئه‌وه‌نده قوڵ نییه. له هیچ به‌رهه‌مێكدا ره‌وانی سه‌بك و یه‌كیه‌تی نه‌گه‌شتۆته كه‌ماڵی ئه‌م به‌رهه‌مه. راسین قاڵبه‌كانی ئه‌قڵی به‌سه‌ر شومی كۆنی بیرۆكه‌كه‌ی به‌رده‌ستیدا سه‌پاند.
راسین ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی له یۆریبیدس وه‌رگرت و به‌م كاره‌ش گشت دڕندایه‌تی و نامۆبونی كاره‌كه‌ی قبوڵ كرد. ته‌نیا یه‌ك گۆڕانكاریی زۆر گرنگی تیادا ئه‌نجامدا. له ئه‌فسانه سه‌ره‌كیه‌كه‌دا، هیپۆلیت به پاكداوێنیه‌كی بێوێنه ده‌بێته قه‌دیس. ئه‌و راوچییه‌كی ته‌واوه‌تی سارده كه به‌سوكایه‌تیه‌وه له وزه‌كانی عیشق ده‌ڕوانێت. ئافرۆدایت (خواوه‌ندی عیشق)، ده‌كه‌وێته هه‌وڵی تۆڵه‌كردنه‌وه له‌و كه‌سه‌ی سوكایه‌تی پێده‌كات و كاره‌ساته‌كه‌ش له ئاكامی ئه‌مه‌یه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و رێڕه‌وه‌یه كه یۆریبیدس و سینیكا ئه‌فسانه‌كه‌یان له چوارچێوه‌یدا پێشكه‌ش كرد و گارنیه ش له شانۆنامه‌كه‌یدا به‌ناوی هیپۆلیت (1573) زۆر به وردی په‌یڕه‌ویی له هه‌مان سه‌رچاوه كرد. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه، راسین له كوڕه‌كه‌ی تیسیۆس (هیپۆلیت) بونه‌وه‌رێكی شه‌رمن به‌ڵام عاشقی هه‌ڵچوو درووست ده‌كات. ئه‌م كوڕه وه‌سوه‌سه‌كانی زڕدایكه‌كه‌ی ، فیده‌ر، ره‌تده‌كاته‌وه، نه‌ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی به زینای ده‌زانێت بگره له‌به‌رئه‌وه‌ی عاشقی كه‌سێكیتره. ناوه‌خنی سه‌ره‌تایی هیپۆلیت له‌ته‌ك تایبه‌تمه‌ندیی شومی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌دا ده‌گونجێت، یۆریبیدس به بونه‌وه‌رێكی دارستانی وێنای ده‌كات كه له بێشه ده‌رهێنرابێت و فڕێدرابێته ناو داوی په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كانه‌وه كه ئه‌ویش هیچیان له‌باره‌وه نازانێت. بۆچی ده‌بێت راسین ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی كردبێته كه‌سێكی ده‌رباریی و پاڵه‌وان سیفه‌ت؟ پێده‌چێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له روانگه‌ی بینه‌رانی هاوچه‌رخه‌وه وێنه‌ی شازاده‌یه‌كی شكۆمه‌ند و هه‌ڵاتوو له‌و ژنانه‌ی مه‌یلی نزیكایه‌تی ده‌كه‌ن، گاڵته‌جاڕانه ده‌ینواند. به‌ڵام ئه‌مه تاكه شوێنه كه راسین مل بۆ بنه‌ما مۆڕاڵیه‌كان نه‌وی ده‌كات. له دیمه‌نه‌كانی تردا رێگه به خواوه‌نده‌كانی توڕه‌یی ده‌دات دیمه‌نه‌كه سه‌روژێر بكه‌ن.
ئه‌و پێمان ده‌ڵێت، فیده‌ر ” به‌هۆی چاره‌نوس و توڕه‌یی خواكانه‌وه” ناچاری بڕینی رێگه‌ی چاره‌نوسه تراژیدیه‌كه‌یه‌تی. ده‌كرێت به شێوازی جۆراوجۆر، كاركردی چاره‌نوس شیبكه‌ینه‌وه، لێره‌دا خواكان ده‌توانن هه‌ڵگری مانای خۆیان بن یان ببنه ئه‌وشته‌ی كه ئه‌فسانه‌كانی هۆشیاریه تازه‌تره‌كانمان به میراتی ناو ده‌به‌ن. ئه‌وكاته‌ی ئیبسن ده‌یه‌وێت بڵێت ژیانمان به‌هۆی گه‌نده‌ڵی بۆماوه‌ی جه‌سته‌مانه‌وه روو له فه‌نابوون ده‌كات، ئه‌وه باس له “تارماییه‌كان” ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش، راسین به‌وجۆره سوود له خوداكان وه‌رده‌گرێت تا بیانكاته هێمای هه‌ڵچوونی ئه‌و سۆزه سه‌ره‌تاییانه‌ی كه زیاتر له‌و سۆزانه‌ی لای مرۆڤه‌كان بونه‌ته شتێكی ئاسایی، سه‌ركێشانه و وێرانكارن. له شانۆنامه‌ی ئه‌ڤگینیادا چوون په‌نابۆبردنێك زه‌مینه‌یه‌ك بوو بۆ ناشیگه‌ریی، چونكه له نێوان پێش گریمانی ئه‌فسانه و بڕیاری پێشوه‌ختی ئه‌قڵانی بنه‌ماكانی دراما، په‌راوێزێكی نه‌گونجاو بوونی هه‌یه. له فیده‌ردا، راسین ئه‌ندێشه پڕ ده‌كات له سه‌رجه‌م پله‌به‌ندییه‌كانی “حه‌قیقه‌ت” و ده‌رفه‌ت ده‌داته قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌قڵ، بێئه‌وه‌ی به‌رچاو بكه‌وێت، باڵ به‌سه‌ر وێنا به‌رینتر و كۆنتره‌كانی ره‌فتاری مرۆیی‌دا بكێشێت. ئه‌م جیاوازییه زیاتره له باوه‌ڕكردن به بلیمه‌تی. پێده‌چێت چه‌مكێكی جانسن باوه‌ڕیی بێبه‌زه‌ییانه له پشت وزه‌ی مه‌زنی شانۆنامه‌كه‌وه خۆی حه‌شار دابێت. روداوه‌كانی فیده‌ر له زه‌مه‌نێكی پێش له مه‌سیحه‌وه روو ده‌دات. ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌و ده‌مه‌دا ده‌بوونه دۆزه‌خیی، دوچاری نه‌فره‌تێك ده‌بوون كه زۆر ترسناكتر بوو له‌و نه‌فره‌ته‌ی پاش ئه‌وه كه‌سێك دووچاری ده‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌فره‌ته هیچ ده‌رفه‌تێكی رزگاربوونی نه‌ده‌هێشته‌وه. پێش په‌یدابوونی مه‌سیح، دۆزه‌خی بوونی بونه‌وه‌رێكی وه‌كو فیده‌ر مه‌ترسیه‌كی تایبه‌تی ده‌وروژاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتاربوونی مه‌حاڵ بوو. فیده‌ر به‌شێك بوو له دونیای ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه مه‌سیح له‌به‌رئه‌وان ژیانی خۆی نه‌به‌خشیبوو. له‌و دونیایه‌دا، رواڵه‌ته تراژیكه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئێمه، سێبه‌ری گه‌لێ نسێتر و قوڵتریان هه‌یه، ته‌نهاییان زۆر له ره‌ها نزیكتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان دۆزه‌خیه‌كانی پێش به‌خشنده‌یی فریادڕه‌سن. هێشتا خوێنی ئه‌وان له‌سه‌ر خوانی ره‌بانی ئاوێته‌ی خوێنی فریادڕه‌س نه‌بووه. له‌و خوێنه‌دا نه‌نگی گوناهێكی بۆماوه، چه‌شنی ئاگرێكی به‌تین و بێبه‌زه‌ی بڵێسه ده‌سێنێ. ئه‌م خاڵه شا به‌یتی ئه‌م ده‌قه‌یه.
هیپۆلیت، له دیمه‌نی یه‌كه‌مدا ئه‌م دیالۆژه ده‌ڵێت:
له‌و رۆژه‌وه‌ی خواوه‌نده‌كان كیژه‌كه‌ی مینۆس و پافیسه یان هێناوه‌ته ئه‌م كه‌ناره، هه‌موو شتێك گۆڕاوه.
ئه‌م دیالۆژه ته‌نیا له‌به‌ر ریتمه نامۆكه‌ی جوان نییه، بگره ئه‌و هێڵانه ده‌روازه‌كانی ئه‌قڵ به‌ره‌و شه‌و ئاوه‌ڵا ده‌كه‌ن. شتێكی كه‌ونارا و دركپێنه‌كراو و دڕنده خۆی ده‌كات به‌نێو كه‌شی ده‌رباردا، كه به هێما و ئاهه‌نگی فه‌رمی سه‌بكی كلاسیزمی نوێ به‌وپه‌ڕی روونیه‌وه رازێنراوه‌ته‌وه. فیده‌ر كیژی بونه‌وه‌رێكی نامرۆییه.ره‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و خۆره‌تاوه. ئاگری ئه‌زه‌لی ئافریده‌گار به ده‌ماره‌كانیدا ده‌گوزه‌رێت. ئه‌م راستییه به نه‌زاكه‌ت و ویقاری ده‌ربڕینی هیپۆلیت ئه‌وه‌نده‌ی تر تاوده‌سێنێ. ئه‌و له درێژه‌ی قسه‌كه‌یدا ئازایه‌تی ئه‌فسانه‌یی تیسیۆسی باوكی زیندوو ده‌كاته‌وه. له‌م بڕگه‌یه‌شدا، تارمایی جیهانێكی كۆن و ئالوده به خوێن و شه‌یتانی، باڵ به‌سه‌ر دراماكه‌دا ده‌كێشێت:
دێوه‌كان ملیان به په‌ته‌وه كراوه و دزه‌كانیش په‌ت كراون
پرۆكراستس، سایرۆن، سینیس، و سێرسیۆن
دێوه‌كانی ئه‌پیداری له‌ناوبراون
بورج و ماڵی كریت له خوێنی ره‌شی میناتۆر دا ده‌سوتێ.
له سه‌رتاسه‌ری شانۆنامه‌كه‌دا، دوكه‌ڵ، ئاگر و خوێن وێنه‌ی باوی روداوه‌كانن.
له یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنی فیده‌ردا زۆر به جوانی ده‌بینین چۆن ده‌بێته كۆیله‌ی هه‌وه‌سبازیی ئاژه‌ڵیانه‌ی جه‌سته‌ی. له‌م به‌شه‌ی كاره‌كه‌دا خاڵێكی به‌ناوبانگی شانۆییانه ده‌بینین. فیده‌ر، ماندوو له بارگرانی زێڕوزیوه‌ر و هیلاك له‌قژداهێنان داده‌نیشێت. ئه‌مه هێمایه‌كی سه‌رنجڕاكێشه بۆ كۆیلایه‌تی فیده‌ر، رۆح له‌به‌رده‌م سته‌می گرانی جه‌سته ده‌كه‌وێته سه‌رچۆك. له جێگه‌یه‌كی تر و له درامای كلاسیزمی نوێ‌دا، رواڵه‌ته تراژیدیه‌كان چۆك داناده‌ن. بگره ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ی ده‌یبینن له روانگه‌ی مۆڕاڵ و ئه‌ندێشه‌وه ده‌یبینن، ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه زه‌ینیان بریندار ده‌كه‌ن یان زۆر به قوڵی زیانی پێده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام چۆكی پێ داناده‌ن. له‌راستیدا، ره‌نگه له روانگه‌ی به‌رزنرخاندنی تاقه‌تی جه‌سته‌ی كه‌سی گیرۆده‌وه، بیانه‌وێت زۆر بایه‌خ به رۆڵی جه‌سته نه‌ده‌ن. گه‌ر برنیس له‌ژێر باری قورسی خه‌مدا كه‌مه‌ر نه‌وی ده‌كات، ئه‌مه ته‌نیا له ده‌ره‌وه‌ی دیمه‌نه‌كه‌دا مه‌یه‌سه‌ر ده‌بێت. فیده‌ر جیاوازه. زاتێكی به‌ویقاری خوێنگه‌رمی نامۆیه. كه ئه‌مه ده‌بێته مۆته‌كه‌ی سه‌ر رۆحی. ئه‌مه سه‌رنه‌وی كردن و ته‌سلیم بوونی زیاتریه‌تی به ناماقوڵییه‌كان. هه‌ر ئه‌مه‌ش زۆر به وردیی به‌ڵگه‌ی رووتی و شه‌فافیه‌ته‌ی درامای كلاسیزمی نوێیه، واتا ئه‌بستراكیه‌تی رواڵه‌تی ته‌كنیكی كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌خاته به‌رده‌ستی شانۆنامه‌نووسه‌كان كه ته‌نیا به دانانی تاقه كورسیه‌ك گه‌لێ مانا و گوزارشتی فره‌ره‌نگی تر به‌رهه‌مبێنن. تاچه‌نده سه‌بكێك وردبینتر كار بكات، كه‌مه لادانێك له پێوه‌ره‌كانی، زیاده‌یه‌ك ده‌خاته سه‌ر رێگاكانی په‌یوه‌ندیه‌كانی. ئه‌وده‌مه‌ی فیده‌ر داده‌نیشێت، له‌راستیدا ئه‌وه په‌تی ئه‌قڵ شل ده‌كات.
له دیالۆژه‌كانی ده‌ستپێكدا كه له ژێره‌وه ده‌یبینن، واژه‌ی خوێن چه‌ندجارێك ده‌وترێت تا ببێته جه‌ختێك له‌سه‌ر شوناسی بونگه‌رایانه و نائیرادیی ئه‌و دۆخه‌ی تێیكه‌وتووه:
ئۆنون : چی ده‌كه‌ی خانمه‌كه‌م، كام سه‌ودای فانی
به‌وجۆره هانت ده‌دات به پێچه‌وانه‌ی خوێن و ره‌سه‌نایه‌تی خۆتان، ئه‌وه‌نده په‌رێشانانه ره‌فتار بكه‌ن؟
فیده‌ر: له‌به‌رئه‌وه‌ی ڤینۆس ده‌یه‌وێت، من ده‌بمه دواهه‌مین كه‌سی ئه‌و خێڵه خه‌مگینه‌ی كه به‌وپه‌ڕی به‌دبه‌ختییه‌وه ده‌مرم.
ئۆنون: وای له من! خوێنم ده‌یبه‌ستێ.
فیده‌ر: من ڤینۆس و ئاگره ترسناكه‌كانی و ئه‌شكه‌نجه سه‌پێنراوه‌كانی ده‌ناسم، ئه‌وكاتانه‌ی خوێنیان دێنێته خرۆشان.
ئه‌وكات سه‌رجه‌م بیرۆكه‌ی خوێن ـ ئاگر له وێنه‌یه‌كدا كورت ده‌بێته‌وه:
فیده‌ر: ده‌ماوده‌م و چوارده‌وری من به پێشكه‌شیه سوتاوه‌كان ته‌نرابوو.
من به نێو دڵ و ریخۆڵه‌یاندا له ئه‌قڵی سه‌رگه‌ردانی خۆم ده‌گه‌ڕام.
فیده‌ر له قوربانیگه (ئاگر) دانیشتووه و چوارده‌وری به قوربانی (خوێن) ده‌وره دراوه. ئه‌و به‌نێو دڵ و ریخۆڵه‌ی قوربانیه‌كاندا له ئه‌قڵ و به‌رچاوروونی ده‌گه‌ڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵ و ریخۆڵه هه‌ڵگری پێكهاته شه‌هوانی و حه‌یوانیه‌كه‌ن. جارێكی‌تر رازاوه‌یی و رووی راسته‌قینه‌ی ده‌ربڕین خۆی ده‌نوێنێته‌وه و به‌و شێوه‌یه، دڕندایه‌تی ناچارانه‌ی ئه‌فسانه‌كه به‌رفره‌تر ده‌كات.
ئه‌و پره‌نسیبه‌ی به‌هۆی توندوتۆڵی دیالۆژ و ساكاریی كرده‌ی رۆاڵه‌تیه‌وه حوكمی شانۆنامه‌كه ده‌گرێته ده‌ست، ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌به‌خشێته نوسه‌ر كه له یه‌ك كاتدا هه‌م مانا عه‌ینیه‌كانی و هه‌م خوازه‌یه‌كانی بیرۆكه‌كه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات. راسین داوای هۆشیاری به‌رده‌وامان لێ ده‌كات به‌رامبه‌ر هه‌ردووكیان. فیده‌ر به‌هۆی ڤینۆسی خواوه‌ندی خۆشه‌ویستیه‌وه سیحری لێكراوه و تیسیۆسی مێردی به قه‌ڵه‌مڕه‌وی مردواندا ده‌خولێته‌وه، ژنێك خۆی داوه‌ته ده‌ست جنونی خۆشه‌ویستی و نائاماده‌یی مێرده‌كه‌شی هێمایه‌كه بۆ جه‌خت كردنه‌وه له بێوه‌فایی. جیاوازیه‌كه په‌یوه‌سته به هێماكانه‌وه. بۆ بابه‌تی یه‌كه‌م سوود له هێماناسای ئه‌فسانه‌ناسی كه‌ونارا وه‌رده‌گرین، بۆ دوهه‌میش له هێماكانی ده‌رونناسی ئه‌قڵی (كه ئه‌مه‌شیان ره‌نگه بۆخۆی كۆمه‌ڵێك ئه‌فسانه درووستیان كردبێت) كاركردی ره‌وانبێژیی كلاسیزمی نوێ ئه‌وه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان هه‌ردوو بنه‌ماكه ره‌چاو بكات. فیده‌ر ده‌ڵێت، ” هیچ شه‌وق و هه‌ڵچوونێك له‌نێو ده‌ماره نوستوه‌كانمدا شه‌پۆل ناده‌ن. ئه‌وه ڤینۆسه یه‌كسه‌ر گیرۆده‌ی عیشقه” (گڕ) ی ئاگری ئیشتیاق هه‌م به‌مانای مه‌یلی سۆزدارییه و هه‌م به مانای ئاگری راسته‌قینه، مانای خوازه‌یی ڤینۆس ئه‌فسون كردنی زه‌ینه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به‌مانای ئه‌و خواوه‌نده راسته‌قینه‌یه كه قوربانیه‌كه‌ی لووش ده‌دات. چۆنایه‌تی تایبه‌تی فیده‌ر له‌و راستیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ناوه‌خنه عه‌ینی و مادییه‌كان هه‌میشه به‌جۆرێك ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه. رێك له‌و ده‌مه‌دا كه فیده‌ر، به‌هۆی په‌ڕپوتی جه‌سته‌وه كه به‌سه‌ریدا زاڵ بووه، ناچاری دانیشتنه، زمانی شانۆنامه‌كه‌ش به‌ره‌و روخساری توندوتیژتری ده‌ربڕین له چه‌شنی هێما و ئاماژه و هاوار رێده‌كات. به‌ڵام درامای كلاسیزمی نوێ ده‌رفه‌تی ئه‌وجۆره تێكچڕژانه نادات. توندوتیژیی به‌ته‌واوه‌تی له شیعری شانۆنامه‌كه‌دا ده‌بینرێت و گه‌ر له روانگه‌ی هه‌ندێكه‌وه ئیجازی راسین له وێڵنوسی شكسپیر زیاتر مرۆڤ ده‌وروژێنێت له‌به‌رئه‌وه‌یه كه له فیده‌ردا خرۆشان و هه‌وسار كردنی توندوتیژیی تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه بێخه‌وشه.
له‌و روانگه‌یه‌وه كه راسین بێقه‌واره‌یی پێكهات، یان فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌كانی جیلوه نمایشیه‌كان یان موزیكی رواڵه‌تی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو، زمانی شانۆنامه‌كه‌ی ئاوێته‌یه‌ك له وزه و مانا درووست ده‌كات. وێنه‌كان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی یه‌كتر دوباره ده‌بنه‌وه. فیده‌ر خۆی وه‌ك قوربانیه‌ك بینیوه‌ته‌وه، بونه‌وه‌رێكی لاوازی گیرۆده‌ی چنگی ڤینۆس. به بیستنی هه‌واڵی ناڕاستی مردنی تیسیۆسی مێردی، به‌وپه‌ڕی سه‌رسه‌ختیه‌وه ده‌ڵێت:
ئاكرۆن ی به‌ته‌ماح ده‌ست له قوربانیه‌كانی هه‌ڵناگرێت.
ته‌واو چه‌شنی تریستان ، وێناكانی عیشق و مه‌رگ ده‌توانن شوێنی یه‌كتر بگرنه‌وه، هه‌ردوو به ته‌ماحێكی هاوچه‌شنه‌وه مرۆڤ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌به‌ن و له‌گه‌ڵ ن زیكبوونه‌وه‌ی ده‌قه‌كه له ترۆپك، جه‌ختكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی ئاگر و خوێن فره‌تر ده‌بێت. فیده‌ر به هیپۆلیت ده‌ڵێت، ئه‌وه خوداكانن كه “ئاگری كوشنده‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌م (خوێنم) به‌جۆش دێنن.
ئه‌وكاته‌ی فیده‌ر تێده‌گات عیشقه ناشارعیه‌كه‌ی ره‌قیبێكی هه‌یه (هیپۆلیت عاشقی ئاریسی یه) دواهه‌مین سه‌كۆی ئه‌قڵ تێكده‌شكێت. ئێمه شانۆی راسین مان به شوینگه‌یه‌كی داخراو وێنا كردوه كه به بورج و باروی بنه‌ماكانی كلاسیزمی نوێ له به‌رامبه‌ر بێ پره‌نسیبی به‌هێز كراوه. به‌ڵام له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌كه‌دا هیپۆلیت ئاگادرمان ده‌كاته‌وه كه كه‌شه‌كه گۆڕاوه، ده‌لێی هه‌وا به‌جۆرێك خه‌فه بووه. هاتنی كچه‌كه‌ی مینۆس بۆ ئه‌سینا ده‌رگاكانی شاری به رووی دونیایه‌كی نامۆی دڕنده‌خوودا ئاوه‌ڵا كردووه. ئه‌وه‌تا ئه‌و ده‌روازانه به ته‌واوه‌تی كراوه‌ن. شاژنی په‌شێوحاڵ و دیالۆژه‌ی بونه‌وه‌رگه‌لی زاده‌ی بارگرژی و شه‌وێكی ئه‌زه‌لی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م، داده‌پۆشێ. ئه‌و كیژی خۆره‌تاوه، سه‌رجه‌می بوون ژێر نگینی بنه‌ماڵه به‌ویقار و شاهانه‌كه‌یه‌تی. باوكی ته‌رازوو به ده‌ستی دادپه‌روه‌ریی دۆزه‌خه. له دیمه‌نی كۆتایی و شكۆمه‌ندی په‌رده‌ی چواره‌مدا، شانۆنامه‌كه ریتمێكی توند‌وتیژتر به‌خۆوه ده‌گرێت، جارێكی تر، فیده‌ر په‌نا بۆ دوو هێزی ئاگر و خوێن ده‌باته‌وه:
ده‌سته تاوانباره‌كانم، ئازاكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه
له‌و شه‌وقه‌دا ده‌سوتێن كه به خوێنی بێتوانێك ئالوده بن.
چه‌نده به‌دبه‌ختم! هێشتا ماوم! ئه‌وه‌تا توانای بینینی ئه‌و خۆره‌تاوه مه‌زنه‌م هه‌یه كه خۆم له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وم!
بابی من باوك و سه‌روه‌ری هه‌موو خواكانه
ئه‌م ئاسمانه نیلییه و ته‌واوی عاله‌م پڕه له چاكه‌كارانی بنه‌ماڵه‌كه‌م
له كوێ په‌نا بگرم؟ لێگه‌ڕێ په‌نا بۆ زوڵمه‌تی دۆزه‌خ به‌رم.
ئه‌وه ده‌ڵێم چی؟ له‌وێ باوكم ئه‌و گوڵدانه چاره‌نوسسازه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه
ده‌ڵێن چاره‌نووس ئه‌وه‌ی پێ به‌خشیوه
له‌و جیهانه‌ی ژێره‌وه، باوكم مینۆس له‌نێوان ئێمه‌ی مرۆدا داوه‌ری ده‌كات.
له سه‌رده‌می ئاسمانی خوێنباری فاوستۆسی مارلۆ وه، هه‌رگیز سرووشت به توڕه‌ییه‌كی له‌مه وێرانكه‌رتر باڵی به‌سه‌ر دۆزه‌خی بوونی مرۆدا نه‌كێشاوه. گه‌ر من ده‌رهێنه‌ری ئه‌و شانۆنامه‌یه بوومایه، ده‌مووت باكراوه‌نده‌كه شه‌فاف بكه‌ن تا سه‌مای هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانی ناوچه‌ی ئالبروج و گای گه‌ردوون، واتا هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانی هێمای بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی كریت ده‌ربكه‌ون.
ئه‌م بێهه‌وسارییه‌ی هێزه ئه‌فسانه‌ییه‌كان ئێمه بۆ مه‌رگ و كوشتاری نائاسایی قۆناغی ترۆپك ئاماده ده‌كات. ئیتر لێره‌دا پێویست به‌و دیالۆژه دووفاقیانه‌یه ناكات كه له ئه‌ڤگینیادا به‌كار هاتبوو. ئه‌مه‌ش هۆشیارییمان ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه كرده‌ی شانۆنامه‌كه ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی هێزه سرووشتی و شه‌یتانیه‌كان، زیاتر ده‌كات. ئۆنون خۆی فڕیده‌داته ئه‌و ده‌ریایه‌ی كه خۆی و خانمه پایه‌به‌رزه‌كه‌ی كه له كریته‌وه به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ریایه‌دا كۆچیان كرد، ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته‌وه یادی وێنه‌ی جوان و مه‌زنی شانۆنامه‌ی هیپۆلیت ی گارنیه:
ئه‌وكاته‌ی عیشقی بێبه‌زه‌یی، كه هۆكاری فه‌نابونی تۆیه
هانیدای ده‌ریاكان تێپه‌ڕێنی به بێ ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانت بكات
باشتر ده‌بوو گه‌ر له سه‌ر كه‌شتیه‌كه‌وه ده‌كه‌وتیته خواره‌وه
تا هیچ نه‌بێت ورگی برسی به‌رازێكی ده‌ریایی تێر بكه‌یت.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی فیده‌ر پاش مه‌رگی هیپۆلیت دێته ژوره‌وه، تیسیۆس پێی ده‌ڵێت: ” ئه‌و مرد، قوربانیه‌كه‌ت به‌ره” ئه‌م ئاماژه‌یه بۆ داوای بونه‌وه‌رێكی نیمچه خودا و نیمچه شه‌یتان به به‌خشینی خوێن. فیده‌ر له سه‌ره‌مه‌رگدا بانگه‌شه‌ی خزمایه‌تی له‌ته‌ك شاژنێكی دڕنده ی تردا ده‌كات كه له دونیای ئه‌فسونگه‌ری ئه‌وبه‌ری سنوری هێلنیه‌وه هاتبوو تا له یۆنان ئاگر بخاته‌وه. ده‌ماره‌كانی فیده‌ر به ژه‌هری عیشق ده‌سووتا، هه‌نوكه ئه‌و ده‌مارانه به‌و ژه‌هره‌ی مێدێئا هینابوویه ئه‌سینا به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چن:
ژه‌هرێكم به‌نێو ده‌ماره گڕگرتوه‌كانمدا ره‌وان كردووه
كه مێدێئا هێنایه ئه‌سینا.
به‌ڵام ئه‌وه‌تا هه‌نوكه، بۆ دواجار ئاگره‌كه روو له خامۆشی ده‌كات و دواهه‌مین دیالۆژه‌كانی باس له تیشكێكی (نورێكی بێ دوكه‌ڵ) به‌بێ ئاگر ده‌كات.
مه‌رگی هیپۆلیت جه‌خت له دڕنده‌یی ئه‌فسانه‌كه ده‌كاته‌وه. تیسیۆس كه یۆنانی له به‌ڵای ئاژه‌ڵه دڕنده‌كان رزگار كردووه، خۆی له‌وبه‌ری سنوره‌كانی ده‌ریاوه دێوێك بۆ له‌ناوبردنی كوڕه‌كه‌ی داوه‌ت ده‌كات. ئه‌و خوێن و گڕه‌ی هیپۆلیت له‌كاتی ژماردنی دلێرییه‌كانی باوكی‌دا ناویان ده‌هێنێ ـ بورج وداروپه‌ردوی كریت له خوێنی ره‌شی میناتۆردا ده‌سوتێ ـ ده‌بێـته هۆی مه‌رگێكی جه‌رگبڕ بۆ خویشی:
دێوه‌كه له‌تاو ئازار و توڕه‌یی خرۆشاوه
له‌به‌رده‌م سمی ئه‌سپه‌كه‌دا ده‌كه‌وێته سه‌ر چۆك، خۆی ده‌خواته‌وه‌و ده‌گرمێنێ
له‌كاتێكدا هێشتا خوێن و گڕ و دوكه‌ڵێكی توند له گه‌رووی ده‌ڕژێ
كه‌چی هێشتا به نه‌ڕه‌یه‌كی بروسكه‌ئاسا، له به‌رامبه‌ر سمی ئه‌سپه‌كان، به‌رگری له خۆی ده‌كات.
تیسیۆس زڕبرا دێوسیفه‌ته‌كه‌ی فیده‌ر، واته میناتۆر ده‌كوژێ، له‌وده‌مه‌شدا ئاژه‌ڵێكی شاخدار كوڕه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كوژێ (له‌و نوسینه‌ی گارنیه‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه، سه‌ری ئه‌م ئاژه‌ڵه گا یه). ره‌وتی ئه‌م مه‌رگه‌ساتانه به‌ده‌ستی چاره‌نوس كۆتایی پێدێ.
له‌م دوا دیمه‌نانه‌ی تراژیدیاكه‌دا، توندوتیژیی ئاشكرای ئه‌فسانه‌كه زۆر سه‌ركه‌وتووه. ئاسان نییه ئه‌م دڕندایه‌تیه سه‌یروسه‌مه‌رانه وه‌ك كۆدی ره‌فتاری نێو ئه‌فسانه‌ی تر بخوێنینه‌وه. دێوه‌كه هه‌ڵقوڵاوی كوێریی مۆڕاڵی تیسیۆسه، به‌ڵام ئه‌و گڕه‌ی له ناخیه‌وه ده‌رده‌په‌ڕێ، واقیعییه. ئه‌و راستیه‌ی كه نابێت هه‌ست به هیچ جۆره ناهه‌ماهه‌نگیه‌ك له نێوان ئه‌م جۆره واقیعی بوونه و بنه‌ماكانی كلاسیزمی نوێ بكه‌ین، دیارترین بنه‌مای هونه‌ری راسینه. به‌وپه‌ڕی وردبینییه‌وه گۆڕینی ریتم له سایه‌ی روناكی مانادا، له خوازماییه‌وه بۆ واقیعی، چاوپۆشی له فۆرمه په‌یوه‌سته‌كانی ئه‌قڵ له‌سه‌ر شێوازه‌كانی دڕندایه‌تی كه‌ونارا، چێ كراوه. له نێو شانۆنامه‌ی فیده‌ر دا، هه‌ست ده‌كه‌یت پاژه ئاژه‌ڵییه‌كانی مرۆ هێدی هێدی رووه مرۆییه‌كه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ژێرپێ ده‌نێت. له كۆتایی ده‌قه‌كه‌دا ئه‌م پاژه‌یه له فۆرمی ئاژه‌ڵێكی ترسناكدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئاژه‌ڵێكی نیوه ئه‌ژدیها و نیوه گا، كه له ده‌ریای بێ یاساوه دێ و (به ئیراده‌ی خۆی و ته‌واو هۆشمه‌ندانه رێگه‌ی میسنه ده‌گرێته به‌ر) ده‌یه‌وێت ماڵی كلاسیكی به پره‌نسیب به‌سه‌ریدا وێران بكات.
به‌ڵام گۆڕینی ریتم و خزانی شانۆنامه‌كه بۆ نێو جۆره ئاشوبێكی ئه‌زه‌لی، به ته‌واوه‌تی له قوڵایی ژانری داخراو و كلاسیزمی نوێ‌دا جێگه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه. پیشتریش له‌م باره‌یه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستم كردووه له كۆتایی دیمه‌نی چوارهه‌مدا دیواری پشته‌وه‌ی شانۆكه ده‌ڕوخێت، قسه‌م كردووه. هه‌رچه‌نده، له راستییدا ئه‌مه روو نادات. ته‌نانه‌ت هیچ گۆڕانێك له دیمه‌نه‌كه‌دا روو نادات. ئه‌و تارماییه دۆزه‌خیانه‌ی كه‌شه‌كه ته‌واو تاریك ده‌كه‌ن، ته‌نیا له رێگه‌ی هێزی به‌یانی فیده‌ره‌وه زیندوو ده‌بنه‌وه. ئه‌و دێوه‌ی هیپۆلیت ده‌كوژێ له واقیعێكی گه‌لێ قێزه‌ونه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، به‌ڵام، ناتوانین ئه‌م دێوه له نێو واقیعدا بدۆزینه‌وه. ئه‌م ترسه له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمی سرامینه‌وه (پاڵه‌وان و په‌یامبه‌ری ئه‌و تراژیدیا یۆنانی و سینیكاییانه‌ی كه دواهه‌مین و كاریگه‌رترین ده‌ركه‌وتنی له درامای نوێگه‌رادا هه‌یه) ده‌گوێزرێته‌وه. سه‌رجه‌م كرداره‌كانی له هه‌ناوی زماندا روو ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش سنوری تایبه‌تی و شكۆی شێوازی كلاسیكی فه‌ڕه‌نسییه. راسین هیچی نییه جگه له وشه و به‌مه‌ش دیمه‌نه‌كه لێوان‌لێو ده‌كات له كردار. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له نێو فیده‌ردا له ده‌ره‌وه‌ی ژانری به‌یانی و زمانی نییه، وشه‌كان زۆر له ژێواری مۆزیكاڵی نزیك ده‌بنه‌وه، كه له‌و ژێواره‌دا فۆرم و ناوه‌ڕۆك یه‌ك شتن.
فیده‌ر ده‌رفه‌تێكه بۆ ده‌رخستنی ئه‌م دۆخه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه له‌و به‌رهه‌مانه‌یه كه درامانوسێكی بلیمه‌تی تر، شیله‌ر، له قاڵبه زمانیه‌كه‌ی خۆیدا جارێكی تر دایڕشته‌وه:
ئای چه‌ند به‌دبه‌ختم!
سه‌رباری ئه‌وه‌ش، هێشتا ده‌توانم چاو ببڕمه ئه‌م خۆره‌تاوه پیرۆزه
ئه‌و خۆره‌ی ره‌گه‌زم ده‌چێته‌وه سه‌ری.
باپیره‌م، ئه‌وه‌ی له ئۆڵمپ ه
باوك و سه‌روه‌ری هه‌موو خواوه‌نده‌كانه
جیهان سه‌رتاسه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌ر ره‌گه‌زی من.
شیله‌ر سه‌رجه‌م مانا رواڵه‌تیه‌كه‌ی و بڕێك له ریتمی ئه‌و ژێواره ده‌گوێزێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ژێواره توندوتیژه‌ی ناوه‌خنی سه‌روای كلاسیك بوونی نه‌ماوه. گه‌ر پاژه مۆزیكیه‌كه له‌و چه‌نه‌بازیانه‌ی فیده‌ر وه‌ربگرینه‌وه، ته‌نیا هات و هاوارێكی لێ ده‌مێنێته‌وه.
پاش فیده‌ر، راسین نزیكه‌ی دوانزه ساڵ له بواری درامادا بێده‌نگی هه‌ڵبژارد. ئیتر راسین وردبینانه‌تر بیری له پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌مومژاوی شانۆ كرده‌وه‌و خۆشی پارێزكارانه‌تر ره‌فتاری كرد. به‌ڵام یه‌كێك له هاوچه‌رخه‌كانی ده‌ڵێت كه هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و بێده‌نگیه ئه‌وه‌بوو كه راسین نه‌یده‌ویست هه‌رجۆره كارێكی به‌په‌له و نوێ ئه‌و ناوبانگه‌ی بشێوێنێ كه فیده‌ر پێی به‌خشیبوو. ره‌نگه ئه‌م قسه‌یه مانایه‌كی تری هه‌بێت. چۆن ده‌كرا به ره‌چاوكردنی بنه‌ماكانی كلاسیزمی نوێ، به‌رهه‌مێكی باشتر له فیده‌ر بنوسێت، چۆن ده‌یتوانی به به‌رهه‌مێكی باشتر رێگره مه‌ترسیداره‌كان تێپه‌ڕێنێ. ئه‌و ده‌مه‌ی راسین دیسانه‌وه گه‌ڕایه‌وه ناو بواری شانۆ، به هۆی دۆخێكی تایبه‌ت و زاتیه‌وه بوو.
له شانۆنامه‌ی ئیسه‌ر و عه‌ته‌لیا دا ململانێی نێوان ئه‌فسانه و رواڵه‌تی ئه‌قڵانی، كه سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی توانای شانۆنامه‌كانی پێشووی راسینه، له ناو ده‌چێت. به پشتبه‌ستن به كتێبی پیرۆز، چیتر حه‌قیقه‌تی كرداری درامی، قوتابخانه‌یی یان خوازه‌یی نییه. بگره حه‌قیقه‌تێكی واقیعی ئاشكرایه. یاداشته‌كانی راسین له‌سه‌ر نوسخه‌ی تۆلۆزی شانۆنامه‌ی ئیسه‌ر و سه‌رجه‌م ئه‌و هێڵكارییه سه‌ره‌تاییانه‌ی ده‌رباره‌ی بیرۆكه‌ی عه‌ته‌لیا له به‌رده‌ستماندایه، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه راسین شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر مێژووی كتێبه مه‌زهه‌بیه‌كان هه‌بووه. له هه‌ردوو شانۆنامه‌كه‌دا په‌رچوو وه كه‌ره‌سته كاری پێكراوه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته گرفتێكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ره‌وتی سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رچووه‌كان هێما ئه‌قڵانییه‌كانی ویستی خودان. كه‌واته، هه‌ر به رێكه‌وتیش، ئه‌م دراما شیعریانه‌ی بۆ كۆرس ده‌نوسران، ئه‌م شانۆنامه ده‌رباریانه‌ی ده‌رباره‌ی په‌رچووه‌كان نوسراون، باشترین رواڵه‌تی به‌رجه‌سته‌ی ته‌كنیكی شانۆنامه‌نوسی “شانۆی ئه‌قڵ” ن. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، به‌و پێیه‌ی ئیسه‌ر و عه‌ته‌لیا به مه‌به‌ستی نمایشی تایبه‌تی له رێگه‌ی خانمه ئه‌كته‌ره‌كانی سه‌ن سیر نوسرا بوون، په‌یامێكیان پێشكه‌ش ده‌كرد كه له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی راسین دا خۆی حه‌شارداوه ـ كه ئه‌وه‌یش بریتییه له ته‌ماشاخانه‌ی بینینه‌وه‌ی ئاهه‌نگه پیرۆزه‌كان و بۆنه تایبه‌تییه‌كان، به دوور له هه‌ر جۆره بنه‌مایه‌كی شانۆی بازاڕی. له میانه‌ی ئه‌م په‌یامه‌دا، راسین بۆ یه‌كه‌م جار كۆرس به‌كار ده‌هێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده پێده‌چێت بواره‌كانی به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه ماوه‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندێشه‌یدا بڵێسه‌ی سه‌ندبێت.
ئه‌م دوو شانۆنامه‌یه له رووی به‌هاوه جیاوازییان هه‌یه. ئیسه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه جیاوازیی هه‌یه و سه‌ربه‌خۆیه كه شانۆنامه‌یه‌كی جدی و درێژه و به مه‌به‌ستی پێشكه‌ش كردنی له‌لایه‌ن لاوانه‌وه نوسراوه و به ته‌واوه‌تیش له گه‌ڵ ئه‌و مه‌به‌سته‌دا ده‌گونجێ. خۆش ئاوازیی ریتم، ئه‌و ساكارییه‌ی ریتم به هۆیه‌وه خۆی له قه‌یرانی تراژیك دوور ده‌خاته‌وه، سزای خێرا و په‌ندئامێزی ئه‌و ده‌قانه، هه‌ر ده‌ڵێی پانتۆمیمێكی تایبه‌ت به جه‌ژنی كریسمسه. مرۆڤ به ئاسته‌م ده‌توانێت له‌وه سه‌ر ده‌ربكات كه بۆچی راسین ئیسه‌ر به ده‌قێكی تراژیدی ناو ده‌بات.
عه‌ته‌لیا جیاوازه. ئه‌م به‌رهه‌مه چواره‌مین شانۆنامه‌ی درێژه كه بیرۆكه‌كه‌ی وه‌سف كردنی ژنانه و ته‌نانه‌ت له فیده‌ریش دا، له‌چاو ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا، هه‌ژمونێكی زیاتری رواڵه‌تی كلاسیك ده‌بینرێت. داڕشتنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كانی شانۆنامه‌كه وه‌ك كۆدێك له گه‌مارۆی بوون دایه. ده‌وروبه‌ری په‌رستگاكه به هۆی دیوارێكه‌وه گه‌مارۆ دراوه و له‌و دیوو سنوره‌كانیه‌وه شارێكی گه‌نده‌ڵ بوونی هه‌یه كه زۆر خراپ به‌ڕێوه ده‌برێت. پادشای لاو، جواس (یواش) ، خۆی له په‌رستگاكه‌دا شاردۆته‌وه. عه‌ته‌لیا بێهوده هه‌وڵ ده‌دات به‌ره‌و كه‌شی گوناهبارانه‌ی دونیایی به‌كێشی بكاته‌وه. له هه‌ناوی ئه‌و حه‌شارگه رۆحانیه‌دا گه‌لێ شوێنی پیرۆز بوونی هه‌یه كه ته‌نیا مناڵه‌كانی یه‌عقوب ده‌توانن بچنه ناویان. له رووی پێكهاته‌شه‌وه ده‌قه‌كه له لایه‌ن كۆرسه‌وه گه‌مارۆ دراوه و به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌قه‌كه له لاسایی كردنه‌وه‌ی ریالیستیانه‌ی كردار بێبه‌ش بووه. حه‌سار له حه‌ساردا. ململانێی واقیعی له رووی ساده‌یی بیرۆكه‌وه له په‌ناهێنه‌كان ی ئه‌سخیلۆس ده‌چێت. عه‌ته‌لیا هه‌وڵ ده‌دات دیواره‌كان یه‌ك له‌دوای یه‌ك بڕوخێنێت تا حه‌شارگه‌كه‌ی ره‌قیبه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه حورمه‌تی ماڵی خودا بشكێنێت. وشه‌كانی (چوارده‌وری كڵێسا، به‌رده‌ركه، حه‌سار، شوێن، ترسناك) هه‌ر یه‌ك مانای كه‌شێكی داخراو ده‌رده‌خه‌ن. شاژنی توڕه هێرش ده‌كاته سه‌ر یه‌كه‌مین هێڵه‌كانی به‌رگری:
شاژنی له‌خۆبایی و پایه‌به‌رزه، سه‌ربه‌رزانه
هه‌نگاو ده‌خاته شوێنێكه‌وه كه ته‌نیا تایبه‌ته به پیاوان
ته‌نانه‌ت خۆی بۆ ئه‌وه ئاماده ده‌كات دیواری ئه‌و ماڵه پیرۆزه داڕمێنێت و پێ بخاته شوێنێكه‌وه كه ته‌نیا مناڵه‌كانی یه‌عقوب بۆیان هه‌یه پێی تێ بخه‌ن.
له كۆتاییدا، عه‌ته‌لیا هێرش ده‌كاته سه‌ر حه‌شارگه‌كه و هه‌ست ده‌كات كه‌وتۆته بۆسه‌ی مه‌رگه‌وه. تازه كشانه‌وه و هه‌ڵاتن له به‌رقاپی خودا مانای نییه:
بێهوده سه‌ره‌تاتكێ ده‌كه‌یت، تازه ناتوانی ده‌رباز بیت
خودا له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆی داوی.
هه‌رچه‌نده ئه‌مه ساده به‌یان كراوه به‌ڵام ماناكه‌ی ته‌واو روون و ئاشكرایه. یه‌كیه‌تی شوێن مانایه‌كی دووفاقی ده‌دۆزێته‌وه: هه‌م بنه‌ماكانی كلاسیزمی نوێ ده‌پارێزێ هه‌م ئه‌نگێزه‌ی بنه‌ڕه‌تی كرداری دراما. له عه‌ته‌لیادا، ته‌واو وه‌ك په‌ناهێنه‌كان، شوێنێكی پارێزراو و پیرۆز له به‌رامبه‌ر مه‌ترسی دزه‌كردنی توندوتیژییدا ده‌بینین. ره‌نگه یه‌كێك له دواهه‌مین تراژیدیا گه‌وره‌كانی پابه‌ند به بنه‌ما كلاسیكیه‌كان له ئه‌ده‌بی رۆژئاوادا، ئاشكرا لاسایی به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌كانی كه‌ونارای كردبێـته‌وه.
ئه‌م شانۆنامه‌یه له‌ژێر سایه‌ی سه‌خت و سێبه‌ری په‌رستگاكه‌دا ته‌مومژاوی بووه. به‌ڵام زمانی ده‌قه‌كه به‌رقێكی نایابی هه‌یه، ده‌ڵێی ئاسنێكی سوره‌وه‌بووه. ئه‌زرا پۆند ده‌نوسێت، “ئاڵتون له تاریكی‌دا گه‌ر تیشكێكی بكه‌وێته سه‌ر قووتی ده‌دات.” سه‌رجه‌م شانۆنامه‌كه له‌سه‌ر خولگه‌ی ململانێی نور و زوڵمه‌ت ده‌خولێته‌وه. دیاره، نور دونیای ده‌ره‌وه‌یه و تاریكییش دونیای ناو په‌رستگاكه. به‌ڵام له جیهانی واقیعدا، زوڵمه‌ت باڵی به‌سه‌ر شاره بتپه‌رسته‌كه‌دا كێشاوه و په‌رستگاكه له‌به‌ر تیشكی ئیلاهیدا ده‌بریسكێته‌وه. عه‌ته‌لیا له زوڵمه‌تی به‌رگی پاشایه‌تیدا گیری خواردووه و مناڵه‌كانی یه‌عقوبیش سپی پۆشن. هه‌ر كه له تاریكی دێنه‌ده‌ر تا عه‌ته‌لیا گه‌مارۆ بده‌ن، چه‌كه‌كانیان ده‌بریسكێته‌وه. شانۆنامه‌كه له‌و روانگه‌یه‌وه تراژیدییه كه ده‌زانین پێشبینیه‌كه‌ی ئه‌یوب دێته‌دی و جواش ده‌بێته پادشایه‌كی سته‌مكار. به‌ڵام له‌ودیوی چاره‌ره‌شی چاره‌نوسی ئیسرائیله‌وه نوری رزگاربونێكی گه‌وره‌تر به‌دی ده‌كرێت. ئه‌م رۆحانییه گه‌وره‌یه له‌م حاڵه په‌یامبه‌رانه‌یه‌دا ئۆرشه‌لیمێكی نوێ ده‌بینێت كه له هه‌ناوی بیابانه‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه. ئه‌و شاره نوره، نورێكی به‌دره‌وش.
پاش عه‌ته‌لیا (1691)، راسین جارێكی تر هیچ شانۆنامه‌یه‌كی تری نه‌نوسی. ئه‌و ته‌نیا په‌نجاو دوو ساڵ ته‌مه‌نی بوو، كه‌چی بێده‌نگیه‌كه‌ی ئاماژه‌ی شكست و كۆتایهاتنی كۆرنی نه‌بوو. ئه‌م بێده‌نگیه پاڵدانه‌وه بوو له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی شانۆنامه‌نوسی كه درامی خۆش ده‌ویست به‌ڵام هه‌رگیز متمانه‌ی به شانۆ نه‌كرد.
با لێره‌دا كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه سه‌ره‌تاییه‌كه‌مان: واته “مه‌حاڵی وه‌رگێڕان” ی كۆرنی و راسین بۆ سه‌ر هه‌ر جۆره ژێنگه‌یه‌كی نمایشی یان بۆ ناو هه‌ر جۆره نه‌ریتێكی ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا. فره‌ره‌نگی و توانای ده‌ربڕین، سنورداریه‌تی كاریگه‌ریی ئه‌و به‌رهه‌مانه سه‌رسامی كردووم. به‌ڵام به‌شێكی سه‌ركه‌وتویی ئه‌و به‌رهه‌مانه، به باوه‌ڕی من، خۆی له كۆتوبه‌نده‌كانی كه‌ماڵخوازیی كلاسیزمی نوێ‌دا حه‌شارداوه. سه‌رجه‌م كرداری شانۆنامه‌یه‌كی كلاسیزمی نوێ له نێو زماندا روو ده‌دات. ئیتر به‌كارهێنانی هۆكاره ته‌كنیكیه‌كانی دیمه‌ن و داڕشتنه‌وه‌یان تا پێویست بكات كه‌م ده‌كرێته‌وه، كه له راستیدا ئه‌و هۆكاره هه‌سته‌وه‌رانه‌ی درامان كه باشتر ده‌كرێت وه‌ربگێڕدرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان به زمانی جیهانی جه‌سته‌وه هه‌یه و تایبه‌ت به هیچ زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نیین. كه‌واته له‌و شوێنانه‌دا كه پێویسته وشه ته‌واوی كاریگه‌ریی و مه‌به‌سته‌كه بگوێزێته‌وه، سوود له ئه‌فسونی وه‌رگێڕان، یان باشتره بڵێین سوود له دوباره داڕشتنه‌وه‌ی زمان وه‌رده‌گیرێت. به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسونه بۆ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه كلاسیكیه‌كانی فه‌ڕه‌نسا سوودی نه‌بووه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به كۆرنییه‌وه هه‌یه، ره‌نگه خۆدزینه‌وه له وه‌رگێڕانی كاره‌كانی له رووی كه‌مته‌رخه‌میه‌وه بووبێـت تا ئه‌و مه‌حاڵه ته‌كنیكیه. تاراده‌یه‌ك دووری ئێمه له كۆرنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ره‌خنه‌ی فه‌ڕه‌نسی ته‌واوی قوڵایی كاركردنی ئه‌و نوسه‌ره‌ی نه‌پشكنیوه. ته‌واوه، سه‌رده‌مانێك كه زمانبازییه چرچڵ ئاساكان هه‌موو خه‌ڵكی ده‌وروژاند، ئه‌و رۆژگارانه‌ی مرۆڤ له ناخی خۆیدا هه‌ست به ژێرپه‌نجه‌ی توندوتیژیی ده‌كات كه یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت له‌و ده‌مانه‌دا گوێچكه‌یه‌ك بۆ گوێگرتن له كۆرنی مابێت. ئه‌و هه‌نگاوه گه‌ورانه‌ی كۆرنی له زه‌مینه‌ی دیالۆژنوسی شانۆییدا هه‌ڵیدێنێته‌وه بنه‌ماكانی بارۆك ده‌رباره‌ی بیرۆكه تێده‌په‌ڕێنێ. كۆرنی یه‌كێكه له‌و نوسه‌ره هه‌ره ده‌گمه‌نانه‌ی بواری شانۆی سیاسی كه تا ئێستا ئه‌ده‌بی رۆژئاوا به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌وه‌ی كۆرنی ده‌رباره‌ی هێز و مه‌رگی دڵ باسی ده‌كات له ده‌ره‌وه‌ی حه‌ساری شانۆی نه‌ته‌وه‌یی فه‌ڕه‌نساش شایسته‌ی گوێ لێگرتنه و وه‌رگێڕانێكی باش ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و كاریگه‌ریی و به‌هایه‌ی بپارێزێت. واته ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی هه‌م رووه شیعرییه‌كه‌ی و هه‌م روخساری په‌خشان شێوه‌ی ده‌گوێزێته‌وه (به هه‌مان شێوه‌ی په‌خشانی كلارندن) بۆ نمونه ده‌كرێت ئه‌و به‌شانه‌ی په‌یوه‌ندیی به پیلانه‌كه و بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كیه‌وه هه‌یه به په‌خشانێكی سه‌نگین و فه‌رمی و لوتكه ره‌وانبێژییه‌كان، ململانێ ناوه‌كیه‌كانی دیالۆژه‌كانیش به زمانێكی چیرۆك ئامێزانه‌ی شیعریی وه‌ربگێڕدرێت. ئه‌مه‌ش كاری مامۆستایه‌كی شاره‌زای ئه‌و بواره‌یه، كه‌سێك كه بتوانێت ویقار و سه‌نه‌گێك ببه‌خشێته مه‌سنه‌وی، كه ئه‌م ژانره شیعرییه ته‌نیا له به‌رهه‌مه نایابه‌كانی درایدن دا ده‌بینین. ره‌نگه ئایۆر وینتێرز بتوانێت ئه‌م كاره زۆر به جوانی ئه‌نجام بدات.
راسین گرفتێكی تریشمان روبه‌ڕو ده‌كاته‌وه، كه ره‌نگه ئه‌مه‌یان ته‌واو مه‌حاڵ بێت. له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه راسین ته‌نیا له رێگه‌ی زمانه‌وه حه‌قیقه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات، چوون به‌رگێكی به به‌ری وشه‌كانیدا ده‌پۆشێ، كه هیچ وشه‌یه‌كی تر نه‌توانێت پڕاوپڕی ئه‌و مانایانه ببه‌خشێته‌وه. ته‌نانه‌ت باشترین وه‌رگێڕانیش (بۆ نمونه، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی راسین) ده‌بێته هۆی لێكترازان و شێواندنی سه‌بكی سه‌نگین و سه‌ختی راسین. له‌سه‌ر ته‌خته‌ی رووتی شانۆ كه بڕیاره فیده‌ر و برنیسیان له‌سه‌ر پێشكه‌ش بكرێت، تاكه پاڵنه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی چیرۆكه‌كه، گۆڕانكارییه ساده‌كانی زیر و به‌می ده‌ربڕینه. ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له كه‌شی نوقم بووی بێده‌نگیدا ده‌له‌رێنه‌وه قه‌یرانه‌كانی رێزمانن. كه‌واته ئه‌وه گرفتی كه‌سی تاك و كۆ و رێگره زمانه‌وانییه‌كانی زمانی فه‌ڕه‌نسییه كه وه‌رگێڕانی فیده‌ر مه‌حاڵ ده‌كات. تا راده‌یه‌ك شاژن دانی به خۆشه‌ویستی خۆیدا ناوه به‌رامبه‌ر هیپۆلیت. هیپۆلیتیش به‌مه ده‌ترسێ:
هیپۆلیت: ئای خودایا! گوێم له چی ده‌بێت؟ خانم، ئایا فه‌رامۆشت كردووه تیسیۆس باوكی من و هاوسه‌ری ئێوه‌یه؟
فیده‌ر: بۆچی واده‌زانی من ئه‌وه‌م فه‌رامۆش كردووه، شازاده؟
ئایا به‌ڵگه‌ی ئێوه ئه‌وه‌یه من پشتم له پله‌و پێگه‌ی خۆم كردووه؟
هیپۆلیت: بمبوورن، خانم، من زۆر شه‌رمم كرد، دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه قسه پاك و بێگه‌رده‌كانی ئێوه‌م به خراپ لێكدایه‌وه.
له شه‌رما ناتوانم ته‌ماشاتان بكه‌م، كه‌واته ده‌ڕۆم…
فیده‌ر: ئای، ئه‌ی بێبه‌زه‌یی! تۆ زۆر باش له مه‌به‌ستم تێده‌گه‌ی. ئه‌وه‌نده‌ی دوباره ده‌كه‌مه‌وه تا ترست نامێنێ.
بیرۆكه‌ی ئه‌م دیالۆژه‌ی سه‌ره‌وه له گۆڕینی چاوگی ئێوه بۆ تۆ دا حه‌شاردراوه. ئه‌م گۆڕانه، سێ جار له‌و دوو دیالۆژه‌دا كه په‌شیمانبونه‌وه‌كه‌ی فیده‌ر ده‌گوێزنه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. ئیتر په‌رده‌ی حه‌یا هه‌ڵگیراوه‌و ده‌رفه‌تی پاشه‌كشێ نییه. به‌ڵام وه‌رگێڕه ئینگلیزییه‌كه له به‌رامبه‌ر ئه‌و راستییه‌دا لاوازه، له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڕینی وشه‌ی you (ئێوه) بۆ thou (تۆ) تا راده‌یه‌ك هیچ مانایه‌كی ئه‌و قه‌یرانه سه‌رسوڕهێنه‌ره ناگوێزێته‌وه. ته‌نیا هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی مانایه‌ك ده‌توانێت سه‌رجه‌م مانای گشتی ده‌قه‌كه بشێوێنێت.
یان ته‌ماشای پرسیاره‌كه‌ی برنیس بكه‌ن له تایتوس:
ئایا هیچ شتێك ناتوانێت ببێته مه‌رهه‌می ئه‌و ده‌رده كوشنده‌یه‌ی وه‌ك خۆره رۆحت ده‌خوات؟
لێره‌دا ئه‌وه نوسینه‌وه‌ی هاوسه‌نگ و ده‌ستپاكانه‌ی ریتمی (مه‌رهه‌م) و (ده‌ردی كوشنده)یه، له شوێنی خۆیاندا، كه بیرۆكه‌ی رسته‌كه و ئاماژه‌كانی ئه‌و ئازاره ده‌گوێزێته‌وه. باشه ده‌بێت مرۆڤ چۆن ئه‌و دوو وشه‌یه وه‌رگێرێ یان چۆن هیجای كۆتایی وشه‌كان بگوێزێته‌وه بۆ نێو هه‌ر زمانێكی تر؟ هونه‌ری راسین فێرمان ده‌كات ئه‌و كاته‌ی ڤالێریی ده‌یوت، ” له دوو وشه‌ی هاومانا، ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژێرن كه مانایه‌كی كه‌متری مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێوه‌ی هه‌ڵگرتووه” مه‌به‌ستی چی بووه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هیچ شتێك ئه‌وه‌نده‌ی دۆخه ته‌نزئامێزه‌كان وه‌رگێڕانیان مه‌حاڵ نییه.
ئه‌م دوودڵییه له‌سه‌ر وه‌رگێڕان ته‌نانه‌ت له سنورداریه‌تی زمانی فه‌ڕه‌نسیشدا بوونی هه‌یه. له قوتابخانه‌كان راسین ده‌خوێنرێت و له شانۆی نه‌ته‌وه‌یی فه‌ڕه‌نسادا پێشكه‌ش ده‌كرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نازانم ئایا هێشتا توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هاونیشتیمانیه‌كانی بدوێ یان نا. ئه‌و رۆڵه‌ی راسین له ژیانی فه‌ڕه‌نسادا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات رۆڵێكی مێژووییه نه‌وه‌ك رۆڵێكی زیندوو. له نێو به‌رهه‌مه‌كانی راسیندا ناتوانین بنه‌ما به‌رفره‌كانی كرداری رۆمانتیك یان نمایشی مێژوویی بدۆزینه‌وه كه بونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كانی شكسپیر نه‌مر بن. له هیچ هونه‌رێكی تریشدا بناغه‌ی سه‌ره‌كی به ته‌واوه‌تی دیلی سه‌بك نییه. ئه‌وه‌ی له شانۆنامه‌ی ئاندرۆماك، ئیڤیژینی و فیده‌ردایه به ته‌واوه‌تی به زمانی ئاڵۆزی ئه‌شرافیانه‌ی ئاخاوتنی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م به‌یان كراوه. ئه‌و زمانه‌ش به‌باشی وه‌رناگێڕدرێت، ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ر زمانێكی تر یان بۆ سه‌ر زمانی ئاخاوتنی فه‌ڕه‌نسی به پێكهاته نارێزمانیه‌كه‌یه‌وه.
ئیتاڵیه‌كان ده‌رباره‌ی لیۆپاردی و روسه‌كانیش ده‌رباره‌ی پۆشكین ، هه‌مان باوه‌ڕیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م بڕیاره نیشانه‌ی سوكایه‌تی كردن نییه به‌و نوسه‌رانه. لای هه‌ندێك له شاعیران، جیهانی بوون بریتیه له به‌رفره‌یی ـ به‌رفره‌یی كاریگه‌ریی. له لای هه‌ندێكی تر، جیهانی بوون تایبه‌تمه‌ندییه‌كه له سۆنگه‌ی پایه‌به‌رزیی زاتییه‌وه. یان ره‌نگه هه‌ر ئه‌م شاعیرانه‌ی وه‌رگێڕانی كاره‌كانیان مه‌حاڵه، بلیمه‌تی زمانه‌كه‌ی خۆیان بن.