Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
زێمار …. كه‌ریم ده‌شتی

زێمار …. كه‌ریم ده‌شتی

Closed
by June 12, 2011 ئەدەب

كێیه‌ ئه‌وه‌ بانگم ده‌كاونازانم بانگ و هاواری له‌ كوێیه‌؟
كێیه‌ ئه‌وه‌ هه‌موو شه‌وێ‌ دێته‌ خه‌ونم و نایناسم
به‌ڵام ده‌زانم هه‌زاران هه‌زار ساڵه‌
وه‌كو كیسه‌ڵ له‌سه‌ر پشتی ئه‌وان بناران و رێیه‌
كێیه‌ ئه‌وه‌ خڕ سپێدان ده‌ستی له‌ ناو ده‌ستم ده‌نێ‌
وه‌كو پوشێ‌ وه‌ك گه‌ڵایێ‌ به‌ره‌و ئاوه‌كانم ده‌بات
كێیه‌ ئه‌وه‌ وه‌ها به‌ كوڵ وه‌ها به‌ رۆحی پڕ گریان بانگم ده‌كات ؟
2
كێ‌ ئه‌و گه‌ڵا حاجیلانه‌م بۆ ده‌هێنێ‌ كه‌ له‌بن به‌رده‌كان شین ده‌بوون
كێ هه‌یه‌ ئه‌و هه‌موو بۆن و به‌رامه‌ ئه‌و هه‌موو جوانییه‌م بۆ بێنێ‌
كه‌ له‌ دوای بارانی ناوه‌خت له‌ خاكی كتێب هه‌ڵده‌سان
مینا سواری جوانی به‌ناو برینم ره‌ت ده‌بوون
كێ‌ ئه‌و ده‌نكه‌ گه‌نمانه‌م بۆ كۆده‌كاته‌وه‌
كه‌ له‌ برسیه‌تی لێم رژان
كێ‌ ئه‌وهه‌موو قومه‌ ئاوانه‌م ده‌داتێ‌ كه‌ له‌ تێنوێتی لێم پژان
3
له‌و خۆراوایه‌ خه‌مگینه‌
كه‌ی ده‌مبه‌خشی به‌ دره‌ختێكی ته‌نهاوئاوا ده‌بی
كه‌ی له‌ شه‌ونم دامده‌ڕێژی
 تا له‌ ئێوارانێكی ساردا
بۆنی خوێنم دوور دوور بڕوات
كه‌ی دێیته‌وه‌ وه‌كو جاران ده‌ستم بگری و
بچینه‌وه‌ بۆ خه‌مگینی
ئاخ بۆ رۆژهه‌ڵات
4
وه‌ره‌ بمكوژه‌ كام برین له‌ برینی رۆحم قووڵَتره‌
كام رێ‌ له‌ رێی پڕ له‌ گریانی ئه‌شكی من دوورتره‌
كام با له‌ هاتنم بۆ دیداری نادیارت خێراتره‌
وه‌ره‌ بمكوژه‌ كام پاییز له‌ گه‌ڵای ئومێدی ئه‌و رۆحه‌ی من زه‌ردتره‌
5
كاتێ‌ هه‌یه‌ هه‌موومان ده‌بینه‌وه‌ خاك و خۆڵ
كاتێ‌ هه‌یه‌ سه‌رله‌ نوێ‌ له‌ دایك ده‌بینه‌وه‌
كاتێ‌ هه‌یه‌ هه‌مومان به‌ره‌و تۆ دێین
كاتێ‌ هه‌یه‌ تۆ به‌ره‌و هه‌موومان دێی
ئاخ چه‌ند غه‌ریبیت ده‌كه‌م
تۆ بیابانی یا زیوی ناو هاواری زێی؟
6
كه‌مێ‌ له‌ وه‌رینی گه‌ڵا گه‌ڵایێ‌ هه‌ڵاتوو له‌ پایز
كه‌مێ‌ له‌ ره‌شێتی به‌ختم به‌ختێ‌ ماندووتر له‌ مامز
كه‌مێ‌ له‌ خه‌می فیراق فیراقێ‌ سه‌ختتر له‌ مردن
كه‌مێ‌ له‌ به‌ردێتی دڵت دڵێ‌ ئاخ دڵێ‌
دۆزه‌خیان دروست كردووه‌
7
هه‌موو شتێ‌  له‌ ناكاودا گۆڕا
مانگ گووتی ئه‌وه‌ من نه‌بووم 
كه‌ی من شه‌وق و تریفه‌م داوه‌ به‌ ئێوه‌
رووبار گووتی رۆژێ‌ من شه‌پۆلم نه‌بووه‌
زه‌وی گووتی من نه‌بوویمه‌ كۆیله‌ی باران 
8
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاودا گریا
من بۆ ئه‌وینی جارانم
ئه‌و بۆ ئه‌وینی جارانی
مانگ بۆ ئاسمان
روبار بۆ گرمه‌ی شه‌پۆلی
زه‌وی بۆ دلۆپه‌ی بارانی 
منیش بۆ خۆم
8
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاودا وونبوو
مانگ ئاوابوو
روبار وه‌ك بروسكه‌ تێپه‌رٍی
زه‌وی  خۆی له‌ شه‌خته‌دا شارده‌وه‌
خودا له‌ هه‌ور دابه‌زی منی بۆ عه‌ده‌م نارده‌وه‌ 
9
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاو توڕه‌ بوو
مانگ له‌به‌ر قژی تریفه‌ی
رووبار له‌  شریخه‌ی شه‌پۆلی بێكۆتایی 
زه‌وی  له‌ هاواری مرۆڤ
منیش له‌ ناو گۆرانی چڕینی ته‌نهایی 

 
10
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاودا شكا
كه‌ شوشه‌ی مانگ كه‌وته‌ به‌ر لێزمه‌ی باو بۆران
كه‌ ئاو له‌ رووبار تووڕه‌ بوو
زه‌وی له‌ بومه‌له‌رزه‌دا مرد 
منیش كه‌ ئه‌وین له‌ ناو دڵمدا چكی كرد 
11
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاو بوو به‌ ئه‌به‌نووس ره‌شداگه‌ڕا
مانگ له‌ پرسه‌ی سپی بوونی كه‌زی تریفه‌ی كچه‌كانی
رووبار له‌تاو كۆچی به‌رده‌وامی شه‌پۆلانی
زه‌وی له‌ سۆنگه‌ی وه‌رینی قژی هه‌موو دره‌خته‌كانی
منیش له‌ تای ئه‌وین و كۆچی هه‌میشه‌و بێئامانی
12
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاودا پیر بوو
مانگ له‌ناو هه‌وری ره‌ش
رووبار له‌ نسێی نساران
زه‌وی  له‌ ژێر پێی ئینسان
منیش له‌گه‌ڕان به‌ دوای تۆ
13
هه‌موو شتێ‌ له‌ ناكاودا سیس بوو
مانگ كه‌ با هات تۆقه‌ی له‌ قژی تریفه‌ی دا
رووبار كه‌  مافوری شه‌خته‌ دایپۆشی
زه‌وی  كه‌ پاییز بوو به‌ میوانی
منیش كه‌ تۆ ده‌رگای ئه‌وینت كلیلدا
14
هه‌موو ئاوه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای تۆ
تۆ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كانی
هه‌موو بایه‌كان دێنه‌وه‌ لای تۆ
تۆ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو بایه‌كانی 
هه‌موو ئاگره‌كان دێنه‌وه‌ لای تۆ
تۆسه‌رچاوه‌ی  هه‌موو ئاگره‌كانی
2
دێمه‌وه‌ لای تۆ
تۆ جه‌وهه‌ری بوونی
دیمه‌وه‌ لای تۆ
تۆ كتێبی تۆ تۆ بۆ من مایه‌ی زه‌بوونی
دێمه‌و لای تۆ
تۆ بروسكه‌و شه‌به‌یخونی
دێمه‌وه‌ لای تۆ
تۆ ووچان و سره‌وتنی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.