Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
سروشتی ژیان…. ره‌حمان مه‌حمود ئه‌حمه‌د

سروشتی ژیان…. ره‌حمان مه‌حمود ئه‌حمه‌د

Closed
by July 20, 2011 چیرۆک

كه‌م ڕۆژ  هه‌بوو له‌ماڵی ئێمه‌دا شه‌ڕێك به‌رپا نه‌بێت ، له‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ ته‌نها خوێنی ووشه‌ی تێدا  ده‌ڕژا . شه‌ڕ له‌نیوان باوكم و دایكمدا . من نه‌مده‌زانی هۆی ئه‌و شه‌ڕانه‌ چی یه‌ . ڕه‌نگه‌ تۆش له‌و ته‌مه‌نه‌ی مندابیت ته‌لیسمی ئه‌وشه‌ڕانه‌ت بۆ نه‌كریته‌وه‌ .ئه‌و هه‌موو تووڕه‌ بوون و پلار له‌یه‌ك گرتنه‌ .
باوكم پیاویكی هێمن و كه‌م دوو بوو ، گرنگی به‌ڕێپۆشی و هاوجۆری جل و به‌رگ نه‌ده‌دا ، هه‌میشه‌ بێ‌ ده‌نگی مه‌مله‌كه‌تی دڵه‌ ئۆگره‌گرتووه‌كه‌ی ئه‌وی داگیر كردبوو،  كه‌م جار ددانی ده‌رده‌كه‌وتووه‌ و پێكه‌نیوه‌ ، زۆر حه‌زی به‌تێكلاوی خه‌ڵك نه‌ده‌كرد . به‌یانیان ده‌چووه‌ سه‌ركاره‌كه‌ی و ئێواران ده‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ . دایكم به‌ پێچه‌وانه‌ی باوكمه‌وه‌ ئافره‌تێكی زۆربلێ بوو،  زۆر حه‌زی به‌ خۆڕ ازاندنه‌وه‌ و ڕێكپۆشی ده‌كرد، هه‌میشه‌ بۆنی خۆشی له‌ خۆی ده‌دا و  پرچه‌كانی شانه‌كراو بوو .
باوكم كاتێك ده‌گه‌شته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌دوای كاره‌كه‌ی دایكم ده‌ستی ده‌كرد به‌ پلار تێگرتنی . (( هاته‌وه‌ ، پیاو هاته‌وه‌  )) . باوكیشم تا ماوه‌یه‌كی زۆر بێده‌نگ ده‌بوو ، ئیتر خۆ ی پێڕاگیر نه‌ده‌كراو وه‌ڵامی دایكمی ده‌دایه‌وه‌ و ده‌كه‌وته‌ قسه‌ پێووتنی ، دایكم هه‌ندی قسه‌ی به‌ باوكم ده‌ووت من نه‌م ده‌زانی مانای چی یه‌ ، باوكیشم به‌ هه‌مان شێوه‌ . ئه‌و قسانه‌  كلیلی كردنه‌وه‌ی نهێنی شه‌ڕه‌كانی نێوانیان بوو كه‌ قورس بوو درگای داخراوی ئه‌ونهێنیانه‌ به‌ من بكرێته‌وه‌ .
باپیرم ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵ بوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیا ، گوێی گران و چاوی كز بوو  . زۆر به‌ زه‌حمه‌ت له‌ قسه‌ تێده‌گه‌یشت و ده‌یبیست . ئه‌و وه‌ك باوكم نه‌بوو زۆر حه‌زی به‌قسه‌كردن ده‌كردو زۆر قسه‌ی خۆش بوو ، ته‌نها یه‌ك پرسیار به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ به‌ڕێ‌ بكات . ده‌نگ به‌رزكرنه‌وه‌ ی باوكم و قیژه‌ی دایكم كارێكی باش بوو  بۆ بیستن و تێگه‌شتنی ئه‌و . كه‌ دایك و باوكم شه‌ڕیان ده‌بوو باپیره‌م پێده‌كه‌نی ، ئه‌و هه‌رگیز كاری به‌ شه‌ڕی ئه‌وانه‌وه‌ نه‌بوو ،ئه‌و زۆر كات گوێی له‌ ڕادیو ده‌گرت ، ڕادیۆیه‌كی هه‌بوو ده‌ینووساند به‌ گوێیه‌وه‌ ئه‌مه‌ش باش بوو بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌نیای و بێ تاقه‌تی ئه‌و.
دایكم زۆر ڕێزی له‌ باپیره‌م ده‌گرت ،  حه‌زی له‌چ خواردنێك بوایه‌ بۆی ئاماده‌ ده‌كرد ، ریشی بۆ ده‌تاشی ، نه‌خۆش بوایه‌ ده‌یبرده‌ لای دكتۆر ، باپیره‌م هه‌میشه‌ جله‌كانی به‌ری پاك و خاوێن بوو ، دایكم زۆر گرنگی به‌ باپیره‌م ده‌دا و ئه‌وه‌ی به‌كارێكی چاكه‌كردن ده‌زانی .من به‌و تێگه‌شتنه‌ منداڵیه‌ی خۆمه‌وه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا سه‌رم لێ تێكچوو بوو ، له‌خۆم ده‌پرسی بۆچی دایكم زۆر گرنگی به‌ باپیره‌م ده‌دات و كه‌چی زۆر جارله‌گه‌ڵ باوكمدا شه‌ڕیانه‌ ؟ . شه‌ڕێك وه‌ك نه‌خۆشی درێژخایه‌نی لێهاتبوو !. هه‌ندێ‌ جار ده‌مویست بزانم ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ كۆتای نایه‌ت له‌ ماڵی ئێمه‌دا پرسیارم ده‌كرد له‌دایكم ئه‌و ده‌یووت هیچ نیه‌ كوڕی خۆم باوكت ده‌یه‌وێت ژنی تر بێنێت، وه‌ڵامه‌كه‌ی دایكم جێگه‌ی بڕوانه‌بوو . له‌ باوكم ده‌پرسی باوه‌ ژنی تر دێنیت ؟
باوكم به‌پێكه‌نینه‌ سه‌یری دایكمی ده‌ه‌كرد و ده‌یووت نا كوڕم به‌شی دایكیشتم پێنه‌ماوه‌ . له‌وه‌ڵامه‌كه‌ی باوكم تێنه‌ده‌گه‌شتم .
خانوه‌كه‌شمان وه‌ك من تاقانه‌ بوو ، هیچ دراوسێیه‌كمان نه‌بوو ، ئه‌مه‌ش جوگراافیایه‌كی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی دایك و باوكم دراوسێكانمان بێ‌ تاقه‌ت نه‌كات . مزگه‌وتێك و چه‌ندماڵێك له‌ سه‌رو ماڵی ئێمه‌وه‌ بوو ، له‌گه‌ڵ مناڵانی ئه‌و ماڵانه‌دا هاوڕێ‌ بووم و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چووینه‌ قوتابخانه‌وه‌ و یاریمان ده‌كرد. زۆر له‌ ئێوارانی ڕۆژانی هاوین یان ئیوارانی به‌هار گه‌ر دنیا ساماڵ بوایه‌ ده‌ستی باپیره‌م ده‌گرتوو ده‌بوومه‌ چاوساخی بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌م بۆ مزگه‌وت بۆ لای هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی كه‌ ئاشنایه‌تی باشی هه‌بوو له‌ گه‌ڵیاندا . كۆڕی قسه‌كردنیا پڕ بوو له‌یادوه‌ری ڕۆژانی گه‌نجیه‌تیان . باپیره‌م له‌ هه‌موویان زیاتر قسه‌ی ده‌كرد وبه‌شی شێریان به‌ ئه‌و دابوو . له‌یه‌كێك له‌ِو ڕۆژانه‌دا له‌ رێگه‌له‌باپیره‌م پرسی بۆچی باوك و دایكم زۆر شه‌ڕ ده‌كه‌ن باپیره‌م ووتی نازانم زۆر ماڵ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی تیدا ڕوده‌دات ، با گه‌وره‌بیت  ڕه‌نگه‌ تۆش شه‌ڕی وات تووش بێت .
من له‌گه‌ڵ دایكم له‌ ژوورێكدا ده‌نووستین و باپیره‌م و باوكیشم له‌ ژوورێكی تردا . دایكم ده‌یووت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكت ئاگای له‌ باپیره‌ت بێت . باپیره‌م نه‌خۆشی پرۆستاتی هه‌بوو  زوو زوو میزی ده‌كرد و میزی بۆ ڕاگیر نه‌ده‌كرا . له‌ ڕۆژدا پێوویستی به‌كه‌س نه‌بوو یارمه‌تی بدات هه‌رچه‌نده‌ چاویشی كز بوو به‌ڵام له‌ شه‌ودا ده‌بوو یه‌كێك یارمه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك بچێته‌ سه‌رئاو . ئه‌م یارمه‌تی دانه‌ به‌ باوكم نه‌ده‌كرا چوونه‌كه‌ به‌ڕۆژ هیلاك ده‌بوو به‌ شه‌ویش وه‌ك دایكم ده‌یووت هه‌ردوای شێو كردن خه‌وی لێده‌كه‌ویت و ئاگر له‌ سه‌ر پشتی بكه‌یته‌وه‌ خه‌به‌ری نابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوو وه‌ڵامی جیاواز بوو به‌ڵام له‌و كاته‌دا هه‌ستم پێ‌ نه‌ده‌كرد  . به‌هه‌رحاڵ دایكم ده‌به‌یه‌كی پلاستیكی به‌تاڵی له‌ ژووره‌كه‌دا دانابوو بۆ باپیره‌م بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وان میزی تێ بكات و شه‌و هاتوچۆی ده‌ره‌وه‌نه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێت و شوێنێكی بشكێت . دایكم هه‌موو به‌یانیه‌ك ده‌به‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌كردومیزه‌كه‌ی ده‌ڕشت . له‌سه‌ره‌تادا ئاسایی بوو كه‌ پیره‌مێردیك شه‌وی پێنج سه‌د سی سی میز بكات ، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌م ڕێژه‌یه‌ گۆڕا بۆ هه‌زار سی سی و بگره‌ زیاتریش . شه‌وێك له‌ شه‌ڕی دایك و باوكم به‌خه‌به‌رهاتم، دایكم ئاگری گرتبوو به‌ باوكمی ده‌وت چۆن شتی واده‌كه‌یت ، باپیره‌شم ده‌یووت با دووان بێت یه‌كێكیش بۆ ئه‌و دانێ‌ . جێگه‌ی بڕوانابێت كه‌ میزكردنی باپیره‌م به‌وشێوه‌یه‌ زیاد بكات بۆیه‌ دایكم ده‌كه‌وێته‌گومانه‌وه‌ و ئه‌وشه‌وه‌ خۆی حه‌شار ده‌دات تا دره‌نگێ‌ ده‌رده‌كه‌وێت باوكیشم تاقه‌تی نابێت شه‌و هه‌ستێت بۆ میز كردن ئه‌ویش ده‌یكاته‌ ده‌به‌كه‌وه‌ . ئیتر باوكم باری لار ده‌بێت ، ئه‌وشه‌وه‌  باوكم ده‌ستی گرتم و بردمیه‌ ژووره‌كه‌ی باپیره‌م و لای ئه‌و بخه‌وم ، دواتر هه‌ر دوو كیان چوونه‌ ژووره‌كه‌ی تر و تاخه‌وم لێكه‌وت هه‌رگوێم له‌ ده‌نگیان بوو . من و باپیرم ڕاهاتبووین له‌ شه‌ڕی هه‌ردووكیان . ئه‌و شه‌وه‌ لای باپیرم خه‌وتم .
به‌یانی كاتێك له‌ خه‌و هه‌ستام ماڵ ئارام بوو ، دایك و باوكم پێكه‌وه‌ نانی به‌یانیان ده‌خوارد . دایك له‌گه‌ڵ باوكم پێده‌نی و قسه‌ی خۆشیان ده‌كرد .  دیمه‌نێكی سه‌یر بوو , زۆر كه‌م باوك و دایكمم دیوه‌ پێكه‌وه‌ پێكه‌نیبن و له‌گه‌ڵ یه‌كتر قسه‌ی خۆشیان كردبێت  . چووم ده‌مو چاوم شۆردو دایكم بانگی كردم ده‌ستی باپیره‌مم گرت و چووین بۆ خواردنی نانی به‌یانی . باوكم ئه‌و به‌یانیه‌ خۆی شۆرد و جلێكی جوانی له‌ به‌ركردو چووه‌ بۆ سه‌ركاره‌كه‌ی  .
به‌پێچه‌وانه‌ی ڕۆژه‌كانی تر ئه‌و به‌یانیه‌پاش كاتژمیریك ده‌ستی باپیره‌م گرت  بردم بۆ لای هاوڕێ‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی و خۆشم چووم بۆ لای ئه‌ومندالانه‌ی ماڵیان نزیك به‌ مزگه‌وته‌كه‌بوو له‌ته‌مه‌نی خۆمدابوون و پێكه‌وه‌یاریمان ده‌كرد . تانزیك به‌ نیوه‌ڕۆ دواتر له‌ گه‌ڵ باپیره‌م ده‌چوینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌ . ئه‌وان  باسی ڕۆژه‌ به‌سه‌رچوه‌كانی ته‌مه‌نی خۆیان ده‌كرد و سه‌وداو مامه‌ڵه‌یه‌كی زه‌رمه‌ند و دۆڕاویان له‌گه‌ڵ مه‌رگداده‌كرد . بیرم دێ جارێك هاوته‌مه‌نێكی باپیره‌م ده‌ستی هێنابه‌سه‌رمدا و ڕووی له‌ باپیره‌م كردو ووتی ئه‌م كۆڕه‌ زایه‌ت له‌ كه‌سێك ده‌چێت،  باپیره‌م ده‌ست به‌جێ وه‌لامی دایه‌وه‌ ووتی ڕاست ده‌كه‌یت باوكی زۆر گه‌ڕاوه‌ زۆر كه‌س له‌م ده‌چێت . من هیچ تێ‌ نه‌گه‌شتم .
پاش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ باپیره‌مدا گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ، ژنێكی خزمان هاتبووه‌ سه‌ردانمان ده‌ستی باپیره‌می ماچ كردو منیش له‌ ئامێز گرت و ماچی كردم .دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان و قسه‌كردنی باپیره‌م له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌دا ده‌ستی باپیره‌مم گرتو بردم بۆ ژووره‌كه‌ی خۆی،دایكم و ژنه‌كه‌ به‌جۆرێك قسه‌یان ده‌كرد من هیچی لێ‌ تێ نه‌ده‌گه‌شتم . ئیسته‌ بوایه‌ ده‌مزانی چ ده‌رده‌دڵێك بۆ یه‌كتر ده‌كه‌ن.گوێم لێ‌ بوو دایكم به‌ ژنه‌كه‌ی ده‌گووت پیاوی چی مانگی جاریك پێكه‌وه‌ بنوین ده‌بێت بڵێم خوانه‌ی بڕێت .

*** *                                       ****                                                      ****
 گۆرانی گه‌وره‌ له‌ماڵماندا ڕوویدا ، من گه‌وره‌بووم و  باپیره‌م مرد . باوكم خانه‌نشین كرا . دایك و باوكم شه‌ڕه‌كانیان كز بوو ئه‌گه‌ر بلێم هه‌رنه‌ما و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌خه‌وتن . زۆرجار بیرم له‌ڕۆژانی منداڵی شه‌ڕه‌كانی ئه‌وان ده‌كرده‌وه‌ . به‌ڕاست سه‌یربوو ئه‌و دوو مرۆڤه‌ له‌ و دووكه‌سه‌ی ڕۆژانی زوو نه‌ده‌چوون .
خوێندنم ته‌واوكردو له‌یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كان دامه‌زرام ، ئه‌و ڕۆژه‌ی یه‌كه‌م مووچه‌م وه‌رگرت یه‌كێك بوو له‌ ڕۆژه‌خۆشه‌كانی ژیانم وه‌ك ده‌لێن ڕه‌حمه‌تیه‌ك ووتبووی (( مووچه‌ی ئه‌وه‌ڵ جار و خۆشی یه‌كه‌م شه‌و )) ، سه‌رو دیارییه‌كم بۆ دایك و باوكم كڕی .
پاش دوو ساڵ له‌گه‌ڵ یه‌كیك له‌ كچه‌كانی فه‌رمانگه‌ بڕیاماندا پێكه‌وه‌ زه‌ماوه‌ند بكه‌ین . كاره‌كه‌مان سازا . دایك و باوكم زۆر پێیان خۆش بوو .بۆ مانگی هه‌نگوین چووین بۆ سه‌یرانگاو هوتێله‌كانی باكووری ووڵات .
به‌ڕاستی ڕه‌حمه‌تیه‌كه‌ باشی ووتبوو . ڕۆژانێكی باشمان ڕابواردو سه‌ردانی زۆرشوێنی سه‌رجڕاكێشمان ده‌كرد و شه‌وانیش ده‌هاتینه‌وه‌ هوتێله‌كه‌ وه‌ك بڵێم بووكه‌خان زۆر لێم ڕازی بوو .پاشان دوای به‌ڕێكردنی مانگێكی هه‌نگوینی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ .دایك و باوكم به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنه‌وه‌یان كردین و هاوڕێكانمان هاتنه‌ سه‌ردانمان .
ماوه‌یه‌كی پێنه‌چوو دایكم كۆچی دوای كرد و باوكم تووشی نه‌خۆشی پرۆستات بوو ، باوكم له‌ ژووره‌كه‌ی باپیره‌مدا ده‌نووست . ده‌به‌یه‌كم بۆ دانابوو میزی تێبكات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وان زۆر هاتوو چۆی ده‌ره‌وه‌ نه‌كات .
به‌ڕاستی خیزانه‌كه‌م له‌خه‌می باوكمدابوو باش خزمه‌تی ده‌كرد و ڕێزی لێده‌گرت ، باوكم زۆر لێمان ڕازی بوو زۆری خۆشده‌ویستین . من له‌گه‌ڵ باوكمدا وه‌ك هاوڕێ بووین زۆرجار پێكه‌وه‌ ده‌چووینه‌ده‌روه‌ پیاسه‌مان ده‌كرد له‌یه‌كێك له‌و جارانه‌ بۆ خۆشی له‌ باوكم پرسی بۆ له‌گه‌ڵ دایكمدا ئه‌وه‌نده‌ شه‌ڕتان ده‌كرد باوكم پێكه‌نی ووتی ئه‌وه‌ی ئاشتی ده‌كردینه‌وه‌و نه‌یده‌هێشت شه‌ڕبكه‌ین مردبوو ، هه‌ردووكمان ده‌ستمان كرد به‌پێكه‌نین .
پاش دوو ساڵ مندالێكمان بوو ، زۆر خۆشحاڵی كردین ماڵی قه‌ره‌بالغ كرد . بێئه‌ندازه‌ باوكم پێی خۆش بوو. دوای سێ‌  سالی تر كچێكی جوانكیله‌مه‌ان بوو .  

***                                                         ***                                                ***
دوای چه‌ندسالێك به‌ هۆی هیلاكی و پێرانه‌گه‌یشتن به‌ دابین كردنی بژێوویدا شه‌وان زوو لێی ده‌نووستم .ئه‌وه‌ بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی شه‌ڕله‌ نێوان من و خێزانه‌كه‌مدا ده‌ست پێبكات.  ده‌بێت بڵێم باوكم گوێی گران و چاوی ته‌واو كزبوو كوڕكه‌مان له‌لای باوكم ده‌نووست و یارمه‌تی ده‌دا ، خیزانه‌كه‌م وازی له‌ كاری فه‌رمانگه‌ هێنا و بوو به‌ خانمی ماڵه‌وه‌ . هه‌ندێ‌ جار كه‌ له‌كار ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ په‌رمێزی گه‌رماوه‌كه‌ ئیشی بكردایه‌ ئه‌ژنۆم ده‌شكا . جار جار خۆم ده‌كرد به‌ نه‌خۆش سوودی نه‌بوو .ژنه‌ لێم لووته‌لابوو كه‌وته‌ بۆڵه‌بۆڵ . ده‌بێتَ بڵێم نه‌باوكم ونه‌ من هیچ گوناهێكمان نه‌بوو . وه‌ك چۆن دایكم و خێزانه‌كه‌شم گوناهیان نه‌بوو .چوونكه‌ دواجار ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كارێك پێداویستی خۆی هه‌یه‌ ئه‌و پێداویستیه‌ له‌لای من و باوكم وه‌ك پێوویست نه‌بوو ، ئه‌ویش هۆكاری خۆی هه‌یه‌ هه‌ندێكی له‌ چیرۆكه‌كه‌دا باس كرا ، تۆش هه‌ندێكی تری ده‌زانیت .

ره‌حمان مه‌حمود ئه‌حمه‌د
rma.kurd@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.