Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
خەباتی سەرشەقامی ئێمە و ئەوی ئەوان

خەباتی سەرشەقامی ئێمە و ئەوی ئەوان

Closed
by June 24, 2011 فەلسەفە

خەباتی سەرشەقامی ئێمە و ئەوی ئەوان(واتە ئایاری 68 ی پاریس)



سەرەتا:

خەباتی سەر شەقامی ئێمە، کە دەکات ئەو خەباتەی لەماوەی ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان هاتنەدونیاوە، بۆ ئەم نووسینەی لایخوارەوە کوانووی ڕاڤەکردنەکان پێکدێنێت. بۆئەوەی ئەو خەباتە، کە شێوەێکە لە شێوەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بێنینەگۆ و ئەو وێنەیەی لەسەر دروستکەین کە خەباتی ناوبراو نەک هەر قسەی هەیە و ڵال نییە بەلکو ئەوانەش ڕووداوەکانی ئەو خەباتە بەجۆرێ ڤێرتوال ژیان ووتنی خۆیانیان هەیە بەپێویستی دەزانین ڕێگاوبانی تێروتەسەل بۆ نیشاندانی ئەو وێنەیە بگرینەبەر و شوێن بەو بینین و شیتەلکردنانە لێژکەین کە کەرەستەێ زۆریان بۆ گفتووگۆ تایبەت بەو خەباتە نەخستۆتەبەردەست. بۆیە نووسینەکە لقوپۆپی لێدەبێتەوە و تەکانی جیاجیایشی لێوەوەبەردێت.
هەروەک بەناونیشانی نووسینەکەشدا دیارە لەو شوێنەی قسە لە خەباتی سەر شەقامی خۆمان دەکەین زیهنی ئەو جۆرە خەباتەش بەرباسدەخەین کە پێیدەوترێت خەباتی سەرشەقامی یان خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 ی پاریس. چونکە هەردوو خەباتەکە لە یەک دوو شوێندا یەکدەگرنەوە بەتایبەت لەو شوێنەی کە لاوان دەبن بە کوانووی ئەو دوو خەباتە. لێرەوە دەمانەوێت بلێین زەمینە خەمڵاندن بۆ گفتووگۆی ئەم باسە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە دەمانەوێت شوێنی لاوان بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم جۆرە خەباتانە تۆخکەینەوە و وەک ڕێچکەشکێنەرێکیش تەماشای لاوان و خەباتەکانیان بکەین. بۆیە لایخوارەوە و بەپشتبەستن بە هەندێ تێماگەل و بینین ئەو تەنگوچەلەمانە شیتەلدەکەین دەرگا لە قسەکردن لە ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان دەکەنەوە و زەمینەش بۆ ئەو جۆرە ئافراندنە خۆشدەکەن بزووتنەوەی قووتابیانی یان لاوانی ئایاری 1968 ی پاریس، وەک دیاردەێ دژ بە هێزە سیاسییە ڕاستڕە و چەپڕەوە چەوتەکانی 1960 کانی ئەورووپا، نمایشیکرد.
ئەو سێرکردنەی لایسەرەوە بەرەو ئەو پرسیارەمان دەبات کە بەمشێوەیەیە: ئایا خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان دیدگای نوێی بۆ سیاسەتکردن و ڕۆشنبیریکردن لەگەلخۆدا هێنا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە و شرۆڤەکردنەکەشی داوامانلێدەکات لەمامەلەکردنمان لەتەک خۆپیشاندانەکانی ناوبراودا کار لەسەر ئەو شێوەگرفت و پرسە سیاسی و ڕۆشنبیریە هەستیارانەکەین کە هەل لەبەردەم شرۆڤەکردنەکەمان دەکەنەوە و بەو بینین و سێرکردنانەوە لەحیمماندەکەن بکارین هەلوێستە لەسەر بابەتی سیاسی و ڕۆشنبیری وەک دوو پۆلی هزری هەستیار بکەین. چونکە ڕژانە سەرشەقام و قووربانیدان و دیالۆگکردن لەتەک هێزەسیاسیەکانا باسهاێکن لەتەک ئەوی پێیدەلێن هوشیاری سیاسی و هوشیاری ڕۆشنبیری دەستلەملانە. چونکە فاکتە کۆمەڵایەتی، ئاینی، کولتووری و سیاسیەکان تایبەتمەندی خۆیانیان لەناو ئەو هۆشەدا هەیە و ئاینی دەکرێ بە شتی کولتووری بارگاویکرێت یانیش بەپێچەوانەوە، سیاسی دەکرێ بە ئاینی بارگاویکرێت و یاخودیش بەپێچەوانەوە، کولتووری دەکرێ بە ئاینی یان بە سیاسی بارگاویکرێت و یانیش بەپێچەوانەوە. بۆیە لەچەند گۆشەنیگاێکەوە وێناکردنەکان وەبەردێنین و خۆمان لە گشتگیری و بەدگومانی بەدووردەگرین و کار لەسەر شیکردنەوەی دیاردەکان ، گرفتەکان و هۆکارەکان دەکەین و ئەوی پێیدەلێن دەردەکان، بێئاسۆیەکان و چەواشەکاریەکانیش بەدەم شیتەلکردنی وێستگەجیاکانی ڕووداوەکان و کاردانەوەکانەوە بەرباسدەخەین.    
هەر تایبەت بەوەی لایسەرەوە ئاماژەی پێکرا پێویستە ئەوەش بیرخەینەوە کە، ستاتۆسی بزووتنەوەکەی شوباتی لایخۆمان ،کە ئێمە ناوی دەنێین شوباتیەکانی 2011 ی کوردستان بەرامبەر بە ئایاریەکانی 1968 ی پاریس، بە وابەستە بەو هیوا و بێزاری و دۆخەوە ڕاڤەدەکەین و جوولە و تەکانەکانی ژێرپرسیاردەخەین کە تایبەتە بە ئەزموونی خەباتی لەمجۆرە و ئەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەش کە ویستی بەکاریبەرێ و وێنەیخۆی لێوەوەبەربهێنێت. ئەلبەتە ئەو ڕاڤەکردنە و ژێرپرسیارخستنەکەش بارودۆخەکە، فاکتەری مێژووی و شیاویی و ناشیاوییەکان لەبەرچاوبگرن. بۆیە ئێمە لەم نووسینە کورتە خۆمان ناخەینە حالەتێ لە شیکردنەوەی بەراووردکارییەوە وەلێ لەو شوێنەی پێویستکات لەگۆشەنیگای جۆربەجۆرەوە بۆچوون و تێگەیشتنەکانی خۆمان دەورووژێنین و هیچکاتیش نووسینەکەمان ملکەچی وەڵام و پرسیاری نادۆزی و لاوەکی ناکەین.
بۆئەوەی بەجۆرێ مێتۆدییش بچینە ناو کێشەکانەوە کە بە دیاردەی خەباتی سەر شەقامی خۆمانەوە ، ئێمەی کوردەوە، تایبەتن و ، بەبەریشیەوە ئاقارەکانی خەباتێ سەرشەقامیانەی وەک ئایاری 1968 ی پاریس وەکخۆی دەستنیشانکەین بەباش دەزانین سەرەتا دوو کێشەی ترسناک ،کە قابیلن بە شیتەکردن و قسەلەبارەوەکردن،  گفتووگۆکەین، کە ڕووداوەکانی دەمووەختی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان پتر لەجاران تیامانابەرجەستەیکرد،.

دوو دیاردەی ترسناک: هەژاری ڕۆشنبیری و پسیکۆپات و سۆسیۆپات و فورسەت دۆزینەوەکانیان بۆ هوتافبێژی

1.هەژاری ڕۆشنبیری

بۆئەوەی قسە لە خەباتی سەرشەقامی خۆمان بکەین بەوابەستە بە ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان و ڕۆلی لاوان لەم ڕووداوانە بەپێویستیدەزانین سەرەتا چەند ووتنێ لەسەر هەژاری ڕۆشنبیری بەرباسخەین کە لەگەلێ ڕووەوە کاریگەری بەسەر دۆزی ژێرکەوتنی ئەزموونی لاوانەوە هەبوو. بۆئەومەبەستەش بێ هیچ سەرسامیێک بەباشی دەزانین بلێین: وەختیەتی ، بگرە دەمێکیشە وەختیەتی، قسەکردن لەسەر هەژاری ڕۆشنبیریمان بهێنرێتەپێشەوە ، قسەکردن لەو شتە بهێنرێتەپێشەوە کە “ڕۆشنبیری کورد” بەدەستی خۆی چێیکردووە، لەو شتەی کە نەدەبایە بێتە چێکردن وەلی چێبوو. ئەم هەژارییە کە زناکە ،نیشانەیە، لەسەر بێئاسۆی و بێکردەی و نەبوونی پاشخانێ تیۆری پڕ و قوول لەهەمان کاتدا بەلگەشە لەسەر باسی دژواریی دروستبوونی تاکی پڕکردار و مۆدێلی بیری جیا و ڕیزپەڕ لە کۆمەلگەێک کە توێژی ڕۆشنبیران تیایا بە وشەسازی و هوتافسازییەوە سەرقالن. چونکە کۆمەلگەێک کە تاکەکانی بەدەستی زەبری سیاسی و نادادی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی سیاسەتسالاریەوە دەنالێنن پێویستی بەوەدەبێت ڕۆشنبیرانی پڕکردار و بیر جیا و ئاسۆئامێزبن وەلێ لەحالەتی ئێمەدا و وەک زۆربە دەیبینین ڕۆشنبیران پێش ناڕۆشنبیران بیرهەژار و هەستکەمدەرامەتن و لەڕووی ئەزموونیشەوە تابلێیت دەستکورت و لەپاشن. ڕاستیشە نەهامەتیەکان ، کە بڕێ زۆری نەتەوەیین، بەهەموو شێوەکانییەوە بەردەوام کاریگەربوونە و کاردانەوەی خۆشیان بۆ لە جوولەخستنی گشت بزێوی و سەرچلیێکی زیهنی هەنگاوخێرابووە وەلێ ئەوەی پێیدەلێن “ڕۆشنبیری کورد” دەبایە گشت تەکانێکی بۆ لەکارخستنی ئەو کاردانەوانە بایە و ڕێگەوبانی جیاجیای بۆ سەرلەنوێ چێکردنەوەی ساختمانی ڕۆشنبیری کوردی بگرتایەتەبەر. ئەم (واتە ڕۆشنبیری کورد) نەک هەر ئەوەینەکرد بگرە زۆربەی کاتەکانی بەخۆشیەوە ، بەئاگای و بەوەستایشەوە ، بۆ چەنەلێدان و کاوێژسازی تەرخانکرد و ، موخابیشن ئەم (ڕۆشنبیری کورد) ئەمەی ناوناوە “نووسین” و بەمەش گۆمی هەژارییە ڕۆشنبیریەکەی خۆی و ئەویتریشی قوولترکرد. ئەم کە بەردەوام دەنووسێ و لەگشتبارەێکیشەوە دەنووسێ پێیوابووە ڕۆشنبیریدەکات. ئەم دیاردە دۆڕاوە نەک هەر خوێنەری تۆراندووە بگرە نەوەێکی بێ ئاسۆ و بێ کرداریش کردووە. ئەمەش وایکردووە لاوان ، ئەوانەی بە دلسۆزییەوە ڕووەو تێکستەکان دەچن، بێباک و پەشۆکاو کرێن. جەنگی ئێمەش لەتەک سوفستایەکانی کورد لێرەوە دەستپێدەکات، لەسەر ئەو بناغەیەی کە ئەمانەن کە  لە هەژاری ڕۆشنبیری ئێستامان بەرپرسیارن و ، بە نووسینە نەرزۆک و بێئاسۆکانیشیان کارێوایانکردووە ڕۆشنبیری سوفستای جێی ڕۆشنبیری ڕاستەقینەبگرێتەوە و لاوان بێئاسۆ و بێئایندەشکرێن. 
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین، بەپێی نەستی نووسینەکان بێت، نووسینی ئەو نووسەرانەی لە هاتنەدونیا و بەردەوامی هەژاری ڕۆشنبیری کوردی بەرپرسیارن، گەلێ بینین و سێرکردن و تێگەیشتن  بێ پشکنین و دوور لە ووریایەوە دەخرێنەبەردەست لاوانانەوە ئەمەش وادەکات شیتەلکردن و زەفەربردن بە واقیع ببێتە یارێ لە وشەسازی. بۆئەوەی لاوان لەسەر جەربەزەیی ڕاهێنرێن و یارمەتیدرێن کە زەفەرهێنەریشبن بە واقیع گرینگە تازووە خۆیان لەو تێکستانە دورخەنەوە کە نووسەرە بێباک و چەنەلێدەرەکان دەینووسن. ئەمە کار و ئیشی لاوانە بەپلەی یەک کە پێیهەستن و کاری بەردەوامیشی بۆبکەن. لەمڕوەوەشەوە ئێمە ئومێدێزۆرمان بە لاوانە کە پاش ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان لەوە حالیبووبێتن کە بۆدەبێت خۆیان لەسەر بێبایەغکردنی ئەو نووسینانە ڕابێنن کە نابەرپرسیاریەتی وەک پەتاێک لە کۆمەلگەی پاش ڕووداوەکانی شوباتی 2011  بڵاودەکەنەوە. بۆیە بۆ لاوانە شوباتیەکانی 2011 زۆر وەختیەتی نەک هەر لە چارەسەرکردنی هەژاری ڕۆشنبیرمان بەشداریبکەن بگرە زێدە وەختیەتی لاوان بە پەلە و زۆر خێرا بە مێدیا و ئەزموونی نووسین و ووتنی 20 سالی ڕابردووشدا، واتە ئەوی لەپاش ڕاپەڕینەوە تا کاتی شوباتی 2011 ی کوردستان بڵاوبۆتەوە، بچنەوە و ئەو کەنالە جیاوازانە بناسنەوە کە سوفستای و هزرساختەکان بەناوی نووسین و لێدوان و هەڤپەیڤینەوە لەم ڕۆژنامە و لەو کەنالی تەلەفزیۆنی و ، ئەو مالپەڕ و ئەم سەنتەری ڕۆشنبیرییەوە نەمامی گەندەلی و لەگامی ڕۆشنبیرییان چاندووە.
بۆ لاوان کات بەبەرەوەیە لەوە حالیبن کە، نووسینی ڕاستەقینەئامێز و دژەکاوێژ فەرشی کردارئامێزی و هەلوێستەگری بۆ خوێنەران ڕادەخا و ڕاشیاندێنێت لەسەر خۆبەستنەوە بە بیرکراوەی و تێگەیشتنی بێبەربەست و بەرپرسیارئامێزی. نووسینی لەمجۆرە لە مێژووی نووسینی نەتەوە جیاکانا زۆربووە و ئەلبەتە هەمیشە لەو شوێنەی ئەم جۆرە نووسینانە سەوزبوونە پێچەوانەکەی یان دڕکی نووسین گەشەیکردووە و ئەرکی نووسینی ڕاستەقینەئامێز و دژەکاوێژی قورس و ناساناکردووە. چونکە نووسین تەنیا بریتینیە لە هۆنینەوەی دید و پۆلکردنی بۆچوون و زاراوەی جیاجیا بەلکو نووسین کردارێکە و لێوانلێویشە لە کردارئامێزی و هەلوێستوەرگرتن بەرامبەر بە ژیان و بوون.
بۆئێمە بەوجۆرە تەماشای نووسین دەکەین و پێشمانوایە نووسین دەکارێ خونچەی بەرپرسیاریەتی و هەلوێستەوەرگرتن دەرکا و درمی کردارئامێزی و دلسۆزگەری لەناو نەوەکانا بکا بە بناغە بۆ هەلسوکەوت و ڕەفتارکردن ؟ تاکە هۆێک کە لێرە دەشێ وەک لایەنێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەرباسخرێت ئەوەیە، نووسین لەناو ئێمە نەیتوانیوە نە ئەو هەژارییە ڕۆشنبیرییە چارەسەرکا کە دەمێک وەختە پێوەیدەنالێنین و بێمتمانە و بێبڕیاری کردوین و ، نەش توانیویەتی نەوەی تازە لەسەر بەرپرسیاریەتی و کردارئامێزی ڕابێنێت. ئەفسووس ، لەبەرئەوەی نووسینی نوێ کوردی بەگشتی زەمینەێک بۆ گێژی و بیرپووچی سازدەکات ، کە بە پلەییەکیش لاوان زیانەگەورەکەیان لەمبارەیەوە بەرکەوتووە، ئەمە بۆ دەسەڵاتی سیاسی بووە بە باشترین کێلگە تا هێزە باشەکانی کۆمەلگەی بێدادی کوردی وەکئەوەی دەیەوێت بەکاربەرێت و پاشەکشە بەگشت توانا تازە و هەست ناسک و دلسۆزەکان بکات. لە کۆمەلگەی وادا کە نووسین لاوان دەکا بە سووتەمەنی و مامەلە لەتەک تراژیدیا و تەنگوچەلەمەکان تەنیا وەک زاراوە و پەیڤ دەکات دونیابینی و سێرکردن ئەو بەهایەی نامێنێ و نووسین هەیبەتی خۆی ووندەکات. بۆیە بوونی توێژینەوە دەگمەنی دەگمەنەکانە بیرلێکرێتەوە و ، ئەلبەتە بیرهەلگرتنەوە و بۆچوون پیادەکردنیش لە شتە عەنتیکە و تەنانەت ئەستەمەکانیشە.      
پووختەی ئەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەیە کە، لاوان نابێت جیاوازێ گەورە لەنێوان ڕۆشنبیرە سوفستایەکان و سیاسیە بەدەکانا ببیننەوە. چونکە ئەم دوانە بەشێوازی جیا نەزۆکی و بێهیوای لە کۆمەلگەی کوردی و لەنێو لاوان و توێژە بەشخوراو و ژێرکەوتوەکانا بڵاودەکەنەوە. لەم لایەنەش زێدە سەیرتر و ترسناکتر ئەوەیە کە ئێمە پیێمانوایە – کەبەخۆی ئەم لایەنە، بۆ گەلێک زۆر ڕوونە و دەمێکیشە دەرکەوتووە-  کە نووسینی نووسەرە سوفستای و چەنەلێدەرەکانی کورد سالەهایە خۆی لەسەر ئەو شتە دەژێنێ کە قسە بە دەسەڵاتی سیاسی کوردی بلێت بەڵام ئەو شێوە نووسینەی ئەو نووسەرانە گرتوویانەتەبەر هەمیشە بە سوودی دەسەڵاتی سیاسی کوردی شکاوەتەوە. چونکە دەسەڵاتی سیاسی نادادپەروەری ئەمڕۆی کوردستان لە نووسینی سوفستایەکان ناترسێ و هەمیشە ئەو نووسەرانە بە زارۆکی سیاسی خۆی دەزانێ و زانیوە، هەروەها هیچکاتیش نووسەرە سوفستایەکان بەهۆی نووسین و بیرکردنەوەکانیانەوە زیانیان لێنەکەوتووە. بۆیە ئابلۆقەدانی ڕەوشتی سیاسی دەسەڵاتی سیاسی کوردی بە نووسینی نووسەرە سوفستایەکانی کورد ناێتەدی. بۆیە لاوان پاش لە سێدارەدانی ئەزموونە شەقامیەکەیان گرینگە لە سادەی و خۆشباوەڕی بکەون و هوتاف و لێدوان و نووسین و چاوپێکەوتنی سوفستایەکان بە درێژەدانەوێک بەو کوتوورە سیاسیە بزانن کە دەسەڵات کاریلەسەردەکات. ئەمەش پابەندە بەو ڕاستیەوەی کە لاوان پێویستە تێڕامان لەوەبکەن کە سوفستایەکان لەگشت سەردەمێکا هاوتەریبی دەسەڵات بوونە و ، لە سەروەری خۆیان و پێنووسەکانیان  بەولاوە هیچ شتێکی دیان بەلاوە مەبەست و گرینگ نەبووە و نییە. بەدگومانیشی ناوێت گەر لێرەدا ئەوەبیرخەینەوە کە، ئاسانە بە سوفستایبوون بەڵام بێڕادە سەختە هاتنەدەرەوە لە کولتووری بە سوفستایبوون. چونکە سوفستایەکان لێزانن لەوەی خۆیان بئاخننەنێو گشت نێوەند و پۆلێکەوە. بەرگپۆشین و خۆڕەنگڕێژکردن بۆ سوفستایەکان لە شتە هەرە ساکارەکانە. لەوەش ترسناکتر کە باسکرا ئەوەیە، سوفستایەکان هەمیشە پەناگا و لانەی جیاجیا بۆ خۆنواندن و کاریگەری خستنەوە دەدۆزنەوە. هێزەسیاسیەکانیش یەکێکن لە دالدەکانی ڕۆشنبیرە سوفستایەکان و  کرۆکی ئەو پێوەندیەش لەسەر ئەو بناغەیە سازێنراوە کە سوفستای و هێزەبەدەکان یەکشت پێکەوە بەرهەمدێن کە ئەوەش بڵاوکردنەوەی بێهەلوێستی و بێکردارییە. ئەو دەمەش کە سوفستایەکان بانگەشەبۆ هەلوێستوەرگرتن و بەرپرسیاریەتی دەکەن موحەقەق شانۆگەریێکیتریان بەدەستەوەیە و یان لەژێرفشاری شتێکدا، ئەلبەتە هەمیشە شتێکی ناڕاسیۆنالییە، ئەو بانگەشەیە بە گوێی زۆرینەدا دەچرپێنن. بەدلنیایشەوە کێشمەکێشمەکانی نێوان سوفستای و هێزە سیاسیە بەدەکان کە جارجارە سەرهەلدەدات هەمیشە هەر هەبووە و مێژووی مرۆڤایەتی لەمڕوەوە نموونەی زۆریپێیە بۆ گێڕانەوە. عەنتیکەیتەکە لە کۆمەلگە بێدادەکانا لەوێدایە کە سوفستایەکان دەیانەوێت هێزی ڕەقیبی کۆمەلگەبن و پرسە سیاسی و هزری و کۆمەڵایەتیە گەورەکان بجولێنن و ئەلبەتە هەمیشەش بەو شێوە و جۆرە دەیجولێنن کە لە مەیلی هێزە سیاسیە بەدەکانەوە نزدیکبێت. هۆی سەرەکی هەر ئەوەنیە کە سوفستایەکان وشە فرۆشن یان دوژمنی گەورەی هەلوێستوەرگرتن بەلکو ئەوەشە کە سوفستایەکان ناتوانن حەدیبن و شتەکان بگێننە ئاستێک کە پێویست بەیەکلایکردنەوە بکات. ئەمەش لەبەرئەوەی سوفستایەکان لەیەکلایکردنەوە دەترسن و دەزانن تیا دۆڕانی موحەقەق بەدەستدێنن. ئەمەیان پێوەندی بە هەندێ لایەنی دەروونبیماری و هەستناساغی سوفستایەکانەوە هەیە کەلە بەشی دوومی دیاردە ترسناکەکانا دێینەوەسەری( واتە:پسیکۆپات و سۆسیۆپات و فورسەت دۆزینەوەکانیان بۆ هوتافبێژی ). 
ئێمە ویستمان لایسەرەوە ئەوە بۆ لاوانی پاش ڕووداوەکانی شوباتی 2011ی کوردستان ڕوونکەینەوە کە، لەشتە سەیرەکانی سوفستایەکانی کورد ئەوەیە کە کار لەسەر باو دەکەن و ، ئەو کارکردنەشیان ماوەی جارێک دەیگۆڕن و بگرە فۆڕمی تری دەدەنێ ، ئەلبەتە ئەمەش بەشێکە لە یارییە زمانەوانیەکانیان. زۆرترین کارێکیش کە ئەم سوفستایانە فێرنبیکەن قسەووتنە بە دەسەڵاتی سیاسی وەلێ سوفستایەکان ئەم قسەووتنەیان هەمیشە بە ڕەمز و لوغزەوەیە و، بگرە لەژێرناو و ئاوەلناوی سەیرسەیریشدا ئەوەدەکەن.
بەبێگومانەوە لێرە ئەوە دەلێین کە لاوان تاپێیاندەکرێت پێویستە لە بەدییەکانی سیاسی کوردی بێدەنگنەبن و بێبەزییانەش وتن لەسەر گشت ئەو نادادی و نایەکسانییانە بێننەپێشەوە کردەی سیاسی کوردی لە کۆمەلگە بەرهەمیدێنێت و ژیانی تاک و کۆ پیس دەکات. هەر تایبەت بەم لایەنە لاوان زۆر گرینگ و پێویستە لەوە بەئاگابن کە ئەوی سوفستایەکان لەمڕوەوە دەیکەن ، واتە ئەو تەکانانەی سوفستایەکان دەیدەن بۆ ڕەخنەکردنی نادادی و نایەکسانیەکان دووفاقانە و دووڕووانەیە. چونکە سوفستایەکان نایانەوێت ڕەخنەی دەسەڵاتکەن وەلی ئەوان لەڕێگای ڕەخنەکردنی دەسەڵاتەوە دەیانەوێت ڕۆلی فریشتەی ببینن. ئەمەو لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە سوفستایەکانی کورد، ئەوانەی لەڕێگای نووسینەوە ئەم سوفستایەتە پیادەدەکەن، هەمیشە لەنێو سیاسیە بەدەکانی کورد دەگەڕێن بەدووی باشێکدا، واتە باشێ سیاسی دەدۆزنەوە بۆ جیاکردنەوەی باش لە خراپ. بەواتێتر، ئەمان ناتوانن ڕوون و ڕاستەوخۆ بنووسن، هەروەها نایانەوێت لە نووسینەکانیانا گشتگیریێک تایبەت بە سیاسیە بەدەکانی کورد پیادەکەن بۆیە پۆلکردنی سیاسیەکان و پارتە سیاسیەکان بۆ سوفستایەکان لانەیێ باشن بۆ خۆمەڵاسدان و خۆژیان و مشەخۆربوون لەسەر ڕەخنەی بەناو دەسەڵاتەوە. سوفستایەکان ڕەخنەی دەسەڵاتی سیاسی تەنیا لەبەرئەوە دەکەن بۆئەوەی لاێکیان، لایێ سیاسییان هەبێت بۆ نازکردن بەسەریا بۆیشە لە ڕەخنەکانیانا هەمیشە لایەنگر و میانەڕەوون و ، ئەو کاتانەش کە تووند و زەبرن ئەوە بۆئەوەیە ناز بەسەر ئەو لایەنە سیاسیەوە بکەن کە خۆیان دەزانن نازییان هەلدەگرێت. 
سوفستایەکان کە بەردەوام دەیانەوێت ترسنۆکی و چەپێنراوی لەنێو لاوانا بەرهەمبهێنن لەمڕوەوە بەلگە زۆرە و مێدیا و ڕاگەیاندنی کوردی لەماوەی 20 سالی ڕابردوودا دەکارێ نموونەێ زۆرمان بەردەستخات و ئەوەمانیش نیشاندات چۆن سوفستایەکان کارێ زۆریان بۆئەومەبەستە کردووە و، چۆنیش ئەو ملکەچییەی واخەریکە لەنێو لاوانا شوێنێ بۆ خۆی دابیندەکات نووسینی سوفستای و چەنەئامێزەکان قەوارەی بۆداتاشیووە. بەلێ ئەوان لە گۆشەنیگای جیاجیاوە بۆ لاوان دەنووسن وەلێ ئەوی نووسراوە و بە گۆشەنیگا جیاکانیشەوە کاوێژسازی جۆراوجۆریان بەرهەمهێناوە. ئەلبەتە وابەستەبوونی لاوان بە نووسینی سوفستایەکانەوە دوورنیە دواتر بچێتە خانەی نەهامەتیەکانەوە و بشبێ بە بەشێ لە تراژیدیاکانی کورد. واتە نووسینی ڕۆشنبیرانی سوفستای کورد دەشێ وەک بەشێ لەو نەهامەتیە نەتەوەییانە سێرکرێت کە ناسیۆنالیزمی کوردی بەدرێژای 100 سال بۆ نەوە لەپاش نەوەکانی کوردی هێناوە. ئەفسووسی ئێمە لەمبارەیەشەوە ئەوەیە کە، نووسینی سوفستایەکانی کورد کە ناوی نووسینی ڕۆشنبیری لێدەنرێت توانای ئەوەی تیادەبینینەوە کە ملکەچی و گێژی لەناو لاوانا دابێنێ و لاوان لەژێر کاریگەری نووسینە سوفستای و بێبارەکان بێهەلوێست و  بێ بەرنامە و ئاسۆتاریک بن.
بۆیە بەشێک لە دیمەنی هەژاری ڕۆشنبیریمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نووسینی سوفستایەکان بەپێیپێویست لەلایەن لاوانەوە تاهەنووکە زەفەری پیێنەبراوە و ناشایستەیی ئەو پێنووسانە ئاشکرانەکراوە کە تەمەنی هەژاری ڕۆشنبیریمان درێژدەکەنەوە. هیچ لاریمان لەوەدانییە کاروانی ڕۆشنبیریمان لە دواتردا و بەبێ سوفستایەکان کۆنکرێت تر و باڵاتردەبێت بەڵام ئەمە هیواێکە و بەجێگەیاندنی ئەرکێکە و دەکەوێتە ئەستۆی لاوان خۆیانەوە ، هەر ئەوانیش لەدواینباردا بەهۆی گومانکاری و هوشیاریێ ڕیزپەڕانەوە دەکارن لەبەردەم نەک هەر تەشەنەسەندنی ئەزموونی سوفستایەکان بەلکو هەژاری ڕۆشنبیریشمان تەگەرەبن. ئێمە دەزانین کە، لاوانی ئێستای کوردستان زێدە دلسۆز و هیواویستن وەلێ زۆر ئەفسووس کەم ئەزموونن و ، ئەم کەم ئەزموونیەشیان وادەکات بەدەست نووسینی نووسەرە سوفستایەکانەوە پەرێشان و بێچارەبوەستن بەڵام ئێمە وایبدەبینن زەمینە خەمڵاندن بۆ زەفەربردن بە وتاری جۆراجۆری سوفستایەکان (شیعری سوفستای، ڕۆمانی سوفستای تادەگاتە سەروتاری سوفستای) پێشهەمووشتێک مەسەلەی کاتە و دواتریش مەسەلەی ئەو باوەڕەیە کەپێویستی بەوەیە لە نزدیکترین وەختدا لەنێو لاوانا لە تەشەنە سەندندابێت کە سوفستایەکان ئەمانە کەسانێکن لێرە و لەوێ هەن و بوونیشیان لەناو نێوەندی ڕۆشنبیری شتێ زێدە ئاکسیۆمیە(بەدیهییە) و دروستکراو نییە. بەواتاێتر، لاوان نابێ ببن بە پالپشتی سوفستایەکان و ، ناششێت هیچ لاریێکیان لەوەدا هەبێت کە چ هێزە سیاسیە بەدەکان و چش نووسەرە سوفستایەکان بەجووتە هەولی ئابلۆقەدانی لاوان دەدەن و داویشیانە و، هەریەکەش لەلایەن خۆیەوە لاوان بەوجۆرەی گەرەکیەتی بەکاردێنێ و ئەو کەس و شتەی لێدروستدەکات کە مەبەستیەتی. بۆیە هەلەناکەین گەربلێین: ڕەفتاری هەردوو ، چ هێزە سیاسیە بەدەکان و چش نووسەرە سوفستایەکان ،لەتەک لاوانا هاوتەریبە و تابشلێیت بێبەزییانەپیادەدەکرێت. ئەزموونی شەقامی لاوانیش لە شوباتی 2011 ئەوەی بەلگەنەویستکرد چەند لاوان لەلایەن سیاسیەکانەوە (ئۆپۆزیسیۆن و غەیرە ئۆپۆزیسیۆن) زولمیلێکرا هێندەی ئەوەش لەلایەن سوفستایە هوتافبێژەکانەوە (ئەلبەتە ئەوانەش کە لە هەندەرانەوە بەپەلە خۆیان گەیاندەوە کوردستان بۆ سەفسەتەکردن) لێکرا. 
هەر تایبەت بەوانەی لایسەرەوە باسکرا پێویستە تێبینی ئەوەبکرێت کە لاوان بەو ئەندازەیەی وتاری سیاسی دەسەڵات ڕەتدەکەنەوە وتاری ڕۆشنبیری سوفستایەکانیش ڕەتکەنەوە چونکە هەردوو وتارەکە لەو هەژاریە ڕۆشنبیریەی لایسەرەوە باسکرا بەرپرسیارن. بەدلنیایشەوە پێیگیری لەوەدەکەین کە ئەگەربێت و لاوان زەمینە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو جووتە وتارە نەخەملێنن نەک هەر دەبن بە تەرفێک لە یەکێ لەو وتارانە بەلکو ئایندەی خۆشیان تاریک و بێئاسۆ دەکەن. خەمی ئێمەش لێرەوە دەستپێدەکات، لەو شوێنەوەی کە پێویستە دیمەنی ڕۆشنبیری تازەی کوردی بگۆڕدرێت و کاروانی هزری کوردی بکەوێتە دەست لاوان و نەوەی نوێوە. نەوەی نوێ پێویستی بەوەیە هوشیاری لەسەر ئێستای خۆی لا گەڵاکرابێ و ئامادەشبێت لەسەر بناغەی ئەو هوشیاریە هەیبەتێ بۆ خۆی لە کۆمەلگەی داهاتوو، کۆمەلگەی پاش ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان، بسازێنێ. ئەم بەمە جێیخۆی لە کۆمەلگە تۆخدەکاتەوە و وەکیتریش ئامادەیە ڕێچکەشکێنی یەک لەدوای یەک بخولقێنێ و شوێن بەو جۆرە سیاسی و ڕۆشنبیرانە لێژکات کە نەهامەتی ڕۆشنبیری دەکەن بە بەشێ لە کولتوور و ، لەڕێگای وشە فرۆشیشەوە وێناکردنی نادلسۆزئاسا و هیچگەرا بەرهەمدێنن.
 ئەوی لایسەرەوە ووترا ئێمە بەرەوە ئەوەش دەبات بلێین: دوای ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان پێویستە پرسیاری سیاسی، پرسیاری ئەوەی کە ئەو شتە چییە کە سیاسییە هەروەها سیاسەت بۆ لاوان چی پێدەکرێت زۆر مەرجە ببێتە جێی بایەخی لاوان. چونکە پاش ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان زۆر پێویست و گرینگە لەناو لاوانا ئاڕاستەی سیاسی نوێ و تێگەیشتنی سیاسیانەی تازە دروست بێت، ئەو شتە دروستبێت کە دژی کەراکتەرە سیاسی و ڕۆشنبیرە گەندەل و پیرەکانن. چونکە دەرکەوت ئەندێشەی سیاسی سیاسیە کۆنەکان و هزری ڕۆشنبیرە گەندەل و سوفستایەکان دادییان نادا و بەشوێنی مەبەستیشان ناگەێنت و تابشێیت بێ ئاسۆشیان دەکات و لە خەرمانەی هەژاری ڕۆشنبیریشیان زیاد دەکات. چونکە لاوانی کوردستان لەپاش ڕووداوەکانی شوباتی 2011 ەوە ئاساییە خۆیان لەسەر پرسیارگەلێک ڕابێنن بۆ خۆقوولکردنەوە و خۆچڕکردنەوە کە خۆی بەمشێوەیە فۆرمولێرە دەکات: لەلاێ بۆ هەمیشە ئەوە سیاسەتە کە دەکارێ گۆڕانە گەورەکان دروستکات ؟ لەلاێتریش ئەوەی کە ئەو شێوەسیاسەتسازیەی دەکارێ ئەمەبکات چ جۆرە سیاسەتێکە؟ بۆئەوەی لاوان وەڵامی بەجێ و ڕاسیۆنالییان دەستکەوێت پێویستیان بەوەیە شارەزای لە تیۆریە سیاسیە نوێکان پەیداکەن و بە شێوازەجیاکانی حوکمڕانی ئاشنابن، ئەمەو لەوەشبگەن کە چۆن و لەکوێ دەکارن لاوازییەکانی سیاسەت ببیننەوە و هێزی سیاسەت لەوەخەن شوێنی شتە پیرۆزەکان بگرێتەوە یان سیاسەت خۆی وەک شتی پیرۆز نمایشکات.
بینینی ئاسۆکان و دروستکردنی خواستەکان بۆ لاوان ئاسان نین ئەمەلەکاتێکا ناسەقامگیری و نایەکسانی هێرشی دڕندانەیان بۆسەر لاوان بەهێز و نەبڕاوەیە. بۆیە لاوان پێویستە بزانن بەربەستەکان زۆرن و بەدەستهێنانی ئاسۆکانیش ئەستەم و دژوارئامێزن. بەلێ ڕەنجی لاوان لە ساتەوەختی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان بە هەدەر چوو، قووربانیێ زۆریاندا، هاوڕێ و کەسێ زۆر ئازیزی خۆیان لەدەستدا وەلێ ئەو شێوە بەسەرهاتە پێویستە چیرۆکی تیۆری گەورە گەورە و ئەندێشەی تووندوتۆلی لێوەوەبەربێت. ئەم لاوانە پێویستە بۆیەکجارەکی خۆیان لە پیرە بەدەکانی ناو دونیای سیاسەت و ڕوناکبیری ڕابردووگەندەل بتۆرێنن. تۆرانەکەش تەنێ بەوە مەیسەر دەبێت گوێڕایەلی فەرمایشە وشک و بێبەزییەکانیان نەبن، هەروەها ئامادەنەبن نووسینی ڕوناکبیرە ڕابردوو گەندەل و سوفستایەکان بخوێنەوە. ئەم لاوانە وەک لاوەکانی پاریس و بەرلین و تۆکیۆ و مەکسیک و ڕۆما و ستۆکۆلم و لەندەن و پراگ پشت لەو کەسانەبکەن دەخوازن بە ڕابردوو و پاشخانێ ڕزیوەوە ببنە نوێنەریان. گشت ئەو چیرۆک و ڕۆمان و شیعر و تێکستە پەخشانئامێزانە توڕهەلدەنە تەنەکەکانی خۆلەوە کە بە هەستێ سوفستای و بێبەرپرسیاریەتیەوە نووسراون. چەند قێزەوەنە ئەو نووسەرانەی بەپەلە خۆیان گەیاندەوە سلێمانی تا لاوان هەلخەلەتێنن و لەوەی دەستیانپێکردوە ساردیانکەنەوە. ئەم بێباکانە نە سوودیان لە هەندەران وەرگرتووە نەش لە ئەزموونی کوردستانیان. ئەمانە ئەو پسیکۆپاتە نوێیانەن وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی پاش 100 سال بۆ لاوانی دەمووەختی شوباتی 2011 ی کوردستان ئامادەکرد.
لاوان پێویستە بە خوێندنەوەی ئەو نووسینانەوە سەرگەرمبن کە ئاسۆ لەبەردەمیانا دەکاتەوە. بەواتاێتر، ئەو نووسینانەی درۆ ناخەنە بەردەمیان و لەسەر بێکردەوەی ڕایانناهێنن. بۆ لاوان پێویستە هەمیشە کردەوە گرینگ بێت و بۆیە لەو نووسینانەی کە کردەوە بەدیناکەن و شتێ دژ بە تەوژمی باو فێرنابن پشتیانلێکەن و توڕیانهەلدەنەناو سەلەی پیسایەوە. لاوان، ئێوە چی لە نووسینی ئەو نووسەرانەوە فێردەبن کە جارێ نووسەرانی نووسینەکان بۆخۆیان شتێ ئەوتۆ لەم ژیانە ئالۆزەوە فێرنەبوونە و شوێنێکیشیان لەناو ژیانا بۆ خۆیان چێنەکردووە؟ ئەمانە نە ئەزموونێکی ئەوینداریان هەیە، نە هاوڕێیەتیێ تووند و، نە لەتەک بەرپرسیاریەتیدا دەستلەملانن، نە دەزانن پاشەکشە یان پەشیمانی چیە و ، نەش ئارەزووەکانی خۆیانیان ناسیوەتەوە. ئەو نووسەرانەی ملکەچی وشەسازی و سەفسەتەن تەنیا لەگۆشەنیگاێ درماوی و بێ قەوارەوە دەنووسن. نووسین پێویستی بە قەوارەیە تا بکارێ لانەیێک بۆ کردار چێکات. نووسین گەر لەسەر کردارسازی و هەلوێستەکردن ڕاتنەهێنێت بەدەست ئەو نووسینەوە دووچاری گێژی و خولانەوە لەناو بۆشایدا دەبیت. بێڕادە کەمبوون ئەو هوتاف و نووسینانەی لە دەمووەختی خۆپیشاندانەکانا لاوانیان لەسەر خۆدۆزینەوە و لەسەر ئەوەی تەنیا کردار مەرجە ڕادەهێنا. بەواتێتر، لاوان چیدی ، و بۆلەمەولا ، ناشێ ملکەچی وشە بن، وشەی نووسەرە سوفستای و چەنەبازەکان. ئەمانە هەروەک سیاسییە دەروون نەخۆش و بێبەزیەکان زادەی یەک ئەزموونی کۆمەڵایەتین. خەونی کۆمەڵایەتی ئەمانە قۆرخکردنە ئەمیان لەڕێگای وشە و ئەویتریان لەڕێگای دامەزراوەکانیەوە.
بۆیە، لاوان بۆ لەمەولا ، لاوانی دوای شوباتی 2011 ی کوردستان، پێویستە تەماشای سیاسی و نووسەر وەک یەک بکەن. تەنیا ئەو کات لێکیانجیاکەنەوە کە کردارەکانیان نەچێتەوەسەر یەک. جەنگی بۆلەمەولای لاوان جەنگە لەپێناو جیاکردنەوەی کەسی بە کردار لە کەسی بێ کردار. کەسی بێکردار پێویستە ئەوانە بگرێتەوە کە بێ باک، پاشەل بەد ، بێهەلوێست و نابەرپرسیارن. ئەمانە دەکرێ لە هەندەرانبن و خاوەنی بڕوانامەی بەرزیش بن،  دەششێ لە کوردستان بن، یان دەکرێ نوێنەری ئەم گروپ و ئەو دەستەی سیاسی و یان ڕۆشنبیری بن. زۆریش ئاساییە لە ڕیزی نووسەرە ئازادخوازەکانیش بن، چونکە ئەو بێ باک و بێ هەولوێستانە دەکارن و لێهاتووشن بەرگی جیا جیا بپۆشن و بنکە و پێگەی جۆرارجۆربۆخۆیان مسۆگەرکەن. بێ باک و پاشەل بەد و بێهەلوێست و نابەرپرسیارەکان لێزانن لەخۆ مەڵاسدان و یان لەخۆ قووتارکردن و تێتەقاندن. ئەمانە ئەوانەن کە باوباپیرانمان ناویانناون: تاپەتەکە لەگەلتن.
لاوانی ئەمڕۆی کوردستان بێوەفا و ناحەزنین بەلکو بێئەندازە دلسۆزی خاک و ئەزموونی نەتەوەیی خۆیانن وەلێ پێویستیان بەوەیە شەڕ لەگەل ئاسۆ درۆواویەکانا بکەن و بەگژ ئەو مێدیا حیزبی و ئازادە خێزانیەدا بچنەوە دواتریان تاریک و دووفاقانەدەکات. چونکە ئەمیان بەناوی سەروەری بۆ سەرۆک و ئەویتریان لەژێرسایەی واتای ئازادیێ بە بنەمالەکراودا دەیانەوێت ئاسۆ بۆ لاوان دروستکەن. ئەو ئاسۆیەی بەمجۆرە دروستدەبێت بۆ لاوان ئاسۆیێ ڕۆشن و ئایندەدار نییە بەلکو ئاسۆیێ ژەهراوییە و ڕەنج و توڕەی لاوان بەبادەدات. 
هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمانپێدا، لاوان لە خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011 ی کوردستان قووربانی بوون. ئەمەش بۆ ئێمە و گەلێکی وەک ئێمە ڕوونە چونکە هەر لەسەرەتاوە ئەوانن قووربانی، قووربانی نادادپەروەری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی کە دەسەڵاتی سیاسی ئەمێستای کوردستان لێبەرپرسیارە و ئەلبەتە قووربانی نووسینی نووسەر سوفستای و چەنەلێدەرەکانی کوردیش. بەواتێکیتر، ستاتۆسی بزووتنەوەکەی شوباتی لایخۆمان ئەوەی نیشان نەدا بزووتنەوەکە بزووتنەوەی لاوانە بەڵام گشت ئەوانەی بوونە قووربانی لاوان بوون بەڵام لاوان نەیانتوانی سیاسی و ڕۆشنبیرە پیرەکان والێکەن ملکەچی گشت خواستەکانیانبن و لەئاکامدا پیرەکان بەهەردوو بالەکەیەوە بوونە دەستپێشخەری ئەوەی چی بکرێ و چۆنیش بکرێت. سەرئەنجام، لاوە شوباتیەکانی کوردستان هەلخەلەتێنران و غەدرێ گەورەیان لێکرا. قووربانیاندا وەلێ بە قووربانیەکانیان هەندێ کەسی لاواز و گرگن پێیچوونەپێشەوە بۆ ناو مێزگرد و گفتووگۆ داخراوەکان و ، یان بوون بە بابەت لە مێدیاکانا.
ئەوی ڕوویدا و ئەویشی ڕوودەدات بەشێکن لە ئاسەوارەکانی هەژاری ڕۆشنبیری و هەرگیز ناشێ وەک شتگەلێ بێ مانا و بێ بناغە سێرکرێن. کاتێکیش ئەزموونی ڕۆشنبیریمان لەئاست ویست و خواستەکانی ڕووداوەکان و دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا نابن لەمڕوەوە هیچ گریمانێک شایانی داڕشتن نییە و ئەوەی تەنیا پێویستە ژێرگومانخرێ ڕۆشنبیرییمانە، ئەو ڕۆشنبیریەی متمانەی تیادروستنەکردوین و واشیلێنەکردوین هەلوێستکار و بەرپرسیارئامێزبین بەرامبەر بەخۆمان و بەوانەش کەلەتەکیانا دەژین. واتە لەسێدارەدانی خۆپیشاندانەکان و لەبیرکردنی چیرۆکی قووربانیان نموونەێکی زەقن لەسەر هەژاری ڕۆشنبیریمان و بێلۆژیکی دیرۆکی ناسیۆنالیمان کە پڕە لە قووربانی بێبەرامبەر. ئەمەش والە ئێمە دەکات بلێین: قووربانی بێ بەرامبەر بۆلەمەولا پێویستە ببێ بەبابەتێ بۆ خستنەژێرپرسیاری گشت کارێ سیاسی و کۆمەڵایەتی لەشێوەی ئەوی لە شوباتی 2011 ڕوویدا. وەکیتریش دەکرێ قووربانی بێبەرامبەر ببێت بە بەلگە بەدەست نەوەی تازەوە بۆ نەفرەتکردن لەگشت هێزە سیاسیە بەد و ڕۆشنبیرە هزر بیمار و ناساغەکان کە بەرهەلستکاری و خرۆشان لە لاوان ناهێلن و گەمەش بە بێهەراسانی و شەکەتی نەوەی نوێدەکەن.

ماویەتی………………..      
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.