خه‌ون و مه‌رگی شاعیرێکی ته‌نیا
چاوه‌کانت له‌سه‌ر یه‌ک دابنێ
تا پڕ ده‌بیت
له ڕووناکیه شینه‌کانی شه‌و
له زه‌رده‌خه‌نه سپیه‌کانی گوڵ
له خه‌یاڵه لیمۆییه‌کانی ته‌نیایی
له مۆری و مه‌رجانه کریستالیهکانی ئه‌ڤینی
چاوه‌کانت له‌سه‌ر یه‌ک دابنێ
تا خه‌ون بینین
خه‌ون به فڕینه‌وه ببینه
خه‌ون به باخچه‌ی ئاره‌زووه‌کانت و
به ئایندهی خۆته‌وه ببینه
چاوه‌کانت مه‌که‌ره‌وه
تا پێڵووی چاوه‌کانت
دا‌و داوی بورژانگهکانت
تێکه‌ڵ به سه‌وزایی با ده‌بن
تێکه‌ڵ به خۆره‌تاوی گیا ده‌بن
تا له‌دوای نیوه‌ڕۆیه‌کی به‌هار
خۆت له نێو شه‌قامه‌کانی به‌فر ده‌بینیه‌وه
چاوه‌کانت له‌سه‌ر یه‌ک دابنێ
هه‌ر خه‌ون ببینه خه‌ون
تا ده‌بیت
به په‌یکه‌رێک له ئاگر
به تابڵۆیه‌ک له تریفه
هه‌موو وه‌رزه‌کان و سه‌ده‌کان و
شه‌وه‌کانی نێو ڕۆحه تاریکه‌که‌ت
ڕووناک ده‌که‌یته‌وه
چاوه‌کانت له‌سه‌ر یه‌ک دابنێ
ده‌سته‌کانت بێنه و با بڕۆین
به‌ره‌و منداڵێتی خه‌یاڵ
به‌ره‌و منداڵێتی خه‌ون
با بڕۆین به‌ره‌و نیشتیمانێکی نادیار
به دیار مه‌رگی شاعیرێکی ته‌نیا
یه‌که‌مین ئایه‌تی ڕاز بخوێنینه‌وه و
یه‌که‌مین پێک له شه‌ڕابی موحیبه‌ت هه‌ڵبده‌ین
چاوه‌کانت له‌سه‌ر یه‌ک دابنێ و
با بڕۆین
له نێو پاییزی ئاو
به دیار مه‌رگی شاعیرێکی ته‌نیا
سه‌ما بکه‌ین
سه‌ما بکه‌ین و خه‌ون ببینین
به دیار جه‌سته‌ی ئه‌و شاعیره‌ی
له یه‌که‌مین نیگاوه تا مه‌رگ
له هه‌ڵوه‌رینی یه‌که‌مین گه‌ڵاوه تا غوربه‌ت
له سه‌رخۆشبوونی یه‌که‌مین شه‌پۆڵه‌وه تا بێهوده‌یی
نه‌یده‌هێشت
خۆر له کۆڵانی خه‌ونه‌کانمان ئاوا بێت و
باڵنده‌ی نێو قهفهزهکانیش به برسێتی بمرن
نه‌یده‌هێشت
ماسیه بچکۆڵه‌کانی ده‌ریا و
هه‌وێرده هێمنه‌کانی هه‌ور
گه‌ردنی مردن ماچ بکه‌ن
چاوه‌کانت مه‌که‌ره‌وه و با بڕۆین
له‌نێو پاییزی ئاوه‌دانی
به‌دیار ده‌لاقه گه‌وره‌کانی به‌هه‌شت
چاو به کتێبه ڕه‌نگ زهیتونیهکاندا بخشێنین
یه‌که‌مین کتێبی عه‌شق بخوێنینه‌وه
ئه‌و کتێبه‌ش
که باس /
له تیربارانکردنی یه‌که‌مین ئه‌ستێره‌ی سۆزانی ده‌کات
یان چیڕۆکی /
ئه‌و کچۆڵه‌یه‌ی که له‌سه‌ر نامه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی
له‌نێو زیندانه ئه‌به‌دیه‌که‌ی ڕه‌شه‌با
ڕۆشنایی نه‌بینیه‌وه
یان به‌سه‌رهاتی /
ئه‌و گوڵاڵه سوورهیهی
که تا سیسبوون و هه‌ڵوه‌رین
شه‌رمی کرد ده‌می بخاته نێو ده‌می په‌پووله‌یه‌ک
چاوه‌کانت له‌سه‌ر یه‌ک دابنێ
تا چاوی خه‌ونه‌کانت شین شین هه‌ڵده‌گه‌ڕێن
شین شین شین
وه‌ک په‌یکه‌ره شینه‌کانی ئاو
وه‌ک ئه‌دگاره ئیرۆسیهکهی ئاسمان
چاوه‌کانت مه‌که‌ره‌وه
تا ده‌بیت به قامکێک بخوور
تێکه‌ڵ به هه‌ناسه شینه‌کانی ژیان ده‌بیت
تێکه‌ڵ به زه‌مه‌نه زێڕینیهکانی زریان ده‌بیت
چاوه‌کانت با له‌سه‌ر یه‌ک بن
تا سۆتهکهی جگه‌ره‌ی سه‌ر لێوی خه‌ونه‌کانت
دارودره‌ختی دنیایه‌کی تر و
په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌کانی به‌هه‌شتێکی تر
ڕه‌نگ ده‌کات
چاوه‌کانت مه‌که‌ره‌وه و با بڕۆین
له‌نێو پاییزی هه‌تاو
له‌ژێر که‌پرێکی ڕه‌نگاوڕه‌نگ
به‌دیار مه‌رگی شاعیرێکی ته‌نیا
خه‌ون ببینین
خه‌ون خه‌ون خه‌ون
خۆمان بخزێنینه نێو خه‌ونه‌کان و
نێو یه‌که‌مین دیوانه شیعرییه‌که‌ی ئه‌م شاعیره
له‌وێدا /
له‌نێو نیشتیمانه شلێریهکهی شه‌به‌نگ دا
به‌دوای گه‌ڕه‌که شینه‌کانی شادومانی و
به‌دوای کاتژمێره سپیه‌کانی سپیده و
به‌دوای نه‌وڕه‌سه بێنه‌واکانی عه‌شق دا / بگه‌ڕێین
هه‌ر له‌وێدا
به‌دیار مه‌رگی ئه‌م شاعیره ته‌نیایه‌دا
به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی
یه‌که‌مین قه‌سیده‌ی عه‌شق
یه‌که‌مین نیگا‌و لهنجهولاره ته‌ڕه‌کانی باران
به‌ده‌م ڕه‌نگکردنه‌وه‌ی
یه‌که‌مین نیگاره ناسکه‌کانی نامورادی
به‌ده‌م گوێگرتن
له یه‌که‌مین سه‌مفۆنیای ژیان
له‌نێو /
یه‌که‌مین خه‌ڵوه‌تگه‌ی خه‌ونێکی ئه‌رخه‌وانی
چاوه‌کانمان بکه‌ینه‌وه … !