چۆن فێری نووسینی چیرۆک ده‌بین؟
تا هه‌نووکه شتێک دانه‌هاتووه،
بۆ به گژداچوونه‌وه‌ی خه‌مناکی و بێزاری،
هێنده‌ی چیرۆک کاریگه‌ر بێت.
(1)
ئه‌وین پێناسه ناکرێت، تا خۆت نه‌که‌ویته نێو داوی ئه‌وینه‌وه، نازانیت ئه‌وین چییه. ئه‌وین شتێک نییه ئاسایی، شتێکه سه‌رسوڕهێن، وه‌ک جادوو. ڕه‌نگه ئه‌وین، گه‌ڕان بێت به دوای شتێکدا که نازانین چییه، وه‌لێ ده‌زانین پێویستمان پێیه‌تی. ڕه‌نگه ئه‌وین خه‌ونێک بێت، شاعیرێک بتوانێت به زمانێکی زێده‌جوان، به هۆی ڕسته‌ی بازنه‌یییه‌وه بۆمانی بگێڕێته‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌ک نه سه‌ره‌تای هه‌بێت، نه کۆتایی. ڕه‌نگه نووسینیش شتێک بێت وه‌ک ئه‌وین، وه‌ک چۆن ئه‌وه ته‌نیا خودی ئه‌وینداره، هه‌ست به نهێنییه‌کانی عیشق ده‌کات، ئه‌وه ته‌نیا نووسه‌ر‌یشه، په‌ی به لایه‌نه نادیاره‌کانی نووسین ده‌بات.
پیاو ئه‌گه‌ر ژنێکی خۆش ویست، چی نهێنیی خۆی هه‌یه، با هه‌ندێکیان لایه‌نه لاوازه‌کانیشی ئاشکرا بکه‌ن، له کنی ده‌یاندرکێنێت، بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی، ده‌شێت به درکاندنی هه‌ندێک له‌و نهێنییانه، ئه‌و شکۆ و سه‌نگینییه‌ی جارانی له کن ژنه نه‌مێنێت. نووسین لای نووسه‌ری ڕاسته‌قینه، ئه‌و ژنه دلۆڤانه‌یه که متمانه‌ی پێ ده‌کات و به ڕاشکاوی و ڕاستگۆیییه‌وه، ڕازی خۆی بۆ ده‌رده‌بڕێت. ئه‌وه بۆیه کاتێک چیرۆکبێژ، خودی چیرۆکنووسه‌که‌یه و به‌شێک له بیۆگرافیای خۆی ده‌نووسێته‌وه، چیرۆکه‌که‌ی ده‌بێته جێی متمانه‌ی خوێنه‌ر، با خه‌یاڵ و واقیع به جۆرێک ده‌ستیان له ملی یه‌کدیش ئاڵابێت، لێک جیاکردنه‌وه‌یان کارێکی ئه‌سته‌م بێت.
(ڕۆمان) هه‌یه، هێشتا چاپ نه‌کراوه، مردووه، ئاخر به مردوویی له دایک بووه، ئه‌و جۆره نووسینانه، ئه‌وه نا‌هێنن، ده‌قیقه‌یه‌ک له کاتی خۆمانیان بۆ ته‌رخان بکه‌ین، ئاخر ئه‌و ده‌قیقه گرانبه‌هایه‌مان به‌فیڕۆ ده‌چێت. ئه‌گه‌ر چه‌ند سه‌عاتێکمان بۆ خوێندنه‌وه‌ی (ڕۆمان)ێک ته‌رخان کرد و له کۆتاییدا هه‌ستمان کرد، ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌مان له کیس چووه، هه‌قه مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، له‌بری ئه‌و وه‌خته به‌فیڕۆچووه‌مان، داوای قه‌ره‌بوو، له نووسه‌ری (ڕۆمان)ه‌که بکه‌ین. ڕۆمانی جوان به چنینه‌که‌ی سه‌رساممان ده‌کات، فۆرمه‌که‌ی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی ده‌بێت و ڕه‌مزه‌کانیشی پریشکێک ده‌به‌خشن، کوانووی چه‌ندان حیکایه‌ت له زه‌ینماندا ده‌گه‌شێنێته‌وه.
(چۆن ده‌توانین ڕۆمانێکی باش بنووسین؟ هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌کمان له‌به‌ر ده‌مدا نییه، غه‌یری ئه‌وه‌ی که ده‌بێت، ڕۆماننووسێکی باش بین.)(1) له‌م سه‌رده‌می دیگیتاڵه‌دا، ڕۆماننووسین زۆر ئاسانتره له‌و وه‌خته‌ی تۆلیستۆی ڕۆمانی تێدا ده‌نووسی، ئاخر ئه‌و و هاوڕێکانی، بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زۆر ماندوو ده‌بوون و هه‌نووکه به‌ده‌ستخستنی زانیاری له هه‌ر بوارێک‌دا بخوازین، زۆر ئاسانتره. بێنگت یانگفێڵدت کتێبێکی ده‌رباره‌ی جۆزێف برۆدسکی، ئه‌و شاعیره ڕووسه‌ی ساڵی 1987 نۆبێڵی پێ به‌خشرا، نووسیوه، (زمان خوداوه‌نده)ی بۆ ناونیشانه‌که‌ی هه‌ڵبژاردووه. وه‌ک چۆن خوداوه‌ند خوڵقینه‌ری دنیایه، شاعیریش خالقی شیعره، خودا بۆ خوڵقاندنی دنیا، هیچی له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بووه، شاعیر بۆ ئه‌فراندنی شیعر، وشه، یان دروستتر زمان شک ده‌بات. زمان خوداوه‌نده، ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه بۆ بایه‌خی زمان، ڕه‌نگه زمان بۆ ڕۆماننووس بایه‌خی گه‌لێک له‌وه زیاتریش بێت که لای شاعیر هه‌یه‌تی.
خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و لاساییکردنه‌وه‌ی شێوازی نووسه‌رانی گه‌وره سوودیان زۆره، به‌ڵام له‌وانه گرنگتر، به‌هره‌یه، به‌هره شتێک نییه وه‌ک سرووش له ئاسمانه‌وه به‌سه‌رماندا ببارێت، ڕه‌نگه به‌هره، له (به‌هێزیی تێبینی)دا چڕ ببێته‌وه، یان جۆرێک بێت، له وردبینی، بینینی ئه‌و شتانه‌ی که‌سانی دیکه نایانبینن. ئاخۆ ئه‌گه‌ر به‌هره نه‌بووایه، ڤاگنه‌ر ده‌یتوانی به کاریگه‌رییه‌تیی ڕیتمی بارینی باران، جوانترین پارچه‌موزیکی خۆی دابهێنێت؟ که‌واته ڕه‌نگه به‌هره، پێوه‌ندیی به توانای بیستنیشه‌وه هه‌بێت، ئه‌وه‌ی بێتهۆڤن، وه‌ک بیستن که‌مایه‌سیی هه‌بووه و به‌هره‌مه‌ندێکی گه‌وره‌یش بووه، ده‌گمه‌نه و ناکرێته پێوانه.
ئه‌وه جۆرێکه له کاره‌سات، نووسه‌ر بۆ ڕه‌خنه‌گر بنووسێت، ئاخر ئه‌گه‌ر وای کرد، ئه‌وا هیچ چێژێک له پرۆسه‌ی نووسین وه‌رناگرێت. هه‌قه نووسه‌ر پێشه‌کی بۆ خۆی بنووسێت، ته‌واو وه‌ک ئه‌وانه‌ی بێ ئه‌وه‌ی نیازی بڵاوکردنه‌وه‌یان هه‌بێت، ڕۆژانه له ده‌فته‌رێکدا بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیان ده‌نووسنه‌وه، ئاخر نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، جۆرێکه له تێراپی، تێراپییه‌ک که چێژمان پێ ده‌به‌خشێت و هێورمان ده‌کاته‌وه. بێجگه له‌وه، ڕه‌نگه ڕۆژێک دابێت، ئه‌و کورته بیره‌وه‌رییانه له نووسینه‌وه‌ی ڕۆمانێکدا کۆمه‌کمان پێ بکه‌ن، ته‌واو وه‌ک ئه‌و ده‌فته‌ری تێبینییه‌ی که ڕۆماننووس پێویستی پێی هه‌یه و به‌رده‌وام ئه‌و سه‌رنجانه‌ی تێدا تۆمار ده‌کات که بۆ کاری داهاتووی سوودیان لێ ده‌بینێت. ڕه‌نگه ڕۆماننووس ته‌نیا یه‌ک هاوڕێی دڵسۆزی هه‌بێت، هاوڕێیه‌ک که له ته‌نگانه‌دا، به هانایه‌وه دێت، مه‌به‌ستم له‌و هاوڕێیه، ئه‌و ده‌فته‌ره‌یه که تێبینییه‌کانی تێدا تۆمار ده‌کات. هه‌مه‌نگوای یه‌کێک بوو له‌و نووسه‌ره گه‌ورانه‌ی پشتی به ده‌فته‌ری تێبینی ده‌به‌ست و هه‌ر زانیارییه‌ک یان لێکدانه‌وه‌یه‌کی به گرنگ زانیبا، ده‌ستبه‌جێ تۆماری ده‌کرد و دواتر سه‌روه‌ختی ڕۆماننووسین، به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری جێی بۆ ده‌کردنه‌وه.
ئینسان که قسه ده‌کات، به هۆی قسه‌کانییه‌وه، کرۆکی خۆی ده‌خاته ڕوو. ئه‌وه ئاخاوتنه، که‌سایه‌تیمان ده‌رده‌خات، بۆیه له ڕۆماندا دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت و کاریگه‌ریی زۆر له وه‌سف و گێڕانه‌وه زیاتره و زێتریش جێی متمانه‌یه بۆ ناساندنی کاره‌کته‌ره‌کان. وه‌ک چۆن ناونیشانی ڕۆمان بۆ به‌ندکردنی کۆتری سه‌رنجی خوێنه‌ر، بایه‌خی خۆی هه‌یه، ده‌ستپێکی ڕۆمانێش ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت، ئه‌گه‌ر ڕسته‌کانی سه‌ره‌تای ڕۆمان، سه‌رنجی خوێنه‌ریان تا ئه‌و ئاسته‌ی وه‌ک جادووی لێ کرابێت، ڕاکێشا، ئیدی ئه‌سته‌مه ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه هه‌ڵبگرێت، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، ئه‌گه‌ر داڕشتنی سه‌ره‌تای ڕۆمانێک لاواز و ڕه‌قوته‌ق بوو، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، هه‌ر زوو خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی سارد ببێته‌وه. ڕۆماننووس ئازاد نییه له‌وه‌ی چۆن کۆتایی به چیرۆکه‌که‌ی ده‌هێنێت، ئاخر کۆتایی ئه‌گه‌ر کوتوپڕیی پێوه دیاربوو، خوێنه‌ر نا‌ئومێد ده‌بێت و وای بۆ ده‌چێت، فێڵی لێ کراوه و هه‌ست ده‌کات ماندووبوونی به خه‌سار چووه. ڕه‌نگه بتوانین به هۆی کۆرسێکه‌وه، فێری نووسین ببین، به‌ڵام ئاخۆ له هیچ فێرگه‌یه‌کدا، فێری ئه‌وه ده‌بین، چیرۆکێک بنووسین، هێنده ئه‌فسووناوی بێت، له یادی خوێنه‌ردا کاڵ نه‌بێته‌وه. ڕه‌نگه باشترین ڕێنیشانده‌ر بۆ فێربوونی هونه‌ری نووسین، وردبوونه‌وه بێت له ئه‌زموونی گه‌وره‌نووسه‌ران.
ئێمه که ده‌ست به شیعرنووسین ده‌که‌ین، هێشتا شیعری (نالی)مان نه‌دیتوه، یان دیتومانه و وه‌ک پێویست لێی حاڵیی نه‌بووین، ئه‌گه‌ر نا، له‌و هه‌موو جوانکاری، ورده‌کاری و فره‌ماناییه‌ی شیعری نالی، تێگه‌ییشتباین، وه‌ک مه‌حاڵ وابوو، زاتمان کردبا، شیعر بنووسین. که (ئانا کارنینا) ده‌بێت به‌ژێر شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه، تۆلستۆی خوڕخوڕ بۆ مه‌رگی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ی ده‌گری. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆمانه بخوێنینه‌وه و وه‌ک پێویست لێی تێبگه‌ین، ئیدی پێمان شه‌رم بێت، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین، ناوی ڕۆمانی لێ بنێین. هێرمان هێسه له سه‌ره‌تای لاویه‌تیدا ده‌یخواست ببێته جادووگه‌ر و په‌ی به نهێنییه‌کانی خه‌ڵک ببات و چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کانیان ببینێته‌وه، ئه‌و خه‌ونه‌ی به نووسینی ڕۆمان و له خوڵقاندنی کاره‌کته‌رگه‌لی نه‌مردا به‌دی هێنا.
ئه‌وی پیشه‌ی نووسین بێت، که‌سێکه به‌سه‌ر هونه‌ری نووسیندا زاڵ که ده‌توانێت پوخته‌ی بابه‌ته‌که‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌ق بگرێت. بایه‌خی هیج ده‌قێک به‌وه‌وه به‌ند نییه، چه‌ند دانه له کتێبه‌که فرۆشراوه، یان نووسه‌ره‌که‌ی چه‌ندی لێ قازانج کردووه. سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ بایه‌خی ده‌ق، داهێنانه. ئه‌وه داهێنان نییه، که‌سانی نێو ڕۆمانه‌که‌مان، ته‌واو وه‌ک خۆمان بیر بکه‌نه‌وه و شه‌یدای ئه‌و شتانه بن که خۆمان حه‌زمان لێیانه. ڕۆماننووسی داهێنه‌ر لێ ده‌گه‌ڕێت، کاره‌کته‌ره‌کانی که‌سانی جیاواز بن، ئاماده‌ی گۆڕان بن و خۆیان له‌سه‌ر به‌ردی واقیع چاره‌نووسی خۆیان هه‌ڵبکۆڵن. ڕۆمان پێوه‌ندیی به کرانه‌وه‌وه هه‌یه، ئه‌و نووسه‌ره‌ی ده‌رگه‌ی له‌سه‌ر خودی خۆی داخستبێت، توانای خوڵقاندنی ده‌نگی جیاوازی نابێت، بۆیه به‌رهه‌می ناکه‌وێته خانه‌ی داهێنانه‌وه.
چۆن فێری نووسینی ڕۆمان ده‌بین؟ ڕه‌نگه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره له توانای که‌سدا نه‌بێت، ئاخر هه‌ندێک ڕێنمایی وه‌ها نییه که به ڕه‌چاوکردنیان، ڕۆماننووس له دایک ببێت، به‌ڵام هه‌ندێک ڕێنوێنی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر چاویان بگرین، سه‌روه‌ختی نووسینی ڕۆمان کۆمه‌کمان ده‌که‌ن. وه‌ک: هه‌رگیز واقیع وه‌ها وێنه مه‌کێشه که هیچ ڕووناکییه‌کی تێدا به‌دی نه‌کرێت، هه‌میشه، ده‌قه‌لایه‌ک بۆ هاتنه ژووره‌وه‌ی تروسکایی بهێڵه‌وه! به پاساوی ئه‌وه‌ی گوایه نووسه‌رێکی زانایت و خه‌ریکی به ده‌سته‌وه‌دانی ماناگه‌لی قووڵیت، هانا بۆ زمانێکی ئاڵۆز مه‌به! ئاخر خوێنه‌ر که‌یفی به‌و جۆره نووسه‌ره لووتبڵندانه نایه‌ت. ده‌توانیت که‌ڵک له ئه‌زموون و ژیاننامه‌ی خۆت وه‌ربگریت، به‌ڵام با ته‌نیا چیرۆکبێژ، یان تاقه کاره‌کته‌رێک له خۆت بچێت. وه‌ک چۆن له ژیانی هه‌ر که‌سێکدا، لای که‌م شتێکی نهێنی هه‌یه، هه‌وڵ بده هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی نهێنییه‌ک هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا خوێنه‌ر هیچ په‌رۆشییه‌کی بۆ ته‌واوکردنی ڕۆمانه‌که نامێنێت.(2)
سیزان ده‌ڵێت: (بۆ ئه‌وه‌ی له جیۆلۆجیای دیمه‌نه سروشتییه‌کان تێبگه‌ین، پێویسته له به‌رزی و نزمی و قووڵیی، چیا و گرد و دۆڵه‌کانی جه‌سته‌ی ژن ورد ببینه‌وه.) ئه‌وه بۆیه ڤان گۆخ له ڕێی ئه‌وینی ژنه سێکسفرۆشێکه‌وه، عاشقی مرۆڤایه‌تی بوو. (ژن وه‌ک لقێکی ناسک و پاراو وایه، با، به‌ملا و به‌ولایدا ده‌بات، وه‌لێ زریان نایشکێنێته‌وه.) بۆیه ڕۆماننووسی لێزان، هه‌میشه به چاوی ڕێزه‌وه بۆ ژن ده‌ڕوانێت، ئاخر ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر ژنی دۆڕاند، داهاتووی له کیس ده‌چێت. ڕۆماننووسی چاک فێرمان ده‌کات به نه‌رمونیانی، ڕێگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی توندوتیژی بگرین و به خۆشه‌ویستی به گژ کینه‌دا بچینه‌وه، ئه‌وه نه‌بوو شه‌هره‌زاد له ڕێی گێڕانه‌وه‌وه، شه‌هره‌یاری دڕنده‌ی که‌وی کرد.
هه‌ندێک ته‌کنیکی نووسین هه‌ن، پێویسته نووسه‌ر فێریان ببێت، له‌وانه: چۆن کۆتایی به به‌شێک ده‌هێنێت و به‌شێکی دیکه ده‌ستپێ ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییه‌ی درکاندبێت که له به‌شی پێشوودا ئاماژه‌ی بۆ کردووه. مارلین مۆنڕۆ ده‌یگوت: لوتکه‌ی ورووژاندن ئه‌وه‌یه، ئه‌و شته بشاریته‌وه که بینه‌ر چاوه‌ڕێیه بیبینێت. نووسه‌ر پێویسته خوێنه‌ر له چاوه‌ڕوانیدا بهێڵێته‌وه و تا کۆتایی شتێك له ته‌مومژ بهێڵیته‌وه، ئه‌گه‌ر نا خوێنه‌ر به تامه‌زرۆیییه‌وه، دوای ڕووداوه‌کان ناکه‌وێت. ولیه‌م فۆکنه‌ر ده‌یگوت: (پێویسته گێڕانه‌وه له سێبه‌ری ڕووداودا بێت، که ڕووناکیمان خسته سه‌ر ڕووداوێک، به لایه‌نێکی دیکه‌ی تاریک، کۆتایی به‌و به‌شه بهێنین.)
ئایا بیرۆکه‌ی ڕۆمان، ئیلهامه و خودا به نووسه‌ری ده‌به‌خشێت؟ نا، زاده‌ی به‌گه‌ڕخستنی عه‌قڵه و له ساته‌وه‌ختی داهێناندا به بیری نووسه‌ردا دێت و به‌شێکه له هونه‌ری رۆمان‌نووسین. داهێنانی بیرۆکه، کاری عه‌قڵه و پێویستی به به‌رچاوڕوونی، ڕامانی چڕ، خه‌یاڵی فراوان و زه‌وقێکی باڵا هه‌یه. ڕۆماننووسی گه‌وره به‌رپرسه به‌رانبه‌ر هه‌ر وشه‌یه‌ک له وشه‌کانی و له ته‌لاری ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا که به هۆشیارییه‌وه ڕۆی ناوه، هه‌ر یه‌ک له ڕسته‌کانی به‌ردێک ده‌بێت. ڕۆمان پرۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ ڕێکخستنه‌وه‌ی شوێن و وه‌خته له ده‌ره‌وه‌ی واقیع، ڕۆماننووس شاهیدێکی ڕاستگۆی سه‌ربه‌خۆیه، ژیان له‌ژێر چه‌پۆکی زه‌مان ڕزگار ده‌کات.
(2)
چونکه له ماڵی کورته‌چیرۆکدا، ته‌نیا جێی یه‌ک، ئه‌وپه‌ڕی دوو، کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ده‌بێته‌وه، بۆیه پێویسته نووسه‌ر ده‌ست به وشه‌وه بگرێت و بروسکه‌ئاسا ئاوڕ له که‌سایه‌تییه لاوه‌کییه‌کانی ناو چیرۆکه‌که‌ی بداته‌وه. ولیه‌م فۆکنه‌ر ده‌یگوت: (پێویسته نووسه‌ر خۆشه‌ویسته‌کانی خۆی بکوژێت.) مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو، هه‌ر ڕسته‌یه‌ک، با جوان و دڵڕفێنیش بێت، ئه‌گه‌ر له خزمه‌تی چیرۆکه‌که‌دا نه‌بوو، پێویسته نووسه‌ر فه‌رامۆشی بکات. کورته‌چیرۆک باس له یه‌ک ڕووداوی دیاریکراو ده‌کات و تاقه ناکۆکییه‌ک به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، وه‌ختێکی کورت ده‌خایه‌نێت، نووسه‌ر تێیدا ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته ناو جه‌رگه‌ی باسه‌که‌وه، ئیدی گێڕانه‌وه بێ کۆسپ هه‌ڵده‌قوڵێت و چیرۆک‌نووس خۆڕسکانه، وه‌ڵامی پرسیارگه‌لی: چی، کێ، که‌ی، له‌کوێ و چۆن ده‌داته‌وه.
چی؟ ئه‌وه‌یه نووسه‌ر نابێت شتێکی زۆر ئاسایی و ڕۆژانه بگێڕێته‌وه، پێویسته کێشه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش له ئارادا هه‌بێت و نووسه‌ر بزانێت چ بیرۆکه‌یه‌کی پێیه و نیازی گێرانه‌وه‌ی چی هه‌یه. کێشه‌یه‌ک، ناکۆکییه‌ک یان ئاسته‌نگێک هه‌یه، پێویسته خوێنه‌ر که‌مه‌ندکێش بکات، به جۆرێک یان خۆی تێدا ببینێته‌وه، یان حه‌زی لێ بێت له ناویدا بژی. که‌واته کێشه‌که پێویسته پێوه‌ندیی به‌و شتانه‌وه هه‌بێت که جێگه‌ی بایه‌خی زۆربه‌ن، وه‌ک: ململانێی نێوان خێر و شه‌ڕ، ژیان و مردن، ئه‌وین و ڕک، یان: ته‌نیایی و نائومێدی.
کێ؟ ئه‌وه زۆر گرنگه، هه‌ر زوو خوێنه‌ر بزانێت، ئه‌وه کێیه که کێشه‌ی هه‌یه؟ ته‌مه‌نی چه‌نده؟ شێوه‌ی چۆنه؟ ڕۆژانه چۆن ژیان به‌سه‌ر ده‌بات؟ چۆن ده‌په‌یڤێت و چۆن بیر ده‌کاته‌ووه؟ نووسه‌ر ده‌بێت خۆی هه‌موو شتێک له باره‌ی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌یه‌وه بزانێت، وه‌لێ ته‌نیا لایه‌نه گرنگ و هه‌ره تایبه‌تییه‌کانی بۆ خوێنه‌ر ئاشکرا بکات. نووسه‌ر یه‌کسه‌ر هه‌موو لایه‌نه سه‌رنجڕاکێشه‌کانی قاره‌مانه‌که‌ی باس ناکات، ورده‌ورده ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر ژیانی.
که‌ی و له‌کوێ؟ نووسه‌ر ده‌بێت وه‌خت و شوێنی ڕووداو دیاری بکات و ئاماژه بۆ تایبه‌تمه‌ندییه بایه‌خداره‌کانی ئه‌و شوێنوه‌خته بکات. چۆن؟ نووسه‌ر ده‌بێت ئه‌وه ڕوون بکاته‌وه، کاره‌کته‌ره‌که‌ی چۆن تووشی کێشه‌که ده‌بێت؟ چۆن هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی ده‌دات؟ ئه‌وه سه‌رنجڕاکێش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر، خوێنه‌ریش بۆ بیرکردنه‌وه هان بدات و کۆمه‌ڵێک (بۆچی؟) له کن ویش بورووژێنێت، وه‌ک: بۆچی قاره‌مانه‌که وای گوت؟ یان: بۆچی سه‌فه‌ری نه‌کرد؟ ته‌نانه‌ت نووسه‌ر ده‌توانێت کارێک بکات، خوێنه‌ر خه‌یاڵی بخاته گه‌ڕ و به دوای چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کاره‌کته‌ره‌که‌دا بگه‌ڕێت.
چیرۆک ئه‌گه‌ر (دیالۆگ)ی تێدابوو، نابێت هیچ قسه‌یه‌کی بێ مانا، یان بێ بایه‌خی تێدابێت، پێویسته گوته‌کان، درامای چیرۆکه‌که به‌ره‌و لوتکه ببه‌ن، کارێک بکه‌ن خوێنه‌ر به تامه‌زرۆیییه‌وه دوای ڕووداوه‌که و لێکدانه‌وه‌ی قاره‌مانه‌که بکه‌وێت. ئه‌وه‌یش گرنگه که هه‌موو چیرۆکێک پێویسته (په‌یام)ێکی پێ بێت و شتێک به خوێنه‌ر بڵێت. (چیرۆکبێژ)ه‌که کێیه؟ ئه‌وه زۆر بایه‌خداره که کێ چیرۆکه‌که ده‌گێڕێته‌وه. ئایا که‌سی بگۆی یه‌که‌مه که (فۆرمی من)ی پێ ده‌ڵێن؟ ئاخر ئه‌گه‌ر وابوو، ئه‌وه به‌و مانایه دێت که گێڕه‌ره‌وه خۆی له ناو (ڕووداو)ه‌که‌دا ژیاوه.(*) ڕه‌نگه ئه‌وی چیرۆکه‌که ده‌گێڕێته‌وه که‌سی سێیه‌م بێت، چیرۆکبێژی هه‌مووشتزان بێت، یان به چه‌ند چیرۆکبێژێک، هه‌ر یه‌که و له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه، چیرۆکه‌که بگێڕنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی که‌سیان له هی ئه‌وی دیکه‌یان نه‌چێت. ئه‌گه‌ر گێڕه‌ره‌وه، قوتابییه‌کی ده دوازده ساڵان بوو، نابێت تێبینییه‌کانی له هی که‌سێکی به ساڵداچووی خاوه‌نئه‌زموون بچێت.
سه‌ره‌تا و کۆتایی چیرۆک ڕۆڵێکی گه‌له‌ک بایه‌خداریان هه‌یه، بۆیه پێویسته نووسه‌ر چی توانا شک ده‌بات، له‌و دوو به‌شه‌دا وه‌گه‌ڕی بخات. وه‌ک چۆن ئه‌وه گرنگه ده‌ستپێکی چیرۆک هێنده سه‌رنجڕاکێش بێت، خوێنه‌ر دیل بکات و لێ نه‌گه‌ڕێت، ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵبگرێت، ئه‌وه‌یش هه‌ر گرنگه، نووسه‌ر به جۆرێک کۆتایی به چیرۆکه‌که بهێنێت که جێی باوه‌ڕی خوێنه‌ر بێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له کۆتاییدا بڵێت: ئه‌وه‌ی بۆم گێڕانه‌وه، خه‌ون بوو، یان ئه‌گه‌ر له پڕ دڵڕه‌قێک وه‌ک دلۆڤان نیشان بدات، خوێنه‌ر نا‌ئومێد ده‌بێت و وا هه‌ست ده‌کات فریو دراوه.
نووسه‌ر ده‌بێت سه‌روه‌ختی گێڕانه‌وه هه‌ندێک سه‌ره‌داو نیشان بدات، تا پشکۆی کونجکۆڵیی خوێنه‌ر زێتر بگه‌شێنێته‌وه و ناچاری بکات دوای به‌سه‌رهاته‌که بکه‌وێت. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی، پێویسته داوێکی سوور هه‌بێت که بۆ خوێنه‌ر ئاسان بێت دوای بکه‌وێت، ئه‌و داوه سووره زاده‌ی پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی نێوان پێکهاته‌کانی چیرۆکه‌که‌یه. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر چیرۆکه‌که‌ی به کراوه‌یی جێ بهێڵیت، ئه‌وه یاریده‌ی خوێنه‌ر ده‌دات، بیر بکاته‌وه و خه‌یاڵ وه‌گه‌ڕ بخات، تا کۆتایییه‌کی بۆ ببینێته‌وه.
ده‌شێت له هه‌موو ژانرێکی ئه‌ده‌بیدا تووشی کورته‌چیرۆک ببین، ئاخر ڕه‌نگه شیعرێک چیرۆکێکی کورت بگێڕێته‌وه، شانۆنامه‌یش هه‌روه‌ها، ڕه‌نگه له ناو ڕۆمانێکدا، هه‌ندێک کورته‌چیرۆک هه‌بن. هه‌ن به‌و پاساوه‌ی، سه‌رنجی هه‌ر به‌سه‌رهاتێکی میللی بده‌ین، کورته‌چیرۆکێکی له هه‌ناویدا حه‌شار داوه، وای بۆ ده‌چن، ڕه‌گوڕیشه‌ی کورته‌چیرۆک ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌فسانه و حه‌کایه‌تی فۆلکلۆری. پێ ده‌چێت هه‌زار و یه‌کشه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی دنیا، به‌ناوبانگترین (کۆچیرۆک) بێت. گیۆڤانی بۆکاشیۆ به (کۆچیرۆک)ی دیکامیرۆن که له سه‌د (کورته‌چیرۆک) پێک دێت و له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌مدا بڵاو ده‌بێته‌وه، ڕچه ده‌شکێنێت و ئیدی بڵاوبوونه‌وه‌ی (کۆچیرۆک) ده‌بێته نه‌ریت، هه‌رچه‌نده کورته‌چیرۆکی هونه‌ری زۆر دره‌نگتر سه‌ر هه‌ڵده‌دات.
ئه‌وه سه‌یر نییه له باسی کورته‌چیرۆکدا وه‌ڵامی پرسیارگه‌لی چی، کێ، که‌ی، له‌کوێ و چۆن بده‌ینه‌وه، ئاخر نۆڤێللا، به مانای (هه‌واڵێکی گرنگ)یش دێت. هاراڵد ئێلۆڤسۆن پێی وایه، کورته‌چیرۆک: گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بییانه‌ی (به‌سه‌رهاتێکی سه‌رنجڕاکێش)ه که پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی به واقیعه‌وه هه‌یه و ناکۆکیی نێوان هه‌ندێک کاره‌کته‌ر ده‌داته به‌ر ڕووناکی. کورته‌چیرۆکی کلاسیک دیوی ده‌ره‌وه به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، وه‌لێ هی مۆدێرن، بایه‌خ به کێشه‌کانی نێو ناخی ئینسان ده‌دات. . مۆنۆلۆگی ناوه‌کی که جێی بایه‌خی چیرۆکی مۆدێرنه، دیالۆگێکی بێده‌نگه، گوتوبێژێکه له نێوان کاره‌کته‌ر و خۆیدا و مه‌به‌ست له به‌کارهێنانی ئه‌و ته‌کنیکه، سڕینه‌وه‌ی دیواری نێوان کاره‌کته‌ر و خوێنه‌ره.
مۆنۆلۆگی ناوه‌کی هه‌رچه‌نده بێ ده‌ستتێوه‌ردانی نووسه‌ر له ناخی کاره‌کته‌ره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، وه‌لێ پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی به واقیعه‌وه هه‌یه و له دواجاردا هه‌ر ده‌ڕژێته‌وه نێو گۆلی گێڕانه‌وه‌وه. جیاوازییه‌کی دیکه‌ی نێوان چیرۆکی کلاسیک و مۆدێرن ئه‌وه‌یه، له هی دووه‌میاندا، گرنگ ئه‌و شتانه‌یه که نه‌گوتراون و ده‌بێت خوێنه‌ر له نێوان و له‌ودیو دێڕه‌کانه‌وه بۆیان بگه‌ڕێت، ئه‌وه بۆیه زۆر جار کورته‌چیرۆک به تێکستێکی ناته‌واو ناودێر ده‌کرێت، ئاخر ئه‌وه خوێنه‌ره که ته‌واوی ده‌کات. ئه‌وه‌یش زۆر گرنگه که کورته‌چیرۆک پێویسته به زمانێکی مۆدێرنی ستاندارد بنووسرێت، نه‌ک به زمانێکی دێرینی گوندی، نه‌ک به دیالێکتی ده‌ڤه‌رێک.
(3)
چیرۆکیش وه‌ک شیعر له بازنه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌کدا گیر ناخوات و ڕه‌نگه قسه له‌سه‌ر هه‌ر چیرۆکێک بکه‌ین، ئه‌زموونێکی نوێ بێت له ته‌کنیکدا. ئه‌گه‌ر ڕۆمان هونه‌ری سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م بێت، ئه‌وا کورته‌چیرۆک هونه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌مه و له‌سه‌ر ده‌ستی (گی دی موپاسان و ئه‌نتوان چیخۆف)دا پێگه‌ییشت و جۆیس و کافکا و هه‌مه‌نگوای، هێنده‌ی دی گه‌شه‌یان پێ دا. به گشتی له کورته‌چیرۆکدا، بابه‌تێک، مه‌به‌ستێک و ڕووداوێک هه‌یه، زه‌مان تێیدا هێنده بزۆز نییه، مه‌گه‌ر له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا، کاره‌کته‌ره‌کان نه شانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه، هێنده ئه‌م شوێن و ئه‌و شوێن بکه‌ن، نه هی ئه‌وه‌ی ئاوڕ له ساڵانێکی درێژی ته‌مه‌نیان بدرێته‌وه. هه‌موو ڕێسایه‌ک هه‌ڵاوێردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وه نییه کورته‌چیرۆکی (فێڵ)ی موپاسان، وه‌ختێکی درێژ ده‌خایه‌نێت؟ ڕه‌نگه یه‌کیه‌تیی ڕووداو، شوێن و کات، له شانۆنامه‌ی کلاسیکه‌وه، به‌ره‌و کورته‌چیرۆک دزه‌ی کردبێت.
له کورته‌چیرۆکدا نزیکه‌ی هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌کانی ڕۆمان هه‌نه، به‌ڵام به چڕترین شێوه. ده‌ڵێن کورته‌چیرۆک خوشکه‌گچکه‌ی ڕۆمانه، وه‌لێ ته‌نیا به‌و مانایه نا، که وشه‌کانی ئه‌میان له هی ئه‌ویان که‌متره. تێزێک هه‌یه ده‌ڵێت: ئه‌وه بۆیه ڕۆمان له سه‌ده‌ی پێشوودا، له ئه‌مریکا هێنده گه‌شه‌ی به خۆیه‌وه بینی، چونکه نزیکه‌ی هه‌موو چیرۆکنووسه به ئینگلیزی نووسه‌کانی ئه‌وێ، به کورته‌چیرۆک ده‌ستیان به نووسین کرد. له‌وێ پێیان وابوو، نووسه‌ری چاک، وه‌ختێک گه‌نجه، کورته‌چیرۆک ده‌نووسێت، که ته‌مه‌نی هه‌ڵکشا و ئه‌زموونی په‌یدا کرد، ئینجا خه‌ریکی نووسینی ڕۆمان ده‌بێت. ئه‌مه به‌و مانایه نییه، که نووسینی کورته‌چیرۆک کارێکی ئاسانه، ئه‌وانه‌ی وا بیر ده‌که‌نه‌وه، ڕێی تێ ده‌چێت، که‌میی وشه‌کانی ئه‌و ژانره فریوی دابن.
کورته‌چیرۆک که هونه‌رێکه، ناچێته‌وه سه‌ر که‌له‌پووری کوردی، ئاخر ئێمه‌یش وه‌ک ته‌واوی گه‌لانی دیکه‌ی خۆرهه‌ڵات، له خۆرئاوایییه‌کانه‌وه فێری بووین، هێنده چڕه، تا ئه‌و ئاسته‌ی نابێت وشه‌یه‌کی وای تێدا بێت که بتوانین ده‌ستبه‌رداری ببین، یان ته‌نانه‌ت بیگۆڕین به وشه‌یه‌کی دیکه، ته‌واو وه‌ک له شیعردا باوه، بۆیه که‌م نین ئه‌وانه‌ی پێیان وایه، کورته‌چیرۆک له شیعره‌وه نزیکتره وه‌ک له ڕۆمانه‌وه. کورته‌چیرۆک نه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، چه‌ند کێشه‌یه‌ک به‌سه‌ر بکاته‌وه، نه پێی ده‌کرێت، دوای ژیاننامه‌ی چه‌ند نه‌وه‌یه‌ک بکه‌وێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه که چڕکردنه‌ووه‌ی زمان، یه‌كێکه له ڕه‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه.
ئه‌دگار ئاڵان پۆ پێی وابوو، کورته‌چیرؤک ئه‌وه‌یه له چاره‌که‌سه‌عاتێکدا بخوێنرێته‌وه، یان ئه‌و ئه‌وپه‌ڕی سێ چاره‌ک سه‌عات. ولیه‌م سارۆیان، ده‌یگوت: کورته‌چیرۆک پێویسته له نێوان دووهه‌زار و پێنجسه‌د تا ده‌هه‌زار وشه‌دا بێت، ئه‌گه‌ر له دووهه‌زار و پێنجسه‌د وشه که‌متر بوو، ده‌بێته چیرۆکی زۆر کورت، ئه‌گه‌ر له ده‌هه‌زار وشه زیاتر بوو، ده‌بێته کورته‌چیرۆکی درێژ و ئه‌گه‌ر له بیستهه‌زار وشه‌ی تێپه‌ڕاند، ده‌بێته کورته‌ڕۆمان. هه‌ر سارۆیان خۆی ده‌ڵێت: ئه‌م سنووربه‌ندییه هه‌رچه‌نده ئاسانکارییه بۆ ڕه‌خنه‌گر، به‌ڵام شتێکی بێ مانایه.(1)
بۆ ئه‌وه‌ی کورته‌چیرۆکێکی جوان بگێڕینه‌وه، ده‌بێت ئه‌و چیرۆکه له ناخماندا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی جوانترین ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ین، هیچ به هانامانه‌وه نایه‌ت. چیخۆف (1860 _ 1904) له‌وه‌ی تێپه‌ڕاند که چیرۆک له سه‌ره‌تا، ڕووداو و کۆتایی پێک بێت، ئاخر ئه‌و هه‌م سه‌ره‌تای فه‌رامۆش ده‌کرد و ڕاسته‌خۆ ده‌چووه ناو بابه‌ته‌که‌وه، هه‌م هیچ کۆتایییه‌کیشی دیاری نه‌ده‌کرد. ئه‌وه‌ی له کن چیخۆف گرنگ بوو، یه‌ک به دوای یه‌کدا هاتنی لۆگیکیی به‌شه‌کانی ڕووداوه‌که نه‌بوو، خوڵقاندنی حاڵه‌تێکی ده‌روونیی گونجاو و هاوهه‌ستی بوو، هاوهه‌ستی له نێوان خوێنه‌ر و کاره‌کته‌ردا. ئێستایش ئه‌وه جێی مشتومڕه که ئایا سه‌رهه‌ڵدانی کورته‌چیرۆک زاده‌ی پێویستییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، یان هونه‌ری؟ له کن چیخۆف، کورته‌چیرۆک درۆیه‌ک بوو، نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌سه‌ری ڕێک ده‌که‌وتن. کورته‌چیرۆک بۆیه بایه‌خ به ته‌نیایی ده‌دات، تا ئینسان له ده‌ست دووره‌په‌رێزی ڕزگاری ببێت و پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ دابین بکرێت، بۆیه باسی په‌راوێزخراوه‌کان ده‌کات، تا بۆ ناو جه‌رگه‌ی ژیانیان بگه‌ڕێنێته‌وه.
کورته‌چیرۆک که له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا سه‌ری هه‌ڵداوه، وێنه‌ی دیمه‌نێکی تیژتێپه‌ڕ له ژیان ده‌کێشێت و چونکه وردبینی، زیره‌کی و زمانێکی چڕی گه‌ره‌که، هونه‌رێکی گه‌له‌ک سه‌خته. سه‌ره‌تا، شاکه‌س، چنین، خوێندنه‌وه‌ی باری ده‌روونی کاره‌کته‌ر، دیالۆگی ئامانجدار، ململانێ، گرێ، ئالۆزی، هێشتنه‌وه‌ی خوێنه‌ر له دڵه‌ڕاوکێدا، کردنه‌وه‌ی گرێ و کۆتایییه‌کی هونه‌ری، ئه‌و ڕه‌گه‌زه گرنگانه‌ن که له کورته‌چیرۆکدا بایه‌خێکی زۆریان هه‌یه. چیرۆک‌نووسی به‌توانا، له ده‌ستی دێت وا له خوێنه‌ر بکات، دوای گێڕانه‌وه بکه‌وێت، تا چیرۆکه‌که ده‌گاته لوتکه، بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێت وه‌رگر پێشبینی کۆتاییی چیرۆکه‌که بکات. وێرای ئه‌وانه، تێمه یان بیرۆکه‌ی سه‌ره‌کی، گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه، دیمه‌ن یان ژینگه، ئه‌تمۆسفیر، زمان، توانای ده‌ربڕین، شێواز و ته‌کنیک، بڕبڕه‌ی پشتی هونه‌ری نووسینی کورته‌چیرۆکن.
هه‌رچه‌نده کورته‌چیرۆک کاتێک گه‌ییشته لای عه‌ره‌ب و فارس، له ئه‌ورووپا زێتر له سه‌ده‌یه‌ک بوو، سه‌ری هه‌ڵدابوو، وه‌لێ بۆچوونێکی وا هه‌یه که ئه‌و ژانره له خۆرئاواوه بۆ ناو ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بی نه‌هاتووه، به‌ڵکوو ڕه‌گوڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌کایه‌ته‌کانی شه‌هره‌زاد و له ڕێی ئیسپانیاوه به خۆرئاوا گه‌ییشتووه. ئه‌وه‌ی که ئه‌ده‌بی خۆرئاوایی سوودی له هه‌زار و یه‌کشه‌وه دیتووه، جێی گومان نییه و ڕه‌نگه هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌یشه‌وه بووبێت که ئه‌و شاکاره پڕه له فانتازیا و ئه‌فسانه. هه‌ندێک نووسه‌ری عه‌ره‌ب، هێنده زێده‌ڕۆیی له گه‌شبینیدا ده‌که‌ن، تا ئه‌و سنووره‌ی پێیان وایه، (کۆمێدیای خودایی)ی دانتی، به کاریگه‌ریه‌تیی په‌یامی غوفران نووسراوه، یان (ڕۆبنسۆن کرۆسۆ)ی دی فۆ، زایه‌ڵه‌ی هاواری (زیندووی بێدارزاده)ی (ئیبن توفه‌یل)ه و ته‌نانه‌ت (پیکاریسکی عه‌ره‌بی،) کۆمه‌کی به (هه‌نری میلله‌ر، سالینگه‌ر و جاک کیرواک)یش کردووه! کاریگه‌ریه‌تی کاتێک ڕوو ده‌دات، هاوسه‌نگی له نێوان عه‌قڵه‌کاندا هه‌بێت، نه ئاوه‌زێکی مه‌زن کاریگه‌ریه‌تی له‌سه‌ر عه‌قڵێکی گچکه جێ ده‌هێڵێت، نه ئاوه‌زی بچووک، توانای بزواندنی عه‌قڵی گه‌وره‌ی هه‌یه.(2)
ئه‌وه‌ی لای عه‌ره‌ب به (مه‌قامه) ناوبانگی ڕۆییشتووه، هه‌واڵێکی سه‌رنجڕاکێشه، له شێوه‌ی گوتوبێژێکی ڕه‌واندا و زێتر پشتی به جوانکاری له بواری ده‌ربڕیندا قایمه، تێیدا نه بایه‌خ به لایه‌نی ده‌روونیی که‌سه‌کان ده‌درێت و نه چنینی هونه‌ری، بۆیه نه وه‌ک بابه‌ت و بیرۆکه، نه وه‌ک فۆرم و شێواز له کورته‌چیرۆک ناچێت. مه‌قامه با بکه‌وێته خانه‌ی ئه‌ده‌بیشه‌وه، به‌ڵام کورته‌چیرۆک نییه، حه‌کایه‌تێکی گه‌لێک جار به سه‌جه‌ع نووسراوه، ڕه‌وانبێژی تێیدا له مانا گرنگتره، ڕۆڵێکی فێرکارانه ده‌بینێت و مۆچیاری ده‌به‌خشێته‌وه، هه‌مه‌دانی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی چواره‌می کۆچیدا دایهێناوه و حه‌ریری گه‌شه‌ی پێ داوه. له مه‌قامه‌دا، چوار ڕه‌گه‌ز جێی بایه‌خن: چیرۆکبێژ که شاکه‌سه، زمانی ڕه‌وان و جوان، چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌ک و گه‌یاندنی زانیاری یان ئامۆژگارییه‌ک. سێ ڕه‌گه‌زه‌که‌ی یه‌که‌م جێگیرن و چواره‌م له‌گه‌ڵ زه‌ماندا له گۆڕاندایه. گوته ته‌مومژاوییه‌کانی نێو مه‌قامه، گێڕانه‌وه ئاڵۆز ده‌که‌ن، ئاخر مه‌قامه له زه‌خره‌فه‌ی گوتنه‌وه نزیکتره وه‌ک له هونه‌ری چیرۆکه‌وه و هه‌ر ده‌ڵێیت مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی لێی، گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی زمانه.
جۆره چیرۆکێک هه‌یه (پیکاریسک)ی پێ ده‌ڵێن، گوایه به کاریگه‌ریه‌تیی مه‌قامه له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مدا، له ئیسپانیاوه سه‌ری هه‌ڵداوه. (پیکارۆ) که‌سێکی په‌راوێزخراوی سه‌رچڵی لێهاتووه که هه‌ست ده‌کات دنیا ته‌ژییه له ساخته، به‌دکاری، دووڕوویی و زۆرداری، ئیدی هیچ گوێ به نه‌ریت و مۆراڵ نادات و به گژ واقیعدا ده‌چێته‌وه. له په‌راوێزدا بوون، لایه‌نێکی هاوبه‌شی نێوان شاکه‌سی مه‌قامه و پیکارۆ‌یه، جیاوازییه‌کیشیان ئه‌وه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی شاکه‌سی مه‌قامه‌وه که گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت، پیکارۆ که‌سایه‌تییه‌که له گۆڕاندا، ڕه‌نگه ئه‌مه‌یش زاده‌ی ئه‌وه‌بێت پیکاریسک چیرۆکێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، وه‌لێ بواری کاری مه‌قامه، زێتر پێوه‌ندیی به ڕه‌وانبێژییه‌وه هه‌یه. گه‌شتوگوزاریش که له پیکاریسکدا پانتایییه‌کی به‌رین داگیر ده‌کات، له مه‌قامه‌دا جێی بایه‌خ نییه.(3)
ڕه‌نگه سه‌رنجڕاکێشترین پێناسه‌ی کورته‌چیرۆک، ئه‌وه‌ی ییتس بێت که ده‌ڵێت: (کورته‌چیرۆک، چیرۆکێکی کورته.) لای مه‌حه‌ممه‌د خزه‌ییر که له عێراقدا مامۆستای هونه‌ری کورته‌چیرۆک نووسینه، گرنگترین ڕه‌گه‌زی ئه‌و ژانره ئه‌ده‌بییه، (ناوک)ه، ئیدی هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌کانی دیکه، هه‌ر له واقیع، خه‌یاڵ، شاکه‌س و چیرۆکبێژه‌وه، تا ته‌واوی چیرۆکه‌که، په‌پووله‌ن له ده‌وری ئاگری ئه‌و ناوکه ده‌سووڕێنه‌وه. ناوکیش که ده‌شێت سێکوچکه‌ی ژیان و مردن و ئه‌وین بێت، یا دووانه‌ی هه‌بوون و نه‌بوون بێت، (لۆگۆس)ی چیرۆکه‌که‌یه و هێنده بیرۆکه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه که له ژماره نایه‌ن و ڕه‌نگه هێنده‌ی ژماره‌ی چیرۆک‌نووسان و گۆشه‌نیگا و فۆرمی جیاواز بن. ئه‌وه هه‌ر ناوکه، چیرۆک به‌ره‌و کۆتایییه‌کی به‌هێز ده‌بات، وه‌ک کۆتایی چیرۆکی پاڵتۆی گۆگۆڵ، که کارمه‌ندێکی بێ ده‌سه‌ڵات، پاڵتۆی لێ زه‌وت ده‌کرێت، چونکه له واقیعدا توانای سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی نییه، به خه‌یاڵ، هه‌قی خۆی ده‌ستێنێته‌وه، ئه‌وه نییه، ده‌مرێت و تارمایییه‌که‌ی شه‌وان پاڵتۆ له ڕێبواران ده‌ڕفێنێت!(4)
__________________________________________________________________
ژێده‌ری به‌شی یه‌که‌م
(1) Mats Bergstrand, konsten att skriva, D. N. 25. 11. 2008 Stockholm.
(2) برهان الخطیب، تعلم فن الروایة، فصل من کتاب الروائي و الروایة.
ژێده‌ر و په‌راوێزی به‌شی دووه‌م
(1) Mona Balldin, Vad är en novell? 19. 12. 2005
(2) Malin Byström, Om novellen. 26. 01. 2006
(*) ڕووداوم بۆیه له نێوان دوو که‌واندا داناوه، چونکه هیچ مه‌رج نییه، چیرۆک پشت به ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه ببه‌ستێت.
ژێده‌ری به‌شی سێیه‌م
(1) د. عبدالعزیز السبیل، مفهوم القصة القصیرة بین أراء النقاد و رؤی المبدعین.
(2) محمد خضیر، الحکایه الجدیدة، مؤسسة عبدالحمید شومان، ص65 أب 1995 عمان.
(3) د. شکوة السادات حسینی، ما بین المقامة و القصة القصیرة، أماراباک، مجلة الأکادیمیة الأمریکیة العربیة، 2010 عدد (1) ص 23 _ 37
(4) محمد خضیر، الحکایه الجدیدة، مؤسسة عبدالحمید شومان، ص48 أب 1995 عمان.
* ئه‌م باسه، به‌شێکه له کتێبی (هونه‌ری نووسینی چیرۆک) که ئه‌م هاوینه بڵاو ده‌بێته‌وه.