ڕاکردن لە دۆزەخ … عەبدوڵا مەحمود
بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەخۆشخانەی سلێمانی کە لەماڵپەڕی (خەندان) دا بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی تەنها ٢٠ ڕۆژدا و تەنها لەناو شاری سلێمانیدا ١٦ کچ کەتەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵیدایە، لەڕێگای دەرمان خواردنەوە، هەوڵیانداوە کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.
ئەم ئامارە، ئاماژەیە بە دۆخێکی ترسناکی وەزعی ژنان لە کوردستان، ئەگەر لە شاری سلێمانیدا ١٦ کچ تەنها لە ڕێگای حەب خواردنەوە لەماوەی ٢٠ ڕۆژدا هەوڵی خۆکوژیان دابێت، دەبێ لەشارەکانی وەکو هەولێر، کەرکوک، دهۆک…وە لە قەزاو ناحیەو دێهاتەکانی کوردستاندا… چەند ژنی تر لەماوەی ئەم ٢٠ ڕۆژەدا هەوڵی کۆتاییهێنان بە ژیانیان دابێت؟.
وە ئەگەر خۆسوتاندنەکان، کوشتنەکان بەو ئامارە زیاد بکەین، دەبێ ئاماری جەستەی سوتاو و قەسابی کراو و دەرمانخوردنەکان، بەتێکڕا لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا بگاتە چەند؟ وە لە مانگێک و ساڵیکدا، بە چ ڕەقەمێک بگات؟
سەیر ئەوەیە بیستنی هەواڵی ئەوەی لە ناو بازاڕ بە شەڕە چەقۆ چەند کەس کوژران و بریندار بوون، کەسێك لەسەر پارە هاوڕێکەی خۆی کوشت، سەیارەیەک لەسەر یەکێک لەجسرەکان کەوتە خوارەوەو چەندکەس تیای بوونە قوربانی، لەخۆپیشاندانێکدا دوو کەس کوژران …تاد کۆمەڵگا سەراسیمە دەکات و ڕادەچڵەکێنێ. لە کەسانی ئاساییەوە تا نووسەرو چالاکوانانی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی… دەوروژێن کۆرو سمینار دەگرن، ورک شۆپ دەکەنەوە، لەوانەیە بڕژێنە سەر شەقام، کەچی هەواڵی هەموو ڕۆژە و ئاماری ئەم خۆکۆژیانەی ژنان…وەکو ڕوداوی سادە و ڕاگوزەر، وەکو حاڵەتی رۆتینی کۆمەڵگا، تەماشادەکرێن و لە باشترین حاڵەتدا، بە وتارو بە بەیاننامەیەک، یاداشتێک وە بە دروشم و نیشاندانی ئامارەکان و هەڵویستەیەکی کاتی، …تاد، تێدەپەڕێنرێت.
تۆمەتبارانی کوشتنی شەڕە چەقۆکان، بەکارهێنەرانی چەک، پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتوچۆ… کەم تا زۆر بەدواداچونی بۆ دەکرێت دەگیرێن و زیندانی دەکرین و سزایەک هەیە” ڕەوا یان ناڕەوا”، کەچی تۆمەتبارانێک کە لەپشت ناچارکردنی ژنانەوەن بۆ خۆدەرمانخورادنکردن، خۆسوتاندن، تیرۆری ژنان… شاراوەن و کەمترینیان دەگیرێن و سزا دەدرێن. وە ئەگەر تۆمەتبارانی دژە ژن، دادگایی و زیندانی کرابان، ئێستا زیندانەکان سیخناخ دەبوون و سنوریکیش بۆ ئەم تاوانکارییە دادەنرا.
تارمایی مەرگ، ئاسمانی ژێر دەسەڵاتی بۆژوازی کوردی تژی کردووە، جەنگی ئاشکرای دژە ژن بۆ ساتێك چییە خامۆش نابێت، ژنان وەکو قوربانیانی دەستی کۆمەڵگای پیاوسالارو دەسەڵات سالار، ڕاچڵەکێنترین دیاردەی کۆمەڵگایە، کەچی کۆمەڵگا بێدەنگە بەرامبەر بە هاواری قەسابیکردنی ژنان و ناچار بەسەندنەوەی ژیان لە خۆیان.
ئاماری دەرمانخواردنەکان، خۆسوتاندنەکان، تیرۆرەکان، هەر لەهەڵکشاندایە، ئاماری قوربانیانی ئەم دۆزەخە، زۆر لە ئاماری جەنگە زنجیرەیەکانی ناوخۆ، لە ئاماری کیمیابارانەکەی هەڵەبجە و شوێنەکانی تری کوردستان،… زیاترە. ئەگەر بۆ قوربانیانی هەڵەبجە مۆنیمینتێکی گەورە پێویست بوو، دەبێ چ مۆنیمێنتیك بۆ ئەو دەیان هەزار ژنە بکرێت و کە خوێن بەربوونەکەی بەردەوامە ونیشانەیەک و هەوڵێکی جدی بۆ ڕاگرتنی، دیار نییە.
ئەم هەموو ژنە خۆیان نەسوتاندووە، خۆیان دەرمان خوارد نەکردووە، سوتێنراون، دەرمانخوارد کراون، براو باوک و مێرد و عەشیرەت خیزان و یاساو کەڵچەری بۆگەنی ئیسلامی و دەسەڵات… سوتاندویانن و دەرمانخواردیان کردون. ئەمانە هەموو مەحکوم بە دادگای هاواری ژنان و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازین.
هەموو ئەو ژنانەی خۆیان دەرمان خواردکردوە!، یان خۆیان سوتاندووە!… ناچارکراون بۆ رزگاربوون لە دۆزەخی ژیانیان دەست بۆ خواردنی حەبی بەکۆمەڵ، دەست بۆ دەبەی نەوت و بەنزین و ئاگر ببەن، تا ماڵئاوایی لە دۆزەخێک بکەن و بەرەو دۆزەخی ئەو دنیا بفڕن.
کۆمەڵگایەک ژنان ئاوا تیایدا قەسابی بکرێن خاڵییە لە هەموو ئازادی و یاسایەکی ئینسانی، و دەبێ سەرەنگرێ بکرێ و سەرلەنوێ لەسەر بنەمای ئازادی و ڕیز و ماف بۆ ژن بینابکرێتەوە، ئەو کۆمەڵگایەی ژن تیادا ئازادە، ئەو کۆمەڵگایە ئازادو پیرۆزە. کۆمەڵگایەک ژنان تیادا بەم ئاستە ترسناکە خوێن لەجەستەیان بڕوات و هەڵبقرچێن، کۆمەڵگایەکی بۆگەنەو دەبێ ژێرەوژوور بکرێت.
کۆتایی جونی ٢٠١١
abdulla.mahmud@gmail.com