Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
دره‌نگه‌..! …. ئیدریس شه‌یداهۆ

دره‌نگه‌..! …. ئیدریس شه‌یداهۆ

Closed
by June 14, 2011 ئەدەب

دره‌نگه‌ بۆ ژماردنی ئه‌ستێره‌كانی گومان له‌مه‌ولا
دره‌نگه‌ بۆ پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵا هه‌ورو حیوارێك له‌گه‌ڵا باران،
دره‌نگه‌ بۆكۆكردنه‌وه‌ی ناوی هیچ‌و سه‌به‌ته‌ سێوه‌ به‌تاڵه‌كان
دره‌نگه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و ئومێده‌ی به‌مردوویی له‌ناوخۆمان چاند، دره‌نگه‌ بۆ هه‌ڵمژینی خه‌مه‌ سارده‌كان
دره‌نگه‌ بۆ كردكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی شه‌ر
دره‌نگه‌ بۆ گۆڕینی تیشێرته‌كه‌ی تۆ
دره‌نگه‌ بۆ ئاوێزانی خه‌م‌و من‌و خه‌نده‌كه‌ی تۆ
دره‌نگه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی فرمسێكی عومرو داخستنی فه‌رشێك بۆ یاری
دره‌نگه‌ بۆ سه‌فه‌رێكی ئه‌زه‌لی
به‌نێو كۆڵانه‌كانی منداڵێتی‌و
گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌رزه‌یی
دره‌نگه‌ بۆ ته‌سبیحاتی عه‌شق‌و
دروێنه‌ی ماچ‌و ژماردنی ژوانه‌كان
دره‌نگه‌ بۆ نوێژی عه‌شق‌و فاتیحای ژوارنه‌ دۆڕاوه‌كان
ئیدی كاتم نه‌ما بۆ گریان‌و راوی بزه‌و خه‌نده‌ ده‌كه‌م
دره‌نگه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نكه‌ مرواری فرمێسك‌و ئاهه‌كان
دره‌نگه‌ بۆ راوی بزه‌ له‌مه‌ولا
دره‌نگه‌  چیدی بۆ ژوان بكه‌م دزه‌ له‌مه‌ولا
دره‌نگه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی ژوانه‌ نهێنیه‌كانی ئه‌و كۆڵان‌و ئه‌م كۆڵان له‌مه‌ولا
((هه‌موو عومرم به‌تۆ به‌خشی، نازه‌نینی ده‌لالی من
شارم جێهێشت، بارگه‌م تێكنا، بۆ ئامێزی حه‌ڵاڵی من))
به‌سه‌رچوو هۆنینه‌وه‌ی شیعری ته‌ڕ
كاتی هۆنینه‌وه‌ی بسكی تۆیه‌
به‌سه‌رچوو وڕێنه‌ی كه‌سێكی به‌دفه‌ڕ
كاتی سڕینی هه‌نسكی تۆیه‌))
دره‌نگه‌ بۆ گله‌یی
واچرۆی عه‌شقت خونچه‌ی كرد، پێگه‌یی
دره‌نگه‌ بۆ داخستنی په‌نجه‌ره‌
ده‌رگاكه‌ واڵاكه‌
دره‌نگه‌ بۆ خه‌وزڕان‌و به‌ماكیاژو مۆده‌ی زه‌مه‌ن
قه‌یرێ خۆت ئاڵ‌و واڵاكه‌
چی خه‌می ئه‌و زه‌مه‌نه‌ پڕوپووچه‌یه‌ به‌ڕه‌لڵاكه‌
دره‌نگه‌ بۆ ژماردنی ئه‌ستێره‌كانی گومان له‌مه‌ولا
(له‌خه‌و هه‌ڵسه‌، تاوێ‌ بچینه‌وه‌ ئه‌ولا)
ده‌مه‌و عه‌سرێك له‌و زه‌مه‌نه‌ داببڕێ‌و له‌خه‌م‌و ژان ته‌وه‌للا كه‌
كه‌زۆر دڵته‌نگیش بووی لااله‌ الالله كه‌
هه‌موو عومر پایز بردی
نامه‌وێ‌ چیتر شه‌ڕی توتڕك‌و گوڵا ببینم
نامه‌وێ‌ چیتر له‌هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا رامێنم
هه‌موو شه‌ڕه‌ دۆڕاوه‌كانم دی
نامه‌وێ‌ چیتر هیلاكی باڵنده‌و شه‌كه‌تیی مێرووله‌و بێزاریی ئاژه‌لێك ببینم له‌برسا
من برسێتی هه‌موو ژیانم لولی داوم
نامه‌وێ‌ چیتر نامه‌ی به‌تاڵا‌و واده‌ی دوورو زۆر ببینم له‌ترسا
دره‌نگه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی مرواریه‌كانی ئه‌وین
دره‌نگه‌ بۆ لێكترازانی مه‌رگ‌و ژین
دره‌نگه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ی عه‌شقێك سه‌راپا برین، سه‌راپا چاوه‌ڕێ، سه‌راپا بێزاریی
سه‌راپا  خوێن
وه‌ك عه‌شقه‌كه‌ی مه‌م‌و زین
دره‌نگه‌ بۆ له‌مه‌ودوا
ده‌وه‌ره‌ با پێكه‌وه‌ بین
ئه‌ی میهره‌بانی سه‌ر زه‌مین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.