شیعری (ناسینه‌وه‌ی زیو)ی كه‌ریم ده‌شتی
له ساناترین لێكچواندندا ده‌توانین بڵێین شیعر وه‌ك تابلۆ وایه، ئێمه‌ی وه‌رگر تابلۆیه‌كمان خۆشده‌وێ كه له‌نزیكه‌وه لێی ده‌ڕوانین و لێی راده‌مینێین، تابلۆیه‌كیتر له دووره‌وه سه‌ره‌نجمان راده‌كێشێ، ئه‌وه‌یتر حه‌ز ده‌كه‌ین له گۆشه‌یه‌كی تاریكه‌وه بیبینین و تابلۆیه‌كیتر ئه‌گه‌ر له‌ژێر ئیناره‌دا بیبینی جوانیی زیاتر ده‌به‌خشێ چونكه له وردبینی ره‌خنه‌گره‌كان و وه‌رگرانی ناترسێ.. تابلۆیه‌ك جارێ خه‌ڵكی رازی كردووه و ئه‌وه‌یتر هه‌میشه و به‌رده‌وام خه‌ڵك رازی ده‌كاو ..تاد.
شیعر به‌و هه‌موو ستایل و فۆرمانه‌ی كه هه‌یه‌تی، جۆر و ئاست و لێكجیایی له به‌خشینی چێژدا هێناوه‌ته كایه‌وه، به واتایه‌كیدی ستایل و فۆرمه جیاجیاكانی شیعر كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ستایل و فۆرمی مه‌عریفه‌ی هه‌م پراكتیكی و هه‌م تیۆری شاعیر، وایانكردوه چێژی وه‌رگره‌كان له‌یه‌كتر جیابێ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو چێژی خودی هه‌مان وه‌رگریش له كاتێك بۆ كاتێكیدی به هۆی باره لێكجیاكانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ..تاد جیاده‌بێ، ده‌كرێ ئه‌وڕۆ له ئه‌تمۆسفێرك شیعرێك بخوێنینه‌وه، چێژی زۆری لێببه‌ین و له كاتێكی‌تر هه‌مان تێكست به ئاستێكیتر چێژمان پێ بدا..
چێژبردنی وه‌رگر له شیعردا به شێوه‌یه‌كی گشتی به چه‌ند بنه‌مایه‌ك و به چه‌ند هۆكارێكه‌وه په‌یوه‌سته، یه‌كێ له‌هه‌موو ئه‌و بنه‌ماو هۆكارانه گرنگتر ئاستی مه‌عریفی و تێگه‌یشتنی وه‌رگره له شیعره‌كه.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه جۆرێك له شیعر هیچ په‌یوه‌ندیێكی به بوونی زانیاریێكی قووڵه‌وه نییه بۆ تێگه‌یشتن لێی، ئه‌و جۆره شیعرانه كار له‌نێو بزواندنی سۆز و جولاندنی هه‌سته‌كانی وه‌رگر ده‌كه‌ن، گوتاری شیعره‌كه ئاراسته‌ی عاتیفه‌ی وه‌رگر ده‌كرێ و له‌وێوه هه‌م مانا ساده‌كه‌و هه‌م موزیكی تێكسته‌كه‌و هه‌میش په‌یوه‌ندی وشه‌كان به یه‌كتره‌وه جۆرێك جوانی درووست ده‌كه‌ن كه دواتر لای وه‌رگر ده‌بێت به چێژ.. نمونه‌ی له‌و بابه‌ته یه‌كجار زۆرن له شیعری كوردی و له شیعری جیهانیش:
عه‌بدوڵڵا په‌شێو له شیعری (گه‌وره مه‌به)ده‌ڵێ:
گه‌وره مه‌به
كزه‌ی جه‌رگم گه‌وره مه‌به
تا من مابم
له مناڵیت وه‌ڕس نابم.
هاشم سه‌ڕاج له په‌ره‌گرافی پێنجه‌می شیعری (شه‌یدای شه‌رابی شینی له‌شتم)دا ده‌ڵێ:
شه‌وان
ئاسمان چه‌نێ جوانه
شه‌وان
رووخساری خوداییت
چه‌نێ جوانه
كه‌ریم ده‌شتی له شیعری (تۆ بۆ ئه‌به‌د تۆ)دا ده‌ڵێ:
دوا گه‌ڵای ئه‌و دره‌خته‌ش وه‌ری
ته‌مه‌نم به‌سه‌ر چوو نه‌هاتی سه‌روه‌رم
رۆژێ دێ كه منیش وه‌ك گه‌ڵا بوه‌رم
ئه‌مه‌و ده‌یان و سه‌دان نمونه‌ی تر، هه‌م له شیعری كوردی و هه‌میش له شیعری جیهانیدا پێویستی به بوونی زانیاری زۆر نییه بۆ چێژ لێبردنی، به پێچه‌وانه‌وه جۆرێكیتر له شیعردا پێویستی به بوونی زانیارییه بۆ تێگه‌یشتن له شیعره‌كه و به‌هۆی بوونی ئه‌و زانیارییانه نه‌بێ ئه‌وه ره‌نگه هیچ جوانییه‌كی نه‌مێنێ شیعره‌كه..نمونه‌ی ئه‌و جۆره شیعره‌ش زۆره له شیعری جیهانیدا، لێره من ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند دێرێكی گوننار ئێكێلۆف ده‌كه‌م:
له‌و ره‌حه‌تییه‌ی كه فلۆره‌نسییه‌كی تر وه‌سفی كردووه
كونێك به‌ره‌و خواره‌وه هه‌بوو. له مێژه نه بروتوس،
كاسیوس یان لوسیفه‌ر له‌وێ دانه‌نیشتوون.
هه‌میشه وه‌رگێڕانی شیعر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر موزیك و ریتم و سه‌دای به‌ریه‌ككه‌وتن و هارمۆنییه‌تی نێوان وشه‌و رسته‌كان ده‌بێ، له‌و شیعره‌دا هه‌ست به‌و موزیكه ناكه‌ین كه خوێنه‌ر مه‌ست بكا‌و ئیدی ده‌نگ و ئیقاع، مانا‌و وێنه درووست بكه‌ن.. به‌ڵكو ده‌بێ زانیاریمان هه‌بێ تا تێبگه‌ین و ئینجا له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه مه‌عنا و وێنه‌مان ده‌بێ..ده‌بێ له‌و شیعره‌دا بزانین كه ئێكێلۆف مه‌به‌سه‌تی له (فلۆره‌نسییه‌كی تر) دانتی یه، به هه‌مان شێوه ده‌بێ بزانین كه بروتوس و كاسیوس و لوسیفه‌ر و ..تاد كێن و به چ مه‌به‌ستێك به‌كارهاتوون..خۆ به پێچه‌وانه‌وه كاتێ هیچ زانیاریێكمان سه‌باره‌ت به‌و ئاماژه‌و ناوانه نه‌بێ ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك له غیابی موزیك و ئیقاع و واتا و وێنه چێژی شیعری درووست نابێ..
جۆری سێیه‌میشیان ئه‌و جۆره شیعرانه‌ن كه له دوو ئاست كاری تیا كراوه، جارێكیان بۆ ئه‌وه‌ی چێژی لێببه‌ین پێویستیمان به زانیاری هه‌یه سه‌باره‌ت به وشه‌و ده‌سته‌واژه‌و ناو‌و چۆنییه‌تی كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و سیمبۆل و ..تاد كه به‌هۆیه‌وه مه‌عنا و له رێگه‌ی ئه‌ویش وێنه درووست ده‌بێ.. ئاستی دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه موزیك و ریتمی شیعره‌كه تێگه‌یشتن درووستده‌كا و دواتر له‌گه‌ڵ وێنه‌كانی نێو یادگه‌ی وه‌رگردا په‌یوه‌ست ده‌بێ و له دواجاریشدا چێژده‌به‌خشێ..شیعری ناسینه‌وی زیوی كه‌ریم ده‌شتی نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و جۆره شیعره‌یه، واتا هه‌م له رووی موزیك و به‌ریه‌ككه‌وتنی وشه‌و رسته‌كان له لایه‌ك و هه‌میش له رووه‌كه‌یتر كه كۆمه‌ڵێ ده‌سته‌واژه‌و ناو و سیمبۆلی تێدایه به زانینیان شیعره‌كه چێژی زیاتر ده‌دا به وه‌رگر:
ناسینه‌وی زیو
ئه‌و رۆژه له‌ژێر سێبه‌ره هه‌زار ره‌نگه‌كه‌ی قه‌ڵا بینیم،
گیانی پڕ بوو له ته‌متومان
هه‌میشه ده‌یگوت سه‌خته له‌ناو تاشه‌یه‌ك بیت
لاله‌كان دایانڕشتبێ
تۆ بوێرێكی له ژن و
ترسێكی له پیاو
تۆ چه‌مكێكی له رووباری ئه‌نه‌دۆڵ و
دڵۆپه‌یه‌كی له ورمێ
تۆ خه‌ونێكی له دمدم و
هه‌ویرێكی له رامبۆ
تۆ شه‌وێكی له مۆدێرن و
سه‌ده‌یه‌كی له فۆلكلۆر
به تیغی ئه‌مازۆن ئاودراوی
جۆگه‌له‌یه‌كی له فۆلگا پۆشكینی
به زڕمه‌ی شمشێر تیا كوژراو
رووبارێكی له كێله‌شین
تۆ په‌ڕێكی له هه‌ڵه‌مووت
لاسكێكی له یاسه‌مین
رۆمانێكی ته‌نهای له بۆدلێرو
شارێكی بچووكی له قوسته‌نتین
تۆ دۆزه‌خیه‌كی له كتێبی دانتی و
به‌هه‌شتێكی وونبووی له میلتۆن
دواجار تۆ قومری سه‌رباڵی یه‌هودیێكی ئۆرشه‌لیمی
به‌ڵام منداڵێكی نازی ئه‌ی نازو تا
ببوره تۆ پۆڕێكی ته‌ریوه‌ی ناو دڵی بازی
ئه‌و دڵه بپارێزه بڕۆ
ئاوڕ له كه‌س مه‌ده‌وه
كه ئاوڕت دایه‌وه ته‌ڵه‌سمی تۆ به‌تاڵ ده‌بێ
لێكدانه‌وه‌م سه‌رچیغ ده‌ڕواو
زمانی مانه‌وه‌ت له كتێبی ئه‌وین لاڵ ده‌بێ
تۆ هه‌میشه رابكه رابكه هه‌ر رابكه
چونكه تۆ به راكردنه‌وه جوانی
رابكه هه‌ر رابكه
تكایه ئاوڕ مه‌ده‌وه
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاوڕیان دایه‌وه
بۆ تاوێ گه‌یشتنه به‌هه‌شت
به‌ڵام بۆ ئه‌به‌د هاوده‌می ئاگر بوون
هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه بێ په‌روا ئاوڕیان نه‌دایه‌وه
بۆ ئه‌به‌د گه‌یشتنه دۆزه‌خ
به‌ڵام بۆ ئه‌به‌د هاوده‌می خودابوون.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و وشه‌و ناو و ده‌سته‌واژانه له‌و شیعره‌دا ده‌ربێنین كه هه‌ڵگری زانیارین و بۆ تێگه‌یشتن له شیعره‌كه پێویستیمان به‌وه ده‌بێ زانیاریمان له‌باره‌یانه‌وه هه‌بێ ئه‌وا ده‌بێ سه‌ر له‌به‌ری شیعره‌كه بنووسینه‌وه چونكه شیعره‌كه پڕه له‌و وشه‌و ناو‌و ده‌سته‌واژانه‌ی كه پێویستیان به زانینه‌وه هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن لێیان:( رووباری ئه‌نه‌دۆڵ، ورمێ، دمدم، رامبۆ، مۆدێرن، ئه‌مازۆن، فۆلگا، پۆشكین، كێله‌شین، بۆدلێر، قوسته‌نتین، كتێبی دانتی، میلتۆن، ئۆرشه‌لیم، نازی و ..تاد).
قۆناغی یه‌كه‌م ده‌بێ وه‌رگر زانیاری سه‌باره‌ت به‌و وشه و ده‌سته‌واژه‌و ناوانه هه‌بێ و بزانێ چین، بۆ نمونه: ده‌بێ یه‌كێك بزانێ دمدم چییه، ده‌بێ بزانێ پۆشكین و بۆدلێر و رامبۆ و دانتی كێن.. دوای ئه‌وه ده‌رئه‌نجامی سنعه‌تسازیی شاعیر به وشه‌ی لێكدراو چه‌مكی هێنده نوێ دێته كایه‌وه كه به لای كه‌سێك و ته‌نانه‌ت لای خودی شاعیریش ناكه‌ونه خانه‌و بۆته‌ی یه‌ك مه‌عناییه‌وه، یا ده‌بێته چه‌ندین وێنه‌ی گۆڕدراوی ناجێگیر و نابگیر.. تۆ چه‌مكێكی له رووباری ئه‌نه‌دۆڵ و دڵۆپه‌یه‌كی له ورمێ، یا شه‌وێكی له مۆدێرن، یاخود رۆمانێكی ته‌نهای له بۆدلێر و.. تاد، هه‌ر رسته‌یه‌ك له‌و نمونانه‌ی نووسیومن هه‌ڵگری ته‌نیا مه‌دلولێك نین، به پێچه‌وانه‌وه رسته‌گه‌لێكن كه به‌رده‌وام وێنه‌ی نوێ و واتای نوێ به‌رهه‌مده‌هێنن و ده‌به‌خشن.
له‌و حاڵه‌ته‌دا كه ئێمه زانیمان 🙁 رووباری ئه‌نه‌دۆڵ، ورمێ، دمدم، رامبۆ، مۆدێرن، ئه‌مازۆن، فۆلگا، پۆشكین، كێله‌شین، بۆدلێر، قوسته‌نتین، كتێبی دانتی، میلتۆن، ئۆرشه‌لیم، نازی و ..تاد) چین و كێن و هه‌ڵگری چ جۆره چه‌مكگه‌لێكن و له حاڵه‌تی خرانه رسته‌وه ده‌بن به چی و چی ده‌گه‌یه‌نن ئه‌وا ئێمه له‌به‌رده‌م شیعرێكی زۆر جوانی كوردیداین، له سه‌ره‌تای شیعره‌كه ئاشكرایه كه وه‌رگر له‌به‌رده‌م گوتارێكه كه ئاراسته‌ی كه‌سێك كراوه:
ئه‌و رۆژه له‌ژێر سێبه‌ره هه‌زار ره‌نگه‌كه‌ی قه‌ڵا بینیم،
گیانی پڕ بوو له ته‌متومان
هه‌میشه ده‌یگوت سه‌خته له‌ناو تاشه‌یه‌ك بیت
لاله‌كان دایانڕشتبێ
تۆ بوێرێكی له ژن و
ترسێكی له پیاو..تاد
به درێژایی و تا كۆتایی شیعره‌كه ئیدی موخاته‌به‌ی هه‌مان كاره‌كته‌ری ده‌ستپێكه.. بۆیه كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و بوونی زانیاریی و تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه تۆ قومری سه‌رباڵی یه‌هودیێكی ئۆرشه‌لیمی و تۆ دۆزه‌خیه‌كی له كتێبی دانتی و به‌هه‌شتێكی وونبووی له میلتۆن، زۆر گرنگ ده‌بێ له درووستبوونی چێژ لای وه‌رگر.
ئاستی دووه‌می ئه‌و شیعره ئه‌وه‌یه كه تێیدا گرنگییه‌كی زۆر به ئیقاع و موزیك دراوه، گریمان ئێمه هیچمان سه‌باره‌ت به 🙁 رووباری ئه‌نه‌دۆڵ، ورمێ، دمدم، رامبۆ، مۆدێرن، ئه‌مازۆن، فۆلگا، پۆشكین، كێله‌شین، بۆدلێر، قوسته‌نتین، كتێبی دانتی، میلتۆن، ئۆرشه‌لیم، نازی و ..تاد) نه‌زانی، به‌ڵام له كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه هه‌ست به تیشك و گه‌رمییه‌ك ده‌كه‌ی له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له ئاستی وشه‌سازی له نێوانی وشه‌كان و له ئاستی رسته‌سازییه‌وه له‌نێوانی رسته‌كانه‌وه رووده‌ده‌ن..
رۆلان بارت گوته‌نی: ده‌قی چێژبه‌خش ده‌قێكه كه دڵخۆشمان ده‌كا و به‌رهه‌می ده‌بێ، ده‌قێكه كه به سیما‌و خاسییه‌ته‌كانی ئاسانی خوێندنه‌وه په‌یوه‌ست و گرێدراوه.. ئه‌و شیعره ئاسان ده‌خوێندرێته‌وه‌و خوێنه‌رانێك دڵخۆش ده‌كا، ره‌نگه ئه‌و قسه‌یه‌ی من لێره‌دا په‌یوه‌ست بێ به‌و بڕوایه‌ی كه ده‌ڵێ: له بنه‌ڕه‌تدا هه‌میشه‌و به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ، (ئه‌وه بۆ من چییه؟)..
بۆ من، شیعری (ناسینه‌وه‌ی زیو)ی ده‌شتی شاعیر، یه‌كێكه له‌و شیعرانه‌ی كه له هه‌ردوو ئاستی مه‌عریفی و موزیكدا شیعرێكه له‌ناوه‌خۆیدا هه‌ڵگری چێژ‌و له‌ززه‌تێكی زۆره و شیعرێكی ئاماده‌شه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ر خوێنه‌رێك بتوانێ چێژی لێ ببا، به تایبه‌تیش ئه‌و وه‌رگرگه‌له‌ی كه توانای كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و زانیاریان سه‌باره‌ت به ناو و ده‌سته‌واژه‌و سیمبۆل و لاكانیتری ته‌كنیك و ناوه‌وه‌ی شیعره‌كه‌وه هه‌یه.
سه‌رچاوه‌كان:
1-فن الشعر، هوراس، ترجمه/الدكتور لویس عوچ1988
2-شیعری گه‌وره مه‌به، عه‌بدوڵڵا په‌شێو http://www.mabast.com/vb/showthread.php?t=313
3- تێكست، هاشم سه‌ڕاج2010
4-رێنیشانده‌ر بۆ ناخی زه‌وی، گوننار ئێكێلۆف، وه‌رگێڕانی/رزگار شێخانی، سوید 2007
5- دره‌ختی دره‌وشانه‌وه، كه‌ریم ده‌شتی، شیعری ناسینه‌وه‌ی زیو 2011
6- چێژی ده‌ق، رۆلان بارت، وه‌رگێڕانی ئیسماعیل زارعی2007