Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
نامه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ شێرکۆ بێکه‌س

نامه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ شێرکۆ بێکه‌س

Closed
by July 18, 2011 گشتی

بۆ برای بەڕێز و خۆشەويستم کاکە شێرکۆ،
ڕۆژباش، پڕ بە دڵ لە ئامێزت ئەگرم وە ئەملاولات ماچ ئەکەم. هيوام هەردەم ساغ و سەلامەتيتانە.
برای بەڕێزم: باوەرم پێبکە ماوەيەکی زۆرە ئەمەوێ نامەيەکی ڕێز وخۆشەويستی و بەئەمەکيت بۆ بنوسم و هەر ناگەمە ئەنجام. وەنەبێ نامەکەش نە نوسم. ئەوە چەندان جارە نامە ئەنوسم و دڵم خۆشە کە ئەينێرم. دواتر کە پێيدائەچمەوە پەشيمان ئەبمەوە و ئەڵێم: نامەيەک بۆ شێرکۆ بنوسرێ ئەبێ زۆر ئاستی لەمە بەرزتربێ و پەشيمان ئەبمەوە، جارێک نيە و دوان نيە و سيان نيە. تۆ بڵێی بتوانم ئەم نامەيەشت بۆ بنێرم، دوودڵی ڕێگەم لێنەگرێ؟ با بزانين ئەنجام چی ئەبێ؟!
دوێنێ ماڵ چۆڵ و من تەنيا. نازانم خەو بوو يان ئاگا، خەياڵ بو يان ڕاست، ويژدانم هاتەدەنگ لێم:
 تۆ ٤٠ ساڵە ئەم شاعيرە شيعرت بۆ ئەنوسێ و تۆش بێباک .کانييەکی ساردی هەميشە ئاودارە و بەردەوام لەم هەموو ساڵەی  تەمەنتدا لە ئاوی ساردی ئەخۆيتەوە و ڕۆژێکی گەشی هەميشە هەڵاتووی بير و هۆش و جوانيە بۆت و و بەردەوام ڕوناکی و خۆشی  لێهەڵئەێنجی و کەچی تۆش بێدەنگ. خۆتۆ ئەو ڕۆژە خۆت ووتت، ئەو فيری خۆشی لە چێژی جوانی زمان و خۆشەويستی ئەوی کردی، دە سوپاسێ، دە پێزانينێ، تۆ هەر هيچ، بێنمەک! هەستە نامەيەکی بۆ بنوسە و خۆشەويستی و پێزانينی خۆت ئاشکرا بکە.
_ ئاخر ويژدان ، ويژدانت بێ، تۆ خۆت ئاگات لێيە من دوێنێ نامەی هەزارهەمينم بۆ ئەو نوسی. ئێ، چيبکەم، خۆ هەر نوسينی نامەکە مەرجنيە خۆ ئەبێ نامەکە بەکەڵکی ئەوە بێت کە بخوێنرێتەوە ودەماری گرژ نەکات.
ويژدان: ئەم جارەيان جياوازە، سێ رۆژە ئەو شيعرت بۆ ئەخوێنێتەوە و گەشکەت پێئەکات و لەخۆشيا نازانی چيبکەی. ئێ جيياوازی چييە، چ لە تەلەفيزيۆندا ئەو کۆڕ بگرێ يان لە لە هەرشوێنێکيتر، گرنگ ئەوەيە ئەو، ئەو شاکارەی نوسيوە و لەم خزمەتکردنە مەزنانەی خۆی هەر بەردەوامە. من وەکو ويژدان خۆ من هەر لە شيعريش تێناگەم، باوەڕبکە ئەم جارەيان وويژدانی منيشی جوڵاند. دوای ئەوە تۆ ئەوە نزيکەی سيانزە ساڵە نامەت بۆ نە نوسيوە. لەبيرتدێ چەند خێرا وەڵامی دايتەوە و چی بۆنوسيبووی. وا من دەقی وەڵامەکەی ئەوت بۆ ئەخوێنمەوە:
<<ڕاستە ئێمە يەکترمان نەبينيوە بەڵام ئەوەتا شيعر وەک پردی خۆشەويستی و دۆستايەتی بەيەکمانەوە ئەگەيەنێ. ئەوەی ڕاستيبێ ئێمە ئيتر چارەنوسمان بووە بە چارەنوسی شيعر و لە يەکتر جوێ نابينەوە. وەک ئەزانن تەمەنێکی دورودرێژە لەگەڵ ئەم بارانەدا باريوين و لەگەڵ ئەم گەردەلولەدا گێژئەخۆين. لە هەوڵدان نەکەوتوين و دنيای شێعريش ئەوەندە بەرين و بەر فراوانە تخووبەکانی ناديارن. ئەوەی ئێمەمانانيش کردومانە، دڵۆپێکە لە دەريا. من هيوام وايە، ئيتر نەوەکانی دوای ئێمە خەرمانی تازەتر بخەنە سەر ئەزمونە ناتەواوەکانی دوای ئێمە و دنييای جوانتر لەم جيهانەدا بدۆزنەوە.>>
 من: باشە، بەڵام بە مەرجێ کە تۆش لەمەولا ئەوەندە دڵت ناسک نەبێ و ووڕکم لێنەگری. تۆ ئەزانی لەسەر ئەو جوتە کۆترە باريکەيەی لەباڵکۆنەکەمان تازە بە تازە هێلانەيان دانابوو چيت پێکردم؟ حەوت مانگ منت کرد بە پاسەوان بە دياريانەوە، تا لە هيلکە کردن و هێلکە تروکان و جوقان و گەورەبونيان بيان پارێزم. حەوت مانگ بالکۆنەکەمانت لێحەرامکردين،. بۆ جەنابی کۆتەرەباريکەکانی تۆ! يان لەسەر ئەو شارە مێرولەيەی باخەکەمان کە منداڵەکانم بێ ئاگا تێکياندا، چۆن هاوارت لێهەستا، واتلێکردم ئێستەش لێيان نەبڕمەوە.
ئەی لەدوای ١٧ی شوبات و ١٩ی نيسان چيت پێنەکردم؟ بەڵام خۆت ئاگات لێبوو من زمانم لاڵ و بيرم پەرت و مێشکم وەستا!
مەرجەکەی ترم ئەوەيە کە شێرکۆ ڕێگەم بدات شيعرەکانی خۆی ناوئاخنی ئەم نامەيە بکەم بۆ ئەوەی يادگارەکانی بيربهێنمە و خوێنەر هەست بە بێزاری نەکات. هيوادارم کاک شێرکۆ بەمە ڕازيبێ و لێمان زويرنەبێ!
وو باشە، بەڵام خۆ دڵناسکی منيش بەدەست خۆم نييە لەبەر ئەوە سەددەرسەد ، بەڵێن نادەم.
 کاک شێرکۆ، حەزمکرە ئەم گفتوگۆيەی منو ويژدانت بۆباس بکەم، بۆ ئەوەی هەندێ زياتر لێمتێبگەی چونکە زۆرجار واهەست ئەکەم کە وويژدانيشم لايەنێکە ئەبێ گوێيلێبگرم و لێم نەيەتەزمان چونکە من حەزئەکەم هەموو کەسێ يان شتێ بێتە زمان و  ئەو نە، ئەو کە بێتە زمان، ئيتر من ئەبێ دەست لەسەر سنگی ئەو بم، هيچ چارەيەکم نامێنێ. کە ئەڵێ ئەمە بکەو ئەمە مەکە، ئەگەر بەگوێی نەکەم ئەڵێ، ئاخر دڵم ئەشکێ و ئەگريم. ئاخر شێرکۆ گيان چۆن مرۆڤ دڵی وويژدانی خۆی ئەشکێنێ، چۆن ئەيەڵێ ئەو بگری؟! چۆن پێم ناڵێی؟ چۆن؟
من نازانم کردگار ئەم بابەتە وويژدانەی بۆ نەکردە گيانی هەندێ لە کاربەدەستە باڵاکانی کوردەوە و نەيەڵێ بخەون، تا شتێ بۆ ڕزگاری کورد و دژی گەندەڵی و بێکاری و ناحەقی ئەکەن؟
هيوادارم بە هەڵە لێمتێنەگەی، ويژدانی باش هەميشە باشە وە بگرە مرۆڤ بە ويژدانيشەوە مرۆڤە. بەڵام لە ووڵاتێکی ديموکراتيدا کە ياسا فەرمان ڕەوايە و بەرقەرارە، ويژدانی خراپ ئەاتوانێ چ دەورێکی خراپ ببينێ؟! مرۆڤێکی ويژدان لاواز ئەتوانێ چ ناڕەواييەک بنوێنێ؟ بۆ نمونە، چۆن ئەتوانێ گەندەڵبێ؟! خۆ ئەگەر خوانەکردە بوو، ئەوە ياسا و ئەوە پۆليس و ئەوە مەحکەمە و ئەوە دادوەر و ئەوە بەنديخانە؟
کاک شێرکۆ گيان، تۆ زياتر بە قوڵايی ناحەقيەکاندا ڕۆچويت و هەوڵتداوە ڕوبەڕويان ببيتەوە، هۆکاری ئەم قەيرانی بێويژدانيە چيە؟! ئايا ويژدان وون ئەبێ؟ يان ئەفرۆشرێ؟
 ئەم جارەيان پێويست بوو ئاوا بە نەرمی لەگەڵ ئەودا قسەبکەم ئەگينا، خۆم ئەزانم دەستی ئەکردەوە بەگريانەکە. ئاخر کاک شێرکۆ تۆش لە من زياتر ڕقت لە گريان نيە؟
بەڵێ، گريان هەندێ جار خۆشە، وەبگرە من زۆر جار لەخۆشيا ئەگريم. بەڵام گريانی وويژدان، گريانی دايکی شەهيد و خوشکی شەهيد و گريانی باڵندە و گريانی گيانلەبەر و گريانی شيعرەکانی تۆ وگشت کوردستانم بيرئەخاتەوە، توخوا تۆش وانيت، کاک شێرکۆ؟
*******************************
کاکە شێرکۆ، تکايەا لێم مەگرە، چيبێ لە تۆ شاراوەبێ، نابێ لێتبشارمەوە، ماوەی چەند ساڵێکبوو گومانێکی لەعنەتی يەخەی گرتبوم، زوو زوو پرسياری لێئەکردم، ئەيوت: تۆ زياتر لە٤٠ ساڵە دەروێش ئاسا شيعری ئەم شاعيرت ئەخوێندەوە و ئەتوت گوايا ئەو فێری خۆشەويستی ووشەی کوردی کردووی، يارمەتی داويت لە بەهێزکردنی گيانی خۆشەويستی نيشتمان، ئەی ماوەيەکە بۆ ئەم بولبولە خۆشخوانە زوو زوو لە ئاست ئەم هەموو دەستنوێژەی لە نيشتمان ئەشکێ، ئەم هەموو گوناهەی لە نيشتمان ئەکرێ، نايەتە زمان؟!
ئەگەر پێنوسەکەی لەسەر ئەم هەموو تاڵانيکردنەی نيشتمان و باڵکردنی کۆتری سپی ئازادی و بەفيڕۆدانی ئەو هەموو هەلە مێژووييانە و بەکارهێنانی زەبرو زەنگ نەک لەگەڵ گەندەڵکارەکان يان دوژمنان و ناحەزانی کوردستان بەڵکو لەگەڵ ئەو کەسانەی بێپەروا  دژی گەندەڵی ئەجەنگن و نيشتمان پەروەران، نەيەتە زمان، دەپێمبڵێ کەی دێتە زمان؟! ئێ کاک شێرکۆ، منيش ئەوکاتانە نەم ئەزانی چيبڵێم؟!  لەبەر بێ وەڵامی، گومانێکی گوناهاوی ڕەش خەريکبوو ناخی ئەخواردم، ئەم گومانە نەعلەتيە هەر خەريکبو لەدڵما گەورەئەبووە ڕەش ئەبو منيش دەستەوسان لەبەردەميا دۆشداماووم. لە دڵی خۆمدا ئەمووت: شێرکۆ ئەی بولبولی خۆشخوانی نيشتمان، تۆ ئەوەندە بەسەرسامی بەرامبەر ئەو دانيشتوی، بۆی چڕيوی، دەنگ و ڕەنگی ئەوت گرتووە! ئەدی بۆچی شيعرت ناکەی بە ڕووناکی بۆ هەڵماڵينی ناهەقييەکان.
لە رۆژی ٢٥\١٢\٢٠٠٩ کە هاتی بۆ ماتەمينيەکەی دايکم(يادی بەخێر)، لە دواوە بەتەنيا دانيشتی، هاتم بۆلات وە بەخێرهاتنم لێکردی، ڕاستيەکەی هەر ئەو کاتە حەزمئەکرد ئەم ڕازەت لا بدرکێنم. بەڵام باش بوو هەر زوو زانيم کە نابێ لە خەياڵت بدەم، چونکە تۆ مەلی خەياڵت لای عەمبەر خاتون و مەولەوی و ڕيشی ئەو بوو، توخوا، وا نەبوو؟
 حەزمکرد پێتبڵێم، تۆ ٤٠ ساڵە سەبوری دڵی من ئەدەيتەوە، شيعرەکانت، هاتنت مايەی سەبوريە، هەرواش بوو، نەمهێشت هەستی، هەر بە دانيشتنانەوە، ساتێک چاومان بڕيە چاوی يەک و بە سەرسامی بێدەنگی ساتێک وەستاين.
 کە گەڕامەوە و بەسەرپێوە ڕاوەستامەوە، لە پێشهاتنت بەخوڕتر ئەگريام بۆ دايکم و بۆ دايکی نيشتمانی بريندارم و لەداخی ئەو گومانە گومڕايە، کە نيگەرانی کردبووم.
ئاخ تۆ بڵێی دواهەمين پەيامبەری شيعری نوێی کوردی، کوڕی بەئەمەکی نيشتمان چ هێزێکبێت ببێتە لەمپەر و ڕێگە لە”” تريفەی هەڵبەست””ی تۆ بگرێ، نا، کەس ناتوانێ، ناتوانێ…
ئەگەر هەڵۆی بەرزەفڕی شيعرت لەسەر جێ نزرگە بێنازەکەی باوو باپيرانت نەيەتە زمان کە کونەبەبووەکان وقەلەڕەشەکان و داڵەکەرخۆرەکان و شەمشەمەکوێرەکان و جرجی زێرابەکان کە چاويان بە ڕوناکيا هەڵنايەت کە چی پێئەکەن، ئيتر چۆن ترسم نەبێ، گومان دامنەگرێ؟ داخۆ ئەم بێدەنگيە بۆ؟ تاکەی؟
ئەو کاتانە لە دڵی خۆمدا ئەم ووت: ئەی ئەو کەسەی شيعرەکانت ئەڵێی کانيەکی بەخوڕی ووشەی پاراوی کوردييەو خۆشەويستی کوردوستانی لێهەڵئەقوڵێ. تاکەی چەکوشی توڕەت ناخەيتە گەڕ؟.
ئەوە تۆ نەبوويت ١٩٩٦ کە ئەم شيعرەی خوارەوەت نوسی:
لەم مێژووە زڕەدا خۆم و خۆم تيغين و نێزەين و
ئەچينە ناو جەستەی يەکەوە. خۆم و خۆم
بڕبەندين لە قەدی يەکتردا. خۆم و خۆم
گابەردين تل ئەدەين دێينە خوار هەر
بە سەر يەکتردا. خۆم و خۆم گوێزانين ڕائەکەين
بە جەرگی يەکتردا.
خۆم و خۆم تاوان و شايەتين پێکەوە.
خۆم و خۆم سێدارە و جەللادين پێکەوە.
         ***
ئازادی! کامەيە ئازادی؟!
ئازادی ئەسپێکی شەکەتە و ئەشەلێ و
هەموو ڕۆژ بار ئەکرێ لە فيشەک!
نيشتمان ! کامەيە نيشتمان!
ئەو عەردەی هەموو ڕۆژ دوو سێ جار ئەيکوژن؟!
ئەو دەشتەی کە بۆتە تاتەشۆر؟!
ئەو شاخەی کە بۆتە دارەمەيت؟!
ئە و بەرد و ئەو قوڕ و ئەو چەو و ئەو لمەی
زيندانی لێ زاوە؟!
کامەيە نيشتمان؟! کامەيە ئازادی؟! نازانم…
ئەو ئاوەی بە ڕۆژی نيوەڕۆ سەرچاوەی ئەدزن؟!
ئەو يارەی لە خەودا چاوانی ئەدزن؟!
ئەو هەورەی پێش باران، بارانی ئەدزن؟!
ئەو مانگەی لە شەوی چواردەدا ئەيدزن؟!
نازانم کامەيە نيشتمان؟! کامەيە ئازادی!
ئازادی ئەسپێکی شەکەتە و ئەشەلێ و
هەموو ڕۆژ بار ئەکرێ لە فيشەک
ئەوەتا نيشتمان گەراجە بۆ تايەی قاچاغ و لۆرييە بۆ درۆی سەرمۆر و
گومرگە بۆ خوێن و بۆ خەم و جگەرەی ستۆک و دروشمی ستۆک و …بازاڕە بۆ سيمای سياسيی مووزەوەر!
لەم مێژووە زڕەدا…هەر دۆزەخ ئەزێت و هەر شمشێر سک ئەکا و مەرگەوەڕ ئەبێتە پێغەمبەر!.

 نەم ئەزای کە تۆ کوانو مەکۆی پشکۆی گەشاوەبوويت و بە خۆتا ئەچوويتەوە و خۆتت ئەخواردەوە.
دوای ئەوەی ئەم هەموو ناهەقييانەی ئەم دوايە ئەم هەورەگرمانەی ئەم دواييە، کانياوی شيعری تۆيان تەقاند، ئيتر من دڵخۆش و ترسی ئەوەم نەما کە کانيياوی شيعرت ووشکی کردبێ. ئيتر سێبەری تۆقێنەری گومانە ڕەشەکە ڕەوييەوە. بەڵام، نا، من تۆم ناسيبێ لەم ٤٠ساڵەدا، ئەبوايە گومانم نەبوايە. بەڵام بڵێم چی؟ ئەوەندە خەڵکمان بينی پارەو ماڵ شەوارەی کردن، ئەوەندە قەڵەمی فرۆشراومان بينی ئەوەندە جار نيشتمانيان کرد بە پەڕۆی بێ نوێژ، سەريان لە ئێمەش تێکدا. ببورە کاک شێرکۆ ببورە….
کاک شێرکۆ ئەزانين، ئاگادارين، کە لەسەر تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نوس سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌وه‌ وە رۆشنبیر د.عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف‌و تا ئه‌م تاوانه‌ی‌ دوایی، تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ گه‌نج سه‌رده‌شت عوسمان هاتيتە زمان بەڵام گيانە، ئێمەی ئەويندارانی شيعری ئێوە، چاوێکمان لە ڕێيەو چاوێکمان لە دەرگای شيعری تۆ. بە سەرەتاتکێی شيعرەکانيشت شاد ئەبين، چجای بينينيان!
*******************************
ئۆخەی دوا پەيامبەری شيعری نوێی کوردی، ئۆخەی. ئەم ئێوارەيە ٧\تەموز\٢٠١١، هەموو ديوانەکانت ئەخەمەوە سەر مێزەکەم و ئەچمە خەڵوەتی شيعرەکانتەوە…
کاکە شێرکۆ توخوا کە چامەکەت ئەخوێندەوە، واتهەست نەئەکرد هەموو هاوڕێيانی کاروانی ئەدەب و شيعری کوردی لەوێن؟ کۆڕە ئەدەبييکەی جارانە و هەمو بە سەرسامييەوە گوێت لێئەگرن؟ کە تەواوبوی، من خۆم بينيم هەمويان فرمێسک لەچاو، هەستاون و بەيەکەوە چەپڵەت بۆ لێئەدەن. هەر بۆيە لەخۆشيدا نەتئەزانی چی بڵێی، چيبکەی. ئەوە بوو چوی بۆلايان و يەکە يەکە لە ئامێزت ئەگرتن و ماچت ئەکردن و ئەوانيش بەهەمان شێوە. توخوا، وانەبوو؟!
بەڵێ، وايە، ناوەڕۆکی شيعرەکانت زۆر دڵتەنگن، زۆر غەمبارن، زۆر ڕەشبينن وە بەڕاستی کارەساتە.  تۆ کە خۆت باوکێکی بەئەمەک بووی و نيشتمان خوێنە و لە دەمارەکانی جەستەتدا خولئەخوات، ئەزانی چەند گوناحە بە نيشتمان بڵێی “باوکێکی گەوج”. ديارە لاری ولۆری و خواروخێچی و چەوتی و ناحەقيت زۆر بينيوە و ئەم ڕاستيە هەر لەخۆتەوە ناڵێی!
 جگەلەوەش ديارە کە پێش هەموو شتێ تۆ ڕاستگۆی لەگەڵ هۆش و بير و هزری خۆتدا. ئەم ڕاستگۆييە گرنگە. تۆ خۆت ئەزانی کە، ئەمەيە کە پێنوسی دەرباری پارە و ماڵ و دەسەڵاتداران لە پێنوسی “باخەڵێکی ئەمين” جيا ئەکاتەوە. ئەمە يە شاعيری ميللی و شاعيری بازرگانی ووشە و شايەر جيائەکاتەوە لە يەکتر.
بە چامەکەی ئەم سێ ڕۆژەتا(ڕۆژی ٦ تا ٨ی تەموزی ٢٠١١) وا هەست ئەکەم ، لە دڵی خۆتدا بڵێی، خۆزگايە ئاوازدانەر بوومايە و “ناڵەی بێکاری” گۆرانم بکردايە بە سرودی نيشتمانی. بە چامەکەی ئەم سێ ڕۆژەتا واهەست ئەکەم ئازارەکانی نيشتمانت زۆرتر بووە و پڕبەدڵ حەزئەکەی چامەکە ناڵی بچڕی:
زارم وەکو هيلال و نەحيفم وەکو خەياڵ!
ئايا دەکەومە زار و بە دڵدا دەکەم خطور!
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هيجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و با چاوا بکا عبور!

يان وەک جاران بڵێيت:

<< دەستم برد بۆ چڵی دارێ
لە تاو ئازار لق داچڵەکی
 کە دەستم برد بۆ لقەکە
 ناوقەدی دار کەوتە هاوار
 کە باوەشم کرد بە قەد دا
 خاک لەرييەوە لە ژێر پێمدا بەرد ناڵاندی
 ئەمجارەيان کە دانەويم خۆڵم هەڵگرت
 گشت کوردستان زريکانی.>>
  تۆ لەبەر ئەوەی کوردستان لەناختدايە، خۆت و ئەو لەيەک جياناکەيتەوە، يان ڕاستر بۆت لە يەک جيانابێتەوە. لە هەر شوێن و کاتێ ئەو توشی ئازارببێ تۆش بە هەمان شێوە. ئەوەتە ئەڵێی:
<< مێژوو هات و باڵای خۆی گرت بە باڵای زامەکانی تۆ
 زامەکانت يەک دوو قولانج درێژتر بوون.
کە زەرياش ويستی قوڵايی زامی خۆی و تۆ بپێوێ
 هاواری کرد و خەريک بوو، ئەو لە ناو تۆدا بخنکێ>> 
ئەمشەو کە تۆ شيعرت ئەچڕاند، هەر وەکو پيشەی هەميشەييم لەگەڵ شيعری تۆدا، لەگەڵ هەموو وێنەيەک و ديمەنێک و ڕستەيەک و ووشەيەکدا، چاوم فرمێسکی ئەباراند بۆ جوانی هونەری شيعرت لەداخی دواکەوتنمان، دوبەرەکيمان، نەزانيمان. سەيرەکە لەوەدابو کە ئەم فرمێسکانە خەفەت ڕەوێن و تەسکينی بو بۆ گيان و دەروونم.

کاکە شێرکۆ، ئاواتەکەی باوکت دەمێکە هاتۆتەدی ،”شێرکۆ لايلايە، شێرکۆ لايلايە ياخوا شێرانە بێيتەناوکايە ، ئێمە هەموو گەواهی ئەدەين “. ئەرێ بەڕاست لەکاتی خوێندنەوەی چامەکەتدا، وات هەستت نەئەکرد کە بووبيتەوە بە ساواکەی جارانی باوکت و دەنگی “ياخوا شێرانە بێيتە ناوکايە”ی ئەو لە ناختدا دەنگبداتەوە؟ بەڵام بە پێچەوانەی ئەو نانەی کە لە چامەکتدا باستکرد: کە برسيە هەژارەکە ويستی دەست بۆ نانەکە بەرێ، نانەکە بووەوە بە هەوير و لەهەويريشەوە بو بە کێچ و ئەسپێ، تۆ بە باوکتت ووت: من خۆم قسە ناکەم، بابە، بڕۆ پرسيار لەکێ ئەکەی لە چی ئەکەی بيکە، لەدار و بەردی نيشتمان، ئاو، کانی، شاخ، گرد، دەشت، کێو، دۆڵ، لە هەموو کەسێکی بەئەمک بۆ کوردستان، بڕۆ پرسياربکە. ئێمەش ئەڵێين ئەی بێکەس دەرونت ئاسودەبێ، وەجاخت ڕوونە، گيا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوايەوە.
*******************************
کاک شێرکۆ، ئەوکاتانەی شيعرەکانی تۆ خەريکی باڵەفڕەبوون لە ئاسمانی شينی ئەدەبدا ئێمەی منداڵی زيت و بە ئاگا، خەريکی چاوشارکێبووين لەگەڵ شيعرەکانی تۆدا. بەڵام براوە هەميشە ئێمەبووين نەک شيعرەکانی تۆ. لە هەر شوێنێ خۆيان بشاردايەتەوە، ئەماندۆزينەوە. لەهەر گۆڤارێ يان ڕۆژنامەيەک بڵاوت بکردايەتەوە، ئێمە بە قێچی دەرمان ئەهێنا يان بەدەستوخەتی خۆمان ئەماننوسييەوە. خۆ ئەو کاتانە ئينتەرنێت نەبو،لە بيرتدێ کە لەسەر چاپکەرێ مرۆڤ لەسێدارە ئەدرا؟!  مەکتەب بە مەکتەب، پۆل بە پۆل، گەڕەک بە گەڕەک، دەستاودەستمان پێئەکرد و ئەمانخوێندەوە. لەبەر ئەوە سەرسام مەبە کە ئەم نامەيەت بۆ ئەنوسم. ئەم “‘خۆشەويستيە کڵۆبەفرەکەيە و خولاوەتەوەو گەورەبووە””.
هەڵبەتە ئەم خۆشەويستی شيعر و ئەدەبە ڕێکەوت نەبوو. کاکی خۆشەويستم کاک حسێن گيان، کەشکۆڵێکی هەبوو، شيعرێکی زۆری تيا نوسيبووەوە. لەم ديوانەوە فێری خوێندنەوەی شيعر بووم. بەيانيان هەنێجاريش شەوان شيعرم ئەخوێندەوە. ڕەنگە ئەم کەشکۆڵە شڕە يەکەم پردی نێوان تۆ و من بووبێ، چونکە تا ئەو کاتانەش بەرهەمەکانی شاعيرە سەربەرزەکانمان چاپ نەکرابوون و شيعرەکان دەستاودەست ئەکران. بەتايبەتی شيعرەکانی مامۆستا گۆران. ئيتر من لەوکاتەوە خۆشەويستی شيعر و ئەدەب چووە دڵمەوە. جگە لەوەش هەم کاک حسێنم وە چ باوکم (يادی بەخێر) بە شێوەی لاواندنەوە شيعری مەحوی و نالی و مەولەوی و حەمدی و ئەوانيتريان ئەچڕيەوە، بەتايبەتی بەيانيان وە شەوان.
*******************************
لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ منداڵی و مێردمنداڵی خۆشە، حەزئەکەم زۆر بەکورتی باسێکی منداڵی خۆمت بۆ بکەم، بەڵکو ئەمە هەندێ يادگاری مێردمنداڵی تۆش بيربهێنێتەوە!
 ماڵی ئێمە لەگەڕەکەکەی ئەوديوی گەڕەکی ئێوە بوو(سابونکەران)، هەووڵ ئەدەم کەمێ بۆت وەسف بکەم، بزانم نايناسيتەوە. سەکۆيەکی گەورە و سەرتەنورێک و دوو دار هەنار و دوو دار هەنجير و دارتويەک و سێ چوار سنەوبەر. کاک عوسمانی دراوسێمان چەند کوورە هەنگێکيشی هەبوو. لە هەمانکاتدا زۆر حەزيشی لە گوڵ بوو. ناوی هەزار گوڵی ئەزانی و هەزار جۆر گوڵی هەبو، فەرهەنگی گوڵێ بو بۆخۆی! زۆر بۆی هەيە کە تۆ ماڵی ئێمە ئەو کاتانە بينينێ، هيچ نەبێ لەسەربانەوە، ئەويش لەبەر ئەوەی کە کاک عوسمان، دراوسێی ئازيزمان، زۆر حەزی لە کۆتر بوو، با بڵێين کۆتر باز بوو. بەخوا ناوی هەزار جۆر کۆتری ئەزانی، پەڕلەپێ، هاقو، تەقلەباز،.. ئەوەی هەرگيز لەبيرمناچێتەوە، بۆنی خۆش و کوورەی هەنگ و هەنجيری بەيانيان و گووڵە هەنارە و کۆتر و …
لەبيرتدێ کە تەقلەدانی کۆترت ژماردبێ؟ من زۆرجار تا پێنج، شەش، حەوتيشم ژماردووە. ئەکرێ ئەو کۆترە تەقلەبازانە هی کاک عوسمانی دراوسێی ماڵی ئێمەبووبن. من ئەڵێم بۆی هەيە ئەوکاتانەی کە منداڵبوويت و بەهاران سەربان بەسەربانت ئەکرد بە سەعيکردنەوە يان بەدوای کۆلارەهەڵدانەوە، ئێواران لەسەربانی ماڵی ئێمەش سەرتهەڵدابێ. سەربانەکەمان لەبەهاراندا لە گردێکی سەوز و پڕ گوڵ ئەچوو.
خانووەکە ماڵی کۆتايی بوو، لەو کۆڵانەی کەبەرامبەر گەلەريەکەی خاليد زامدار بوو! ئەو هونەرمەندەی بە شيعرێکت نەمردت کردووە.  هەر پەنجا مەترێ دووربو لە بەردەرکی سەرای ئازاديەوە. ئەمە ماڵی ئێمە بوو تا ١٩٦١. دوای ئەوە گوێزامانەوە بۆ گەڕەکی گۆيژە.
بەڵام کاک شێرکۆ ئێمەش وەک ئێوە هەژاربوين بە دە سەرخێزانەوە وە بگرە ئەگەر کاکە حسەينم و کاکە ڕەئوفم کاريان نەکردايە و هاوکاری باوکم نەبونايە، هەر بە تەواوەتی پەرێشان ئەبووين. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دڵفراوان وە زۆر ميوان بووين. من هەتا ئيستاش دوای نزيکەی پەنجا ساڵ تريقەی پێکەنينی ئەوکاتانە لە گوێمدا دەنگ ئەداتەوە. ئێستاش لە بيرمدێ لە ماڵەوە ئەو هۆنراوەيەی گۆرانمان هەڵواسيبوو: کەسێ لەدنيا لەتێ نانی بێ، کەلەوە کۆنێ ئاشييانيبێ، پياوی کەس نەبێ، کەس پياوی نەبێ، هەر ئەو ژيياوە و هەر ئەو ژيانی بێ.

کاک شێرکۆ گيان، ئەوە ئەوکاتانە بوو، ووڵات دواکەوتو، خەڵک هەژار، ئەی ئێستا چۆنە کاک شێرکۆ گيان؟ تۆ خوا پێمناڵێی هەندێ کەس بە چی، بە چەند تێر ئەخوات؟ ويژدان، ياسا، حيزبايەتيکردن لەم مييانەيەدا چ ڕۆڵێک ئەبينێ؟! 
*******************************
کاک شێرکۆ دوێنێ شەو تەنيابووم، هەموو ديوانەکانی ئێوەم کۆکردەوە و لەسەر مێزەکەم لە سوچێکی ژورەکەم دامنان، ڕوناکيەکی کز لەسەريان. خۆشم، ووێڵ و ئاوارە بەدوای “”دەربەن پەپولەک””تدا. سسس بەهۆی ماڵگوێزانەوەوە، هيچ شتێ لە شوێنی خۆی نەماوە، دەربەن پەپولەکەی تۆش خۆی لێشاردومەتەوە، ئاخ ماڵ گوێزانەوە ئاخ! بەدەم چڕينی شيعری تۆوە، وە هۆرەی جافی وبابە بابەکەی ڕەفيق چالاک، بەدوای ئەودا ئەگەڕام. نيازم هەبوو، دوای دۆزينەوەی “”دەربەن پەپولە””کە خەڵوەتێکی شيعری تۆ بگرم.
لەدڵی خۆمدا ئەموت ئەی هاوار بست بە بستی ئەم ماڵە گەڕام چيلێهات؟! تەلەفنم بۆ هاوڕێيەکی شيعر دۆست کرد و بۆم باسکرد، ووتی لەکاتی ماڵگوێزانەوەکەدا ئەووت لەکوێدا دانابوو؟ ووتم نازانم لەوانەيە تێکەڵم کردبێ لەگەڵ کتێبە کۆمپيوتەرەکانيترمدا.  ووتی دە بەخوا هەر ئەوەيە کە من هەر لەسەرەتادا دەرکمپێکردبوو، برا من ئەو ديوانە بناسم گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ڕەگەزەی لێی دروست کراوە، پەپولە! ووتم چۆن؟ ووتی دوورنيە وشە بە وشە، لاپەڕە بە لاپەڕە بوبنەوە بە پەپولەو هەڵفڕيبن، ئێ ئاخر ديوانێکی وا بەم ناسکيە چۆن لەگەڵ کتێبی کۆمپيوتەردا هەڵئەکا؟! کۆمپيوتەر و پەپولە کوجامەرحەبا؟! بەدوايامەگەڕێ!
*******************************
   ئەوکاتانەی دنيا بێدەنگەو تەنيام، زۆرجار مەلی خەياڵم ئەداتە شەقەی باڵ، ئەفڕێ لەهەر هەوارێ نەرمە نسێنبێ، لای هەرکەسەی خۆشمويسبێ لەوێ لائەدات، لای ئەوان ئەبێ بە ميوان. دەمێ سەردانی گردی سەيوان بۆلای ئارامگا و مەزاری ئازيزان يان مامۆستا خۆشەويست و دڵسۆزەکانم: مامۆستا ڕەشيد و مامۆستا عيرفان و مامۆستا جەميل و مامۆستا مەسيح ئەسکەندەر(خوالێخۆشبوو وە خۆشەويستم)  و مامۆستا ئەوڕەحمان و مامۆستا قادر و مامۆستا ڕەئوف و…ئەکات دەمێکيتر سەردانی بنەماڵە و بە تايبەت کاک حسێن گيان و هاوڕێيانی منداڵيم و منداڵانی گەڕەک و … دەمێکيتر، ئەم مەلە بزێوە ناسرەوێ و ئەڕفێ و ئەفڕێ کۆڵان و مەکتەب و بازار و دواتر بۆ بنکە ئەدەبيەکان و ئەو بنکانەی کە تۆ و هاوەڵەکانت ناو بە ناو لە ژێر سێبەری چەقۆ و ئەشکەنجەو سيخوڕو کوشتندا، کۆڕی هۆنراوە و وێژەتان تيادا ئەبەست و ئاپۆرای ئەو شارەتان ئەهەژان. لەوێ لائەدات و لەسەر سنەوبەرەکەی ئەنيشێتەوە. لە مەل و خەياڵ دەرئەچێ و وائەزانم خەوئەبينم. هەر لە خەوەکا ترس دامئەگرێ ترسێکی زۆر: تۆ بڵێی ئەم ئێوارەيەمان لێتێکنەدەن و لەبەرچاومان ئەم خۆشەويستە ئەويندارانەمان زنجير نەکەن؟ تۆ بڵێی؟! هەر لە خەوەکا، ئەڵێم خوايە گيان خەبەرم نەبێتەوە بەڵکو ئەگەر تۆزێکيشبێ، گوێم لە ئەحمەد هەردی و کاک شێرکۆ و کاکەی فەلاح و حەسيب قەرەداغی و شاکير فەتاح و حەمەی مەلاکەريم و لەتيف هەڵمەت و حەمەی حەمەباقی و کەمال ميراودەلی و ئەوانيتری خۆشەويستانم بگرم. ئەحمەد هەردی مژدەی ئەوەی درکان کە ئەو تازەبەتازە شيعرەکەی “فاتيمە دوو چاوی مەستت پڕ تەليسمی جوانيە: پڕ شەرابی خۆشەويستی و ئارەقی يەزدانيە”ی دوای دەيان ساڵ چاوەنواڕی تەواو کردووە و ئەيەوێ بۆمانيبخوێنێتەوە. بەڵام ئەفسوس لەم کاتەدا منداڵەکەم خۆی ئەکا بە ژووردا، بابە، بابە چی هەيە بيخۆم، ئەبێ زوو بڕۆمەوە بۆ قوتابخانە.
کاک شێرکۆ ئێوە ئەو ڕۆژانە هيوا و وورە و ژيانبەخش و ڕەنگو دەنگی ئازادی بوون.
<<ئەبێ لە ناو ئەم تەندووری خوێنە شێتە و لەبەردەمی ئەم گەرداوە چەمووشەدا، شيعر چی بکات؟! ئەبێ وشە بچێ بۆ کوێ و ببێ بە چی؟ ئەبێ وشە بچێ بۆ کوێ؟ ئەگەر ئەبێ بە پەپولە، هەر بە هاڵاوێ ئەسوتێ!. ئەگەر ئەبێ بە باخچەيەک هەر دووکەڵ چاوی کوێر ئەکا. ئەگەر ئەبێ بە کانييەک هەر بە تەقەيەک کەڕ ئەبێ. ئەگەر ئەبێ بە بولبلێ، هەر بە گرمەيەک لاڵ ئەبێ. ئەم پرشنگە، ئەگەر ئەچێتە ژوورەوە و دەرگا لە سەر خۆی دائەخات، شەوێک ڕەنگی هەڵئەبزڕکێ و دوور لە نيشتمانی ئاسۆ، لە سەر جێگايەکی شێدار، تەنيا ئەمرێ!. ئەم خەياڵە، ئەگەر خۆی ئەکات بە خەڵوەت، بۆ ئاسمان و جريوەی دوور، ئەوسا تەنها خوا ئەيبيستێ و خەڵک نايبيستێ. ئەم سترانە! ئەگەر لێوی خۆی بدوورێ، لێوی قەڵبەزە و شەپۆل و دەمی دەرياچەش ئەدوورێ! ئەم ئازارە، ئەگەر تێکەڵ بە گڵ نەبێ، گوڵەگەنم چۆن بزانێ ژانی ئەوە؟! ئەم فڕينە، ئەگەر نەبێ بە تەتەری خۆشەويستی، عەشق بە چيدا بزانێ، باڵی ئەوە؟! ئەم ئاوە، گەر زەوی لە زمانی نەگا و ڕەگ نەيەوێ و دارستان گوێی لێ ڕانەگرێ و بەرد بە هاژەی هەڵنەپەڕێ و گژوگيا نەيخوێننەوە و زيخ و چەو نەينوسنەوە و مێرگەکانيش ماچی نەکەن، بۆچی ببێ؟!! من شيعرم کرد بە خڕکە بەردی سەنگەرێ، تا مردن بگێڕمەوە و مانگ نەکوژرێ. ڕێگا نەبوو…من شيعرم کرد بە خڕکە بەردی سەنگەرێ، کە لەوێوە ئازادييشم تەقە لە مردن بکات و سەری تاريکی هەڵگرێ!……….>>

هەتا ئەمدەورەم نەبينی، واتا ساڵانی دوای ڕزگاری عێراق ٢٠٠٣، ئەوەی بەخەياڵمدا نەئەهات ئەوەبو کە کەسێ هەبێ لەم کوردستانە ئەو ڕۆژگارە ڕەشانەی بيربچێتەوە. بەڵام ئەفسوس!
*******************************
کاکە شێرکۆ گيان، نهێنيەکی تايبەتم هەيە حەزئەکەم لای تۆ بيدرکێنم: من خۆڕسک ئاسا ڕقم لە قەرز و قەرزاريە. خەمەکەم ئەوەيە کە من خۆم زۆر بە قەرزاری تۆ ئەزانم وە لەوەش ئەچێ نەتوانم هەرگيز ئەم قەرزانەت بدەمەوە. ناشتوانم ئەو ڕاستيەت لێبشارمەوە چونکە لەو باوەڕەدام کە ئەمە لە نەدانەوەکەی خراپترە وە ڕەنگە هۆکاری ئەم نامە تايبەتيەم ئەو قەرزاريە بێ،  لەبەر ئەوە ناچارم بۆتباسبکەم، چۆن؟!
 تۆ لە تەنگانەترين وە ئەنگوستەچاوترين ڕۆژگاردا يارمەتی منتدا، قەرزی ئاواهی چۆن لەبير ئەچێتەوە؟! قەرزی وا چۆن کۆن ئەبێ؟! ڕۆژگارێ بوو ڕەش زۆر ڕەش، ئەنگوستەچاو، ئەوکاتانەی تۆ شيعری تەمتومانت ئەنوسی و هاوارتئەکرد:
<<ئەم هەموو کۆستانە لە کوێدا دابنێم؟ گڵۆڵەی ئەم هەموو ژانانە لە چيدا هەڵگرم؟ ئەم زەنگی زريکە و قيژانە بەرمە کوێ؟ پڵپڵەی ئەم هەموو فرمێسکە؟ گەردانەی ئەم هەموو هەنسکە بە چيدا هەڵواسم؟من بەچی بەستەکی ئەم هەموو ژانانە شەتەکدەم؟ جانتای شاخ سيخناخە! بوخچەی هەرد نايگرێ! پرياسکەی پێدەشتيش شيتاڵە! لەکوێدا داياننێم؟ سەيرکە: ئەم هەموو بارانە کوژراوە، ئەم هەموو شەپۆلە خنکاوە، ئەم هەموو ئەستێرە پژاوە، لەکوێدا بنێژم؟ چ خوايەک دەست دێنێ و ئەم سەرە بڕاوەم هەڵگرێ و بيخاتە کۆشيەوە و، ڕەگ بەڕەگ، خوێن بە خوێن ژێ بە ژێ بيدوێنێ؟!….گۆڕستانی ئەم مێژووە، دارستانی بەردەکێلی، بێشەی فرمێسک و هەناسەی قەت ئەمەندە چڕ نەبووە. بەدرێژايی ئازار و بە پانايی دەربەدەری و بە ئەستوری چەوسانەوە و بە قوڵايی نائومێديی قەت ئەوەندە ئەم نەخشەيە، ئەم سيما پڕاگەندەيە چاوی کز و جەستەی ئاوا سڕ نەبووە. ئەم مەلانە قەت ئەوەندە باڵی ئاسمانيان نەکراوە. ئەم بەردانە، قەت ئەوەندە پێی نەياريان پيا نەنراوە. ڕێ نەبوو. پرد نەبوو. دەست نەبوو. کون نەبوو. نە فريشتەو نە پەری و نە ئاهورامزدا و نەخواکانی کۆن و تازە،..، هيچيان نەبوو، هەر خۆم و خۆم.>>
يان ئەتووت:
<<کێ دەنگی کرد ؟! کێ هاتە سەر تەرمی کانيم؟!  لە مێژووی هەڵقرچاوما، کێ بوو قومێ ئاوی کرد بە دەمی سنەوبەری سەربڕاوما ؟! کە ڕووباری لەشيان کوشتم، کام ئۆقيانوس خۆی گرژ کرد؟! پردی کام جێ دەستی گرتم؟ کە هەرمێی مەمکيان هەڵکەندم، کە شەمامەی دڵيان گوشيم، ڕەشەبای کام لا هەڵيکرد؟ کێ ورتەی کرد؟ کێ؟ کێ؟ کێ؟ کە پرچی ڕەزيان هەڵکێشام، کە چاوی گوڵيان دەرهێنام، وەکو کاغەزەجگەرە، توێکڵە شووتی، پێيان پيا نام! کورسی کام پايتەخت و ياسا، لەقەی بۆکرد؟ کێ دەنگی کرد؟ مووی سمێڵی کام ڕژێم بوو، جووڵەی بۆکرد؟ تووکەسەری کام گەورە پياو تووکە بەری کام گەورە ژن، بۆ من بزوت؟! هەردوو لايان، هەرسێ لايان، هەر چوار لايان، يەک لە دوای يەک،  هەرچی هەستا بە خوێنی من دەستنوێژی گرت، بە خوێنی من ڕۆژووی شکان، خوێنی منی دا بە نەوت! يەک لەدوای يەک، هەرچی هەستا کاسە سەرمی کرد بە تەپڵەک، هەرچ هەستا چەرمی سکمی کرد بە جانتای ديبلۆماسی و ئينجا سرەوت!. هەرچی هەستا ئێسکی منی کرد بە پەيژەو بە پێپيلکەو خۆی پيا سەرکەوت!. لە بازاڕی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ، کۆييلەی پێست سپی بووم و من بۆ کێ نەبووم بە دەستکەوت؟ کێ گۆشتی کوت کوت کراوی ئەم لەشەی منی بەر نەکەوت؟!>>
ئا لەو ڕۆژە ڕەشانەدا، شيعرەکانی تۆ بوون فريادڕەس وئاواتبەخش و لاوێنەر و وورەبەرنەدان.
ئا لەو رۆژگارەدا ديوانی شيعرەکانی تۆ دەرمانخانە و شيعرەکانت هەم حەکيم و هەم پزيشک و هەم دەرمان، دەرمانی هەموو نەخۆشيەکان، بەتايبەتی دەرونی. ئەگەر تۆ و شيعرەکانت نەبوايە،خوا ئەزانێ ئێستە لەکوێبويژدانين، دە توخوا پێمبڵێ چۆن ئەم قەرزانەت بدەمەوە؟!
بەڵام نێوانی خۆمانبێ، ئێ خۆ تۆش وەکو من قەرزاری. ئەرێ بەڕاست چەند خەڵوەتت کێشاوە لەگەڵ، يان چەند جار مەست بوويت بە شيعرەکانی نالی و مەحوی و سالم و پيرەمێرد و گۆران و ئەحمەد موختار جاف و ئەحمەد هەردی و کامەران موکری و مەولەوی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادر و حەمدی و وەفايی و جگەر خوێن و قانع و هەژار و شێخ ڕەزا و باوکت و حەسيب قەرەداخی و… ئايا تا ئێستا قەرزی ئەم بەڕێزانەت داوەتەوە؟! زوو زوو بەسەريانت کردۆتەوە و مۆمت لەسەر مەزاريان داگيرساندووە؟! هەوڵتداوە مەزارەکانيان هەڵبەستيت، کۆڕی ئەدەبی بەياديانەوە ئەبەستيت؟! تا ئێستا هەوڵتداوە مۆزەخانەی شاعيران دروست بکەی. فرمێسک بۆ ئەوينی نامرادييان بڕێژی؟ بەخوا لەوە ئەچێ قەرزەکانيکەشت بيرچوبێتەوە، ها، بابيرت خەمەوە: بەو ناونيشانەيەی کە چەندان پاکەت جگەرەت کێشاوە لەگەڵ، يان چەند جار مەست بوويت بە دەنگی زيرەک و ماملێ و چالاک و کابان و ديلان و خالقی و شاروخی و پەروەر و ج. حەجۆ و مەردان و ڕەزازی و غولامی و ڕەشۆل و عومەر دزەيی و هەموو ئەوانيتر. چەندجار لە سەيرانگاکان ئەم دەنگانە خۆشنودی ئەکردی؟
 تۆيەک بڵێی:
<<من ئیتر له مڕۆوه عاشقی چاوانی شیرینی عه له م هۆلیم، له مڕۆوه هه ر چی شيعرم هه یه ئەیانکه م به گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرینی عه له م هولی له ئێسته وه من تاڵێ له قژی ئه وم
له ئێسته وه من نینۆکی په نجه ی ئه وم له ئێسته وه من ئیتر ئه بمه ئه و جووته پێڵاوه ی
که له دواجار له پێى کردوو پێی چوه سه ر سێداره و له ئێسته وه من بازنه ی به جێ ماوی دەستی شیرینی عه له م هولیم.>>
تۆيەک ئەوەندە خاکی بيت و دڵگەورە و بڵێی  “من جوتە پێڵاوە بەدبەختەکەی کامەرانم و چەند ساڵە ئالودەی قاچی ئەوی”  زۆر دڵنيام لەوەی کە ئێستا خۆشت بە قەرزاری، فەريقە کوێر و هەموو ئەديب و نوسەرە قەڵەم نەفرۆشەکان و شەهيدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە ناو وونەکان و هەموو ئەوانيتر کە بەردێکيان خستۆتە سەر بەردێکيتر بۆ جوانی ژيان بۆ ئازادی، ئەزانی. بەڵام گيانە تۆ هيچنەبێ توانيوتە لە شيعرەکانتدا ياديانبکەيتەوە و ناويانبهێنی و بەو شێوەيە هەتاهەتايە نەمريان بکەی، بەڵام ئەی منی هەژک بەسەر چی؟ من چۆن ئەم هەموو قەرزەبدەمەوە؟ توخوا پێمناڵێی گيانە؟!
سەيرە، من لەگەڵ تۆدا ئەدوێم و کەچی کەسی سێهەم، دەنگی سێهەم هەڵئەداتێ و هاوار ئەکا، دار و بەرد يەتە قسە. وا شێرکۆ قسە ناکات، خوای ئەو قسەئەکات، تۆ ئەزانی قسە لەگەڵ کێدا ئەکەی؟ تۆ ويستت هەڵبەيتێ و ئەو نەيهێشت. تۆ ئەزانی ئەم مرۆڤە چ سامانێکی پێشکەش بە ئەدەب و زمانی کوردی و جيهانی کردووە؟ ها، تۆ ئەزانی؟ هێشتا قەرزاريشی ئەکەی. بەم پێوەر و ياسا و ڕێسايەی تۆ بێ، ئەبێ چل مليون کورد قەرزی ئەو بداتەوە. ئينجا هەر ئەوەندەم زانی دەنگەکە خۆی کەوتە گريەو هاوار. ووتم ها چيە؟ لە توڕەبونەوە بۆ گريان؟ ووتی بيرمکەوتەوە، ئەی خۆم چۆن قەرزەکەی کاک شێرکۆ بدەمەوە، ئەی هاوار، ئەی هاوار؟! ووتم خوشکم تۆ کێی مەڕۆ پێمبڵێ، تۆ کێی؟ گريان نەيهێشت، ئەفسوس!
تۆش ئەتويست قسەکانی پێببڕيت و بڵێيت، من زمانی کورديم خۆشئەوێ وەکو گلێنەی چاوم، هەروەکو کوردستان. من ئەگەر ئێوە نەبونايە چۆن شيعرم بۆ ئەوترا، بگرە من هەر نەئەبووم، توخوا نەت ئەويست وابڵێيت کاک شێرکۆ؟
کاکە شێرکۆ، تۆ و شيعر و شاعيران، تۆ و ناڵەی جودايی و هێمن و ئازاديخوای کوردين ئێمە و هەردی و مەمو زينی خانی و شەڕی بەردەرکی سەراو هيوا مەگری و بەستەی نەبەز و گۆران و تۆ و ئەيوەتەنی باوکت و تۆ و “بۆ تاجيری شەڕ”ی قانع تۆ و عەمبەرخاتون و تۆ و حەبيبەو تۆ ونالی و چامەکەی بۆ سالم و تۆ و فاتيمە دوچاوی مستت و ڕازی تەنيايی تۆ و ئەيڕەقيبی دڵدار و خۆشم ئەوێی ووڵاتەکەمی کاکەی فەلاح وتۆ ..تۆ و تۆ و تۆ…جياناکرێتەوە، تۆ تازە لەگەڵ شيعردا ئاوێتەبويت و ڕزگاريت نيە. ئەگەر وانييە توخوا توانيوتە تاقە ڕۆژێ بێ خوێندنەوەی يان گويگرتن لە شيعرێ، يادی شاعيرێ يان نوسينی شيعرێ بەسەربەريت؟
دەنگی سێهەم، هەمديسان کەوتەوە هاوار هاوار، قيژانی، ئەی هاوار، دار و بەرد يەتە قسە. ووتم ها چيە هەمديسان، خوشکم، بۆ هاوار ئەکەی؟! ووتی چۆن هاوار ناکەم؟ ها؟ تۆ چۆن مەلا عەبدولکەريمی مودەڕيست لەبيرکرد، ها، تۆچۆن کاکە فاتيح و کاکە حەمەی کوڕيانت لەبيرچوو؟ تۆ چۆن گيوی موکريانی و چاپخانەکەييت لەبيرچوو؟!ها؟ چۆن چاپخانەکەی پيرەمێرد و کاکەی فەلاحت لەبيرکرد؟ تا ئێستا من هەر گوێ قوڵاخ بووم هەر ‌هيچت بۆ باس نەکردين. خۆتۆ ئەگەر ئەوان نەبوونايە هەر ئەبوايە کەشکۆڵەکانی کاکە حسێنت بخوێنيتەوە، ها؟! تۆ چۆن عەلادين سوجادی و مێژووی ئەدەبی کوردی و ڕشتەی مرواريەکەت لەبيرکرد؟ تۆ چۆن ‌هەژار و هەمبارە بۆرينەکەيت لەبيرچو؟ تۆ چۆن حەسەن قزڵجی و عەبدولرەحمان زەبيحی و سديق بۆرەکەيی و مێژووی وێژەکەيت لەبير کرد؟ تۆ چۆن موسا عەنتەرت لەبيرچوو؟ تۆ چۆن (فەرهەنگی خاڵ) ی قازی شێخ موحەمەدی ئەمينی خاڵ ت بيرچو … خۆتۆ هەر باسی وويژدان و حەق ئەکەی، ها چۆن؟! ها! تۆ چۆن مەلای جزيريت لەبير کرد تۆ چۆن د عيزەدين موستەفا ڕەسولت لەبير کرد ..تۆ چۆن…تۆ… چۆن!
ووتم خوشکێ گيان ببورە ئەمە نامەی تايبەتی منە بۆ شێرکۆ، دەفتەری سەروەری ئەديبان و زمانەوانان نيە. بێگوومان خۆشەويستانێکمان زۆرن، کە لێرەدا ناومان نەهيناوە و ئەمە هيچيش لە پلە و پايەيان کەم ناکاتەوە!  زۆر سوپاس. بەڵام توخوا پێمبڵی تۆ کێی؟! مەرۆ توخوا تۆ کێی؟!مەڕۆ…مەرۆ…
تۆ هاتيتە قسە و ووتت، ئەم دەنگە وەکو شتێ بە گوێچکەم غەريب نييە، هەمو کاتەکە هەر بير ئەکەمەوە.  ئا، ناسيمەوە خۆيەتی!
کێيە؟ ئەم دەنگە “”گيانی زمانی کورديە””، هەرچۆنێبێ ئەو، ئەوکاتە خۆی وا پێناساندم. ئەوکاتەی هاتەلام، کچێک بە ڕوواڵەت هەژار و برسی. بەداخەوە زۆر تەمومژاوی بوو نەم ئەتوانی جوان بيبينم. دوای ئەوەی خۆی پێناساندم لەسەری ڕۆشت و ووتی: من گيانی ئەووم، ئەو پيرە زمانە، هەزاران ساڵە هەيە و نەتواوەتەوە، بەڵام دوژمنەکانی بەهێزبون و ئەيانەوێ گەلەکۆمەکێی لێبکەن وە بەرە و لە بيرچونەوە و لەناوچونی ببەن. ئەو منی ناردووە بۆلای تۆ، تۆ ئێستە نوێترين پەيامبەری زمانی کورديت لەم ناوچەيەدا، هيوايەکی گەورەمان بەتۆيە. بچۆ ناو نهێنيەکان ئەو زمانەوە، ووشە ووشکەکان ئاوبدە با سەوزببنەوە. ئا، کە يەکەم شيعريشم نوسی، جارێکيکە هاتەوە لام وە دەستخۆشی لێکردم. ئيتر من لەوکاتەوە نەمبينيوەتەوە. من هەتا ئێستە وامئەزانی، کە ئەم دوو بەيەکگەيشتنە خەياڵبوبێ و بەتەواوەتی لەبيرم چوبووەوە.
کاک شێرکۆ تۆ هەر لە سەرەتای لاوێتيتەوە کاڵای ئاسنينت لەپێکرد بۆ پاراستنی ئەم پيرە زمانە. بەڵام بڵێين چی، تۆ و هاوڕێکانت دروستی ئەکەن و هەوڵێکی ڕاستگۆ وە ياسايەکی تايبەتی نييە کە بەپێی ئەو ياسايە تێکنەدرێ. ئاخر کاک شێرکۆ زمانێ هەوڵنەدرێ بە ڕێکوپێکی بنوسرێ و قسەیپێبکرێ، کەی توانای پێشکەوتن و نشونما و گەشەسەندنی هەيە؟
کاک شێرکۆ ئەڵێن لە فەرەنسا ياسايەک هەيە بۆ پاراستنی زمانی فەرەنسی. بۆ نمونە ئەگەر وەزيرێ يان فەرمانبەرێ يان هەرکەسێکيکە، لە تەلەفيزيوندا قسەبکا و فەڕەنسيەکەی شەق و شڕبێ و ووشەی بييانی زۆر تێهەڵکێشبکات ئەوا ئەو ياسايەی بەسەردا ئەسەپێنن و سزای خۆی وەر ئەگرێ(بۆ نمونە لە پۆستەکەی خۆی دوری ئەخەنەوە؟)، وەکو ئەوەی بڵێن زمانی فەرەنسی لە مەترسی لەناوچوندابێ! ئەو زمانەی کە جگە لە فەرەنسا خۆی، لايەکی گەورە لە ئەفريقا، کەنەدا قسەيپێئەکاو لە هەزارەها زانکۆی جيهاندا ئەخوێندرێ.
ئەی زمانی کوردی، کە سەدان ساڵە سەرو گوێ ئەکرێ و فەرامۆش ئەکرێ و بگرە دژايەتيەکی دڕندانە ئەکرێ، چ ياسايەک ئەی پارێزێ. لە ماوەی حوکمڕانی کورديدا، چەند خزمەتکراوە بۆ نمونە ئنستيتوتەکانی لێکۆڵينەوەو گەشەپێدانی پەڕاوەکانی خوێندنی هەموو قۆناغەکان خوێندن، کەناڵێکی ئاسمانی تەلەفيزيونی تايبەت بۆ منداڵ،…هتد. بۆ ئەبێ زمانی کوری دوای ١٩ ساڵ فەرمانڕەوايی کوردی هەر هەتيوەکەی جارانبێ، تەنياو تەنيا، بۆ؟!
*******************************
کاک شێرکۆ، ئەکرێ تۆ بکەن بە نوێنەری نيمچە وڵاتێ لە ووڵاتێکی بيانی (بۆ نمونە ئنگلستان) وە سی (٣٠) ساڵ لەو ووڵاتەدا ژيابی و پێتبڵین با بڕۆين بۆ ماڵی شکسپير(مۆزەخانە) وە تۆ بڵێی بەخوا ئێستا وێنە ئەکێشێ، با بێزاری نەکەين!
يان بڵێن با بچين بۆ ماڵی ڤان کۆخ لە هۆڵندا تۆ بڵێی بابە وازيلێهبێنن، ئەو هەر خەرەکی ئەدەبە، ئا، رۆژی پشووە بێگومان خەوتووە؟ 
ئەکرێ تۆ بکەن بە لێپرسراوێکی حيزبی و سی (٣٠) ساڵ دراوسێی مۆزەخانەی گۆتە بیتو پێتبڵین ئەم گەندەڵيە ماڵی کوردی داغان کردوە تۆ بڵێی لەوە ئەچێ ئەو خەڵکە شتێکيتری نەبێ باسی بکا گەندەڵی زياتر!
ئاخ گەندەڵی مقاشی ئەهريمەن، لە دياردەوە بۆ سەرەتان، کەی ئەبڕرێی، کێ ئەتبڕێ چۆن ئەتبڕن؟
کاک شێرکۆ، تۆ تائێستا هەوڵتداوە پێناسەی ئەم وشەيە بکەیت؟ تۆش لەو باوەڕەدانيت کە ئەم وشەيە لە ووڵاتانی جيهانی سێهەمدا  درێژترين پێناسەی هەبێ و لە فەسادی ئيداری و کۆڕوپسيون خراپتر نەبێ؟
کاک شێرکۆ پێم ناڵێی، چۆن ئەم سەرەتانە ئەبڕرێ؟!
*******************************
کاک شێرکۆ: منيش هەر وەک و تۆو هەموو شەهيدە سەربەزەکان، هەموو قوربانيەکان، هەم، هەموو..بۆ هەر هەموويان پرسەی هەتاهەتاييم بۆ هەڵخستون لە دڵما. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم نامەيەم تايبەتيە بۆ تۆ زۆر حەزئەکەم، ئەگەر ڕێگەم بدەيت، کەمێ دورئەکەومەوە لە دۆزە گشتيەکان، حەزئەکەم باسی چەند قوربانيەکی خزمی خۆمت بۆ بکەم لە دەورانی سەدامدا کە زۆربەيان پێشمەرگە نەبون، بەڵکو خەڵکانی زۆر ئاسايی.
کوڕێکی خاڵم کە ساڵێ پێش کارەساتی بۆردومانی کيميايی، واتە ساڵی ١٩٨٧ لەکاتی خۆپيشاندانێکدا لە شاری هەڵەبجە، بريندار ئەکرێ. حکومەت سەدان خانو کاول ئەکات. برای ئەم لاوە گەنجە لەگەڵ ژمارەيەکيتر لە گەنجانيتر، کە ئەوانيش هەمويان برينداربون ئەچن بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی چارەسەری پزيشکی وەرگرن. دواتر براکەی بۆ ماوەيەکی کورت ئەچێ کارێ جێبەجێ بکات، هەتا دێتەوە سەيرئەکات هيچيان نەماون. خێرەومەندێ پێی ئەڵێ بڕۆ تۆش ونبە، ئەگينا تۆش ئەبەن. ماوەيکی زۆر کەس نازانێ چيان لێبەسەرهێنراون. لەو ساڵانەی دواييدا، چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵيان دۆزيەوە کە تێيدا نێژرابوون.
يان شۆڕشی خوشکەزام وە هاوڕێی منداڵيم، کە بە گولەی وێڵ لە تافی لاويدا ١٩٨٧ شەهيد بوو. ئەو شەوە لەگەڵ کچە بچوکەکەمدا نامەکۆنەکانم بۆ ئەخوێندەوە، ڕێکەوت، نامەکەی ئەوم بەرچاوکەوت کە پێش چەند مانگێ پێش شەهيدبوونی نوسيبوی. لە سەرەتا وە کۆتايدا نوسيويەتی: “”ئێمە هيچ ناخۆشيەکمان نيە دوری تۆ نەبێ.”” ئێ ئيتر کاک شێرکۆ مرۆڤ چۆن ناگری؟ بابە، بابە ئەبێ بۆم باسبکەی ئەم نامەيە هی کێيە، ئەبێ بۆم بخوێنيتەوە، دەی توخوا بابە…
کاک شێرکۆ باوەڕکە ئەم قوربانيانە مرۆڤ نەبوون، پەپولەبون، گيانێکی پاک بوون هاتن و خۆشەويستيەکی زۆريان پێبەخشين و بۆ خۆيان رۆشتن…ڕۆشتن…
*****
کاک شێرکۆ حەزئەکەم باسی شەهيد کاک سەلاحی حاجی ڕفيقت(سەلاحی موهەنديس)ت بۆ بکەم. کاک سەلاح، يەک پارچە ئازايەتی وە پاکيبوو، خۆشەويستی گەڕەک و شار بوو. يەکسەر دوای خوێندنەکەی لە زانکۆی تەکنەلۆجيا، ئەبێ بە پێشمەرگە لە شارباژێر.
 چەند مانگێ پێش ئەوەی شەهيد بکرێ، خۆيو هاوڕێکانی هێرشيانکردە سەر هێزی ئەمن و حکومەت لە گەڕەکی ئێمە(گۆيژە، کە لە ناو شاردايە) وە ڕاوياننان بەرەو مۆڵگاکانيان. شەوێکيان هات بۆ ماڵی ئێمە، وتی دەنگۆيەکمان پێگەيشتووە، کە ئەو دراوسێيەی ئەوبەرتان “ئەمنە”، ڕێگەم بەن با دادگای گەلی بەسەردا بسەپێنم. کە بۆمان باسکرد کە ئەويش ئاوارەيە و لە زێدی خۆی دەرکراوە و ئەکرێ بە زۆر کرابێ بە “ئەمن” وە ئەو زۆر بێ وەيە، هەرچۆنێبێ قايلمان کرد، کە هيچی لێنەکات. ووتی، باشە بەڵام توخوا پێيبڵێن کە لە ژێر چاودێريماندايە، با ئەويش ئاگای لە خۆيبێ!
 کاک سەلاح لە هيچی کەم نەبو، تەنها خەمی کوردستانەکەی نەبێ! ئاخر، بۆ بوو بە پێشمەرگە؟ بۆ ئەوەی دەوڵەمەندتر ببێ؟! ئێستا چی ئەکرد لە ناو ئەم گەندەڵکارانا بمايە؟ئاخر، بۆ شەهيد بوو؟
کاک شێرکۆ، ئەم ميللەتە ناخۆشی و چەرمەسەری زۆر زۆر بينيوە، زۆر سەيرە کە چەند لايەنێ شەرعيەتی شۆڕشگێڕی ئەدەن بەخۆيان کە هەتاهەتايە قۆرخی دەسەڵات بکەن.
******
کوڕێکی پورزازام هەبو ناوی جەزا بو. تەمەنی هەر دوانزە ساڵێک ئەبو. ساڵی ١٩٧٩ لە قوتابخانەکەياندا لە سەرچنار چەند دروشمێ دژی حکومەت ئەنوسرێ، کە دواتر ئەکرێ بەسەر ئەما هێنرابێ! باوکی جەزا کە بەمە ئەزانێ، خۆی جەزا ئەبا بۆ “”ئەمن””، وە پێيان ئەڵێ کە ئەو بێگوناهە و ئەم کارەی نەکردووە. ئەوانيش ئەڵێن تۆ ئەم شەو لێرە بۆمانی دانێ، بڕۆ ماڵەوە ئێمە خۆمان بۆتی ئەهێنينەوە. بۆ رۆژی دوايی، جەزای منداڵ بە شەهيدکراوی ئەيدەنەوە بە باوکی!
تو خوا ڕێگەم بدە کاک شێرکۆ بۆت بنوسم بەختيار عەلی لە ڕۆمانە شاکارە هەرە بەرزەکەيدا(شاری مۆسيقارە سپييەکان) چۆن باسی کۆشتن بەگشتی وە  کوشتنی منداڵ بەتايبەتی ئەکات. (ديمەنێکی بچوک لە دادگاييکردنی ساميری بابلی):
**
{{ئەردەڵانی سۆفی (باوکی منداڵەکە): من کەسی ترم نەبوو، ساميری بابلی(تاوانبار)، کەسی ترم نەبو. دەزانی کوشتنی منداڵێک لە چی دەچێ؟
لەکوشتنی خودا دەچێ. شەش ساڵە بەردەوام بير لەوە دەکەمەوە کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟ کوشتنی منداڵ يەعنی چی؟ شەوو ڕۆژ بە ڕەشەباکاندا ڕائەکەم و دەڵێم: کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟  لە ڕێبوارەکان دەپرسم کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟  لە کڕياری دوکانە بچکۆلەکەم دەپرسم: کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟. ئێستا جەنابی نەقيب تۆ پێمبڵێ: کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟
ساميری بابلی(عەرەبی تاوانبار) لە شوێنی خۆی سەری داخستبو. زۆر بە نزمی گووتی: من نەقيب نيم.
ئەردەڵانی سۆفی دەستی دا بە مێزەکەدا و بە توڕەييەوە گووتی: کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟… ها.. کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟ ئينجا سەيری هەموو دانيشتووەکانی کرد و بە هێمنيەکەوە کە زۆر لە توڕەبوونی پێشوی جياواز بوو گووتی: ئێوە کەستان ئەزانن کوشتنی منداڵێک يەعنی چی؟
من گوتم: يەعنی گوێنەدان بە هيچ شەريعەتێک. بە ئاراميەوە گووتی: نا، مامۆستا نا…
ئينجا دەنگی نزم کردەوە و وەک ئەوەی نهێنيەک بە چرپە بدرکێنێت گووتيەوە: يەعنی کوشتنی خودا، کوشتنی سڕی خەلق. من فەقێ بووم، دينم خوێندووە، مەلايەتيم کردووە. لەبەر ئەوە دڵنيام…کوشتنی خالق جيايە و کوشتنی مەخلوق جيايە، کوشتنی منداڵ دەچێتە خانەی کوشتنی خالقەوە نەوەک خانەی کوشتنی مەخلوقەوە.
هەموومان بە وريايی گوێمان دەگرت. نەمدەزانی قسەکانی تا چ ئەندازەيەک قسەی پياوێکی عاقڵە. سەيری منی کرد و زەردەخەنەيەکی گرت کە بۆ ئێستێک زۆر ترسناک و شێتانە هاتە بەر ديدەم. گووتی: مامۆستا وادەزانی من شێتم؟ من شێت نيم، بە ڕاستی ماوەيەکی درێژ علومی دينی و ئيلاهياتم خوێندووە. گەر تۆ من بکوژيت، مەخلوقەکەی ناوم دەکوژيت، دەشێت ڕقت لەو کوردەی ناو من بێت، حەزبکەيت ئەو گەرميانەی ناوم تەفروتونا بکەيت. چارەی ئەو مرۆڤەت نەوێت کە منم. بەڵام کە دەستدەبەيت و من دەکوژيت مخلوقێک دەکوژيت، مەخلوقێک کە ڕەنگ و ڕوخساری ئينسانی گرتووە، ئەم ئەرد و ئاسمان و هەوايە شتێکيان لێدروستکردووە، بۆتە بونەوەرێک سيفاتی هەيە، مامۆستا ئينسان کە مەخلوقێک دەکوژێت، سيفاتەکانی دەکوژێت، کە تۆ عارەبێک دەکوژیت ئينسانی موجەڕەد ناکوژی، قەتڵەکە بۆ  ئەو عارەبەيە کە لە نێويايەتی.
 بەڵام منداڵ، منداڵ کە هێشتا بە حاڵ زاری پژاوە، نوتقی کاميل نەبووە، هێشتا نەبۆتە ئينسانی کامل، ئەوە هێشتا پارچەيەک لە زاتی ئيلاهی، منداڵ پارچەيەکە لە خوا، بەشێکە لە زاتی موبارەکی تەعالا جەلە جەلالوهو. لەبەر ئەوە کەس بۆی نيە لە بکوژی خودا ببورێت…ئەوەی ئەم زەنديقە عەفووبکات کافرە.}}
**
کاک شێرکۆ گيان ببورە کە من ئەم ديمەنە غەمنانەت بير ئەهێنمەوە هەرچەندە ئەشزانم کە تۆ ئەوش ڕۆمانەت خوێندۆتەوە، بەڵام بيرئەکەمەوە ئەبێ ئەم منداڵەيان چۆن کوشتبێ؟ ئەی ئەوی منداڵ چی وتبێ؟! چۆن هاواری کردبێ؟!
پرسيارەکە ئەوەيە کە ئايا بۆچی کوشتنی ئينسانی کورد لە کوردستان بەدەستی کورد خۆی هێشتا ئەوەندە ئاسانە وە بگرە بکوژەکان پاداشت ئەدرێنەوە و خەڵات ئەکرێن؟ ها کاک شێرکۆ، بۆ؟! من لەمە تێناگەم، کەس تێناگا، خۆشيان تێناگەن! بەڵام تۆ هەر ئەبێ ڕايەکت لەم بارەيەوە هەبێ، بۆ کوشتنی ئينسانی کورد ئاوا ئاسانە بە دەست دەسەڵاتداران، بۆ؟!
*******************************
کاک شێرکۆ باوەڕبکە حەزناکەم باسی سياسەت بکەم، چونکە ئەزمونی مێژوی نوێی کوردی هەتا ئێستا ئەوەی سەلماندووە کە سياسەت بۆ ئێمەی کورد هۆکارێکە بۆ يەک نەگرتن نەک يەکيەتی، لە تاراوگە، وەلە کوردستانيش.
کاک شێرکۆ باوەڕکە کە ڕۆژی ١٧ی شوبات خۆپيشاندان کرا وە دوای ئەوە کە بيستم هێرشيان کردۆتە سەر لقی ٤ی پارتی، پێمناخۆش بوو وە ووتم ئەمە هەڵەيە. بەڵام کاتێ دواتر بەڤيديۆ بينيم ئەو پاڵەوان!نەی بارەگای پارتی چۆن تەقە لەو منداڵ و گەنجانە ئەکەن وە دواتر بەرپرسە گەورەکانيان چۆن باسی “”دەست بڕينەوە”” ئەکەن، ئتر چاووم چووە پشتی سەرم! ئێ ئاخر کاک شێرکۆ ئەمە چۆن ئەبێ؟!
کاک شێرکۆ ئەکرێ دەسەڵاتدارانی هەرێم کە نيمچە ووڵاتێکە کە سەدان ساڵ بۆ ئازادی و سەرفرازی تێکۆشابێ، دوومانگی تەواو چەند هەزار لاوێک و خەڵکێکی توڕە لە دەسەڵات، ناڕەزايی دەربڕن و ئەوان نەيەتە زمان يان بە فەرمی لەگەڵ نوێنەرەکانيان دانەنيشن، ئازار و خەونەکانيان فەرامۆشکا و بێباک؟ ئاخر چۆن شتی وائەبێ کاک شێرکۆ، توخوا پێمناڵێی؟!
دەوڵەت، کە وەکو باوکی ئەو خۆپيشاندەرانە( کە زۆربەيان لاو وە مێردمنداڵ بوون) وايە وە دەستور ئەو دەسەڵاتەی داونەتێ و خۆشييان هەمو تاوەکانی دەسەڵات بەدەستيانەوەبێی، چۆن ئەبێ بێدەنگبن و لەسەريان هەڵنەياتێ؟چۆن کاک شێرکۆ؟ چۆن؟ 
ئەوەتا، تۆ نەسەرۆکی فەرميت وە نە هيچ پۆستێکی حيزبی و ئيداريشت هەيە دوو رۆژ و لەتێ بەرامبەر ناهەقيەکان شيعرت ديار نەبو، ئەوەتا من گلەييم لێکردی، ئەی چۆن بە چ زبانێ قسە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا بکەم؟
*******************************
ئەو ڕۆژە ويژدانم پێی وتم، ڕاستە تۆ سەرۆک نيت وە کەسێکی زۆر ئاساييت، بەڵام هەر چاکەيەک بۆتکرا بيکە، خۆت گێل مەکە، گوێچکەت مەگرە، چاوت مەنوقێنە. منيش بەووم ووت: بەڵام ئەو چاکەيەی من ئەيکەم، ئەو کاريگەريەی نييە، بەردێ لە ڕێگايەکا لائەبەم، ناوبژی شەڕێکی ناوبازاڕ يان گەڕەکی خۆمان ئەکەم… ئينجا ئەمانە کوا ئەتوانن هيچ بگۆڕن، ئينجا ئەمان چين؟! بەڵام من ئەگەر سەرۆکی ووڵات بومايە، هەر بە دوو قسەی خۆش، يان هەر بە تێکەڵی ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتە، گوێگرتن لە ئازارەکانيان، … ئەمتوانی زۆر دڵی خەڵک خۆشبکەم، ژيانی زۆر کەس ڕزگار کەم!
وويژدان ووتی سەيری پلە و پايە مەکە، هەموو شتێ لە بچوکەوە دەست پێئەکات، ئەگەر چاکەی بچوکت پێنەکرا، ئەوە هی گەورەشت پێناکرێ!
کاک شێرکۆ گيان تۆش پێتوانيە کە ئەمە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بگونجێ؟
*******************************
کاکە شێرکۆ: تۆ، وەکو کوڕی بە ئەمەکی ميللەت و نيشتمان حەزناکەی چامەکەت لەبەر يەک چاوی کامێرای تەلەفيزيونی پێشکەش بکەيت، بەڵکو ، وەک و جاری جاران حەزئەکەی لەبەردەمی شەيدايانی ئەدەبی بەرزت ئاپورای خەڵک، بچڕی. بەڵام ئاخ بۆ لەژێر زەمينێکدا؟! شاعيری ميللی، شاعيری گەل چۆن ئەبێ لە ميللەتەکەی دابڕێنرێ؟ ئەمە گوناه نييە ئەکرێ؟
ئايا کێشەکە چيە؟ هۆڵ نييە کە تۆ شيعرەکانت بۆ شەيدايانی شيعری بەرزت بخوێنيتەوە؟ يانەکو چامەکەيان بە دڵ نييە و بگرە پڕە لە بەزاندنی هێڵە سورەکان!، مەترسيە بۆ ئاسايشی نەتەوەيی؟!
نەبوونی هۆڵێک گرنگنيە، ئەوە تۆو ئەوە کارێزی وەستاشەريف. ئەوە باوکت نەبوو چامەی “”بيست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم، بەنان و جلوبەرگی خۆم…”” بەرامبەر بە ئەدمۆنز ووت؟ بەڵام لەوە ئەچێ بەزاندنی هێڵە سورەکان! زيادتر نيگەر!نی کردبن.
کاک شێرکۆ داوای لێبوردن ئەکەم:
_ کە ئەگەر نامەکەم لە ئاستی ئاڕاستەکردندا نەبێ بۆ تۆ، يان هەڵەی تێدابێ. ئەبوايە پەلەم بکردايە لە ناردنيا، نەبادا چارەنوسی ئەميش ببێ بە هەزارنامەکەی پێشوم.
_کە زۆر درێژەم پێدا، دەردی دڵم زۆر هەڵڕشت…ببورە، تکايە.
_کە من ئەم نامە تايبەتيەم لە ئينتەرنێتدا بڵاو کردەوە، ئەويش تەنها لەبەر ئەوەی کە دڵنيام زۆرکەسی تر هەبن وەکو من حەزبکەن نامەت بۆ بنێرن و زات ناکەن، يان هەر لەبەر هەر هۆيەکبێ ئەينوسن بەڵام نايگەيەننە دەستت. هەرچەندە ئەمە نامەی تايبەتی منە بەڵام حەزئەکەم بەناوی ئەو کەسانەشەوە بەردەوام، هيواداری ژيانێکی خۆش وە تەندروستباشت بۆ بخوازم وە جارێکيتر لە ئامێزت ئەگرم، خوات لەگەڵ….

برات ئاسۆ مەعروف/ئەڵمانيا ١٦ تەموزی ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.